Draw Media

دژە تیرۆری کوردستان بەشدار بووە لە کوشتنی سولەیمانیدا

دژە تیرۆری کوردستان بەشدار بووە لە کوشتنی سولەیمانیدا

2021-05-08 18:13:38


(درەو):
سایتی (یاهۆ نیوز)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا زانیاری نوێی لەبارەی ئۆپراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە هێزی دژە تیرۆری کوردستان بەشداربوون لە ئۆپراسیۆنی کوشتنی سولەيمانیدا.

"سێگۆشەی مەرگ"
یاهۆ نیوز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە باسلەوە دەکات، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانی دەرکردووە، هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا دەستیان کردووە بۆ پلاندانانی ورد بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆک.
بەپێی راپۆرتەکە، لەکاتی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، سێ گروپی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا کە بە "دەلتا فۆرس" ناسراون، لە شوێنی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانیدا ئامادەبوون و هەندێکیان لەوانە جلوبەرگی کارمەندانی فڕۆکەخانەیان لەبەردا بووەو لە بینا کۆنەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەو لەناو ئۆتۆمبیلی کەنار شەقامەکاندا چاودێرییان کردووە.
ئەم سێ گروپە تایبەتەی سوپای ئەمریکا بەجۆرێک بووە، لەکاتی هاتنەدەرەوەی قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغداد، سێگۆشەیەکیان بە دوری (٥٠٠ بۆ ٩٠٠) مەتر دروستکردووە بەناوی "سێگۆشەی مەرگ".
بەگوێرەی راپۆرتەکەی یاهۆ نیوز، لەوکاتەدا بە حکومەتی عێراق وتراوە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی فڕۆکەخانەی بەغداد بەهۆی راهێنانی سەربازییەوە داخراوە، فەرماندەی هێزی دەلتاو هێزی پشتیوانیی، ئەو شەوە لە بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بوون و لەڕێگەی دوربینی یەکێک لە قەناسبەدەستەکانەوە، پرۆسەی کوشتنی قاسم سولیمانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بینیوە.

دژە تیرۆری کوردستان لە ئۆپراسیۆنەکەدا
یاهۆ نیوز ئاشکرایکردووە، هێزی دژە تیرۆری کوردستان  لە پێدانی زانیاری لۆکاڵی و ناسینەوەی قاسم سولەیمانی لە نزیکەوە، زانیارییان بە هێزەکانی ئەمریکا داوە.
فڕۆکەکەی قاسم سولەیمانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریاوە دوای چەند کاتژمێرێک دواکەوتن لە وادەی خۆی، لە فڕۆکەخانەی بەغداد نیشتوەتەوە.
بەپشتبەستن بە تیمەکان لەسەر زەوی، سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا کە موشەکی "هێڵ فایەر"یان هەڵگرتووە، لە فڕیندا بوون بۆ شوێنی مەبەست.

سولەیمانی سێجار موبایلەکەی گۆڕیوە
یاهۆ نیوز لەزاری یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکاوە دەڵێ:" لەماوەی شەش کاتژمێردا بەر لە گەشتکردنی لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە بۆ بەغداد، قاسم سولەیمانی سێجار موبایلەکەی گۆڕیوە، هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانیان له تەلئەبیب بوون و لەوێوە چاودێری موبایلەکانی سولەیمانیان کردووە، ئیسرائیلییەکان ژمارە تەلەفۆنەکانی سولەیمانیان لابووەو ئەوان داویانە بە هێزەکانی ئەمریکا.
یاهۆ نیوز بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتۆن کردووە، ئەوان لەمبارەیەوە هیچ قسەیەکیان نەکردووە.

ساتی کوشتنی سولەیمانی
راپۆرتەکە دەڵێ" کاتێک دوو ئۆتۆمبیل کە قاسم سولەیمانی و هاوەڵەکانیان هەڵگرتبوو لە فڕۆکەخانە هاتنە دەرەوە و گەیشتنە شوێنی مەبەست، یەکێک لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان دوو موشەکی گرتە ئۆتۆمبیلەکەی سولەیمانی، شۆفێری ئۆتۆمبیلی دووەم ویستی هەڵبێت و پێی لەسەر بەنزین دانا،بەڵام بەرلەوەی لەوەی (١٠٠ مەتر) ببڕێت، هێزەکانی "دەلتا" ئەو ئۆتۆمبیلەیان ئاگرباران کردو موشەکێکی تر لەڕێگەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە ئاڕاستەی ئۆتۆمبیل دووەم کرا.
لە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغداد قاسم سولەیمانی کوژرا.

لەبارەی راپۆرتەکەوە
یاهۆ نیوز وەکو خۆی دەڵێ بەم راپۆرتەی لەسەر بنەمای گفتوگو لەگەڵ (١٥) بەرپرسی ئێستاو پێشووی ئەمریکا ئامادەکردووە.
سایتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئیدارەی ترەمپ ماوەیەکی زۆر بووە تاوتوێی کوشتنی قاسم سولەیمانی کردووەو کوشتنی سولەیمانی یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ بووە کە کاریگەرییەکی بۆ ماوەی چەندین ساڵی تر بەردەوام دەبێت و رەنگە کاریگەری ستراتیژیش لەسەر جۆ بایدن لە ناوچەکە بەجێبهێڵێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand