ڕکابەری کاندیدەکان لە پارێزگای دهۆک
2021-09-20 16:30:57
شیكاری: دۆەو
بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای دهۆک زیاتر (827) هەزار هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا (5) پارتی سیاسی (21) کاندیدیان هەیەو و (3) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (3) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (11) کورسی.
لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و ناو و ژمارەی سەرجەم کاندید و ژمارەی دەنگی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و نوێترین ڕاپرسییەکان و چانسی کاندیدی پاتە سیاسییەکان لە پارێزگای دهۆک دەخەینە ڕوو.
سەرەتا
1. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای دهۆک (١١) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٣) بازنەی هەڵبژاردن و پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا).
2. لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (827 هەزار و 658) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیەو (24) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (11) کورسی دەکەن، (17) کاندیدیان پیاوو (7)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە (3) کاندیدی سەربەخۆ و (21) کاندیدی پارتە سیاسییەکان بەجۆرێک؛
- پارتی دیموکراتی کوردستان (١١) کاندید کە (٨) پیاوو (٣) ئافرەتن.
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٢) کاندیدی ئافرەت.
- نەوەی نوێ (٣) کاندید، (٢) پیاوو (١) ئافرەتن.
- یەکگرتووی ئیسلامی (٢) کاندیدی پیاون.
- حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٣) کاندید کە (٢) پیاوو (١) ئافرەتن.
- بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکی تایبەت بە پارتەکەی نیە لە هاوپەیمانیدایە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
- کۆمەڵی دادگەری هیچ کاندیدێکی نیە.
- سەربەخۆ (3) کاندیدی پیاون.
3. بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین، چونکە دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت.
4. هاوکات جگە لە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨، نوێترین ئامار و ڕاپرسییەکی (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) کە لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە دەخەینەڕوو.
5. ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی (درەو) تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای كاندید و پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان و هەڵسەنگاندنی پێگەی ئێستایان .
6. ساختەکاری هەمیشە ئەگەرێکی دور نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوی لەوەیە سەرجەم کورسییەکانی پارێزگاکە بباتەوە، بەشێک لە لایەنەکانی دیکەش کە سەرەکی تترینیان یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامین کەهەوڵی بردنی کورسی دەدەن، کە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی توندبوونەوەی ململانێی هەڵبژاردن، دوور نیە هەوڵی ساختەکاری نەخرێتەگەڕ.
بازنەی (1)
بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (دهۆک + ئامێدی)، لەم بازنەیەدا (9) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (6) پیاو پێکهاتوون، (7) کاندیدیان سەربە (4) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١))
شیکردنەوەی بازنەی (١)
1. لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2. (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە.
3. لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٠%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٢٨ هەزارو ٣٢٣) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٣٠ هەزار) دەنگ، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامییە ناگات پێی و نیوەی ئەو دەنگانەی هەیە.
ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (١)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت.
4. ئەگەر یەکێک لە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگەکانی بۆ خوار ژمارەی دەنگەکانی کاندیدەکەی یەکگرتوو نزم ببێتەوە، ئەوا چانسی کاندیدەکەی یەکگرتوو زۆرتر دەبێت.
5. ئەگەر چی نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی وەک پێویست نین لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ (٥هەزار و ٥٦٢) دەنگی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی (یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەمەش تاکە کاندیدەکەی کە ئافرەتە دەکەوێتەو ڕکابەرییەوە لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای بازنەکە و چانسێکی دەبێت بۆ بردنەوەی کورسییەک، بەڵام ئەگەر پارتی بتوانێت کاندیدە ئافرەتەکەی لە دەرەوەی سیستمی کۆتای ئافرەتان سەربخات، ئەو چانسە کەمەی نەوەی نوێ هەیەتی ئەویش دەسوتێت.
