Draw Media

راپۆرت: درەو  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (329) كورسی پێكدێت، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، لەم ژمارە كورسییە تەنیا (9) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە.  یاسای هەڵبژاردن بەمشێوەیە (9) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی دابەشكردووە:  •    پێكهاتەی مەسیحی: (5) كورسی، كورسییەكان دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكانی (بەغداد- نەینەوا- كەركوك- دهۆك- هەولێر)، هەریەكێك لەم پارێزگایانە یەك كاندیدیان بۆ پەرلەمانی عێراق سەردەكەوێت.  •    پێكهاتەی ئێزدی: (1) كورسی لە پارێزگای نەینەوا بۆ دانراوە.  •    پێكهاتەی سابیئەی مەندائی: (1) كورسی لە پارێزگای بەغداد بۆ دانراوە.  •    پێكهاتەی شەبەك: (1) كورسی لە پارێزگای نەینەوا بۆ دانراوە.  •    پێكهاتەی كوردە فەیلییەكان: (1) كورسی لە پارێزگای واست بۆ دانراوە. بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەگەر كەسانی سەربە هەریەكێك لەم پێكهاتانە لە لیستی حزب‌و هاوپەیمانێتییەكان سەركەون بۆ پەرلەمان، لەسەر پشكی كۆتا ئەژمار ناكرێن، واتە پشكی كۆتاكان پارێزراوە.  یاسای هەڵبژاردن بەمشێوەیە بازنەی هەڵبژاردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكانی دیاریكردووە:  •    پێنج كورسییەكەی كۆتای مەسیحییەكان لەچوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردندایە، واتە لەسەرتاسەری عێراق خەڵك دەتوانن دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە لەسەر پشكی "كۆتا"ی مەسیحییەكان خۆیان كاندید كردووە. •    پێكهاتەی سابیئەی مەندائی بەهەمان شێوەی پێكهاتەی مەسیحی یەك بازنەی بۆ دیاریكراوە، واتە لەسەرتاسەری عێراق خەڵك دەتوانن دەنگ بۆ ئەو كاندیدانە بدەن كە لەسەر پارێزگای بەغداد خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە.  بەڵام دۆخەكە بۆ كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی تر جیاوازە، پێكهاتەی ئێزدی كە یەك كورسییان بۆ دیاریكراوە، دەتوانن تەنیا لە سنوری پارێزگای نەینەوا دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە خۆیان بۆ بردنەوەی كورسییەكە كاندید كردووە، واتە لە پارێزگاكانی تر مافی دەنگدانیان پێنەدراوە، ئەمە بەهەمان شێوە بۆ تاكە كورسییەكەی پێكهاتەی شەبەك‌و كوردە فەیلییەكانیش راستە.  شەڕی كورسی "كۆتا" پێكهاتەكان زیاتر لە (60) كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بردنەوەی (9) كورسی تایبەت بە پێكهاتەكان لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، لەناو ئەوانەی كە كێبڕكێ لەسەر كورسی "كۆتا"ی كەمینەكان دەكەن وەزیرێكی كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق‌و (13) پەرلەمانتاری خولی ئێستا‌و خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەن.  كۆتای مەسیحییەكان پێكهاتەی مەسیحی كە (5) كورسی لە پەرلەمانی داهاتوودا بە "كۆتا" بۆ دیاریكراوە، وەكو حزبی سیاسی بەشێوەیەكی گشتی لە (6) رەوتی سیاسی پێكدێت، بەڵام لەپاڵ ئەم رەوتە سیاسییانەدا خەڵكانێكی سەر بەم پێكهاتەیە بەشێوەی (سەربەخۆ) خۆیان كاندید كردووە.  بەگشتی (33) كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی (5) كورسییەكەی پێكهاتەی مەسیحی.  دیارترین پارتە سیاسییەكانی پێكهاتەی مەسیحی بریتین لە:  •    بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری بە سەرۆكایەتی (یونادم كەنا) كە خۆی كاندید نەكردووە.  •    ئەنجومەنی میللی كلدانی سریای ئاشوریی بە سەرۆكایەتی (جەمیل زەیتۆ)، ئەم حزبە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كورسییەكی كۆتایی مەسیحییەكانی لە پارێزگای كەركوك بردەوە.  •    ئیئتیلافی حامورابی: ئەم ئیئتیلافە (ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح) وەزیری گواستنەوەی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات، ئانۆ جەوهەر خۆشی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئیئتیلافەكەی ئانۆ جەوهەر پێكدێت لە سێ رەوتی سیاسی كە بریتین لە (ئەنجومەنی نەتەوەیی كلدانی- یەكێتی دیموكراتی كلدانی- بزوتنەوەی گردبونەوەی سریان).  •    بزوتنەوەی بابلیۆن: ئەم بزوتنەوەیە (رەیان كلدانی) سەرۆكایەتی دەكات، كە یەكێكە لە سەركردەكانی حەشدی‌و نزیكە لە رێكخراوی بەدری هادی عامرییەوە، بەتۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ساڵی 2019 ئەمریكا سزای بەسەر (رەیان كلدانی)دا سەپاند، بزوتنەوەی بابلیۆن لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دوو كورسی كۆتایی مەسیحییەكان لە بەغداد‌و نەینەوا بردەوە، سەرباری ئەمە وەزیرێكی لە كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق هەیە كە بریتییە لە (ئیڤان فایەق جابرۆ)ی وەزیری كۆچ‌و كۆچبەرانە.  •    هەردوو پارتی (یەكێتی بەیت نەهرەین) بە سەرۆكایەتی (یوسف یەعقوب مەتا)‌و پارتی (نیشتمانی ئاشوری) بە سەرۆكایەتی (عەمانوێل خۆشابا) كێبركێ دەكەن بۆ بردنەوەی كورسی كۆتایی مەسیحییەكان‌و كاندیدێكیان هەیە كە ئەویش (عەمانوێل خۆشابا)یە، ئەم پیاوە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە‌و جارێكی تر خۆی كاندید كردوەتەوە.  بە گشتی لە بەغداد (9) كەس بۆ بردنەوەی كورسییەكی كۆتایی مەسیحییەكان خۆیان كاندید كردووە، كە دیارترینیان بریتییە لە (ئیڤان یەعقوب)ی وەزیری كۆچ‌و كۆچبەران كە لەسەر لیستی بابلیۆن خۆی كاندید كردووە، لە هەولێریش (8) كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ یەك كورسی كۆتایی مەسیحی كە دیارترینیان بریتییە لە (جۆزیف سڵێوە)ی پەرلەمانتاری پێشوو كە لەسەر بەیت نەهرەین خۆی كاندید كردووە هەروەها (رائید ئیسحاق) پەرلەمانتاری پێشوو كە لەسەر ئەنجومەنی میللی خۆی كاندید كردووە.  هەر لە هەولێر (رەغد یوسف) لەسەر لیستی بابلیۆن خۆی كاندید كردووە، ئەم ژنە لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی یەكێك لەو كەسانە بووە كە وەكو كاندید بۆ پۆستی وەزیری كۆچ‌و كۆچبەران ناوی دەهێنرا، حزبی شیوعی كوردستانیش پشتیوانی كاندیدێكی سەربەخۆ دەكات بۆ بردنەوەی كورسییە كۆتاكەی مەسیحی لە هەولێر. لە دهۆكیش كە كورسییەكی "كۆتا"ی مەسحییەكانی بۆ تەرخانكراوە، (6) كەس بۆ بردنەوەی ئەم كورسییە خۆیان كاندید كردووە.  لە كەركوك كە كورسییەكی كۆتای مەسیحی بەردەكەوێت، (5) كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە، لە دیارترین كاندیدەكان بریتین لە پەرلەمانتاری پێشوو (عیماد یوخەنا) لە پارتی بزوتنەوەی دیموكراتی، هەروەها پەرلەمانتاری ئەم خولە (عەمانوێل خۆشابا) كە ساڵی 2018 كورسی كۆتایی مەسیحییەكانی لە دهۆك بردەوە.  لە پارێزگای نەینەوا، (6) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی تاكە كورسییەكی كۆتای مەسیحییەكان دەكەن، دیارترینیان بریتین لە پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق (ئەسوان كلدانی)ی برای رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن.  كۆتای ئێزدییەكان ئێزدییەكان یەك كورسییان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوە‌و لەچوارچێوەی پارێزگای نەینەوادا كێبركێ دەكرێت بۆ بردنەوەی ئەم كورسییە، (7) كەس كە نوێنەرایەتی سێ پارت دەكەن لەگەڵ چەند كەسێك كە بەشێوەی (سەربەخۆ) خۆیان كاندید كردووە، كێبركێی بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە دەكەن.  ئەو پارتە سیاسییانەی ئێزیدی كە بەشداری كێبركێی هەڵبژاردن دەكەن بریتین لە:  •    بزوتنەوەی ئێزدی لەپێناو چاكسازی‌و پێشكەوتن كە (حاجی كندور سمۆ)ی پەرلەمانتاری پێشوو سەرۆكایەتی دەكات، كە دەوترێت نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە.  •    پارتی ئێزدی دیموكراتی بە سەرۆكایەتی (حەیدەر شەشۆ) فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی ئێزیدخان كە هێزێكی چەكدارە لەناو شەنگالدا.  •    پارتی پێشكەوتنخوازی ئێزدی بە سەرۆكایەتی (سەعید بتوش) كە دەوترێت ئەمیش نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.  دیارترین كاندیدەكان بۆ بردنەوەی تاكە كورسییەكەی كۆتایی ئێزدییەكان بریتین لە: •    سائیب خدر پەرلەمانتاری خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق كە ساڵی 2018 كورسییەكەی بردەوە‌و كەسێكی نزیكە لە رێكخراوی بەدری هادی عامرییەوە، بەشێوەی سەربەخۆی خۆی كاندید كردووە. •    ئەیمن فەرحان جیجۆ پەرلەمانتاری پێشوو كە بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە.  كاندیدەكانی شەبەك پێكهاتەی شەبەك كە یەك كورسی كۆتای لە پارێزگای نەینەوا بۆ دانراوە، (7) كەس خۆیان بۆ بردنەوەی ئەم تاكە  كورسییە كاندید كردووە، دیارترین كاندیدەكان بریتین لە پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق (قوسەی عەباس) كە ساڵی 2018 كورسییەكەی بردەوە، ئەم پیاوە نزیكە لە هاوپەیمانی فەتحی هادی عامرییەوە، هەروەها (وەعد قەدۆ) فەرماندەی لیوای شەبەك لە دەشتی نەینەوا خۆی كاندید كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر وەعد قەدۆی تۆمەتبار كرد بەوەی تێوەگلاوە لە یەكێك لەو هێرشانەی كە ساڵی رابردوو كراوەتەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر، بەوهۆیەوە حكومەتی عێراق كۆتایی بە ئەركەكەی لە پۆستی فەرماندەیی لیوای شەبەكی سەربە هێزەكانی حەشدی شەعبی هێنا، ساڵی 2019 ئەمریكا (وەعد قەدۆ)ی خستە لیستی سزاكانییەوە بەتۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ‌و كەیسی گەندەڵی، وەعد قەدۆ برای حنین قەدۆی پەرلەمانتاری پێشووی رێكخراوی بەدرە كە ساڵی رابردوو بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە مرد.  كورسی كوردە فەیلییەكان كورسی كوردانی فەیلی یەكەمجارە لەناو كورسی كۆتاكاندا دانراوە، ئەم كورسییە لەچوارچێوەی پارێزگای نەینەوادا كاندیدەكەی یەكلادەكرێتەوە‌و (10) كەس كێبركێی بردنەوەی كورسییەكە دەكەن.  دیاترین ئەو كەسانەی كە خۆیان بۆ بردنەوەی تاكە كورسییەكەی "كۆتا"ی كوردانی فەیلی كاندید كردووە بریتین لە هەریەكە لە (مازن فەیلی) پەرلەمانتاری خولی ئێستا پەرلەمان‌و (ئاراس حەبیب) كە بەهەمان شێوە ئێستا ئەندامی پەرلەمانە‌و ساڵی 2018 لەسەر هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی كورسییەكەی بردەوە.  كورسی سابیئە پێكهاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغداد كورسییەكی بۆ تەرخانكراوە، (8) كاندید كێبركێ دەكەن بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە، دیارترین كاندیدەكان بریتین لە (حارس حارسی) پەرلەمانتاری پێشوو، (نەوفل ناشی) پەرلەمانتاری پێشوو، رەعد جەبار ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد.   


شیكاری: دۆەو بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای دهۆک زیاتر (827) هەزار هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا (5) پارتی سیاسی (21) کاندیدیان هەیەو و (3) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (3) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (11) کورسی. لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و ناو و ژمارەی سەرجەم کاندید و ژمارەی دەنگی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و نوێترین ڕاپرسییەکان و چانسی کاندیدی پاتە سیاسییەکان لە پارێزگای دهۆک دەخەینە ڕوو. سەرەتا 1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای دهۆک (١١) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2.    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (827 هەزار و 658) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیەو (24) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (11) کورسی دەکەن، (17) کاندیدیان پیاوو (7)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە (3) کاندیدی سەربەخۆ و (21) کاندیدی پارتە سیاسییەکان بەجۆرێک؛ -    پارتی دیموکراتی کوردستان (١١) کاندید کە (٨) پیاوو (٣) ئافرەتن.  -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٢) کاندیدی ئافرەت.  -    نەوەی نوێ (٣) کاندید، (٢) پیاوو (١) ئافرەتن. -    یەکگرتووی ئیسلامی (٢) کاندیدی پیاون. -    حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٣) کاندید کە (٢) پیاوو (١) ئافرەتن. -    بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکی تایبەت بە پارتەکەی نیە لە هاوپەیمانیدایە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان. -    کۆمەڵی دادگەری هیچ کاندیدێکی نیە. -    سەربەخۆ (3) کاندیدی پیاون. 3.    بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین، چونکە دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت. 4.    هاوکات جگە لە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨،  نوێترین ئامار و ڕاپرسییەکی (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) کە لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە دەخەینەڕوو. 5.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان و هەڵسەنگاندنی پێگەی ئێستایان . 6.    ساختەکاری هەمیشە ئەگەرێکی دور نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوی لەوەیە سەرجەم کورسییەکانی پارێزگاکە بباتەوە، بەشێک لە لایەنەکانی دیکەش کە سەرەکی تترینیان یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامین کەهەوڵی بردنی کورسی دەدەن، کە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی توندبوونەوەی ململانێی هەڵبژاردن، دوور نیە هەوڵی ساختەکاری نەخرێتەگەڕ. بازنەی (1) بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (دهۆک + ئامێدی)، لەم بازنەیەدا (9) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (6) پیاو پێکهاتوون، (7) کاندیدیان سەربە (4) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١))   شیکردنەوەی بازنەی (١) 1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. 2.    (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە. 3.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٠%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٢٨ هەزارو ٣٢٣) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٣٠ هەزار) دەنگ، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامییە ناگات پێی و نیوەی ئەو دەنگانەی هەیە. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (١)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت. 4.    ئەگەر یەکێک لە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگەکانی بۆ خوار ژمارەی دەنگەکانی کاندیدەکەی یەکگرتوو نزم ببێتەوە، ئەوا چانسی کاندیدەکەی یەکگرتوو زۆرتر دەبێت. 5.    ئەگەر چی نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی وەک پێویست نین لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ (٥هەزار و ٥٦٢) دەنگی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەمەش تاکە کاندیدەکەی کە ئافرەتە دەکەوێتەو ڕکابەرییەوە لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای بازنەکە و چانسێکی دەبێت بۆ بردنەوەی کورسییەک، بەڵام ئەگەر پارتی بتوانێت کاندیدە ئافرەتەکەی لە دەرەوەی سیستمی کۆتای ئافرەتان سەربخات، ئەو چانسە کەمەی نەوەی نوێ هەیەتی ئەویش دەسوتێت. بازنەی (2) بازنەی (٢): کە ناسێنراوە بە بازنەی (زاخۆ + سمێل)، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (2) ئافرەت و (6) پیاو پێکهاتوون (7) کاندیدیان سەربە (5) پارتی سیاسین و (1) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراوە و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) شیکردنەوەی بازنەی (٢) 1.    لەم بازنەیەدا (٣) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٣.٩%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٠٤ هەزارو ٥٦٤) دەنگە، سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٣) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە دەنگەکانی ناگاتە چارەکی ئەو دەنگەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیەتی کە دەکاتە (٣٤ هەزار و ٨٥٥) دەنگ. لەم بازنەیە پارتی بە (٣) بەربژێر بەشداری کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، بۆ ئەوەی هەرسێ کورسییەکە مسۆگەر بکات، بەڵام کاندیدەکەی یەکێتی بە لاوازییەوە دەبێتە ركابەری كاندیدە ئافرەتەکەی پارتی. 3.    لەگەڵ ئەوەی یەکگرتوی ئیسلامی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (٨ هەزار و ٧٤٧) دەنگ، بە تاکە کاندیدێکش بەشداری کردووە، ئەگەر نەڵێین هیچ چانسێکی نیە بۆ بردنی کورسی ئەوا چانسێکی زۆرلاوازی هەیە، ئەوەی زیاتریش چانسە کە لاواز دەکات یەکێتی کاندیدی خۆی هەیە لەبازنەکەدا بەمەش چاوەڕوان ناکرێت دەنگەکانی یەکگرتوو زیاد بکات لەسەرحسابی یەکێتی، تەنانەت دەنگاکانی کۆمەڵ و گۆڕانیش بدرێت بە یەکگرتوو کە هیچ کاندیدێکان نیە لەوبازنەیە (کە ئەمەش مەحاڵە) هێشتا بەشی ئەوە ناکات ژمارەی دەنگەکان  بگاتە بەهای بردنەوەی کورسیەک. 4.    یەکێتی رێژەی دەنگەکانی بە پلەی سێیەم دێت لە دوای پارتی و یەکگرتووەوە كە (٥ هەزارو ٣١٣) دەنگە بە ڕێژەی (٤.٣%)، بۆیە بەو ڕێژەیەش دۆخی لە یەکگرتوو باشتر نابێت، ئەوەی تەنها چانسێکی بچوک بهێڵێتەوە بۆی پێشکەشکردنی کاندیدی ئافرەتە بۆ ڕکابەری لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای ئافرەتان، ئەویش ئەگەر بتوانێت دەنگەکانی کۆمەڵ و گۆڕان لەو بازنەیە بچنێتەوە. ئەگەر پارتی بتوانێت لەم بازنەیە کاندیدە ئافرەتەکەی بەبێ سیستمی کۆتا و بە دەنگی خۆی سەریبخات، ئەو چانسە کەمەشی یەکێتی هەیەتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لەباردەچێت. 5.    لەم بازنەیە نەوەی نوێ هێزی چوارەمە بە ( ٤ هەزارو ١٩٢) دەنگ و ڕێژەی (٣.٤%) بەم ژمارەیە هەرچەندە بڕێک لە ڕێژەی دەنگەکانی بەرز ببێتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت کورسی بباتەوە. بازنەی (٣) بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (ئاکرێ + شێخان + بەردەڕەش)، لەم بازنەیەدا (7) کاندید کە لە (2) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون سەرجەم کاندیدەکان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا تۆمار نەکراوەو ڕکابەرییەکەش بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) شیکردنەوەی بازنەی (3) 1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.  2.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٤.٨%)ی دەنگەکانی هەیە كە (٩٧ هەزارو ٤٥٥) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٢٤ هەزار) دەنگ، کە هیچ هێزێکی دیکە بەتەنها خاوەنی ئەو ژمارە دەنگە نیە. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (٣)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت. 3.    لەگەڵ ئەوەی یەکێتی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (١٣ هەزار و ٦٩٧) دەنگ بە ڕێژەی (١٠.٥%)ی دەنگەکان، بەڵام ئەوەی چانسێک دەدات بە یەکێتی بۆ بردنەوەی کورسی پێشکەشکردنی (١) کاندیدی ئافرەتە کە دەبێتە ڕکابەری کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لە بازنەکە. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان نەتوانێت کاندیدە ئافرەتەکەی لەدەرەوەی سیستمی کۆتا سەربخات، سەرەتایەک دەبێت بۆ سەرکەوتنی کاندیدە ئافرەتەکەی یەکێتی.  ئەوەی چانسی یەکێتی بەهێزتر دەکات بۆ بردنەوەی کورسی کۆتا، نەبوونی کاندیدی (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو)ە لە بازنەکە، بە مەرجێک بتوانێت دەنگی ئەو لایەنانە بەدەستبهێنیت، کە هەرچواریان پێکەوە (٢٦ هەزار و ٧٧٢) دەنگیان هەیە.   4.    نەوەی نوێ وەک هێزی چوارەمی بازنەکە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ خاوەنی (٥هەزار و ٩٨٩) دەنگ بوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی (یەکگرتوو وگۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەڵام بەو خوێندنەوەو ئەنجامە بێت کە لە پێشتر ئاماژەمان پێکردووە، ئاسان نییە کاندیدەکەی نەوەی نوێ کورسی بباتەوە. ڕاپرسی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان نوێترین ڕاپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە لایەن  (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە. لێرەدا بەشێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە پارێزگای (دهۆک) دەخەینە ڕوو، چونکە بەتەنها پشت بەستن بە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ بەس نیە، جیاوازی لە بۆچون و ڕای هاوڵاتیان دروست بووە لە شێوازی بیرکردنەوەیان و پرسی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا. ژمارەو ڕێژەی گشتی بەشداربوون، کە لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری و پلەی وەزیفی جیاوازدان، بەم شێویەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))  ئەو ژمارەو ڕێژەیەی هاوڵاتیان کە ژمارەیان (758) کەسەو لە پارێزگای دهۆک بەشدارییان کردووە لە وەڵامیان بۆ پرسیارەکانی دەزگاکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)) ئەم خشتەیەی سەرەوە چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات؛ 1.    ئەگەر چی بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لە سنوری پارێزگای دهۆک زیاتر لە (66%) متمانەیان بە هەڵبژاردن نییە، بەڵام بە پێچەوانەی پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی) پاشەکشەیەکی گەورە ڕوونادات بۆ ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک، چونکە تەنها نزیکەی (22%) دەنگ نادەن و دەنگەکانیان دەسوتێنن. لە کاتێکدا لە پارێزگای هەولێر ئەو ڕێژەیە نزیک لە (35%) و لە پارێزگای سلێمانی ڕێژەکە سەروو (50%). 2.     ئەگەر چی سەرو (66%)ی بەشداربووان دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ نادەن، نزیکەی (12%)یش خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام (21%)ی دەنگدەران ئامادەبن دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ بدەن گرنگە، بەڵام ئەم هەڵوێستە هێندە گەورە نییە بتوانێت جێگە بە کاندیدی پارتە سیاسییەکان لێژ بکات بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەشی هەرە زۆری دەنگەکانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوەو دەکرێت وەک قەڵای پارتی تەماشای بکرێت. 3.    هەر بەپێی ڕاپرسییەکەی پلاتفۆرمی کوردستان پاشەکەشەیەکی گەورە لە دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) و یەکگرتوو و کۆمەڵ ڕوودەدات و هیچ کەس ئامادە نیە دەنگ حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بدات، بەڵام بە گوێرەی ڕاپرسییەکە (نەوەی نوێ) دەنگەکانی بەڕادەیەکی گەورە هەڵدەکشێت و بەپێی ڕاپرسییەکەبێت نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی پێش هاوپەیمانی کوردستان دەکەوێت کە بریتین لە یەکێتی و گۆڕان لەو پارێزگایە.  


