Draw Media

ئیسرائیل لەبەردەم هەڵبژاردنی پێَنجەمدا

ئیسرائیل لەبەردەم هەڵبژاردنی پێَنجەمدا

2021-05-05 12:05:37


راپۆرت: درەو
ماوەی دوو ساڵە لە ئیسرائیل چوار هەڵبژاردن كراوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نەیتوانیوە حكومەتێكی نوێ پێكبهێنێت‌و كۆتایی بە سەردەمی ناتانیاهۆ بهێنێت، ناتانیاهۆ جارێكی تر شكستیهێنا لە دروستكردنی هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئێستا ئیسرائیل كەوتوەتە بەردەم هەڵبژاردنی پێنجەم، بیرۆكەیەك هەیە هەڵبژاردنی پێنجەم نەكرێت‌و لەبری ئەوەی حكومەتێكی یەكڕیزیی نیشتمانی دروست بكرێت تا كۆتایی بە چەقبەستنی سیاسی بهێنرێت.  

ناتانیاهۆ نەیتوانی !
وادەی بەردەم بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت كۆتایی هات، ئێستا دەرفەت كەوتووەتە بەردەم پارتە سیاسییەكانی تری ئیسرائیل بۆ ئەوەی كابینەیەكی حكومی پێكبهێنن‌و كۆتایی بەماوەی جێگە مشتومڕی ناتانیاهۆ لە پۆستی سەرۆك وەزیران بهێنن. 
دوای ئەو هەڵبژاردنە گشتییەی كە رۆژی 23ی ئازاری رابردوو بەڕێوەچوو، كە چوارەمین هەڵبژاردن بوو لەماوەی دوو ساڵدا لە ئیسرائیل، ناتانیاهۆ ماوەی (28) رۆژ بوو هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی دەدا بۆ دروستكردنی حكومەت، بەڵام هاوپەیمانێتییەكەی پێ دروست نەكرا، ناوەڕاستی دوێنێ شەو وادەی یاسایی لەبەردەم ناتانیاهۆ وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كۆتایی هات.
نوسینگەی ریوڤین ریڤلین سەرۆكی ئیسرائیل لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند" ناتانیاهۆ (سەرۆكایەتی) ئاگاداركردووە كە توانای پێكهێنانی حكومەتی نییە، بۆیە جارێكی تر دەسەڵاتی پێكهێنانی حكومەت گەڕاوەتەوە بۆلای سەرۆك". 

سەرۆك دەتوانێت چی بكات ؟
دوای شكستهێنانی ناتانیاهۆ، ئێستا سەرۆك ریڤلین دەتوانێت بەفەرمی داوا لە سەركردەیەكی سیاسی تری ئیسرائیل بكات هەوڵی پێكهێنانی ئیئتیلافێكی حكومی بدات.
بەڵام ئەمە جارێكی تر سەردەكێشێتەوە بۆ پەنابردن بۆ سندوقەكانی دەنگدان‌و گورزێك دەبێت بۆ ناتانیاهۆ كە تاكە سەرۆك وەزیرانە لە مێژووی ئیسرائیلدا زۆرترین ماوە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا بمێنێتەوە.
پەنابردنەوە بۆ هەڵبژاردن، هەر لەدوای دەرچوونی ئەنجامی دواین هەڵبژاردن لە ئیسرائیل پێشبینی كراو بوو، بەوپێیەی ئەنجامەكە یەكلاكەرەوە نەبوو لە بەرژەوەندی هیچ یەكێك لە پارتە سیاسییەكان. 
ئێستا سەرۆك ریڤلین دەیەوێت ماوەی (28) رۆژی تر دەرفەت بە ئەندامێكی تری پەرلەمان بدات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. 
پێشبینی دەكرێت سەرۆكی ئیسرائیل بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەمجارە (یائیر لابید) سەرۆكی پارتی میانڕەوی "یش عتید" راسپێرێت، كە لەدوای پارتی (لیكۆد)ی راستڕەوەوە بە سەرۆكایەتی ناتانیاهۆ، پارتەكەی لەدواین هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
لابید روبەڕووی ئاڵنگاری گەورەی ئایدلۆژی دەبێتەوە لەناو ئەو پارتانەی كە داوای پێكهێنانی هاوپەیمانێتی حكومییان لێدەكات. 
ئەگەر ئەو كاندیدەی كە سەرۆك دوای پێكهێنانی حكومەتی لێدەكات، توانای دروستكردنی حكومەتی نەبوو، دەكرێت پەرلەمان كاندیدێكی تر دیاری بكات، ئەگەر ئەمەش شكستی هێنا، دەبێت ئیسرائیل سەرلەنوێ هەڵبژاردنێكی تر بكاتەوە. 
ئەوەی لەم ماوە دورو درێژەدا، ئەم چەقبەستنە سیاسییەی لە ئیسرائیل زیاتر كردووە، بەردەوامبوونی پرۆسەی دادگایكردنی ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانە بەتۆمەتی گەندەڵی، ناتانیاهۆ تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە، بەڵام نەیارە سیاسییەكانی دەڵێن ناتانیاهۆ نابێت لە پۆستی سەرۆك وەزیران بمێنێتەوە لەكاتێكدا كە روبەڕووی تۆمەتی تاوانكاری دەبێتەوە. 

بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتدا ؟
پارتی (لیكۆد) راستڕەو كە ناتانیاهۆی تەمەن (71 ساڵ) سەرۆكایەتی دەكات، لەدواین هەڵبژاردندا نەیتوانی زۆرترین كورسی پەرلەمان بباتەوە، بەڵام لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا زۆرینەیان لەناو پەرلەمان زامن كرد، ئیسرائیلییەكان بە پەرلەمان دەڵێن "كنێست"، پەرلەمانەكەیان لە (120) كورسی پێكدێت. 
بەگوێرەی قسەی چاودێران، لەدواین هەڵبژاردندا، دەنگدەرانی ئیسرائیلی نەیانویستووە پاداشتی ناتانیاهۆ بكەن لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتە سەركەوتووەی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا" كە حكومەتەكەی ئەنجامیداوە.
ناتانیاهۆ یەكەمین رێبەری سیاسی ئیسرائیلە كە زۆرترین ماوە لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە، ئەو لە ساڵی 1996وە سەرۆكایەتی پێنج حكومەتی كردووە، دواین حكومەتی ناتانیاهۆ كە حكومەتێكی ئیئیتلافی بوو، لە كانونی یەكەمی رابردوو توشی داڕمان هات، كاتێك پارتێكی سەرەكی ناو حكومەت پلانی ئەوكاتی حكومەتی بۆ چارەسەری قەیرانی كۆرۆنا رەتكردەوە، ئەمەش بووەهۆی كەوتنی ئیئتیلافی حوكمڕان‌و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی نوێ لە ئیسرائیل. 
ئەگەری ئەوە هەبوو، هەر ئیئتیلافێك كە ناتانیاهۆ سەرۆكایەتی بكات، داوای هاوكاری لە حزبی "لیستی عەرەبی یەكگرتوو- راعم" یاخود هاوپەیمانی ئاینیی راستڕەوی توندڕەوی جولەكە بكات، كە سەركردەكانی ئەم پارتە گوتارێكی دژە فەلەستینییان هەڵگرتووە. 
مەنسور عەباس سەرۆكی حزبی "راعم" وتی: ئێمە كراوەین بەڕووی هەر بابەتێكدا كە ئاستی بژێوی كەمینەی فەلەستینیی لەناو ئیسرائیل باشتر بكات، كە رێژەی 20%ی خەڵكی ئیسرائیل پێكدەهێنن. 
بەڵام بتسلئیل سموتریچ رێبەری پارتی "جولەكە ئاینییەكان"، پارتی "راعم" بەوە نادەبات كە "پاڵپشتی لە تیرۆر" دەكات‌و رەتیدەكاتەوە كاری لەگەڵدا بكات (بچێتە ناو ئیئتیلافەوە لەگەڵیدا).
ناتانیاهۆ دەرفەتی تریشی لەبەردەمدا بوو رێژەی پێویستی كورسی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەناو پەرلەماندا كۆبكاتەوە، بەتایبەتیش لەڕێگەی ئاشتەوایی كردن لەگەڵ خوێندكارێكی پێشتری خۆی كە ئێستای لێی جیابوەتەوە، كە ئەویش (نەفتالی بینیت)ە كە پیاوێكی نەتەوەپەرەستی ئاینییە، هەروەها قایلكردنی ئەوانەی لە پارتی (لیكۆد) جیابونەتەوە‌و پارتێكی نوێیان بەناوی "هیوای نوێ" دروستكردووە، بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ ناو لیكۆد. 
بەڵام رێبەری پارتی "هیوای نوێ" كە ناوی (جەدعون سار)ە جەختی كرد لەسەر ئەوەی پارتەكەی سورە لەسەر لابردنی ناتانیاهۆ لە پۆستی سەرۆك وەزیران. 
(نەفتالی بینیت) كە بەهەمان شێوە لە ناتانیاهۆ جیابوەتەوە‌و پێشتر سەرمایەدارو ملیۆنێر بووە، رۆژی دووشەممە وتی:" دەكرا پاڵپشتی ناتانیاهۆمان بكردایە لەپێناو بەردەوامبوونی حوكمی راستڕەوەكان، بەڵام وام نەبینی ئەگەری ئەوە هەبێت ناتانیاهۆ بتوانێت هاوپەیمانێتییەك دروست بكات كە توانای مانەوەی هەبێت".
پارتی لیكۆد رەخنەی لە (بینیت) گرت بەوەی رەتیكردوەتەوە "حكومەتێكی راستڕەوی نوێ لە ئیسرائیل" دروست بكرێت، ماوەیەكی زۆرە وا لە (بینیت) دەڕوانرێت كە پاڵپشتیكارێكی توندڕەوی فراوانكردنی كۆمەڵگە جولەكەنشینەكانە لەسەر خاكی فەلەستین لە كەناری خۆرئاوا، بەڵام دوای ئەوەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ئابوری ئیسرائیل روبەڕووی داخستن بووەوە، (بینیت) تیشكی خستەسەر توانا بازرگانی‌و كارگێڕییەكانی. 
(بینیت) دەڵێ، ئەولەویەتی ئەو ئێستا خۆبەدورگرتنە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێنجەم لە ئیسرائیل، بۆیە ئەگەر ناتانیاهۆ نەتوانێت هاوپەیمانی حكومی دروست بكات، ئەو كار لەسەر پێكهێنانی حكومەتی یەكڕیزیی نیشتمانی دەكات.
رەنگە (بینیت) سەرۆكایەتی حكومەتێكی یەكڕیزی نیشتمانی بكات لەئیسرائیل، سەرباری ئەوەی پارتە (راستڕەو)ەكەی لە پەرلەماندا تەنیا (7) كورسی هەیە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand