زیادەڕۆیی لەسەر زەوییە كشتوكاڵیەكانی گەرمیان
2021-05-05 07:26:35
درەو:
راپۆرتی یەكەی چاودێری حكومەتی خۆچێی گەرمیان
بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان جەخت دەكەنەوە كە لە سنورەكەیان زیادەرۆیی بەوشێوەیە نیە، بەڵام به وته‌ی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له ته‌واوی گه‌رمیان %90ی ئه‌و باخ و ڤێلانهی كه دروست كراون به زیاده‌ڕه‌وی كراوه، بە پێی ئامارەكان (33) بناغەی خانووی زیادەڕۆیی لە گەرمیان روخێنراوەن 9 ئامێری بیر هەڵكەندن دەستگیركراوە 23 خانوو روخێندراوە.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، نۆزدەھەمین راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به: "زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانى گه‌رمیان".
راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به وردیی باسى له‌و زیادهڕوهییانه كردوه ده‌كرێته سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له سنورى گه‌رمیان، هه‌روه‌ك باس له‌و رێكارانهش كراوه كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان گرتویانه‌ته‌به‌ر بۆ رێگرى له زیادبونى قه‌باره‌ى زیاده‌ڕه‌وییه‌كان.
له كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده خراونه‌ته‌ڕو به ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنهسهر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت
یه‌كه‌م: جۆری زیاده‌ڕه‌ویه‌كان
به پشت به‌ستن به قسه‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رانى كشتوكاڵی كه‌لار و كفری و قایمقامی قه‌زاى كه‌لار و دو نوێنه‌رى هه‌ڵبژێردرا، دیارترین حاڵه‌ته‌كانى زیاده‌ڕۆیی له زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان له‌گه‌رمیان بریتین له‌مانه:
1. دروستكردنى باخى كشتوكاڵی به بێ مۆڵه‌ت و به نایاسایی.
2. دروستكردنى بینا «خان‌و، یاریگا، مه‌له‌وانگه و ..هتد» به بێ مۆڵه‌ت و به نایاسایی له‌ناو زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان.
3. به‌كارهێنانى زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان بۆ كارى نا كشتوكاڵی «بۆنمونه بۆ پرۆژه‌ى بازرگانی».
4. لێدانى بیر به بێ مۆڵه‌ت و نایاسایی.
5. كڕین و فرۆشتن به زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان به نایاسایی به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه موڵكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵن و به گرێبه‌ست دراون به جوتیاران.
6. پهرژینكردنى «سیاجكردن» زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان و به‌ش به‌شكردنى پارچه زه‌ویه‌كان.
7. زیاده‌ڕۆیی به‌ناوى كارى كشتوكاڵی بۆسه‌ر محهرهماتى ده‌وڵه‌ت «بۆنمونه بۆسه‌ر پاوانه‌كان».
دوه‌م: قه‌باره‌ى زیاده‌ڕه‌وی
1. زیاده‌ڕەوى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى له قه‌زاكان
«زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له قه‌زاى كه‌لار به‌و راده‌یه نیه كه باسى لێوه ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌یه، به‌رده‌وام راپۆرتى خۆمان له‌و باره‌یه ئاماده كردوه». سامان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كه‌لار واده‌ڵێت.
وتیشى: یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 كه تایبه‌ته به پرسى زیاده‌ڕه‌وى هۆكاره بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و گرفته، هاوكات به‌شێكى زۆرى ئه‌و باخ و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه كراوه له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى كۆنن و نوێ نیه.
به‌ڵام به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان وایده‌بینێت گه‌وره‌ترین كێشه‌كانى زیاده‌ڕه‌وی له كه‌لارن.
شادیه حسێن، باسى له‌وه‌كرد: «ئه‌و جیگانهى كه زیاده‌ڕه‌وى ده‌كرێته سه‌رى دوره ده‌ست نین، به‌ڵكو له شوێنى نزیكن به‌تایبه‌ت قه‌زاى كه‌لار گه‌وره‌ترین گرفتمان هه‌یه و بوه به دیارده، ئه‌و فشاره زۆره‌ى كه له‌سه‌رمانه بۆ بابه‌تى گه‌شتیارییه».
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تى به‌دواداچونیان له بونى هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه كرد: هه‌ر زیاده‌ڕه‌ویه‌ك كرا له لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه سه‌ردان ده‌كرێت، به نوسراو ئاراسته‌ى یه‌كه‌ى ئیدارى ده‌كه‌ین ئه‌وان لێپێچینه‌وه ده‌كه‌ن، كه‌یسمان هه‌یه له دادگایه و یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه.
عه‌لى عه‌باس، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى كفرى ده‌ڵێت: پرسى زیاده‌ڕه‌وى له قه‌زاى كفرى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان كه‌مه و لیژنه‌ى كشتوكاڵ و شاره‌وانیه‌كان هه‌یه كه تایبه‌ته به پرسى زیاده‌ڕه‌وى به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018.
وتیشى: زۆرجار ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه ده‌كرێت له كۆتاى هه‌فته‌دایه، هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك هه‌بوبێت به‌دوایدا رۆشتوین.
هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: پار ساڵ 30 كه‌یسمان هه‌بوه زیاده‌ڕوى كه تۆمار كراوه، بۆ 3 مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیش 15 كه‌یسمان هه‌بوه.
دو جۆر زه‌وى كشتو‌كاڵى بونى هه‌یه: دهیم و به‌راو، له ناو ئه‌و زه‌وییانه‌دا زه‌وى تاپۆ و گرێبه‌ستى كشتو‌كاڵى هه‌یه، هاوكات به‌شێوه‌یه‌كى گشتى زه‌وییه‌كان به‌رده‌ڵان و له‌وه‌ڕگا و كشتوكاڵین.
رزگار محه‌مه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت: له گه‌رمیان و به تایبه‌ت قه‌زاى كه‌لار پرسى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى زۆر به‌ربڵاوه و ئه‌و رێگرییه‌ش كه لێره هه‌یه له هیچ ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى كوردستان نیه.
وتیشى: تاوه‌كو ساڵى 2016 و 2017 دروست كردنى باخ و هه‌ڵكه‌ندنى بیر رێگه پێدراو بو كه له 20 دۆنم كه‌متر بێت، به‌ڵام دوابه‌دواى ئه‌وه و به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 قه‌ده‌غه كرا، ئێستاش كه حاڵه‌ته‌كه زیادیكردوه چه‌ندین جار داوامان كردوه چ له رێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه بێت چ له ڕێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه رێگه چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌مه بدۆزرێته‌وه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه.
2. زیاده‌ڕەوى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى له ناحیه‌كان
له نێو ناحیه‌كانى سنورى گه‌رمیان ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا یه‌كێكه له‌و ناحیهیانهى كه سه‌رپێچى زۆرى تێدا تۆماركراوه، كه به‌وته‌ى به‌رێوبه‌رى ناحیه‌كه له‌مساڵدا 28 كه‌یسیان هه‌بوه.
رامیار عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا باس له‌وه‌ده‌كات، ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا گرفتى زیاده‌رۆیی تێدایه و زه‌وییه‌كى زۆرى كشتو‌كاڵى هه‌یه، جگه له نه‌وت و زۆرینه‌ى گونده‌كانیش له‌سه‌ر رێگان و زه‌وییه‌كانیشیان نرخیان به‌رزه، ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره‌كان.
وتیشى: له ماوه‌ى سێ مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا له نێو ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا 28 كه‌یسمان هه‌بوه دراوه‌ته داواكارى گشتى كه زیاده‌ڕه‌وى بوه له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى.
پرسى زیاده‌ڕه‌وى له نێو ناحیه‌كان جیاوازى هه‌یه له چاو ناحیه‌یه‌كى دیكه‌دا، به وته‌ى به‌ڕێوبه‌رانى هه‌ندێك له ناحیه‌كان زیاده‌ڕه‌وى به‌شێوه‌یه‌كى كه‌م بونى هه‌یه.
سروه محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: «پرسى زیاده‌ڕه‌وى له ناحیه‌ى رزگارى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى كه‌مه، چونكه ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه ده‌كه‌وێته ده‌وروبه‌رى ناحیه‌ى رزگاى سه‌ر به قه‌زاى كه‌لار و ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵایه، ئه‌وه‌ى هه‌یه لادێ دوره دهستهكانن».
وتیشى: كه‌یسى زیادهرۆییمان هه‌بوه له لادێكان بوه روخاندومانه و لامان بردوه.