شیكاری: درەو بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای هەولێر زیاتر (ملیۆنێک و 228 هەزار) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە (10) پارتی سیاسی (40) کاندیدیان هەیەو و (4) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (4) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (15) کورسی. لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و ناو و ژمارەی سەرجەم کاندید و ژمارەی دەنگی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و نوێترین ڕاپرسییەکان و چانسی کاندیدی پاتە سیاسییەکان لە پارێزگای هەولێر دەخەینە ڕوو. سەرەتا 1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای هەولێر (١٥) كورسی گشتی و (١) کورسی کۆتای مەسیحی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٤) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2.    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 228 هەزار و 30) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیەو (٤٤) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٥) کورسی دەکەن، (٢٩) کاندیدیان پیاوو (١٥)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە (٤) کاندیدی سەربەخۆ و (٤٠) کاندیدی پارتە سیاسییەکان بەجۆرێک؛ -    پارتی دیموکراتی کوردستان (١٢) کاندید کە (٨) پیاوو (٤) ئافرەتن.  -    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٥) کاندید کە (٢) پیاوو (٣) ئافرەتن.  -    نەوەی نوێ (٤) کاندید کە (٢) پیاوو (٢) ئافرەتن. -    بزوتنەوەی گۆڕان بە (٢) کاندیدی پیاو. -    کۆمەڵی دادگەری (٢) کاندید، کە (١) پیاوو (١) ئافرەتن. -    یەکگرتووی ئیسلامی (٢) کاندید کە (١) پیاوو (١) ئافرەتن. -    حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٤) کاندید کە (٣) پیاوو (١) ئافرەتن. -    حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان (١) بەربژێری پیاو. -    بەرەی تورکمانی عێراقی (٣) کاندید کە(١) پیاوو (٢) ئافرەتن. -    قادیمون (٥) کاندید، کە (٤) پیاوو (١) ئافرەتن. -    سەربەخۆ (٤) کاندیدی پیاو. 3.    بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین، چونکە دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت. 4.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی درەو میدیا تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠٢١ بەدەستیان هێناوە، بۆیە مەرجە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی (یەکێتی و گۆڕان و پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ) بتوانن پارێزگاری کە دەنگەکانی پێشوویان بکەن. 5.    هاوکات جگە لە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨،  نوێترین ئامار و ڕاپرسییەکی (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) کە لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە دەخەینەڕوو. 6.    ئەگەر چی هاوپەیمانی کوردستان هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام دەنگدەری لایەنەکان دەنگ بە لایەنی سیاسی نادەن و دەنگ بە بەربژێرەکان دەدەن، بۆیە تا ڕادەیەک سەنگی لایەنەکان ون نابێت و بە ڕونی دەمێنێتەوە. 7.    ساختەکاری هەمیشە ئەگرێکی دور نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەگەر چاوێک لە ئەنجام و هەوڵەکانی ساختەکاری بدەین لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی جۆرێک لێکتێگەیشتن و تەنسیق دروستبووە کە ڕەنگە تاڕادەیەک هەوڵەکانی ساختەکاری کەمبکاتەوە، بەڵام لە پارێزگای هەولێر گۆڕەپانەکە بە جۆرێکی ترەو دوور نییە ململانێی سەخت و توند و هەوڵ بۆ ساختەکاری لەو پارێزگایە بێت، ڕودانی ئەمەش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامی پارت و به‌ربژه‌كانیان. بازنەی (1) بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (سۆران + مێرگەسور + رەواندز + چۆمان + شەقلاوە)، لەم بازنەیەدا (9) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (6) پیاو پێکهاتوون و سەرجەم کاندیدەکان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا تۆمار نەکراوەو ڕکابەرییەکەش بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) 01 شیکردنەوەی بازنەی (١) 1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. 2.    لە بازنەی (١)ی هەولێر (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو) هیچ کاندیدێکیان نییەو تەنها لایەنەکانی (پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ، سۆسیالست و قادیمون) کاندیدیان هەیە. -    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٠.٣٠%)ی دەنگەکانی هەیە لە هەڵبژاردنی رابردوود، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت پارتی (3) كورسی بەرێت ئەگەرچی دەنگەكانی زیاترە لە (4) كورسی لەو بازنەیە.  3.    ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێزی دووەمە لەم بازنەیە بەڵام بە (١) کاندید بەشداری کردووە، چانسێکی دەبێت ئەگەر پارتی نەتوانێت هاوسەنگی دەنگی کاندیدەکان ڕابگرێت و هاوکات یەکێتی بتوانێت دەنگی بەشێک لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەکان ڕابکێشت.  4.    نەوەی نوێ چانسێکی کەمی دێتە پێش (١) کورسی بباتەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو هیچ کاندیدێکیان نیە لەم بازنەیە و ئەگەری زۆرە دەنگەکانی نەوەی نوێ ڕوو لە هەڵکشان بکات. بازنەی (2) بازنەی (2): کە ناسێنراوە بە بازنەی (دەشتی هەولێر+ كۆیە + خەبات)، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و سەرجەم کاندیدەکان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا تۆمار نەکراوەو ڕکابەرییەکەش بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٢))   شیکردنەوەی بازنەی (٢) 1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پیویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی هیچ کاندیدێکیان نیە. 3.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی(%48.9)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی.  4.    بەم ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە خاوەنی (3) کورسی لە بازنەی (2)ی هەولێر و هەر سێ کاندیدەکەی سەردەکەون بە مەرجێک جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت. 5.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هێزی دوومە و (١) بەربژێری ئافرەتی هەیە لەم بازنەیە، دەبێتە خاوەنی (١) کورسی بە مسۆگەری. 6.    نەوەی نوێ کە (١) بەربژێری ئافرەتی هەیە، چانسێکی کەمی دەبێت کە کورسییەکی کۆتای بازنەکە بەرێتەوە بەمەرجێک کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی و کاندیدە ئافرەتەکەی یەکێتی دەنگی کەمتر بەدەستبهێنێت، چونکە کومەڵ و یەکگرتوو هیچ کاندیدێکیان لەم بازنەیە نییەو ئەگەری ئەوەی هەیە دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات.  7.    بزوتنەوەی گۆڕان کە بە (١) کاندید بەشداری کردووە، ئەگەر نەڵێین هیچ چانسێکی نییە، دەتوانین بڵێین چانسێکی زۆر لاوازی هەیە چونکە خۆی هێزی چوارەمی بازنەکەیە. ئەگەرە زۆر لاوازەکەش ئەوەیە کە بەشێک لە دەنگدەرانی کۆمەڵ و یەکگرتوو دەنگەکانیان بدەن بە بزوتنەوەی گۆڕان، کە ئەمەش کارێکی مەحاڵە. بازنەی (3) بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (بەشی خۆرئاوای قەزای هەولێر)، لەم بازنەیەدا (10) کاندید کە لە (5) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و سەرجەم کاندیدەکان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا تۆمار نەکراوەو ڕکابەرییەکەش بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٣))   شیکردنەوەی بازنەی (٣) 1.    لەم بازنەیەدا (٣) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. 2.    بزوتنەوەی گۆڕان لەم بازنەیەدا هیچ کاندیدێکی نیە. 3.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (56.6%)ی دەنگەکانی هەیە، سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٣) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەم بازنەیە بە نزیکەی (3) هەزار لە دواوەوەیە. 4.    لەگەڵ ئەوەی ئەگەرێک هەبووە کە پارتی بتوانێت هەر (٣) کورسییەکە بباتەوە، بەڵام بە (٢) بەربژێر بەشداری کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، بۆ ئەوەی هەردوو کورسییەکە مسۆگەر بکات.  5.    یەکێتی رێژەی دەنگەکانی بە پلەی دووەم دێت لە دوای پارتییەوە، بۆیە ئەگەری گەورە ئەوەیە کورسییەکەی کە دەمێنێتەوە بیباتەوە، بەتایبەت کە بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدی نیەو دوور نییە بەشێک لە دەنگەکانی ئەو حیزبە بچێت بۆ یەکێتی. 6.    هەر یەک لە نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو چاویان لە کورسی کۆتای ژنانە لەم بازنەیە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان زیرەکانە ئەو چانسەی لێوەرگرتوونەتەوەو بە کەمکردنەوەی کاندیدەکانی لە (٣) کاندیدەوە بۆ (٢) کاندید کە یەکێکیان ئافرەتە. بازنەی (4) بازنەی (4): کە ناسێنراوە بە بازنەی (بەشی خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر)، لەم بازنەیەدا (17) کاندید کە لە (4) ئافرەت و (13) پیاو پێکهاتوون و (13) کاندیدیان سەربە (9) پارتی سیاسین و (4) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٤)) شیکردنەوەی بازنەی (٤) 1.     لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا زۆرترین پارتی سیاسی و زۆرترین کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بردنەوەی (4) کورسی بازنەکەو تەنها بازنەی هەڵبژاردنە لەو پارێزگایە کە کاندیدی سەربەخۆی تێدا بێت. 3.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (52.2%)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە ئاستی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی.  4.    چاوەڕوان دەكرێت لەم بازنەیە پارتی دیموکراتی کوردستان (2 بۆ 3) کورسی بەرێتەوە. 5.    پێشبینی دەكرێت كاندیدەكەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ژنێكە كۆتای ژنان لەم بازنەیە بەرێت. 6.     ئەگەر پارتی (2) كورسی پیاو بەرێت و یەكێتی كۆتای ژنان بەرێت، ئەوا كورسیەك دەمێنێتەوەو هەریەك لە كۆمەڵ و گۆڕان و نەوەی نوێ ململانێ لەسەر  ڕاپرسی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان نوێترین ڕاپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە لایەن  (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە. لێرەدا بەشێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە پارێزگای (هەولێر) دەخەینە ڕوو، چونکە بەتەنها پشت بەستن بە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ بەس نیە، جیاوازی گەورە لە بۆچون و ڕای هاوڵاتیان دروست بووە لە شێوازی بیرکردنەوەیان و پرسی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا. ژمارەو ڕێژەی گشتی بەشداربوون، کە لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری و پلەی وەزیفی جیاوازدان، بەم شێویەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (5))    ئەو ژمارەو ڕێژەیەی هاوڵاتیان کە ژمارەیان (هەزار و 288) کەسەو لە پارێزگای هەولێر بەشدارییان کردووە لە وەڵامیان بۆ پرسیارەکانی دەزگاکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (6))   ئەم خشتەیەی سەرەوە چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات؛ 1.    ئەگەرچی پاشەکشەیەکی گەورەی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی ڕوودەدات، چونکە بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە (70%) متمانەیان بە هەڵبژاردن نییەو نزیکەی (50%) دەنگ نادەن و دەنگەکانیان دەسوتێنن. بەڵام لە پارێزگای هەولێر بەو جۆرە نابێت و ئەگەر چی (68%) یان باوەڕیان بە هەڵبژاردن نیە بەڵام ڕێژەی ئەوانەی دەنگ نادەن و دەنگەکەیان دەسوتێنن بە گوێرەی ڕاپرسییەکە (34%)ن. 2.     ئەگەر چی سەرو (60%)ی بەشداربووان دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ نادەن، نزیکەی (20%)یش خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام (20%) دەنگدەران ئامادەبن دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ بدەن بەڵام ئەم هەڵوێستە کاریگەری گەورەی لەسەر گۆڕانکاری ڕیزبەندی و چەندێتی کاندیدەکان ناکات، چونکە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ نییەو تەنها لە بازنەی (4) کاندیدی سەربەخۆ هەیەو ئەوانیش چانسیان لاوازە. 3.    هەر بەپێی ڕاپرسییەکەی پلاتفۆرمی کوردستان پاشەکەشەیەکی گەورە لە دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان)  ڕودەدات و (نەوەی نوێ) دەنگەکانی بەڕادەیەکی گەورە هەڵدەکشێت و بەپێی ڕاپرسییەکەبێت نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی پێش هاوپەیمانی کوردستان دەکەوێت کە بریتین لە یەکێتی و گۆڕان لەو پارێزگایە.  


درەو:  ئیرشاد ڕەشیدی – توێژەری سیاسی و مامۆستا لە زانكۆی ئازادی كرماشان -  گۆڤاری ئایندەناسی   بەرایی باسکردن لە سیاسەتی ئێران بەپێی هێز و پێگەی سیاسی و مێژوویی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، هەردەم گرنگیی خۆی هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای تەواوبوونی سیانزەیەمین هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران، دەرکەوت کە زۆربەی کۆمەڵگای کوردی وەک بەشەکانی دیکەی وڵات، زیاتر لە نیوەی خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١-ی سەرۆککۆماریان کردووە و نزیکەی نیوەی بەشداربووانیش بەپێی ئەوەی کە پێشوەخت لە سەركەوتنی ڕەئیسی دڵنیا بوون، بە ڕەئیسی دەنگیان داوە. لێرەدا جیاوازییەکی وەها لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێراندا نەبوو، بێجگە ڕێژەی کەمتری بەشداری و ئەوەی کە کوردەکان لە خولەکانی پێشوو زۆرتر دەنگیان بە ڕیفۆرمخوازەکان دەدا. لێرەدا پرسیار ئەوەیە سەرۆککۆمارێکی بناژۆخواز و یەکدەستبوونی دەسەڵات لەژێر حوکمی ئسوڵگەراکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ دۆخێک دروست دەکات؟ هەلەکان و مەترسییەکانی پێش کورد چین و سیناریۆکان چین و چۆن دەبن؟ پرسی کورد لە ئێران، ڕوانگەیەکی ئەمنی دوای چەند ساڵ لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، سیاسەت و دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی بەسەر دوو باڵی چەپ و ڕاستی حیزبی کۆماری ئێران کە دوایی بوون بە ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی و بناژۆخواز؛ دابەش بووە و زۆربەی پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکان لەنێوان بەربژێوانی ئەم دوو ڕەوتەدایە. بەڵام لەم هەڵبژاردنانەی سەرۆککۆماری و ئەنجومەنی شار و گوند (٢٠٢١) و هەروەها هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری (مجلس خبرگان رهبری) لە ساڵی ٢٠٢٠، دەسەڵات بەتەواوی کەوتە ژێر ڕکێفی هێزە بناژۆخوازەکان (ئسوڵگەرا). هەر لە یەکەم ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩-ی ئێران و هاتنە سەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی، زنجیرە پێکدادانی سەربازی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند و هێزە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا. هێزە کوردییەکان ئەودەم داوای دابەشکردنی دەسەڵات و سامان و هێز لە تەواوی ناوچەکانی وڵات و دیموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی  بۆ کوردستانیان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتی نوێ لە تاران دیسان وەک سەردەمی دەسەڵاتی  پەهلەوی لەسەر ناوندێکی بەهێز لە تاران دامەزرایەوە، نەک باوەڕی بە دابەشکردنی هێز نەبوو، بەڵکوو لەبەر ئایدیۆلۆژیی دینی–شیعی، هیچ هێز و دەسەڵاتی دیکەی بە مەشرووع و ڕەوا هەژمار نەدەکرد و تەنانەت هەندێ جار ڕەنگی دەسەڵاتی نیمچەتۆتالیتاریانیزمیشی بەخۆیەوە گرتووە([i]). دوای چەند ساڵ شەڕ و پێکدادانی قورسی سەربازی و سەرکەوتوونەبوونی دانوستانەکان، تاران توانیی بە زبری هێزی سوپا و ئەرتەش لەسەر زۆربەی ناوچەکانی کوردستان زاڵ بێت و حیسابیش بۆ هیچ حیزب و لایەن و تاقمی کوردی نەکات، تەنانەت ئەوانەی کە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامییان هەبوو و زۆریش لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی تەبا بوون. دەسەڵاتی ئێرانی و ئێرانیەت یان ناسیۆنالیزمەکەی، لە سەردەمی پاشایەتی بەملاوە تا دەگاتە کۆماری ئیسلامی، لەسەر سێ بنەمای سەرەکیی ئایینزای شیعە، زمانی فارسی و مێژووی کۆنی ئەفسانەیی ئێرانی دامەزراوە. لە کاتی حوکمڕانە جیاوازەکانیش، هەریەک لەو بابەتانە بەجیا بەها و ڕەنگدانە وەی زیاتری بووە بە نیسبەت ئەوانی دیکە. نزیکەی چل ساڵە ئەزموونی سیاسەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت پرسی کورد، نیشانی دەدا کە ئەو پرسە وەک هێڵی سوورە و لە ڕوانگەیەکی سیاسی-ئەمنییەوە سەیر دەکرێت. ئەم تێڕوانینە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تاکی کورد ڕەنگە لە ڕووی شوناسەوە بەشێ لە مێژووی هاوبەشە لەگەڵ ئێران، بەڵام کورد خۆی خاوەن زمانێ سەربەخۆیە و زۆربەشیان لەسەر مەزهەبی شیعە نین، هەر ئەمە وای کردووە جیاوازی دروست ببێت و زۆربەی داواکاری و چالاکیی کوردەکان لەلایەن تارانەوە بە گومان و هەڕەشە لەسەر ئەمنی قەومیی وڵات هەژمار بکرێت و هەندێ جار بەتوندی بەرەنگاریی ئەو چالاکی و گۆڕانکارییانە ببنەوە. عەلی یوونسی وەک وەزیری زانیاریی (ئیتلاعات) دەوڵەتی محەمەدی خاتەمی و جێگری فەرمانگەی ئەقوام و ئایینزاکانی سەرۆککۆماری حەسەنی ڕۆحانی ، پێی وایە قەیرانی داهاتووی ئێران پرسی ئەتنیکی (قەومی) و کۆمەڵایەتییە([ii]). بەهائەدین ئەدەب، نوێنەری پێشووی کورد لە پەرلەمانی ئێران لە قۆناغی دەسەڵاتی ئسوڵگەراکان، دەڵێت: لە ناوچە کوردییەکان گوشارێکی زۆر هەیە، بۆچوونی ئەمنی و سەربازی بەسەر کوردستان و کوردەکان چڕتر بووە و تەنانەت سەرۆکپارێزگا کوردییەکان هەر ئەم بۆچوونەیان هەیە و ئامادە نین هیچ کارێک بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی سیاسی و  ئابووری ئەنجام بدەن([iii]). زۆربەی بابەتەکان بە ئەمنی سەیر دەکرێ، بۆ نموونە هونەرمەندی کورد شارام نازری دوای 10 ساڵ گەڕایەوە زێدی خۆی لە کرماشان و كۆنسێرتێكی ساز كرد کە سوپای پاسداران و  لایەنە بناژۆخوازەکانی دەسەڵات ناڕەزایەتیی خۆیانیان دەربڕی و کردیان بە مەلەفێكی سیاسی([iv]). تەنانەت چەند مانگ لەمەوبەر، نوێنەری ئایەتوڵڵا خامنەیی لە کوردستان بەڕوونی باسی ئەوە دەکا کە ڕێبەری ئێران پێی وایە پێویستە تێڕوانینی ئەمنی بگۆڕدرێ بۆ تێڕوانینێکی فەرهەنگی([v]). هەر چەندە جیاوازیی بیری و تیۆری سیاسی لەنێوان ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی و بناژۆخوازدا هەیە، بەڵام لە پراکتیکدا هەردوو لەسەر ئەم ڕوانگەیە یەک دەگرنەوە. لە کۆتایی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران–عێراق و لە سەردەمی دەسەڵاتی هاشمی ڕەفسەنجانی، دیسکۆرسی زاڵ لە سیاسەتی دەوڵەتەکەی دەبێتە “economy-first”، یان یەکەم ئابووری و بنیاتنانەوەی وڵات لەسەر گەشەی ئابووری. لێرەدا پرسی کورد و کەمینەکانی دیکە دادەبەزێ بۆ وەڵامێکی ئابووری و باشتربوونی ژیانی ماددی و ڕۆژانە، لە ئەنجامدا ئەگەر هاتوو دۆخی ئابووریی ئەو ناوچانە چاک ببێت، ناڕەزایەتییەکان کەم دەبنەوە و نەیارییەکان کەمتر و لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی یەکێتیی نیشتمانیی وڵات و هەڕەشەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەم شێوازەی مامڵەكردن لەگەڵ پرسی کورد، لای زۆربەی توێژەرە ئێرانییەکان هەر وایە، ڕۆژهەڵات جیاواز لە پارچەکانی دیکە هەژمار دەکەن و پێیان وایە کورد لە ئێران ڕەنگە خولیای سەربەخۆییان بێت، بەڵام لە واقیع نە بزاڤی سیاسی و حیزبەکان بەشوێن ئەوەوەن و نە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات وەهایە، لای کۆمەڵگای کوردی ئێران ئەولەویات شتانی دیکەیە([vi]) کە دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئابووری، لە سەردەمی  دەوڵەتی خاتەمی و بگرە تا ئێستاش بەردەوامە. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کات ئەو وەبەرهێنان و گەشەی ئابوورییە لە ڕۆژهەڵات ڕووی نەدا، هێشتا پارێزگا کوردییەکان لە ئامارەکاندا لە بەشی پارێزگا هەژارەکان هەژمار دەکرێن، بەتایبەت کرماشان و ئیلام و کوردستان. هەموو ساڵ بە کۆکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و ئاماری هەڵئاوسان، ئیندێکسی بەدبەختی لە ئاستی پارێزگاکانی ئێران بەفەڕمی لەلایەن سەنتەری ئامار بڵاو دەبێتە. ئەمساڵ دوو پارێزگای کرماشان و کوردستان هەردووی لە ئاخری ڕیزبەندییەکەدا بوون([vii]) و خراپیی دۆخی ژیانی ڕۆژانە و ئابووری لە کوردستان بەڕوونی دەردەخات. لەسەر ڕێژەی بێکارییش کە نزیک لە سەددا بیستە، هەرسێ پارێزگا کوردییەکەی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە بەشی خواری ئامارەکاندا و دۆخی نالەباری ئابوورییان بەڕوونی دەردەکەوێت([viii]). دۆخی ئێران بەگشتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لەلایەن زیاتر لە نیوەی دەنگدەران، نیشاندەری ئەو ناڕەزایەتییە قووڵەی کۆمەڵگای ئێرانی بوو کە دەرئەنجامی بەتایبەتی خراپی و ناسەقامگیریی باری ئابووریی وڵات و گرانیی ڕۆژانە (بۆ چەندین ساڵ ڕێژەی هەڵئاوسان نزیک لە سەددا ٤٠ دەبێت) و نەبوونی ئازادیی سیاسی و مەدەنی، زاڵبوونی تێڕوانینی ئەمنی بەسەر وڵات و… هتد، هەمووی بووە هۆکار بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی ناوخۆیی وڵات و زیادبوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان. بۆ نموونە: ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێرانی لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩ و ٢٠٢١([ix]) کە زۆربەیان لە سەرەتا بۆ گرانی و بێکاری (ڕێژەی بێكاری: ٩.٦%)([x]) و خراپیی دۆخی ژیان دەستی پێ دەکرد و لە ئاخردا دەبووە دژایەتیی سیستم و داواکاری بۆ گۆڕینی دەسەڵات([xi])([xii]). داواکاریی کوردیش لەم دۆخەدا نەک وەڵام نادرێتەوە، بگرە بە توندترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت وەک ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی کرماشان و جوانڕۆ و مەریوان بەتوندی خۆپیشاندانەکان سەرکوت کران و کوژراو و برینداریشی لێ کەوتەوە. لە بابەتی سیاسی، ڕیفۆرمخوازان بەتەواوەتی لە ساحەی سیاسی دوور خراونەتەوە و دەسەڵاتەکان بەتەواوی لە دەست بناژۆخوازانی نزیک لە بەیتی ڕێبەری و سوپای پاسداران و دامەزاوەكانی دادوەرییە. ئەم دۆخە نوێیە نیشاندەری ئەوەیە کە حکومەتی ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە وڵاتدا کە ڕەنگە زیاتر لەبەر دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بۆ ڕێبەری نوێیە، کە بەپێی تەمەنی (٨٣ ساڵ) هەر ئەگەرێک لەپێشە، دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی دەیانەوێت لە وەها دۆخێکدا کونترۆڵی تەواویان بۆ پێشهاتە نادیارەکان، بەتایبەت خۆپیشاندانی خەڵک کە لە بێمتمانەیی بە دەسەڵات گەیشتووەتە لوتکە. ئایەتوڵڵا خامنەیی لە تازەترین قسەیدا قبووڵی ئەو ڕاستییە دەکات و دەڵێت: “متمانەی خەڵک گەورەترین سەرمایەی حکومەتە کە بەداخەوە تا ڕادەیەکی زۆر زیانی لێکەوتووە”([xiii]). لە بابەتی سیاسەتی دەرەوە، بەپێی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، سزا و گەمارۆی تەواوی لەسەرە، نەوت بەفەرمی نافرۆشێ  و هەموو ئابووریی تێکەڵاوی بازاڕی ڕەش و قاچاخ بووە، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی نەختینەی پارەی بانکی ناوەندی دابەزیوە بۆ ٤ میلیارد دۆلار([xiv]) کە ئاستێکی زۆر مەترسیدارە. لەم چەند ساڵەدا ئیسرائیل بەئاشکرا لە ئێران جاسووسی و تێرۆر و بۆمبارانی ئەنجام داوە، هێشتا دەوڵەت نەیتوانیوە پێشی بگرێ. پەلهاویشتنی سەربازی تا دەریای ناوەڕاست و یەمەن بارگرانی و گوشارێکی زۆری لەسەر دەوڵەت دروست کردووە، بەڵام ئێران هیچ کات گۆڕانی بنەمایی لە سیاسەتی ناوچەی خۆی نەکردووە. ئێران و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان  پێویستە لە ساحەی گەورەتر لە سیاسەتی ناوخۆیی ئێران سەیری پرسی کوردی ڕۆژهەڵات بکرێت و بەتایبەت پەیوەندیی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی هەیە لە سیاسەت و ئابووری و تا ڕادەیەکیش مەلەفی ئەمنیی ڕۆژهەڵات. ڕاستی ئەوەیە دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت گەشە و پەرەسەندنی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەددام و شەڕی داعش و ڕیفراندۆم، بووە هۆی دووبارە گڕسەندنەوەی هەستوسۆزی کوردایەتی و سازبوونی زیاتری باوەڕمەندیی تاک و کۆمەڵگای کوردی بە خۆیەوە. بە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، خەڵکی ڕۆژهەڵات لە زۆربەی شارەکان بە شیرینی ڕژانە سەر شەقام و بە شایی دەربڕین، وەک دەستکەوتێ نەتەوەیی سەیریان دەکرد. ئەودەم دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران نەک تەنیا ئیدانەی کرد کە بە ڕاستەوخۆ سیاسەتی دژایەتیی بە نیسبەت هەرێم گرتە پێش. لێرەدا دابەشکاریی کۆمەڵایەتی لە بابەتی شوناسی کوردی–ئەوی دیکە؛ تۆختر بوویەوە، بەتایبەت دوای گرتنەوەی کەرکووک بە دەست بەغدا. بێهیواییەکی تەواو کۆمەڵگای کوردی دەگرێتە بەر و  بە نیسبەت چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کورد، بۆ داهاتووی نادیار دیسان دوا کەوت و هەموو شت بەدەست قەدەری نادیار سپێردرا. کۆمەڵگای کوردی لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران بە چەند لایەن دابەش دەبن: ١. ڕیفۆرمخوازەکان، ٢. بناژۆخوازەکان، ٣. ئیسلامییەکانی بەفەرمی ناسراو (وەک جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران)، ٤. ئیسلامییەکانی دژ بە نیزام، ٥. ئۆپۆزسیۆن سکۆلار دژبەری نیزام (دیموکرات و کۆمەڵە و…)، ٦. بێلایەنەکان. بێجگە لە ڕیفۆرمخواز و بناژۆخوازە کوردەکان، هیچ لایەنێکی دیکە لە ساحەی سیاسیی ئێران ڕێگەپێدراو نین. سیاسەتی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بە نیسبەت حیزبە کوردییەكان، ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگای داپڵۆسان و دوورخستنەوە لە سنوورەکان و کۆمەڵگای کوردی ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەچێت تا هێزیان بتوێننەوە و بەرەو لاوازیی تەواویان ببەن. بەشێکی زۆری کورد لە سەردەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ساڵی ١٩٩٧، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆ دەنگدان بە محەمەد خاتەمی بەشدارییان کرد. بەڵام دیسان کاتی دابەشکردنی پۆست و هێز و سامانی وڵات، تا ڕادەیەکی زۆر بێبەش کران. گەرچی ئەو ڕۆژنامە و ڕێکخراوی مەدەنی و ئەدەبییانەش کە لەو دەمەدا دامەزران، تاڕادەیەک بوونە دەستکەوتی بەشداریی کورد لە هەڵبژاردنەکان کە پلانی فەرمیی ڕیفۆرمخوازان بوو بۆ هەموو ئێران و بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و کەمکردنەوەی ئەو دەسەڵاتخوازی لە ناوەندەوە دژ بە بەرژەوەندییەکان و هێزی بناژۆخوازان بوو، بەڵام ئەوانیش بەجۆرێک لە جۆرەکان یەک لەدوایەک ڕاگیران و هەڵوەشێنرانەوە. لەم چەند ساڵەدا کە دەسەڵاتی ناوەندی دووچاری قەیرانی ڕەوایی بووە، فەرهاد ئەمین پوور نووسەر و ڕۆژنامەنووس، دەڵێت: هەردوو لایەنی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخوازی تووشی قەیرانی شەرعیەت هاتوون، هەر بۆیەش پێویستە کورد بە مەبەستی بەدواداچوونی بۆ داواکاری و مافی خۆی؛ بیر لە دۆزینەوەی ڕێگای تازە بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ساحەی سیاسیی ئێراندا قورسایی هەبێت([xv]). دەنگدان بە ڕەئیسی بەپێی ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر لە شەش مانگی پێشەوە دیار بوو، بە نیسبەت کورد بێمنەتیی پێوە دیارە بەتایبەت کە بەپێی ڕێژەی زۆری بایکۆتی هەڵبژاردن، لەوە دەچێ دەوڵەتی نوێ ئاوڕێکی وەهاش بەسەر کوردستان نەداتەوە. بۆ نموونە: پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان و خوزستانی عەرەب، پارێزگاری تایبەتیان بۆ دادەنرێت تا کێشە و گرفتەکانیان خێراتر چارەسەر ببێت، بەڵام هیچ پارێزگایەکی کوردی ئەوەی بۆ دانەنراوە. لەم دۆخەشدا کۆمەڵگای کوردستان و ئێرانیش بەگشتی زۆر ئەتۆمیزە (atomized) بووە، یانی خەڵک پەرتەوازە بوون و لە کۆمەڵگا بۆیان ناکرێت هاوپەیمان بن لەگەڵ یەك بۆ گۆڕان یان ڕووخانی دەسەڵات، کێشەکان ئەوەندە زیادی کردووە، هەر کەسە و تەنیا خەمی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەتی. هەلەکان بۆ کورد پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، ڕەئیسی لە سیاسەتی ڕاگەیەنراوی خۆیدا، لە کاتی سەردانی فراکسیۆنی سوننەی پەرلەمان کە جەلالی مەحموودزادە نوێنەری شاری مەهابادە؛ سەرپەرشتیی دەکات، گفتوگۆ و بەڵێن دراوە لەسەر  ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی ناوچە ئیتنیکی و ئایینییەکان و خوێندن و دامەزراندنی گەنجانی سوننە و دیاریکردنی بەرپرسانی سوننە لە پۆستە سەرەکییەکان و هەروەها پتەوکردنی سنوورەکان و دووبارە کردنەوەی سنوورەکان([xvi]). بەرپرسی کورد لە دەوڵەتی نوێدا بوونی هەیە، بەڵام بەبێدەنگی. لە دەوڵەتانی پێشوو هەمیشە یەک یان دوو وەزیری کورد لە ئایینزای شیعە لە کابینەی حکومەتدا هەبوون و بە برایانی کوردی ئێمە باسیان دەکردن، وەک بیژەن نامداری زەنگەنە لە چەند دەوڵەتدا وەزیر بووە، عەبدوڵا ڕەمەزانزادە وتەبێژی دەوڵەتی خاتەمی… و چەندین وەزیری بە ڕەچەڵەک کوردی دیکەش تا ئێستا لە دەوڵەتدا هەبوون، بەڵام سەیر ئەوەیە لە کابینەی ڕەئیسیدا، وەزیری کورد (حوجەت عەبدولمەلکی) هەیە، بەڵام ناڵێن کوردە و نەک ڕەچەڵەک، کە شاری لەدایکبوونی بۆ هەژمار دەکەن([xvii]). ڕەنگە بەپێی کاریگەریی هێزە سەربازییەکانی سوپا و گرووپ و تاقمی بناژۆخوازەکان لە پاڵپشیتی دەوڵەتی ڕەئیسی بۆ سەرکەوتنی بەرنامە و سیاسەتەکانی، لە ناوچە کوردییەکانیش بە دانانی بەرپرسانی کوردی ناوچەکان لە دەزگا و فەرمانگە فەرمییەکان وەک پێشوو ئیدامەی هەبێ. سوپای پاسدار لە بابەتی کۆڵبەری و سنوورەکان کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی بەشی لە بەڵێنەکانی دەوڵەتی نوێ بدات، کە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لە دۆخی ئابووریی کوردستان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. بەڵام لە بابەتی سیاسی و فەرهەنگیدا بەپێی هەڵسوکەوتی پێشووی ڕەوتی ئسوڵگرایی، لەوە دەچێت دۆخەکە بەرەو داخستنی زیاتر هەنگاو بنێت و چالاکییە مەدەنییەکانیش گوشاری زیاتریان بخرێتە سەر و هەزینەی ڕەخنەگرتن و چالاکیی سیاسییە سەربەخۆکان (موستەقل) سەخت و زیاتر بێت. سیناریۆکان بەهێزترین سیناریۆ، گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی “بەرجام”ە. دەوڵەتی ڕەئیسی هەر چەندە لای هێزە پاڵپشتەکانی ڕەنگە ڕەخنەشی لێ بگیرێ، بەڵام ئەودەم ئێران ڕۆژانە نزیک لە دوو ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ڕۆژانە سەدان ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت. دەسەڵات دەتوانێ لە قەیرانی ئابووری و گرانی و گوشاری سەر خەڵک کەم بکاتەوە و دەست بە بەرهەمهێنانی نوێ بکات، ئەودەم ڕەنگە ناڕەزایەتییەکان کەمتر ببێتەوە و بۆ کونترۆڵی دۆخی کۆمەڵگا پێویستی بە دەستبردن بۆ سەرکوتی سەربازی و توند نەبێت. پاساوی ئەم سیاسەتە یەکەم ڕاستیی خراپی و قەیرانی قووڵی ئابووریی وڵاتە کە دەتوانێ ببێتە هەڕەشە لەسەر سیستم و هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ فەتوای ئایەتوڵڵا خومەینی وەک بنیاتنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەڵێت: “پاراستن و مانەوەی حکومەتی ئیسلامی لە هەموو واجبێکی شەرعی واجیبترە” (حفظ نظام اوجب واجیات است)([xviii]). دەوڵەتی ڕەئیسی نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی “بەرجام”: لە ئاوەها دۆخێکدا سزا و گەمارۆکان لەسەر ئێران دەمێنێتەوە و دۆخی پڕ لە قەیرانی ئابووریی وڵات بەرەو بارگرانیی زیاتری ژیانی ڕۆژانە و داڕمانی ئابووری دەڕوات. دۆخی ئابووری و بەدوای ئەودا شیرازەی کۆمەڵایەتیی وڵاتیش تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو تێکچوون دەچێت. لەم دۆخەدا کۆمەڵگا تەنیا بە چاودێریکردنێکی پۆلیسی و زبریی هێزی سەربازی کونترۆڵ دەبێت و دەسەڵاتی ناوەند چون ڕێگای دیکە بۆ مانەوەی لە دەسەڵات بەدی ناکات، ئەودەم سیاسەتی توند بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەپێشی دەگرن. دۆخی سەڵامەتی یان مەرگی ئایەتوڵڵا خامنەیی بەپێی تەمەنی کە لە دەیەی نۆیەمی ژیانیدایە، یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانە کە دەتوانێ گۆڕانکاریی تایبەت بۆ داهاتووی ئێران و کوردستان بهێنێتە کایەوە. بوونی ئایەتوڵڵا خامنەیی وەک ڕێبەرێ کە زیاتر لە سێ دەیەیە هەموو جومگە و بەشەکانی هێز و سیاسەت لەژێر دەستی خۆیدایە و هەژموونی تەواوی لەسەر سیاسەت و حوکمڕانیی ناوخۆیدا بەپێی ئایدۆلۆجی و یاسای وەلایەتی موتڵەقەی فەقیھ نواندووە و هەموو هێز و لایەنێک بۆ مانەوەیان پشت بە ئەو دەبەستن. یەکدەستی و سەقامگیریی دەسەڵاتی ناوەندی تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی باری تەندروستی و بوونی ئایەتوڵڵا خامنەای لە ژیاندایە، تێکچوونی باری سڵامەتی و نەبوونی بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، ڕەنگە بەهێمنی زەحمەت بێت، کاتێک ناڕەزایی توندی ناوخۆیی و فشاری قورس و ئیفلیجکەری دەرەکی و شەڕی دەسەڵاتی گرووپ و تاقمە بەشداریکەرەکانی دەسەڵات بوونیان هەیە کە هەر کامیان لە پێناو هێز و بەرژەوەندیی خۆیاندان([xix])، لە وەها دۆخێکیشدا ڕەنگە دەسەڵات بەرەو ڕووخانیش بڕوات، بەڵام جێگرتنەوەی بە دیموکراسی، پێویستی بە کۆمەڵگای مەدەنییە. بە پەرتەوازەیی و لاوازیی کۆمەڵگای مەدەنی، تەنانەت ئەگەر گۆڕانی ڕژێمیش ڕوو بدات، لە گۆڕانێکی ڕووکەشی و فەڕمی تێپەڕ نابێت، بەڵکوو ڕەنگە هێزێکی دیکە لە ناوەڕۆکی سیستمی کۆماریی ئیسلامی دەست بەسەر وڵاتدا بگرێت([xx]). ڕەنگە لە وەها دۆخێکدا حیزبەکان کە هێزی چەکداریان هەیە، بەپێی دروستبوونی بۆشاییەکان لە ناوخۆی وڵات دۆخەکە بۆ چالاکییان ڕەخساوتر بێت. ئەنجام پرسی سەرەکی و سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریی ڕاستەقینە لە دەسەڵات، دابەشکردنی دادپەروەرانە و یەکسانی هێز و سەروەت و سامانی وڵات، نەمانی جیاکاریی شارومەندی و لەسەرووی هەموویانەوە مافی چارەی خۆنووسین، هەر هەمووی گرێ دراوە بە داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە یان دەبێ حکومەت ڕیفۆرمێکی بنەمایی لە ئایدیۆلۆجی و سیاسەت و یاسا و دەمودەزگای بەڕێوەبەری وڵاتدا ئەنجام بدات، یان دەسەڵاتی نوێ بێتە سەرکار، یان تێکچوونی وڵات بۆ داهاتوویەكی نادیار. لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەوەی ئێرانی چاوسوورتر کردووە و لەسەری گرەو دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە گراهام فوولر لە کتێبەکەی بە ناوی “ناوەندی گەردوون: جیۆپۆلەتیکی ئێران([xxi])” باسی دەکات و گرنگیی جیۆپۆلەتیکی ئێران وای پێ کردووە کە لە کاتی لاوازییشدا زلهێزەکان بیپارێزن و پێشی دابەشکردنی  بگرن و هەندێ جاریش پاڵشتی دەکرێت لەبەر پاراستنی بەرژەوەندیی زلهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هاوسەنگیی ناوچەیی. گرەوی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەمەریکایە، پێیان وایە لەمەبەدوا نایەوێت دەستتێوردانی سەربازی لە ناوچەکەدا بکات و تەنازولیش دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێ و ئێرانیش دەستی واڵاترە لە سیاستی ناوچەیی خۆیدا و ئیسرائیلیش لە نەبوونی ئەمەریکادا ورەی هەڕەشە و ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئێرانی نامێنێ. سێیەم گرەوی کۆماری ئیسلامی لەسەر دروستنەبوونی ناڕەزایەتیی گەورە و مەترسیداری جەماوەرییە بۆ گۆڕان یان ڕووخانی دەسەڵات لەبەر ئەو کونترۆڵی ئەمنی تەواوەتی بە هەموو قەیرانەش کە هەیەتی. چوارەمین گرەو لەسەر ئابوورییە و پێیان وایە ئێران دەتوانێ نەوت و غاز هەناردە بکات و دۆخەکە تێپەڕێنێت و بارگرانیی سەر خەڵک و ناڕەزایەتییەکان کەم بکاتەوە. گرەوی پێنجەم لەسەر یەکدەستی و یەکدەنگیی ئسوڵگەراکان و ناوەندەکانی هێز بۆ کاتێک کە ڕێبەری نوێی ئێران دەسەڵات دەگرێتە دەست. هەر هەمووی ئەم گرەوانە وەک شمشێری دامۆکلسە، بەو مانایە هەر کام لەم گرەوانە بگۆڕدرێت ڕەنگە قەیرانەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوندە مەترسیدار ببن کە کۆنترۆڵیان نەمێنێت و ئێران بەتەواوی تێک بخوا و شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەدەست دەرچێت   ([i]) https://muse.jhu.edu/journals/jod/summary/v016/16.4milani.html, A Historical Perspective Abbas Milani ([ii]) www.bbc.com/persian/iran/2009/05/090512_mf-ir88-aalami ([iii]) www.radiofarda.com/a/f7_Iran_Ahmadinejad_Political_Revenue/399192.html   کارنامه دو ساله احمدی نژاد؛ دولت و آزادی های مدنی ([iv]) https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2905201423 کۆنسێرتێکی نازری ناڕەزایەتیی سوپای پاسدارانی لێ دەکەوێتەوە. ([v]) https://kurdpress.com/fa/news/4131/ تبدیل نگاه امنیتی به فرهنگی در کردستان از تاکیدات رهبری است ([vi]) https://fa.shafaqna.com/news/347181/ آینده بهتر در انتظار کردهای منطقه/ جعفرحق‌پناه ([vii]) www.amar.org.ir/ درگاە آمار ایران ([viii]) www.amar.org.ir/ درگاە آمار ایران ([ix]) https://www.bbc.com/persian/iran-57909705 ([x]) www.amar.org.ir/ درگاە آمار ایران ([xi])https://www.rferl.org/a/iranians-rally-in-support-of-protesters-sentenced-to-death/30732083.html ([xii])https://www.nytimes.com/2019/12/01/world/middleeast/iran-protests-deaths.html ([xiii]) https://farsi.khamenei.ir/news-content?id=48573نخستین دیدار هیئت دولت سیزدهم با رهبر انقلاب ([xiv]) https://www.iranfocus.com/en/economy/46772-irans-government-has-just-4-billion-in-gross-official-reserves/ ([xv]) http://gorannews.ir/kurdi/1398/11/11/  هەردوو ڕەوتی سیاسیی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز تووشی قەیرانی شەرعیەت هاتوون. ([xvi]) https://www.tasnimnews.com/fa/news/1400/03/20/2518314/ناگفته‌هایی از دیدار علمای اهل سنت ‌با رئیسی/علمای اهل سنت دیدگاه مثبتی به آیت‌الله رئیسی دارند. ([xvii]) https://www.farsnews.ir/news/14000520000579/ رئیسی فهرست وزرای پیشنهادی دولت سیزدهم را به مجلس معرفی کرد+ سوابق ([xviii]) http://www.imam-khomeini.ir/fa/c76_15369 چه واجبی واجب تر از… ([xix]) https://www.radiofarda.com/a/khamenei-and-finding-next-supreme-leader/29985269.html ([xx]) https://www.radiofarda.com/a/commentary-on-why-no-revolution-going-to-happen-in-Iran/29726929.html مهدی خلجی چرا در ایران انقلاب نمی شود ([xxi]) The center of the universe : the geopolitics of Iran, Boulder, Colo. : Westview Press, 1991, Graham E. Fuller   بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (9)ی ئه‌یلولی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی


 شیكاری: درەو   بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای سلێمانی زیاتر (ملیۆنێک و 361) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە (11) پارتی سیاسی (49) کاندیدیان هەیەو و (14) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (5) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (18) کورسی. لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و ناو و ژمارەی سەرجەم کاندید و ژمارەی دەنگی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو نوێترین ڕاپرسییەکان و چانسی کاندیدی پاتە سیاسییەکان دەخەینە ڕوو. سەرەتا 1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای سلێمانی (١٨) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٥) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا). 2.    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (63) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٨) کورسی دەکەن، (40) کاندیدیان پیاوو (23)یان ئافرەتن، کە پێکدێن (14) کاندیدی سەربەخۆ و (49) کاندیدی پارتە سیاسییەکان . 3.    بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دۆخی ئێستای لیستەكان و دەرەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردن و راپرسیەكان  دەبەستین. 4.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی درەو میدیا تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠٢١ بەدەستیان هێناوە، بۆیە مەرجە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی (یەکێتی و گۆڕان و پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ) بتوانن پارێزگاری کە دەنگەکانی پێشوویان بکەن. 5.     جگە لە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨،  نوێترین ئامار و ڕاپرسییەکی (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) کە لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە دەخەینەڕوو. 6.    بەربژێرە سەربەخۆکان، كە  بەشێكیان بەهۆی ئەزمونی پەرلەمانتاریەوە ئەگەری هەیە لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردندا کاریگەری گەورە لەسەر ڕیزبەندی بەربژێرەکان دروست بکەن و گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامەکاندا بهێنن. 7.    ئەگەر چی هاوپەیمانی کوردستان هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام دەنگدەری لایەنەکان دەنگ بە لایەنی سیاسی نادەن و دەنگ بە بەربژێرەکان دەدەن، بۆیە تا ڕادەیەک سەنگی لایەنەکان ون نابێت و بە ڕونی دەمێنێتەوە. بازنەی (1) بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (باکوری قەزای سلێمانی + شارباژێڕ + ماوەت) زیاتر لە (373) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (13) کاندید کە لە (4) ئافرەت و (9) پیاو پێکهاتوون و (10) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (3) کاندیدیان بەناوی کاندیدی  سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) شیکردنەوەی بازنەی (١): 1.    لەم بازنەیەدا (٤) کاندیدو سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان كە لە  هەڵبژاردنی رابردوودا ڕێژەی (35.4%)ی دەنگەکانی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوخۆی یەكێتی و دۆخی گۆڕأن، ئەگەری هەیە تەنیا كاندیدێكی ژن و كاندێكی پیاو دەربچێت. 3.    دوو كاندیدی پیاو دەمێنێتەوە بۆ (3) كاندید كە كێبەركێكە توند دەبێت لە نێوانیان كاندیدی ( نەوەی نوێ، گۆڕان ، سەربەخۆ رێبوار كەریم)، لەسەر بەدەستهێنانی (2) كورسی. 4.    ئەگەر کاندیدە ئافرەتەکەی یەکێتی کەمتر لە دەنگی کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بەدەست بهێنێت، ئەوا ڕاستەوخۆ کانیدیدەکەی پارتی سەردەکەوێت. بازنەی (2) بازنەی (2): کە ناسێنراوە بە بازنەی (باشوری قەزای سلێمانی + قەرەداغ)) زیاتر لە (341) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (16) کاندید کە لە (8) ئافرەت و (8) پیاو پێکهاتوون و (9) کاندیدیان سەربە (7) پارتی سیاسین و (7) کاندیدیان بەناوی کاندیدی  سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)).   ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (2))    شیکردنەوەی بازنەی (٢): 1.    لەم بازنەیەدا (3) کانیدید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشتر ڕێژەی (37%)ی دەنگەکانی هەبوەو و بزوتنەوەی گۆڕانیش دووەمە کە خاوەنی ڕێژەی (29%) دەنگەکانە، پێناچێت گۆڕانكاری و بارودۆخەكانی سێ ساڵی رابردوو ئەو دەنگانە وەك خۆی بهێڵێتەوە. 3.    ململانێی توند لە نێوان دوو كاندیدە پیاوەكەی یەكێتی و كاندیدی سەربەخۆ سەركەوت شەمسەدین دەبێت بۆ بردنەوەی دوو كورسی پیاو. 4.    بۆ بەدەستهێنانی كورسیە كۆتاكەی ژنان، ململانێی توند دەكەوێتە نێوان كاندیدە ژنەكانی ( گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵ، سەربەخۆ)  بازنەی (3) بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن) زیاتر لە (213) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و هیچ کانیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا نییەو سەرجەم کاندیدەکان سەر بە (8) لایەنی سیاسی جیاوازن و لە کێبڕێکێدان بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))     ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3))   شیکردنەوەی بازنەی (٣): 1.    لەم بازنەیەدا (3) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا کێبڕکێکە گەرمترە یەكێتیو گۆڕان كە پێكەوە یەك كاندیدی ژنیان هەیە یەکێتی بە ڕێژەی (٢٦%)ی دەنگەکان و بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕێژەی (١٩%) دەنگەکان كە دەكاتە (40%)ی كۆی دەنگەكانی ئەو بازنەیە، ئەگەری دەرچوونی كاندیدە ژنەكەیان زۆر بەهێزە رەنگە بەدەنگی خۆی دەربچێت و پێویستی بە كۆتا نەبێت، بەڵام بە پێی رێنمایی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن ( ئەگەر كاندیدَكی ژن بەدەنگی خۆشی سەربەكەوێت ئەوا كورسی كۆتا تەواو دەكات). 3.     ململانێكە لەسەر دوو كورسی بۆ پیاوان دەبێت، ئەگەر كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەری سەربكەوێت ئەوا ململانێكە بۆ كورسیەكەی تر دەكەوێتە نێوان كاندیدەكەی یەكگرتوو و كاندیدەكەی نەوەی نوێ، كاندیدە ژنەكەی پارتیش دەچێتە ململانێكەوە ئەگەر دەنگەكانی لەو دوو كاندیدە پیاوەی تر زیاتر بێت ئەوا سەردەكەوێت.  4.    بەڵام لەبەر ئەوەی جۆرێك لە تێگەیشتن لە نێوان (یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو) هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە كاندیدە ژنەكەی هاوپەیمانی سەربكەوێت لەگەڵ هەردوو كاندیدە پیاوەكەی یەكگرتوو كۆمەڵ. بازنەی (٤) بازنەی (4): کە ناسێنراوە بە بازنەی (پشدەر + ڕانیە + دوکان)  زیاتر لە (282) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (11) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (8) پیاو پێکهاتوون و (9) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (4)) شیکردنەوەی بازنەی (4): 1.    لەم بازنەیەدا (٤) کاندید سەردەکەون، کە پیویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (40.9%)ی دەنگەکانی هەیە، دوو كاندیدی هەیە (1) كاندیدی پیاوو (1) كاندیدی ژنی هەیە، لەو بازنەیەدا یەكێتی ئەگەری دەرچونی هەردوو كاندیدەكەی هەیە (ژن و پیاوێك) بەڵام ئەگەر كاندیدە ژنەكەی نەوەی نوێ بەدەنگی خۆی دەربچێت و كە كاندیدێكی بەهێزە ( سروە عەبدولواحید) ئەوا یەكێتی تەنیا یەك كاندیدی پیاوی دەردەچێت. 3.    ململانێكە لەسەر دوو كورسی پیاو دەبێت لە نێوان كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەری و بزوتنەوەی گۆڕان، خۆ ئەگەر كاندیدە ژنەكەی پارتی یان یەكێتی بتوانن دەنگەكانیان لەو دوو كاندیدە پیاوە زیاتر بێت ئەوا ئەوان سەردەكەون.  بازنەی (٥) بازنەی (٥): کە ناسێنراوە بە بازنەی (کەلار + دەربەندیخان + کفری + چەمچەماڵ + بەشێکی خانەقین) زیاتر لە (250) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (15) کاندید کە لە (5) ئافرەت و (10) پیاو پێکهاتوون و (13) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5))   ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (5))   شیکردنەوەی بازنەی (5): 1.    لەم بازنەیەدا (٤) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت. 2.    هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی كاندیدیان لەم بازنەیە پێشکەش نەکردووە، کە بەشێکی پەیوەندی بە لێكتێگەیشتن هەیە لەگەڵ یەكێتی و بەشێکیشی پەیوەندی بە سەنگی دەنگەکانیانەوەیە لەم بازنەیە. 3.    لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (37.5%)ی دەنگەکانی هەیە، یەكێتی لەم بازنەیە سێ كاندیدی هەیە (2) كاندیدی پیاوو (1) كاندیدی ژنی هەیە، لەو بازنەیەدا یەكێتی ئەگەری دەرچونی دوو كاندیدی هەیە ژن و پیاوێك. 4.    بەدوایشیدا بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ڕێژەی (23.9%) دەنگەکانی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان بەرەسمی كاندێكی هەیە لە گەرمیان بەڵام كاندیدێكی سەربەخۆ كە تا ئێستاش پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانە ( غالب محەمەد) دەنگەكانی گۆڕان لە گەرمیان دەكات بە دوو بەشەوە.  5.    ئەگەر لەو بازنەیەدا غالب محەمەد سەركەوێت و كورسیەك بەرێت، ئەوا ململانێكە بۆ بەدەستهێنانی كورسیەكەی سێەمی پیاو دەكەوێتە نێوان كاندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕأن و نەوەی نوێ و پارتیەوە.    ڕاپرسی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان نوێترین ڕاپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە لایەن  (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە. لێرەدا بەشێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە پارێزگای (سلێمانی و هەڵەبجە) دەخەینەڕوو، چونکە بەتەنها پشت بەستن بە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ بەس نیە، جیاوازی گەورە لە بۆچون و ڕای هاوڵاتیان دروست بووە لە شێوازی بیرکردنەوەیان. ژمارەو ڕێژەی گشتی بەشداربوون، کە لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری جیاوازدان، بەم شێویەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6))    ئەو ژمارەو ڕێژەیەی هاوڵاتیان کە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەشدارییان کردووە لە وەڵامیان بۆ پرسیارەکانی دەزگاکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (7)) ئەم خشتەیەی سەرەوە چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات. 1.    پاشەکشەیەکی گەورەی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن ڕوودەدات، چونکە بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە (70%) متمانەیان بە هەڵبژاردن نییەو نزیکەی (50%) دەنگ نادەن و دەنگەکانیان دەسوتێنن. 2.     ئەگەر چی سەرو (50%)ی بەشداربووان دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ نادەن، نزیکەی (30%)یش خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام (20%) دەنگدەران ئامادەبن دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ بدەن گۆڕانکاری لەسەر ئاستی چەندێتی کاندیدە حیزبییەکان دروست دەکات. 3.    هەر بەپێی ڕاپرسییەکەی پلاتفۆرمی کوردستان پاشەکەشەیەکی گەورە لە دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی (هاپەیمانی کوردستان)  ڕودەدات و (نەوەی نوێ) دەنگەکانی بەڕادەیەکی گەورە هەڵدەکشێت و بەپێی ڕاپرسییەکەبێت نەوەی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە واتە لە بازنەی (3)ی سلێمانی دەبێت بە هێزی یەکەم.  


راپۆرت: بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ویلایەت یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە زلهێزی جیهان ئەژمار دەكرێت، تەنیا لە سوپاكەیدا ساڵانە بڕی زیاتر لە (700 ملیار) دۆلار خەرج دەكات، هەروەك ژمارەی ئەو چەكە ئەتۆمییانەی كە هەیەتی زیاتر لە (7 هەزار) چەكە، لەنێوان 150 بۆ 200 هەزار سەربازی هەیە كە بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبونەتەوە، ئەمە سەرباری سیخوڕە باش راهێنراوەكانی كە چاودێری وردی دوژمنەكانیان دەكەن لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهان.  ویلایەتە یەكگرتووەكان چوەتە ناو چەندین جەنگی درێژخایەنەوە لەو وڵاتانەی كە وەكو سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی خۆی ئەژماریان دەكات، لەم شەڕانەشدا نوێترین جۆری چەكی بەكارهێناوە.  بەڵام ئەوەی لە 11ی سێپتێمبەر رویدا، قەوارەی ئەم زلهیێزەی لەرزاند، برینێكی بەجێهێشت كە بۆ سەدان ساڵی تر ساڕێژ نابێت. ئەوە رۆژێك بوو كە تێیدا جیهان دركی بەوە كرد دەكرێت فڕۆكەكەكان وەكو چەكێك بەكاربهێنرێن، ئەو سوتەمەنیەشی كە هەڵیانگرتووە دەكرێت بگۆڕدرێت بۆ تەقەمەنی.  چوار فڕۆكە رفێندران. دوانیان خۆیان كێشا بە تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانیی لە نیویۆرك.  "دەستمان بەسەر چەند فڕۆكەیەكدا گرتووە" "هەندێك فڕۆكەمان لەبەردەستدایە، هەموو دانیشوانی شارەكە لەبەردەم مەترسیدان" ئەمە ئەو قسانە بوو (محەمەد عەتا)ی تیرۆریست كردی، كە فڕۆكەیەكی كۆمپانیای (ئەمریكان ئیرلاینز)ی رفاندربوو، ئەمە گەشتی ژمارە (11)ی فڕۆكەكە بوو، ئەو ئەم قسانەی بۆ هۆشداریدان بە سەرنشینەكانی فڕۆكەكە كرد.  بەرپرسان لەسەر زەوی‌و لە هۆبەی چاودێریی بەڕوونی گوێیان لەم قسانە بوو، بەڵام نەیانزانی مەبەست لێی چییە، كاتی زۆر لەبەردەستدا نەبوو.  لە 11ی سێپتێمبەری 2001دا چوار فڕۆكە رفێندران، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گورزێكی ئازاربەخشی بەركەوت، لەبەر ئەوەی دركی بەوە نەكرد مەبەستی قسەی تیرۆرستی ناو فڕۆكەكەدا چی بوو.  فڕۆكەكە رفێندراوەكەی كۆمپانیای (ئەمریكان ئێرلاینز) لەكاتی خۆكێشانیدا بە تاوەكو باكوری سەنتەری بازرگانی جیهانیی، تێكشكا.  فڕۆكەكەی تر لەرێگەدا بوو بەرەو نیویۆرك، لە سەكۆیەكی تری هەمان ئەو فڕۆكەخانەیەوە هاتبوو كە فڕۆكەی یەكەم لێیەوە هاتبوو.  فڕۆكەی (یونایتد ئایرلاینز) كە ژمارەی گەشتەكەی 175 بوو، لە فڕۆكەخانەی لۆگانەوە لە بۆستن، بەرەو لۆس ئەنجلس رۆیشت.  فڕۆكەكە لەلایەن پێنج كەسەوە رفێندرا، دوو پیاوی ئیماراتی‌و سێ پیاوی سعودی، (مەروان شحی) رێبەرایەتی ئۆپراسیۆنی رفاندنەكەی كرد لەگەڵ (فایز بن حەمەد)ی هاوڵاتی وڵاتەكەی‌و (موهەند شهری) سعودیی‌و دوو برای تری سعودی بەناوەكانی (ئەحمەد و حەمزە غامدی).  بەر لە سەركەوتن بۆ ناو فڕۆكەكە توشی هەندێك بەربەرست بوون، چونكە هەندێكیان زمانی ئینگلیزییان بەشێوەیەكی باش نەدەزانی، لەو پرسیارانە تێندەگەیشتن كە لەلایەن ئەو لایەنەی بلیتی گەشتەكەی بۆ دەركردبوون لێیان كرا، یاخود بە سەختی وەڵامی پرسیارەكانیان دابووەوە.  سیستمی كۆمپیوتەر كە پشكنینی بۆ ناسنامەی سەرنشینەكان دەكرد بەر لە سەركەوتنیان بۆ ناو فڕۆكەكە هیچ كێشەیەكی بەدی نەكرد لەبارەی ناسنامەی رفێنەرانی فڕۆكەی دووەمەوە، وەكو ئەوەی لەگەڵ رفێنەری فڕۆكەی یەكەمدا (محەمەد عەتا) رویدا، بۆیە توانییان بە ئاسانی سواری فڕۆكەكە ببن. تێڵاو چەقۆی بچوك ئەو پێنج رفێنەرە جگە لە تێڵاو چەقۆی بچوك هیچ شتێكی تریان پێنەبوو، ئەوە تاكە چەكی دەستیان بوو، بۆیە توانییان بە ئاسانی لە پشكنینی ئاسایشی فڕۆكەخانە دەرباز ببن.  وادەی دەرچوونی گەشتی ئاسمانی ژمارە 175 لە كاتژمێر 8ی بەیانیدا بوو، بەڵام تۆزێك دواكەوت‌و لە كاتژمێر 8:14 خولەكدا لە فڕۆكەخانەی لۆگان فڕی.  لەناو فڕۆكەكەدا (51) سەرنشین‌و نۆ كەس لە تیمی فڕۆكەكە هەبوون، كاتێك فڕۆكەكە 31 هەزار پێ لە زەوی بەرز بووەوە، وەكو هەمیشە خزمەتكارانی ناو فڕۆكەكە دەستیان بە پێشكەشكردنی خزمەت بە میوانەكان كرد. لە كاتژمێر 8:42 خولەكدا فڕۆكەوانەكان پەیوەندییان بە هۆبەی چاودێریی‌و كۆنترۆڵەوە كرد لەسەر زەوی، وتیان ئەوان گوێیان لە پەیوەندی گوماناویی بووە لە فڕۆكەیەكی ترەوە، وا دەزانرا ئەو پەیوەندییە لە فڕۆكەی ئەمریكان ئێرلاینزەوە بووە، كە گەشتی ژمارە 11 بووە‌و لەلایەن محەمەد عەتاوە رفێندراوە.  لەكاتژمێر 8:42 خولەدا هۆبەی چاودێریی‌و كۆنترۆڵ هیچ زانیارییەكی لەبارەی فڕۆكەوانەكانی گەشتی 175ەوە بەدەست نەگەیشت.  لەو ساتەدا، رفێنەرەكان دەستیان بە تۆقاندن‌و هەڕەشەكردن لە سەرنشینەكان كرد بەو چەقۆیانەی كە پێیان بوو.  لە كاتژمێر 8:47 خولەكدا، بەرپرسانی هۆبەی چاودێری هەستیان كرد بەوەی رەنگە جوڵەیەكی گوماناویی لەناو فڕۆكەكەدا هەبێت، ئەمەش كاتێك بوو كە فڕۆكەكە لە ئاڕاستەی خۆی لایدا‌و گوێی بۆ ئەو فەرمانانە نەگرت كە دەسەڵاتداران پێیان دەدا.  پەیوەندی تەلەفۆنی لەناو فڕۆكەوە لە كاتژمێر 8:52 خولەكی بەیانیدا، لی هانسۆن لە ویلایەتی كونتیكتی ئەمریكاوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە پیتەری كوڕییەوە بۆهات، كە لەناو فڕۆكە رفێندراوەكەی گەشتی 175دا بوو.  پیتەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە باوكی وت:" لەو بڕوایەدام ئەوان دەستیان بەسەر كۆنترۆڵی فڕۆكەكەدا گرتووە، بە چەقۆ لە كەسێكی تیمی فڕۆكەكەیان داوە‌و رەنگە هەندێكیان لە بەشی پێشەوەی فڕۆكەكە كوشتبێ، بەخێرایی پەیوەندی بە كۆمپانیای یونایتد ئیرلاینز بكە‌و  ئاگاداریان بكە لەو روداوانەی لەناو گەشتی 175دا رودەدەن كە بەرەو لۆس ئەنجلس دەفڕێت".  لی هانسۆن بەپەلە پەیوەندی بە پۆلیسەوە كرد‌و ئاگاداری كردن لەو بابەتەی كە كوڕەكەی پێی وتبوو.  لەكاتژمێر 8:52 خولەكدا، یەكێك لە تیمی فڕۆكەكەی یونایتد ئیرلاینز پەیوەندی بە بارەگای كۆمپانیاكەوە كرد لە سان فرانسیسكۆ، ئاگاداری كردن دوو فڕۆكەوانەكە كوژراون‌و فڕۆكەكە رفێندراوە، لەو كاتەدا دەسەڵاتداران زانییان رفێنەرەكان فڕۆكەكە لێدەخوڕین. لەكاتژمێر 8:59 خولەكدا، سەرنشینێكی تر بەناوی بریان سوینی هەوڵێدا پەیوەندی بە هاوسەرەكەیەوە بكات، بەڵام بەردەست نەبوو، پەیوەندی بە دایكییەوە كرد‌و ئاگاداری كرد لەوەی فڕۆكەكەیان رفێندراوە، باسی لەوە كرد هەموو سەرنشینەكان لەبارەی ئەوە پرسیار دەكەن ئایا دەتوانن هەڵبكوتنە سەر كۆنترۆڵی فڕۆكەكە‌و فڕۆكەكە لە دەستی تیرۆرستەكان رزگار بكەن.  كاتێك پیتەر بۆ جاری دووم پەیوەندی بە باوكییەوە كردەوە، زیاتر شڵەژا بوو وتی:" چەقۆیان بەدەستەوەیە، دەڵێن بۆمبیشیان پێیە، وابزانم دەیڕفێنن بۆ ئەوەی بیكشێن بە بینایەكدا لە شوێنیك، بابە نیگەران مەبە، ئەگەر شتی وا رویدا، هەموو شتەكان بە خێراییەكی زۆر كۆتاییان دێت"، پیتەر پەیوەندییەكەی تەواو نەكرد‌و پچڕا.  بەر لەوەی پەیوەندییەكە بپچڕێت، باوكی پیتەر لە تەلەفۆنەكەوە گوێی لە هاواری ژنێك بوو، تەلەفزیۆنەكان دیمەنی خۆكێشانی فڕۆكەی دووەمی بە تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانی نیشاندا.  گوێ لە چەندین پەیوەندی سەرنشینەكانی فڕۆكەكە گیرا لەگەڵ كەسانێكەوە لەسەر زەوی، تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكرا رفێنەرەكان چەقۆ‌و كەرەستەی توندیان بەدەستەوەیە، سەرباری ئەوەی هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە بۆمبیان پێیە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان دەریانخست ئەوە راست نییە، لە راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە 11ی سێپتێمبەردا هاتووە، هیچ شوێنەوارێكی ماددەی تەقەمەنی لە شوێنی هێرشەكە نەدۆزراوەتەوە.  لێكۆلێنەوەكان دەڵێن هەڕەشەكەیان ناڕاست بووە‌و بۆمبیان پێ نەبووە.  بەپێچەوانەی گەشتی هێڵی ئاسمانی ئەمریكا 11، ئاڕاستەی گەشتی یۆنایتد ئیرلاینز 175 بەرەو نیویۆرك گۆڕدرا، ئامێری ناردن‌و وەرگرتنی زانیاری ناو فڕۆكەكە لەكارنەخرا، ئەمە وایكرد رادارەكان بە ئاسانی چاودێری بكەن.  فڕۆكەكە نزم بووەوە، بەسەر دورگەی ستاتن لە كەنداوی نیویۆركدا دەفڕی، بەرەو ئاڕاستەی بینای ئیمپایەر ستەیت رۆیشت، لە ساتی كۆتایدا لایدا بە ئاڕاستەی تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانیی. فڕۆكەكە خۆی تاوەری باكور لادا‌و خۆی بە تاوەری باشوردا كێشا. لێدانی تەپڵی مەرگ لە كاتژمێر 9:39 خولەكدا كاتێك فڕۆكەكە خۆی كێشا بە تاوەری باشوردا (38 هەزار) لیتر سوتەمەنی هەڵگرتبوو لەگەڵ (5) رفێنەرو دوو فڕۆكەوان‌و (9) كەس لە تیمی فڕۆكەكە‌و (51) سەرنشین‌و لەگەڵ پیرەژنێكی تەمەن 80 ساڵ‌و منداڵێك كە تەمەنی دوو ساڵ‌و نیو بوو.  كامێراكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ روداوەكەیان دەگواستەوە، پارچەی ئەو فڕۆكەیەی كە تاوەری باشوری بڕی، بە بەرچاوی خەڵكەو لە ئاسمان دەكەوتە خوارەوە.  بیناكە بەتەواوەتی گڕی گرت‌و ستونی دوكەڵی لێ بەرز دەبووەوە.  دوای نزیكەی 50 خولەك، بیناكە داڕما‌و لەگەڵ زەوی یەكسان بوو، نزیكەی (2 هەزارو 600) كەس لە هەردوو هێرشەكەدا كوژران، زیاتر لە (300) كەسیان كارمەندانی فریاگوزاری بوون. لەكاتێكدا پرۆسەی فریاگوزاری بەڕێوەدەچوو، لەناو خەڵكدا ترس هەبوو لە ئەگەری روودانی هێرشێكی تر، ئەمەش دوای ئەوەی تیرۆرستەكان سەركەوتوو بوون لەوەی پلانەكەیان جێبەجێ بكەن‌و دەزگای هەواڵگری لە ئاشكراكردنی شكستی هێنا.  پلانەكەیان خەڵەتاندنی ئەمریكا بوو، كە چوو بووە ناو چەندین جەنگەوە لە وڵاتان لەرێگەی گواستنەوەی جەنگ بۆ ناو خاكی ئەو وڵاتانە.  ئەوكات بەهانەی تر بۆ مەترسییەكانی ئەمریكا هەبوو، فڕۆكەیەكی رفێندراوی تر برەو واشنتۆنی پایتەخت رۆیشت.   


