درەو: ئامادەکردنی: ڕێباز جوامێر عەبدولكەریم پرۆسەی بوجەی کارپێکردن بریتییە لە پەرەپێدانی پلانەکانی دارایی. پڕۆسەکان بودجەیەکی گشتگیری سەرەکی له خۆ دەگرێت که پێویستی به پلاندانان هەیە لە هەموو قۆناغەکانی ئه و کارەدا. بە گشتی، پرۆسەی تەرخانکردنی بودجە پێویستی بەم هەنگاوانەی خوارەوە هەیە؛ ئامادەکردن و جێبەجێکردن و چاودێری کردن و ڕاپۆرتکردن. بۆیە ئەو هەنگاوانە گرنگن لەئامادەکردنی پڕۆژەکانی بودجەی کارپێکردنی پارێزگاکان و وەزارەتەکان. زنجیرەی پلاندانانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمانگی حوزەیران و تەمموزی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و هەندێک جاریش لەو ماوەیە تێپەڕ دەبێت کە لە مانگی ئەیلول تەواو دەبێت. بەشی چالاکیەکان لە کاتێکدا کە مێژووی هەموو خەرجییە ڕاستەقینەکانی شەش مانگی ڕابردوویان دەست دەکەوێت، کۆی خەرجییەکان کەڕەت ژمارە دوو دەکات بۆ بەدەستهێنانی بودجە بۆ ساڵی دارایی داهاتوو. پرۆسەی ئامادەکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو مەرکەزییە، چونکە پرۆسەکە لەم چەند هەنگاوەی خوارەوە لە خۆ پێک دێت: قۆناغەکانی بودجەی کارپێکردن لە هەرێمی کوردستان قۆناغی ئامادەکاری وەک هەنگاوی یەکەم، ئەنجومەنی وەزیران دەست دەکات بە توێژینەوە بۆ بارودۆخی ئابووری و کۆمەلایەتی بۆ دیاریکردنی سیاسەتی دارایی پێویست. ئەنجومەنی وەزیران بە پشت بەستن بە سیستەمی سیاسی هەرێم، نەخشەی سیاسەتەکە دەکێشێت. وەزارەتەکان داوا لە بەڕیوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزارەتی تایبەتمەند دەکەن وە بە شێوەیەکی سەرەکی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی دارایی و ژمێریاری دەکات بودجەی خەمڵێنراو بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بکات. دوای ئەوە بەڕێوەبەرایەتی دارایی و ژمێریاری بودجەی خەمڵێنراو ئامادە دەکات و دەینێرێتەوە بۆ وەزارەتی تایبەت مەند. پاشان وەزارەتەکان بودجەی پێشنیازکراو ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکەن بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی ئەوان وەربگرن. دواتر ئەنجومەنی وەزیران ڕێنمایی و ڕاسپاردە بۆ سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات. وەزارەتی دارایی لەگەڵ وەزارەتەکانی تر گفتوگۆ دەکات بۆ ناردنی بودجەی خەمڵێنراویان. هەر کە وەزارەتی دارایی بودجە لە هەموو وەزارەتەکان وەردەگرێت، لە یەک پاکێجدا کۆیان دەکاتەوە. لە مانگی ئەیلول دا، وەزارەتی دارایی پێشنیاری بودجەی ساڵانە ئامادە دەکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەری. قۆناغی جێبەجێکردن و پەسەندکردن لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، سەرۆک وەزیران ڕەشنووسی بودجەی گشتی ڕەوانەی پەرلەمان دەکات. بودجەکە بۆ بودجەی گشتی و یاسا پەیوەندیدارەکان بە لیژنەی چاودێری دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان، دەنێردرێت. لیژنە پەیوەندیدارەکان لەوانە دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجە پێشکەش دەکەن. لەسەر هەر لیژنەیەک پێویستە تێبینی خۆیان سەبارەت بەو بڕگەی کە پەیوەندی بە تایبەتمەندێتی ئەوەوە هەیە لە بودجەی گشتی و حساباتی کۆتایی پێشکەش بکەن. دواتر ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان دابەش دەکەن . پەرلەمان، دەشێت لە پڕۆژە یاسای بودجەدا تەرخانکردنەکان لابدات یان کەم بکاتەوە ودووبارە تەرخانکردن بۆ بودجەکە بکات. ڕاپۆرتەکە بە شێوەیەکی گشتی بابەتەکان باس دەکات، پێش ئەوەی بچێتە سەر گفتوگۆکردن لەسەر دەرگاکانی پڕۆژە یاسای بودجە و پەسنکردنی ئەحکامەکانی . دوای گفتوگۆیەکە، ئەندامان دەنگ لەسەر یاسای بودجە دەدەن بۆ پەسەندکردنی. لەم قۆناغەدا، بودجە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی. دوای پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، بودجەی پەسەندکراوی ساڵانەی هەرێم لە ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بلاودەکرێتەوەو لەم بەروارەوە کاری پێدەکرێت. قۆناغی پیادەکردن وەزارەتی دارایی بودجەی پەسەندکراو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینە دەکات. هاوکات، وەزارەتی دارایی ڕێنمایی لەسەر هەر ئەرکێکی کاری لەناو بودجەی پەسەندکراودا دیاری دەکات. ئەوخەرجیانەی ئەنجام دەدرێن، لە نێو تەرخانکراوەکان و دەسەلاتەکان دا دەدەنرێن. خەرجکردنی بودجەی پڕۆژەکان بۆ حیسابە سەرەکییەکان، دەنێردرێت . ئەنجومەنی وەزیران بۆ مەبەستی ئاماژەپێدراو، دەسەڵات بە وەزیر و دەستەکان دەدات. حکومەت داوای کۆکردنەوەی داهات دەکات لە سەرجەم وەزارەتەکان، هەر یەکەیان لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا. داهاتەکە بە کرێ دانیش لە خۆ دەگرێت، کە ئەمە پشت دەبەستێت بە ڕادەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە هاوڵاتی بە کرێی خەمڵێنراو لە حکومەت وەریدەگرێت. بە هەمان شێوە، باجیش هەیە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە کۆدەکرێتەوە. حساباتی کۆتایی پابەندبوونی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی یەکەکانی ژمێریاری و یاساکانی دارایی، هەڵدەسەنگێنێت ، لەوانە یاسای بودجە. واتە خەرجی ئەنجامدراوی حساباتی کۆتایی و داهاتی کۆکراوە، لەو ماوەیەدا کە بودجەکەی تێدا جێبەجێ کراوە. لە یاسای بودجەی ساڵی دارایی ٢٠١٣ دا، دەسەڵاتەکان بەم شێوەی خوارەوە بووە: وەزارەتی پلاندانان بڕی پێویستی بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەناو بودجەی وەبەرهێناندا گواستووەتەوە . وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان،بڕی پێویستی گواستنەوە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەنێوان وەزارەتەکان و لە سنووری تاکە پارێزگارێک و لە ناو بودجەدا پشتڕاستکراو دا، ئەنجامدەدات. ئەوان رێگەیان بە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریان داوە بە ئەنجامدانی گواستنەوە لە نێوان سەرچاوەکانی خۆیان. دواتر، وەزارەتی پلاندانان گواستنەوەی لەنێوان بوجەکان دا ئەنجام دەدات، جگە لە ناونیشانێک کە جیاکرایەوە کە ڕەنگە مووچە بگوازێتەوە لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی گواستنەوەی لەنێوان بەشەکانی تەرخانکراوەکانی بودجەدا ئەنجامدا. هەروەک ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە نابێت هیچ گواستنەوەیەک لەنێوان پارێزگاکاندا لەناو تەرخانکردنەکاندا بکرێت. لەگەڵ ئەوەش، ڕێگە بە ئەنجامدانی گواستنەوەی تەرخانکراوەکانی خەرجییەکانی وەبەرهێنان (بودجەی وەبەرهێنان) بۆ خەرجیی کارپێکردن، نادرێت. قۆناغی چاودێریکردن (ڕاپۆرتکردن) قۆناغی کۆتایی پرۆسەی بودجە، بریتیە لە قۆناغی وردبینی و ڕاپۆرتکردن. لەم قۆناغەدا، خەرجکردنی پارەی گشتی، وردبینی دەکرێت بۆ دڵنیاکردنەوەی بەرپرسان و ڕای گشتی. ئەم قۆناغە جەخت لەسەر دوو بوار دەکاتەوە وەک؛ یەکەم، ئەو پارانە بە گوێرەی نیازی یاسایی بەکارهێنراون و هیچ پارەیەک بە نایاسایی و بۆ دەستکەوتی کەسی خەرج نەکراوە. دووەم، دامو دەزگا حکومیەکان بە کاراترین و کاریگەرترین شێوە و بە گوێرەی سنووری یاسایی و دامەزراوەیی بەرنامە و چالاکیەکان ئەنجام دەدەن. هەروەها، لەم قۆناغەدا، ئەم ئامانجانەی خوارەوە بەدی دەهێنرێن: • دڵنیابوون لە داهاتەکان بەپێی رێساکان و خەرجییەکان بەپێی ئەحکامەکانی بودجەی ساڵانە و دارایی بەپێی رێسا داراییەکان. • دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو پارە و بازرگانییە جێگیرەکانی حکومەت لە مەبەستەکانیان بەکار هاتوون. • کارکردن لەسەر ئەوەی کە خەرجییە گشتییەکان بە عەقڵانی و مەنتقی خەرج بکرێن. • دڵنیابوونەوە لەوەی کە دامو دەزگاکانی حکومەت ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەن. • دەستنیشانکردنی هەر هەڵەیەک و ناڕێکیەک، کە لە دامو دەزگاکانی حکومەت دا، روودەدات. • پێداچونەوە و پەیڕەوی کردن لە ڕێسا و ڕێنماییە داراییەکان. • جەخت کردنەوە لەوەی کە هۆیەکان و ڕێوشوێنەکانی دارایی گونجاون بۆ بەدەستهێنانی گەورەترین ئەنجامی پێشبینیکراو بە کەمترین تێچوون. • زیادکردنی تواناو کاریگەری دامو دەزگاکانی حکومەت. • جەختکردنەوە لەوەی کە تۆمار و بەیان و راپۆرتە داراییەکان، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست، بەو شێوەی کە لەلایەن ڕێسا و رێنماییەکانی بەرکار دەستنیشانکراوە، پارێزراوو ئامادە کراوە. دوو جۆری چاودێریکردن هەیە، ئەمەش دەوەستێتە سەر ئەو لایەنەی چاودێریکردنەکەی ئەنجامداوە؛ کە بریتیە لە چاودێری ناوخۆیی و چاودێری دەرەکی. چاودێری ناوخۆیی ( وربینی پێش ئەنجامدانی خەرجیە) ئەمە ئامادەکاری خەمڵاندنی کارایی سیستەم و کەمکردنەوەی مەترسیەکان لەخۆ دەگرێت. پرۆسەی وردبین کردن پێرەوی لە مەسەلە گرنگەکانی چاودێری ناوخۆیی دەکات و چالاکیەکانی سیستەمی چاودێریکردن و زانیاری باشتر دەکات بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەپرۆسەی بڕیارداندا. چاودێری ناوخۆ پێداچوونەوە دەکات بە پرۆسەی چۆنیەتی بەکارهێنانی خزمەتگوزاریەکانی بەردەست و پێشنیاری شێوازی کاریگەر بۆ دابینکردنی ئەو خزمەتگوزاریانە دەکات. هەروەها ئەوان لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ دەزگاکانی وردبینی دەرەکی. هەروەها بەشداری دەکەن لە پێدانی زانیاری بە شێوەیەکی بەردەوام، لەسەر باری جێبەجێکردنی پلانی وردبینی ساڵانە. چاودێری دەرەکی: چاودێری دەرەکی تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتە گرنگ و ئەرکە گرنگانە کە پەیوەندی بە خەرجکردنی بودجەوە هەیە و چاودێری خەرجییە گشتیەکانی حکومەت دەکات. لەهەرێمی کوردستان سێ لایەن هەن کە دەستیان هەیە لە کۆنترۆڵ کردن و چاودێریکردن، ئەوانیش بریتین لە: 1- چاودێری پەرلەمانی 2-دیوانی چاودێری دارایی (وردبینی پێش ئەنجامدانی خەرجیە) 3- دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2013) بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2013 دا، ئەوە بوو؛ • بودجەی گشتی عێراق (138,424,608,000,000) دیناری عێراقی بووە. • بودجەی سیادی لە بودجەی گشتیدا (40,381,584,000,000) ی دیناری عێراقی بووە. • بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتی (10,101,945,000,000) دیناری عێراقی بووە. • بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان (7,256,000,000,000) دیناری عێراقی بووە. • بودجەی پترۆ دۆلار (1,317,805,000,000) دیناری عێراقی بووە • ئەو بودجەیەی ماوەتەوە (79,367,274,000,000) دیناری عێراقی بووە. لە کاتێک دا کۆی داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کورستان بەم شێوەی خوارەوەیە: بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی (17%) بەم شێوەی خوارەوە بووە: (79 , 367 , 274 , 000 , 000 * 17 % ) = (13,492,436,000,000) دیناری عێراقی. پشکی هەرێم لە بودجەی پارێزگاکان و پترۆ دۆلار (914,298,000,000) دیناری عێراقی بووە. کەواتە ڕێژەی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2013 بەم شێوەیە بووە: 13,492,436,000,000دیناری عێراقی + 914,298,000,000 = 14,406,734,000,000 دیناری عێراقی. خەرجی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 دا کورتهێنانی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 دا: کورتهێنانئی بودجە، بریتیە لە جیاوازی نێوان ئەوەی حکومەت لەداهات دەستی دەکەوێت و ئەوەی خەرجی دەکات.
راپۆرت: درەو حکومەتی عێراق لە دە مانگی ڕابردوودا بە بەهای نزیکەی (٨٨) ترلیۆن دینار نەوتی فرۆشتووە، واتە داهاتی نەوت بۆ هەر مانگێک بریتی بووە لە (٨.٨) ترلیۆن دینار. بەم پێیە بەو جۆرەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، داهاتی نەوت توانیوییەتی سەرەڕای پڕکردنەوەی کوتهێنان مانگانە نزیکەی (١٣٠) ملیار دینار سەرێڕێژ بخاتە سەر بودجەی گشتی عێراق. داهات و خەرجی لە بودجەی گشتی (2021)ی عێراقدا یەکەم: داهات بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق ژمارە (٢٣)ی ساڵی (٢٠٢١) کۆی داهاتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە (١٠١) ترلیۆن و (٣٢٠) ملیار و (١٤١) ملیۆن و (٩٨٤) هەزار دینار خەمێندراوە، لە سەرچاوەکانی؛ 1. بەپێی یاساکە داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%) و بە (٨١) ترلیۆن و (١٧١) ملیار و (١١٢) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار دینار خەمڵێندراوە. 2. بەپێی یاساکە نرخی نەوت بە (٤٥) دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە بە مەرجێک ڕۆژانە بڕی (٣) ملیۆن و (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەستنیشان کراوە. 3. بەپێی یاساکە داهاتی نانەوتی بەڕێژەی (٢٠%) و بە(٢٠) ترلیۆن و (١٤٩) ملیار و (٢٩) ملیۆن و (٤٨٤) هەزار دینار دیاریکراوە. دووەم: خەرجی یاساکە خەرجییەکانی بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار تەرخان کردووە بۆ بوارەکانی (خەرجی بەکاربردن، خەرجی سەرمایەگوزاری و خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، خەرجی لەناکاو ...هتد). سێیەم: کورتهێنان کورتهێنان بە (٢٨) ترلیۆن و (٦٧٢) ملیار و (٨٦٧) ملیۆن و (٣٠٧) هەزار دینار هاتووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش بەپێی یاساکە پشت دەبەسترێت بە؛ 1. پڕکردنەوەی کورتهێنان بە گریمانەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. 2. زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت. 3. پەنابردنە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی. داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە (١٠) مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠٢١) بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، حکومەتی عێراق لە (١٠) مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا (٩٠٢) ملیۆن و (٤١٦) هەزار و (٧٣٧) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە. بە تێکڕای ڕۆژانەش لەو ماوەیەدا (٢) ملیۆن و (٩٦٠) هەزار و (٤٠) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. هاوکات بە تێکڕای دە مانگەکە یەک بەرمیل نەوتی بە (٦٧.٠٤) دۆلار فرۆشتووە. کۆی گشتی ئەو نەوتەی فرۆشتوویەتی بەهاکەی (٦٠) ملیار و (٦٦١) ملیۆن و (٥١٢) هەزار دۆلار بووە، کە هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراقی بەهاکەی (١٤٥٠) دینارە، بەو پێیەش داهاتی نەوتی عێراق لە دە مانگی ڕابردوودا (٨٧) ترلیۆن و (٩٥٩) ملیار و (١٩٢) ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دیناری عێراقی بووە. (بڕوانە وردەکاری فرۆشی نەوت لە خشتەو چارتەکە)ی خوارەوە. داهاتی نەوت لە نێوان یاسای بودجە و دۆخی بازاڕدا یەکەم: داهاتی نەوت بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%) و بە (٨١) ترلیۆن و (١٧١) ملیار و (١١٢) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار دینار خەمڵێندراوە. بەڵام لە واقعدا تا کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ داهاتی نەوت (٨٧) ترلیۆن و (٩٥٩) ملیار و (١٩٢) ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دیناری عێراقی بووە، بەم پێیەش هێشتا (٢) مانگی ساڵ ماوە عێراق بەبەهای (٦) ترلیۆن و (٧٨٨) ملیار و (٧٩) ملیۆن و (٩٠٠) هەزار دینار داهاتی نەوتی زۆرترە لەو داهاتەی کە لە یاسای بودجەدا بۆ کۆی ساڵاکە خەمڵاندبووی. چونکە بەو پێیەی لە یاسای بودجەدا هاتووە نرخی یەک بەرمیل نەوت بە (٤٥) دۆلار خەمڵێندرابوو، بەڵام (وەک لە خشتەکەدا هاتووە) هیچ کات نەوتی عێراقی بەو نرخە نەفرۆشراوە، بەڵکو هەمیشە گرانتر لەو نرخە فرۆشتوویەتی بە تێکڕای هەر (١٠) مانگی یەکەمی ساڵەکە یەک بەرمیل نەوتی عێراقی بە (٦٧.٠٤) دۆلار فرۆشراوە، واتە هەموو بەرمیلێک نەوتی بە (٢٢.٠٤) دۆلار زیاتر فرۆشتووە لەو نرخەی لە یاساکەدا هاتووە. سەرباری ئەوەی کە لە یاساکەدا هاتووە "ڕۆژانە بڕی (٣) ملیۆن و (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەستنیشان کراوە". بەڵام بەتێکڕای مانگانەو بەتێکڕای گشتی دە مانگەکە، هیچ کات فرۆشی نەوتی عێراق نەگەیشتووە بەو بڕە، بەڵکو بە تێکڕای ڕۆژانەی (٢) ملیۆن و (٩٦٠) هەزار و (٤٠) بەرمیل فرۆشی نەوتی بووە لەو ماوەیەدا، واتە هەموو ڕۆژێک (٢٨٩) هەزار و (٩٦٠) بەرمیل نەوت کەمتر فرۆشراوە بەراورد بەو بڕەی کە لەیاسای بودجەدا دەستنیشان کراوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەگەر حکومەتی عێراق ئەو بڕەی کە یاساکە دیارییکردووە، هەناردەی بکردایە، واتە بە تێکڕا هەموو ڕۆژێک لە ماوەی ئەو دە مانگەدا (٢٨٩) هەزار و (٩٦٠) بەرمیل نەوت زیاتری بفرۆشتایە ئەوا دەیکردە (٨٦) ملیۆن و (٩٨٨) هەزار بەرمیل نەوت و بەتێکڕا هەر بەرمیلە نەوتێکی بە (٦٧) دۆلار بفرۆشتایە بەهاکەی دەیکردە (٥) ملیار و (٨٢٨) ملیۆن و (١٩٦) هەزار دۆلاری بەرامبەر بە (٨) ترلیۆن و (٤٥٠) ملیار و (٨٨٤) ملیۆن (٢٠٠)هەزار دینار و دەهاتە سەر داهاتی فرۆشی نەوت و بودجەی گشتی عێراق. دووەم: خەرجی یاسای بودجەی گشتی عێراق خەرجییەکانی بە کورتهێنانیشەوە بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار خەمڵاندووەو تەرخانی کردووە بۆ بوارەکانی (خەرجی بەکاربردن، خەرجی سەرمایەگوزاری و خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، خەرجی لەناکاو ...هتد). واتە بۆ هەر مانگێک بڕی (١٠) ترلیۆن و (٨٣٢) ملیار و (٧٥٠) ملیۆن و (٧٧٤) هەزار و (٢٥٠) دینار. هەر بەپێی یاساکە داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%)ی بودجەی گشتی خەمڵێندراوە. واتە پێویستە لەو بڕەی مانگانە دیاری کراوە بڕی (٨) ترلیۆن و (٦٦٦) ملیار و (٢٠٠) ملیۆن و (٦١٩) هەزار و (٤٠٠) دینار لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە بەدەست بخرێت. وەک دەبینین لە دە مانگی ڕابردوودا بە بەهای (٨٧) ترلیۆن و (٩٥٩) ملیار و (١٩٢) ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دینار نەوت فرۆشراوە، واتە داهاتی نەوت بۆ هەر مانگێک بریتی بووە لە (٨) ترلیۆن و (٧٩٥) ملیار و (٩١٩) ملیۆن و (٢٤٠) هەزار دینار. بەم پێیەش سەرەڕای پڕکردەنەوەی کوتهێنان دەبینن مانگانە داهاتی نەوت (١٢٩) ملیار و (٧١٨) ملیۆن و (٦٢٠) هەزار و (٦٠٠) دینار سەرێڕێژی هەیە. سێیەم: کورتهێنان لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا هاتووە کورتهێنان بە (٢٨) ترلیۆن و (٦٧٢) ملیار و (٨٦٧) ملیۆن و (٣٠٧) هەزار دینار خەمڵێندراوە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش بەپێی یاساکە پشتی بەستووە بە؛ 1. پڕکردنەوەی کورتهێنان بە گریمانەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. 2. زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت. 3. پەنابردنە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی. بەڵام وەک دەبینین خاڵی یەکەم، کە گریمانەی بەرزبوونەوەی نەوتە، بەڕوونی بەدیهاتووە، خاڵی دووەم و سێیەمیش پێچەوانەکەی جێبەجێکراوە، چونکە لەلایەک کەمتر لەو بڕەی نەوت فرۆشراوە کە یاساکە دەستنیشانی کردووە، هاوکات حکومەتی عێراق لە بری پەنا بردن بۆ قەرزی دەرەکی، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق ڕووی لە دابەزین کردووە. لە بەشی پێشوودا ئەوەمان ڕوونکردووەتەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نەک تەنها کورتهێنانی پڕکردووەتەوە، بەڵکو لە دە مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١، بودجەی گشتی عێراق سەرڕێژی کردووە.
راپۆرت: درەو لایەنە شیعە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن گەڕی خۆیان لە جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئاڵاندووە، باسی ناردنی وەفد دەكرێت بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان، راپۆرتی كۆمپانیا ئەڵمانییەكە بووە بە بەڵگەی بەهێز بەدەست لایەنە شیعەكانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، سەدر داوای بڵاوكردنەوەی بەڵگەی هێرشەكەی ماڵی مستەفا كازمی دەكات، لەم نێوەندەدا پرۆسەی دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردن راگیراوە. سەدرو بەدر 47 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا تێدەپەڕێت، هێشتا لایەنە شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنو یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران رێكنەكەوتوون. سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەلایەكو (بەدر، فەتحی هادی عامری، عەسائیبی ئەهلی حەق، كەتیبەكانی حزبوڵا، حیكمەی عەممار حەكیم، نەسری حەیدەر عەبادی، دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی) لەلایەكی تر وەكو دۆڕاوی هەڵبژاردن، جگە لە مالیكی كە تاڕادەیەك قایلە بە ژمارە كورسییەكانی. لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن كە خۆیان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بەناوی "چوارچێوەی هەماهەنگیی" كۆكردوەتەوە (جگە لە موقتەدا سەدر)، ماوە لەدوای ماوە لایەنگرانیان لەبەردەم ناوچەی سەوزدا لە بەغداد كۆدەكەنەوەو هەڕەشە لە حكومەتو بارەگای باڵیۆزخانە بیانییەكان دەكەن. پلاسخارت لەناو ناڕەزایەتی شیعەكاندا رۆژی 19ی ئەم مانگە جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەشداری كۆبونەوەیەكی "چوارچێوەی هەماهەنگیی" كرد، لەم كۆبونەوەیەدا وەكو باسدەكرێت، سەركردە شیعەكان دەیان بەڵگەیان لەبارەی یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن داوەتە پلاسخارت، ئەویش بەڵێنی داوە لە وتەی خۆیدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باس لەو بەڵگانە بكات، بەڵام كاتێك قسەی كردووە، بەڵێنەكەی نەبردوەتەسەر بەپێچەوانەی چاوەڕوانی لایەنە شیعەكانەوە ستایشی هەڵبژاردنەكەی كردووەو وەكو "هەڵبژاردنێكی خاوێن" ناوی بردووەو داوای لە لایەنە دۆڕاوەكان كردووە رێز لە ئەنجامەكان بگرن. ئەمە لایەنە شیعەكانی لە پلاسخارت توڕە كرد، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە نوێنەرایەتی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكات، روبەڕوو لەگەڵ پلاسخارت دانیشتو تۆمەتباری كرد بەوەی دەستوەردان لە هەڵبژاردنو ئەنجامەكانیدا دەكات. سكاڵا دەبەن بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان دوای ئەو روبەڕووبونەوەیە لەگەڵ پلاسخارت، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت وەفدێك بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی رەوانەی نەتەوە یەكگرتووەكان بكات بۆ خستنەڕووی بەڵگەنامەكانی تایبەت بە روودانی ساختەكاری لە هەڵبژاردندا، سەرباری ئەمە تۆماری گفتوگۆی نێوان پلاسخارتو قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی رادەستی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت، بەڵام شەوی پێنج شەممەی رابردوو پلاسخارت سەردانی هادی عامری كردووەو داوای لێكردووە ئەو كارە نەكەن. هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكاتو یەكێكە لە لایەنە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن، ئەمڕۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: ئەوەی باسدەكرێت سەبارەت بە جموجوڵی حەیدەر عەبادی چ ئەوەی پەیوەندیدارە بە داواكردنی دیداری سەماحەتی مەرجەعی باڵا چ هەواڵی سەرۆكایەتیكردنی وەفدێك بۆ سەردانكردنی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەواڵی ناڕاستن. راپۆرتی كۆمپانیا ئەڵمانییەكە لەم كاتەدا كە لایەنە شیعەكان ناڕەزایەتییەكانیان چڕكردوەتەوەو هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەدەن، راپۆرتێكی كۆمپانیای (Hensoldt)ی ئەڵمانی دزەی پێكراوە كە سود بە ناڕەزایەتی لایەنە شیعەكان دەگەیەنێت. ئەم كۆمپانیایە كە سەرپەرەشتیاری پشكنینی ئامێرەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی كردووە، لە راپۆرتەكەیدا لەبارەی هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەكەوە كە بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ناردووە، باسلەوەدەكات، پەنجەمۆری دەنگدەران لە ئامێری دڵنبابونەوەی لە پەنجەمۆر، دانەنراوە، ئەمە وایكردووە ژمارەیەكی زۆر لە دەنگدەران نەتوانن دەنگ بدەن بەهۆی ئەوەی كارتی بایۆمەترییان نەبووەو پشتیان بە پەنجەمۆری ئەلیكترۆنی بەستووە. راپۆرتی كۆمپانیا ئەڵمانییەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان پرۆگرامەكەی لە رۆژی 22ی ئەیلولو رۆژی 10ی ئۆكتۆبەردا، واتە رۆژی هەڵبژاردن گۆڕدراوە، ئەمە لەكاتێكدا رویداوە كۆمپانیاكە پێشنیازی ئەوەی كردووە بەر لە (6 هەفتە) لە رۆژی دەنگدان پرۆگرامەكان بگۆڕدرێن. لەپاڵ ئەمانەدا، لە راپۆرتەكەیدا كۆمپانیا ئەڵمانییەكە باسی لەوەكردووە، ناتوانێت لێكۆڵینەوە لەوە بكات ئاخۆ پێوەری لێكۆڵینەوە لە پەنجەمۆرەكان هاوكایە لەگەڵ پرۆگرامە جیهانییەكاندا. لەبارەی ئامێری نیشاندانی ئەنجامەكانیشەوە، كۆمپانیا ئەڵمانییەكە وتویەتی ئەم ئامێرە لەچوارچێوەی گرێبەستی كاركردنی ئێمەدا نییەو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پێشنیاز كراوە. لایەنە شیعەكان ئەم راپۆرتەیان كردووە بە بەڵگە لەسەر روودانی ساختەكاری گەورە لە هەڵبژاردنەكەدا. گۆڕانكاری لە كورسییەكان راگیراوە لەدوای ناڕەزایەتی لایەنە شیعەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەرێگەی تەماشاكردنی تانەكانەوە هەوڵیدا هەندێك كورسی بۆ ئەو لایەنانە بگێڕێتەوە، بەڵام ژمارەی كورسییەكان لە ئاستی چاوەڕوانی ئەو لایەنانەدا نەبوو. بڕیاربوو لەسەر حسابی رەوتی سەدرو هەندێك لایەنی براوەی تر ژمارەیەك كورسی بۆ لایەنە ناڕەزاییەكان زیاد بكرێت، بەڵام ئەمە لەلایەن سەدرو ئەو لایەنانەوە رەتكرایەوە، بۆیە ئێستا پرۆسەی دەستكاریكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راگیراوە. رۆژی پێنج شەممەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتایی بە پرۆسەی ژماردنەوەی "دەستیی" دەنگەكانی لەو وێستگانە تەواوكرد كە دەستەی دادوەریی داوای لێكردبوو بەهۆی تانەی لایەنەكانەوە لێكۆڵینەوەیان لێبكات. هێرشەكەی ماڵی كازمی! ئێستا كە لایەنە ناڕازییە شیعەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن فشارەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن توند كردوەتەوە، دوێنێ موقتەدا سەدر لە وەڵامی ئەمەدا داوای كرد ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانە رابگەیەندرێت كە لەبارەی هێرش بۆ سەر ماڵی مستەفا كازمی لەرێگەی دۆرۆنەوە ئەنجامدرا. سەدر دەزانێ لە كوێوە قسە دەكات، چونكە لەم هێرشەی ماڵی كازمیدا پەنجەی تۆمەت بۆ یەكێك لە لایەنە شیعەكانی دۆڕاوی هەڵبژاردن رادەكێشرێت. دوای ئەم قسانەی سەدر، موشریق عەباس راوێژكاری مستەفا كازمی رایگەیاند، چەند رۆژی داهاتوو هەندێك بەڵگەنامەی ڤیدیۆیو وێنەیی هێرشەكەی ماڵی كازمی ئاشكرا دەكرێت. مەرجەعیەت بێدەنگە لەكاتێكدا رۆژ لەدوای رۆژ گرژییەكانی ناو ماڵی شیعە توندتر دەبێتەوە، ئایەتوڵلا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە نەجەف تائێستا بێدەنگەو نایەوێت هیچ قسەیەك بكات. مەرجەعیەت ماندوو بووە لە كێشەی ناو ماڵی شیعە، دوای روخانی رژێمی سەددام لە 2003دا بەردەوام مەرجەعیەت قسەی یەكلاكەرەوەی ناو ماڵی شیعەی دەكرد، بەڵام ئەم ساڵانەی دوایی ئیتر هەستی كردووە تەنانەت قسەی ئەویش وەكو پێویست نابیسرێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت ئەمجارە بێدەنگیی هەڵبژاردووە. ناكۆكی ناو ماڵی شیعە تەنیا مەرجەعیەتی بێئومێد نەكردووە، بەڵكو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی توشی شەرمەزارییو دادگای فیدراڵیش كە بڕیارە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەنێت، دەستی لەنێوان شەڕی ئیرادەی نێوان سەدرو بەدرو مالیكیو لایەنەكانی تردا بەستراوە. لەم ململانێ ناوخۆییەی شیعەدا، پێكهاتەی كوردو سوننە تەماشاكەرنو نایانەوێت داخڵی ناو ململانێكە ببن تا ئەوكاتەی ماڵی شیعە لەناو خۆیدا لەسەر كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یەكلادەبێتەوە. موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن دەرگای لەسەر پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی لەگەڵ لایەنە شیعەكانی تر داخستووە، ئەمەش ئاسۆی چارەسەری دۆخەكەی سەختتر كردووە، سەدر دەڵێ یان من حكومەت پێكدەهێنمو ئێوە ببن بە ئۆپۆزسیۆن، یان ئێوە دروستی بكەنو من دەبم بە ئۆپۆزسیۆن، هەردوو حاڵەتەكە بۆ ئایندەی ماڵی شیعە لە عێراق خراپ دەبێت. ئێرانییەكان كە بەردەوام لەدوای روخانی سەددامەوە دەستیان بە شیعەكانەوەیەو كێشەی نێوانیان چارەسەر دەكەن، ئەمجارە ئەوانیش دەستەوسان بوون، ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ ئێرانو لایەنە شیعەكان شۆك بوو.
راپۆرت: درەو هەموو حزبەكان بەوانەشەوە كە خۆیان لەناو حكومەتدان پشتیوانی خۆپیشاندانی خوێندكاران دەكەن، بەڵام كەس ئامادە نییە بڕیار لەسەر گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بدات، وەزیرەكانی یەكێتیو گۆڕان یەكتر تۆمەتبار دەكەن، مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانیش پەیوەندییەكانیان ساردو سڕی تێكەوتووە، دەرماڵەی خوێندكاران مانگانە (8 ملیار) دینار خەرجی دەخاتە سەرشانی حكومەت ، ئایا كابینەی نۆیەم كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە ئەم بڕە پارەیەی لەبەردەستدایە ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. شۆڕشی خوێندكاران كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، خۆپیشاندانی لێ نابڕێت. ناڕەزایەتییەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستان لەناو هەردوو كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا رویانداوە، كە یەكەمیان بەدەست پارتیو دووەمیان بەدەست یەكێتییەوەیە، دوای ناڕەزایەتی دەرچوانی 12ی ئامادەییو مامۆستایانی وانەبێژ، ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان دەستی پێكردووە، داوای گەڕاندنەوەی دەرماڵەكانیان دەكەن كە ماوەی (7 ساڵە) لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارییەوە حكومەت بڕیویەتی. سەرەتای ناڕەزایەتی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان لەناو شاری سلێمانییەوە دەستی پێكرد، دواتر پەڕییەوە بۆ ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو ئەمڕۆش ناڕەزایەتی گەیشتە هەولێری پایتەختو دهۆك كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدان، ئەم جموجوڵە نوێیە ناوی لێنراوە "شۆڕشی خوێندكاران". دوێنێ ناڕەزایەتییەكان توند بووەوە، خوێندكاران رێگە سەرەكییەكانی شاری سلێمانیان داخست، لە چەند شوێنێك پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانو خوێندكاران رویدا، لە هەردوولا بریندار هەبوو، بەڵام ناڕەزایەتی لەبارەی توندوتیژی هێزە ئەمنییەكان زیاتر بووە، پارتە سیاسییەكان بەوانەشەوە كە خۆیان پێكهێنەری حكومەتن پشتیوانی ناڕەزایەتی خوێندكاران دەكەن، رەنگە ئەمە پەیوەندی بە نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە هەبێت، لایەنەكان خۆیان لە دەنگی شەقام نزیك دەكەنەوە، بەڵام هیچ یەكێكیان ئامادە نین لەناو حكومەتەوە بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بدەن. لەبارەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە دەرماڵەی خوێندن ئەو بڕە پارەیەیە كە بۆ خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگا حكومییەكان تەرخانكراوە، ئەم بڕە پارەیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە رۆژی (11/2/2014) بەبڕیارێكی كابینەی نێچیرڤان بارزانی راگیرا. تاوەكو بەر لە بڕیاری بڕینی پارەكە، ئەو دەرماڵەیەی كە خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان وەریاندەگرت، بەمشێوەیە بوو: • بڕی (40 هەزار) دیناری مانگانە بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لەناو شارەكانی خۆیان لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراون • بڕی (60 هەزار) دینار بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لە دەرەوەی شارەكانی خۆیان لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراونو لە بەشە ناوخۆییەكان دەمێننەوە • بڕی (100 هەزار) دینار بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لە دەرەوەی شارەكانی خۆیان لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراون، بەڵام لە بەشە ناوخۆییەكانیش نامێننەوە بەگوێرەی داتاكان كە وەزارەتی خوێندنی باڵا خستویەتی روو، ئێستا لە هەرێمی كوردستان (134 هەزارو 649) خوێندكاری زانكۆو پەیمانگاكان هەن، ئەگەر حكومەتی هەرێم بڕیار لەسەر گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بدات بە هەمان ئەو بڕەی تاوەكو ساڵی 2014 هەبووە، خەرجی یەك مانگی دەرماڵەی خوێندكاران دەگاتە بڕی (8 ملیار) دینار. خۆ ئەگەر وەكو ئەوەی داوا دەكرێت بەهۆی گۆڕانكاری دۆخی ئابورییو بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقو گرانبوونی كاڵا لە بازاڕەكاندا، بڕی تەرخانكراوی دەرماڵەی خوێندكاران زیاتر بكرێت، خەرجییەكە لەسەر حكومەت زیاتریش دەبێت. حكومەت دەرماڵەی خوێندكاران دەگەڕێنێتەوە ؟ بەپێی دواین داتاكان، ئێستا داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بەمشێوەیە: • داهاتی نەوت: مانگانە بە تێكڕا لەكۆی (900 ملیۆن) دۆلاری داهاتی فرۆشی نەوت بڕی (350 ملیۆن) دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ ناو خەزێنەی وەزارەتی دارایی، ئەم بڕە پارەیە بە دیناری عێراقی مانگانە (520 ملیار) دینار دەكات. • داهاتی ناوخۆ: مانگانە بڕی (250 ملیار) دینارە. • پارمەتی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی كوردستان: مانگانە بڕی (20 ملیار) دینارە • پارەی بەغداد بۆ موچەی فەرمانبەران: مانگانە (200 ملیار دینار)ە واتە بە تێكڕا ئێستا داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم (990 ملیار) دینارە، كە بڕی (894 ملیار) دیناری بەتەنیا بۆ موچە دەڕواتو نزیكەی (60 ملیار) دیار دەمێنێتەوە. داهاتو خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم دەریدەخات حكومەت پارەی پێویستی بۆ خەرجكردنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران لەبەردەستدایە، بەڵام ئەم خەرجییە وەكو بەرپرسانی حكومەت دەڵێن كاریگەری لەسەر خەرجی بەكاربردنی وەزارەتو پرۆژەكان دەبێت، بۆیە پێشبینی ناكرێت حكومەت بڕیار لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران بدات. كێ بابەتەكەی خستە ناو رایگشتییەوە ؟ یەكەم كەس پرسی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكانی خستە بەردەم پەرلەمانی كوردستانو رایگشتی، (ئاشنا عەبدوڵا) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بوو، ئەم ژنە رۆژی (14)ی ئەم مانگە، ئیمزای (48) پەرلەمانتاری كۆكردەوەو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد، لەم نوسراوەدا پەرلەمانتاران داوایان كرد پرسی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بخرێتە بەرنامەی كاری نزیكترین دانیشتنی پەرلەمانو وەزیرە تایبەتمەندەكانی ئەم بوارە بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن. یەك هەفتە دوای ئەم نوسراوەی پەرلەمانتاران، ناڕەزایەتی خوێندكاران تەقییەوەو خۆپیشاندان دەستی پێكرد. یەكێتیو گۆڕان یەكتر تۆمەتبار دەكەن ئێستا كە ئیتر ناڕەزایەتییەكان بەرەو گەورەبوون دەچن، وەزیرەكانی حكومەت یەكتر تۆمەتبار دەكەن. وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدەست یەكێتییەوەیەو وەزیرەكەی (ئارام محەمەد)ە، ئەم وەزیرەی یەكێتی لەماوەیەكی كورتدا ئەمە دووەمینجارە روبەڕووی ناڕەزایەتی بەفراوانی خوێندكارانی دەبێتەوە، سەرەتا ناڕەزایەتی دەرچوانی 12ی ئامادەیی كە ناویان لە زانكۆو پەیمانگاكان نەگەڕایەوە، ئێستا ناڕەزایەتی بۆ دەرماڵەی بڕدراوی خوێندكاران. میدیای یەكێتی كە پشتیوانی لە وەزیرەكەی خۆی دەكات، بەرپرسیارێتی نەگەڕاندنەوەی دەرماڵەی بڕدراوی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی، كە وەزیرەكەی (ئاوات شێخ جەناب)و سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە. میدیای یەكێتی دەڵێ وەزیری خوێندنی باڵا لەسەرەتا كابینەی نۆیەمەوە داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتی دارایی كردووە دەرماڵەی خوێندكاران خەرج بكەنەوە. بەڵام وەزارەتی دارایی كە بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێ" پێش 2014 دوای پەسەندكردنی بودجە لە پەرلەمان پارە بۆ دەرماڵەی خوێندكاران تەرخانكراوەو پارەكە هەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا خەرجكراوەو بەهیچ شێوەیەك نەهاتووە بۆ وەزارەتی دارایی، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە"، لەمە زیاتر وەزارەتی دارایی وەڵامی میدیای یەكێتی دەداتەوەو دەڵێ" لە ساڵی 2021دا هیچ نوسراوێكی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە بۆ ئێمە نەهاتووە". یەكێتیو گۆڕان كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراقدا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، لەسەر كێشەی دەرماڵەی خوێندكاران كەوتونەتە بەرامبەر یەكترو پارتیش كە سەرۆكایەتی كابینەی حكومەت دەكاتو زۆرینەی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستەوەیە، بێدەنگە. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە زیاتر خۆی بە كەسێكی نزیك لەم توێژەی كۆمەڵگە واتە خوێندكارانی زانكۆ نیشان دەداتو لەدواین هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆربەی گوتارو بەڵێنەكانی ئاڕاستەی ئەم توێژە دەكرد، دوای سێ رۆژ ناڕەزارەتیو روودانی توندوتیژی تائێستا هیچ قسەیەكی لەبارەی خۆپیشاندانی خوێندكارانەوە نەكردووە، قوباد تاڵەبانی لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرەوە كەم دەردەكەوێتو بەشداری كۆبونەوەكانی حكومەت ناكات، پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی ساردو سڕی تێكەوتووە، حكومەت خەرجی پرۆژەكانی سلێمانی خستوەتە سەر داهاتەكانی سلێمانی خۆیو جگە لە پارەی موچەی فەرمانبەران پارەی تر بۆ سلێمانی نانێرێت، لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی سلێمانییەوە كە ماڵباتی تاڵەبانی بەتەواوەتی كۆنترۆڵی یەكێتییان كردووە، لەبری زیادبوون، داهاتەكانی حكومەت كەمیكردووە. ناڕەزایەتی دژی بڕینی دەرماڵەی خوێندكاران لە ساڵی 2019وە دەستی پێكردوەتەوەو نوێ نییە، رۆژی (1/4/2019) ژمارەیەك لە خوێندكاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بڕینی دەرماڵەكانیان چونە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێر، رۆژی (16/7/2019) حەسیبە گەردی ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان وتی" یەكێك لە كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانە". رۆژی (6/5/2020) هەردوو وەزیری خوێندنی باڵاو پەروەردە چونە بەردەم پەرلەمان، یەكێك لەو بابەتانەی كە باسكرا، پرسی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بوو.
شیكاری: درەو داهاتی نەوتی عێراق بە بەراوردی نێوان ئۆکتۆبەری 2020 و ئۆکتۆبەری 2021 بە ڕێژەی (55%) بە دۆلار و (63%) بەدینار زیادی کردووە، لە ئۆکتۆبەری (2020) تێکڕای نرخی نەوتی عێراق بە (38.77) دۆلار فرۆشراوە، حکومەتی عێراق بە بەهای (3 ملیار و 456 ملیۆن و 680 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری (2021) تێکڕای نرخی نەوتی عێراق بە (79.38) دۆلار فرۆشراوە، بە بەهای (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. فرۆشی نەوتی عێراق لە ئۆکتۆبەرەوە بۆ ئۆکتۆبەر بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020) ەوە بۆ مانگی ئۆکتۆبەری (2021) بڕی (ملیارێک و 161 ملیۆن و 44 هەزار و 795) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە، بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوبراو بە تێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 932 هەزار و 862) بەرمیل لەماوەی (13) مانگدا هەناردە کراوە. کۆی گشتی ئەو داهاتەی لە فرۆشی نەوتەوە حکومەتی عێراق لەو ماوەیە دەستی کەوتووە، بریتی بووە لە؛ (71 ملیار و 757 ملیۆن و 227 هەزار) دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە (101 ترلیۆن 52 ملیار 136 ملیۆن و 100 هەزار) دیناری عێراقی. جێی ئاماژەیە گەورەترین قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری (2021) تۆمارکراوە کە بڕەکەی بریتیە لە؛ (96 ملیۆن و 708 هەزار و 660) بەرمیل، بەهەمان شێوە داهاتەکەشی گەورەترین داهاتی ساڵ بووە کە برتییە بووە لە؛ (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (11 ترلیۆن 136 ملیار) دیناری عێراقی. کەمترین قەبارەی هەناردەش لە مانگی نۆڤەمبەری (2020) تۆمارکراوە کە بڕەکەی بریتییە لە؛ (81 ملیۆن و 262 هەزار و 376) بەرمیل، بەهەمان شێوە داهاتەکەشی کەمترین داهاتی ساڵ بووە کە برتییە بووە لە؛ (3 ملیار و 403 ملیۆن و 722 هەزار) دۆلار بەرامبەر بە (4 ترلیۆن و 16 ملیار و391 ملیۆن و 960 هەزار) دیناری عێراقی. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەکەی خوارەوە. بۆ ئامادەکردن و کۆکردنەوەی داتاکان سود لە ڕاگەیەندراوەکانی پێگەی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق وەرگیراوە بەراوردی نێوان هەردوو ئۆکتۆبەر ئۆکتۆبەری 2020 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020) بڕی (89 ملیۆن و 153 هەزار و 932) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) بەتێکڕا (38.77) دۆلاری کردووە، واتە بەبەهای (3 ملیار و 456 ملیۆن و 680 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1180) دیناری عێراقی بووە. بەو پێیەش لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020)دا عێراق بەبەهای (4 ترلیۆن و 78 ملیار و 882 ملیۆن و 400 هەزار) دینار نەوتی فرۆشتووە. ئۆکتۆبەری 2021 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) بڕی (96 ملیۆن و 708 هەزار و 660) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراقی لە مانگی ئۆکتۆبەر ساڵی (2021) بەتێکڕا (79.38) دۆلاری کردووە، بەپێ زانیارییەکان بەبەهای (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1450) دیناری عێراقی بووە. بەو پێیەش لە مانگی ئۆکتۆبەری (2021) دا حکومەتی عێراق بەبەهای (11 ترلیۆن و 136 ملیار) دینار نەوتی فرۆشتووە. بەراوردکاری لە نێوان ئۆکتۆبەری 2020 و ئۆکتۆبەری 2021 یەکەم: بڕی نەوتی هەناردەکراو - حکومەتی عێراق لە ئۆکتۆبەری (2020) بڕی (89 ملیۆن و 153 هەزار و 932) بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری (2021) بڕی (96 ملیۆن و 708 هەزار و 660) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، واتە هەناردە کردن بەڕێژەی (%8) و (7 ملیۆن و 554 هەزار و 728) بەرمیل نەوت زیادی کردووە. دووەم: داهاتی نەوت - لە ئۆکتۆبەری (2020) تێکڕای نرخی نەوتی عێراقی (38.77) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (3 ملیار و 456 ملیۆن و 680 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. - لە ئۆکتۆبەری (2021) تێکڕای نرخی نەوتی عێراقی (79.38) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. - بەم پێیە داهاتی فرۆشی نەوت بەڕێژەی (55%) و (4 ملیار و 223 ملیۆن و 320 هەزار) دۆلار لە ئۆکتۆبەری (2021) زیادی کردووە. بەڵام بەدینار داهاتەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1180) دیناری عێراقی بووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1450) دیناری عێراقی بووە، کەواتە. - لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) حکومەتی عێراق بەبەهای (3 ملیار و 456 ملیۆن و 680 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بە لێکدانی (1180) دینار دەکاتە (4 ترلیۆن و 78 ملیار و 882 ملیۆن و 400 هەزار) دینار داهاتی نەوت بووە. - لە ئۆکتۆبەری (2021) حکومەتی عێراق بەبەهای (7 ملیار و 680 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بە لێکدانی (1450) دینار دەکاتە (11 ترلیۆن و 136 ملیار) دینار داهاتی نەوت بووە. - بەم پێیە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراقی بەڕێژەی (63%) و (7 ترلیۆن و 57 ملیار و 117 ملیۆن 600 هەزار) دینار لە ئۆکتۆبەری (2021)دا زیادی کردووە. بۆ بەرچاوڕونی بەراوردی فرۆش و داهاتی نەوتی عێراق لە نێوان (ئۆکتۆبەری 2020 و ئۆکتۆبەری 2021) بڕوانە چارتەکەی خوارەوە.