بازنەی (2)
بازنەی (٢): کە ناسێنراوە بە بازنەی (زاخۆ + سمێل)، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (2) ئافرەت و (6) پیاو پێکهاتوون (7) کاندیدیان سەربە (5) پارتی سیاسین و (1) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراوە و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (2))
شیکردنەوەی بازنەی (٢)
1. لەم بازنەیەدا (٣) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2. لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٨٣.٩%)ی دەنگەکانی هەیە كە (١٠٤ هەزارو ٥٦٤) دەنگە، سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٣) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە دەنگەکانی ناگاتە چارەکی ئەو دەنگەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەیەتی کە دەکاتە (٣٤ هەزار و ٨٥٥) دەنگ.
لەم بازنەیە پارتی بە (٣) بەربژێر بەشداری کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، بۆ ئەوەی هەرسێ کورسییەکە مسۆگەر بکات، بەڵام کاندیدەکەی یەکێتی بە لاوازییەوە دەبێتە ركابەری كاندیدە ئافرەتەکەی پارتی.
3. لەگەڵ ئەوەی یەکگرتوی ئیسلامی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (٨ هەزار و ٧٤٧) دەنگ، بە تاکە کاندیدێکش بەشداری کردووە، ئەگەر نەڵێین هیچ چانسێکی نیە بۆ بردنی کورسی ئەوا چانسێکی زۆرلاوازی هەیە، ئەوەی زیاتریش چانسە کە لاواز دەکات یەکێتی کاندیدی خۆی هەیە لەبازنەکەدا بەمەش چاوەڕوان ناکرێت دەنگەکانی یەکگرتوو زیاد بکات لەسەرحسابی یەکێتی، تەنانەت دەنگاکانی کۆمەڵ و گۆڕانیش بدرێت بە یەکگرتوو کە هیچ کاندیدێکان نیە لەوبازنەیە (کە ئەمەش مەحاڵە) هێشتا بەشی ئەوە ناکات ژمارەی دەنگەکان بگاتە بەهای بردنەوەی کورسیەک.
4. یەکێتی رێژەی دەنگەکانی بە پلەی سێیەم دێت لە دوای پارتی و یەکگرتووەوە كە (٥ هەزارو ٣١٣) دەنگە بە ڕێژەی (٤.٣%)، بۆیە بەو ڕێژەیەش دۆخی لە یەکگرتوو باشتر نابێت، ئەوەی تەنها چانسێکی بچوک بهێڵێتەوە بۆی پێشکەشکردنی کاندیدی ئافرەتە بۆ ڕکابەری لەگەڵ کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای ئافرەتان، ئەویش ئەگەر بتوانێت دەنگەکانی کۆمەڵ و گۆڕان لەو بازنەیە بچنێتەوە.
ئەگەر پارتی بتوانێت لەم بازنەیە کاندیدە ئافرەتەکەی بەبێ سیستمی کۆتا و بە دەنگی خۆی سەریبخات، ئەو چانسە کەمەشی یەکێتی هەیەتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لەباردەچێت.
5. لەم بازنەیە نەوەی نوێ هێزی چوارەمە بە ( ٤ هەزارو ١٩٢) دەنگ و ڕێژەی (٣.٤%) بەم ژمارەیە هەرچەندە بڕێک لە ڕێژەی دەنگەکانی بەرز ببێتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت کورسی بباتەوە.
بازنەی (٣)
بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (ئاکرێ + شێخان + بەردەڕەش)، لەم بازنەیەدا (7) کاندید کە لە (2) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون سەرجەم کاندیدەکان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا تۆمار نەکراوەو ڕکابەرییەکەش بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))
ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3))
شیکردنەوەی بازنەی (3)
1. لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2. لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٤.٨%)ی دەنگەکانی هەیە كە (٩٧ هەزارو ٤٥٥) دەنگە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٤) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە دەکاتە زیاتر لە (٢٤ هەزار) دەنگ، کە هیچ هێزێکی دیکە بەتەنها خاوەنی ئەو ژمارە دەنگە نیە.
ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانەی بکات دەبێتە خاوەنی (٤) کورسی لە بازنەی (٣)ی دهۆک، بە مەرجێک هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت.
