گەڕێکی نوێ بۆ پرۆژە دەستورێکی نوێ
2021-05-09 10:39:08
راپۆرت: درەو
گۆڕانکاری گەورە ڕویداوە لە پۆستە باڵاکان لای پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشتر (مەسعود بارزانی و ئێستا نێچیرڤان بارزانی) پۆستی سەرۆکی هەرێمی لەلایەو پێشتر(نێچیرڤان بارزانی و ئێستا مەسرور بارزانی) پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لەلایە، وەک لە ئێستا سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانی خۆیشی کە بەپێی یاسا پێیدراوە، سەرجەمیان مومارەسە ناکات و پێ نەدراوە!. ئایا ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی ئێستا لە ناو پارتی هەمان بۆچوونی پێشوویان ماوە لە بارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمەوە؟ ئایا نێچیرڤان بارزانی بە پۆستی سەرۆکێكی تەشریفاتی رازی دەبێت ؟.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە ململانێکە لەبارەی شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێو دەستوردا تەنها لە نێوان لایەنە سیاسییەکان نەمێنێتەوە، بەڵکو ململانێ و جیاوازی بۆچونەكان زیاتر ناوخۆی پارتی بگرێتەوە.
دەستور چییە و چۆن دەنوسرێتەوە؟
بە مانایەکی گشتی دەستور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نێوان فەرمانڕەواو فەرمانپێکراوانە (حاکم و محکوم)، ترۆپکی یاساکانەو لە ڕێگەیەوە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت، شێوازی سیستمەکەی، شێوەی حکومەتەکەی، رێکخستنی دەسەڵاتە گشتییەکانی دیاری دەکرێت. لەبەر ئەوەیە دەوترێت دەستور دایکی یاساکانە، یان دەستور بەرزترین یاسایە لە وڵاتدا. یان بە مانایەکی تر دەستور بریتییە لە کۆمەڵە بنەمایەکی سەرەکی کە لە رێگەیانەوە، کاروبارەکانی دەوڵەت و چۆنیەتی پیادەکردنی حوکم رێکدەخرێت. لەلایەکی دیکەوە دەوترێت دەستور بریتییە لە کۆمەڵە یاسایەک، پەیوەندی تاک لە ناو دەوڵەتدا رێکدەخات، ئەرک و مافەکانی تاک بەرامبەر بە دەوڵەت دیاریدەکات و پەیوەندی نێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگاش رێکدەخات. بە شێوەیەکی گشتیش چەند ڕەگەزێکی هەیە کە بریتین لە؛
1. دیباجە یان پێشەکی
2. پێناسە
3. ماف و ئازادییە گشتییەکان
4. دابەشکردنی دەسەڵاتەکان
5. کۆتایی بەشی
بەشێوەیەکی گشتی ئەو رێوشوێنانەی لەسەر ئاستی جیهان دەگیرێتەبەر بەتایبەتی لەو وڵاتانەی كە تازە دەبن بە خاوەنی دەستور یان رژێمە سیاسییەكانیان گۆڕانی بەسەردادێت یاخود دەستوریان هەیە دەیگۆڕن یان هەمواری دەكەنەوە، پرۆسەی نوسینەوەی دەستور بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت.
قۆناغی یەكەم: دیاریكردن یاخود هەڵبژاردنی لیژنەیەك بۆ نوسینەوەی رەشنوسی دەستور.
قۆناغی دووەم: نوسینەوەی رەشنوسی دەستور لەلایەن لیژنە راسپێردراوەكەوە.
قۆناغی سێیەم: رەوانەكردنو پەسەندكردنی رەشنوسی دەستور لە پەرلەمان.
قۆناغی چوارەم: ئەنجامدانی ریفراندۆمی گشتیو دەنگدانی خەڵك بۆ پەسەندكردنی یان رەتكردنەوەی دەستورەكە.