راپۆرت: ئیدریس ئەلبای- بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت پرسیاری سەرەكی كە ئێستا‌و پاش گەڕانەوەی بزوتنەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان خۆی نمایش دەكات، پەیوەندی تالیبانە لەگەڵ هاوپەیمانە دورمەوداكەیدا "قاعیدە". قاعیدە پابەندە بە لایەنداریی خۆی بۆ تالیبان، ئەمەش دوای ئەوەدێت بەیعەتی پێدا، بەیعەتێك كە ئوسامە بنلادن رێبەری كۆچكردنی قاعیدە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بە مەلا عومەری رێبەری تالیبانی دا.  سەرباری ئەوەی لەلایەن تالیبانەوە بەشێوەیەكی ئاشكرا دانی پێدا نەنراوە، بەڵام لەوكاتەوە ئەم بەیعەتە چەندجارێك نوێكراوەتەوە. بەپێی رێككەوتنی ئاشتی ساڵی 2020 لەگەڵ ئەمریكا، تالیبان رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی رێگە بە قاعیدە یاخود هەر گروپێكی توندڕەوی تر نەدات لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا كاربكات، دوای دەستگرتن بەسەر كابولدا لە 15ی ئابی رابردوو، تالیبان جارێكی تر جەختی لەسەر ئەم بابەتە كردەوە.  بەڵام بزوتنەوەكە بەشێوەیەكی ئاشكرا خۆی لە قاعیدە بێبەری نەكردووە‌و قاعیدەش ئاستی دژایەتی خۆی بۆ ئەمریكا نەرم نەكردوەتەوە. بایەخی بەیعەت بەیعەت پابەندییەكی دووسەرەیە لەنێوان ئەو كەسەی بەیعەت دەدات لەگەڵ ئەو كەسەی بەیعەتەكەی پێدراوە، ئەمەش ملكەچبونی كەسێك بۆ سەركردە یاخود رێبەرێك دەخوازێت كە بەیعەتی پێدراوە. لە ئیسلامدا شكاندنی بەیعەت تاوانێكی گەورەیە.  قاعیدە، بەیعەت دەیسبەستێتەوە بە تالیبانەوە، ئەمەش لەژێر نازناوی " أمیر المۆمنین" كە بە رێبەری تالیبان‌و جێنشینەكانی دراوە.  رەنگە ئەمە یەكێك لە هۆكارەكان بێت كە لەدوای هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001ەوە مەلا عومەر رەتیكردەوە بنلادن رادەستی ئەمریكییەكان بكات‌و بەوهۆیەوە ئەمریكا سەركرایەتی شەڕی دژی ئەفغانستان كرد.  یەكێك لە نمونە دیارەكان بۆ شكاندنی بەیعەت، رەتكردنەوەی پابەندبوون بوو بە سەركردایەتی ناوەندیی لەلایەن لقی قاعیدەی عێراقەوە، كە بووە هۆی جیابونەوەی ئەم لقە‌و دواتر رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لێ دروست بوو.  ململانێیەكی قورس لەنێوان قاعیدە‌و رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا هەیە كە خۆی لە "ویلایەتی خۆراسان"ی سەربە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان‌و پاكستان‌و وڵاتانی دراوسێدا دەبینێتەوە.  قاعیدە تاكە گروپی جیهادی نییە كە بەیعەتی بە تالیبانی ئەفغانستان بەخشیوە. بزوتنەوەی تالیبانی پاكستانیش پێشتر بەیعەتی بە تالیبانی ئەفغانستان بەخشی‌و ئەمدواییەش دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، جارێكی تر بەیعەتەكەی نوێكردەوە.  بەیعەتی پیاوی مردوو  دوای مردنی بنلادن لە ساڵی 2011دا، ئەیمەن زەواهیری جێگری بەنوێنەرایەتی رێكخراوی قاعیدە‌و هەمو لقە هەرێمایەتییەكانی، بەیعەتی بە مەلا عومەر بەخشی.  بەیعەتەكە لە ساڵی 2014دا دوای راگەیاندنی "خەلافەت" لە عێراق‌و سوریا، نوێكرایەوە.  لە تەموزی 2015دا بزوتنەوەی تالیبان رایگەیاند مەلا عومەر بەر لە دوو ساڵ كۆچی دوایی كردووە، بەیعەتی زەواهیری بۆ مەلا عومەر لەدوای مردنی، بووە هۆی شەرمەزاركردنی قاعیدە.  زەواهیری لە 13ی ئابی 2015دا جارێكی تر بەیعەتەكەی بۆ مەلا (ئەختەر محەمەد مەنسور) رێبەری نوێی تالیبان نوێكردەوە، بەڵێنی "جیهاد بۆ ئازادكردنی بست بە بستی خاكی داگیركراوی ئیسلام"ی پێدا.  مەنسور بەشێوەیەكی خێرا دانی بەوەدا نا لەلایەن "رێبەری رێكخراوێكی نێودەوڵەتی جیهادی"یەوە بەیعەتی پێدراوە، ئەمەش وەكو دانپێدانانێكی روون بوو بە ئامانجی كاری "جیهادی نێودەوڵەتی" لەلایەن رێكخراوی قاعیدەوە. ئەم هەڵوێستەش بەتەواوەتی دژی ئەو پەیامەیە كە تالیبان دەیەوێت بە جیهانی دەرەوەی بگەیەنێت كە پەیامەكەش ئەوەیە تالیبان تەنیا دەیەوێت ئیسلام لە ئەفغانستان جێبەجێ بكرێت‌و دەخوازێت پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.  كاتێك دوای مردنی مەنسور لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لە ئایاری 2016، هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە رێبەرایەتی تالیبانی گرتەدەست، تالیبان بە ئاشكرا دانی بەوەدا نەنا زەواهیری بەیعەتی پێداوە، هەروەك رەتیشی نەكردەوە.  ئەم ناڕوونییە كە بەدەوری دۆخی ئێستای بەیعەتەكەدا هەیە، بوەتە هۆی مشتومڕو نادڵنیایی بەردەوام لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەم دوو گروپەوە.  دواتر چی ؟ لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، دوو رەوت هەن كە لەململانێدان لەبارەی ئاڕاستەی بزوتنەوەكەوە.  سەرەتا ئەو پەیوەندییەی كە تالیبان بە قاعیدەوە دەبەستێتەوە، مسداقیەت‌و پێگە بە تالیبان دەبەخشێت لەناو بازنە جیهادییەكەدا، هەروەك پابەندبوونی مێژوویی بزوتنەوەكەش بە رێكخراوی قاعیدەوە وای لێدەكات سور نەبێت لەسەر دەستبەرداربوون لە هاوپەیمانەكەی دوای ئەوەی گەیشتوەتە دەسەڵات.  بەڵام بزوتنەوەكە پابەندە بەو بەڵێنانەی بەگوێرەی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریكا داویەتی لەگەڵ ئەو رێبازە پراگماتییەی كە تالیبان بۆ حوكمڕانی ئەفغانستان بەكاریدەهێنێت.  بزوتنەوەی تالیبان بەبۆنەی ئەو "سەركەوتن"ەی بەدەستیهێنا، لەلایەن رێكخراوی قاعیدە‌و ئەو گروپانەی لەناو فەلەكی قاعیدەدا دەسوڕێنەوە نامەباران كرا‌و جەخت لەسەر پێگەی "هیبەتوڵلا ئاخوندزادە"ی رێبەری تالیبان كرایەوە وەكو " أمیر المۆمنین".  تالیبان بە ئاشكرا باسی لەم نامەی پیرۆزباییانە نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو ئاماژەی بەو نامانە كرد كە لەلایەن گروپە ئیسلامییەكانی تر لە نمونەی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینییەوە، بۆی نێردرابوو. بەڵام هەواڵی گەیشتنی (ئەمین حەق) كەسایەتی نزیك لە بنلادن بۆ ئەفغانستان، ئەوەی نیشاندا بزوتنەوەكە نایەوێت نكولی لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ قاعیدە بكات‌و خۆی لێ بێبەری بكات.  دەوترێت قاعیدە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ تۆڕی "حەقانی"دا هەیە، كە یەكێك لەو گروپانەیە كە لەژێر ئاڵای تالیباندایە.  ئەم مەسەلەیە تەنگژەیەك نیشان دەدات كە ئێستا روبەڕووی بزوتنەوەكە دەبێتەوە، لەلایەك ئەوەی لەتوانایدایە دەیكات بۆ ئەوەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە حوكمی خۆی لە ئەفغانستان‌و دەستكەوتەكانی دواتری بەدەستبهێنێت، كە ئەمە تاڕادەیەكی زۆر لەسەر ریشەكێشكردنی توندڕەوی راوەستاوە، لەلایەكی ترەوە، ناتوانێت بە ئاسانی خۆی بێبەری بكات لەو هاوپەیمانێتییەی كە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لەگەڵ قاعیدە هەیەتی.  هەڵگرتنی هەنگاوی لەمجۆرە، رەنگە ببێتە هۆی دوركەوتنەوەی توندڕەوەكان لەریزی بزوتنەوەكە‌و گروپە توندڕەوەكانی تر كە بەبۆنەی كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، خۆشی زۆریان دەربڕی.   


ئامادەكردنی: درەو بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردن زیاتر کە (25) ملیۆن هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە چوارچێوەی (21) هاوپەیمانی و (167) پارتی سیاسی کە (58) یان لەنێو هاوپەیمانیدان و سەدان کاندید سەربەخۆو بێ لایەن و لە سەر ئاستی (83) بازنەی هەڵبژاردن (3 هەزار و 171) کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (320) کورسی و (67) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق ڕکابەری بەدەستهێنانی (9) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن، وردەکاری سیستمی هەڵبژاردن چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان بەسەر هەر (18) پارێزگاکەی عێراق لە ڕاپۆرتەدا بەردەستە. عێراق لەبەردەم سیستمێکی نوێی هەڵبژاردن دواجار و دوای کۆمەڵێک ئاڵنگاری و ململانێ و کێشمەکێشمی لایەنە سیاسییەکان، عێراق بەرەو هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاو دەنێت و بڕیارە ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە تەواو جیاواز دەبێت بەراورد بە خولەکانی پێش خۆی ئەویش بە پەیرەو کردنی؛  یەکەم: دابەشکردنی عێراق لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر دوو بنەما؛ 1.    پاراستنی پێگەی (25%)ی کۆتای ئافرەتان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەش دەبێت لە هەر بازنەکی هەڵبژاردن لانی کەم ئافرەتێک سەربکەوێت و (83) ئافرەت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبێت لە کۆی (320) کورسی گشتی و (9) كورسی كۆتای (پێكهاته‌كان). 2.    پاراستنی دەقی ماددەی (49)ی بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە تێیدا هاتووە (ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق...)، بەم پێیەش هیچ بازنەیەکی هەڵبژاردن ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆی تەرخان کراوە کە لە نێوان (3-4) کورسیدایە، ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر نییە لە (400) هەزار کەس. دووەم: گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن وهەڵوەشاندنەوەی سیستمەکانی پێشوو، پەیڕەو کردنی سیستمێکی نوێ، وەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی 2020دا هاتووە:  ماددەی (15) یەکەم: هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەبێت. دووەم: پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن.  سێیەم: ڕیزبەندی پاڵێوراوان لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی دەنگ (اعلی اصوات) براوە دەبێت، بەپێی سیستمی براوەی یەکەم، بۆ پاڵێوراوەکانی دوای ئەویش هەر بەو شێوەیە دەبێت. بەپێی ئەم ماددەیە: 1.    عێراق بەسەر (83) بازنەی بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەبێت. 2.    پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەم پێیەش خۆپاڵاوتن لە لیستی حزبەکانەوە گۆراوە بۆ پاڵێوراوی تاکەکەسی (حیزبی و بێ لایەن) و لەم حاڵەتەشدا دەنگدەر تەنها یەک دەنگ بە پاڵێوراو دەدات و دەنگ بە لیست یان قەوارەی سیاسی نادات. ئەمەش ئەمانباتە بەردەم بنەمایەکی دیکە؛ 3.    کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرێت، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە پاڵێوراوێکی سەربەخۆ یان سەر بە لایەنێکی سیاسی دەمێنێتەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری لایەنه سیاسییه‌كه‌. 4.    کام پاڵیوراو زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست بهێنێت بەشێوەی ڕیزبەندی سەردەکەوێت، بۆ نمونە ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (4) پاڵێوراوی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەون به‌شێوه‌ی ڕیزبه‌ندی، بە مەرجێ: ‌‌ا. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بێت. ب. ئەگەر هەر چواریان لە ڕەگەزی نێربن، ئەوا کەسی چوارەمیان جێی دەهێڵێت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابێت. ج. ئەگەر دوو پاڵێوراوی کۆتایی (کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێ هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت. د. ئەگەر بازنەیەک سێ کورسی بۆ تەرخان کرابووە ئەوا هەموو ڕێوشوێنەکانی خاڵەکانی (‌ا، ب، ج) ڕاستن، بە کەمکردنەوەی کورسییەک لەو بازنەیە.   دابەشبوونی بازنەکانی هەڵبژاردن و ژمارەی کاندیدە ڕکابەرەکان بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردن (25 ملیۆن و 139 هەزارو 375) هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەیەو لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە چوارچێوەی (21) هاوپەیمانی و (167) پارتی سیاسی کە (58) یان لەنێو هاوپەیمانیدان و سەدان کاندید سەربەخۆو بێ لایەن و لە سەر ئاستی (83) بازنەی هەڵبژاردن (3 هەزار و 171) کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (320) کورسی و (67) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق ڕکابەری بەدەستهێنانی (9) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن، لەم خشتانەی خوارەوە چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان بەسەر هەر (18) پارێزگاکەی عێراق و دابەشکردنی کورسییەکان و ژمارەی کاندیدە ڕکابەرەکان ڕونکراوەتەوە.      .................................


شیكاری: درەو  حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی (2021)ەوە زیاتر لە (94) ملیۆن بەرمیل نەوتی بە بۆری هەناردە کردووەو لە ڕێگەی  بەندەری "جەیهانی تورکی"یەوە بە وڵاتانی (ئیتالیا، کرواتیا، یۆنان، چین، ڕۆمانیا، مسر، ئیسپانیا، ئیسرائیل، ئوردن، سەنگاپور، قوبرس و بولگاریا)ی فرۆشتووە. کە بەهاکەی بێ هیچ تێچونێکی پرۆسەی نەوت سەروو (6) ملیار دۆلارەو دەکاتە نزیکەی (9) ترلیۆن دینار. فرۆشی نەوتی هەرێم لە هەشت مانگی ساڵی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی (2021)ەوە (94 ملیۆن و 141 هەزارو607) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری "جەیهانی تورکی"ییەوە بە وڵاتانی (ئیتالیا، کرواتیا، یۆنان، چین، ڕۆمانیا، مسر، ئیسپانیا، ئیسرائیل، ئوردن، سەنگاپور، قوبرس و بولگاریا) فرۆشتووە.  تێکڕای نرخی نەوتی عێراقی لە بازاڕەکانی جیهان لە هەشت مانگی ڕابردوودا (64.63) دۆلار بووە، بەم پێیەش کۆی فرۆشی نەوت لەو ماوەیەدا دەکاتە (6 ملیار 94 ملیۆن و 926 هەزار و 818) دۆلاری ئەمریکی، ئەگەر (1) دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر (1450) دیناری عێراقی بێت، ئەوا کۆی پارەی فرۆشی نەوت بە دینار دەکاتە (8 ترلیۆن و 837 ملیار و 643 ملیۆن و 886 هەزار و 303) دینار. (بڕوانە خشتەی فرۆشی نەوت + چارتی فرۆشی نەوت) ئەگەر نیوەی ئەو پارەیەش بچێت بۆ خەرجی پرۆسەی دەرهێنانی نەوت و کرێی گواستنەوەو کۆمپانیاکانی بوارەکە، کە بەرپرسانی حکومەت و شارەزایانی بواری کەرتی نەوت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن زیاتر (50%) دەچێت بۆ خەرجی پرۆسەکە، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان  (3 ملیار 47 ملیۆن و 463 هەزار و 419) دۆلار بەرامبەر (4 ترلیۆن و 418 ملیار و 821 ملیۆن و 943 هەزار و 152) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. فرۆشی نەوتی هەرێم لە بەپێی مانگەکان کانونی یەکەمی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی یەکەمی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 199 هەزارو954) بەرمیل نەوتی بە وڵاتانی (کرواتیا، ئیتالیا، یۆنان، چین، ڕۆمانیا، مسر و ئیسپانیا) فرۆشتووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا تێکڕا بە(53.58) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (600 ملیۆن و 93 هەزار و 535) دۆلار بەرامبەر بە (870 ملیار 135 ملیۆن و 626 هەزار و 214) دینار نەوتی فرۆشتووە. شوباتی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 565 هەزارو745) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیسپانیا، ئیتالیا، یۆنان، کرواتیا، ئیسرائیل، ئوردن و ڕۆمانیا) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (60.48) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (759 ملیۆن و 976 هەزار و 258) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 101 ملیار 965 ملیۆن و 573 هەزار و 520) دینار نەوتی فرۆشتووە. ئازاری 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری ساڵی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 149 هەزارو948) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، ئیسرائیل، ئیسپانیا، کرواتیا، یۆنان و رۆمانیا) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (63.37) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (706 ملیۆن و 572 هەزار و 205) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 24 ملیار 529 ملیۆن و 696 هەزار و 902) دینار نەوتی فرۆشتووە. نیسانی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 684 هەزارو213) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیسرائیل، ئیتالیا، یۆنان، کرواتیا، ئیسپانیا و سەنگاپور) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (62.77) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (733 ملیۆن و 418 هەزار و 50) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 63 ملیار 456 ملیۆن و 172 هەزار و 515) دینار نەوتی فرۆشتووە. ئایاری 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری ساڵی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 399 هەزارو942) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، ئیسرائیل، یۆنان، کرواتیا، ئیسپانیا و رۆمانیا) کردووە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (65.44) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (746 ملیۆن و 12 هەزار و 204) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 81 ملیار 717 ملیۆن و 696 هەزار و 496) دینار نەوتی فرۆشتووە. حوزەیرانی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 376 هەزارو 44) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا، ئیسرائیل، ئیسپانیا، رۆمانیا و قوبرس) کردووە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (70.8) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (876 ملیۆن و 223 هەزار و 915) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 270 ملیار 524 ملیۆن و 677 هەزار و 40) دینار نەوتی فرۆشتووە. تەموزی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی ساڵی (2021) بڕی (12 ملیۆن و 716 هەزارو 986) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، ئیسرائیل، کرواتیا، ئیسپانیا و یۆنان) کردووە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەو مانگەدا بەتێکڕا (71.57) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (910 ملیۆن و 154 هەزار و 688) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 319 ملیار 724 ملیۆن و 297 هەزار و 629) دینار نەوتی فرۆشتووە. ئابی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابی ساڵی (2021) بڕی (11 ملیۆن و 48 هەزارو 775) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، ئیسرائیل، بولگاریا، یۆنان، کرواتیا و ئیسپانیا) کردووە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لەم مانگەدا بەتێکڕا (69.01) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (762 ملیۆن و 475 هەزار و 963) دۆلار بەرامبەر بە (ترلیۆنێک و 105 ملیار 590 ملیۆن و 145 هەزار و 988) دینار نەوتی فرۆشتووە. خشتەی فرۆشی نەوت لە مانگەکانی ساڵی 2021 چارتی فرۆشی نەوت لە مانگەکانی ساڵی 2021 سەرچاوە لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەکەدا سود لە زانیارییەکانی (ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت)، وەرگیراوە  