3. لەگەڵ ئەوەی یەکێتی هێزی دووەمی بازنەکەیە بە (١٣ هەزار و ٦٩٧) دەنگ بە ڕێژەی (١٠.٥%)ی دەنگەکان، بەڵام ئەوەی چانسێک دەدات بە یەکێتی بۆ بردنەوەی کورسی پێشکەشکردنی (١) کاندیدی ئافرەتە کە دەبێتە ڕکابەری کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بۆ بردنی کورسی کۆتای ئافرەتان لە بازنەکە.
ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان نەتوانێت کاندیدە ئافرەتەکەی لەدەرەوەی سیستمی کۆتا سەربخات، سەرەتایەک دەبێت بۆ سەرکەوتنی کاندیدە ئافرەتەکەی یەکێتی.
ئەوەی چانسی یەکێتی بەهێزتر دەکات بۆ بردنەوەی کورسی کۆتا، نەبوونی کاندیدی (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو)ە لە بازنەکە، بە مەرجێک بتوانێت دەنگی ئەو لایەنانە بەدەستبهێنیت، کە هەرچواریان پێکەوە (٢٦ هەزار و ٧٧٢) دەنگیان هەیە.
4. نەوەی نوێ وەک هێزی چوارەمی بازنەکە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ خاوەنی (٥هەزار و ٩٨٩) دەنگ بوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی (یەکگرتوو وگۆڕان و کۆمەڵ) هیچ کاندیدێکیان نییە لەم بازنەیە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەڵام بەو خوێندنەوەو ئەنجامە بێت کە لە پێشتر ئاماژەمان پێکردووە، ئاسان نییە کاندیدەکەی نەوەی نوێ کورسی بباتەوە.
ڕاپرسی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان
نوێترین ڕاپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە لایەن (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە. لێرەدا بەشێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە پارێزگای (دهۆک) دەخەینە ڕوو، چونکە بەتەنها پشت بەستن بە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ بەس نیە، جیاوازی لە بۆچون و ڕای هاوڵاتیان دروست بووە لە شێوازی بیرکردنەوەیان و پرسی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا.
ژمارەو ڕێژەی گشتی بەشداربوون، کە لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری و پلەی وەزیفی جیاوازدان، بەم شێویەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))
ئەو ژمارەو ڕێژەیەی هاوڵاتیان کە ژمارەیان (758) کەسەو لە پارێزگای دهۆک بەشدارییان کردووە لە وەڵامیان بۆ پرسیارەکانی دەزگاکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (5))
ئەم خشتەیەی سەرەوە چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات؛
1. ئەگەر چی بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لە سنوری پارێزگای دهۆک زیاتر لە (66%) متمانەیان بە هەڵبژاردن نییە، بەڵام بە پێچەوانەی پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی) پاشەکشەیەکی گەورە ڕوونادات بۆ ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک، چونکە تەنها نزیکەی (22%) دەنگ نادەن و دەنگەکانیان دەسوتێنن. لە کاتێکدا لە پارێزگای هەولێر ئەو ڕێژەیە نزیک لە (35%) و لە پارێزگای سلێمانی ڕێژەکە سەروو (50%).
2. ئەگەر چی سەرو (66%)ی بەشداربووان دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ نادەن، نزیکەی (12%)یش خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام (21%)ی دەنگدەران ئامادەبن دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ بدەن گرنگە، بەڵام ئەم هەڵوێستە هێندە گەورە نییە بتوانێت جێگە بە کاندیدی پارتە سیاسییەکان لێژ بکات بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەشی هەرە زۆری دەنگەکانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوەو دەکرێت وەک قەڵای پارتی تەماشای بکرێت.
3. هەر بەپێی ڕاپرسییەکەی پلاتفۆرمی کوردستان پاشەکەشەیەکی گەورە لە دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان) و یەکگرتوو و کۆمەڵ ڕوودەدات و هیچ کەس ئامادە نیە دەنگ حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بدات، بەڵام بە گوێرەی ڕاپرسییەکە (نەوەی نوێ) دەنگەکانی بەڕادەیەکی گەورە هەڵدەکشێت و بەپێی ڕاپرسییەکەبێت نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی پێش هاوپەیمانی کوردستان دەکەوێت کە بریتین لە یەکێتی و گۆڕان لەو پارێزگایە.