پرسی دەستور لە هەرێمی کوردستان
ئێستا هەرێمی كوردستان ئەگەرچی ٣٠ ساڵە خاوەن ئەزمونی حکومڕانییە و سەرباری ئەوەی خاوەنی زیاتر لە ڕەشنوسێکی دەستورە بەڵام دەستورێکی نوسراوی کارپێکراوی نییە، لە ساڵی 1992ەوە دوای یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چەندین هەوڵ هەبووە بۆ ئەوەی دەستورێك بۆ هەرێم بنوسرێتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان، نەتوانراوە دەستور پەسەند بكرێت.
نەوشیروان مستەفا لە کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکەیدا ڕۆژی ١٨ی٦ی٢٠١٣ لە وتارێکیدا لەبارەی دەستورەوە ئاماژەی بەوەدا "پێمخۆشە ئەو راستیەتان بۆ باس بکەم کە لەدوای هەڵبژاردنی یەکەم و لە کاتی یەکەم پەرلەمانی کوردستان سێ پڕۆژەی دەستور خرایە بەردەم پەرلەمان، بەڵام ئەو زەمانە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەستی پارتیەوە بو و نەیانهێشت گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆژانە بکرێت بۆ ئەوەی سەدام حوسێن لێیان عاجز نەبێت، لەدوای ئەوەش کە شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد و دواتر کەوتینە گفتوگۆ و من یەکێک بوم لە وەفدەکەی یەکێتی لە پاریس ئەو کەسەی سەرپەرشتی کۆبونەوەکانی هەردولای دەکرد ناوی میسیۆ دۆران راوێژکاری دیبلۆماسی سەرۆک میتران بو، پێشنیاری بۆ کردین بۆ ئەوەی رێکخستنێکی یاسایی و سیاسی خۆمان بکەین؛ باشترین مامۆستاکانی یاسای دەستوری فەرەنسامان بۆ کۆدەکەنەوە بۆئەوەی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان بنوسن و ئامادەی بکەن و وەسیقەیەکی دەستوریمان هەبێت، دیسانەوە وەفدی پارتی رازی نەبون دەستورێکمان هەبێت بۆ ئەوەی دڵی سەدام حوسێنمان لێ نەهێشێت، کەچی ئێستا ئەوان ئێمە بەدژی دەستور دەناسێنن".
ساڵی 2009 لە كۆتایی خولی سێیەمی پەرلەماندا، پارتیو یەكێتی پرۆژە دەستورێكیان بۆ هەرێم نوسییەوە، لە كۆتاییەكانی ئەو خولەدا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراو لەڕێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە دەقی پرۆژە دەستورەكە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرا.
پرۆژەكە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لە 24ی ئابی 2009 لەلایەن خولی سێیەمی پەرلەمانەوە لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبوو (96) دەنگی هێناو پەسەندكرا، هەر ئەوكات بڕیاردرا پرۆژە دەستورەكە بخرێتە راپرسییەوە، ئەم بڕیارەی پەرلەمان لەكاتێكدا بوو ماوەی یاسایی خولی سێیەم كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەمموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون.
كاتێك ئەو ساڵە بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان پێكهات (35 كورسی لە كۆی 111 كورسی) دەنگی ناڕەزایی دژی دەستورەكە بەرز بووەوەو رێگەیان نەدا بخرێتە راپرسی جەماوەرییەوە.
17ی ئازاری 2011و یەك مانگ دوای زنجیرە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەكانی هەرێم كە بە خۆپیشاندانەكانی "17 شوباتو رۆژانی دوایی" ناسراوە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی پەسەندكرد، كە لە (10) ماددەو (35) خاڵ پێكهاتووە، یەكێك لە بڕیارەكانی بریتی بوو لە "گەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردنەوەو دروستكردنی كۆدەنگی سیاسیو سازانی نیشتمانی لەسەری"، بەڵام دواجار دەستور نەگەڕێندرایەوە پەرلەمانو پرۆژەكە پشتگوێخرا.