  شیكاری: درەو  بەهۆی دابەزینی بەهای دینار و سیاسەتی باج و رسومات حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر شتومەکی هاوردە، بەبەردەوامی نرخی شتومەک ڕووی لە بەرزبوونەوەیەو تا دێت هێزی کڕین کەمتر دەبێتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە له‌دوای ساڵی 2012ه‌وه‌ داهاتی مانگانه‌ی هه‌ر تاکێک له‌کوردستان له‌ (500) دۆلاره‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ که‌متر له‌ (200) دۆلار، ئەمەش بەشێکی زۆری هاوڵاتیان نزیک دەکاتەوە لە هێڵی هەژاری بەشێکیشیان دەکەونە ژێر هێڵەکەوە. جیاوازی نرخی بەشێک لە شمەک و دراوو پێداویستییەکانی هاوڵاتیان لە ماوەی نێوان مانگی (٩)ی 2019 بۆ مانگی (9)ی 2021 بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، (100) دۆلاری ئەمریکی (19%) و نرخی (1) تۆن شیش (53%) و نرخی (1) مسقاڵ زێڕی عەیار (21) لە (33%) (1) لیتر بەنزینی موحەسەن (33%) و کارتۆنێک هێلکە (32%) و فەردەیەک ئاردی بایەعی (40%) و کیلۆیەک ڕۆن (25%)... نرخیان بەرزبووتەوە. کەواتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووجار دەبن بە قوربانی بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و کەمبوونەوەی داهاتیان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورەی دەبێت لەسەر ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕیژەی هاوسەرگیری و تەڵاق و توندوتیژی خێزانی لە نێو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتە وردەکاری زۆر خراوەتەڕوو دەبارەی نزمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری و زیابوونی ڕێژەی تەڵاق و توندوتیژی خێزانی.  لاوازبوونی هێزی کڕین بە مانا زانستییەکەی هێزی کڕین ئەرکی سەرەکی دراوە کە دەتوانێت کار بکاتە سەر چالاکییە ئابووریەکان و ئاستەکانی گەشەسەندنی و ڕەنگدانەوەی بەسەر بەهای دراو و هێزی شت پێکڕینی، و کاریگەری لەسەر تەرخانکردنی دەرامەتەکان و دابەشکردنی داهات و سامان و هەموو گۆڕاوەکانی تر. حکومەتی عێراق بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێک لە قەیرانی دارایی عێراق لە سەرەتای ساڵی (2021)ەوە لەگەڵ یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، بەناچاری پەنای بۆ دابەزاندنی بەهای دراوی وڵاتەکەی بردوو، بەهای دیناری لە (١٢٠٠) هەزاو دوو سەد دینارەوە بۆ (١٤٥٠) هەزار و چواسەدو پەنجا دینار بەرامبەر (١) دۆلاری ئەمریکی دابەزاند، چونکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عێراق لە نەوتەوە دابین دەکرێت و نەوتەکەش بە دۆلار ساغ دەبێتەوە، بۆیە ئەمەش یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێکی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی گشتیدا دروست دەبێت چونکە؛ -    کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار خەمڵێندراوە. -    ‌ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٢٠٠) دینار بێت، ئەوا بودجەی گشتی بەرامبەر (108) ملیار و (٣٢٧) ملیۆن و (٥٠٧) هەزار (٧٤٣) دۆلار دەبێت.  -    ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٤٥٠) دینار بێت، ئەوا بودجەی گشتی بەرامبەر (89) ملیار و (650) ملیۆن و (351) هەزار (235) دۆلار دەبێت. -    ئەو جیاوازییەی لە بودجەی گشتیدا دروست دەبێت و بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت بریتی دەبێت لە (١٨) ملیار و (٦٧٧) ملیۆن و (١٥٦) هەزار (٥٠٧) دۆلار. ئەگەر چی ئەم پلانە بۆ حکومەتی عێراق چارەسەرێکی گونجاو بوو بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێکی قەیرانی دارایی و چارەسەرکردنی پرسی کورتهێنان لە بودجەی گشتی وڵاتدا، بەڵام باجی گەورەی دابەزینی بەهای دینار هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان داویانە، بەتایبەت ئەوانەی کە داهاتیان بەدینارە کە سەرجەم موچەخۆران و بەشێکی گەورەی کاسبکارانیش دەگڕێتەوە. بۆ نمونە بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بە نرخی کۆمەڵێک کەرەستەو کەل و پەل کردووە لە مانگی (9) ساڵی (2019)دا لە خوارەوە بە خشتەیەک جیاوازییەکان ڕوندەکەینەوە؛ (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). هاوکات بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەوانی (وەزارەتی پلاندانان / دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان) لە حوزەیرانی 2021 هاتووە؛ (ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر؛ کە مەبەست لێی پێوەرێکە بۆ پێوانە کردنی ڕێژەی گۆڕانکاری لە نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان لە ماوەو شوێنێکی دیاریکراودا، گۆڕانکاری لە نرخ کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی رۆژانەی خەڵک هەیە، بۆیە ژمارەی پێوانیەیی نیشاندەرێکە بۆ نیشاندانی ئاستی بژێوی هاوڵاتیان) لە مانگی ئایاری ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 102.41% و بە بەراورد بە مانگی نیسانی 2021 بە رێژەی 0.8% بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە، هەروەها بە ڕێژەی 5.8% بەرزبوونەوەی ساڵانە پیشان دەدات بەراورد بە مانگی ئایاری ساڵی 2021، بڕوانە چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) ئەو بەرزبوونەوەیە لە نرخ سەرجەم کەرەستە و خواردەمەنی و سوتەمەنی و شتومەکێکی گرتووەتەوە(بڕوانە وێنەی ژمارە (1))، ئەوەی لە خشتەکاندا هاتووە تەنها چەند نمونەیەکن، هەموو ئەو بەرزبوونەوەیەش تەنها لە دازینی بەهای دراوەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئابوری حکومەتی هەرێم لە زیاد کردنی باج و رسومات لەسەر ئەو کەل وپەلانەی هاوردە دەکرێن، سەرەڕای قۆرخکاری ئابوری لە لایەن بارزگانان و کۆمپانیا حیزبییەکانەوە. وێنەی ژمارە (1) سەرچاوە: دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان داهاتی تاک لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەگەر چی لە ئێستادا هیچ ئامارێکی ڕون و ڕاستەقینە بەردەست نین لە بارەی داهاتی تاکەوە لە عێراق هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە عێراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هاوڵاتیان لەکەرتی گشتی و مووچەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە تا ڕادەیک داهاتی تاک جێگیری بەخۆوە دەبینێت.  لەم بارەیەوە به‌پێی دوایین راپۆرتی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، ده‌رکه‌وتووه‌ له‌سه‌دا 31%ی خێزانه‌کانی عێراق له‌دۆخێکی خراپی ئابووریدان و داهاتی مانگانه‌ی هه‌ر خێزانێک له‌خوار (200) هه‌زار دیناره‌وه‌یه‌، وه‌زاره‌تی پلاندانان جه‌ختی کردووه‌ته‌وه‌، نزیکه‌ی له‌سه‌دا 28%ی گه‌نجانی عێراق بێکارن و له‌سه‌دا 90%ی هێزی کاری ژنانیش له‌که‌رتی گشتیی حکومیدا کارده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش روونکراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌دا 31%ی خێزانه‌کان مانگانه‌ که‌متر له‌یه‌ک ملیۆن دینار خه‌رج ده‌که‌ن و له‌سه‌دا 48%یشیان له‌نێوان یه‌ک ملیۆن و زیاترو له‌سه‌دا 14%ی خێزانه‌کانیش له‌نێوان دوو تا سێ ملیۆن دینار داهاتیانه‌. به‌پێی ئامارێک که‌ده‌زگای ناوه‌ندی عێراق بۆ سه‌رژمێری ئه‌نجامیداوه‌، له‌ساڵی 2018دا ژماره‌ی تێکڕایی خێزانی عێراقی شه‌ش سه‌ر خێزانن، به‌و پێیه‌ش له‌سه‌دا 45.7%ی هاووڵاتییانی عێراق مانگی (200) هه‌زار دینار خه‌رجده‌که‌ن بۆ هه‌ر تاکێک، هه‌روه‌ها له‌سه‌دا 26.8%یان خه‌رجیی مانگانه‌یان له‌ (200) هه‌زار دیناره‌وه‌ تا (300) هه‌زاره‌، به‌پێی هه‌مان ئه‌و ئاماره‌‌، له‌سه‌دا 13.3%ی هاووڵاتیانی عێراقی له‌مانگێکدا (400) هه‌زار دینار یان زیاتر خه‌رجده‌که‌ن. به‌ڵام خه‌رجی خێزان بۆ هه‌ر تاکێک له‌هه‌رێم به‌پێی دوایین ئاماری ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم (239) هه‌زار دینار بووه‌ بۆ مانگێک، به‌وپێیه‌ش داهاتی تاک له‌هه‌رێم که‌متره‌ له‌داهاتی تاک له‌عێراق. له‌ 2003 تا 2012 هه‌رێم باشترین ئاستی داهات و خه‌رجی تاکی هه‌بووه‌ له‌مانگی 7ی 2012دا، عه‌لی سندی، وه‌زیری پلاندانان له‌حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له دانیشتنێکی په‌رله‌ماندا‌ ئاشکرایکردووه‌، که‌ "له‌ساڵی 2003 داهاتی ساڵانه‌ی تاک له‌هه‌رێمی کوردستاندا (300) دۆلار بووه‌ تا 2012 گه‌یشتووه‌ته‌ چوار هه‌زار دۆلار". بەڵام بپێی زانیارییەکان له‌دوای ساڵی 2012ه‌وه‌ داهاتی مانگانه‌ی هه‌ر تاکێک له‌کوردستان له‌ (500) دۆلاره‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ که‌متر له‌  (200) دۆلار، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و قه‌یرانه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌کانه‌ دێت که‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا هاتوون. ئێستا لەگەڵ ئەوەی ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە داهاتی تاک ڕووی لە کەمی کردووە لە هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە هێزی کڕینیش کەمبووەتەوە، کەواتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووجار بوون بە قوربانی. کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی هێزی کڕین لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی خێزان زۆربەی توێژەران و شارەزایانی بواری زانستە دەرونی و کۆمەڵایەتییەکان بایەخی تایبەتیان هەیە بۆ باری دارایی خێزان و کاریگەری ئەو بارە داراییە لەسەر  (هاوسەرگیری، ڕێژەی تەڵاق، توندوتیژی خێزانی...هتد ) بۆیە لێرەدا ئاماژەی بە داتاو ژمارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەدەین کە لە حوزەیرانی ساڵی 2021 بڵاوی کردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی (ڕاپۆرتی باری کومەڵایەتی و توندو تیژی دژ بە ئافرەتان لە ماوەی ساڵانی (2014-2020)، ئەماژەی وردی تێدایە، لەوانەش؛ یەکەم:  هاوسەرگیری  1.    (مارەبڕینی گشتی)؛ بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان مارەبڕینی گشتی چەند بەشێکی لاوەکی لە خۆ دەگرێت وەکو (مارەبڕینی ئاسایی، ڕێپێدان بە ژنی دووەم، پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی) (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) کۆی ژمارەی هەریەک لەم بەشانە ئاماژەی پیدراوە لە ماوەی ساڵانی (2014-2020)، پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت کە داتاکانی پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ پارێزگای سلێمانی هەژمار کراوە، لە ساڵی (2016-2020) داتای گەرمیان بەردەست نییە و سەرچاوەی داتای بەکارهاتوو ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانە.   تێبینییەکان/ دەربارەی مارەبڕینی گشتی لە هەرێمی کوردستان. •    ساڵی 2014 لە سەرجەم پارێزگاکان (تەنها لە پارێزگای دهۆک نەبێت لەساڵی (2018) زۆرترین مارەبڕین ئەنجام دراوە)و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین مارەبڕین ئەنجامدراوە. •    ساڵی 2017 لە هەولێر کەمترین و لە پارێزگاکانی سلێمانی و  دهۆک و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ساڵی 2016 کەمترین مارەبڕین ئەنجام دراوە. •    سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان کەچی هەرگیز ژمارەی مارەبڕین نەگەیشتووەتەوە بەو ژمارە پێوانەییەی لە ساڵی (2014) تۆمار کراوە. •    وەستاندنی پێشینەی هاوسەرگیری یەکێکە لەو هۆکارانەی پاشەکشەی بە ژمارەی مارەبڕین کردووە لە هەرێمی کوردستان چونکە لە ساڵی (2014)ەوە ئەو پێشینەیە وەستاوە، سەرەڕای وەستاندنی (5) ملیۆن دینار بۆ کوڕان و کچانی شەهیدو ئەنفال کە لەکاتی هاوسەرگیریدا بۆیان خەرج دەکرا. 2.    ڕێژەی هاوسەرگیری ڕێژەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان ترسناکن و بۆ هەر (1000) کەسێک لە دانیشتوان بەپێی ژمارەی ئەنجامدراوی مارەبڕین لەسەر کۆی ژمارەی دانیشتوان بۆ تەمەنی (15) ساڵ و زیاتر لە هەمان ساڵ (بڕوانە خشەی ژمارە (3)).   دووەم:  تەڵاق 1.    ژمارەی تەڵاق: بریتییە لە ژمارەی مامەڵەکانی ئەنجامدراوی تەڵاق کە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە (بڕوانە خشتەی ژمارە(4))، کە لەسەر ئاستی کوردستان ساڵی (2019) زۆرترین ڕێژەی تەڵاقی تیدا تۆمار کراوە.   2.    ڕێژەی تەڵاق: ڕێژەی تەڵاق بۆ هەر (1000) کەسێک لە دانیشتوان هەژمار کراوە بەپێی ژمارەی ئەنجامدراوی تەلاق لەسەر کۆی ژمارەی دانیشتوان بۆ تەمەنی (15) ساڵ و زیاتر لە هەمان ساڵ (بڕوانە خشەی ژمارە (5)).   سێیەم: توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئەگەر چی بوارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان فرە جۆر و ڕەهندن، بەڵام ئێمە لیرەدا ئاماژە بە ئامارەکانی جۆرەکانی (کوشتن، خۆکوشتن، سوتان و خۆسوتاندن) دەدەین. 1.    کوشتن بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە کوشتنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) کە ئامارەکانی کوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019).   2.    خۆ کوشتن بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە خۆکوشتنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (7)) کە ئامارەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019).   3.    سوتان بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە سوتاندنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (8)) کە ئامارەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019).   4.    خۆسوتاندن بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە خۆسوتاندنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (9)) کە ئامارەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019).  


راپۆرتی: درەو  پرۆسەی هەڵبژاردن تەنها پرۆسەیەكی سیاسی نیە، بەڵكو پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و دەرونیە لەبەرزترین ئاستدا، ئەوەی پێشیوابێت بە بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن وەك كاندید یاخود دەنگدەر تەنها هاوكاری گۆڕینی كۆمەڵگا دەكات، لە وەهمدا دەژی، لەبەرئەوەی گۆڕان لە خۆشیدا ئەنجامدەدات. كاتێك باس لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەین، بە دیاریكراوی قسە لەسەر كەسی كاندید و ئەو ستراتیژ و خەرجییە دەكەین، كە پیادەی دەكات بۆ ئەو پرۆسەیە. لەم دێڕانەی خوارەوەدا، هەوڵدەدەین ڕۆشنایی بخەینە سەر سێ‌ بنەما و پایەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە دیدی كاندیدەوە نەك دەنگدەر، كە ئەوانیش (كاندید و ستراتیژ و دارایی)یە،  مەبەستمان قسەكردنە لەسەر كاندیدێك كە بۆئەوە چوەتە هەڵبژاردنەوە سەركەوتوبێ و كورسیەك لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت، لێرەدا پرسیارێك دێتەگۆڕێ‌، ئایا كاندید هەیە نەیەوێت بیباتەوە؟ وەڵامەكەی ئەوەیە، بەدڵنیاییەوە بەڵێ‌، چونكە جۆرەها شێوازی بەشداری هەیە، هەیە بەشداری دەكات بۆئەوەی بیباتەوە، هەشە بەشداری دەكات بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ، كاندیدیش هەیە بەشداری دەكات بۆئەوەی دەنگەكان پەرت وبڵاوبكات و دەرفەتی دەرچون لە دەست كاندیدێكی تر بدات، هەشە بەشداری دەكات بۆ ڕاهێنان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن، تا بتوانێت لە هەڵبژاردنی ئایندەدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت. ئێمە لێرەدا قسە لەسەر گروپی یەكەم دەكەین ئەو كاندیدەی بۆ بردنەوە بەشداریكردووە. یەكەم: كاندید هەر كەسێك خۆی كاندید دەكات بۆ هەڵبژاردن پێویستە ئەم مەرج و خەسڵەتانەی تیادابێت: -كەسێكی ناسراوبێت لەو بازنەیەی خۆی تیادا هەڵدەبژێرێت، ناكرێت دەنگدەر كاندیدێك هەڵبژێرێت هیچ لەبارەیەوە نەزانێت.  -پێویستە پشتیوانی كەسە نزیكەكان و كەسوكار و هاوڕێیانی بەدەستهێنابێت و زامنی هەماهەنگیی و پشتیوانیان بكات، چونكە ئەوانە یەكەمین كەس دەبن كە پشتیان پێدەبەستێت لە هەڵمەتەكەیدا، ئەگەر ئەوانە پشتیوانی نەكەن كێ‌ پشتیوانی دەكات؟. -تەندروستییەكی باشی هەبێت و بتوانێت خەڵك بەسەربكاتەوە و لە ناوچەكانی بازنەكەیدا دەربكەوێت و ڕیكلام بۆ خۆی بكات و لەگەڵ دەنگدەران لە پەیوەندیدابێت. -ڕوخساری پەسەندكراو و ڕووخۆشبێت. -كەسێكی بەهەیبەت بێت و سیمای ڕێزی پێوەدیاربێت. -كەسایەتییەكی بەهێز و متمانە بەخۆ بێت، چونكە ڕووبەڕووی كەسانێك دەبێتەوە كە ڕەنگە تێبینیان هەبێت لەسەری و، پرسیاری ئیحراجكەری لێبكەن. -پێویستە هەڵنەچێت و كۆنترۆڵی خۆی و كاردانەوەكانی بكات. -تائەوپەڕی سنور سادەبێت، تا بتوانێت لەگەڵ تەواوی چین وتوێژەكانی دەنگدەران لە پەیوەندیدابێت. -ئاگادارێكی وردی ژیان و گوزەرانی دەنگدەرانی بازنەكەی بێت و بەباشی بزانێت ئەوداواكارییانەی هەیانە لەو كەسەی  هەڵیدەبژێرن. -ئاگاداری دەستور و یاساكانی دەوڵەت و سیاسەتی گشتی و دۆخی ئابوری وڵات بێت. -ئاگاداری سیاسەتی دەرەوە بێت، لەسەر ئاستی دەولی و ئیقلیمی و زانیاری هەبێت و زانیاری  ئەوەی هەبێت چی لە جیهاندا ڕوودەدات. -قسەكەرێكی باشبێت، بە باشی گوێبگرێت لەوانی تر و بزانێت لە چ كاتێكدا پێویستە قسەبكات و وا لە بەرانبەرەكانی بكات گوێی لێبگرن.   -ڕۆنەچێتە ناو عەیب و عاری ئەوانی تر و تەركیزی لەسەر خستەڕووی تواناكای خۆی و ڕكابەریكردنی بەرامبەر بێت.  -خاڵە بەهێز و لاوازەكانی و دەرفەتەكانی بەردەمی بە وردی دەستنیشان بكات، پێش ئەوەی بچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. -زانیارییەكی تەواوی هەبێت لەسەر ڕكابەرەكانی، كێن؟ ئاڕاستەی سیاسییان چیە؟ ئەوخاڵانە چین جیاوازییان هەیە لەسەری؟ چی پێشكەشی دەنگدەران دەكەن؟ خاڵە لاوازەكانیان چین؟. دووەم: ستراتیژ مەبەست لە دەستەواژەی ستراتیژ، ئەو شێوازەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردن هەڵدەسوڕێنێت و ئەو خاڵ و هەنگاوانەیە كە پێویستە كاندید پیادەی بكات، لەو خاڵانەش:  -دانانی پرۆگرامێكی ڕوون بۆ كاندید، كە سەرجەم هەنگاو و ڕێوشوێنەكان لەخۆبگرێت، كە كاندید پیادەی بكات بە مەبەستی سەرخستنی هەڵمەتەكەی. -دوور كەوتنەوە لە بەڵێنی زیادەڕۆ و درۆكردن.  -ڕكابەرەكان چەند بەڵێنی گەورە بدەن، نابێت كاندید دوای ئەو موزایەدانە بكەوێت و پێویستە بەڵێنی ئەوە بدات كە بەفیعلی دەتوانێت بیكات. -پێویستە دروشمێكی هەبێت بۆ هەڵمەتەكەی، ئەو دروشمەش تایبەت  و كورت بێت، بەجۆرێك دەنگدەر بتوانێت دەرخی بكات و بیریبكەوێتەوە، دروشمێكی سەرنجڕاكیش و لە هەمانكاتدا واقیعی بێت نەك خەیاڵی. -بۆئەوەی خاڵەكانی سەرەوە بەدیبێت، پێویستە لەسەر كاندید ئیدارەیەك بۆ هەڵمەتەكەی پێكبهێنێت لە (ئیدارەی پەیوەندییە گشتییەكان، ئیدارەی سكرتاریەت، ئیدارەی ماڵیی، ئیدارەی ڕاگەیاندن، ئیدارەی یاسایی). * ئیدارەی پەیوەندییە گشتیەكان: پێویستە ئەم ئیدارەیە بەڕێوبەرێكی هەبێت بەرپرسی ڕاستەوخۆ بێت لەبەردەم كاندید ، بەڕێوبەرە گروپی كاركردن دیاریدەكات لەوانەی متمانەی بەخۆیان و شارەزاییان هەیە لەو بوارەدا و ئەمانیش كاریان ئەمانە دەبێت:  أ: پێدانی تەواوی ئەو زانیارییانەی كاندید پێویستی پێیەتی، چی لەسەر ئاستی بازنەی هەڵبژاردنەكەی و هەم زانیاری لەبارەی ژمارەی كاندیدانی ڕكابەر و بەتەواوی زانیارییەكانەوە.  ب: سەقامگیری لەسەر دروشمێك كە كاندید بەرزیدەكاتەوە. ت: ڕێكخستنی كارنامەی سەردانەكانی، چی سەردانی مەیدانی بۆ شەقام  و بازاڕ، یان سەردانی ئەو خێزانانەی ناوبانگیان هەیە لە بازنەكەیدا، بایەخی ئەم سەردانانە ئامادەیی كاندیدە لە سەرجەم ناوچەكانی بازنەكەی. س: پێدانی زانیاری تەواو سەبارەت بە سەرجەم ئەو بۆنانەی كە پێویستە كاندید تیایدا ئامادەبێت، بەرپرسە و ئاهەنگیشەوە. ج: دیاریكردنی وێنەیەكی دیاریكراو بۆ كاندید، پێویستە وێنەكە بەجۆرێك بێت كە دڵخوازی خەڵكبێت و گوزراشت لە كەسایەتی كاندید بكات.  ح:ئەم لیژنەیە پلانێك دابڕێژێت بۆ كۆڕ و قسەكانی كاندید  كە بۆ دەنگدەران و خەڵكی بازنەكەی دەكات  و ئەو گردبونەوانەشی كە وەك میوان تیایدا ئامادەبێت. *ئیدارەی سكرتارییەت: ئەم ئیدارەیە بەرپرس دەبێت لە ئەنجامدانی پەیوەندی لە نێوان ئەندامانی هەڵمەتەكە و كاندید و بەڕێوبەڕی هەڵمەتەكە، بەرپرس دەبێت لە پاراستنی تۆماری تایبەت بە ئەرشیڤی كۆبوونەوەكانی ئامادەكاریی و دوای دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنیش. *ئیدارەی ڕاگەیاندن: ئەم ئیدارەیە هەڵدەسێت بە پیكهێنانی گروپی جۆراوجۆر بۆ بڵاوبوونەوە بە سەرجەم ناوچەكانی بازنەی هەڵبژاردن و بانگەشەكردن بۆ كاندیدەكە، ئەركی ئەم ئیدارەیە ئەنجامدانی ڕیكلامی پێویست بۆ كاندید لە ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپكراوەكان  و هەموو ئەو نوسراوانەی بەسەر خەڵكی بازنەكەدا بڵاودەكرێتەوە، هەروەها ئامادەكردنی وێنە و ڕێكلامی شیاو بۆ كاندید بۆئەوەی بەردەوام ئامادەبێت لە كۆڕ و كۆبوونەكان، یان هەر گردبوونەوەیەك  كە كاندید ئامادەی بێت، لەڕووی ئەلیكترۆنیشەوە، پێویستە لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنرێت كە بایەخ بدات بە تۆڕی ئینتەرنێت و بەردەوام لەم تۆڕەوە لەگەڵ جەماوەر و خەڵكی بازنەكەدا بێت بۆ ناساندنی كاندیدەكە. سێیەم: دارایی بێگومان بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن وەك هەر پرۆژەیەكی تر كە كەسێك بیەوێت ئەنجامی بدات خەرجییەكی زۆری دەبێت، ئێمە قسە لەسەر هەڵمەتێك دەكەین كە لەسەر سێ‌ پەل و پایە وەستاوە، هەریەكەیان پشت بەوی تریان دەبەستێت، دانانی پلانێكی ستراتیژی باش و دەستەبەركردنی دارایی پێویست لەگەڵ بوونی كاندیدێكی لاوازدا، بێگومان هەڵمەتی هەڵبژاردنەكە چارەنوسی شكست دەبێت،  ئەگەر كاندیدەكەش بەتوانابێت و پلانی كاركردنی هەڵمەتەكەشی  زۆر بەباشی دانرابێت ،بەڵام دارایی پێویستی نەبێت بێگومان هەڵمەتەكەی شكستدەهێنێت. پێویستە ئیدارەیەكی تایبەت هەبێت بۆ مەسەلەی خەرجی هەڵبژاردنی كاندید كە تایبەتمەندییەكی بەمشێوەیەیە: -دانانی بودجەیەكی خەمڵێنراو بۆ هەڵمەتەكە پێش دەستپێكردنی. -دیاریكردنی ڕووەكانی خەرجی . -دابینكردنی ئەو پێداویستییانەی ئیدارەكانی تر داوایدەكەن.  -دانانی ڕێنمایی بۆ خەرجی بە جۆرێك كە كێشە بۆ كارەكان دروستنەكات و نەبێتە بەربەست لەبەردەم سەرخستنی هەڵمەتەكە. -دانانی تۆمارێكی تایبەت بە سەرجەم خەرجییەكان. -بەرپرس و تایبەتمەندە لەو بەخشینانەشی كە ڕەنگە لەلایەن هەندێك كەسەوە پێشكەشبكرێت بۆ پشتیوانی لە كاندیدەكە. https://www.maghress.com/mohammediapress/26164