درەو: داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە نێوان ئۆكتۆبەری 2020 و 2021 بەڕێژەی (59%) زیادیكردووە، لە ئۆکتۆبەری (2020) تێکڕای نرخی نەوت (40) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (503 ملیۆن و 508 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری (2021) تێکڕای نرخی نەوت (83) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (987 ملیۆن و 921 هەزار و 818) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. ئۆکتۆبەری 2020 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020) بڕی (13 ملیۆن و 320 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا، سەنگاپور، مصر) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) بەتێکڕا (40.19) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (503 ملیۆن و 508 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1180) دیناری عێراقی بووە. بەو پێیەش لە مانگی ئۆکتۆبەری (2020)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبەهای (625 ملیار و 999 ملیۆن و 440 هەزار) دینار نەوتی فرۆشتووە. ئۆکتۆبەری 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری (2021) بڕی (11 ملیۆن و 825 هەزار734) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (ئیتالیا، یۆنان، کرواتیا، ئیسرائیل و ئیسپانیا) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە مانگی ئۆکتۆبەر ساڵی (2021) بەتێکڕا (83.54) دۆلار بووە، واتە بەبەهای (987 ملیۆن و 921 هەزار و 818) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1450) دیناری عێراقی بووە. بەو پێیەش لە مانگی ئۆکتۆبەری (2021) دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبەهای (ترلیۆنێک و 432 ملیار 486 ملیۆن و 636 هەزار و 622) دینار نەوتی فرۆشتووە. بەراروردکاری لە نێوان ئۆکتۆبەری 2020 و ئۆکتۆبەری 2021 یەکەم: بڕی نەوتی هەناردەکراو - حکومەتی هەرێم لە ئۆکتۆبەری (2020) بڕی (13 ملیۆن و 320 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری (2021) بڕی (11 ملیۆن و 825 هەزار734) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، واتە هەناردە کردن بەڕێژەی (13%) و (ملیۆنێک و 494 هەزار و 266) بەرمیل نەوت کەمی کردووە. دووەم: داهاتی نەوت - لە ئۆکتۆبەری (2020) تێکڕای نرخی نەوت (40.19) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (503 ملیۆن و 508 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. - لە ئۆکتۆبەری (2021) تێکڕای نرخی نەوت (83.54) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (987 ملیۆن و 921 هەزار و 818) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. - بەم پێیە داهاتی فرۆشی نەوت بەڕێژەی (49%) و (484 ملیۆن و 413 هەزار 818) دۆلار لە ئۆکتۆبەری (2021) زیادی کردووە. بەڵام بەدینار داهاتەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1180) دیناری عێراقی بووە، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2021) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1450) دیناری عێراقی بووە، کەواتە. - لە ئۆکتۆبەری ساڵی (2020) حکومەت بەبەهای (503 ملیۆن و 508 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بە لێکدانی (1180) دینار دەکاتە (594 ملیار و 139 ملیۆن و 440 هەزار) دینار داهاتی نەوت بووە - لە ئۆکتۆبەری (2021) حکومەت بەبەهای (987 ملیۆن و 921 هەزار و 818) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بە لێکدانی (1450) دینار دەکاتە (ترلیۆنێک و 432 ملیار 486 ملیۆن و 636 هەزار و 622) دینار داهاتی نەوت بووە. - بەم پێیە داهاتی فرۆشی نەوت بەڕێژەی (59%) و (838 ملیار و 347 ملیۆن و 196 هەزار و 622) دینار لە ئۆکتۆبەری (2021)دا زیادی کردووە.
درەو: نوسێنی: Bobby Ghosh سەرچاوە: بلۆمبێرگ بوونی ھەزاران کوردی عێراقی لەنێو ئەو پەنابەرانەی لە سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵەندا گیریان خواردووە، زۆرێک لە ئەمریکی و ئەوروپییەکانی توشی سەرسوڕمان کرد، کە پێیان وابوو ئەو ھەرێمە کوردییە تەنیا بەشێکی عێراقی وێرانەیە کە بە پاڵپشتییەکی گەورەی خۆرئاوا لە کارەساتێکی فراوانتر رزگاری بووەو لەکاتی جەنگی ٢٠٠٣وە مامەڵە لەگەڵ ھاوپەیمانان دەکات بە سەرۆکایەتی ئەمریکا. ھەوڵی زۆرێک لە کوردەکانی عێراق بۆ ھەڵاتن لە ناوچەکە، ئاستی بێئومێدییان لە ئاسۆی ئابوری و سیاسەت لە سەردەمی دوای سەددام حسێندا نیشان دەدات. دۆخەکە بە ئاڕاستەیەکی تردا رۆیشت کاتێک دوای جەنگی ئەمریکا، ناوەڕاست و باشوری عێراق لەناو خوێنی شەڕی تائیفیدا نقوم بوو، بەڵام پارێزگاکانی باکوری لەژێر حوکمی خۆبەڕێوەبەرێتی ھەرێمی کوردستاندا گەشەی ئابوری بەخۆوە بینی. ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت کە ژینگەیەکی سیاسی وەھای ھەبوو دەکرا پێشبینی لێبکرێت و تاڕادەیەکی زۆر توندوتیژی تێدا نەبوو، سەرمایەدارانی لە سەرتاسەری جیھانەوە بەلای خۆیدا راکێشا، ھۆتێل و سەنتەری بازرگانی و تاوەری نیشتەجێبوونی بەخێراییەکی زۆر تێدا دروستکرا، بەجۆرێک شارە کوردییەکان بە شاری (دوبەی) بەراورد دەکرا، ھاوکات پێشکەوتنی دیموکراتی زیاتری تێدا بەدی کرا. جیاوازی ئەم ناوچەیە لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراق ساڵی ٢٠١٤ دەرکەوت، کاتێک یەکە سەربازییەکانی عێراق لەناو جەرگەی وڵاتدا لەبەردەم ھێرشی داعشدا داڕمان، ھێزە کوردییەکان بە پاڵپشتی ھێزی ئاسمانی ئەمریکا، ھێرشی داعشیان لەبەردەم دەرگاکانی ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستاندا راگرت. ھەڵاتن لە پەناگە ؟ جیاواز لەو کارەساتەی کە بەسەر دراوسێکانیاندا ھات و بەھۆیەوە ملیۆنان کەس لە ناوچەکانی تری عێراق و لە سنورەکانی سوریا بەھۆی جەنگەوە ھەروەھا ئێران کە سزا ئابورییەکان شەکەتی کردووە، ئاوارەبوون، کوردەکانی عێراق بە سەقامیگیری و ئارامی مانەوە، لەمەش زیاتر کوردستانی عێراق بوو بە پەناگە بۆ ئەو کەسانەی بەھۆی توندوتیژییەوە لە وڵاتانی دراوسێوە ھەڵاتبوون. بە روکەش ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا نەھات و کوردستانی عێراق بە بەراورد بە دراوسێکانی، لە ئاسایشێکی رێژەیدا مایەوە. پێشبینییە ئابورییەکان بۆ ھەولێر وەکو بەغداد تاریک نەبوون، چ جای ئەوەی بگات دیمەشق و تاران، بەڵام کاتێک پەنابەران لەرێگەیاندا بۆ ئەوروپا باس لە چیرۆکی خۆیان دەکەن لەبارەی ئەو تاوانانەی کە بەھۆیەوە ھەڵاتوون، زۆربەی کات کوردەکان ئەو ھاوسۆزییە زۆرەیان بۆ دەرنابڕدرێت کە بۆ ئەفغانی و سورییەکان نیشان دەدرێت. سەرباری ئەوەی ئەوان بەھۆی گرتنە دەستی دەسەڵات وەکو بزوتنەوەی تالیبان یان ستەمکارێک کە کۆمەڵکوژی کردبێت وەکو بەشار ئەسەد ھەڵنەھاتوون، بەڵام کوردەکانی عێراق بەھۆی شکستی سەرکردەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە داویانە، بێئومێدبوون، ئابوری نەبوژاوەتەوە کە بەرادەیەکی زۆر پشت بە ھەناردەی نەوت دەبەستێت و لە ٢٠١٤ وە بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دەستی پێکرد، ھێشتا نازانرێت بوژانەوەی ئەمدواییە بۆ ماوەیەکی پێویست بەردەوام دەبێت، ھەروەک بێکاریش زۆرێک لە کوردەکانی ناچار کردووە شارەکان بەجێبھێڵن و روو لە کشتوکاڵ بکەن. دەستکەوتە دیموکراتییەکانیش لەرزۆک بوون، قۆرخکاری خێڵ ھەژمونی بەسەر ژیانی سیاسیدا کردووە، ئەمەش بەھۆی نەبوونی چاکسازی سیاسییەوە، حکومەت لە ھەولێر ستەمکارتر بووە، ھەستاوە بە زیندانکردنی نەیارانی سیاسی و کەپتکردنی میدیا. ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەت لە کۆتایی ساڵی رابردوودا نەیتوانی ئەو گەندەڵییە کەمبکاتەوە کە بڵاوبوەتەوە. ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاروسیا ھەستی بەوە کرد بارودۆخی کوردستانی عێراق وایکردووە گەلەکەی بکرێت بە نێچیرێکی ئاسانی پلانەکەی بۆ راکێشانی کۆچبەرن بۆ وڵاتەکەی و بەرەڵاکردنیان بە ئاڕاستەی خۆرئاوای ئەوروپادا. رێوشوێنەکانی پێدانی ڤیزای ئاسان کردو ژمارەیەکی زیاتر گەشتی ئاسمانی بۆ مینسک رێکخست، ھێزە ئەمنییەکانی بیلاروسیا کۆچبەرەکانیان بەرەو سنور برد، حکومەتەکانی ھەولێرو بەغداد ھەوڵی رێگریکردنیان لەو کۆچە بەکۆمەڵە نەکرد. حکومەتی عێراق لە کاتێکی درەنگوەختدا پێشنیازی گەڕنەوەی بۆ وڵات خستە بەردەم کۆچبەران، بەڵام راپۆرتەکان لە سنوری بیلاروسیا و پۆڵەنداوە باس لەوە دەکەن زۆرێک لە کۆچبەرانی کورد روبەڕووبونەوە لەگەڵ سەرمای زستان بە باشتر دەزانن لەوەی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، سەرباری ئەوەی ریشەی بێئومێدییەکەیان بۆ تێکشانی ئومێدیان دەگەڕێتەوە نەک مەترسی مردن ھاوشێوەی کۆچبەرانی تر. دەقی راپۆرتەكەی سایتی بلۆمبێرگ بە زمانی ئینگلیزی
راپۆرت: درەو سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیەك تایبەت بە دروستكردنی دەستەیەكی "كاتیی" بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە تا بەڕێوەچوونی كۆنفرانس، پرسی كشانەوە لە حكومەت رەنگە دوابخرێت بۆ دوا ساتەكانی تەمەنی كابینەی نۆیەم. لەبارەی دەستەكەوە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕێوەچوو، نسكۆ بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم بزوتنەوەیە كە خاوەنی (5) كورسی بوو لە پەرلەمانی عێراق، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانی بۆ (سفر) دابەزی، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكە دروستكرد، داوای دەستلەكاركێشانەوەی خانەی راپەڕاندن وەكو بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەناو بزوتنەوەكەو كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت كرا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەك بەناوی "هاوپەیمانی كوردستان" لەگەڵ یەكێتیدا بەشداری كردو هاوپەیمانێتییەكە هیچ سودێكی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تێدا نەبوو. رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر واتە سێ رۆژ دوای هەڵبژاردن، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حزبەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی پەسەندكردو بڕیاریدا دەستەیەكی "كاتیی" دروست بكات بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە تا ئەوكاتەی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان بەڕێوەدەچێت. دوای زیاتر لە مانگێك تاوتوێ كردنو وەرگرتنی بۆچونی ئۆرگانەكانی گۆڕان، دواجار پرۆژەیەك لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی دەستە كاتییەكە ئامادە كراوەو سبەینێ جڤاتی نیشتمانی دەنگی لەسەر دەدات. لە پرۆژەكەدا ناوی ئەو كەسانە دیاری نەكراوە كە دەبن بە ئەندامی دەستەكاتییەكە بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان، بڕیارە دوای پەسەندكردنی پرۆژەكە، بزوتنەوەی گۆڕان دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەندێك كارەكتەری ناو بزوتنەوەكەو دەرەوەی بزوتنەوەكە (ناڕازییەكان) بكاتەوە بەمەبەستی بانگهێشتكردنیان وەكو ئەندام لە دەستە كاتییەكە، دوای دیاریكردنی (9) ئەندامەكەی دەستەكە، ناوەكان ببرێتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بۆ دەنگدان لەسەریو پەسەندكردنی. ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بە (عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە) دەستیان لە كاركێشاوەتەوە، بەڵام جگە لە یەكێكیان، ئەوانی تر رۆژانە لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەوامی خۆیان دەكەنو بەشێوەی كاربەڕێكەر كاروبارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەبەن. گۆڕان لە حكومەت دەكشێتەوە ؟ جگە لە دەستلەكاركێشانەوەی خانەی راپەڕاندن، دوای ئەو شكستەی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر توشی بزوتنەوەی گۆڕان هات، لەناو بزوتنەوەكەوە دەنگ بەرزبووەوەو داوای كشانەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمو حكومەتە خۆجێییەكان كرا، بەڵام ئەم بابەتە بە دەستلەكاركێشانەوەی خانەی راپەڕاندن پەردەی بەسەردا دراو تائێستا بڕیاری لێ نەدراوە. بەگوێرەی ئەو بڕیارەی كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەریكردووە، لەپاڵ ئامادەكاری بۆ سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان، یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی تری دەستە كاتییەكەی كە سبەینێ پرۆژەی دروستكردنەكەی پەسەند دەكرد بریتی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت. بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی تیمی حكومەتی گۆڕان لە بڕیاری كشانەوە، پێدەچێت پرسی كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت لەلایەن ئەم دەستەیەوە دوابخرێت بۆ دواین رۆژەكانی تەمەنی كابینەی نۆیەم، ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بێت، گۆڕان ناتوانێت پرسی كشانەوەی لە حكومەت وەكو دەستكەوت لەبەردەم دەنگدەراندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەكاربهێنێت. لە كابینەی هەشتەمدا بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم (مەسعود بارزانی)، پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو گۆڕان تێكچوو، پارتی پەرلەمانی كوردستانی پەكخستو وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد، ئەوكات پارتی گۆڕانی بەوە تۆمەتبار دەكرد كە رێككەوتنی سیاسی شكاندووە، دووبارە بونەوەی هەمان سیناریۆ رەنگە بەتەواوەتی كۆتایی بە پەیوەندی نێوان پارتیو گۆڕان بهێنێت. گۆڕان بە ناونیشانی "چاكسازی" بەشداری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كردووە كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام چاكسازییەكان هێشتا لە ئاستی خواستی خەڵكدا نین، سەرباری ئەمە كابینەكە لە ساڵی دووەمی تەمەنیدا توشی قەیرانی دارایی هاتو موچەی موچەخۆرانی بڕی، ئەمەش حكومەتە سێقۆڵییەكەی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ی توشی ناڕەزایەتی شەقام كردەوەو لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا گۆڕان لە پارتیو یەكێتی زیاتر باجی كابینەكەی دا. چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاندو بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد. 25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوەو بەسەر یەكێتیدا سەركەوتو لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم. بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (12) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنفرانسەدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكراو لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندان درا. خانەی یەكەم تاوەكو نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە ژیاندا بوو، خانەی راپەڕاندن دروست نەكرا، ئایاری 2017 نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد، دوای مردنی، ئەو موڵكو ماڵانەی كە بەناویەوە بوو، كوڕەكانی گواستیانەوە سەر ناوی خۆیان، پاش ئەم رووداوە كە كاردانەوەی هەندێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوەو وەكو "تەوریسی سیاسی"و "دەستگرتن بەسەر موڵكو ماڵی بزوتنەوەكە" ناویان برد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژاردو شوێنەكەی نەوشیروان مستەفاشی بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە. بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) كەس پێكدەهات كە بریتی بوون لە: • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە • عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەتو ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوەو بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرو شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكەو دەست بە كاركردن بكاتەوە، بەڵام رەتیكردوەتەوەو ئێستا تاوتوێی دروستكردنی جوڵانەوەیەكی سیاسی نوێ دەكات) • جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان • محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری ژورەكان • شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك • رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سەرۆكی جڤاتی گشتی دیارترین كارێك رێكخەری گشتیو یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردی، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروست كرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتو پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوەو گۆڕانی لە حكومەت دەركردو دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوەو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد. خانەی دووەم خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو. جڤاتی نیشتمانی كە هێشتا خۆشی هەر وادە بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پێكهاتەی نوێی خانە كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر دەستیان لەكاركێشایەوە بەمشێوەیە بوو: • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان • عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانرا) • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوەو سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانرا، ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكەو قسەی هەیە لە پرۆسەی دروستكردنی دەستە كاتییەكەدا) • دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری ژورەكان • شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوەو ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانرا، یەكێك لەوانە بوو كە داوای دەكرد بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ببرێتە دەرەوەو موڵكو ماڵی گۆڕان لە موڵكو ماڵی تایبەتی نەوشیروان مستەفا جیا بكرێتەوە) • برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك (لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كاندید بوو لە بازنەی هەولێر، بەڵام سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان) خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بووە. كۆنفرانسی نیشتمانی بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن، رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی ئەمساڵ دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێتو رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقو ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلیو هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری. ئاسۆی چارەسەر بۆ قەیرانەكانی گۆڕان هێشتا لەناو گردی زەرگەتەدا دەسوڕێتەوەو ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتونەتەوە تائێستا زۆربەیان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ كاری سیاسی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. گۆڕان لەكاتێكدا توشی ئەم تەقینەوە ناوخۆییە بووە، كە ماوەیەكەو بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش، فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەكیان لەگەڵ سیاسەتەكانی بزوتنەوەكەیو ئەوی تریان دژە، فراكسیۆنەكەشی لە پەرلەمانی عێراق كە ئێستا ماوەی خولەكەیان كۆتایی هاتووە، پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەكەدا دابڕیوە. ئەم دوو بەرەیە، فراكسیۆنەكەی بەغدادو نیوەی فراكسیۆنەكەی هەولێر، لەگەڵ هەندێك لەو هەڵسوڕاوانەی كە هێشتا لەچوارچێوەی بزوتنەوەكەدا ماونەتەوە ئێستا نیمچە بەرەیەكیان دروستكردووەو گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ ناڕازییەكانی تر لەسەر دروستكردنی پرۆژەیەكی سیاسی نوێ.