ئەم پرۆژەیە ڕێو شوێن و قۆناغی زۆری بڕی کە لێرەدا بەوردی لەسەری دەوەستین.
نوسینەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان
قۆناغی یەكەم: قۆناغی بڕیاردان لە نوسینی پرۆژەی دەستور
دەركردنی بڕیاری ژمارە (26)ی پەرلەمانی كوردستان لە 7/11/2002، بووە دەستپێكی بنیاتنانی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستانی عێراق، وێڕای ڕەزامەندبوونی (36) حزبی كوردستانی لەشاری كۆیە هەر لەو ساڵەدا، ئەویش بەو مەرجەی پێداچوونەوەی بۆ بكرێت لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندنانەی كەوا چاوەڕان كرابوون لە عێراقدا ڕوو بدات .
قۆناغی دووەم: قۆناغی پێداچوونەوەی پرۆژەی دەستور
بە بڕیاری ژمارە (5)ی پەرلەمانی كوردستان لە 8/9/2005 لیژنەی پێداچوونەوەی دەستور پێكهێنرا، كە كارەكانی لیژنەكە دەستی پێكرد لە 24/9/2005 تاوەكو 22/8/2006، لە 24/9/2005 پرۆژەكەیان داوە بە پەرلەمان، لیژنەكە ئەوەشیان خستەڕوو، كە گوایا زیاتر لە چل دەستووری كردووە بە سەرچاوەی كارەكەی، جێی ئاماژەیە لیژنەكەش لەم کەسانە پێكهاتبوو:
قۆناغی سێیەم: قۆناغی بڵاوكردنەوەی پرۆژەی دەستور
لەم قۆناغەدا دەستكراوە بە چاپكردن و بڵاوكردنەوەی پرۆژە دەستورەكە، بەڵام بە دانپێدانانی لیژنەكە خۆیان زیاتر لە (5) هەزار پێشنیاز و تێبینیان بۆ چووە، كە لە (22) دۆسیەدا ڕێكیانخستووەو ژوورێكیان بۆ تەرخان كردووە.
قۆناغی چوارەم: تێپەڕاندنی پرۆژەی دەستور لە پەرلەمانی كوردستان
خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 4/6/2009 چوار ساڵی یاسایی خۆی تەواوكرد. لە 17/5/2009، سەرۆكی هەرێم بڕیاری ژمارە (6)ی دەركرد كە تێیدا هاتووە "خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستانی عێراق كە لە 4/6/2009 كۆتایی پێدێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان دەمێنێتەوە تاكو هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ و گرێدانی كۆبوونەوەی یەكەمی". هەر لە هەمان ڕۆژدا سەرۆكی هەرێم بە بڕیاری ژمارە (5) ماوەی سەرۆكایەتی خۆیشی درێژكردەوە كە تێیدا هاتووە "بەدەر لە حوكمی ماددەی سێیەم لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هەمواركراو ویلایەتی سەرۆكی هەرێم كە لە 12/6/2009 كۆتایی پێدێت، درێژ دەكرێتەوە تاكو هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ هەرێم و دەست بەكاربوونی".
هەر زوو ئەوە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان دەخوێنرایەوە، كە لە هەوڵی ئەوەدان بەهەرچی شێوەیەك بێت پرۆژەی دەستوری هەرێم لە پەرلەمان تێبپەڕێنن و بیخەنە دەنگدانی گشتییەوە، لە 10/6/2009 (25) پەرلەمانتار یاداشتێكیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزكردەوە، تێدا داوایان كرد كە جگە لە لە یاسای بودجە هیچ یاسایەكی دیكە پەسەند نەكرێت، چونكە ماوەی یاسایی پەرلەمان كۆتایی هاتووە، بەڵام هەوڵەكە بێ ئاكام بوو.