به‌هه‌مان شێوه، عەزیز محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی باوەنور دەڵێت: «پرسی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوكاڵیەکان لە ناحیەی باوەنور دەگمەنە بەتایبەت بۆ ئەمساڵ هیچ کەیسیکمان نەبوە لەسەر ئەو پرسە».
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پار ساڵ دو کەیسمان هەبوە لە نێو لادێکانی دەوروبەری باوەنور ئەویش لە دادگایە و تاوەکو ئێستا یەکلا نەبوەتەوە، ئەگەرچی بە بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ هەمو ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە سنوری ئەو وەزارەت بێت دەچێتەوە لای خۆیان ئەوەی لای ئێمەیە تەنها داواکارییەکان ئاراستەی ئەو بەڕێوبەرایەتیە دەکەین و خۆیان کاری لەسەر دەکەن.
هاوكات سەروەت محەمەد ئه‌مین، بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتو دەڵێت: «پرسی زیادەڕەوی لەسەر زەوییە کشتوکاڵیەکان بەوشێوەیە نیە کە باسی لێوەدەکەن، ئیمە کەیسمان نیە، بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ هەمو دەسەڵاتێک دراوەتە یەکە ئیدارییەکان کە لێپێچینه‌وه بکەن و ئێمە کردومانە».
3. به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان: زیاده‌ڕه‌وییه‌كان زۆرن
پرسى زیاده‌ڕۆى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان سه‌ربارى یاساى تایبه‌ت به‌و پرسه روى له زیاد بون كردوه و به‌پێى ئاماره‌كانى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان رێژه‌كه زۆره.
ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: «حاڵه‌تى زیاده‌ڕه‌وییه‌كان جۆرا و جۆرن له باخ و سیاج و خان و دانانى كابینه، بیر و چه‌ند حاڵه‌تێكى دیكه پێكدێت».
به‌پێى ئامارێكى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانییه‌كان پرسى زیاده‌ڕه‌وى بۆ سێ مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ له گه‌رمیان به‌مشێوه‌یه:
4. «زۆربه‌ى زیاده‌ڕه‌ویه‌كان له ده‌وروبه‌رى قه‌زاكانن»
ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه ده‌كرێته سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى زیاتر له ده‌وروبه‌رى قه‌زاكانى گه‌رمیانن، چونكه له روى مادییه‌وه نرخێكى زۆرتر ده‌كات وه‌ك له ناحیه‌كان.
سامان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كه‌لار ده‌ڵێت: «له قه‌زاى كه‌لار روبه‌رێكى دیاریكراومان نیه وه‌ك ئامار رون بێت كه چه‌ند زیاده‌ڕه‌وى كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه زیاتر كه‌وتوه‌ته ئه‌م شوێنانه: (سه‌ر رێگه‌ى به‌رلوت، سه‌ر رێگه‌ى سه‌ید خه‌لیل، زه‌وى به‌گزاده‌كان له سه‌ر رێگه‌ى كه‌لار-رزگارى و سه‌ر رێگه‌ى پشتێنەیی سێ به ئاراسته‌ى گرده‌گۆزینه).
له‌باره‌ى قه‌باره‌ى زیاده‌ڕه‌وییه‌وه، عه‌لى عه‌باس، به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كفرى باس له‌وه ده‌كات: روبه‌رێكى كه‌ممان هه‌یه زیاده‌ڕه‌وى كراوهتهسهرى و ئێمه وه‌ك كفرى سێ جێگه‌مان هه‌یه: (ناوه‌ندى شارى كفرى، دێى ئیمام محه‌مه‌د و كه‌رتى 15ى شار).
وتیشی: به تایبه‌ت كه‌رتى 16ى شار سه‌ر به ناحیه‌ى جه‌باره‌یه و زه‌وییه‌كى به‌رفراوانه دێت تاوه‌كو نزیكى قه‌زاى كفرى و هه‌موشى كشتوكاڵیه، كاتى خۆى ده‌سه‌ڵاتمان به‌سه‌ره‌وه نه‌بو كۆنوسمان كرد تاوه‌كو بازگه‌ى كفرى كه هێزى ئاسایشى تێدایه و له‌وه به‌دوا ناتوانین هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین.
5. زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان ته‌نها دروستكردنی باخ نیه
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى باس له‌وه ده‌كات ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى هه‌ن له باخ و ڤێلادا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو سه‌رى كێشاوه بۆ دانانى به‌نزینخانه و پرۆژه‌ى بازرگانى، یه‌كه ئیدارییه‌كانیش ئه‌وه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: «پرسى زیاده‌ڕه‌وى ته‌نها له باخ و سیاجكردن و لێدانى بیر نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى به‌نزینخانه و شوێنى بازرگان‌یش دروست كراوه، له دژى دروستكردنى شوێنى بازرگانى سكاڵامان كردوه و به‌دواداچونمان هه‌بوه».
ده‌شڵێت: ته‌نانه‌ت حزبه‌كانیش زیاده‌ره‌وییان كردوه و مه‌ڵبه‌ندى گه‌رمیانى یه‌كێتى و لقى گه‌رمیانى پارتى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى زیاده‌ره‌وییان كردوه، ئه‌مه‌ش لاوازى یه‌كه ئیدارییه‌كانه كه چاوپۆشى له‌و بابه‌ته ده‌كه‌ن و كه‌مته‌رخه‌م بون.
له هه‌مان كاتدا، شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه: كاره‌كان له دروستكردنى باخ و ڤێلا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو سه‌رى كێشاوه بۆ پرۆژه‌ى بچوك بچوكى بازرگانی.
«پرسى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه‌ك كشتوكاڵیه‌كان كه باسى لێوه ئه‌كرێت وه‌ك مۆڵه‌تدان به به‌نزینخانه‌كان بۆ ماوه‌ى 2 ساڵه راگیراوه، ئێمه زه‌وییه كشتوكاڵیهكانیشمان دو جۆرن گرێبه‌ست و تاپۆ، ئه‌وه رونه بۆ تاپۆكان چى ده‌كرێت له‌سه‌رى، بۆ گرێبه‌سته‌كانیش هه‌رچى كرابێت به‌ناوى ئه‌و كه‌سه‌وه كراوه كه گرێبه‌سته‌كه‌ى هه‌یه». شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار واى وت.
6. قه‌باره‌ى كڕین و فرۆشتن به زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانه‌وه
به‌پێى یاسا كڕین و فرۆشتن كردن به زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانه‌وه رێگه‌پێدراو نیه به‌تایبه‌ت ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه گرێبه‌ستى كشتوكاڵیان هه‌یه، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و به ئاشكرا نوسینگه تایبه‌ت و له رێگه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن.
شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان، باس له‌وه ده‌كات: «كڕین و فرۆشتن به زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانه‌وه یه‌كێكى تر له‌و گرفته‌ى كه هه‌یه له ئێستادا، به دۆنم لێى ئه‌فرۆشرێت كه خانوشى تیایه، زه‌ویمان هه‌یه كشتوكاڵیه و گرێبه‌ستى هه‌یه له‌نێوان حكومه‌ت و هاوڵاتى و كڕین و فرۆشتنى پێوه كراوه، له كاتێكدا ده‌بێت ئه‌مه پێشگیرى لێبكرێت و لێپیچینه‌وه بكرێت».
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان گرانى نرخى زه‌ویه كشتوكاڵییه‌كان به هۆكار ده‌زانێت بۆ زیادبونى زیاده‌ڕۆى له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه.
عوسمان کەریم، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: «بەهۆی بەرزی نرخی زەوییە کشتوکاڵیەکان نەک لە گەرمیان بەڵکو لە هەرێمی کوردستان کراون بە ئامانج، و زیادەڕەوی لەسەر ئەو زەوییانە بەردەوامی هەیە، لە کاتێکدا بە پێی یاسا نابێت بە هیچ شێوەیەک لەسەر زەوی کشتوکاڵی هیچ شتێک دروست بکرێت».
وتیشی: یەکێک لەهۆکارەکان دابەشنەکردنی زەوییە بەسەر هاوڵاتیان کە وایکردوە ئەم حاڵەتە پەرە بسێنێت، وەک پەرلەمان زۆر جەختمان لەوە کردوەتەوە کە زەوی دابەش بکرێت، چونکە ئەم زیادەڕەوییان زیانێکی زۆری بە زەوی کشتوکاڵی گەیاندوە.