درەو: رۆژنامەی میرەری بەریتانی نەدیم زەهاوی سەروەت و سامانێکی زۆر لە رێگەی کۆمپانیایەکی نەوت لە کوردستان کۆ دەکاتەوەو پرۆژەیەکی هاوبەشیان هەبووە لەگەڵ سیروان بارزانی برازای مسعود بارزانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: گەندەڵی گەورەترین کێشەی ئابورییە لە کوردستاندا، گەندەڵی دەستی پێکردووە لە سەری سەرەوە لەگەڵ سەرکردە سیاییەکان بە بێدەنگی گرێبەستەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن. زەهاوی 1.3 ملیۆن پاەوندی لە کۆمپانیایەکی نەوت دەست کەوتووە لە کاتێگدا کە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا بووە، بەڵام توانیویەتی داهاتەکانی ئیشی دووەمی بە شاراوەیی بهێڵێتەوە لە ژێر پەردەی کاری پەرلەمانتارییدا. زەهاوی هاوسەرۆکی گروپی سەرجەم پارتەکانی پەرلەمان بووە بۆ کورستان لە ساڵی 2015، ئەوکاتەی کە دەستی کر بە کار کردن لە کۆمپانیای گاڵف کیستۆن، کە خاوەنی کێڵگەی نەوتییە لە کوردستان و بۆ هەر سەعاتێک 1000 پاوەندیان پێداوە. داهاتی مانگانەی ئەو ئەو لە گاڵف کیستۆن لە لیستی داهاتەکانیدا ئاشکرا کراوە، بەڵام کۆی گشتی داهات و دەستکەوتەکانی ئیشی دووەمی ئاماژەی پێنەکراوە. ئەویش سوپاس بۆ یاساکانی پەرلەمانتاری کە رێگەی پێداوە کاری راوێژکاری بۆ کۆمپانیاکان بکات لە رێگەی کۆمپانیای زەهاوی و زەهاوی بۆ بازرگانی سنوردار، کە کۆمپانیایەکی راوێژکارییەو لەگەڵ ژنەکەیدا دایمەزراندووە. لەوبارەیەوە داوامان لە بەرێز زەهاوی کرد کە کۆمێنتی خۆی بدات لەو بارەیەوە بەڵام وەڵامی داخوازییەکەی نەدایەوە. بەڵام ئالستەر گراهام، هاوسەرۆکی پێشوی لیژنەی پێوەرەکانی ژیانی گشتی وتی: دەکرێت ئەمە بەوشێوەیە شیکردنەوەی بۆ بکرێت کە هەوڵێکی مەبەستدار بووە بۆ یاریکردن بە یاساکان تاوەکو دان نەنێت بە قەبارەی داهاتەکانی وەک راوێژکارێکی بازرگانی. گرنگترین شت کە جەختی لێ بکەینەوە ئەوەیە کە ئەندامی پەرلەمان بەرپرسیارێتی کەسی دەکەوێتە ئەستۆیان کە دڵنیابن لەوەی نەک تەنها پەیرەوی یاساکان بکەن بەڵکو پابەند بن بە رۆحی ئەخلاقیاتی پیشەکەیانەوە. "دەنگدەران مافی خۆیانە بزانن کە چەندێک کات سەرف دەکات و چەند و پارە وەردەگرێت لە دەرەوەی کاری سیاسی خۆی." بەدواداچونەکەی میرەر ئەوەی ئاشکرا کردووە کە زەهاوی چۆن ئەو سامانەی کۆ کردوەتەوە لە جیهانێکی بزنسی ناشەفاف و ناروندا لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی لە کوردستان. چەند مانگێک پاش بونی بە پەرلەمانتار لە 2010، زەهاوی دەبێتە هاوسەرۆکی گروپی سەرجەم پارتەکان بۆ کوردستان، 5 گەشتی خۆرایی بۆ هەرێمەکە کردووە لە ماوەی ساڵەکانی 2011 بۆ 2015. سکرتاریەتی گروپەکە پشتیوانی مادی کرابوون لەلایەن کۆمپانیای (گاڵف کیستۆن)ەوە کە بەرێوەبەری کێڵگەی نەوتی شێخان لە کورستانی عێراق. زەهاوی وتەبێژی میوان دەبێت لە کۆنفرانسی ئەفرین لە هەولێری پایتەختی کوردستان کە لەلایەن (گاڵف کیستۆن) و کۆمپانیایەکی نەوتی دیکەوە سپۆنسەرکرابوو لە نۆڤەمبەری 2011. هەر پاش کۆنفرانسەکە زۆر ناخایەنێت، کۆمپانیای زەهاوی زەهاوی لە لیستی موچەی هەردوو کۆمپانیا نەوتییەکەدا جێگیر دەکرێت. کۆمپانیاکەی باوکی زەهاوی، حاریپ زەهاوی، بە ناوی گەشەپێدانی پرۆژەکانی عێراق پێشتر لە کوردستان دەستبەکاربوو لە چەند پرۆژەیەکی بیناسازیدا. سەرچاوەیەک بە میرەری وت، کۆمپانیای گەشەپێدانی پرۆژەکانی عێراق گرێبەستی مانگانەی هەبووە لەگەڵ کۆمپانیای عەفرین. هەروەها میرەر پەیجێکی ئەرشیفکراوی دۆزیوەتەوە لەسەر وێبسایتی کۆممپانیاکەی باوکی زەهاوی کە ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆژەیەکی هاوبەشیان هەبووە لەگەڵ سیروان بارزانی برازای مسعود بارزانی کە لە ساڵی 2005 بۆ 2017 سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. سیروان بارزانی بە پێی بەڵگەنامەکانی دادگای ئەمریکادا تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی گەندەڵی لە کۆمپانیا عێراقییەکەی تایبەت بە بواری پەیوەندییەکان. بەڵام ئەو تۆمەتەکانی بە بێ بنەما لەقەڵەمداوە. تۆماری موڵک و داهاتەکانی نەدیم زەهاوی ئەوە نیشان دەدەن کە کۆمپانیای زەهاوی زەهاوی راوێژی پێشکەش کردووە بە کۆمپانیای گەشەپێدانی پرۆژەکانی عێراق لە 2011 تا 2019. بەلام نەزانراوە بری چەندی وەرگرتووە لە بەرامبەریدا. بەلام هیچ پێشنیارێک نییە کە زەهاوی و باوکی تێوەگلابن لە گەندەڵی. کۆمپانیای زەهاوی زەهاوی راوێژکاری کۆمپانیای عەفرین بووە لە 2012 بۆ 2015، بەڵام دیار نییە لەوێش چەندی وەرگرتووە. زەهاوی لە عەفرین دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد پاش ئەوەی نوسینگەی بنەبرکردنی ساختەکاری دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد سەبارەت بە وەرگرتنی بەرتیل، کە بووە هۆی زیندانی کردنی دوو لە بەرێوەبەرانی جێبەجێ کردنی کۆمپانیاکە بەهۆی کاری ساختەکاری و شتنەوەی پارە. بەلام هیچ پێشنیارێک نییە کە زەهاوی تێوەگلابێت لە کاری نایاسایی. دوای ئەوەی واز لە عەفرین دەهێنێت دەبێتە بەرپرسی ستراتیژییەتی کۆمپانیای گاڵف کیستۆن، کە سەرەتا داهاتی 20,126 پاوەند بوو دواتر بووە 29,643 پاوەند بۆ 8 تا 21 سەعات لە ملنگێکدا کە خۆی ئاماژەی پێکردووە. تەنها چەند هەفتەیەک پاش چاوپێکەوتنێکی وەزارەتی نەوتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشاندا بە پێدانی برەپارەیەکی زۆر گەورە بە کۆمپانیای گاڵف کیستۆن وەک بەشێک لە گرێبەستێکی نەوتی پێشتر. بەڵگەنامەکانی دادگای بالا کە لەلایەن پرۆژەی ئاشکراکردنی گەندەڵی و تاوانی رێکخراوەوە بلاو کراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە گاڵف کیستۆن کێڵگە نەوتییەکەی زامن کردووە بەر لەوەی زەهاوی پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە بکات ئەویش لە رێگەی مامەڵیەکی نایاسایی و بە گەندەڵی لەگەڵ سیاسییە کوردەکان. هەرچەندە ئەم بانگەیەش رەتکراوەتەوە. لە مانگی یەکی 2015، زەهاوی سەردانی کوردستانی کردووە لەگەڵ وەفدێکی بازرگانی بە سەرۆکایەتی بۆریس جۆنسن کە ئەوکات سەرۆک شارەوانی لەندەن بوو. لە سەرەتای ئەو ساڵەدا میرەر زەهاوی وەک دووەم دەوڵەمەند ترین پیاوی ناو حکومەت دەستنیشان کرد لە پاش راوێژکار ریشی سوناك. زەهاوی کۆمپانیایەکی راپرسی دامەزراندووە بە ناوی یوگۆڤ، بەردەوام بوو لە پێدانی راوێژ بە کۆمپانیاکە لە رێگەی کۆمپانیای زەهاوی زەهاوی. ئەو کۆمپانیای زەهاوی زەهاوی دامەزراند لەگەڵ خێزانەکەی (لانە) لە مانگی 6ی 2010 تەنها چەند هەفتەیەک دوای بونی بە پەرلەمانتار. دواتر ئەو وەک بەرێوەبەر وازی هێنا لە 2018 کاتێک بویە وەزیری حکومەت و 50%ی پشکەکەی خۆی خستە سەر حسابی ژنەکەی. پاپیری زەهاوی سیاسییەکی بالای عێرا بوو بەلام خێزانەکەی لە دەستس رژێمی سەدام هەڵهاتن لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو. لە 2012 دا زەهاوی لە لێدوانێکدا دەڵێت کاتێک خێزانەکەی گەیشتنە کەناراوەکانی بەریتانیا تەنها 50 پاوەندیان پێبوو. لە 2006 دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: گەندەڵی گەورەترین کێشەی ئابورییە لە کوردستاندا، گەندەڵی دەستی پێکردووە لە سەری سەرەوە لەگەڵ سەرکردە سیاییەکان بە بێدەنگی گرێبەستەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن. رۆژنامەی میرەری بەریتانی:
درەو: دۆخی خراپی ئابوری گەورەترین هۆکاری پشت کۆچی نێودەوڵەتییەو بەپێی ئامارەکان ساڵانە زیاتر لە (3%)ی دانیشتوانی جیهان وڵاتەکانی خۆیان لە پێناو گوزەرانێکی باشتر جێدەهێڵن. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی نێودەوڵەتی، پەنابەران ساڵانە زیاتر لە (600) ملیار دۆلار بەشێوەی فەرمی حەواڵەی وڵاتەکانی خۆیان دەکەنەوە. ئامارەکانی کۆچ لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتانی جیهان بە هۆکاری (ئابوری و دارایی، جەنگ و سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەندروستی ...) وڵاتەکانی خۆیان جێدەهێڵن، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتان و جیهان ژمارەی کۆچبەرانی نێودەوڵەتیش هەڵدەکشێن، بۆ نمونە لە ساڵی (1970) ژمارەی کۆچبەران گەیشتووە بە سەرو (84) ملیۆن کەس لە جیهاندا و بە ڕێژەی (2.3%)ی دانیشتوانی جیهان. بەڵام لە ساڵی (1995) ژمارەکە بەرزەوە بووە بۆ زیاتر (161) ملیۆن لە کۆچبەر بە ڕێژەی (2.8%)ی کۆی دانیشتوانی جیهان. لە کاتێکدا ساڵی (2019) ژمارەی کۆچبەران گەیشتووە بە زیاتر لە (271) ملیۆن لە بە ڕێژەی (3.5%)ی دانیشتوانی گۆی زەوی (بڕوانە چارتەکانی ژمارە (1) و (2)) کە ژمارەو ڕێژەی کۆچبەرانی جیهان نیشان دەدات لە ساڵی (1970 - 2019). کۆچبەران و قەبارەی ئالوگۆڕی دراو بەشێکی گەورەی کۆچبەران لە جیهاندا لە پێناو ژیانێکی ئابوری باشترو خۆشگوزەرانی زیاترە، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی نێودەوڵەتی تایبەت بەو حەوڵەو ئاڵوگۆڕە دراوە نێودەوڵەتییانەی کۆچبەران بەشێوەی فەرمی و تۆمارکراو ناردوویانەتەوە بۆ خێزان و کەس و کار و وڵاتە ئەسڵییەکانی خۆیان قەبارەیەکی گەورەی دراوە، بەشێوەی نەقدی و ئەلیکترۆنی هەناردەیانکردووە، سەرەڕای ئەو کۆت و بەندە یاساییانەی وڵاتان لەسەر ئەو پرسە گرتووییانەتەبەر تادێت قەبارەکەی گەورەتر دەبێت، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، بۆ نمونە لە ساڵی (2000) قەبارەی حەواڵەکردنی دراو لە لایەن کۆچبەران (پەنابەران)ەوە بە (126) ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی (2018) ئەو قەبارەیە گەیشتووە بە (689) ملیار دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)). پێشەنگترین وڵاتانی جیهان لە ئاڵوگۆڕی دراوی پەنابەران بەپێی ئامارەکان لە ساڵانی ڕابردوودا وڵاتی هیندستان زۆرترین حەواڵەی بۆ دەچێت لە لایەن هاوڵاتییەکانی خۆیەوە لە جیهاندا (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) کە (10) پێشەنگترین ئەو وڵاتانە نیشان دەدات کە لە ماوەی ساڵی (2005 - 2018) زۆرترین پارەیان بۆ حەواڵە کراوە. هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمیشە لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە کە زۆرترین بڕی پارەی لێوە حەواڵە دەکرێت بۆ وڵاتانی جیهان (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) کە (10) پێشەنگترین ئەو وڵاتانە نیشان دەدات کە لە ماوەی ساڵی (2005 - 2017) زۆرترین پارەیان لەلایەن پەنەبەرانەوە لێوە حەواڵە کراوە. ئامارە فەرمییەکانی کۆچی پێچەوانە لە ڕێگەی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەساڵی (1979)ەوە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی پرۆکرامێکەوە هەموو هاوکاریو پاڵپشتییەکی ئیداری و دارایی ئەو کۆچبەرانە دەکات کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان. لەساڵی (2005 - 2014) لە ڕێگەی ئەم پرۆگرامەوە ڕێکخراوەکە بە تێکڕای ساڵانە هاریکاری (34) هەزار کۆچبەری کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەم ساڵانەی دوایی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران ڕێکخراوەکە هاریکارییەکانی زیادکردووە. لە ساڵی (2017) ڕێکخراوەکە هاریکاری (72) هەزار و (176) پەنابەری کردووەو گەڕاندونیەتییەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. لە ساڵی (2018) هاریکاری (63) هەزار و (316) پەنابەری لە (128) وڵاتی جیهاندا کردووەو گەڕاندووەتەوە بۆ (169) وڵاتی بنچینەیی خۆیان کە (24%) ئافرەت و (22%) منداڵ پەنابەریان منداڵ بوونە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)). سەرچاوە • المنظمة الدولية للهجرة، تقریر الهجرة في العالم، لعام 2020.
درەو: عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان زەحمەتە یەک هۆکاری ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەتایبەت زیادبوونی دیاردەیەکی وەک کۆچ، بەدڵنیاییەوە چەندین هۆکاری بابەتیو خودی هەن کە ئەبنە پاڵنەر بۆ ئەوەی گەنجێک یان هاووڵاتیەک ماڵو حاڵو وڵاتی خۆی بەجێبهێڵێتو لە وڵاتێکی بێگانە ببێتە پەنابەر، بەڵام من بە داتاو ژمارە لە خوارەوە کۆمەڵێک گرفتی گەورەو سەرەکی دەخەمەڕوو، کە دەکرێت بەشێک بن لەو هۆکارانەی کە تەنگ بە ژیانی خەڵک هەڵدەچننو ناچاری دەکەن بڕیاری لەو جۆرە سەختو بە ڕێگەی سەختدا بدات، ژمارەکان کێشە گەورەکان دەردەخەن، بەشێک لە خەمەقووڵەکان دەخەنەڕوو، ئەوسا ئەم هۆکارانە لەگەڵ ژمارەیەک هۆکاری تری پەیوەندیدار بە نەمانی هیواو بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە: ئەرێ ئەم کۆچی لێشاوە چییە؟ ٨,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ هەشت ملیار دۆلار، کە بە دینار دەکاتە زیاتر لە (یانزە ترلیۆن)، کۆی ئەو پارەیەی هاووڵاتیانی مووچەخۆرە کە لەساڵی (٢٠١٥)ەوە لای حکومەتە، بەهۆی دابەشنەکردنی موچەی هێندێک لە مانگەکان، کەمکردنەوە، پاشەکەوت، لێبڕین، کە هەموو ئەمانە ستەمێکی ڕووننو حکومەت بەبێ بوونی هیچ یاساو شەرعییەتێک ئەم کارەی کردووە، هەروەها پاش باشبوونی بارودۆخی داراییش حکومەت هیچ پلانێکی نییە بۆ گەڕاندنەوەی. ٥٠٠,٠٠٠ پێنج سەد هەزار هاووڵاتی، کە زۆینەیان گەنجن، ژمارەی خەمڵێنراوی ئەو کەسانەیە کە هیچ کارێکیان دەست ناکەوێت و بێکارن. لە ساڵی (٢٠١١)ەوە حکومەت هیچ پلانو بەرنامەیەکی بۆ دامەزراندن نییە، هەروەها هیچ هەلێکی کاری نەڕەخساندووە تەنها ژمارەی زۆر سنوردار نەبێت، کەرتی تایبەتیشی بەجۆرێک شێواندووە کە زیاتر هەلی کاری بۆ بێگانە تێدایە نەوەک گەنجی کوردستان. ٥٠٠,٠٠٠ پێنجسەد هەزار هاووڵاتی لە چوارچێوەی نزیکەی (١٠٠,٠٠٠) خێزاندا، ژمارەی خەمڵێنراوی ئەو خێزانانەیە کە ژیانیان لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە، کە داهاتی مانگانەی ئەو خێزانانە لەشارەکان کەمترە لە (٥٠٠ هەزار) دینارو بەو هۆیەوە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ دابین ناکرێت. ٧٠,٠٠٠ حەفتا هەزار هاووڵاتیو خێزان، ژمارەی ئەو خێزانە هەژارانەیە کە حکومەت بە پاساوی (چاکسازی!) لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە ئەو بڕە مووچە کەمەی کە هەیانبوو بەناوی مووچەی (چاودێری خێزان) ڕایگرتووە، ئەویش تەنها (١٥٠,٠٠٠)دینار بوو، ئەوانە پێکهاتوون لە (منداڵانی بێ سەرپەرشت، ژنانی هەتیوبار، بەساڵاچووانی پەککەوتە، ئەو ژنانەی کە هاوسەرەکانیان سزادراون، ئەو کچانەی کە بەقەیرە ناسراون، ئەو هاووڵاتیانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەبوو)، ئەمانە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، کەچی حکومەت شەش ساڵە مووچەکەی ڕاگرتوون!. ٩٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ نۆسەد ملیار دینار، بڕی ئەو پارەیەیە کە حکومەت لای هێندێک بازرگان هەیەتیو ناتوانێت (یان نایەوێت!) لێیان وەرگرێتەوە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ئەو پارەیە بە ڕێکاریی یاسایی نەدراون، لە کاتێکدا ئەو بڕە پارەیە بەشی دروستکردنی نۆ بەنداوی گەورە دەکات کە مەترسی بێ ئاویو کەم ئاوی لە کوردستان نەهێڵێت! ئەتوانێت کێشەی بێ ئاوی هەموو چەمچەماڵو دەربەندیخانو سەرجەم ئەو شارو شارۆچکەکان چارەسەر بکات کە کێشەی بێ ئاویان هەیە، ئەکرێت بەو پارەیە (٤٥,٠٠٠) خاتوو بۆ خەڵکی هەژاو بێ لانەو کرێچی دروست بکەیت! دەکرێت کێشەی زۆرینەی زۆری ڕێگەوبان لە کوردستان چارەسەر بکات! ٢٣,٠٠٠ ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەیە کە خزمەتیان لە نێوان (١٠ - ١٥) ساڵدایەو تا ئێستا چاوەڕێن بکرێنە فەرمانبەریی هەمیشەییو بەشێوەی نایاسایی بە گرێبەست ماونەتەوە! نە لە کەرتی گشتی خزمەتی خانەنشینیان بۆ ئەژماردەکرێتو نە لە کەرتی تایبەت! هەیانە پاش دوانزە ساڵ خزمەت کۆچی دوایی کردووەو منداڵەکانی بێ بژێوی ماونەتەوە! ٢٧,٠٠٠ ژمارەی ئەو مامۆستایانەیە کە بە داهێنانی نایاسایی حکومەت وەک وانەبێژ لە پەروەردە کاردەکەن، لە کاتێکدا خاوەنی مافی شایستەی مامۆستایی نینو ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرن زۆر کەمەو هیچ کارێکی تری شایستەو گونجاو بە کەسایەتی مامۆستاییشیان دەست ناکەوێت! ١٠٠,٠٠٠ ژمارەی خەمڵێنراوی ئەو کرێکارو کارمەندانەیە کە لە کەرتی تایبەت لە دۆخی زۆر سەختو بە کرێی کەمو بەبێ بوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتیو لە ڕەوشی نایاسایی کاردا کاردەکەن، ئەوەش بەهۆی ناتوانایی حکومەت لە چاودێری مافەکانیان! ٨ ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە حکومەت هیچ یاسایەکی بودجەی نییە، واتە هیچ پلانو بەرنامەیەکی ئابوریو دارایی نییە، لە دەرەوەی یاساو بەبێ بوونی دەسەڵات و دوور لە شەفافییەت مامەڵە لەگەڵ خەرجیو داهات دەکات! ژمارەیەکی نادیار! بڕی ئەو پارەیەی فەرمانبەرانە کە بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانەوە کەوتووەتە لای حکومەتو تا ئێستا هیچ پلانو بەرنامەیەک نیە بۆ خەرج کردنەوەی، کە هێندێک مووچەخۆر بەو بۆنەیەوە مانگانە زیاتر لە(١٠٠,٠٠٠) دینار زیان دەکەن و کەمتر لە مووچەی خۆیان وەردەگرن! ٣٠,٠٠٠ ژمارەی ئەو هاووڵاتیە کەمئەندامو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەیە کە نۆ ساڵە چاوەڕێ دەکەن حکومەت بچوکترین مافی یاسایی خۆیانیان بۆ دابین بکات کە بریتیە لە تەنها (١٥٠,٠٠٠)دینار! سی هەزار منداڵی نابینا، نابیست، ئۆتیزم، داون، هاووڵاتیانی کەمئەندام بە ڕووداوی جیاجیا، نۆ ساڵە چاوەرێن، زۆرینەیان لە دۆخێکی سەختی ژیاندان، حکومەت بە پاساوی ناڕەواو نایاسایی ئەم ئەرکە جێبەجێ ناکات! ٥,٠٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو قوتابیانەیە کە یەکەمو دووەمو سێیەمی کۆلێجو زانکۆکانیان بوونو لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە چاوەڕێی دامەزراندنو گەڕانەوە دەکەن بۆ زانکۆو دریژەدان بە خوێندن و ژیانی زانکۆیی. ٨٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو کۆمپانیایانەی نەوتە، کە هیچ باجێک بە حکومەت نادەن لە کاتێکدا حکومەت پارەی باج لە کاسبکاری ئاسایی وەردەگرێت! لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری تری کۆمپانیای پەیوەندیو ئینتەرنێتو هێندێک لە کۆمپانیای تر کە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلاریان دەست دەکەوێت. ٢٠٠,٠٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو قوتابیانەی زانکۆو پەیمانگایە کە حکومەت هیچ پشتیوانیەکی داراییان ناکات، تەنانەت ئەو شەست هەزار دینار دەرماڵەیەی هەیانبوو لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە بڕیویەتی! زۆرێک لەو قوتابیانە لە خێزانە هەژارەکاننو توانای دابینکردنی خەرجییەکانی ڕۆژانەی خۆیان نییە! ٥ ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە حکومەت پشتیوانی لەسەر نەوتو سوتەمەنی هەڵگرتوەو هیچ پشتیوانیەکی هاووڵاتیان ناکات و خەڵک کەوتووەتە بەر رەحمەتی نرخی بازرگانیو بەردەوام نرخی بەنزین ونەوتو غازی لەسەر گران دەبێت. ٢,٠٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو پڕۆژە جۆراو جۆرانەیە کە زیاتر لە پێنج ساڵە وەستاونو حکومەت هیچ پلانو بەرنامەیەکی نییە بۆ بەگەڕەخستنەوەیان! ٤٦,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ چلو شەش ملیار دینار، بڕی ئەو پارەیەیە کە گەڕاوەتەوە صندوقی قەرزی پڕۆژەی بچوک بۆ گەنجانو حکومەت دەستی بەسەردا گرتووەو پێدانی قەرزی بۆ پڕۆژەی بچوکی بە گەنجان ڕاگرتووە، لە کاتێکدا ئەم پارەیە خۆی تەرخانکرابوو بۆ ئەم بوارە کە هەموو پارەکە بریتی بوو لە نزیکەی (٧٦ ملیار دینار) کە تا ئێستا نزیکەی (٤٦) ملیار دیناری گەڕاوەتەوە. ١٠٠,٠٠٠ بڕی ئەو پارەیەیە بەدینار، کە حکومەت بە ستەمو لە دەرەوەی یاسا نایداتە ئەو کەمئەندامانەی کە لە ئێستەدا مووچەیان هەیەو ڕێژەی کەمئەندامیەکەیان لە ١٠٠%، بە پێی یاسا ئەبێت مووچەی کەمئەندامان بە پێی ڕێژەبێت، ئەو کەمئەندامانەی کە ڕیژەی کەمئەندامیان دەگاتە لە١٠٠% ئەوە مووچەکەیان ببێتە (٢٥٠ هەزار) دینار، بەڵام حکومەت هەر (١٥٠ هەزار) دیناریان پێ دەدات. ١٠,٠٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو دایکانەیە کە بە پێی یاسا پێویستە حکومەت مانگانە (١٤٣ هەزار دینار)یان پێ بدات، وەک مووچەی مۆڵەتی بەخێوکار، ئەم مافە مافێکی یاساییەو یاساکەش لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئەم مافەی داوە، بەڵام حکومەت بە ستەم جێبەجێی ناکات. ١٣ ژمارەی ئەو وەجبانەیە کە بە پێی یاسا مافیانە مووچەی زیندانی سیاسی وەرگرن، بەڵام زیاتر لە دە ساڵە چاوەڕێنو حکومەت مووچەکانیان بۆ خەرج ناکات، لەکاتێکدا مافێکی یاساییە. ٨٠٠,٠٠٠ هەشت سەد هەزار دینار، بڕی ئەو پارەیەیە کە حکومەت سزای هاووڵاتیانی هەژاری پێداوە بەبێ یاسا لەسەر نەبەستنی پێوەری ئاو لە مانگی دووی ئەمساڵەوە، لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی پێوەرەکەیان نەبەستووە زۆرینەیان لەو شارانەن کە ئاویان وەک پێویست نیەو خەڵک بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوە نەیبەستووە، ئەمە بێجگە لە خراپی پێوەرەکانو خراپی کاری کۆمپانیاکانو کێشەو گرفتەکانی تر، ئەو سزایە هێنرابوویە ناو پڕۆژەیاسای پاراستنی تۆڕەکانی ئاو، بەڵام لە پەرلەمانەوە ڕەتکرایەوە، کەچی حکومەت بەبێ یاسا بەردەوامە لە سزادانی هاووڵاتیان! ٧ ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە حکومەت هیچ پشتیوانیەکی بۆ هیچ بوارێکی ژیان بۆ هاووڵاتیان نەهێشتووە، نە سولفەی عەقار، نە سولفەی هاوسەرگیریی، نە سولفەی کشتو کاڵی، نە سولفەی ... حکومەت بۆ هیچ کارو پڕۆژەو بوارێکی ژیان هیچ هاوکارییەکی هاووڵاتیان ناکات تەنانەت بە قەرزیش! هەرگیز کۆچی هاووڵاتیانو گەنجانم پێ خۆش نییە، بە چارەسەری نازانمو پێم وایە چارەسەر لێرەیەو ئەبێت هەموو چاکەکاران پێکەوە کار بکەین بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی، بەڵام ئەم ژمارانەی سەرەوە کە زۆرینەیان زوڵمو ستەمی ئاشکرای حکومەتن لە هاووڵاتیانو کەمئەندامانو هەژارەکانو مووچەخۆران، پێمان دەڵێن، دۆخی حکومەتو بەڕێوەبردنی وڵات چۆنە، و هۆکار چییە خەڵک کۆچ دەکات؟ ئەگەر دەسەڵاتیش بیەوێت هەنگاوێک بەرەو چارەسەر هەڵگرێت و سنورێک بۆ کۆچ دابنێت، نابێت خەریکی داتاشینی تۆمەت بێت بۆ ئەم و ئەوو لادانی بەرپرسیارێتی لەسەر شانی خۆی، نابێت بەدوای داخستنی دەرگای وەرگرتنی ڤیزەی ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوەبێت، بەڵکو یەکەمجار پێویستە دان بنێت بە هەڵە کوشندەکاندا و بزانێت بەردەوامی بەڕێوەبردنی بەمجۆرەی پڕ لە گەندەڵی و ستەم، کوردستان بەرەو ماڵوێرانی زیاتر دەبات.