لە 24/6/2009 پەرلەمانی كوردستان پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستانی پەسەند كرد، لە دانیشتنەكەدا (7) پەرلەمانتار كشانەوە، یەكێك لە پەرلەمانتارە كشاوەكان، (كوێستان محەمەد) بوو لەو كاتدا بە ئاژانسی (ئەسوات ئەلعراقی) ڕاگەیاندو ووتی "ئێمەی ئەندامانی پەرلەمان چۆن دەنگ بە دەستورێك بدەین كە دوا ڕەشنووسی پێش كەمتر لە 24 سەعات بەدەستمان گەیشتووە، بەبی ئەوەی ڕێگامان بدەن گفتوگۆی بكەین".
هەر بە زوویی ڕۆژی دواتر سەرۆكی هەرێم بڕیاری ژمارە (8)ی لە 25/6/2009 پەسەندكردنی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستانی دەركرد .
هەر لەو سەروبەندە دەسەڵات بە پەرۆشەوە هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ كە لە 25/7/2009 لەگەڵ هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان، پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان بخەنە ڕاپرسی گشتییەوە، بە بڕیاری ژمارە (8)ی ساڵی 2009، ڕۆژی ڕاپرسی گشتییان بۆ پرۆژە دەستورەكە خستە بەرواری 25/7/2009، بەڵام دواتر لە رۆژی 27/6/2009 (فەرەج حەیدەری – سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق)، ڕایگەیاند "هەرچەندە داواو یاسایەكی پەرلەمانی كوردستانمان لە 25/6/2009 بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لە 25/7/2009 پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەكمان بۆ ئەو مەبەستە نەكردووە" ، ئەمە جگە لەوەی ئەو كات ئەمریكییەكان ڕێگربوونە لەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێم كوردستان بخرێتە ڕاپرسییەوە.
ئیدی هەر لەو كاتەوە ناڕەزاییەكان لەسەر ئەم پرۆژە دەستورە ڕووی لە فراوانبوون بوو، هەر لە دوای تێپەڕاندنی لە پەرلەمانی كوردستان لە 25/6/2009 (157) پارێزەر دژی تێپەڕاندنی پرۆژەی دەستور ناڕەزایی دەردەبڕن و بەیاننامەیەك لەو بارەیەوە بڵاودەكەنەوە، لە 28/6/2009 (174) پزیشك بەیاننامەیكی ناڕەزایی دەردەبڕن دژ بەو هەڵوێستەی پەرلەمان، هەر لەو بارەیەوە لە 29/6/2009، (31) مامۆستاو وانەبێژی زانكۆی سلێمانی بۆ هەمان مەبەست بەیاننامەیان بڵاوكردەوە، دواتر لە 25/7/2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، لێرە بەدواوە بەرەیەكی بەفراوان لە ئۆپۆزسیۆن لە نێو پەرلەمان و لە دەرەوەی دەسەڵات دروست بوو، ئەم بەرفراوان بوونە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بووە هۆی فراوانبوونی بەرەی بەرگریكار لە گێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمانی كوردستان. پاشتر خۆپیشاندانی جەماوەری لە هەرێمی كوردستان سەری هەڵدا لە 17/2/2011 و زیاتر لە دوو مانگی خایاند. یەكێك لە داواكارییە بنەڕەتییەكانی خۆپیشاندەرانیش گێڕانەوەی ئەو پرۆژە دەستورە بوو بۆ پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان لە 17/3/2011 بە دەنگی (104) پەرلەمانتار بڕیاری ژمارە (2)ی دەركرد، كە ناوەڕۆكەكەی گوزارشت بوو لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران، داواكاری یەكەمیش بریتی بوو لە گێڕانەوەی دەستور بۆ پەلەمان. بەڵام دواتر دەسەڵاتداران خۆیان لەوە دزییەوە بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقائعی كوردستان) بڵاو بكەنەوە، تەنانەت سەرۆكی هەرێم لە مانگی 4/2013 خۆی گفتی بە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن دا كە ئەو بڕیارە لە ڕۆژنامەی (وەقائعی كوردستان) بڵاو بكرێتەوە، بەڵام هەر بڵاو نەکرایەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان لەو سەرو بەندەدا لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان و کە دواتریش یەکێتی هاتبووە پاڵیان بە جدی لەسەر خەت بوون بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە تێپەڕ نەبێت.
نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی بزوتنەوە گۆڕان ڕۆژی ١٨ی٦ی٢٠١٣ لە وتارێکیدا لەبارەی دەستورەوە ئاماژەی بەوەدا کە لەسەرەوە ئاماژەمان بە بەشێکی تری کرد، لەبارەی ئەم پرۆژەیەوە دەڵێت "ئەو دەستورەی ئێستا هەیە نوسخەی دوەمی ئەو دەستورەیە، کە کاتی خۆی حوسنی موبارەک بۆ وڵاتەکەی خۆی دایناوە و چارەنوسی بەو حاڵە گەیاندوە، رەشنوسی ئەو دەستورەی ئێستا لە زەمانێک نوسراوە کە حوسنی موبارەک سەرۆک کۆماری میسر بوە، بن عەلی سەرۆکی تونس بوە، لە زەمانێکدا نوسراوە کە قەزافی سەرۆک لیبیا بوە، کە عەلی عەبدوڵڵا سەرۆکی یەمەن بوە، لە زەمانێکدا کە هێشتا بەشار ئەسەد سەرۆکی وڵاتێکی سەقامگیر بوە".
وتیشی: "نامەنەوێت دەستورێکمان هەبێت سەرۆکێک دروستبکات لە مەرتەبەی سوڵتانەکانی قەڕنی وستا بێت و هاوڵاتیەکی کوردستانی دروستبکات ببێتە کۆیلەیەکی دەستو پێ بەستراو، بەڵکو دەمانەوێت دەستورێکی سەردەمیانەمان هەبێت کە لەگەڵ ئازادی و پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆ و دەستەبەری مافەکانی مرۆڤ بگونجێت".
لەبەردەوامی وتارەکەیدا، نەوشیروان مستەفا ئەوەشی راگەیاند: "بزوتنەوەی گۆڕان؛ بەپێویستی دەزانین دەستورمان هەبێت و ئێمە پێش ٢٠ ساڵ لەگەڵ هاوڕێکانم لەگەڵ بونی دەستوردا بوین، بەڵام دەستورێکمان ناوێت کۆمەڵگای کوردی بکات بە دو کەرتەوە بچین بەگیانی یەکتردا، بەڵکو دەستورێکمان دەوێت ببێتە بەچەتری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە کورد و تورکمان و عەرەب و بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و شەبەک و کاکەیی و هەمو تیرە و تایەفەکانەوە، دەستورێکمان دەوێت لەنێوان فەقیر و دەوڵەمەند، لە بەینی لادێی و شاریی، عەشائیری و مەدەنیدا، پلە جیاوازەکاندا جیاوازی نەکات و لەکاتی ناکۆکی دولایەندا وەک مەرجەع بۆی بگەڕێینەوە".
لە کۆتایدا؛ رێکخەری گشتی گۆڕان وتیشی: "دەستور بۆ یەک ئینسان نانوسین، جیاوازی ئێمە لەگەڵ پارتیدا ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت دەستور بۆ یەک تاکە کەس بنوسن، ئێمە دەمانەوێت بۆ هەمو خەڵکی کوردستان بنوسین ."ئیدی لەو کات بەدواوە ئەو پرۆژەیەش مرد و لەبارچوو.
هەوڵێکی نوێ بۆ پرۆژەیەکی نوێ
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكرد، لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستور پێكهێنرا.