له به‌رامبه‌ردا، شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار رایگه‌یاند: «به‌پێى یاسا كڕین و فرۆشتن رێگه پێدراو نیه بۆ ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه گرێبه‌ستى كشتوكاڵییان هه‌یه، چه‌ندینجار به‌رێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان كۆبونه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردوه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه تاپۆن رونه چۆن مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌كرێت».
ئەگەر چی كڕین و فرۆشتن كردن به زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانه‌وه به پێى یاسا رێگه‌پێدراو نیه، له هه‌مان كاتدا ئه‌و كاره به‌رده‌وامى هه‌یه.
شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان هێما بۆ ئه‌وه كرد: «كڕین و فرۆشتن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه پێدراو نیه به‌پێ یاسا به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه گرێبه‌ستیان هه‌یه، ئه‌وه‌ى ده‌كرێت ژێربه‌ژێره، وه‌ك به‌ڵگه هیچت ده‌ست ناكه‌وێ، چونكه هیچت پێ ناڵێت جوتیاره‌كه و ئه‌وه‌شى كه ئهیكڕێت».
سه‌باره‌ت به سزاكانى ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه وتیشى: لێپێچینه‌وه به به‌ڵگه ئه‌كرێت چه‌ندین شوێن و نوسینگه‌مان داخستوه له‌گه‌ڵ قایمقامیه‌ت، ئاگاداریش كراونه‌ته‌وه و بانگه‌واز نه‌كه‌ن بۆ كڕین و فرۆشتن به‌و زه‌وییانه‌وه.
7. زیاده‌ڕەوى كردنه سه‌ر له‌وه‌ڕگا
به‌شێك له‌و زه‌ویانه‌ى كه زیاده‌ڕۆى كراوه‌ته سه‌ر زه‌وى له‌وه‌ڕگایه، به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى گه‌رمیانیش باس له‌وه ده‌كات كه چه‌ندین كه‌یسیان هه‌یه له دادگایه.
ره‌شید به‌كر، وتی: «ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه هه‌ن له‌سه زه‌وى له‌وه‌ڕگا زیاتر له لادێكانن و بۆ ئه‌مساڵ كه‌یسێكمان هه‌بوه، له ساڵانى رابردوش چه‌ندین كه‌یسمان هه‌بوه دراوه‌ته دادگا».
باسى له‌وه‌شكرد: ئێمه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى گوند و هاوڵاتیانه‌وه ئاگادار ده‌كرێینه‌وه بۆ حاڵه‌تێكى له‌و شێوه‌یه.
8. نه‌بونى تاپۆ
به وته‌ى ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له ته‌واوى گه‌رمیان %90ى ئه‌و باخ و ڤێلانهى كه دروست كراون به زیاده‌ڕه‌وى كراوه.
كه‌ریم عه‌لى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: سیاجكردن رێنماى خۆى هه‌یه و لێدانى بیریش به‌هه‌مان شێوه، كه‌چى له ساڵى 2018ـه‌وه هیچ مۆڵه‌تێك بۆ بیر نه‌دراوه، ئه‌و هه‌مو بیره‌ى كه دروست كراوه هه‌موى به نایاسایی كراوه كه ژماره‌یان له هه‌زار تێپه‌ڕى كردوه.
ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی، ده‌شڵێت: %90ى ئه‌و باخ و ڤێلانهى كه دروست كراون نایاسایین.
سێیه‌م: كێشه یاساییه‌كان
1. یاساى زیاده‌ڕه‌وى و گرفته‌كانى
به‌پێى (قرار مجلس قیاده ثوره)، كه له سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس ده‌ركراوه له بڕیاری ژماره‌ى 53ى ساڵى 1984 رێگه‌ى به جوتیار داوه ئه‌وه‌ى كه گرێبه‌ستى هه‌یه له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان باخ و به‌روبومى كشتو‌كاڵى ئه‌كات، ده‌توانێت خان‌و دروست بكات به مه‌رجێك له 300 مه‌تر زیاتر نه‌بێت و روبه‌رى زه‌ویه‌كه‌شى له 15 دۆنم كه‌متر بێت.
له بریارى ژماره 1488ى ساڵى 1985 هه‌ستان به دیاریكردنى روبه‌رى ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه هه‌ن چۆن خانوى له‌سه‌ر دروست بكرێت، به جۆرێك خشته‌یه‌كى دیاریكراوى بۆ دانرا كه : له 4 بۆ 5 دۆنم زه‌وى ده‌توانرێت خانویه‌كى 240 مه‌ترى له‌سه‌ر دروست بكرێت و له 3 دۆنم بۆ كه‌متر له 4 دۆنم ده‌توانرێت خانویه‌كى 180 مه‌ترى دروست بكرێت، له 2 دۆنم بۆ كه‌متر له 3 دۆنم ده‌توانرێت خانویه‌كى 120 مه‌ترى دروست بكرێت و كه‌متر له 2 دۆنم ده‌توانرێت خانویه‌كى 100 مه‌ترى دروست بكرێت.
به بڕیارى ژماره 297ى ساڵى 1987 كه تایبه‌ته به زه‌وییه تاپۆكانى كشتو‌كاڵى كه ده‌توانێت خان‌و بۆ خۆى و مناڵى دروست بكات به بێ گوێدانه بڕیارى ژماره 1488ى ساڵى 1985.
ئه‌م بڕیارانه تاوه‌كو ساڵى 2017 له هه‌رێمى كوردستان كارى پێكراوه، له عێراق ئه‌م بڕیارانه وه‌ك یاسا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه.
به‌ڵام دوابه‌دواى ده‌رچواندنى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 ته‌واوى ئه‌و بڕیارانه‌ى حكومه‌تى عێراقى راگیرا، به‌پێى وته‌ى یاساناسان ئه‌م یاسایه دروستكردنى باخ و ڤێلاى له‌گه‌ڵ جوتیارێك كه خه‌ریكى كار و به‌روبومى كشتوكاڵیه به‌یه‌ك چاو سهیركردوه و هیچ رێگه‌یه‌كى بۆ جوتیار نه‌هێشتوه‌ته‌وه.
2. «یاسایى زیاده‌ڕه‌وى ده‌رگاكانى بهڕوى جوتیاراندا داخستوه»
به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا باس له‌وه‌ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یاسایى ژماره 3ى ساڵى 2018 كه تایبه‌ته به پرسى زیاده‌ره‌وى، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى پێشنیارى كردوه و كراوه به یاسا رۆڵى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ تێیدا ونه و ره‌چاوى زه‌وى كشتوكاڵیه‌كانیان نه‌كراوه.
رامیار عه‌بدولره‌حمان، ده‌شڵێت: هه‌مو ده‌رگاكان به‌روى جوتیاراندا داخراوه و به‌ناچارى په‌نایان بردوه‌ته به‌ر زیاده‌ڕۆى، ته‌نانه‌ت هیچ رۆڵێكیان بۆ به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵ و به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌كان نه‌هێشتوه‌ته‌وه.
به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، وتیشى: له یاساكه‌دا هیچ مه‌رجێك بۆ جوتیار دانه‌نراوه كه بڵێت به‌م مه‌رجانه ده‌توانێت خانویه‌ك دروست بكات، ته‌نها باسى گرتن و روخان و ناردنى بۆ دادگا ده‌كات، ئه‌مه له كاتێكدا له سه‌رده‌مى به‌عس و پێش ئه‌م یاسایه كۆمه‌ڵێك رێنماى هه‌بو ئه‌گه‌ر كه‌سێك 2 دۆنم زه‌وى هه‌بێت رێگه‌ى ئه‌درا خان‌و دروست بكات، به‌ڵام به‌مه‌رجێك جوتیار بێت، كه‌چى ئێستا بۆ سیاج ده‌بێت 5 دۆنم بێت بۆ لێدانى بیریش 20 دۆنم بێت.
3. بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پرسى رێكخستنه‌وه‌ى زیادهڕهوییهكانى زه‌وى كشتو‌كاڵى راده‌گرێت
پرسى رێكخستنه‌وه‌ى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان له ماوه‌كانى رابردو هه‌نگاوى بۆ نراوه و بڕیارى تایبه‌تیشى له‌و باره‌وه بۆ ده‌رچێنراوه، به‌ڵام به بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌و رێكخستنه‌وه‌یه راگیراوه.
شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: «وه‌ك خۆمان ئه‌م گرفته‌مان گه‌یاندوه به وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ داواش كرا كۆبونه‌وه‌یه‌كى گشتگیر بكرێت بۆ رێكخستنه‌وه و چاره‌سه‌ركردن و زانینی ئه‌وه‌ى ئه‌و رێكارانه چین، پێشتر به رێنماییه‌ك ئه‌وه‌مان رێكخسته‌وه كه ساڵى 2017 ده‌رمان كرد بۆ ئه‌وه‌ى جوتیار كه بیه‌وێت زه‌وییه‌كى كشتو‌كاڵى هه‌بێت رێگه بدرێت خانویه‌كى نۆرماڵ دروست بكات».
وتیشى: به‌ڵام دوابه‌دواى ئه‌وه نوسراوێكمان بۆ هات له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه كه كار به‌و رێنماییه نه‌كه‌ین و ئه‌مه‌ش بۆ خۆى گرفتى بۆ دروست كردین و پێش ده‌رچونى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 بو.
4. «پێویسته یاساكه هه‌موار بكرێته‌وه»
بۆ روبەڕوبەنەوەی پرسی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوکاڵیەکان لە گەرمیان چالاکوانان و ئەندامانی ئەنجومەن و پەرلەمانتاران باس لەوە دەکەن ئەو یاسایەی کە تایبەتە بە پرسی زیادەڕەوی لەسەر زەوی و زار و موڵکی گشتی پێویستە هەموار بکرێتەوە.
یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ کە تایبەتە بە پرسی زیادەڕەوی لە سنوری زەویزار و زەوییە کشتوکاڵیەکانیش، باس لەوە دەکرێت ئەم یاساییە هۆکارێکە بۆ زیادبونی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوکاڵیەکان، چونکە وەک باس دەکرێت یاسایەکی توندە و پێویستە هەموار بکرێتەوە.
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەلێت: «یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ کە تایبەتە بە پرسی زیادەڕەوی یاسایەکی توندە بە تایبەت بۆ جوتیار کە پێویستە هەموار بکرێتەوە و لە پەرلەمانەوە کاری لەسەر بکرێت، چونکە هیچ رێگەیەکی نەهێشتوەتەوە بۆ جوتیار ئەمەش وایکردوە پەنا ببرێتە بەر زیادەڕەوی».
رامیار عه‌بدولره‌حمان، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، وتى: «چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌م یاسایه هه‌موار بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ناسه‌یه‌ك بدات به جوتیار، چونكه جوتیارى وامان هه‌یه له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانى له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵ خه‌ڵاتى نمونه‌ى جوتیارى پێدراوه كه‌چى 20 كرێكار ئیشى بۆ كردوه كه باران باریوه نه‌یزانیوه چیبكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نهبتوانیوه خانویه‌ك دروست بكات، به‌جۆرێك ئێستا واى لێهاتوه هه‌ر كه‌سێك یاسا جێبه‌جێ بكات رێگه‌ى نادرێت.
چواره‌م: رێكاره‌كان و لێپێچینه‌وه
1. به‌دواداچونه‌كانی یه‌كه ئیدراییه‌كان له پرسى زیاده‌ڕه‌وى
شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: «له گه‌رمیان به گشتى پرسى زیاده‌ڕوى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان بونى هه‌یه، به‌تایبه‌ت قه‌زاى كه‌لار رێژهكى زۆزه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ كفرى كه‌مه چونكه ناوچه‌یه‌كى پیشه سازى نیه، وه هۆكارى ئه‌مه‌ش كه‌مته‌رخه‌مى حكومه‌ته له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ى كه هه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر یاسا جێبه‌جێبكات له بونى ئه‌م دیارده‌یه ئێستا به‌و شێوه‌یه نه‌ئه‌بو، وه به‌دواداچونیان نیه، له كاتێكدا ده‌بێت ساڵانه داتاى لابێت تا بزانن چه‌ند زه‌وى كشتو‌كاڵى بۆ مه‌به‌ستى كشتو‌كاڵى به‌كارئه‌هێنرێت».
له به‌رامبه‌ردا، شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار رونیكرده‌وه: «له پرسى زیادهڕوهى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان كه‌مته‌رخه‌مى نیه به ته‌حه‌داوه، نوسراوێكى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان نیه هاتبێته لامان و كارمان له‌سه‌ر نه‌كردبێت، به‌ڵام ئێمه گرفتى كه‌مى كارمه‌ندى پۆلیسمان هه‌یه له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانیان».
وتیشى: پێشتر نوسراومان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كردوه كه كارمه‌ند و پێداویستى و بودجه‌ى پێویست ته‌رخان بكات بۆ ئه‌م بابه‌ته، به‌ڵام نه‌كراوه، ئه‌گه‌ر بته‌وێت كۆنترۆڵى ئه‌و بابه‌ته بكه‌ى پێویستت به چوار بنكه ئه‌بێت به‌س له سنورى قه‌زاى كه‌لار و لانیكه‌م پێویستت به 70 پۆلیس ئه‌بێت، بۆیه به‌م ئیمكانیهتهى كه ئێستا هه‌یه پێموانیه كۆنترۆڵ بكرێت.
هاوكات سیروان شوکر، قایمقامی قەزای کفری وتی: «ئێمە بەردەوام بەدواداچونمان هەبوە بۆ پرسی زیادەڕەوی لە سنوره‌كه، لێپێچینه‌وه‌مان کردوە لەسەر ئەم پرسە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ٨ فەرمانم دەرکردوە تایبەت بە زیادەڕەوی کە هەبوە لە سنورەکە».
«پرسى زیاده‌ڕه‌وى زیادى كردوه بوه به دیارده و كۆنترۆڵكردنیشى ئاسان نیه، چونكه كارمه‌ندمان كه‌مه و یه‌كێكه له گرفته‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ى هاوڵاتیان بۆ مه‌به‌ستى تایبه‌ت و گه‌شتیارى باخ دروست ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده بۆ كارى جوتیارى نیه». شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
2. زیاده‌ڕەوى له‌به‌رامبه‌ر پێدانى به‌رتیل
ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه به به‌رده‌وامى لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كان باس له رێگرى له دروستكردنى باخ ده‌ده‌ن، به‌ڵام دروستكردنى باخیش به‌رده‌وامه و رۆژانه باخى نوێ و له نێو باخهكانیشدا بیناى نوێ دروست ده‌كرێن.
به پێى ئه‌و به‌دواداچونانه‌ى یه‌كه‌ى چاودێرى ئه‌نجامى داوه له‌باره‌ى شێوازه‌كانى دروستكردنى باخ و ئه‌و زیاده‌ڕۆیانه‌ى ده‌كرێنه سه‌ر زه‌ویه‌ى كشتوكاڵیه‌كان باس له‌وه ده‌كرێت به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیدار و چاودێره‌كان یاخود به پێدانى به‌رتیل ئه‌و كارانه ده‌كرێن.
هه‌روه‌ك باس لهوهشدهكرێت: لە نێو هێزە ئەمنیەکان هه‌بوه نزیکه‌ى 10 هه‌زار دۆلاری وەرگرتوە، هاوكات باس له وه‌رگرتنى زه‌وى ده‌كرێت بۆ سیاجكردنى باخ.
یه‌كێكى دیكه له‌و كه‌سانه‌ى خاوەن باخن و نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە و ناوی پارێزراوە لەلای یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان هێمای بۆ ئەوە کرد: «دروستکردنی سیاج و بیر بە یاسای رێگە نادەن زۆر هەوڵمان لەگەڵ دا، بە جۆرێک بیرەکەمان بە نایاسایی کرد کە ٥٠ مەترە بۆ هەر مەترێک ١٠٠ دۆلارمان دا واتا کۆی گشتی ٥٠ وەرەقە بو، ئەمە بە تەنسیق کردمان و لیژنەکە نەهات بۆ سەیری، ئەمە لە کاتێکدا بۆ هەر مەترێکی بیرێکی یاسای ١٣ دۆلارە».
وتیشی: بۆ سیاجی باخەکەمان و دانانی کابینەکەش بە واستە کردمان و وەرەقەمان هێنا لە لیژنەی شارەوانیەوە بۆ دانانی کابینەکە لیژنەکە خۆی هاتە سەری و شوێنمان دیاری کرد.
له به‌رامبه‌ردا، ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: «ئه‌وه‌ى ده‌وترێت له‌سه‌ر لیژنه‌ى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان هه‌موى تۆمه‌ته كه باس له‌وه ده‌كرێت به‌رتیلیان وه‌رگرتبێت، چونكه ئه‌گه‌ر وایه ده‌توانن بێن و سكاڵا بكه‌ن».
باسى له‌وه‌شكرد: له ماوه‌ى 3 مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا كه ده‌ست به‌كاربوم ده‌ستمان گرتوه به‌سه‌ر 9 ئامێرى هه‌ڵكه‌ندنى بیردا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرسى زیاده‌ڕه‌وى هه‌یه به‌تایبه‌ت له بیره‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئامێرى بێده‌نگ هه‌یه و ئه‌چینه سه‌ر شوێنه‌كه نازانیت كه له كاردایه و له نێو ژورێك دایان ناوه، هه‌ر بۆیه مه‌گه‌ر كه‌سێك زانیاریمان پێبدات ئه‌و كات بزانین.
جه‌ختى له‌وه كرده‌وه: «ته‌حه‌دا ئه‌كه‌م» له‌وه‌ته‌ى ده‌ست به‌كاربوم كه‌سێك مه‌ترێك بیرى كهندبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زوزو لیژنه‌كان ئه‌گۆڕم له ماوه‌ى ئه‌م سێ مانگه 3 جار گۆڕانكاریم تێیاندا كردوه.
هاوكات، شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار وتى: «له پرسى به‌رتیل وه‌رگرتن ئاگادار نیم، هه‌ر زانیارییه‌ك هه‌یه و هاوڵاتى هه‌یبێت ده‌توانن بێن و پێمان بڵێن».
سه‌باره‌ت به پرسى به‌رتیل وه‌رگرتن به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى گه‌رمیانیش هه‌مان بۆچونى هه‌یه و ده‌ڵێت: تاوه‌كو ئێستا ساخ نه‌بوه‌ته‌وه و ته‌نها ده‌نگۆیه.
به‌هه‌مان شێوه قائیمقامى كفرى، سەبارەت بە پرسی بەرتیل وەرگرتن هێمای بۆ ئەوەکرد: لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەڕێوبەری لیژنە ئەمنیەکە بەدواداچونمان کردوە بەو شێوەیە نیە کە باسی لێوەدەکرێت، رەنگە کەمتەرخەمی کرابێت، بەڵام بەو رادەیەش نیە.
سه‌روه‌ت محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى قۆره‌تو سەبارەت بە پرسی بەرتیل وەرگرتن بۆ دروست کردنی سیاج یاخود لێدانی بیری ئیرتیوازی باسی لەوەکرد: هەر هاولاتیەک بەڵگەیەکی لایە بابیهێنێت، ئەگەر لەو کاتەدا لێپێچینه‌وه‌مان نەکرد ئەوە ئەگەیەنێت کە ئیمەش هاوبەشبین، بەڵام شتی وا نیە بە بەردەوامی لیژنەی پۆلیسی شارەوانیەکان لە کاردان بۆ ئەو بابەتە.
3. جیاوازی دەکرێت لە نێوان هاوڵاتیان بۆ زیادەڕەوی لە زەوییە کشتوکاڵیەکان
هاوڵاتیان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه له پرسى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان جیاوازى ده‌كرێت له نێوانى كه‌سانى ده‌سه‌ڵاتدار و كه‌سانى بێده‌سه‌ڵات، بۆیه په‌نا ده‌برێته به‌ر رێكارى نایاسایى.
به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 كه تایبه‌ته به پرسى زیاده‌ڕه‌وه‌ى له بونى هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك كه‌سى به‌رامبه‌ر ئاگادار ده‌كرێته‌وه كه زیادهڕهوییهكهى لابدات، ئه‌گه‌ر نا به نوسراو ئاراسته‌ى یه‌كه ئیدارییه‌كان ده‌كرێت كه له ماوه‌ى 48 كاتژمێردا ده‌بێت بروخێندرێت، ئه‌گه‌ریش رێگرى كرد ئه‌وه ده‌درێت به دادگا.
له به‌رامبه‌ردا، ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: «شتێك نیه به‌ناوى جیاوازیى كردن له لاى ئێمه، چونكه به‌پێى یاسا و رێنماى كارده‌كه‌ین، دواتر به نوسراو لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارمان ئاگاداركردوه‌ته‌وه له هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك كه لێپێچینه‌وه نه‌كه‌ن وه‌ك پێویست ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نیه، كه‌یسیشمان هه‌یه دراوه‌ته داواكارى گشتى».
جیاوازى كردن له نێوان هاوڵاتیان له پرسى زیاده‌ڕه‌وى قسه‌ى زۆرى له‌سه‌ره به جۆرێك به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌یه‌ك ده‌ڵێت جیاوازى هه‌یه له نێوان هاوڵاتیان.
رامیار عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا وتى: «به‌ڵێ جیاوازى هه‌یه له نێوان دروستكردنى باخ و زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان به‌جۆرێك ته‌داخولات هه‌یه و كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌بوه، له ئێستادا بوه به گه‌وره‌ترین كێشه بۆ یه‌كه كارگێڕییه‌كان، به‌م بارودۆخه و به‌م یاسایه‌ى كه هه‌یه ناتوانرێت كۆنترۆڵى ته‌جاوزات بكرێت.
هاوكات، كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: «پرسى جیاوازى كردن له زیاده‌ڕوى به‌ڵێ هه‌یه، به جۆرێك به‌رپرسى وا هه‌یه لیژنه ئه‌منیه‌كه هه‌ر ناتوانێت سه‌یرى سیاجى باخهكهى بكات، خه‌ڵكى وا هه‌یه سیاجى كردوه و خانوى كردوه و بیرى كردوه و ته‌نانه‌ت لیژنه ئه‌منیه‌كه هه‌ر ناتوانێت برۆن سه‌ردانیشى بكه‌ن، كه‌چى فهقیرێكیش كه ده‌سه‌ڵاتى نیه خانویه‌ك بكات شه‌ش جار بۆى ئه‌ڕوخێنن».
شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: «به‌ڵێ جیاوازییه‌كى زۆر هه‌یه له نێو چینه‌كان به‌جۆرێكه هاوڵاتى هه‌یه ده‌سه‌ڵاتى نیه و بلۆكێكى داناوه دونیایان به‌سه‌ردا هێناوه، هه‌شه باخ و ڤێلاشى دروست كردوه ئه‌گه‌ر حكومه‌ت خۆى چاوپۆشى لێنه‌كات چۆن ئه‌توانێت ئه‌وه بكات».
له به‌رامبه‌ردا، شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار رایگه‌یاند: «شتێك نیه به ناوى جیاوازى كردن له نێوان هاوڵاتیان له پرسى زیاده‌ڕه‌وى و گوێمان به‌وه نه‌داوه كه كێیه و كێ نیه، ئه‌وه‌ى هاتبێته لامان دراوه‌ته داواكارى گشتى و ئیجرائاتى یاسایش كراوه ئاماره‌كان ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌ن».
هاوكات، عه‌لى عه‌باس، به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كفرى ده‌ڵێت: شتێك نیه به ناوى جیاوازى كردن له نێوان هاوڵاتیان، به‌ڵكو به پێى یاسا لێپێچینه‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و لێپێچینه‌وه‌یه لاى ئێمه نیه.
سیروان شوکر، قائیمقامى كفرى جەختی لەوەکردەوە: بەپێی یاسای زیادەڕەوی کاریان کردوە و شتێک نیە بە ناوی جیاوازی کردن هەر کەیسێک هاتبێتە بەردەستمان دراوەتە دادگا.
4. كێ به‌رپرسه له ئه‌نجامنه‌دانى لێپێچینه‌وه‌كان؟
به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ده‌ڵێت: یه‌كه ئیدارییه‌كان به‌رپرسن له‌ئه‌نجامدانى لێپێچینه‌وه ئه‌وه‌ش به پێی یاسایى ژماره 3ى ساڵى 2018.
شادیه حسێن، باس له‌وه‌ده‌كات: «نوێنه‌رى لایه‌نه‌كانى تر كه په‌یوه‌ندیدارن و ئه‌ندامن له‌و لیژنه‌یه‌ى كه هه‌یه ئه‌ركیان ئاگاداركردنه‌وه‌یه، ئه‌م یاسایه‌ى كه هه‌یه یاسایه‌كى تونده، چونكه كه‌سى زیادهڕۆیكار زیندانى ده‌یگرێته‌وه كه له 3 مانگ كه‌متر نیه هاوكات سزاى مادیشى له‌گه‌ڵه، كه‌یسیشمان هه‌یه لێپێچینه‌وه كراوه و دراوه‌ته دادگاش».