درەو: شەهلا ڕەعنایی/ توێژەری كۆمەڵایەتى/ گۆڤاری ئایندەناسی بەرایی ئاسایش بە پێداویستیی سەرەكی و ئامانجێكی بنەڕەتیی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت، بە شێوەیەک کە بە کەمبوونەوەی ئاسایش؛ ئارامی و دڵنیایی مرۆڤ لەنێو دەچێت و دڵەڕاوكێ، بێمتمانەیی و نائارامی دێتە ئاراوە، لەم ڕووەوە بەدیهێنانی زۆرێک لە پێویستییەکانی مرۆڤ بەندە بە دابینکردنی ئاسایش. ئاسایش بابەتێکی بنەڕەتییە لە هەر سیستمێکی کۆمەڵایەتیدا و وڵاتانی جیهان دابینکردنی ئاسایش لە کۆمەڵگادا بە ئەولەویەت و ئەركی سەرەكیی خۆیان ئەژماری دەکەن، هەر چەندە ئەستەمە كە چاوەڕێ بکرێت لە کۆمەڵگایەكدا بەتەواوەتی ئاسایش بوونی هەبێت، بەو پێیەی كە هەر كۆمەڵگەیەك لە كەسانی جیاواز بە دابونەریت و کولتووری جیاواز پێك هاتووە و بەردەوام ڕێژەیەک لە تاوان و زیانی کۆمەڵایەتی بۆ نموونە “ئالوودەبوون” لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە و بە هەمان ڕێژەش هەستکردن بە نائارامی لەو کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە. هەستێک کە هەندێک کات بە شێوەیەکی بەرچاو لەناو خەڵکی ئەو کۆمەڵگایەدا دروست دەبێت و وەک کێشە لێی دەڕوانرێت و دەبێت بە وریاییەکی زیاترەوە بخرێتە بەر باس. ئەم نووسينه هەوڵی شرۆڤەیەكی كۆمەڵناسییە سەبارەت بە ڕۆڵ و كاریگەریی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە کەمکردنەوەی زیانە کۆمەڵایەتییەکانى “ئالوودەبوون” و لە بەرامبەردا ڕۆڵی پێچەوانەی ئالوودەبوون لە کەمبوونەوەی هەستکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی. بەرایی ئاسایشی گشتی یەکێک لە دیارترین سیماكانی پێشکەوتوویی هەر کۆمەڵگایەک و زەمینەسازیی گەشەکردن و ئارامیی کۆمەڵگایە. جێگیربوونی ئاسایشی گشتی لە کۆمەڵگادا پێویستی بە پێکهاتەگەلێکە کە لەودا لانی کەم هێماگەلێکی وەک یەکسانیی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی هەلی کار، ئازادی و دەسەڵات و بەشداریکردنی تەواوەتیی خەڵک، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاری لە کۆمەڵگەدا، کەڵکوەرگرتن لە توانای نوخبە و زاناکان، گونجاندنی کۆمەڵایەتی و هاوشێوەکانی بوونی هەبێت. ئاسایشی گشتی بابەتێکە لە پێشکەوتنی سیستم، یاسا و لەبەرچاوگرتنی یەکسانی لە کۆمەڵگادا کە هاوڵاتیان لە پەنای ئەودا لە ترس و نائارامی بەدوور دەبن و بۆ بەرگریکردن و پشتیوانی لە مافەکانی خۆیان و دابینکردنی هەلەکان و هۆکارەکانی دەستدرێژی بێخەم دەبن. لە بەدواداچوون سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ماددە هۆشبەرەکان وەک هۆکارێکی دەرەکی لە چوارچێوەی بازرگانی لە بازاڕە ئازادەکان وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایش ئەژمار دەکرێت. لە ڕوانگەی سو پرسی (Sue Pryce) لە کتێبی “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ماددەی هۆشبەردا”، کاتێک کە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان قەدەغە کرا و وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دەوڵەت ناسێنرا و کاتێک کە هەڕەشەئامێزترین جۆرەكانی ماددەی هۆشبەر کەوتە ڕیزبەندیی لیستی قەدەغەكراوی هاوردەی دەرەکی، ماددەی هۆشبەر بوو بە بابەتێکی ئاسایشی و مەترسیدار کە پێویست بوو بەرەنگاری ببینەوە. ئەم بابەتە، بەیاننامەی “جەنگ دژی ماددە هۆشبەرەكان”، لەلایەن ڕیچارد نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧١ و ڕاگەیەنراوەكەی ڕۆناڵد ڕەیگان سەبارەت بەوەی کە ماددەی هۆشبەر مەترسییەکە لەسەر ئاسایش، ڕوون دەکاتەوە. ماددەی هۆشبەر لە گۆڕەپانی سیاسەتی ناوخۆ، تەندروستی، پەروەردە، خۆشگوزەرانی و تاوانەوە جووڵەی كردووە و دەبێتە پرسی سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماتی و ستراتیژی سەربازی(1). ڕاسڵ کرانداڵ لە کتێبی “ماددەی هۆشبەر و هەڕەشە”، بڕوای وایە کە لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار یاخود بە ڕێژەیەكی گریمانەیی دە ئەوەندەی شەڕی کەنداوی فارس (١٠٢ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی بە ڕێژەی هەڵئاوسانی ڕێكخراو)، یاخود سێ ئەوەندەی جەنگی یەكەمی جیهانی (٣٣٤ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی بە هەڵئاوسانی ڕێکخراو) لەسەر باجدەرە ئەمەریکییەکان کەوتووە. سەرەڕای دەیان ساڵ هەوڵ و کۆشش بۆ ڕیشەکێشکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی نایاسایی بەرهەم دەهێنرێت و لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکادا بەردەوام لە گەشەدایە. لەم ساڵانەی دواییدا باجدانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و خودی شەڕی ماددەی هۆشبەر بۆ بەشێکی زۆر لە ئەمەریکییەکان زیاد لە هەر کاتێکی تر بووە بە شتێکی تاکەکەسی. لە ساڵی ٢٠١٦، لە هەر دە کەسێكی ئەمەریکی، چوار کەس دانیان بەوەدا ناوە كە لە ئێستادا یان پێشتر کەسێک دەناسن کە ئالوودەی ئارامبەخشە ڕێپێدراوەكانی پزشكان بووە(2). ئەم كێشەیە نیشاندەری گرنگی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی زیانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەكانە و سەرمایەگوزاریی دەوڵەتی ئەمەریکا بۆ باشترکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەم وڵاتەدا وەک زلهێزێکی سیاسی و ئابووریی جیهانە. بەڵام نابێ لەبەرچاوی نەگرین کە زیانەکانی ئالوودەبوون وەک هۆکارێکی مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی بە شێوەیەکی ڕۆژانە لە کۆمەڵگاکاندا ڕوو لە زیادبوونە و ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم مەترسییانە وەک بابەتێکی گرنگ ئەژمار دەکرێت. ڕوونە کە پێش لە هەر کارێک بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییەک، دەبێت بە باشی و وردی ئەو مەترسییە بناسین و هۆکارە پەیوەندیدارەکانی سەبارەت بەو مەترسییە دەستنیشان بکرێن. لەسەر ئەم بنەمایە، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر (Drug Use) لەنێو خەڵکدا بووە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی دەركەوتن و پەرەسەندنی “هەستکردن بە نائارامی” (Feeling Insecure). بە واتایەکی تر: ئالوودەبوون بە شێوەی زیانی کۆمەڵایەتی، لێکەوتەگەلێکی وێرانکەر و پڕ لە خەرجیی زۆر دەخاتە سەر شانی پێکهاتەی کۆمەڵگا. بۆ نموونە؛ لە کاریگەرییە ئازاربەخش و بونیادتێكدەرەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر بریتین لە جیابوونەوەی هاوسەران، کەمبوونەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، زیادبوونی دزی و گواستنەوەی نەخۆشی کە دەوڵەتەکان بۆ لەنێوبردنی ئەمانە بەناچاری تووشی خەرجییەكی زۆر دەبن. هەر لەبەر ئەمەیە کە ئەو بەهایەی كە خەڵک بۆ کەمکردنەوەی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگە و پاشانیش باشترکردنی ئاستی ژیانی كۆمەڵایەتی قایلن، شایانی گرنگیپێدانە بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامەکانی دەوڵەت سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کەمبوونەوەی ئالوودەبوون سوودمەندە و هەستکردنی دەروونیی نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئالوودەبوون و زیانەکانی(3). لە لایەکی ترەوە، بەو پێیەی كە چەمکی هەستکردن بە ئاسایش یەکێکە لە دەرخەرەکانی چۆنیەتیی ژیان لەنێو شارەکاندا، دەکرێت بڵێین زیانە کۆمەڵایەتییەکان وەک یەکێك لە گرنگترین لێکەوتەکانی ئەم نائەمنییە ئەژمار دەکرێت. لە ئەمڕۆدا بە سەرنجدان لە بڵاوبوونەوەی نائەمنییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو شارەکاندا، پەیوەندیی نێوان ئاسایشی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی زیانە کۆمەڵایەتییەکان گرنگیی پێ دەدرێت(4). لەسەر ئەم بنەمایە، یاسای سزادانی توند، توندکردنی بەرەنگاربوونەوەکان، ڕێكارە پۆلیسییەكان و سەرمایەگوزاریی دەوڵەتەکان بۆ دابینكردنی هەستکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی؛ ئەنجامێکی دڵخوازی بەدەست نەهێناوە، هەر بەم هۆیەوە ساڵانێکە وڵاتان بیر لەوە دەکەنەوە کە سوود وەربگرن لە توانا و بیرۆکەکانی کۆمەڵگای مەدەنی (بەهێزكردنی ستراتیژی بەشداریکردنی خەڵک لە دابینکردنی ئاسایش) و كار لە کەمکردنەوەی هەستکردن بە نەمانی ئاسایش بكەن. هەر بۆیە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بابەتێکە کە خەڵک و دەوڵەت پێکەوە لە دابینکردنیدا هاوبەش و بەشدارن، لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەت و کۆمەڵگە هەنگاوبەهەنگاو و پێکەوە بەبێ ئەوەی خۆیان لە یەكتر جیا بكەنەوە، پێویستە هەمان كردار سەبارەت بە نەمانی ئاسایشی پەیوەندیدار بە هەردووکیان ئەنجام بدەن و هاوكاری یەكتر بن(5). زیانە کۆمەڵایەتییەکان (Social Problems) زیانە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆگری هەندێ کێشە و گرفتی کۆمەڵگایە کە بە هۆی ئەوەوە خەڵکی تووشی زیانی جەستەیی و دەستدرێژیی جەستەیی دەبن. ئالوودەبوون بە شێوەی یەکێک لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەتا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی مرۆیی وڵاتەکان و داینامۆی ئابووریی وڵات لەکار دەخات و پاشانیش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی تاوانکاری و کێشەگەلی تر لە کۆمەڵگادا، بەم شێوەیە بە توندی و خێرایی دەبێتە هۆی لەدەستدانی سامانی مرۆیی. هەروەها ئەم بابەتە لە ڕێگەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییەوە کە بەسەر کۆمەڵگەوە بەجێی دەهێڵێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی سامانی کۆمەڵایەتی. بەشێک لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئالوودەبوون بریتین لە: داڕووخانی بنەمای خێزانەکان، کەمبوونەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، گواستنەوەی نەخۆشییەکان، زیادبوونی دزی لە کۆمەڵگەدا و لە هەمووی گرنگتریش خەرجیی هەلی لەدەستچووی هێزی کار. بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگادا، وەک تێچووی مانەوەی ئالوودەبووان لە بەندیخانە یاخود کەمپەکان، یاخود پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەوان لە ڕێگەی ڕێکخراوە تەندروستییەکانەوە، بەڕوونی تێچوونێكی زۆری پێوە دیارە بۆ دەوڵەت. بەڵام لەگەڵ ئەم خەرجییە ڕوون و قابیلی ژماردنانەدا، كۆمەڵێك تێچوونی تر بوونی هەیە کە تێچووی بەهای دراوییەكەی دیار نییە و لە هەمان کاتدا بەهایەکی زۆر زیاتری هەیە کە بریتین لە لەنێوبردنی متمانەی کۆمەڵایەتی لەنێوان خەڵکیدا بە هۆی زیادبوونی دزییەكان، ئەگەری تووشبوون بە تاوانی ئەندامانی تری خێزان بە هۆی لاوازی و لەنێوچوونی شیرازەی خێزانی و هەروەها بریندارکردنی هەستی تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ هەستی یارمەتی و بەزەیی ئەوان لە کاتی بینینی ئالوودەبووندا. هەروەها، دەوڵەتەکان بۆ جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئالوودەبوون، دەبێت لە كولتوورسازی و پەروەردەی کۆمەڵگادا سەرمایە بخەنە گەڕ. کەواتە، لێكدانەوەی ڕێژەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەو بەهایەی کە خەڵکی پێی دەدەن سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی ئالوودەبووان، بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتی گرنگیی هەیە(6). جیا لە ناوەرۆکی کۆمەڵگا و ئاستی گەشەكردنی، دەکرێت بڵێین بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر وەک كێشەیەكی کۆمەڵایەتی کاتێک خرایە بەر باس کە دیاردە کۆمەڵایەتییەكانی وەك شارنشینی و پیشەسازی هاتنە كایەوە. كاریگەرییەكان و شێوازی ژیانی تایبەت پیشەسازی، بووە هۆی ڕوودانی گرژی و ئاڵۆزی لە ئاستی تاکەکەسی و کۆمەڵگادا. بێ ناونیشانی و ونبوونی (گمنامی) تایبەت بە كەشی شارەکان، نەک تەنیا ڕۆڵی چاودێریی خێزانی کەم کردەوە، بەڵکوو بووە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئایینیش، ئەم ونبوونە بە لەخۆنامۆبوونی مرۆڤ زیاتر پەرەی سەند. حەزە بێسنوورەکانی مرۆڤ بووە هۆی ئەوەی کە كێشمەكێش و هەژاریی زیاتر بۆ مرۆڤ بەرهەم بهێنێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بووە هۆی ئەوەی کە لە قۆناغی یەکەمدا مرۆڤی مۆدێرن بۆ ئارامبوونەوەی خۆی پەنا بەرێتە بەر ماددەی هۆشبەر و بەدوایدا بگەڕێت و لە کۆتاییدا کاتێک کە کێشەکان وایان لێ دێت بەرگەی ناگرێت، تووشی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەبێت(7). لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، پێکهاتەی کولتووری-کۆمەڵایەتی لە پەرەپێدانی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگادا شایانی گرنگیپێدانن. لە ڕوانگەی تیۆری كردارگەرایی (Functionalism)، کاتێک کە نۆرمە (بەها/هنجار) کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن، حەزی تاکەکان بۆ ئەو ماددە هۆشبەرانە زیاتر دەبێت. بە ئاڵۆزتربوونی کۆمەڵگا و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەكانی خێراتر، بەهاکان و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان ناڕوونتر دەبن و دەگاتە ئاستی بێبەهابوون. نەگونجاویی نۆرم، لە گرنگترین هۆکارەکانی لاوازبوونی بەهاكانە. سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی تەندروستی سەبارەت بە مەترسی و زیانەکانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بە هۆی بانگەشەی بەرهەمهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، پێكدادانی پێكهاتەیی دەردەكەوێت و تاکەکان بەرەو کێشانی ئەم ماددانە ڕادەکێشێت. بێبەهایی و بەرەڵایی تاكەكەسیش هۆکارەکانی ترە کە هەلێکی گونجاو بۆ ڕاکێشانی مرۆڤ بەرەو ئالوودەبوونی بە ماددەی هۆشبەر دەڕەخسێنێت. لێكهەڵوەشاوەیی پێکهاتەی خێزانەکان بە هۆی جیابوونەوەی دایکان و باوکان، جیابوونەوە لە هاوڕێیان بە هۆکاری شوێن گواستنەوە و کۆچکردن و لەم نموونانە، مرۆڤ لەبەرامبەر ماددەی هۆشبەر لاوازتر دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، لاوازبوونی هاوڕایی گشتی سەبارەت بە بەها پەسەندكراوە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگترین هۆکارە کە مرۆڤ پەنا بەرێتە بەر ماددە هۆشبەرەکان(8). ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر (Drug Addiction) ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر نەخۆشییەکی سەرەکی و کوشندەیە و خێرا گەشە دەکات. لەم نەخۆشییەدا جۆرێک پەیوەندیی ئارامکەرەوە دروست دەکات بە ماددەیەکی هۆشبەر، یاخود کاریگەر لەسەر مێشک کە ئێمە بێتوانا دەکات سەبارەت بە چالاکی و حەزی زۆر. ئالوودەبوون وەک کردارێک پێناسە دەکرێت کە جەستەی مرۆڤ وا لێ دەکات بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ڕۆژانەی خۆی وابەستەی هەندێ هەڵسوکەوت و ماددە هۆشبەر ببێت. کاتێک کە وەک پێویست ماددەی هۆشبەر ناخرێتە بەردەست جەستە، یاخود کردارگەلێک کە کەسی ئالوودەبوو وابەستەی بووە و ناتوانێت ئەنجامی بدات بە هەر هۆكارێك، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی نیشانەکانی ناهۆشیاری. بە واتایەکی تر: ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەکرێت پێناسەی بکەین بە کارێک کە مرۆڤ ناچارە ئەنجامی بدات و لە هەمان كاتدا لە كاتێکدا لە لێکەوتە زیانبەخشەکانی بەئاگایە. ئەمە لە كاتێكدایە كە دایك و باوكان، هاوسەر و كەسانی نزیكی کەسی ئالوودەبوو بە ماددەی هۆشبەر بەئاسانی ئەم ڕاستییە وەک جۆرێک لە نەخۆشی قبووڵ ناکەن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەم كەسانە لە ڕووی هەستەوە لە پڕۆسەی نەخۆشیی كەسی ئالوودەبوو بەشدارن. سەرەڕای ئەوەی کە وشەی “ئالوودەبوون” بەزۆری ئاماژەیە بۆ وابەستەبوون بە ماددەی هۆشبەر یاخود خواردنەوە كحوولییەكان و لەژێر ناوی ئالوودەبوون بە ماددەكانی تر ئاماژەی پێ دراوە، ئەم ئەگەرەش هەیە كە مرۆڤ ئالوودەی هەندێ کردار و چالاکیی تریش ببێت، وەک: قومارکردن، زۆرخۆری، پەیوەندیی سێکسی، سەیرکردنی وێنە و ڤیدیۆی سێکسی، یاخود تەنانەت شت کڕینی ناپێویست و زیاد لە ڕادە، ئەم جۆرە لە ئالوودەبوونانە وەک ئالوودەبوونی کرداری یاخود پڕۆسەیی ئاماژەی پێ دەدرێت. لەسەر بنەمای پێناسەی ئەنجوومەنی چارەسەرکردنی ئالوودەبوونی ئەمەریکا، وشەی ئالوودەبوون بەم شێوەیە پێناسە کراوە: “ئالوودەبوون نەخۆشییەکی سەرەکی و درێژخایەنە کە گرفت دروست دەکات لە بەشەكانی پاداشت، پاڵنەر و خەزنكردن (حافظه) و بەشەكانی تری تایبەت بە مێشك، ئەم کێشانە دەبنە هۆی دروستبوونی تایبەتمەندییە وابەستەییەكانی جەستەیی، دەروونی و كۆمەڵایەتی”. سەرهەڵدانی ئەم ئاماژەگەلانە لە مرۆڤدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بۆ دەستکەوتنی پاداشت (چێژ) یان ئارامبوونەوە ڕوو بکاتە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، یاخود کرداری تێكدرانە و وێرانکەر. ئاماژە دیارەکانی ئالوودەبوون بریتین لە تێكچوونی کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوت و کردارەکان، حەزی زۆر بۆ کێشانی ماددە هۆشبەرەکان، بێتوانایی لە پاك مانەوەی بەردەوام و بێ توانایی لە ناسینی کێشەی هەڵسوکەت و پەیوەندیی گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگادا. ئەگەر ئالوودەبوون بە دەرمان یاخود بە چالاکییەکانی پێویست كاری لەسەر نەكرێت، بەردەوامبوونی لەوانەیە ببێتە هۆی لەکارکەوتنی مێشک و تەنانەت مردنیش(9). ئالوودەبوونی جەستەیی وەڵامی فسیۆلۆژیی جەستەیە بەرامبەر بە داخڵبوون و کاریگەریی ماددەی نوێ بۆ جەستە كە بەگشتی دیاردەی قبووڵکردن ((Toleranceی لێ دەكەوێتەوە، واتە لەبەر زیادبوونی وەرگرە دەمارییەکان و کەمبوونەوەی نێوەنجییە دەمارییەكان لە سیستمی ناوەندیی دەماردا، کەسی ئالوودەبوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێویستی زیاتری بە کێشانی ماددەی هۆشبەر دەبێت. وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆی ئازاری جەستەیی، بێخەوی، زۆرخەوی و ناهۆشیاریی جەستە. ماوەی وازهێنان لە ئالوودەبوونی جەستەیی زۆر كورتترە لە ئالوودەبوونی دەروونی. ئەو تیۆریستانەی کە پەرژاونەتە سەر هۆکارەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، لە ڕوانگەی زیندەوەرناسییەوە باوەڕیان وایە کە مرۆڤ لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەیی سەبارەت بە ئالوودەبوون تێدایە. بە بۆچوونی جاروڤیک (Jarvik)، هەندێک لە مرۆڤەکان لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەییەکیان تێدایە کە ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر چێژ لە خراپ بەكارهێنانی کێشانی ماددەی هۆشبەر وەربگرن و هەر ئەم ئامادەییەش دەبێتە هۆکاری ئالوودەبوونی ئەوان. بە واتایەکی تر: سیستمی ناوەندیی دەماری، ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی گەیەنەرە دەمارییەكانەوە بە چەشنێك پرۆسێس دەكات کە ببێتە هۆی ئەزموونێكی چێژبەخشی دەگمەن(10). ئالوودەبوونی دەروونی ئالوودەبوونی دەروونی بە هۆی چێژ و سەرخۆشیی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوەیە لە درێژمەودادا. ڕێكوڕاست بە هۆی تێكچوونی شیرازەی ڕژانی نێوەنجییە دەمارییەكانەوە، تاك تووشی زیان یان دژیەكییە ڕۆحییەكان دەبێت. بۆ نموونە؛ مادەی هۆشبەری مێتائامفتامین (شیشە)، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕژێنی دوپامین لە مێشكدا و ڕوودانی حاڵەتی ورووژێنەر، سەرخۆشی، تەركیز و…، پاش وازهێنان لە بەكارهێنان یان كەمكردنەوەی ئاستی دوپامین، كەسی ئالوودەبوو تووشی خەواڵوویی، خەمۆكی و بێتەركیزی و… دەبێت. ماوەی خولی گەڕانەوەی ئەم نێوەنجییە دەمارییانە بۆ حاڵەتی ئاسایی زۆر درێژتر و تەنانەت هەندێك پێیان وایە كە گەڕانەوەیان نییە. لە ئەنجامدا ئالوودەبوونی دەروونی زۆر كوشندەتر دەنوێنێت. ئالوودەبوونی دەروونی دەبێتە هۆی ئەوەی كە زۆرێك لەو كەسانەش كە پێشتر كۆرسە درێژخایەنەكانیان بینیوە، دیسانەوە دڵیان بۆی لێ بداتەوە. بەڵام بەداخەوە كە هەندێك كەسی هەلپەرست بۆ ڕیكلامكردن بۆ ماددەی هۆشبەر، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەكاربەرەكان ئالوودە ناكات، بەڵام لە واقیعدا هەموو ماددەیەكی هۆشبەر ئالوودەبوونی دەروونییشی لەتەكدا دەبێت، تەنانەت ئەگەر هەندێك لە ماددەكان نەبنە هۆی ئالوودەبوونی جەستەیی لە كەسەكاندا(11). لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە بۆچوونێك هەیە كە ئەو كەسانەی كە متمانەبەخۆبوونێكی كەمیان هەیە و لە دڵەڕاوكێدان، بە مەبەستی ئارامی و بەدەستهێنانی متمانەبەخۆبوون و ڕزگاربوون لە بەریەككەوتنەكان؛ ڕوو لە ماددە هۆشبەرەكان دەكەن. كەسە وابەستەكان ئەگەری ئالوودەبوونیان زیاترە(12). ئاسایشی كۆمەڵایەتی ئاسایشی كۆمەڵایەتی وەك یەكێك لە هەستیارترین و گرنگترین جۆرەكانی ئاسایش، ڕەگەزێكی سەرەكیی ژیانی مرۆڤ پێك دەهێنێت. بێگومان هیچ ڕەگەزێك بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی كۆمەڵگەیەك و هەروەها چەكەرەكردنی تواناكان؛ گرنگتر نییە لە ڕەگەزی ئاسایش و دابینكردنی ئارامی لە كۆمەڵگەدا. ئاسایش خاوەنی دوو واتای ئەرێنی (واتە بوونی هەستی ڕەزامەندی و دڵنیایی دەسەڵاتداران و هاوڵاتیانە) و نەرێنی (واتە نەبوونی ترس، زەبر و هەڕەشە)یە. ئێستاكە چەمكی ئاسایش لە ڕووی ڕواڵەتەوە لە كۆمەڵگەدا سنووری نەبوونی تاوان و زیانەكانی تێپەڕاندووە و حاڵەتگەلی وەك دەروونی، ئەخلاقی، تەندروستی، ئابووری دەگرێتەوە و هەروەها هەڵگری سەقامگیری، شیرازەی واقیعی و ئەقڵانییە لە كۆمەڵگەدا كە ئەمانە هەموویان بە واتای ئاسایشی كۆمەڵایەتی لێك دەدرێنەوە. بۆیە دەكرێت ئاماژە بەوە بكرێت كە هەتاوەكوو ڕێژەی پەرەپێدانی كۆمەڵگەیەك زیاتر بێت، تێکڕای ئاسایشی كۆمەڵایەتییش زیاتر دەبێت و هاوتەریب لەتەك ئەوە ڕێژەی سەرپێچی، تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان كەمتر دەبێت. پێناسەی ئاسایش ئاسایش لە ڕەگوریشەی لاتینیی “Securus”ەوە وەرگیراوە كە بە واتای نەبوونی دڵەڕاوكێ و دوودڵی دێت. بۆیە واتا زمانەوانییەكەی ئاسایش؛ ڕزگاربوونە لە شڵەژان، دڵەڕاوكێ، ترس یان هەستكردنە بە ئارامی و دڵنیایی. هەستكردن بە ئارامی و دڵنیایی بە هۆی نەبوونی دەستدرێژی بۆ سەر گیان، ماڵ، كار و مافەكانی دیكەی مرۆڤ دێتە دی. ئەم بەها جێگیرە، یەكێكە لە پێداویستییەكانی ژیانی تاكەكەسی و كۆمەڵایەتی(13). هەروەها، ئاسایش خاوەنی دوو ڕەگەزی سەرەكیی هەڕەشە و دەرفەتە و بەرقەراركردنی ئاسایش بەستراوەتەوە بە ڕزگاربوونی ڕێژەیی لە هەڕەشە و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكانە. بەم پێیە بەرجەستەبوونی ئاسایش لە لایەك بەستراوەتەوە بە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان و لە لایەكی ترەوە بە دەركەوتەكانی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییەكان و باشكردنی دۆخ و ڕێكخستنی ژیان(14). ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دابەشكارییەكانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ڕەهەندی سیاسی و حكومیی هەیە و ئاوێزانە بە بابەتی سەرەكیی دەسەڵاتەوە و لە توێژینەوە و خوێندنەوە ستراتیژییەكاندا لەژێر چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەییدا شەنوكەو دەكرێت(15). ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە ڕووی گشتگیری و هەمەلایەنییەوە دەكرێت بە ئاسایشی ستوونییش هەژمار بكرێت كە كایەكانی ئاسایشی گشتی و بەكۆمەڵیش لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئارامی و ئاسوودەییە كە كە هەر كۆمەڵگەیەك ئەركی سەرشانیەتی بۆ ئەندامەكانی خۆی دابینی بكات و زۆر جار بۆ ئاسایشی پیشەیی، ئابووری، سیاسی و دادەوەری دابەش دەكرێت(16). ئاسایشی پیشەیی واتە دەستەبەركردنی ئارامی و ئاسایش بۆ مرۆڤ لە ڕێگەی پیشەوە، لەبەرامبەر هەوڵدانی دادپەروەرانە بە ئاراستەی بەدەستهێنانی بژێویی تاكەكانی كۆمەڵگە. ئاسایشی ئابووری دابینكردنی شیرازەیەكە لەنێو بەش و جومگە ئابوورییەكانی كۆمەڵگەدا كە تاكەكان لە هەستكردن بە مەترسیی كەمبوون و نەبوونی پێداویستییە سەرەكییەكانی تاك دەپارێزێت. ئاسایشی سیاسی بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەتی ڕادەربڕینی تاكەكان، ڕێژەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی كۆمەڵگە و بەشداری لەم جۆرە كاروبارانەدا بەبێ هەستكردن بە ترس و لەرز، مەترسی و هەڕەشە. ئاسایشی دادوەری ئاسایشی تاكەكانە بەرامبەر بە هەر جۆرە دەستدرێژییەك، تۆقاندنێك، ترس و هەڕەشەیەک، بەرامبەر بە گیان و ماڵ، شەرەف، ئازادی، پیشە و شوێنی ژیان و بە شێوەیەكی گشتی هەموو مافە یاساییەكانیان. جێی ئاماژەیە كە بەگوێرەی مادەی (3)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، “هەر كەسێك مافی ژیان، ئازادی و ئاسایشی تاكەكەسیی هەیە” و لەسەر بنەمای مادەی (22)ی جاڕنامەكە هەموو تاكێك وەك ئەندامێك لە كۆمەڵگە مافی ئاسایشی كۆمەڵایەتیی هەیە(17). ئاسایش و نائارامی وەك گۆڕاوی وابەستە (بەرەنجام) بەتوندی لەژێر كاریگەریی نەبوونی كۆنترۆڵی هەمەلایەنە، ناڕەزایەتی و بوونی بەریەككەوتنە ڕەفتارییەكان، نەبوونی ڕەزامەندی لە پێداویستییەكان، دابڕانە كۆمەڵایەتییەكان، گۆڕانی كولتووری، لاوازبوونی یەكڕیزیی كۆمەڵایەتی، ناكارامەیی سیاسەتە ئاسایشییەكان، نەبوونی لێهاتوویی ئامرازەكانی دابینكردنی ئاسایش، ململانێی سیاسی، پەراوێزخستن و كۆچكردنی ناڕێكخراوە. ئەو دۆخ و هۆكارە باسكراوانە، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێژەی تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان جێ دەهێڵن. بە واتایەكی تر: ڕێژی تاوانەكان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان بەتوندی لەژێر كاریگەریی ڕێژەی ئاسایشی كۆمەڵگەدایە. هەتا لە كۆمەڵگە، ناوچە و گەڕەكەكاندا دۆخێكی ئارامتر زاڵ ببێت، گۆڕاوە ئاماژەپێكراوەكان چاك دەكرێن و دەبنە هۆی كەمبوونەوەی زیانە كۆمەڵایەتییەكان لە كۆمەڵگەدا. هەروەها كۆمەڵگە لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەتەك دۆخ و هۆكارە ئاماژەپێكراوەكاندا، بە شێوەیەكی نەرێنی و خەسارناسییانە، گەشەی بەردەوامی ئاماری سەرپێچی و تاوان و توندبوونی زیانە كۆمەڵایەتییەكانی بەدوادا دێت. بۆیە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شیرازەی كۆمەڵایەتی و هاوشان لەتەك ئەوە كەمبوونەوەی ڕێژەی تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان(18). كۆمەڵگەیەك كە بیر لە گەشەپێدانی بەردەوام و هەمەلایەنە دەكاتەوە (كۆمەڵگەی تەندروست)، دەبێت ژێرخانەكانی گەشەكردن و دابینكردنی مافی هاوڵاتییەكانی بكاتە ئەولەویەتی كارەكانی خۆی. لە وەها كۆمەڵگەیەکدا مافی هاوڵاتیان، ئاسایشی گشتی، گیانی، دارایی، هەستكردن بە ئاسایش (بەرزكردنەوەی تایبەتمەندیی ئاسایشی دەروونی)، دەبنە جێی سەرنج و ڕێز. بەرقەراركردنی وەها دۆخێك، پێوستی بە ئیرادە، گرنگی و ویستی دەوڵەت و خەڵك هەیە. دەوڵەت لە ڕێگەی دەستەبەركردنی ژێرخانە سەرەكییەكان لە بەرقەراركردنی شیرازە و ئاسایشدا، هەروەها پلاندانانە ستراتیژی و ئاسایشییەكان، جێبەجێكردن و هەڵسەنگاندنی ئەم پلانانە و خەڵكیش بە بەشداریی چالاكانە و كاریگەریی خۆیان دەتوانن یارمەتیی باشتركردنی شیرازە و ئاسایش و بەرزكردنەوەی ئاستی هەستكردن بە ئاسایشی بدەن. لە ئەنجامدا بەرزیی ئاستی ئاسایش و زیانە كۆمەڵایەتییەكان بەستراوەتەوە بە ڕێژەی پەرەپێدان، خەسڵەتی ئاسایش، بەشداریی خەڵكی بەگشتی، كارامەیی دامەزراوەكان و دامودەزگاكانی ئاسایشەوە(19). ئەنجام لە كاتی ئێستادا زۆربەی كۆمەڵگە مۆدێرنەكان لەبەردەم كاریگەریی خراپ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەردان كە كاریگەریی لەسەر كایە جۆراوجۆرەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی، كولتووری و سیاسیی كۆمەڵكە هەیە. پانتایی كاریگەریی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە ئەندازەیەك بەرفراوان و قووڵە كە نەك تەنیا خودی كەسی بەكاربەر، بەڵكوو هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە خێزانەوە تا هاوڕێیان و ژینگەكانی خوێندن و پیشە سەرجەمیان كاریگەریان هەیە. توێژینەوەكان نیشانی دا كە هۆكارەكانی وەك بێكاری، نۆرمپشێوی، گۆشەگیری، كەلێنی ڕێژەیی، بڕوانامەی نزم، پێگەی ئابووری و كۆمەڵایەتیی نەگونجاو، بێبەشبوونی ڕێژەیی، خەمۆكی، كاریگەرییان لەسەر ئالوودەبوون هەیە و لەنێو هۆكارە ئاماژەپێكراوەكان و ئالوودەبووندا پەیوەندیی هەیە. كۆنترۆڵ و چارەسەری ئەم زیانە كۆمەڵایەتییە دەستەبەر نابێت مەگەر لە ڕێگەی سیاسەتگوزارییە گشتگیر و گونجاوەكانەوە لە ئاستی وردی و درشتی كۆمەڵگەدا، كە لەم حاڵەتەدا دەكرێت ڕێگە لە تووشبوون و تەشەنەسەندنی ئەم كێشە كۆمەڵایەتییە و كاریگەرییە خراپەكەی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی بگیرێت یان بگەیەنرێتە كەمترین ئاست. سەرچاوەكان (1) Sue Pryce (2012). Fixing Drugs (The Politics of Drug Prohibition), Palgrave Macmillan, p46. (2) Russell Crandall (2020), Drug and Thugs (The History and Future of America’s War on Drugs), Yale University Press, pp 2-9 . (3) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیبهای اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره6 ، شماره 4، صص 2-1. (4) بنی فاطمه، حسین. سلیمی، آمینه، (1390)، احساس امنيت اجتماعي جوانان و عوامل اجتماعي مرتبط با آن، نشریه مطالعات اجتماعی، دوره 3، شماره 12، صص 59-60. (5) علی محسنی، رضا، (1388)، تحليل جامعه شناختي امنيت اجتماعي و نقش آن در كاهش جرم و آسيبهای اجتماعی، فصلنامه نظم و امنیت انتظامی، شماره چهارم، سال دوم، صص 21-1. (6) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیبهای اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره6 ، شماره 4، صص 2-1. (7) علی وردی نیا، اکبر، (1384)، مطالعه جامعه شناختی اعتیاد به مواد مخدر در ایران. فصلنامه علمی پژوهشی رفاه اجتماعی، سال پنجم شماره 20، ص194. (8) دانایی، نسرین (1394). فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد. سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34. (9) برزگر، زهرا، قربانی، اکرم. تقوی، حسین. جلالی، مهدیه. رنجبر بلیانی، محمد (1394). تجارب جوانان از اعتیاد و آسیب های اجتماعی متأثر از آن. کنفراننس بین المللی علوم انسانی، روانشناسی و علوم اجتماعی. (10) دانایی، نسرین (1394). فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد. سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34 . (11) برزگر، زهرا، قربانی، اکرم. تقوی، حسین. جلالی، مهدیه. رنجبر بلیانی، محمد (1394). تجارب جوانان از اعتیاد و آسیب های اجتماعی متأثر از آن. کنفراننس بین المللی علوم انسانی، روانشناسی و علوم اجتماعی. (12) دانایی، نسرین، (1394)، فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد، سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34. (13) نصری، غدیر، (1381)، معنا و ارکان جامعه شناسی امنیت، تهران: نشریه تحقیقات استراتژیک، شماره 26. (14) علی محسنی، رضا، (1388)، تحليل جامعه شناختي امنيت اجتماعي و نقش آن در كاهش جرم و آسيبهای اجتماعی، فصلنامه نظم و امنیت انتظامی، شماره چهارم، سال دوم، صص 21-1. (15) همان، صص 21-1. (16) رجبی پور، محمود، (1382)، درآمدی بر احساس امنیت عینی، فصلنامه دانش انتظامی (نشریه دانشگاه علوم انتظامی)، شماره 26. (17) علی محسنی، همان، ص21-1. (18) همان، ص21-1. (19) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیبهای اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره 6، شماره 4، ص2-1.
درەو: راپۆرتی: ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەروازەو ناساندن کۆچ دیاردەیەکی دێرینی مێژوییە، کەهەر لەسەرەتای دروست بونی مرۆڤایەتیەوە بەشێواز و هۆکاری جیاواز هاتوەتە ئاراوە. کۆچ یەکێک لە چوار رەگەزە سەرەکییەکەی گۆڕانکاری کۆمەڵگا، بەهۆکاری جەوهەری و خودی، کۆچ دەتوانێت کاریگەری کورت ماوەو درێژ ماوە لەژمارەو پەیکەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا بەدوای خۆیدا بهێنێت و پەیکەری کۆمەڵایەتی وڵات، یان شوێنی کۆچلێکراو و کۆچ بۆکراو دوچاری هاوسەنگی یان نا هاوسەنگی بکاتەوە. کۆچ لەبنەمادا بریتییە لە گواستنەوەی مرۆڤ لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە، بە ئامانجی دەستکەوتنی سەقامگیریی کاتی یاخود بەردەوام، کۆچکردن زۆر جار لەسەر شێوەی تاکەکەسی یاخود کۆمەڵ گروپ ئەنجام دەدرێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا خانەوادەکان بە تەواوەتی لە ناوچەیەکەوە دەڕۆن بۆ ناوچەیەکی دیکەو زێدی خۆیان بەجێدەهێڵن و پانتاییەکی دیکەی جوگرافی دەدۆزنەوە بۆ ژیانکردن. بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆچەر، بەکەسێک دەوترێت کە بەمەستی کۆچ دەچێتە وڵاتێکی تر، تێدا خاوەنی ناسنامەی ئەو وڵاتە نەبێت لانی کەم بۆ ماوەی ساڵێک زیاتر نیشتەجێ ببێت. لە ڕوانگەی یاسای ناوخۆی و نێودەولەتی، ڕەگەزنامە دیاردەیەکی سیاسی و یاسایی ناوخۆی هەر وڵاتێکە کە بەپێی سیستمی یاسایی و ناوخۆی ئەو وڵاتە دادەڕێژرێت، لەبەرامبەردا نیشتەجێبون و داواکاری نیشتەجێ بون بەواتای نیشتەجێبونی کەسێک لە هەر وڵاتێک داوای دەکات، کە تایبەتە بە کاتێکی دیاری کراو لەئەنجامی مەبەست و پاڵنەرێکی دیاری کراو. کۆچ یەکێک لە پرسە هەستیارەکانی یاسای نێودەوڵەتیە کە بەشێوەیەکی گشتی ئەم بابەتانە لەخۆی دەگرێت (زەواج، لەدایک بون، خوێندن، کار، وەبەرهێنان و بازرگانی، کەسایەتی تایەبەت هونەرمەندان و وەرزشکاران، پەناهەندەیی...). لەڕوانگەی یاساییەوە هەریەک لەم بابەتانە تەفسیرو مەرج و ڕێکاری خۆیان هەیە، بەڵام مەرج و ڕێکاری هەریەکەیان جیاوازن، خاڵی گرنگی هەمویان ئەوەیە، کە دەبێت لەو چوارچێوەیەی ئەو یاسایە بێت کە داڕێژراوە. ئەویش داخڵ بونە بۆ سنوری ئەم وڵاتانە بەشێوەیەکی یاسایی، لەم نێوەندەدا کۆچ بەشێوازی پەناهەندەیی ئاڵۆزترین و پڕ تەعریفترین شێوازیانە کە یاسا باسی لێوەدەکات، ئەویش ئەوەیە چەمکی کۆچ و مەرجەکانی وڵاتانی وەگر یان میواندار دوچاری ئاڵنگاری و ئیحراج بون دەکاتەوە. کۆچ و هۆکارەکانی ئەنجامدانی هۆکاری پشت کۆچکردن زۆرن، بەڵام بەگشتی دەتوانرێت لەدو فۆرمدا وێنا بکرێن ئەوانیش بریتین لە: یەکەم: هۆکارەکانی پاڵنان یاخود راونان ئەم هۆکارانە زیاتر بریتین لەهۆکارە ناوخۆیی و ناوەکییەکان، ئەمانەش سەرجەمی ئەو هۆکارانە دەگرێتەوە، کە لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات یاخود هەرێمێک، پاڵ و فشار بەتاک و گروپەکانەوە دەنێن، بۆ کۆچکردن و جێهێشتنی زێدو شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان بۆ روکردنە وڵات و شوێنیکی دیکە. دوەم: هۆکارەکانی راکێشان ئەم هۆکارانەش زیاتر بریتین لە هۆکارە دەرەکییەکان، کەبەهۆیانەوە تاکەکان کاریگەر دەبن بەکۆمەڵێک پاڵنەری راکێشەرو هۆکاری دەرەکی، لەدەرەوەی سنورو شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان، بەو هۆیانەوە تاک لەوڵات و زێدی خۆیەوە رادەکێشرێت بۆوڵات و ناوچەیەکی دیکەی جوگرافی، بەئومێدی دەستکەوتنی ژیانێکی باشتر، لەوپێناوەشدا کۆچ دەکات بۆ دەرەوەی سنورەکانی نیشتیمانەکەی. دەتوانێت پاڵنەری تایبەتمەندی کەسی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری هۆکار گەلێکی جیاوازی هەبێت وادەکات لێکەوتەکانی جیاواز تەماشا بکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کۆچ دەتوانێت پرسیارو لێکەوتەیەکی قوڵ لای کەسی کۆچکردوو دروست بکات، ئەوەش ئەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوە بەسەر ژیانی تاکەکاندا دەهێنێت، چ بەشێوەیەکی باش یاخود خراپ. بەهۆکار و پاڵنەرە جیاوازەکانی پشت دیاردەی کۆچ، نەک بەتەنها شوێنی ژیانی تاک گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵکو لەپاڵ ئەوەشدا بارودۆخی کۆمەڵایەتی تاک دوچاری ئاوەژوبونەوەو گۆڕانکاری دەکاتەوە. لەمێژودا هۆکار گەلی زۆر هەبون بۆ کۆچ کردن ئەوانیش دیاردە سروشتیەکان و گۆڕانی کەش و هەوا، پێشکەوتنی پیشەسازی کۆچکردنی لادی و گوندنشینەکان بۆ شارە پێشکەوت و خاوەن پيشەسازییەکان، یان ئەو گۆڕانکاریەی بەسەر ژینگەی سیاسی کۆمەڵگایەک دێتە ئاراوە لە ئەنجامی جەنگ و جەنگی سەپێنراو گۆڕانکاری جوگرافیای سیاسی کە زیاتر خۆی لە کۆچی زۆرەملێ دەبینێتەوە. کەواتە دەتوانین بڵێین چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، چ لەسەر ئاستی دەرەوە، چەندین هۆکار بونیان هەیە کە دەبنە پاڵنەرو راکێشان بۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵەکان کۆچ بکەن و ئەو شوێنە جێبهێڵن کە پێشتر شوێنی سەقامگیرییان بووە، لە دیارترین ئەو هۆکارانەش لەسەر ئاستی هۆکارە پاڵنەرو راکێشەرەکان لەناوخۆو دەرەوە بریتین لە: 1. هۆکارە سیاسییەکان: برییتییە لەهەمو ئەو هۆکارو فاکتەرە سیاسیانەی کە ناسەقامگیری و ئاڵۆزی سیاسی و خراپی دۆخی دیموکراسی و خراپی فۆڕمی حکومرانی و دەسەڵاتی ستەمکارو رودانی جەنگ و ئاڵۆزی ناوخۆیی و نەبونی ئازادی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە لەئەنجامدا تاکەکان ناچار دەکات لەواقیعی سەپێندراوی وڵاتەکەیان هەڵبێن و بگەرێن بەدوای شوێنێکی گونجاوتر و سەلامەت و سەقامگیرو ئارامدا، یاخود دۆزینەوەی شوێنێک کە لەژێر سایەیەی دەسەڵاتێکی دیموکراتدا بەئازادی حکوم بکرێن. 2. هۆکارە ئابورییەکان: بریتییە لەنەبونی هەلی کارو ناسەقامگیری ئابوری و نەبونی عەدالەتی ئابوری، ئەمەش تاک و گروپ و خێزانەکان هاندەدات بۆ گەران بەدوای میکانیزمێکی بەدیلدا کەتیایدا هەلی کاری نوێ و ژیانێکی باشتریان لەروی ئابورییەوە بۆ فەراهەم بکات، ئەوەش بە گواستنەوە لەزێدی خۆیانەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، چ لەناوخۆی وڵات بێت یاخود لەدەرەوە. 3. هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان: خۆیان دەبیننەوە لەبونی دەستدرێژی نەتەوەیی و ئاینی و ئیتنی، یاخود لەبەردەوامی هەبونی دیاردەی ڕەگەزپەرستی، ئەمە وا لە تاک و کۆمەڵەکان دەکات کە بە دوای ناوچەیەکی باشترو گونجاوتردا بگەرێن بۆ ژیانکردن، کەتیایدا دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادی تیادا فەراهەم ببێت. 4. هۆکارە سروشتییەکان: ئەم هۆکارانە زۆرتر خۆیان دەبیننەوە لەبەردەوامی ڕودانی ئەو کارەساتە سروشتییانەی بەسەر شار و شارۆچکەکاندا دێن، سەرئەنجام دەبنە هۆی نیمچە وێرانبوون یاخود وێرانبونێکی تەواو لەنمونەی کارەساتەکانی زریان و لافاو و زەمینلەرزە. 5. هۆکارە دەرەکییەکان: ئەمانەش بریتیین لەهۆکارە راکێشەرەکان لەدەرەوەی سنورەکان، وەک بینین و وێناکردنی بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەو رەفاهیەت لەدەرەوەی وڵاتی دایک. یاخود بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان و هەستکردن بەبەدەستهێنانی ژیانێکی شەرەفمەندانە لەسایەی دادی کۆمەڵایەتیدا...هتد). بێگومان هەمو ئەمانە لەدەرەوەی سنورەکان، دەبنە فاکتەری راکێشەر بۆ ئەوەی تاک لەوڵاتەکەی خۆیەوە رابکێشن بۆ وڵاتێکی دیکە. جۆرو فۆرمەکانی کۆچکردن بۆ پۆلێنکردنی جۆرەکانی کۆچکردن، چەندین پۆلێنکاری کراون، بەنمونە کۆچکردن لەروی یاسایی و نایاسایی بونەوە، یاخود کۆچکردن لەروی خواستەوە یاخود کۆچکردن لەروی ناوچەی جوگرافییەوە...هتد. ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین ناسراوترین جۆرو فۆرمەکانی کۆچکردن بەم جۆرە بناسێنین: یەکەم: کۆچی تاکەکەسی: بریتییە لە کۆچکردنی تاکە کەسێک لە ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراوەوەو بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە، لەناوخۆ یاخود بۆ دەرەوەی وڵات، بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). دووەم: کۆچی بەکۆمەڵ: بریتییە لە کۆچی خێزان و گروپ و کۆمەڵەکان لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە، لەناوخۆ یاخود بۆ دەرەوەی وڵات. بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). سێیەم: کۆچی ناوخۆیی: بریتییە لەو کۆچەی بەهۆی کۆچکردنی تاک یان کۆمەڵەکانەوە ڕوودەدات لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە نێو سنوری جوگرافیای یەک دەوڵەتی دیاریکراودا. چوارەم: کۆچی دەرەکی: ئەو کۆچەیە کە لە کاتی گواستنەوەی تاک یاخود کۆمەڵەکان لە ناوچەیەکی دەوڵەتێکەوە بۆ ناوچەیەک لە دەوڵەتێکی جیاواز دەگوازرێنەوە بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). پێنجەم: کۆچی ئارەزومەندانە: ئەو جۆرە کۆچەیە کە تاک یاخود کۆمەڵەکان بەپێی ویستی خۆیان بۆ گۆڕینی شوێنی ژیانیان دەیکەن، بە مەبەستی پەیداکردنی سەقامگیری لە ناوچەیەکی دیکەی دەرەوە یاخود ناوەوەی وڵات بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). شەشەم: کۆچی ناچاری: ئەو جۆرەیە کە لە کاتی گواستنەوەی تاک یاخود کۆمەڵەکان بەپێی ئەو بارودۆخ و ڕووداوانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕودەدات و ناچاریان دەکات کە شوێنی ژیانیان بەناچاری بگۆڕن، بە مەبەستی پەیداکردنی سەقامگیریی و ئارامی لەناوەوەی وڵات یاخود بۆ ناوچەیەکی دەرەوەی وڵات. حەوتەم: کۆچی کاتی: بریتییە لەو جۆرە کۆچەی کەتاکێک یاخود خێزانێک بەشێوەیەکی کاتی و بەمیکانیزمی یاسایی، لەشوێنی خۆیانەوە بۆ شوێنێکی دیکە بەخواستی خۆیان کۆچی بۆ دەکەن و پاش ماوەیەک دەگەرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان. لەنمونەی کۆچ بۆ خوێندن و کۆچی گەشتیاری و کۆچ بەمەبەستی ئاڵوگۆری بازرگانی و ئاینی و رۆشنبیری ...هتد. هەشتەم: کۆچی بەردەوام: بریتییە لەو جۆرە کۆچەی کەتاکێک یاخود خێزانێک بەشێوەیەکی هەمیشەیی لەشوێنی خۆیانەوە بۆ شوێنێکی دیکە کۆچی بۆ دەکەن و هەرگیز ناگەرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان. کۆچ لەهەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەدرێژایی مێژوو دوچاری ئەم دیاردەیە بوەتەوە، جێگەی سەرنجە بەڕێژەیەکی زۆر هۆکاری پشت کۆچی مرۆڤی کورد زیاتر لە ڕووە دەستکردەکەی کۆچەوە بووە، ئەویش لەئەنجامی جەنگ و ترس لە حکومەتە دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە ماوەی ڕابردودا، کە خۆی لە کۆچی بەکۆمەڵ و زۆرە ملێدا دەبینیەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان کۆچێکی ناچاری بوە بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی حکومڕانانی بەغدا بۆ سەر گەلی کورد، بەتایبەت لەسنوری کوردستانی عێراق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ژیان و سەلامەتی خۆیان، بەناچاری لەدەست پرۆسەی ئەنفال و جینۆسایدو کیمیاباران بەعەرەب کردن هەڵهاتون و رێگەی کۆڕەو و کۆچی بەکۆمەڵیان گرتوەتەبەر بەتایبەت لەماوەی ساڵانی ١٩٧٥-١٩٩١، ئەم سەردەمەش بەسەردەمی کۆچی نا ئاسایی و بەکۆمەڵی مرۆڤی کورد دادەنرێت لەماوەی رابردودا. پاش راپەرین و نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و کەوتنە دەستی زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی کورد بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەرەتادا هیوایەک هەبو بۆ دروستبونی کۆچی پێچەوانەوەو کرانەوەی ژیان بەروی ئەوانەی کوردستانیان بەجێهێشتوە. بەڵام هەرزو بەهۆی حوکمی شکستخواردوی دو پارتی و یەکێتی و پێکدادانی بەرژەوەدنییە حزبەکانیان، ئەو هیوایانەش لەگۆرنران و دوبارە مرۆڤی کورد بۆ رزگاربون لەو واقیعە رێگای هاندەرانی گرتەوەبەر. بەتایبەت دوای دروستبونی شەری ناوخۆ و قوڵبونەوەی کێشە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی کوردستان. بەم جۆرە قۆناغێکی نوێی کۆچی تاک و بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی کوردستان، لەسایەی حکومرانی کورد لەهەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد. لەئێستاشدا ئەم دیاردەیە نەک کەمی نەکردوە، بەڵکو بەردەوام لەزیادبوندایە. ڕۆژانە بە پاڵنەرو هۆکاریی جیاواز، بەهۆی خراپی ژیان و گوزەرانیان لەسایەی حوکمی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، سەدان گەنج و منداڵ و ژن و پیاوی بەتەمەن ڕێگەی ناچاریی کۆچ هەڵدەبژێرن و خۆیان دەدەنە دەست قەدەرێک کە پڕە لە نەهامەتی و ڕەنج کێشان، تا دەگەنە شوێنی مەبەست، پاشانیش گیرۆدەی ئەو گۆڕانکارییە دەبن کە بەسەر ژینگەی کۆمەڵایەتی و یاسای ئەو باردۆخەدا لە وڵاتی بێگانە تێی دەکەون. چیرۆکی کۆچ هەزاران پرس و ڕەنجکێشان بۆ خۆی دروست دەکات بەدرێژای ژیان کەس و کەسانی کۆچ کردو بەدوای وەڵام و سارێژکردنیدابن. ئەوە جگە لەدەستچونی ئەو هەمو سامانە مرۆیی و دەستی کارو توانا فیزیکییەی کەئەو کۆچبەرانە لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن، کەسەرئەنجامەکەی بەزیان بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان و سودی وڵاتانی دیکە دەشکێتەوە. ئامارەکانی کۆچ لە عێراق و هەرێمی کوردستان (دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران) کە ڕێكخراوێكی ناحكومی مرۆییەو پێشتر لەژێر ناوی (فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی) کاری کردووە، ئاماری مەترسیداری لەبارەی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە بەپێی ئامارەکانی دەزگاکە؛ ئامارەکانی قوربانیانی عێراقی کە لە ڕێگای کۆچی نائاسایدا لەماوەی (2015-2021) بوون بە قوربانی و زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و (458) کەسن، (بڕوانە خشتەی یەکەم). هاوکات هەر بەپێی ئامارەکانی دەزگای ناوبراو لە ماوەی نێوان ساڵی (2014-2021) لە عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی (693) هەزار عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بەدەر لەو کۆچبەرانەی تەمەنیان لە خوار (18) ساڵەوەیە یان داوانامەی سیاسییان پێشکەش کردووە، (بڕوانە خشتەی دووەم). دیارترین هۆکارەکانی کۆچ لە هەرێمی کوردستان دیارە هۆکارەکانی کۆچ لە هەرێمی کوردستان فرە جۆرن، هەر لەهۆکارەکانی پاڵنانەوە تاهۆکارەکانی راکێشان، ئەم هۆکارانەش دەکرێت لەکۆچبەرێکەوە بۆ کۆچبەرێکی دیکە، یاخود لەگروپ و کۆمەڵە کۆچبەرێک بۆ گروپ و کۆمەڵێکی دیکە جیاوازبێت، بەڵام دیارترین هۆکارەکان ئێستای هەرێمی کوردستان بریتین لەهۆکارەکانی پاڵنان، کەرۆژانە پاڵی بەبەشی هەرە زۆری کۆچبەرانی هەرێمی کوردستانەوە ناوە بۆ دەرەوەی وڵات، بریتین لە؛ یەکەم: هۆکارە سیاسییەکان پرۆسەی هەڵبژاردن، وەك پایەیەكی گرنگی دیموكراسی، رێگەی سەرەکی بەشداری كۆمەڵگایە، لە ژیانی سیاسی و بڕیاری سیاسیدا، بەڵام بەردەوام لەهەرێمی کوردستان حیزبە دەسەڵاتدارەکان، یاخود هێزە دەستڕۆیشتووەكان لە رێی ساختەكاریی و تەزویرەوە دەنگی هاوڵاتیان لەبەرژەوەندی خۆیان ساختە دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش پرسی تەزویر و ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكاندا بووەتە پرسێكی جدیی و كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دروستكردووە، بەمەش کەمترین دەرفەت ماوەتەوە بۆ بەشداری سیاسی خوێن و نەوەی نوێ لە نێو سیاسەت و گۆڕانکارییە سیاسییەکان. هەردوو پارتی دەسەڵاتداری خاوەن چەک و سەرمایە لە دوو رێگاوە کۆنتڕۆڵی کۆی جومگە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرووە، سەرەنجامەکەی سەریکێشاوە بۆ چەقبەستوویەکی سیاسی بێزارکەر لە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش 1. بەگەڕخستنی توانا ئابورییەکانیان بۆ؛ • ڕاگەیاندن؛ کردنەوەی هەزاران ئامرازی ڕاگەیاندنی (نوسراو، بیستراو، بینراو)ی حیزبی، بەتێچونی ماددی گەورە، کە بەشێکیان نامۆن بە کلتوری خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ مەرامی تایبەتی تەرکیزێکی زۆری خراوەتە سەر، لە دەرەنجامدا بەشی زۆریان خزمەت بە مانەوەو بەردەوامی پرۆسەیەکی سیاسی لار دەدەن لە هەرێمی کوردستان. • دامەزراندن سەدان هەزار کەس لە کەرتی گشتی و سەرهەڵدانی دیاردەی (بندیوار)، کە کێشەیەکی گەورەی بۆ ئابوری و بوجەی گشتی، دەرچوانی بێکاری زانکۆو پەیمانگاکان دروست کردووە. • بەخشینەوەی سامان و داهاتی گشتی، بەسەر خەڵکانی دیار و سەرۆک خێڵ و عەشیرەت ... بە بیانوی جیاواز و کڕینیان و بەکارهێنان _بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنەکان_ بێبەشکردنی چینێکی هەرە گەورەی کۆمەڵگا لە سودمەندبوون لە داهات و سامانی گشتی هەرێمی کوردستان. • بەخشینی موڵکی گشتی و زەوی و تەندەرو پرۆژەی ئابوری...هتد بە دەست و پێوەندەکانی حیزب مەحرومکردنی ئەوانەی بەشی زۆری کۆمەڵگەو سەرمایەدار و بازرگانانی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان. 2. بەگەڕخستنی توانا سەربازییەکان بۆ؛ • دامەزراندنی خەڵکانی ناشایستە لە کەرتی سەربازی، هەندێجار پێدانی پلەو پایە دور لە بنەمای شایستەیی. • بەکارهێنانیان لە کاتی هەڵبژاردنە گشتییەکان و کاریگەرییان لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن. • سزادان و دورخستنەوەی ڕەنگی جیاواز لە نێو هێزە ئەمنی و چەکدارەکان. • بەکارهێنان و چاوسورکردنەوەیان، لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. بە پوختی بەکارهێنانی هەردوو هێزی نەرم و ڕەق دژ بە هەر لایەن و کەس و گروپ و ڕێکخراو و ڕۆژنامەنوس و دەنگێکی ناڕازی ... هتد. بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستنی خۆیان و درێژەدان بەو دۆخە چەقبەستووەی کە لە ئارادایە. کە لە کۆتاییدا سەریکێشاوە بۆ بێ دەنگک کردنی ئازادی ڕادەربێن و کاری ڕۆژنامەنووسی ئازادو سەربەخۆ و سەرەنجام بەرتەسکردنەوەی ئازدییە گشتییەکان و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان. بۆیە دەکرێت هۆکاری سیاسەت و حکومڕانی ناتەندروست و چەقبەستوویی درێژەخایەن و خۆدزینەوە لە چاکسازی جدی ڕاستەقینە بە قازانجی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، پاڵنەرێکی گەورەی ئەو کۆچە بەلێشاوە بێت کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. دووەم: هۆکارە ئابورییەکان ئابوری یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی پاڵنەرەی ئەنجامدانی کۆچکردن لەتەواوی جیهاندا، ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش راستە. لەهەمو شوێنێک کەمی هەلی کارو نزمی ئاستی وەبەرهێنان، هۆکار دەبێت بۆ هاندانی کۆچکردنی هاوڵاتیان، لەشوینێکەوە بۆ شوێنێکی تر. لەنمونەی کۆچکردن لە لادێکانەوە بۆ شارەکان، یاخود لەشێوەی کۆچکردن لە شارێکەوە بۆ پایتەختی ووڵاتەکە، یان کۆچکردنی هاوڵاتیانی وڵاتێک، بۆ ولاتێکی دیکە. ئەوەی ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا رودەدات لەنمونەی فۆرمی سێهەمی ئەم شێوازە کۆچەیە، کەهاوڵاتیانی کوردستان، لەبەر خراپی دۆخی ئابوری و نەبونی هەلی کارو کەڵەکەبونی قەیرانە ئابورییەکان و خراپی دۆخی ژیان و سەختی گوزەران و بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخ و شتومەک و لە پێناو بژێویەکی باشتر هەلی کارێک و سەرەمایەیەک کە داهاتووی ڕۆشن بکاتەوە رودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا. هەرێمی کوردستان، بوەتە هەرێمێکی کرێخۆرو بەرخۆر، زۆرینەی هاوڵاتیانی بونەتە موچەخۆر، لەئێستاشدا بەهۆی نەبونی بودجەی گشتی کە پلانی ئابوری هەرێم رونبکاتەوەو بەهۆی دابەشنەکردنی موچە لەکاتی خۆیدا یاخود دابەشکردنی موچە بەهۆی لێبرینەوە. دۆخی ئابوری و بازاڕ تەواو دوچاری چەقبەستویی بووە، زۆرێک لەهاوڵاتیان بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و زۆرێک لەموچەخۆرانیش دوچاری ژیانێکی قورس بونەتەوەو بەسەدان سەرمایەدارو وەبەرهێنیش دوچاری زەرەمەندبون و مایەپوچی بونەتەوەو سەدان پرۆژەش بەتەواونەکراوی وەستاون. هەموو ئەمانە وایکردوە دۆخی گشتی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردودا زۆر سەخت بێت، چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتووشدا دژوارتربێت، بەم هۆیەش هاوڵاتیان بیر لەمیکانزمێکی جێگرەوە دەکەنەوەوە بەناچاری ملی رێگەی هەندەران دەگرنە بەر. دیاردەی بێکاری لەهەرێمی کوردستاندا زۆر زیادی کردوە، بەجۆرێک لەئێستادا بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێژەی بێکاری گەیشتوەتە ١٢٪. هاوکات پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە لەنێو توێژی گەنجاندا، زیاتربێت و لەنێوان توێژی خانمانیشدا رێژەکەی زۆر زیاتر بێت. لەلایەکی دیکەوە، لەئێستادا دیاردەی هەژاری لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی و هەڵئاوسان و پەتای کۆرۆناوە زۆر تەشەنەی سەندوە، هاوکات لەئەنجامی کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حكومەت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان و کەرتی بەرهێنان و کەمبونەوەی وەبەرەهێنانی کەرتی تایبەت وایکردوە کەرتە نافەرمیەکانی ئابوریش زیانی گەورەیان پێبگات، ئەمەش زۆرێک لە هاوڵاتیانی دوچاری بێکاری و هەژاری کردوەتەوەوە، ناچاری بەکۆچکردنی کردون. هاوکات نادادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی لەنێوان توێژو چینی دەسەڵاتدارو خێزانە سیاسییەکان و زۆرینەی کۆمەڵگا، بوەتە هۆکاری زیاترو زیاتر تەشەنەسەندنی دیاردەی نادادی کۆمەڵایەتی و زیاتر تۆخکردنەوەی سیمای چینایەتی و دابەشبونی کۆمەڵایەتی. سەربەرای هەمو ئەوانەش، دیاردەی گەندەڵی تادێت تەشەنەدەسێنێت، لەئێستاشدا گەندەڵی زۆرینەی سێکتەرەکانی دەسەڵات و حکومرانی لەهەرێمی کوردستاندا گرتوەتەوە. تەنانەت گەندەڵی لەزۆر ئاستدا شۆربوەتەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاش، بەردەوامی ئەم دیاردەیەش بوەتە هۆکارێک بۆ تۆخکردنەوەو زیاترکردنی کێشەو قەیرانە ئابورییەکانی کۆمەڵگاو زیاتر بڵاوبونەوەی دیاردەی بێهیوابون و کاڵبونەوەی ئینتیمای هاوڵاتیان، لەچارەسەرکردنی کێشەکانیان. لەلایەکی دیکەشەوە دیاردەی قۆرخکاری بازاڕ و بازرگانی لەرێگای کۆمپانیاکانی حزب و بنەماڵەو کەسانی دەسترۆیشتوی دەسەڵات بەردەوامە. بەرادەیەک کەرێگا لەبونی کێبرکێی بازاڕ گیراوەو کۆمپانیاکان و پیاوانی حزب و دەسەڵات تادێت سەرمایەکانیان گەورەتردەبێت، ئەمەش دیاردەی نایەکسانی لە کۆمەڵگەدا تۆخترکردوەتەوەو هەل و دەرفەتی بۆ کۆمپانیای دەرەوەی حزب و تاکەکانی تری کۆمەڵگە کەمکردوەتەوەو هێندەی تر شیرازەی کۆمەڵگا لەروی ئابورییەوە روی لەتەنگژەو ئاڵۆزی کردوەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە وەک ئاشکرایە زیاتر لە ١٠ ساڵە، پرۆسەی دامەزراندنی هاوڵاتیان و گەنجان و دەرچوانی زانکۆکان لەهەرێم راگیراوە، بەڵام حزبەکان لێرەو لەوێ بەتەزکیەی حزبی بەردەوامن لەدامەزراندنی ئەندام و لایەنگرانیان. هاوکات دۆخی کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازیش بەجۆرێکە کەتوانای دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کاری نییە بۆ ئەو هەمو دەرچوەی زانکۆ، لەلایەکی دیکەشەوە کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا، کراوەتە کەرتێکی هەژارو بەپێی پێویست گرنگی پێنادرێت، ئەوەشی کەهەیە ناتوانێت ئاسایشی خۆراک مسۆگەر بکات، بۆیە خەڵکێکی زۆر لەم کەرتەدا وەک پێویست کار ناکەن، واتە هەلی کاریش لەم کەرتەدا بەپێی پێویست بەردەست نییەو کەرتی کشتوکاڵیش نەیتوانیوە ببێتە کەرتێکی جێگرەوەو سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. هەمو ئەمانەش هێندەی دیکە گەنجانی ئەم هەرێمەی دوچاری بێهوابون کردوتەوە لەبەدەستهێنانی هەلێکی باش بۆ کارکردن، بۆیە زۆرینەی گەنجان بەناچاری بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشترو ئایندەیەکی فەراهەم رودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا. لەهەمو وڵاتێکدا گەنجان هێزی کارن، گەنجان وەک سەرچاوەی مرۆیی کۆمەڵگاو هێزی پارێزەرو تەشەنەسەندن و گەورەکردنی کۆمەڵگا لەقەڵەم دەدرێن، وەک ئاشکراشە بە کۆچکردنیان زیانێکی زۆر بەر ئاسایش و سامانی نیشتمانی وڵاتەکەیان دەگەیەنن. ئەمەش ئەو کێشەیەیە کەلەئێستادا دوچاری هەرێمی کوردستان بوەتەوەو رۆژانە لێرەو لەوێ بەهەزاران گەنجی کوردستان، ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵن وچارەنوس و ئایندەی ئەم هەرێمە دەخەنە ژێرپرسیارەوە. پێشنیازەکانی چارەسەر کۆچکردنی گەنجان و هاوڵاتیان یەکێکە لەو کێشە گەورانەی کەپێکهاتەی بونیادی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێستای هەرێمی کوردستانی خستوەتە مەترسییەکی گەورەوە. چارەسەرکردنی ئەم پرسەش بەندە بە ئەنجامدانی گۆرانکاری ریشەیی لەسەر ئاستی سەرجەم سێکتەرەکان و چارەسەری ئەو هۆکارانەی کەبونەتە یارمەتیدەری دروستبونی کێشەو قەیران و تەنگژە سیاسی و ئابوریییەکانی هەرێم. ئێمە لەوپێناوەدا چەند پێشنیارێکی خێرای کاتی و درێژخایەن دەخەینەرو، لەپێناو لانی کەم دۆزینەوەی چارەسەرێکی پێویست بۆ ئەم پرسەو کەمکردنەوەی ئەو لێشاوی کۆچەی ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە: یەکەم: چارەسەری خێراو نزیک مەودا 1. دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان و رەخساندنی هەلی کار بۆیان، بەتایبەت لەدامەزراوە فەرمییەکان و سێکتەرەکانی حکومرانی وڵاتدا. 2. رەخساندنی هەلی کار بۆ هەموان بەتایبەتیش بۆ توێژی گەنجان، بەبێ جیاوازی وەلائی حزبی و شەخسی و کۆمەڵایەتی لەکەرتی گشتی و تایبەتی. 3. دامەزراندنی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو گەنجانەی کە بێکارن هەتا کار دەدۆزنەوە . 4. گرنگیدان بە شەفافییەت و دەستبردن بۆ چاکسازی جدی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. 5. باش کردنی خێرای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک ئاو کارەبا و پەروردەو تەندروستی. 6. سود وەرگرتن لە توانای گەنجان و بەشداریی پێکردنی گەنجان لە کایەی سیاسی و حکومڕانی و ئابوریدا، لەپێناو سود وەرگرتن لەهێزو کارامەییان لەپێناو پێشخستنی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگا. 7. رەخساندن و پێدانی شوێنی نیشتەجێبون بە هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و کرێنشینان و ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێک دەهێنن، ئەوەش لەرێگەی ناچارکردنی حکومەت بۆ کۆمپانیاکان بۆ پێدانی شوقەو خانو بەبێ پێشەکی، یاخود بەقەرزێکی درێژخایەن، بۆ ئەوەی هەموان بتوانن سودمەندبن. 8. پێدان و دەستپێکردنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری و خانوبەرو قەرزی ماوە درێژ بەو گەنجانەی خوازیاری پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری و دروستکردنی ماڵێکن بۆ خۆیان. دوەم: چارەسەری درێژخایەن و دور مەودا 1. دروستکردنی سندوقێک لەلایەن حکومەتەوە، بۆ پێدان و بەخشینی قەرزی ماوە درێژ بەو گەنجانانەی خاوەن پرۆژەی داهێنەری بچوک و مامناوەندی تایبەت بەخۆیانن، لەپێناو ئەوەی لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خزمەت بەکۆمەڵگا بکەن لەداهاتودا. 2. فەراهەمکردنی ئازادی بازار، بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت و بزنسی بچکۆلە بتوانن دور لەدەستێوەردانی حزبی و شەخسی دەسترۆیشتو کاربکەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن و ئیش بکەن. 3. بەدیهێنان و کارکردن بنەماکانی سەروەری یاسا، بەجۆرێک کەهەموان دور لەدەسەڵاتی حزب و بەرپرسان، لەبەردەم یاسادا یەکسان بن و هەموان هەست بکەن بەوەی یاسا شکۆو کەرامەت و مافەکانیان دەپارێزێت. 4. بە هێزکردن و ریفۆرمکردنی کەرتی پەروەردە، بەجۆرێک کەبتوانێت خوێندکاری داهێنەر و بەتوانا دروست بکات. تا لەبواری بازارو کەرتی گشتی و تایبەتیدا بتوانێت خزمەت بکات و خۆی بدۆزێتەوە. 5. ریفۆرمکردن لەکەرتی تەندروستی و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لەکاتی پێویستدا ناچار نەبن پەنا ببەنە بەر وڵاتانی دەرەوەو وڵاتانی دراوسێ. 6. بنبڕکردن و کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی و یەکسانی لەدابەشکردنی سەروەت و سامانی گشتی و بەکارهێنانی داهاتی وڵات بۆ خزمەت و سودی گشتی، لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی. 7. زیادکردنی خەرجیەکانی حکومەت بۆ بوژاندنەوەی بازارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازیدا. 8. دروستکردنی سوپایەکی نیشتیمانی و بەدامەزراوەیکردن و بەنیشتیمانسازی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومرانی، لەپێناو دروستکردنەوەو گێرانەوەی متمانەو وەلائی هاوڵاتی بۆ کوردستان. 9. فراوانکردنی پانتایی ئازادییە گشتییەکان و مسۆگەرکردنی ئازادی تاک و دەبڕینی رای ئازاد و بەدیهێنانی بنەماکانی دیموکراسیەت. 10. هاندانی کەرتی تایبەت لەلایەن حکومەتەوە بۆ پلانی ستراتیجی مامناوەند و درێژخایەن بۆ ئەوەی هەلی کار دروستبکرێت 11. ئەولەیەت دان بە دەستی کاری ناوخۆی هەرێم، لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان کەلە ناخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. 12. فەراهەمکردنی کەشێکی دیموکراسی لەهەرێمدا، کەهاوڵاتی تیایدا لانی کەم هەست بەئەمان و کەرامەتی خۆیی و دادپەروەری و سەقامگیری و ئارامی و دڵنیای بکات، هەست بکات کەماف و ئازادییەکانی پارێزراون، ئەمەش لەپێناو دروستبون و گێرانەوەی متمانەو وەلائی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ نیشتیمان و خاکەکەیان. سەرچاوەکان 1. نەوشیروان مستەفا، بەرنامەی روبەرو، کۆچ لەهەرێمی کوردستان، کەناڵی کەی ئێن ئێن. ساڵی ٢٠١٠. 2. هەڵمەت محەمەد، دەسەڵاتی قوڵ... نمونەی دۆخی هەرێمی کوردستان، ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، ٢٠٢١. 3. دەزگای لوتكە بۆكاروباری ئاوارەو پەنابەران، سایتی ئەلیکترۆنی: https://www.lutka.org/?page_id=3490&lang=ku 4. جۆرەکانی کۆچ، سایتی ئەلکترۆنی: https://zaniary.com/blog/60ddb67409d76/%D8%AC%DB%86%D8%B1%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%DA%A9%DB%86%DA%86 5. أنواع الهجرة، الموقع الکترونی: https://mawdoo3.com/%D8%A3%D9%86%D9%88%D8%A7%D8%B9_%D8%A7%D9%84%D9%87%D8%AC%D8%B1%D8%A9 6. ما هي أنواع الهجرة، الموقع الکترونی: https://www.almrsal.com/post/960761 7. مهاجرت؛ عوامل و انواع آن، سایت: https://morr.gov.af/sites/default/files/2021-02/%D9%85%D9%87%D8%A7%D8%AC%D8%B1%D8%AA%D8%9B%20%D8%B9%D9%88%D8%A7%D9%85%D9%84%20%D9%88%20%D8%A7%D9%86%D9%88%D8%A7%D8%B9%20%D8%A2%D9%86.pdf 7. Migration, at the site: https://www.un.org/en/global-issues/migration 8. Human migration, at the site: https://www.wikiwand.com/simple/Human_migration