لیژنەی نوسینەوەی دەستور بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2015 پێكهێنراو ماوەی (3) مانگی هەبوو بۆ كاركردن، لەو ماوەیەدا لیژنەكە توانی سێ دەروازەو (74) ماددە بنوسێتەوە، بەڵام دواجار لە پرسی دەسەڵاتەكانو جیاكردنەوەیان لە یەكتر، لە ٢٠ی ئابی ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە پرۆژەی دەستور پەكیكەوتو دوای پەكخستنی پەرلەمانیش كاری ئەو لیژنەیە راگیراو نەتوانرا نوسینەوەی دەستورەكە تەواو بكرێت. ئەندامەکانیشی پێکهاتبوون لە؛
توركمانەكان یەك نوێنەرو چوار پارتی سیاسی (بزوتنەوە ئیسلامی، سۆسیالست، شیوعی، ئاراستەی سێیەم) بەهەمویانەوە یەك نوێنەریان لە لیژنەی نوسینەوەی دەستور پێدرابوو، بەڵام چوار لایەنەكە بایكۆتی لیژنەكەیان كردوو بەشدارییان تێدا نەكرد.
گەڕێکی نوێ لەبارەی دەستورەوە
ڕۆژی ٤/٤/٢٠٢١، دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهمان، سەرۆک فراکسۆنەکانی پهرلهمان کۆبووەوە.
لهکۆبوونەوەکەدا پرسی دەستوور یەکێک بوو لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەیان، داوا لەسەرجەم فراکسیۆنەکان کرا سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانی فراكسیۆنهكانیان لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان بەپرس و ڕاوێژ لەگەڵ حزبەکانیان گهڵاڵه بكهن بۆ ئهوهی هەوڵبدرێت کۆدەنگییەکی تەواو لەنێوان سەرجەم فراکسیۆنەکان بهێنرێته كایهوهو لەخولی پێنجەمی پەرلەماندا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی.
دوای ئەو هەنگاوەی پەرلەمانیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە ڕۆژانی ٣ و ٤ و ٥ی ٥/٢٠٢١ گەڕێکی دانوستانی دەستپێکرد بۆ لای هەر یەک لە لایەنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سۆسیالیست و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەپێ ڕاگەیەندراوەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانە یەکێک لە پرسەکان پەیوەندی بە ئامادەکردنی دەستورەوە بوورە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئایا کار بەو پرۆژەیە دەکەن یان کە بەشێکی ئامادەکراوەو کارەکانی لەساڵی ٢٠١٧ەوە وەستاوە، یان کار لەسەر لیژنەیەکی نوێ (لیژنەکە کۆنەکە بەشێکیان لە ژیاندا نەماون و بەشێکیشیان یان ئەرکی تریان پێسپێردراوە یان پەیوەندییان بە لایەنە سیاسییەکانی خۆیانەوە نەماوە) پێکدەهێنن.
ئێستا پرسەکە لەبەردەم دوو سیناریۆدایە، ئەوانیش؛
یەکەم: تەنها هەوڵێکە بۆ موزایەدەو جوڵاندنی پرسی دەستور مەرامی سیاسی دیکەی لە پشتەوەیە.
دووەم: هەوڵەکە جدییەو هێواش هێواش ڕێوشوێنی خۆی وەردەگرێت.
ئەگەر حاڵەتی دووەم سەربگرێت ئەوا دۆخێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە، چونکە لە ئەزمونەکانی پێشوودا ململانێکە لەنێوان دوو بەرەدابوو، لە پرۆژەی دەستورەكەی پێشوودا، سیستمی حوكمڕانی هەرێم (سەرۆكایەتی یان پەرلەمان)، خاڵی سەرەكی ناكۆكی بوو لەنێوان لایەنەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان داوایدەكرد سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتی بێت واتە سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێتو پەرلەمان مافی لێپرسینەوەی لە سەرۆك نەبێت، پارتییەكان بۆ ئەمە زیاتر نمونەی سیستمی حوكمڕانی ئەمریكایان دەهێنایەوە.
لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانیو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی داوای سیستمی پەرلەمانیان دەكرد، واتە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێتو هەر لەناو پەرلەمانیشەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، ئەم بەرەیەش زیاتر نمونەی بە سیستمە سیاسییەكانی ئەوروپا دەهێنایەوە. بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر شێوازی سیستمی حوكمڕانی، پرۆژەی دەستور پەكیكەوت.