وتیشى: به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ى كه هه‌یه ده‌بێت داگایهكى تایبه‌ت به زیاده‌ڕه‌وییه‌كان له نێو دادگاكانى هه‌رێم دابنرایه، به‌ڵام ئه‌و دادگایه به رونى له‌گه‌ڵمان نیه، دادگایه‌كى راسته‌وخۆ و خێرامان نیه كه شته‌كان یه‌كلابكاته‌وه، هه‌ر بۆیه لێره‌دا بڕگه‌ى دادگاكه لاوازه زیاده‌ڕۆیش له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان زیادى كردوه ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره‌كان.
5. ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا: به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵ ده‌سه‌ڵاتى لاوازه
باس له‌وه ده‌كرێت سه‌باره‌ت به هه‌ڵكشانى پرسى زیاده‌ڕه‌وه‌ى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان هۆكاره‌كه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵه، چونكه ده‌سه‌ڵاتى لاوازه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌تى كه هه‌یه، به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵیش ده‌ڵێت: وه‌كو ئێمه گرفتێك نیه به‌ڵكو یاساى زیاده‌ڕه‌وییه كه كاتى خۆى به‌بێ رۆڵى ئێمه په‌سه‌ند كراوه.
كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: «لاوازى ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان یه‌كێكه له خاڵه دیاره‌كان، چونكه هێزى له‌به‌رده‌ست نیه و ناتوانێت هیچ بكات ئه‌وه‌ى ده‌یكات نوسراوێكه و ئاراسته‌ى یه‌كه ئیدارییه‌كان و داواكارى گشتى ده‌كات، به‌ڵام نه‌جوڵێنراوه و نوسراوم لایه وه‌ك پێویست به‌ده‌م سكاڵاكانى كشتوكاڵه‌وه نهرۆشتون».
به‌هه‌مانشێوه، شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: «كشتو‌كاڵى گه‌رمیان و قه‌زاكانیش به پلەی یەک به‌رپرسن له‌مه، کە دەبێت به‌رده‌وام به‌دواداچونیان هه‌بێت، و ئیجرائات بكه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ى كه ده‌كرێته سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان، به‌ڵام لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان خۆیان رێگه خۆشكه‌رى ئه‌مه‌ن كه روده‌دات، چونكه یاسا جێبه‌جێ ناكه‌ن و سزاى ئه‌و كه‌سانه نه‌دراوه كه ئه‌و كاره‌یان كردوه».
له به‌رامبه‌ردا، شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: «ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ تێبینیمان له‌سه‌ر یاساكه هه‌یه، چونكه رۆڵى وه‌زاره‌تمان تێیدا ونه، ئه‌م یاسایه وه‌زاره‌تى شاره‌وانیه‌كان پێشنیارى كردوه و ده‌ركراوه، ئێستادا ئه‌م یاسایه جگه له خه‌مه‌كه‌ى هیچى بۆ ئێمه نیه، له دواى ده‌ركردنى ئه‌م یاساشه‌وه زیاده‌ڕه‌وییه‌كان زیادى كردوه، ئه‌گه‌رنا ده‌سه‌ڵاتى ئێمه لاواز نیه».
6. سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان: هه‌ر یه‌كه‌یه‌كى ئیدارى چاوپۆشى بكات لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت
كۆى به‌رپرسانى گه‌رمیان جه‌ختله‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه كه رێگه نه‌دراوه به زیاده‌ڕۆى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان، به‌ڵام زیادهڕۆییهكانیش به‌رده‌وامن، هاوشێوه‌ى به‌رپرسانى دیكه‌ش سه‌په‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان جه‌ختله‌وه ده‌كاته‌وه یەکە ئیدارییەکان بەردەوامن لە لێپێچینه‌وه‌کردن بە پێی یاسا.
جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ده‌ڵێت: «سەبارەت بە پرسی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوکاڵیەکان بەو شێوەیە نیە کە باسی لێوە دەکرێت و لەگەڵ لایەنە ئیدارییەکان چەندین جار کۆبونەوەمان کردوە و جەختمان لە رێکخستنەوە و رێگەگرتن کردوە لەو بابەتە، یەکە ئیدارییەکان بەردەوامن لە لێپێچینهوهکردنی خۆیان بە پێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018».
وتیشی: شتێک نیە بە ناوی چاوپۆشی کردن و کەمتەرخەمی کردن لە یاسادا، هەر یەکەیەکی ئیداری چاوپۆشی لە بونی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوکاڵیەکان بکات ئەوە بەرپرسیار دەبێت لەو بابەتە، پۆسته‌كه‌ى خۆی خراپ بەکارهێناوە و لێپێچینه‌وه‌ى بەرامبەر ده‌كرێت له رێگى لیژنەی تایبەته‌وه.
باسی لەوەشکرد: ئەم یاسایەی زیادەڕەوی کە هەیە پێویستە هەموار بکرێتەوە و یاسایەکی تایبەت بە زەوییە کشتوکالیەکان دەربکرێت بۆ ئەوەی جوتیارێک کە خەریکی بەروبومی کشتوکاڵیە بتوانرێت خانویەک یان تەلبەنێک دروست بکات، بۆیە یاساکە توندە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هێمای بۆ ئەوەشکرد: «پرسی بەرتیل وەرگرتن لەبەرامبەر لێدانی بیر یاخود زیادەڕەوی کە ئەکرێتە سەر زەوییە کشتوکاڵیەکان، هەر هاوڵاتیەک بابەتێکی لەو شێوەیە دەزانێت و بەڵگەی لایە دەتوانێت بۆمان بێنێت تا لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ین».
پێنجه‌م: مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ بیری نایاسایی له زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان
1. حكومه‌ت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بیره نایاساییه‌كان ده‌كات؟
به‌ڕێوبه‌رى ئاوى ژێر زه‌وى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له دواى ساڵى 2012 هه‌ر بیرێك به نایاسایى دروست كراوه ناتوانرێت لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت.
حامد جومعه، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ژێر زه‌وى گه‌رمیان ده‌ڵێت: «یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى كه ڕوبه‌رومان بوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه كه رێنماییه‌كمان نیه له ئێستادا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بیره نایاساییانه بكه‌ین كه هه‌یه».
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌مه له كاتێكدا تا ساڵى 2012 هه‌ر بیرێك به نایاسایى دروست بكرایه ئه‌وه بڕى 750 هه‌زار دینار غه‌رامه ده‌كرا و دواتر مامه‌ڵه‌یان پێده‌كرا و ده‌كرایه یاسایی، له دواى ئه‌و ساڵه‌وه چیتر كارى پێنه‌كرا، دواتر رێنماییه‌كان نوێ كرانه‌وه له ساڵى 2015 كه گۆڕدرا ئه‌و بڕگه‌ى تێدا نه‌بو، هه‌ر بۆیه تاوه‌كو ئێستا رێگه چاره‌یه‌ك نیه بۆ ئه‌و كێشه‌یه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى له گه‌رمیان چ ئالیه‌تێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى كه بزانرێت چه‌ن بیر له سنورى گه‌رمیان هه‌ن و دروست كراون، به‌ڕێوبه‌رى ئاوى ژێر زه‌وى گه‌رمیان وتیشى: هیچ ئامێرێکمان نیە بۆ پشکنین کە چەن بیرهەیە له سنوره‌كه، به‌ڵكو ئەوەی هەیە لە هاوڵاتیان زانیاری وەرئەگرین، بۆ نمونە گوندى وەلی هەیهر١٥٠ ماڵی تێدایە بەپێی وتەی هاوڵاتیانی گوندەکە ١٤٠ بیر هەیە، بۆیه به‌و شێوه‌یه مه‌زه‌نده‌مان بۆ كردوه.
2. ژماره‌ى بیره نایاسیهكان له گه‌رمیان
لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە تاوەکو ئێستا هیچ مامەڵەیەکی مۆڵەتدان بە بیری ئیرتیوازی لە گەرمیان نەدراوە، لە دوای ئەو ماوەیە تاوەکو ئێستا چەند بیر هەڵکەندرابێت بەبێ مۆڵەت کراوە، جگە لە دو بیر کە ئەوانیش لە گەڕەکێکی ناحیەی رزگاری و گەڕەکێکی قەزای کەلارە.
حامد جومعە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی گەرمیان وتی: «لە گەرمیان بیری مۆڵەتدار کە هەن تا ئێستا ١٧٣٧ بیرە، بە جۆرێک ١٠٥٨ بیریان هی کشتوکاڵیە».
بە وتەی بەڕێوبەری ئاوى ژێر زەوی گەرمیان هیچ ئامارێکی دیاری کراو نیە لە سنورەکە چەند بیری بێ مۆڵەت هەیە، بەڵام مه‌زه‌نده ده‌كرێت به هه‌زار بیرى بێ مۆڵه‌ت.
3. «بیری ئیرتیوازی به پاره دروست ده‌كرێت»
ئه‌گه‌رچی حكومه‌ت جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه دروستكردنى بیر راگیراوه و قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵام ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت لێدانى بیر به‌رده‌وامه و ئه‌م كاره‌ش به پاره ده‌كرێت.
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: «لە نێو زەوی کشتوکاڵی بیری ئیرتیوازی لێدراوە بە نایاسایی لە بەرامبەر پارەیەکی زۆر بە جۆرێک لە ٨ ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات تاوەکو دەفتەریک (10 هه‌زار) دۆلار، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر لیژنە ئەمنیەکە بیەوێت دەتوانێت لە یەک کاتدا دەست بگرێت بەسەر چەندین ئامێری هەڵکەندنی بیردا، بەڵام نایکەن».
وتیشی: بۆ هەر بیرێک مەترێکی بە ١٠ بۆ ١٥ دۆلارە، بەڵام کە نایاساییە بۆ مەترێک ٨٠ دۆلار وەردەگیرێت، هەر بۆیە ئەو زیادەیەی کە وەرئەگیریت بۆ گیرفانی ئەو کەسانەیە کە چاوپۆشی لەو کارە دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەخاتە ژێرپرسیارە و خۆیان بون بە بەشێک لە پرۆسەکە.
پرسی زیادەڕەوی لەسەر زەوییە کشتوکاڵیەکان ده‌وترێت لە هەڵکەندنی بیردا نەماوەتەوە کە بە بڕێک پارەی زۆر ئەو کارە ئەنجام دەدرێت، بەڵکو لە دروستکردنی خان‌و و ڤێلاش خۆی دەبینێتەوە، بە جۆرێکە باس لە بونى تیم دەکرێت لە گەرمیان.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: «کارکردن لە زەوییە کشتوکاڵیەکان تەنها لە لێدانی بیردا نەماوەتەوە کە بە نایاسایی دەکرێت، بەڵکو کار گەشتوەته ئه‌وه‌ى کە خانوش دروست ئەکرێت بە جۆرێک بۆ خانویەک بڕی سێ دەفتەر دۆلاری تێ بچێت ئەوە ئێستا بە تیم ئەیکەن، پێنج دەفتەر (50 هه‌زار) دۆلار وەرئەگیرێت، بۆ ئەم کارەش بەرپرسان و یەکە ئیدارییەکان ئەمە دەزانن و شتێک نیە شاراوە بێت.
4. «بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هۆكارى هه‌ڵكه‌ندنى بیرى نایاساییه»
هۆکاری دەست بردن بۆ بیری نایاسایی بۆ بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە بە ژمارە (٧٥/٥٧) كه هه‌ڵكه‌ندنى بیر راگیراوە، ئەگەر نا بە یاسا ئەمە قەدەغە نەکراوە.
بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی، حامد جومعە، دەڵێت: «تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی رون نیە بۆچی مۆڵەتدان بە بیر راگیراوە».
دەشڵێت: بۆ هەر مۆڵەتی بیرێک حکومەت بە کەشفهكهیەوە بڕی ١١٥ هەزار دینار وەردەگرێت، ئەمەش بە وەسڵێک راستەوخۆ دەچێتە گەنجینە.
به هه‌مان شێوه، شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: «بۆ ماوه‌ى 2 ساڵه به بڕیاى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران مۆڵه‌ت پێدانى بیر له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ وه‌رگیراوه‌ته‌وه و براوه‌ته ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بۆ ماوه‌ى ساڵێكه نوسراومان ناردوه بۆ مۆڵه‌تى بیر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، بۆچى ئه‌مه كراوه رون نیه، له كاتێكدا جوتیار پێویستى به بیره».
5. حكومه‌ت چی كردوه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ئامێره‌كانی بیرهه‌ڵكه‌ندن؟
بەڕێوبەری ئاوى ژێرزەوی گەرمیان باسی لەوهدهكات: لە ماوەی ساڵی رابردودا دەست گیراوە بە سەر ١٨ ئامێری هەڵکەندنی بیردا، لە ئەمساڵیشدا ٤ ئامێری دیکە لەگەڵ دو دانەی تر کە بە رەسمی نەهاتوەتەوە لای ئێمە، هەمو ئامێرەکان کە ژمارەیان ٢٤ دانەیە لە گەراجی شارەوانی دانراون، کە لەلایەن لیژنەی ئەمنی شارەوانیەکانەوە دەستی بەسەرا گیراوە.
ئه‌مه له كاتێكدایه به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان باس له‌وه ده‌كات كه پار ساڵ ته‌نها (7) ئامێرى هه‌ڵكه‌ندنى بیر ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه.
ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان وتى: «له ماوه‌ى پار ساڵدا له گه‌رمیان ته‌نها 7 ئامێرى هه‌ڵكه‌ندنى بیر ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه، بۆ سێ مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیش 9 ئامێر بوه».
6. چاره‌نوسی ئامێره ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوه‌كان
ئه‌و ئامێرانه‌ى كه ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت كه به نایاسایی بیرى ئیرتوازى پێههڵدهكهندرێت رون نیه چى لێ ده‌كرێت له‌لایه‌ن یه‌كه ئیدارییه‌كانه‌وه.
ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: ئه‌و ئامێرانه‌ى هه‌ڵكه‌ندنى بیر كه ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت نازانم چى لێده‌كرێت، چونكه له‌لای یه‌كه ئیدارییه‌كان و دادگایه كه یه‌كلاى ئه‌كاته‌وه نازانم موزایده ئه‌كرێت یان ئه‌برێته سلێمانى یان ده‌بڕدرێته‌وه و به‌نرخى ئاسن ده‌فرۆشرێت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ئامێره‌كانیان ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت ده‌ناسرێنه‌وه یاخود نا، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن زۆرن و ناسراونه‌ته‌وه و دراونه‌ته دادگا، هێشتا كه‌یسه‌كان یه‌كلا نه‌بوه‌ته‌وه.
به‌رێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ره‌تى كردوه باس له‌وه بكات كه ئه‌و ئامێرانه هى كێن.
وتیشى: به نوسراو ئاراسته‌ى یه‌كه ئیدارییه‌كانى ده‌كه‌ین و كارى لاى ئێمه نامێنێت.
شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار ده‌ڵێت: «ئه‌و ئامێرانه‌ى كه ده‌ستى به‌سه‌را گیراوه هى هه‌ڵكه‌ندنى بیر پێشتر ئه‌رۆشته سلێمانى، به‌ڵام ئێستا لێره ئه‌مێنێته‌وه له گه‌راجى شاره‌وانیه، به‌شێكیان كێشه‌ى یاساییان هه‌یه، به نوسراوێك هاوپێچ له‌گه‌ڵ نوسراوى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ئاراسته‌ى داواكارى گشتى ده‌كرێت و رێكارى یاسایی بۆ ده‌گیرێته به‌ر».
به‌شى دوه‌م: دەرئەنجام و راسپاردەکان
یه‌كه‌م: دەرئەنجامەکان
1.زیاده‌ڕه‌ویی له زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان له سنورى گه‌رمیان له ئاستێكى زۆر به‌رزدایه، به‌راده‌یه‌ك خودی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانیش قه‌باره‌كه‌ى به ته‌واوى نازانن چه‌نده. ئه‌م گه‌وره‌بون و به‌رفراوان بونه وایكردوه كه حكومه‌ت بگاته ئاستى دهستهپاچهبون له مامه‌ڵه‌كردن و لێپێچینه‌وه و چاره‌سه‌ركردن دا.
2. زیاده‌ڕۆییه‌كان جۆراوجۆرن، به‌ڵام به پله‌ى یه‌كه‌م له یه‌ك جۆری بنه‌ڕه‌تیه‌وه په‌رت ئه‌بن، ئه‌ویش دروستكردنى بینایه له زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان، كه دواتر سه‌رده‌كێشێت بۆ لێدانى بیری نایاسایی و هه‌روه‌ها دروستكردنى سیاج و پاشان بونیادنانى بینای دیكه‌ى نا كشتوكاڵی وه‌كو مه‌له‌وانگه و یاریگا. له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانى ئه‌و زه‌ویانه هه‌ندێكجار بۆ پرۆژه‌ى بازرگانى و پیشه‌سازیی، ئه‌مه سه‌رباری كڕین و فرۆشتن كردن به زهویهكانهوه كه به‌شى زۆریان زه‌وی گرێبه‌ستى كشتوكاڵین و خاوه‌نه‌كانى تاپۆیان نییه.