درەو: لەدوای بونیادنانەوەی عێراقی نوێوە, پێکهێنانی حکومەتە یەک لەداوای یەکانی عێراق لە دەرەوەی خواستی دەنگدەران و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان پێکهێنراوە، گەورەترین قۆسپ و لەمپەرەکانیش بریتبوونە لە بەشبەشێنەی تائیفی و دەستێوەردانی دەرەکی و ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکان بە پێکێنانی حکومەتی بنکە فراوان و بەشدارپێکردنیان لە کێکێکی دەسەڵات و بەکارهێنانی هێزی چەک و پارە... ئەنجامی هەڵبژاردن 1. کوتلەی سەدر کە موقتەدا صەدر سەركردایەتی دەكات پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە بە بردنەوەی (73) كورسی. 2. لە پلەی دووەمدا هاوپەیمانی (تەقەدوم) بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی دێت بە بەدەستھێنانی (37) كورسی. 3. (دەوڵەتی قانون) بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی بە پلەی سێیەم دێت كە (34) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 4. پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی (32) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 5. کوتلەی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر (20) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 6. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەرچی لە هاوپەیمانیدا بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەڵام بەتەنها (17) کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 7. هاوپەیمانی فەتح کە ڕابەرایەتی باڵی ساسی حەشدی شەعبی دەکات لە عێراقدا بە سەرۆکایەتی هادی عامری، وەک لایەنێکی دۆڕای هەڵبژاردن دێتە هەژمار تەنها (16) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 8. حەرەکەی ئیمتیداد بە سەرۆکایەتی عەلا رەکابی (10) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 9. جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید (9) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 10. ئەشراقی کانون (6) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 11. یەکگرتووی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی سەلاحەدین بەهادین (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 12. هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و هاوپەیمانی حەیدەر عەبادی (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 13. کوتلەی بابلیون (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 14. کوتلەی تەسمیم (3) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 15. سەرجەم لایەنەکانی دیکە بە کاندیدە سەربەخۆکانیشەوە (51) كورسی گشتی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. 16. پێکهاتەکانیش (9) كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. ئەوەی تێبینی دەكرێت لەم هەڵبژاردنەدا پێکهاتەکانی شیعە و سونەو کورد دابەشبوونی قوڵ لە نێوانیاندایە و شیعەکان بە زیاتر لە چوار هاوپەیمانی و سونەکانی بە دوو هاوپەیمانی کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كردووە. ئەم دابەشكاریە لە نێوان لایەنەكان بەگشتی بووە بەهۆی ئەوەی هیچ لایەن و هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت بەتەنها دەنگی پێویست بهێنت بۆ پێكهێنانی حكومەت. ڕێ و شوێنە دەستوری و یاسایەكانی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق 2005، لە مادەی (76)دا کە ڕێوشوێنە دەستوریەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستنیشان کردووەو تێیدا هاتووە: یەکەم: سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیەی زۆرترین ئەندامی هەیە ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژ لە بەرواری هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆمار. دووەم: سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان دیاریدەکات لەماوەیەکی دیاریکراودا بەمەرجێک لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەکات لەبەرواری ڕاسپاردنیەوە. سێیەم: ئەگەر سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو نەیتوانی لەو ماوە دیاریکراوەی لە بەندی دووەمی ئەم مادەیەدا ئاماژەی پێکراوە حکومەت پێک بهێنێت، ئەوا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژدا. چوارەم: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی ڕەها ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکە بە یەکەی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت، ئەوە مانای ئەوەیە متمانە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران. پێنجەم: ئەگەر متمانە نەدرا بە حکومەت، ئەوا لەماوەی پازدە ڕۆژدا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەپێی ئەم ڕێ و شوێنە دەستوریانە بێت دەبێت (کوتلەی سەدر) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر كە زۆرترین كورسی پەرلەمانی بردووەتەوە ڕابسپێرێت لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەڵام لە بواری كرداریدا کوتلەی سەدر ئەگەرچی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە وەك گەورەترین هاوپەیمانی دانانرێت، چونکە بەپێی تەفسیری دادگای باڵای عێراق لە ساڵی 2010 بۆ بڕگەی یەكەمی مادەی (76) هاتبوو. دادگای باڵای عێراقی لەسەر بنەمای داوایەکی لیستەکەی نوری مالیکی چەند ڕۆژێک پێش ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2010، ڕاگەیاند "گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێدەسپێرێت دەکرێت هاوپەیمانی ئینتیخابی بێت یان هاوپەیمانیەک بێت کە دوای هەڵبژاردن دروست دەکرێت". ئەم تەفسیرە ڕێگەی خۆشکرد بۆ مالیکی کە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکان بوو بە (89) کورسی لە دوای لیستی عێراقیە دەهات کە (92) کورسی پەرلەمانی هەبوو بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، هەربۆیە مالیكی بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لە دوای هەڵبژاردنەكان نەیهێشت لیستەكەی عەلاوی حكومەتی عێراق پێكبهێنێت. لەبەرئەوە مالیكی لەسەر بنەمای تەفسیرەكەی دادگای باڵای عێراق بۆ بڕگەی یەكی مادەی (76) توانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دروست بكات لە دوای هەڵبژاردنەكان لەكاتێكدا براوەی دووەم بوو بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی 2010. ئەم لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ئێستاش ڕاستەو ئەگەر چی بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 10/10/2021 کوتلەی سەدر بە بردنەوەی (72) کوردسی لە پێشەوەی هەموو لایەنەکانە بەڵام بەم دەرەنجامە ناتوانێت گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دروست بکات کە پێویستی بە (165) دەنگی نێو پەرلەمانی عێراق هەیە هەر بۆیە دەکرێت جگە لە (کوتلەی سەدر) هەرهێزێکی دیکە ئەو ژمارە دەنگە کۆبکاتەوە لە پەرلەمان ڕادەستپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەڵام پێشهاتێکی نوێی یاسایی هاتووەتە پێشوو بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی 2020 لە ماددەی (45)دا هاتووە "هیچ ئەندامێکی پەرلەمان یان حیزب یان قەوارەیەکی تۆمارکراو بە لیستی کراوەو براوەی هەڵبژاردنەکان مافی ئەوەی نییە پێش پێکهێنانی حکومەت و دوای هەڵبژاردنەکان ڕاستەوخۆ بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتییەک یان حیزب یان قەوارەیەک یان لیستێکی دیکەوە، ئەمە ڕێگر نیە لەبەردەم قەوارەی کراوەو قەوارەی تاکەکەسی، کە لەپێش هەڵبژاردن تۆمار کراون، لەدوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستەکانی دیکەدا پێکبهێنن". لەگەڵ ئەوەی ئەم دەقە گفتوگۆیەکی لای یاساناسان دروستکردووە بەڵام بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەمە بۆ کەموکورتی یاسای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوەو ئەم دەقە پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە ئەولەوییەت بۆ جێبەجێکردنی دەستوورە. هەڵبژاردن لە دۆڵێک و پێکهێنانی حکومەت لە دۆڵێکی تر بەشێوەیەکی گشتی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا گۆڕانکاری و هێنانە پێشەوەی خوێن و بیر و تواناو لێهاتوویی نوێیە، بۆ نێو پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی کە دەرەنجامەکەی لە پەرلەمان و پێکهێنانی کابیەنەی نوێ حکومەتدا ڕەنگدەداتەوە، بەڵام لە عێراقدا بەردەوام دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن لە دۆڵیک و پروسەی پێکهێنانی حکومەت و کابینەکان حکومەت لە دۆڵێکی تربوون، زۆرینەی جار براوەکانی هەڵبژادن حکومەتیان پێکنەهێناوەو کەمینەکانیش نەیانتووانیەوە ببن بە ئۆپۆزسیۆن، نەک تەنها ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوەی حکومەت بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیش دروست نەبووە، کە ئەمەش لە بەهای پەرلەمان کەمدەکاتەوە بەتایبەت لە ڕووی چاودێری و ئەدائی حکومەتی عێراق. بۆیە بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کابینە وزارییەکانی عێراق نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی وڵات ناکات و نەیکردووە، هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ لاوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێکی دیکەشیان ئاماژە بۆ قۆرت و لەمپەری گەورەتر دەدەن، کە سەرەتاکەی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی بونیادناوەی عێراقی پاش 2003، گرنگترین ئەو ئاستەنگانەش بریتین لە؛ یەکەم: بەش بەشێنەی تائیفی و پێکهاتەیی: بەش بەشێنەی سیاسی جیاوازە لە بەش بەشێنەی تائیفی، چونکە ئەوەی یەکەمیان گوزارشتە لە ئەنجامی هەڵبژاردن و خواستی دەنگدەران و ئەوی دووەمیان پەیوەندیدارە بە پێکهاتەکانەوە، بۆیە ئەگەر گریمان یەکێک لە پێکهاتەکان بایکۆتی پرۆسەی سیاسی دەکەن یان نوێنەریان بەشدار نەبێت لە حکومەتی عێراقدا، ئەوا هیچ کات نوێنەری پێکهاتەکانی دیکە لە حکومەتدا گوزارشت لەو پێکهاتەیە ناکات و نابنە نوێنەری عێراقییەکان (باشترین نمونەش ئەو بایکۆتە بوو کە سونەکان لە ساڵی 2005 کردیان و جارێکی دیکە ئەو ژەهرە ناخۆنەوە)، بەمانایەکی دیکە پێکهاتەی شیعە لەگەڵ ئەوەی گەورەترین پێهاتەی عێراقە بەڵام نوێنەریان نانێرنە حکومەت و دامەزراوە سیادییەکان ئەگەر لەسەربنەمای گوێرایەڵی و دڵسۆزی بۆ خزمەتی پرۆژەی تائیفی و پێکهاتەی شیعە نەبێت لە عێراقدا. دووەم: دەستتێوەردانی دەرەکی: لەگەڵ ئەوەی هەڵبژادنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و لیست و کوتکە و پارت و قەوارە سیاسییەکان بەشداری دەکەن و بەشێکیان دەیبەنەوەو بەشێکیشیان دەدۆڕێن یان پاشەکشە دەکەن لە کورسییەکانیان، بەڵام پێکهێنانی کابینە حکومییەکان هەرگیز لەلایەن براوەکانی هەڵبژاردنەوە پێکنەهێنراوە، ئەگەر هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی ڕەزامەند نەبووبن، یان کەسانێک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە کەمەترین کورسی پەرلەمانیان هەبووە. بۆ نیشاندانی ئەم ڕاستییەش دەرەنجامی هەڵبژاردنی 2010 بردنەوەی لیستی عێراقییە بوو بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، بەڵام نوری مالیکی حکومەتی پێکهێنا. هەروەها لە ساڵی 2014 دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی براوەی هەڵبژاردن بوو کەچی حەیدەر عەبادی حکومەتی دروستکرد. بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 هاوپەیمانی سائیرون بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر براوەی یەکەم بوو، بە دەستێوەردانی دەرەکی عادل عەبدولمەهدی کرا بە سەرۆک وەزیران و دوای لابردنی ئەویش مستەفا کازمیان هێنا کە خاوەنی هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانی ئەوتۆ نەبوون لە ئەنجومەنی نوێنەران. سێیەم: دروستکردنی حکومەتی بنکەفراوان: لەپاش پرۆسەی ئازدای عێراقەوە بە بیانووی سازان تەوافوقەوە حکومەتیان لەسەر کۆمەڵێک بنەماو هۆکار دامەزراندووە، بۆ نمونە لە ساڵی 2005 ەوە پۆستی سەرۆک وەزیران لای پێکهاتەی شیعەو سەرۆکی پەرلەمان لای پێکهاتی سونەو سەرۆک کۆمار لای پێکهاتەی کورد بووە. سەرەڕای ئەودابەشکرییە پێش وەختەی پۆستە سیادییەکان، سەرباری ئەوەش لایەنە سیاسییەکانی عێراق، حکومەت وەک کێکێکی گەورە دەبینن و هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانیە لەپێناو دەستڕاگەیشتن بەو کێکی حکومەتە، جا باجەکەی هەرچییەک بێت و بەبێ لەبەچاوگرتنی ئەوەی کێ سەرۆک وەزیرانەو بەرنامەی حکومەت چییە و چی تێدایە بۆ خەڵک و هاوڵاتیان و دەنگدەرانی عێراقی. (بۆ نمونە ئیسلامییەک ڕازییە لە حکومەتێکدا بێت سەرۆکەی شیوعی بێت بەرنامەی حکومەت لەسەر بنەمای تیۆرە مارکسییەکان بێت یان هەر بەرنامەیەکی شیوعیانەبێت. هەر وەک چۆ شیوعییەک بەشداری لە حکومەتێک دەکات کە سەرۆکەکەی تائیفییەکی ئیسلامی بێت و بەرنامەکەی بەرنامەیەکی تائیفی بێت) هەر بەم بۆنەیەشەوە هەر لەسەرەتاوە حکومەتێک دروست دەبێت لەناوخۆیدا پڕە لە دژیەکی لەڕووی فیکر و سلوکی سیاسییەوە. تەنها خاڵێک کۆیان بکاتەوە کێکی حکومەت و هاوبەشییە لە گەندەڵیدا. نوێترین پێشهات و زیندووترین نمونەش لەم بارەیەوە بە ئامانج گرتن و موشک بارانکردنی ماڵی (سەرۆک وەزیرانی عێراق – مستەفا کازمی) یە لە 7/11/2021، کە تا ئێستا پەنجەی تۆمەت ڕووی لە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنی 10/10/2021 ەوە، هێزە دۆڕاوەکان ئەوەیان پێ قبوڵ ناکرێت لەو کێکی حکومەتە بێبەش بن و ملی ئۆپۆزسیۆنی بگرن. چوارەم: مەرجەعەیەتی ئاینی: لەگەڵ ئەوەی سیستمی سیاسی لە عێراقدا سیستمێکی پەرلەمانییە، بەڵام سیستمی تائیفی و دینی تێدا سیستمێکی زاڵە، ئەم سیستمە ئاینی و مەرجەعییە لە عێراقدا بووە بە هێڵی سورو ڕێگە بەهیچ کەس نادرێت پۆستی حکومی بەتایبەت پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت تەنانەت زۆرترین دەنگی خەڵک و زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەدەست بهێنێت ئەگەر پاڵپشتی مەرجەعییەت بەدەست نەهێنێت. بۆیە هۆکاری ئاینی یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرەکییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێ دۆڕاوو کێ براوەی هەڵبژاردنە. ئەمەش ڕاستییەکی ئاشکراو ڕوونە بۆ ئەوانەی چاودێری دۆخی عێراق دەکەن و بەهیچ شێوەیەک نکۆڵی لەم هۆکارە ناکرێت. پێجەم: هێز: لەپاڵ ئەو هۆکارانەی سەرەوە چەند هۆکارێکی دیکەش پەیوەندیدارن بە شێوازی پێکهێنانی حکومەتەوە لە عێراق، یەکێک لەو هۆکارانەش بوونی هێزی چەک و پارەیە لای بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان، جا بەشداریپێکردنیان بێت بە زەبری هێزی یان کڕین و فرۆشتن بێت بە پۆست و پلە باڵاکانی دەوڵەتەوە. سەرچاوەکان - دەستوری هەمیشەیی عێراق. - کومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی بەرایی هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. - یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020. - حسین صالح السبعاوی، تداعیات تشكیل الحكومە العراقیە؛ https://rasammerkezi.com/estimate-position/9289/ - الكتلە اڵاكبر فی البرلمان العراقی.. جدل قانونی وصراع سیاسی؛ https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1471173-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%AA%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%83%D8%A8%D8%B1--%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B1%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A-%D8%AC%D8%AF%D9%84-%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86%D9%8A-%D9%88%D8%B5%D8%B1%D8%A7%D8%B9-%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D9%8A
راپۆرت: درەو وەفدی پارتی بەر لەوەی بگاتە بەغداد بۆ دانوستان لەبارەی پێکھێنانی حکومەت، سەردانی تارانی کردووەو لەوێ ئیسماعیل قائانی بینیوە، ئێرانییەکان تائێستا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەدۆزیوەتەوە، لە کێشەکانی ناو یەکێتی بێئومێدبوون، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دانوستانی پێش ئەنجام ھێشتا دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەسەند نەکردووە، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردووە. سەدر ئێوارەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو گەیشتە بەغدادو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی یەکەمین ھێزی براوەی سوننەکان و دووەم گەورە براوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆبووەوە. دواترو بە جیاجیا لەگەڵ عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی و وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان دیداری کرد، بەڵام ھیچ یەکێک لە ھێزە شیعە ناڕازییەکانی ناو "چوارچێوەی ھەماھەنگی"ی نەبینی، ئەمە لە حاڵێکدایە کوردو سوننە چاوەڕێن سەدر سەرەتا پرسی پێکھێنانی حکومەت و کاندیدی سەرۆک وەزیران لەناو ماڵی شیعەو لەگەڵ ئێرانییەکان یەکلا بکاتەوەو دواتر لەگەڵ ئەماندا دەست بە دانوستان بکات. ئێران ھۆشداری بە پارتی و یەکێتی دەدات ! بەپێی ئەو زانیارییانە کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لەناو پارتی و یەکێتی دەست (درەو) کەوتووە، بەمدواییە وەفدێکی ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووەو لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا کۆبووەتەوەو داوای لێکردوون پەلە نەکەن لە بڕیاردن بۆ گرێدانی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکی شیعەی عێراق، لەمەشدا بە دیاریکراوی مەبەستیان لە موقتەدا سەدر بووە کە وەکو براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن دەیەوێت لە دەرەوەی ئیتیفاقی ناو ماڵی شیعە کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی نوێی عێراق لەگەڵ حەلبوسی و پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بکات و بە فەرمی مافی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت وەربگرێت. وەفدی پارتی لە تاران بووە چەند رۆژێکە وەفدێکی پارتی بە سەرۆکایەتی ھۆشیار زێباری بەسەردانێک لە بەغدادەو دەستی بە گفتوگۆکردن کردووە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان. سەرچاوەیەکی باڵا لەناو پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، وەفدی پارتی بەر لەوەی سەردانی بەغداد بکات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو سەردانی تارانی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، وەفدەکەی پارتی کە سەردانی تارانی کردووە پێکھاتووە لە ھەریەکە لە (ھۆشیار زێباری، فازل میرانی، رێبەر ئەحمەد، پشتیوان سادق)، لەوێ چاویان بە (عەلی شەمخانی) سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و وەزیری (ئیتڵاعات) کەوتووە. کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق یەکەمین کابینەیە کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی دروست دەکرێت، یەکڕیزی ماڵی شیعە گەورەترین گرەوە لەبەردەم ئەو تیمە نوێیەی ئێران کە لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە لە عێراق دەستبەکاربوون، ئەمە لەکاتێکدا روودەدات ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەمجارە لە بەرژەوەندی ئەمریکییەکانەو ھێزەکانی نزیک لە ئێران ژمارەی کورسییەکانیان پاشەکشێی گەورەی کردووە، بۆیە رەنگە ئەمجارە ئێرانییەکان لە پێناو دڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناو ماڵی شیعەی عێراق، فشاری زیاتر لە کوردو سوننە بکەن. ئێران پشتیوانی بەرھەم ساڵح دەکات ! ئێرانییەکان لەکاتێکدا ھێشتا نەیانتوانیوە سەدر لەگەڵ مالیکی و ھادی عامری بگەیەننە رێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارن. بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە لەناو یەکێتی دەست (درەو) کەوتوون، ئێرانییەکان نیگەرانن لە بارودۆخی ئێستای ناو یەکێتی، سەرباری ئەوەی لە کێشەی نێوان ھاوسەرۆکەکاندا پاڵپشتی بافڵ تاڵەبانی دەکەن، بەڵام ناڕازین لە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی. یەکێک لەو بەرپرسانەی بەمدواییە ئێرانییەکانی بینیوە بە (درەو)ی وت، ئێرانییەکان بە ئاشکراو بە ئاگادری پارتی پاڵپشتی لە دانانەوەی بەرھەم ساڵح دەکەن لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لەمەش زیاتر ھەوڵیانداوە بەرھەم ساڵح لە کێشەی نێوان لاھور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیدا بکەن بە سکرتێری یەکێتی، رەنگە ئەمە ھۆکارە سەرەکییەکە بوبێت کە بافڵ تاڵەبانی بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی بەرھەم ساڵح، بە پەلە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی ئیمزا کردووە. ئەوانەی ئێرانییەکانیان بینیوەو گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون دەڵێن ھەردوو خەتی (سوپا)و (ئیتڵاعات) بۆچونیان لەسەر دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار باشە، ھۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ خراپی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە لای ئێرانییەکان کە وەکو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ناویان دەھێنرێت. بەمدواییە بەرھەم ساڵح دەیەوێت بارودخەکە بەتەواوەتی بۆ خۆی خۆش بکات، نەک ھەر ئێرانییەکان کە ماوەیەکی زۆرە پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵیاندا ھەیە، پارتیش وەکو ھێزی یەکەمی ھەرێمی کوردستان قایل بە دانانەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆمار بکات. بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا مەسعود بارزانی ئەمجارە تۆڵەی گەمەی ٢٠١٨ی لێ بکاتەوە کە لە دەرەوی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت، وا دەردەکەوێت بەم سەردانانەی ئەمدواییە بۆ ھەولێر کردویەتی، بەرھەم ساڵح تاڕادەیەک بارزانی قایل کردبێت. ئەمڕۆ وەفدی پارتی کە ھۆشیار زێباری سەرۆکایەتی دەکات، بەپێچەوانەی سەردانەکەی پێشتر بۆ بەغداد، سەردانی بەرھەم ساڵحی کرد، پارتی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بوو لە یەکێتی، بەڵام (درەو) زانیویەتی ئێرانییەکان پەیامیان بە پارتی داوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار ھێشتا ھەر پشکی یەکێتی و لای یەکێتی دەمێنێتەوە، بەڵام پارتی دەتوانێت قسەی لەسەر کاندیدەکە ھەبێت. لەناو یەکێتیش رەنگە کوڕانی تاڵەبانی بۆ دورخستنەوەی لە کاروباری حزبی و خۆلادان لە فشارەکانی ئێران، قایل ببنەوە بە دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار، بەتایبەتی ئەگەر ئێرانییەکان لە چەند رۆژی داھاتوودا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەست نەکەوێت.