بەڵام ئێستا گۆڕانکاری گەورە ڕویداوە لە پۆستە باڵاکانی لای پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشتر (مەسعود بارزانی و ئێستا نێچیرڤان بارزانی) پۆستی سەرۆکی هەرێمی لەلایەو پێشتر(نێچیرڤان بارزانی و ئێستا مەسرور بارزانی) پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لەلایە، وەک دەبینین لە ئێستادا سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانی خۆیشی کە بەپێی یاسا پێیدراوە، سەرجەمیان مومارەسە ناکات و پێ نەدراوە!، ئایا ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی ئێستا لە ناو پارتی هەمان بۆچوونی پێشوویان ماوە لە بارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمەوە؟ ئایا نێچیرڤان بارزانی بە پۆستی سەرۆکی هەرێم ڕازی دەبن بەشێوەیەکی تەشریفاتی و لەنێو پەرلەمانەوە سەرۆک هەڵبژێردرێت؟.
بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە ململانێکە لەبارەی شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان تەنها لە نێوان لایەنە سیاسییەکان نەمێنێتەوە، بەڵکو ئاگری ململانێکە ماڵی نێوخۆی پارتی بگرێتەوە. هەر بۆیە ئەم خوێندنەوەیە دەمانباتەوە سەر ئەوەی سیناریۆی یەکەم لە واقعەوە نزیکتربێت، وروژاندنی پرسەکە تەنها مەرامێکی تایبەتی لە پشتەوە بێت.
سەرچاوەکان
1. کۆمەڵێک نوسەر، پرسە سیاسی و قەیرانە هاوچەرخەکان، ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، چاپی یەکەم ٢٠١٥، ل ٥٣-٦١
2.
3. وتەکانی نەوشیروان مستەفا لە کۆنفراسە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، ماڵپەڕی بزوتنەوەی گۆڕان ١٨/٦/٢٠١٣
https://archive.gorran.net/Detail.aspx?id=2348&LinkID=145&fbclid=IwAR3uiF552ipuFrPKQORoz8ciXOoUjmI8BX3EmE2bwsv0sG83Y0V-k6Q4NjI
4. راپۆرتی : محەمەد رەئوف، سیستمی حوكمڕانی هەرێم بەرەو كوێ ؟، ماڵپەڕی درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3693
5. راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ، هەرێمی کوردستان لەبەردەم چوارەم ڕیفراندۆمدا، ماڵپەڕی درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2641
6. دەستور چییە و جۆرەکانی کامانەن؟، ماڵپەڕی سەکۆ؛
https://sako.rid-k.org/ku/%D8%AF%DB%95%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%B1-%DA%86%DB%8C%DB%8C%DB%95-%D9%88-%D8%AC%DB%86%D8%B1%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%DA%A9%D8%A7%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%95%D9%86%D8%9F
7. کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان بەڕێوەچوو، ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان؛
https://www.parliament.krd/news/posts/2021/april/ko-dsp-lagal-sarok-fraksionakan/
8. سهرۆكى ههرێمى كوردستان سهردانى كۆمهڵى دادگهرى و يهكگرتووى ئيسلامى دهكات، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛
https://presidency.gov.krd/president-of-kurdistan-region-visits-the-justice-and-islamic-union/
9. سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ بزووتنهوهى گۆڕان كۆبووهوه، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-the-change-movement/
10. سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ يهكێتيى نيشتمانيى كوردستان كۆبووهوه، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-the-patriotic-union-of-kurdistan/
11. سهرۆكى ههرێمى كوردستان سهردانى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستان دهكات، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛
https://presidency.gov.krd/president-of-kurdistan-region-visits-the-kurdistan-socialist-democratic-party/
12. سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ پارتى ديموكراتى كوردستان كۆبووهوه، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-the-kurdistan-democratic-party/