3. حكومه‌ت ئیجارائات و لێپێچینه‌وه‌ى له‌باره‌ى پرسی زیاده‌ڕه‌وییه‌وه كردوه و ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م لێپێچینه‌وه‌یه زیاد له خه‌وش و كه‌موكورتی و پرسیارێكى له‌سه‌ره، به تایبه‌تى كه زۆر به‌رفراوان نیه و نه‌بوه‌ته هۆی رێگری ته‌واو له دیارده‌كه، ئه‌مه‌ش هه‌ندێك بۆ كه‌مته‌رخه‌میی ئه‌و ده‌زگایانه‌ى ده‌گێڕنه‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ت بۆ سنورداریی توانا و كادیر و پاڵپشتیی ده‌یگێڕێته‌وه.
4. ئه‌و یاسا و رێنماییه به‌ركارانه‌ی كه هه‌ن، ناواقیعی و پڕكێشهن، چونكه له بری ئه‌وه‌ى ببنه مایه‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به پله‌ى یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى یاساكان زۆر گشتین و رۆڵی ده‌زگاكانى به وردی دیاریی نه‌كردوه و هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندیی ناوچه‌كانى ره‌چاو نه‌كردوه.
5. حاڵه‌ته‌كانى واسته و چاوپۆشی و مه‌حسوبیه‌ت و ته‌نانه‌ت وه‌رگرتنى به‌رتیل له زیاده‌ڕه‌ویی بۆ سه‌ر زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان و ئاسانكاریی له دروستكردنى باخ و ورده‌كارییه‌كانى بونى هه‌یه، ئه‌گه‌رچی حكومه‌ت به ته‌واوى ئه‌مه ره‌د ده‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وامبونى زیاده‌ڕه‌ویه‌كان ئه‌م ئه‌گه‌رانه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه.
6. پرۆسه‌ى روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى زیاده‌ڕۆیی له‌نێوان چه‌ند ده‌زگایه‌كى حكومی دا دابه‌ش بوه، ئه‌مه‌ش وایكردوه هه‌ندێكجار ده‌زگاكان به ته‌واوى نه‌چنه ژێر به‌رپرسیارێتى ئه‌ركه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه بۆ خودی ده‌زگاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌لایه‌كى تریشه‌وه بۆ یاسا و رێنماییه كارپێكراوه‌كان.
7. تێبینی زۆر هه‌یه له مامه‌ڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریی له كه‌یسه‌كانى زیاده‌ڕۆیی، به‌تایبه‌تی له خاوهخاویی و دره‌نگ بڕیاردان له كه‌یسه‌كان له دادگاكان.
8. لێدانى بیری نایاسایی یه‌كێكه له كێشه و هه‌روه‌ها مه‌ترسیه‌كانیش كه زۆر به زه‌قی بونى هه‌یه، چونكه كار ده‌كاته سه‌ر یه‌ده‌گی ئاوی ژێر زه‌وی ناوچه‌كه كه ناوچه‌كه خۆی ساڵانه روبه‌ڕوى كێشه‌ى كه‌مئاویی ده‌بێته‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌وڵه‌كان بۆ رێگری له‌مه زۆر سنوردار و ناكاران، چونكه ئه‌گه‌ر رێگریه‌كان به قورسیی ههبوایهن ئه‌وا سه‌روى هه‌زار بیری نایاسایی له سنوره‌كه‌دا نه‌ده‌بو.
دوەم: راسپارده‌كان
1. پێویسته یاسای ژماره 3ى ساڵی 2018ى تایبه‌ت به زیاده‌ڕه‌ویی هه‌موار بكرێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه یاساكه به كرداریی ببێته هۆی كۆتاییهێنان به دیارده‌ى زیاده‌ڕۆیی و هه‌روه‌ها دانانى چوارچێوه‌یه‌كى تر بۆ بابه‌ته‌كه.
له ههمواركردنیشی دا پێویسته ره‌چاوى دۆخ و تایبه‌تمه‌ندى ناوچه‌كان بكرێت، واباشه ده‌سه‌ڵات به ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بدات كه بڕیاری تایبه‌ت به پارێزگا و ئیداره و ته‌نانه‌ت قه‌زاكانیش به‌جیا ده‌ربكات كه بگونجێت له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندى ئه‌و ناوچانه.
2. ده‌بێت حكومه‌ت پێش هه‌مواركردنى یاسای تایبه‌تمه‌ند كه پێده‌چێت كاتى بوێت، بۆ به‌رگرتن به‌م دیاره‌ده‌یه به‌شێوه‌یه‌كى كارا بێته كایه‌وه و هه‌نگاوی خێرا و ئازایانه بنات، بۆ ئه‌مه‌ش پێشنیاز بۆ ئیداره‌ى گه‌رمیان ده‌كه‌ین كه كۆنفرانسێك گرێبدات به به‌شداری شاره‌زایان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى، بۆ دۆزینه‌وه‌ى سیغهیهكى گونجاو له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیارده‌كه. یاخود به پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى باڵا به به‌شداریی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان، بۆ رێگرییكردن له زیاده‌ڕه‌وییه‌كان.
3. پێویسته لیژنه ئه‌منییه‌كان و چاودێرییه‌كان كارا بكرێن، ئه‌ویش به زیادكردنى ئه‌ندامه‌كانیان، هه‌روه‌ها به دابینكردنى كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆیان.
4. به وردیی و جدیی كار بكرێت له‌سه‌ر پرسی وه‌رگرتنى به‌رتیل و كۆتاییهێنان به دیارده‌ى مه‌حسوبیه‌ت و واسته‌كاری، به‌هاوكاری داواكارى گشتى و دادگاكان.
5. هانى داواكاری گشتى ده‌ده‌ین كه جیدییتر له‌م پرسه بێته پێشه‌وه، هه‌روه‌ها تهسیقی پێویست له‌گه‌ڵ دادگاكان بكرێت بۆ زو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى كه‌یسه‌كان و هه‌روه‌ها پێكهێنانى دادگاى تایبه‌تمه‌ند به زیاده‌ڕه‌ویی.
6. په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌زگاكان به‌تایبه‌ت له ورده‌كاریی دا زۆر باش نیه، بۆیه به‌پێویستی ده‌زانین كه پێداچونه‌وه به‌م په‌یوه‌ندیه‌دا بكرێت و سنوره‌كانى ده‌سه‌ڵات و كاره‌كان به ته‌واویی دیاریی بكرێن بۆ كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنى به‌دحاڵیی بون، هه‌روه‌ك دروستكردنى لیژنه‌ى تهنیسقی له‌نێوان ده‌زگاكان یاخود ئه‌و لیژنه باڵایه‌ى كه‌له خاڵی دوه‌مدا هێمامان بۆ كردوه، تاڕاده‌یه‌كى باش چاره‌سه‌رى ئه‌مه ده‌كات.
7. پرسی ئاوى ژێر زه‌وی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، چونكه ئه‌وه سامانێكى نیشتمانییه و ده‌بێت به باشی پارێزگاریی لێبكرێت، بۆیه ده‌بێت هه‌وڵه‌كان بۆ كۆتاییهێنان به لێدانى بیر چڕتر بكرێته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌شبێت پلان هه‌بێت كه ئه‌و بیره نایاساییانه‌ى كه هه‌ن ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵدا بكرێت، هه‌روه‌ك بیره‌كان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى پێوه‌ریان بۆ دابنرێت و سنورێك بۆ به‌كارهێنانیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاو به‌فیڕۆدان كه‌مبكرێته‌وه.
8. به‌شێكى زۆری ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ى كه ده‌كرێن بۆ سودی مادییه، چونكه زه‌ویه‌كان نزیكن له ناو شاره‌كانه‌وه و پاره‌ى زۆر ده‌كه‌ن، بۆیه حكومه‌ت ده‌بێت له‌مڕوه‌وه پلانی هه‌بێت به گرتنبهرهى رێكارى وه‌كو دروستكردنى پرۆژه‌ى گه‌شتیاری له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه یاخود ئیفرازكردنیان.
9. حكومه‌ت ته‌نسیق و هاوكاریی هه‌بێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و رێكخراوه‌كان دا، چ له به‌دواداچونى سه‌رپێچی و زیاده‌ڕۆییه‌كان، چ له دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌ى نوێ و گونجاو. هه‌روه‌ك به‌دواداچونه‌كانى میدیاش له‌م روه‌وه ده‌بێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و كاریان له‌سه‌ر بكرێت.