درەو: بەشێوەیەكی  بەربڵاو باوەڕ وایە كە بزوتنەوەی تالیبان یەكێكە لە دەوڵەمەندترین گروپە چەكدارەكان لە جیهاندا و ئەو بزوتنەوەیە دوای دوو دەیە لە شەڕ دژی هێزەكانی ئەمریكاو هێزەكانی تر توانی جارێكی تر ئەفغانستان كۆنترۆڵ بكاتەوە,  لێرەوە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە تالیبان چۆن خەرجییەكانی رێكخراوەكەی لەو ماوەیەدا دابینكردووە؟ سەرچاوەكانی داهاتی بزوتنەوەكە كامانەن؟ لەم راپۆرتەدا گرنگترین سەرچاوەكانی داهاتی رێكخراوی تالیبان دەخرێتەڕوو: ئاستی دەوڵەمەندیی تالیبان بزوتنەوەی تالیبان لە ساڵی 1996 لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتە دەست تا كۆتایی 2001 كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو وڵاتەی داگیركردو كۆتایی بە دەسەڵاتی تالیبان هێنا, بەڵام دوای بیست ساڵ لە شەڕو ململانێی بەردەوام‌و كوژرانی دەیان هەزار لە چەكدارەكانی بزوتنەوەكە سەركەوتوو بوو لە كۆنترۆڵكردنی روبەرێكی بەرفراوانی خاكی ئەفغانستان‌و هێزی سەربازییشی لەم چەند ساڵەی دواییدا زیادی كرد. بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی ئەمریكا لە ناوەڕاستی 2021دا ئەو چەكدارەكانی لە ریزی بزوتنەوەكەدا بوون 70 هەزار بۆ 100 هەزار دەخەمڵێنرا ئەوەش زۆر زیاتر بوو لە ژمارەی چەكدارەكانی ئەو بزوتنەوەیە لە دە ساڵ لەمەوبەر كە بە 30 هەزار خەمڵێنراوە. پارێزگاریكردن لەو پێگەیەو بەردەوامیدان بە روبەڕوبونەوەیو بەرگری دژی هێزەكانی بڕێكی زۆر پارەی پێویستە لە سەرچاوەكانی ناوخۆ‌و دەرەوەی ئەفغانستانەوە. بەگوێرەی خەمڵاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان داهاتی ساڵانەی بزوتنەوەی تالیبان لە ساڵی 2011دا نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار  بووە, بەڵام بە گوێرەی بنكۆڵكاری تۆڕی بی بی سی لە كۆتایی ساڵی 2018 داهاتی بزوتنەوەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووەو گەیشتوەتە 1.5 ملیار دۆلار. تالیبان لە كوێ‌ پارە بەدەستدەهێنێت؟ بەگوێرەی ئەو چاوپێكەوتنانەی كە تۆڕی بی بی سی لە ناوخۆی ئەفغانستان‌و دەرەوە ئەنجامیداون. بزوتنەوەی تالیبان تۆڕێكی دارایی‌و سیستمێكی كۆكردنەوەی زۆر پێشكەوتوی كۆكردنەوەی باج بەڕێوەدەبات‌و بزوتنەوەكە سەركەوتووە لە گەرەنتیكردنی چەندین سەرچاوەی داهات كە گرنگترینیان ئەمانەن: بەخشین‌و كۆمەكی دەرەكی بەردەوام بەرپرسانی ئەفغانستان‌و ئەمریكییەكان چەند دەوڵەتێكی وەك پاكستان‌و ئێران‌و روسیایان تۆمەتباردەكرد بە پێشكەشكردنی هاوكاری دارایی بە تالیبان بەڵام ئەوان بە تەواوەتی رەتیاندەكردەوە, بەڵام كۆمەكبەخشان لەسەر ئاستی تاك لە ئەفغانستان‌و چەندین وڵاتی كەنداو لەوانەش سعودیە‌و ئیمارات‌و قەتەر گەورەترین بەشدارییان هەبووە لە دابینكردنی داهاتی بزوتنەوەی تالیباندا, سەرەڕای ئەوەی ئاستەمە بەوردی قەبارەی ئەو كۆمەكانە بزانرێت, بەڵام باوەڕ وایە كە بەشێكی گەورەی داهاتی بزوتنەوەكە پێكدەهێنێت‌و هەندێك لە شارەزایان ئەو كۆمەكانە بە 500 ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا دەخەمڵێنن. بەگوێرەی خەمڵاندنی راپۆرتێكی نهێنی هەواڵگری ئەمریكا لە ساڵی 2008دا بزوتنەوەی تالیبان 106 ملیۆن دۆلاری لە لایەنی بیانی بە تایبەتی وڵاتانی كەنداو وەرگرتووە. بازرگانی مادە هۆشبەرەكان بزوتنەوەی تالیبان بۆ دابینكردنی خەرجی پرۆسە سەربازییەكانی سیستمێكی پێشكەوتووی كۆكردنەوەی باجی هەیە, یەكێك لەو باجانەش باجی سەر بازرگانی مادە هۆشبەرەكانە, چونكە ئەفغانستان گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەفیونە لە جیهاندا كە هێرۆیینی لێ‌ بەرهەمدەهێنرێت, بەهای هەناردەی ساڵانەی ئەفغانستان لە ئەفیون بە 1.5 بۆ 3 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت‌و بازرگانی ئەفیون بازرگانییەكی زۆر گەورەیەو سەرچاوەی زۆرینەی هێرۆیینە لە سەرتاسەری جیهاندا. بەوتەی لێپرسراوانی حكومەتی ئەفغانستان بزوتنەوەی تالیبان بەرێژەی 10% باج لە جوتیارانی ئەفیون وەردەگرێت, چەند راپۆرتێكیش ئاماژە بەوە دەكەن كە تالیبان باج لەو كارگانەش وەردەگرێت كە ئەفین دەگۆڕن بۆ هێرۆین جگە لە سەندنی باج لەو بازرگانانەی كە بازرگانی‌و قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان دەكەن و كۆی داهاتی ساڵانەی تالیبان لە بازرگانی مادە هۆشبەرەكان لە نێوان 100 بۆ 400 ملیۆن دۆلار دایەو ژەنەراڵ جۆن نیكۆلسۆنی ئەمریكی لە راپۆرتی ساڵی 2008ی تایبەت بە ئاوەدانكردنەوەی ئەفغانستان دەڵێت بازرگانی مادە هۆشبەرەكان 60ی داهاتی ساڵانەی بزوتنەوەی تالیبان پێكدەهێنێت, بەڵام هەندێك لە شارەزایان باوەڕیان وایە كە ئەو ژمارەیە زیادەڕەویی تێدایە. سەرەڕای ئەوانە بزوتنەوەی تالیبان تێوەگلانی لە بازرگانی و دروستكردنی مادە هۆشبەرەكان رەتدەكاتەوە‌و شانازی بەوەدەكات كە لە ماوەی دەسەڵاتیدا لە ساڵی 2000 چاندنی روەكی خەشخاشی قەدەغەكردووە كە ئەفیونی لێ بەرهەمدەهێنرێت.  فراوانكردنی ناوچەكانی دەسەڵات تۆڕی دارایی تالیبان زۆر لەوە فراوان ترە كە تەنها باجی سەر بازرگانی ئەفیون بگرێتەوە,. ساڵی 2018 لە نامەیەكی كراوەدا تالیبان بازرگانە ئەفغانییەكانی ئاگاداركردەوە لە وەرگرتنی باج لە چەندین شمەكی جۆراوجۆری وەك سوتمەنی‌و كەرەستەی بیناسازی لەكاتی تێپەڕبوون بەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیداو دوای كەوتنی حكومەتی ئەفغانستانیش ئێستا تالیبان كۆنترۆڵی تەواوەتی هەموو رێگا سەرەكییەكانی بازرگانی وڵات‌و دەروازە سنورییەكانی كردووەو بەوەش بڕێكی زۆر داهات لە باج‌و رسوماتی هێنان‌و هاوردەكردنەوە دەستدەكەوێت‌و لە دوو دەیەی رابرووشدا كار گەیشتە ئەوەی بڕێكی زۆری پارەی خۆرئاوای بەبێ‌ مەبەست بچێتە گیرفانی تالیبانەوە تالیبان باجی خستبوووە سەر پرۆژەكانی پەرەپێدان‌و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئەفغانستانەوە لەوانەش پرۆژەكانی رێگاوبان‌و نەخۆشخانە‌و قوتابخانەكان كە بەزۆری بودجەكەی لە خۆرئاواوە دابیندەكرا, هەروەها باوەڕیش وایە كە تالبیان ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلاری لەرێگەی سەپاندنی باجەوە دەستكەوتووە كە سەپاندویەتی بەسەر شۆفێری ئەو بارهەڵگرانەی پێداویستییان بۆ هێزە نێودەوڵەتییەكان دەگواستەوە لە ناوچە جیاجیاكانی ئەفغانستاندا. هەروەها ئاماژە بەوەشدەدرێت كە تالیبان بڕێكی زۆر پارەی لەو خزمەتگوزارییانە دەستكەوتووە كە حكومەتی ئەفغانستان پێكەشی كردون, بۆ نمونە سەرۆكی كۆمپانیای كارەبای ئەفغانستان ساڵی 2018 بە بی بی سی راگەیاند كە تالیبان ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری دەستدەكەوێت لە رێگەی كۆكردنەوەی پارەی كارەبا لە بەكارهێنەرانی لە چەندین ناوچەی جیاوازی ئەفغانستان‌و سەرچاوەیەكی تری داهاتیشی راستەوخۆ لە شەڕەكانەوە بەدەستدەهێناو هەرجارێك تالیبان سەربازگەیەك یان فەرمانگەیەكی شارستانی كۆنترۆڵكردبێت, گەنجینەكانی بەتاڵ كردون‌و چەندین چەك‌و زرێپۆش‌و ئۆتۆمبیلیشی دەستبەسەردا گرتووە. كان‌و كانزاكان ئەفغانستان بەوڵاتێكی دەوڵمەند دادەنرێت لە بواری كانزا‌و بەردە گرانبەهاكان‌و بڕێكی زۆری ئەو كانزایانەش بەهۆی شەڕ‌و ململانێی چەندان ساڵەوە دەستیان بۆ نەبراوە, بەگوێرەی لێپرسراوانی حكومەتی ئەفغانستان بەهای پیشەسازی كانزاكاریی ساڵانە بە یەك ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت‌و بەشێكی زۆری پرۆسەی دەرهێنانی كانزاكانیش پرۆسەی قەبارە بچوكن‌و زۆرینەشیان بەشێوەی نایاسایی دەكرێن. تیمی هاوكاری‌و چاودێری سزاكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتی ساڵانەی 2014دا دەڵێت تەنها لە ویلایەتی هیڵمەند لە باشوور, تالیبان ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری لە 25 بۆ 30 شوێنی كانزاكاریی نایاساییەوە وەرگرتووە . سەرچاوە: BBC  


بەهرۆز جەعفەر*  پوختەی جێبەجێکار دوای هەوڵێکی زۆری سەرۆکایەتی کۆمارو حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەتەکە و گه‌شتكردن بەملاولادا، ئەوەی ناویان نا “ لوتکەی بەغدا” بەشی لوتکەیەکی لێ دەرنەچوو. لە سەر ئاستی میسر و ئوردون و فەڕەنسا کەسی یەکەمی ئەو ووڵاتانە ئامادەی کۆنفڕانسەکە بون، ئەوانیش لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا پێشوتر سەردانی دیکەیان بۆ عێراق کردوەو، بەتەلەفۆنیش لەنێوان عێراق و سەرۆکی ئەو ووڵاتانە گفتۆگۆ هه‌رهەبوە. عێراق هەڕەشەو ئاڵەنگاریی ناوخۆیی و دەرەکی ئەوەندە گەورەی هەیە، لە توانایدا نییە مانۆڕی دیبلۆماسیی گەورەو نێوانگیریی هێزە هەرێمییەکان بکات و، ووڵاتانی بەشداربوی کۆنفڕانسەکەی عێراق وەک دەرکەوت ناتوانن دۆخی ئاسایش و ئابوریی عێراق بگۆڕن. لەگەڵ ئەمەشدا، کۆنفڕانسەکەی (٢٨ ی ئۆگەستی ٢٠٢١) بەڕێوەچوو هەنگاوێکی شارستانی- دیبلۆماسیی- میدیایی بو تا جیهان چاوی خۆی بخاتە سەر عێراق ئەوەی گرنگە، ئەم کۆنفڕانسە و ڕووداوە جیهانیی و نێوچەییەکان دەرفەتیان لەگەڵ خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان پێیە: یەکەم/ بە فەڕەنسایی کردنی جیهان گۆڤاری نیو ستەیتسمان (New Statesman) لەساڵی (١٩١٣) ەوە وەک مەگەزینێکی بەریتانی بەردەوامە. ئەگەرچی ئەرکی سەرەتایی گۆڤارەکە بەرز ڕاگرتنی سیاسەتی لیبراڵ و پێشخستنی کەلتورو سیاسەتی شانشینی بەریتانیایە. دوای دیمەنەکانی کابوڵ و تەنها (٣) ڕۆژ بەر لە سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ عێراق لە (٢٦ ی ئۆگەستی ٢٠٢١) بابەتێکی پڕ لە بەڵگەهێنانەوە بڵاوئەکاتەوە بەناونیشانی “ Why the world is becoming more French” -“ بۆچی جیهان زیاتر بەرەو فەڕەنسایی بون ئەچێت”. کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا فەڕەنسای سەردەمی ماکرۆنی وا لێکردووە بە دوای ڕۆڵێکی گرنگتردا بگەڕێت لە ئەوروپا، کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی گەورە وەکو ئەفگان و عێراق و سوریا و لوبنان فەڕەنسای وا لێکردوە بەدوای میراتە مێژووییەکانی خۆی بکەوێت لە ناوچەکەدا، ئەوروپاشی خستۆتە ژێربەرپرسیارێتی ئەوەی ئیتر بە بێ ئەمریکا بتوانن خۆیان بپارێزن. بەپێی نیوستەیتسمان جیهان بە لەسەرخۆیی ئەگۆڕێت، هەر بە نەرمیش ئیتر هاوڕێیان ڕوو ئه‌كه‌نه‌ فەڕەنسا!.  فەڕەنساو فاکتەری هەرێمی کوردستان  هەرچی فاکتەری فەڕەنساو ماکرۆنە لە ساتەوەختێکدا ئەژین کە ئامادەیە بۆ وەرچەرخانێکی گەورە. هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەیە لە ستراتیجی فەڕەنسادا، بەتایبەت لە ڕووی ئەمنی و ئابوری و کەلتورییەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا هەرێمی کوردستان ئامادەیەو لەسەر پێیە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە بێتە دەست و بڕیار دروست بکات و بڕیار دەربکات هاوشانی گۆڕانکارییەکان؟.  لە عێراق، کاراکتەرە سیاسییەکان جێگیر نیین، ئەوەش هۆکارێكى سەرەکی ئەوەبو کە سعودیەو تورکیاو ئێران ئامادە نە بون لە کۆنگرەکەی عێراق دا لەسەر ئاستی لوتکەو کەسی یەکەم ئامادە بن!. ئەو هێزە هەرێمیانە ناچنە کۆنگرەیەکەوە کە ئەوانەی سازیان کردوە دوو بۆ سێ مانگێکیان لەسەر شانۆی سیاسیی ماوە.  لەهەرێمی کوردستان دا، له‌سه‌رده‌مى نوێدا، ئەندازیاری ئەم پەیوەندییە لە نێوان حکومەتی هەرێم و فەڕەنسادا بە ئێستاشەوە دیارە کە “ نێچیرڤان بارزانی” یە، نێچیرڤانی بارزانی بە فەرمی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لە دوای (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ەوە هەموو ئابڵوقە هەرێمی ونێودەوڵەتییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان لابرد. وەکو واقیعی ساڵانی ڕابردووی حکومەتی هەرێم و دروستکردنی بڕیاری سیاسی ئێستاش لە هەرێمی کوردستان کاراکتەری نێچیرڤان بارزانی لە نێوان هەرێم و عێراق دا، لە نێوان هەرێم و ئێران دا، لە نێوان هەرێم وتورکیادا دەستەبەری پاراستنى باڵانسى هێز و رێبازی ڕەفتارە سیاسییەکانە بەناوی هەرێمی کوردستانەوە. ئەم ناوچەیە سێ گرنگی ستراتیجی بۆ فەڕەنساو سەرۆک ماکرۆن هەیە: یەک/ هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دیوارێکی ئەمنی گەورەیە بۆ ئەوروپا بە گشتی. بۆ ئەوەی تیرۆر نەگاتە ئەوروپا، بۆ ئەوەی ملیۆنەها پەنابەرو کۆچبەر ڕوونەکەنە ئەوروپا، پێویستە ئەم ناوچەیە لەلایەن فەڕەنساوە بەرز بنرخێنرێت و پاڵپشتی بکرێت. سوریا هەر لەسایکس بیکۆ وە بەر فەڕەنسا کەوت، هەر لەسەردەمی بەهاری عەرەبییەوە فه‌ڕه‌نسا وەکو واریسێکی شەرعی ئەو ناوچەیە دەرئەکەوێت،هەرێمی کوردستان تاکە کۆریدۆر و ڕێگەیەکی ووشکانی ئارامە بۆ ڕەوانەکردنی هاوکاری لۆجیستی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. دووەم/ لە ڕووی کاتەوە، کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ و ئەمریکا لە ئەفگانستان دووکەڵێکی گەورەی هەیە کەواتە ئاگرەکە گەورەیە، بۆیە ناخوازنهەمان ئەزموون لە عێراقیش دووبارە ببێتەوە.  سێهەم/ لە ڕوو ئابورییەوە، نەوت و گاز و کارەبا لە ئەولەویاتەکانی فەڕەنسان، فەڕەنسا ئەزمونی (١٠٠) ساڵی لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانینەوت لە عێراقدا هەیە لە (١٩٢٠) ەوە. ئێران و فەڕەنسا پەیوەندییەکی دێرین و کلاسیکیان هەبو، ماوەیەکی کەم نییە فەڕەنسا بەدوای ناوچەیەکی نەوتاویدا ئەگەڕێت بۆ ئەلتەرناتیڤی ئێران.  به‌ گشتى، كۆنفڕانسه‌كه‌ى عێراق سوودەکانی بەگەرووی هەرێمی کوردستاندا ئەچنە خوار، چونکە هەرێم توانى پرسی بۆمباران و دەستوەردانەکانی تورکیاو هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەولێر بکاتە بابەتی حکومەتی عێراق لە لوتکەیەکی وەهادا.. جگە لەهه‌موو ئه‌مانه‌، دوای هاتنی داعش هێلی بۆڕی کەرکوک-جەیهان تەقێندراوەتەوە، نەوتی کەرکوک لە (٥ی ئازاری ٢٠١٤) ەوە هەتا ئێستاکە بە هێڵی بۆڕی کوردستان دا ئەڕوات بۆ تورکیا بێ ئەوەی بەغدا گومرکی بۆڕییەکە بدات!. بۆیە لە ڕووی ئاسایش و ئابورییەوە ئەبێت حکومەتی بەغداو کۆمەڵگەی جیهانی ئاگاداری هەرێمی کوردستان بن لە بەردەم هەر هەڕەشەیەکی نەخوازراودا. چونكه‌ (٤٠%) ى نه‌وتى توركیا عێراق دابینى ئه‌كات. عێراق (٨%) ى نه‌وتى فه‌ڕه‌نساش دابین ئه‌كات.  لەم چوارچیوەیەدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی کوردستان ئەکات، ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک ماکرۆن ە بۆ کوردستان. ڕووداوێكى گرنگه‌، هەروەک  سەرۆکی پێشووتریش “ فرانسوا هوڵاند” لە (١٢ ی سێپتەمبەری ٢٠١٤) دا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.  ئەم سەردانەی سەرۆک ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان ڕووداوێکی دیبلۆماسیی گەورەو فرە ماناو فرەڕەهەندە. لەهەرکوێیەکیەوە تەتەڵەی بکەیت جێی بایەخە. هەرێمی کوردستان و ستراتیجی ناوەند مەودای فەڕەنسا فەڕەنسا دایکی هزری ستراتیجی شەراکەتەکانە لە دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە). دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکیەوە خاڵی بەریەککەوتنی سێ کیشوەری ئاسیاو ئەفریکاو ئەوروپایە. لە تونس و لیبیاو میسرەوە تا ئەگاتە سوریا ئەکەونە سەر دەریای سپی و هەموو ئەوووڵاتانەش شوێن دەستی فەڕەنسایان پێوە دیارەو فەڕەنسا حوکمی تیاکردون. فەرەنسا خۆی ئەکەوێتە سەر دەریای سپی و لە ڕووی سەربازیی و دەریاوانییەوە نەیهێشت تورکیا ئەرکەکانی لە لیبیا تەواو بکات، نەیهێشت تورکیا ببێتە هەڕەشە لەسەر دوورگەکانی یۆنان وقوبرس. هه‌روه‌ها لە سەرەتای (جانیوەری ٢٠٢٠) ه‌وه‌ بە درێژایی (١٩٠٠کم) هێڵی بۆڕی گاز کەوتۆتە کارو لە قوبرس و ئیسرائیلەوە بەرەو دوورگەی کریت- Crete ی یۆنان. ئەم گازە لە ژێر ئاودا دەرئەهێنرێت و دوورییەکەی لە باکوری سوریا (ناوچە کوردییەکانەوە کە پڕن لە گاز و نەوت) تەنها(١٥٠) کیلۆمەترە. هەرچی هەرێمی کوردستانیشە وه‌ك كوتله‌یه‌كى گرنگى خاوه‌ن گازى سروشتى پێویستە خۆی ئامادە بکات ببێتە بەشێک لەم هاوپەیمانێتیە ستراتیجییەی ووزە لەڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. لەبەر ئەم هۆکارە سەرەکییەش بو کە سەرۆک کۆماری تورکیا “ ئەردۆگان” لە کۆنفڕانسەکەی (٢٨ی ئۆگەستی٢٠٢١) عێراق بەشداری نەکرد. ئەگەرچی ئەم کۆنفڕانسە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی بۆ عێراق نەبو و نابێت.  گۆڕانکارییە جیهانییەکان هێواش- هێواش دەستییان پێکرد، فەڕەنساش بە شێوەیەکی بەهێزتر لە ئەوروپا، لە دەریای سپی وە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێگەی خۆی ئەڕوانێت، هەرێمی کوردستانیش وێڕای مەترسییە نێوخۆیی و نێوچەییەکان، کورسییەکی لە شەمەندەنەفەرەکەدا مسۆگەرە.  سەرئەنجام هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەڕەنساش ساڵانێکە بەدوای جێگە پێیەکی بەهێز لەم ناوچەیە ئەگەڕێت. ئەوانەی لە کۆنفڕانسەکەی عێراق ئامادەبون بۆ کاری خۆیان ئامادە بون نەک بۆ ئاسانکردنی کاری عێراق، میسرو ئوردون نەوت و گازیعێراق بە نرخی زۆر هەرزان ئەدرێتێ، لوتکەیەکیان لە عێراق هەیە بەناوی “ شامی نوێ” کە عێراق قازانجی ئەوتۆی لەسەر ناکات.  دەردی عێراق لەوە گرانترە ئەم کۆنفڕانسانە چارەسەری بکەن، دۆخی عێراق بڕ ناکاتە هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن لە ساڵی (٢٠٢٢) داو،بەشێوەیەکی مەترسیدار ئەتەقێتەوە. کشانەوەی پتری ئەمریکا لە عێراق، زیاتر بونی قەیرانەکان، هەڵ نەگرتنی بەرپرسیارێتی، بڵاوبونەوەیپتری پەتای کۆرۆنا، زیادبونی جموجوڵەکانی داعش، ململانێی سیاسیی کاراکتەرە دەستەڵاتدارەکان و دەستوەردانی پتری ئێران دۆخیعێراق ئەگەیەنێتە حاڵەتی توندوتیژیی لە نێوان حکومەت و نا-حکومەت(میلیشیاکان) دا.      * دکتۆرا لە ئابوریی سیاسیی هایدرۆکاربۆن، بەڕێوەبەری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.


راپۆرت: درەو بافڵ تاڵەبانی لە كۆی (124) ئەندام، ئیمزای (96) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆكردوەتەوە بۆ ناردنە دەرەوەی لاهور شێخ جەنگی، ئێستا ناكۆكییەكە لەسەر ئەوەیە بڕیارەكان تەنیا بە كۆكردنەوەی ئیمزا جێبەجێ دەكرێن یان سازدانی كۆبونەوەی سەركردایەتی، لاهور شێخ جەنگی داوای بژاردەی دووەمیان دەكات و دەڵێت "من شەرعیەتم لە سەركردایەتی وەرگرتووە".   شەڕی ئیمزا  دوای نزیكەی (50) رۆژ لە تەقینەوەی كێشەكانی نێوانیان، دواجار هاوسەرۆكەكانی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان بگەڕێنەوە بۆ سەركردایەتی حزبەكەیان.  دوێنێ بافڵ تاڵەبانی بە تاك‌و بە گروپ ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی بانگهێشتی "دەباشان" كرد بۆ ئەوەی پێشنیازێكی نوێیان لەبارەی لاهور شێخ جەنگییەوە بخاتە بەردەم.  كرۆكی ئەو پێشنیازەی كە بافڵ تاڵەبانی خستویەتییە بەردەم ئەندامانی سەركردایەتی لە (5) بڕیارەوە سەرچاوەی گرتووە كە رۆژی 24ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی چارەنوسی لاهور شێخ جەنگییەوە دەریكردووە‌و پۆختەكەی ئەوەیە لاهور شێخ جەنگی تاوەكو دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەدەچێت، سەفەری دەرەوەی وڵات بكات.  سەرچاوەیەكی نزیك لە ماڵی مام جەلال بە (درەو)ی راگەیاند، رۆژی 24ی مانگ كە وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەردانیان كردووە، لاهور شێخ جەنگی پێی وتوون" من وەكو هاوسەرۆك شەرعیەتم لە سەركردایەتی یەكێتی وەرگرتووە، بڕۆن ئیمزای 63 ئەندامی سەركردایەتیم بۆ بهێنن واتە 50+1ی كۆی ئەندامانی سەركردایەتی، هەر بڕیارێك دەریدەكەن، جێبەجێی دەكەم". بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لاهور شێخ جەنگی هەمان پێشنیازی بۆ نێوەندگیرە ئێرانییەكان كردووە‌و لەسەر ئەم بنەمایە بووە كە بافڵ تاڵەبانی دەستی بە كۆكردنەوەی ئیمزای ئەندامانی سەركردایەتی كردووە.  بەڵام لەبەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی دوێنێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و رەتیدەكاتەوە داوای ئیمزای كردبێت‌و دەڵێ" داوای كۆبونەوەی رەسمی ئەنجومەنی سەركردایەتیم كردووە".  سەرچاوە نزیكەكان لە ماڵی مام جەلال دەڵێن "تائێستا بافڵ تاڵەبانی 94 ئیمزای پشتیوانی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ پاڵپشتی لە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی كۆكردوەتەوە‌و ژمارەی ئیمزاكان لە 100 ئیمزا نزیك دەبێتەوە". ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی (124) كەسە، بەر لە تەقینەوەی ناكۆكییەكانیان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی پێكەوە نزیكەی (96) ئەندامیان هەبوو، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتیی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بوون. هەندێك لە لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی لە سەركردایەتی دوێنێ چوونە دەباشان‌و ئیمزایان لەسەر پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانی كرد، بەڵام دواتر كە لە دەباشان گەڕانەوە راگەەیەندراویان بڵاوكردەوە‌و رایانگەیاند "پەشیمانن لە ئیمزاكانیان، چونكە بە ڕوونی لە ناوەڕۆكی پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانی تێنەگەیشتوون كە بۆ كردنەوەی لاهور شێخ جەنگییە لە كوردستان". كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی باس لەوە دەكەن، نزیكەی (40) ئەندامی سەركردایەتی لەگەڵ پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانیدا نین‌و ئیمزایان لەسەر نەكردووە.  ئیمزا یان كۆبونەوە ؟ ئێستا كە هەردوو هاوسەرۆك حساباتی خۆیان بردووەتە سەركردایەتی‌و كار لەسەر ژمارەو دەنگ دەكەن، ئایا سەركردایەتی كۆدەبێتەوە‌و بڕیار دەدات ؟ یاخود ئیمزاكان بەبێ كۆبونەوە راستەوخۆ دەبن بە بڕیار.  ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی بافڵ تاڵەبانیدایە، ئایا راستەوخۆ ئیمزاكانی سەركردایەتی بە بڕیار لەسەر لاهور شێخ جەنگی ئەژمار دەكات یاخود دوای كۆكردنەوەی ئیمزاكانیش كۆبونەوەی سەركردایەتی رێكدەخات‌و بڕیارەكان جێبەجێ دەكات؟ بەتایبەتیش كە ئێستا بافڵ تاڵەبانی لەرێگەی ئیمزاكانەوە بۆی روون بوەتەوە كە دەتوانێت كۆبونەوەی سەركردایەتی رێكبخات.  چارەنوسی ئیمزاكانی سەركردایەتی یەكێتی، كە چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی پێوە بەستراوەتەوە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا یەكلا دەبێتەوە، ئەگەر لاهور شێخ جەنگی لەچوارچێوەی دەستپێشخەریی‌و نێوەندگیری نوێدا بژاردەیەكی نوێ دیاری نەكات یاخود بە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی قایل نەبێت، رەنگە لەرێگەی سەركردایەتییەوە بژاردەی قورستری بەسەردا بسەپێندرێت.  بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی چین ؟ رۆژی 24ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ ناردنی پەیامێكی نوێ بوو بۆ لاهور شێخ جەنگی. بەپێی قسەی كەسە نزیكەكان لە لاهور شێخ جەنگی لەم كۆبونەوەیەدا لەكۆی (17) ئەندامی مەكتەبی سیاسی (8) كەسیان ئامادەبوون‌و بەوتەی ئەوان ئەم رێژەیە ناكاتە (50+1)ی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بە هاوسەرۆكەكانەوە.  ئەوانەی بەشداربوون لە كۆبونەوەكە ئەمانە بوون:  •    بافڵ تاڵەبانی (هاوسەرۆك) •    رەفعەت عەبدوڵا •    شاناز ئیبراهیم ئەحمەد •    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ (شاڵاو ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، لەبری دەربازی برای بەشداری كردووە) •    فەهمی بورهان‌و ستران عەبدوڵا (ئەمانە ئەندامی سەركردایەتین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسی مەكتەبن، بەشداربوون لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا). •    سەعدی ئەحمەد پیرە (لەرێگەی سكایپەوە بەشداربووە) •    حامید حاجی غالی ئەوانەی بەشدارنەبوون لە كۆبونەوەكەدا ئەمانە بوون: •    لاهور شێخ جەنگی (هاوسەرۆك) •    بورهان سەعید سۆفی  •    رزگار عەلی •    رزگار حاجی حەمە •    دكتۆر میران میراودەلی (فەرمانی دەستگیركردنی هەیە) •    قادر عەزیز •    ئاسۆ مامەند •    سۆران جەمال تاهیر •    ئەمین بابەشێخ بڕیاری كۆبونەوەكە ئەوانەی بەشداربوون لەم كۆبونەوەیەدا، چەند بڕیارێكیان لەبارەی لاهور شێخ جەنگی دەركرد كە ئەمانەن:  •    لاهور شێخ جەنگی لەماوەی (سێ) رۆژدا (دوای دەرچوونی بڕیارەكە) سەفەری دەرەوەی وڵات بكات‌و تاوەكو دوو هەفتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە. •    لاهور شێخ جەنگی هێزە نافەرمییەكانی بڵاوە پێ بكات، دواتر هێزە فەرمییەكان لە دەوروبەری ماڵەكەی دەكشێندرێتەوە. •    بافڵ تاڵەبانی هێزە فەرمییەكان رادەسپێرێت سەلامەتی لاهور شێخ جەنگی بپارێزن تا ئەوكاتەی سەفەرەكەی دەكات.  •    كۆی هێرشی میدیا سێبەرو ئاشكراكان رابگیرێت.  •    لاهور شێخ جەنگی پشتیوانی خۆی سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان (هاوپەیمانی یەكێتی‌و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق)‌و پرۆسەی حزبی لەناو یەكێتیدا رابگەیەنێت. بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی گۆڕانكاری لە كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكان دروستكرد، بەپێی ئەم بڕیارانە تۆمەتەكان لەسەر لاهور شێخ جەنگی هەڵگیراون‌و دوای چونەدەرەوەی لە كوردستان دەرفەتی گەڕانەوەی پێدراوە، سەرباری ئەمە وەكو بەرپرسێكی یەكێتی داوای لێكراوە پاڵپشتی لە هاوپەیمانی كوردستان بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.  گفتوگۆ لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی  دوای دەركردنی ئەم بڕیاریارانە، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی كە پێكهاتبوون لە (شاڵاو عەلی عەسكەریی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، فەرید ئەسەسەرد) سەردانی لاهور شێخ جەنگییان كرد لە گردی سەرچنار‌و ئەم بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسییان پێگەیاند. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسییەوە، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی:" من شەرعیەتم لە مەكتەبی سیاسی وەرنەگرتووە تاوەكو مەكتەبی سیاسی بڕیارم بۆ دەربكات، دەبێت ئەم بڕیارانە لە سەركردایەتییەوە دەربچن". چارەنوسی بڕیارەكان تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، هیچ یەكێك لە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جێبەجێ نەكراون، لاهور شێخ جەنگی هێشتا لە "گردی سەرچنار"ە لە سلێمانی، هێزە چەكدارەكانی هەردوولا بەرامبەر بەیەكترو لە شوێنی خۆیانن، میدیا‌و سۆسیال میدیای فەرمی‌و سێبەری هەردوولا بەردەوامن لە كەمپەین دژی یەكتر، لاهور شێخ جەنگی هیچ پشتیوانییەكی بۆ هاوپەیمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا رانەگەیاندووە.    


 شیكاری: درەو لە هەرێمی کوردستان ( ملیۆنێك و 900 هەزار) ئۆتۆمبێلی هەیەو رۆژانە پێویستیان بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە،واتە ڕۆژانە شۆفێران نزیكەی (5 ملیار) دینارو ساڵانەش نزیكەی ( 2 ترلیۆنێک) دینار لە کڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، شوفێرانی عێراق لیتری بەنزین بە (450) دینارەو لە هەرێم بە (950) دینار، بەو پێیەش شۆفێرانی هەرێمی كوردستان ساڵانە نزیكەی (900 ملیار ) دینار زیادە خەرج دەکەن بۆ کڕینی بەنزین بەراورد بەو نرخەی لای حکومەتی ناوەندی دەفرۆشرێت. ژمارەی و جۆری ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (ملیۆنێک و 915 هەزار) ئۆتۆمبێل هەن. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ، سەرباری (19 هەزار) ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە ئامارەکەدا تۆمارنەکراون، ژمارە و جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە(بڕوانە خشتەی ژمارە (1)): دابەشبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بەسەر پارێزگاو شارەکانی هەرێمی کوردستان  زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوەو پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و پارێزگای دهۆک بەپلەی سێیەم دێت، (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) بەشی هەرە زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە بە بەنزین و بەشێکی کەمیشیان بە گازوایل کار دەکەن و بەپێی وتەی (وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان/ کەمال ئەتروشی) "هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی (1 ملیۆن) لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت". هاوکات بە وتەی (ئەحمەد محەمەد/ گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان) "بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە نزیکەی (7 ملیۆن) لیتر بەنزین و گازوایل دەسووتێندرێن". کاریگەری نرخی بەنزین لەسەر خەرجی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانەو حکومەتی هەرێم ناتوانێت و نایەوێت کۆنترۆڵی ئەو بەرزبوونەوەیە بکات، لە ئێستادا (24ی ئابی 2021)، لە پارێزگای سلێمانی نرخی لیترێک بەنزین بەمشێوەیەیە؛   سوپەر = 975 دینار   موحەسەن = 900 دینار   نۆرماڵ = 850 دینار    بەڵام لە پارێزگای هەولێر نرخەکان بەرزترن بەشێوەیەک بەنزینی سۆپەر هەزار دیناری تێپەڕاندووە و بەمشێوەیەیە: سۆپەر = 1100 دینار   موحەسەن = 975 دینار   بەنزینی کار = 850 دینار      بەپێی ئەو نرخانەی سەرەوە بێت و بەجێگیری بمێنێتەوە، بەتێکڕا نرخی لترێک بەنزین (940) دینارە، ئەگەر (5 ملیۆن) لیتر پێویستی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە ئەوا؛ -    ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (940) دینار= (4 ملیار و 700 ملیۆن) دینار -    مانگانە/ (4 ملیار و 700 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (141 ملیار) دینار  -    ساڵانە/ (141 ملیار) دینار x (12) مانگ = (ترلیۆنێک و 962 ملیار) دینار  ئەو بڕەش کە شۆفێران لە کڕینی بەنزیندا بە خەرجی دەدەن زیاترە لە کۆی موچەی دوو مانگی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بێ هیچ لێبڕینێک، کە (850 ملیار) دینارە لە مانگێکدا.  ئەمە لە کاتێکدایە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی نرخی بەنزین لە سەردەمی شەڕی داعشیشدا بەزبوونەوەی بە خۆوە نەبینی تا ئێستاش بە (450) دینار جێگیر کراوە، لێرەدا ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بە هەمان ئەو نرخە بوایە کە لە حکومەتی ناوەندی جێگیر کراوە، خەرجی بەنزین چەند دەبوو؟ -    ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (450) دینار= (2 ملیار و 250 ملیۆن) دینار -    مانگانە/ (2 ملیار و 250 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (67 ملیار و 500 ملیۆن) دینار  -    ساڵانە/ (67 ملیار و 500 ملیۆن) دینار x (12) مانگ = (810 ملیار) دینار  کەواتە ئەو زیادە خەرجییەی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان لە کڕینی بەنزیندا خەرجی دەکەن لە ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەراورد بە نرخی بەنزین لای حکومەتی ناوەندی بۆ هەر لیترێک بەنزین (490) دینارە، بە گشتیش بریتییە لە؛  -    ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (490) دینار= (2 ملیار و 450 ملیۆن) دینار -    مانگانە/ (2 ملیار و 450 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (73 ملیار و 500 ملیۆن) دینار  -    ساڵانە/ (73 ملیار و 500 ملیۆن) دینار x (12) مانگ = (882 ملیار) دینار  چۆن پێداویستی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی لێدوانی وەزیری سامانە سروشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی (1) ملیۆن لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت. کەواتە بەهۆی ئەوەی حکومەت پاڵپشتی بازاڕی بەنزین  ناکات، 75%ی بەنزینی پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە هاوردە دەکرێت. بەپێی وتەی (هەژار ئازاد/ بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی کار) "ئەگەر بەتەواوەتی نەوتی خاویان بدرێتێ لە پێویستیی نێوخۆ زیاتر بەرهەم دەهێنین.  بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی کار لەبارەی توانای کارکردنی پاڵاوگەکەیانەوە ئاماژەی بەوە داوە، "نزیکەی 25% بۆ 30%ی توانای گشتیمان بەکاردەهێنین. پاڵاوگەی کار توانای بەرهەمهێنانی 160 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا. ئەوەی رۆژانە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە پێماندەبەخشرێت 30 هەزار بۆ 35 هەزار بەرمیل نەوتە. بەوەش پاڵاوگەکەمان 25%ی کاردەکات". هاوکات (عومەر خەتاب/ بەڕێوەبەری تەکنیکیی پاڵاوگەی بازیان ئاماژەی بەوە کردووە، "توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگەی بازیان لە رۆژێکدا (40 هەزار) بەرمیل نەوتە، بەڵام ئێستا (20 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، واتە کار بە 50%ی توانای خۆی دەکات". بەپێی زانیارییەکانی (بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانەسروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان/ سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، پاڵاوگەكانی ( كار، قەیوان، لاناز) توانای دابینكردنی نەوت و بەنزینی كوردستانیان هەیە، بەڵام هەر لیترێک بەنزین بۆ عێراق بە (٤٥٠) دینار دابینی دەکەن، بەڵام لە بازاڕەکانی بە زیانر لە )٨٠٠( دینار دەیفرۆشنەوە.   بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە لە هەرێمی كوردستان دوو پاڵاوگە هەیە، هەردووكیان نەوت و بەنزین بۆ عێراق دەپاڵێون . پاڵاوگەی كار لە هەولێر رۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێویت و (25 هەزار) دەداتەوە بە عێراق و (25 هەزار) بەرمیلیش بۆ ناوخۆ دەپاڵێوێت، ئەوەی بۆ عێراقی دەنێرێتەوە لیتری دەدرێت بە (450) دینار بەڵام ئەوەی بۆ ناوخۆی هەرێم دەیپاڵێوێت لیتری دەداتە (800 و 900) دینار. لە پارێزگای سلێمانی پاڵاوگەی بازیان ( قەیوان) هەیەو رۆژانە نزیكەی (40 هەزار) بەرمیل نەوت و بەنزین دەپاڵێویت و دەینێرێتەوە بۆ عێراق، لەوێ لیتری دەدرێتەوە بە (450) دینار، پاڵاوگەی لاناز رۆژانە (30 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و نەوتە خاوەكە لە سوریا دەكڕێت و بەرهەمەكەی لە بازاڕی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێتەوەو بە نرخی بازار. هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین  1.    کەمی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەهۆی کەمی پێدانی نەوتی خاو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. 2.    حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پاڵپشتیەک پێشکەشی پاڵاوگەکانی نەوت ناکات، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین. 3.    بەپێی قسەی بازرگانان و هاوردەکارانی بەنزین حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی زۆری خستووەتە سەر هاوردەکردنی بەنزین. 4.    حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی خۆی هیچ پاڵپشتییەکی کەرتەکە ناکات، ناتوانێت نرخەکەشی دیاری بکات. 5.    بە ڕێژەی %100 بازرگانی بەنزین بەدەست کەرتی تایبەتەوەیە. 6.    قۆرخکاری بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بەنزین بۆ چەند کۆمپانیایەکی حیزبی دیاریکراو. 7.    نەبونی خەزانی گەورەی بەنزین بۆ پاڵپشتی کردنی کەرتەکە لە حاڵەتی دروستبوونی قەیراندا.    8.    زیادبوونی خواستی بەنزین لە نێوخۆی ئێران و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزین لەو وڵاتە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand