تالیبان خەرجییەكانی چۆن دابین دەكات؟
2021-08-29 12:43:30
درەو:
بەشێوەیەكی بەربڵاو باوەڕ وایە كە بزوتنەوەی تالیبان یەكێكە لە دەوڵەمەندترین گروپە چەكدارەكان لە جیهاندا و ئەو بزوتنەوەیە دوای دوو دەیە لە شەڕ دژی هێزەكانی ئەمریكاو هێزەكانی تر توانی جارێكی تر ئەفغانستان كۆنترۆڵ بكاتەوە, لێرەوە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە تالیبان چۆن خەرجییەكانی رێكخراوەكەی لەو ماوەیەدا دابینكردووە؟ سەرچاوەكانی داهاتی بزوتنەوەكە كامانەن؟ لەم راپۆرتەدا گرنگترین سەرچاوەكانی داهاتی رێكخراوی تالیبان دەخرێتەڕوو:
ئاستی دەوڵەمەندیی تالیبان
بزوتنەوەی تالیبان لە ساڵی 1996 لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتە دەست تا كۆتایی 2001 كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو وڵاتەی داگیركردو كۆتایی بە دەسەڵاتی تالیبان هێنا, بەڵام دوای بیست ساڵ لە شەڕو ململانێی بەردەوامو كوژرانی دەیان هەزار لە چەكدارەكانی بزوتنەوەكە سەركەوتوو بوو لە كۆنترۆڵكردنی روبەرێكی بەرفراوانی خاكی ئەفغانستانو هێزی سەربازییشی لەم چەند ساڵەی دواییدا زیادی كرد.
بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی ئەمریكا لە ناوەڕاستی 2021دا ئەو چەكدارەكانی لە ریزی بزوتنەوەكەدا بوون 70 هەزار بۆ 100 هەزار دەخەمڵێنرا ئەوەش زۆر زیاتر بوو لە ژمارەی چەكدارەكانی ئەو بزوتنەوەیە لە دە ساڵ لەمەوبەر كە بە 30 هەزار خەمڵێنراوە.
پارێزگاریكردن لەو پێگەیەو بەردەوامیدان بە روبەڕوبونەوەیو بەرگری دژی هێزەكانی بڕێكی زۆر پارەی پێویستە لە سەرچاوەكانی ناوخۆو دەرەوەی ئەفغانستانەوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان داهاتی ساڵانەی بزوتنەوەی تالیبان لە ساڵی 2011دا نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار بووە, بەڵام بە گوێرەی بنكۆڵكاری تۆڕی بی بی سی لە كۆتایی ساڵی 2018 داهاتی بزوتنەوەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووەو گەیشتوەتە 1.5 ملیار دۆلار.
تالیبان لە كوێ پارە بەدەستدەهێنێت؟
بەگوێرەی ئەو چاوپێكەوتنانەی كە تۆڕی بی بی سی لە ناوخۆی ئەفغانستانو دەرەوە ئەنجامیداون. بزوتنەوەی تالیبان تۆڕێكی داراییو سیستمێكی كۆكردنەوەی زۆر پێشكەوتوی كۆكردنەوەی باج بەڕێوەدەباتو بزوتنەوەكە سەركەوتووە لە گەرەنتیكردنی چەندین سەرچاوەی داهات كە گرنگترینیان ئەمانەن:
بەخشینو كۆمەكی دەرەكی
بەردەوام بەرپرسانی ئەفغانستانو ئەمریكییەكان چەند دەوڵەتێكی وەك پاكستانو ئێرانو روسیایان تۆمەتباردەكرد بە پێشكەشكردنی هاوكاری دارایی بە تالیبان بەڵام ئەوان بە تەواوەتی رەتیاندەكردەوە, بەڵام كۆمەكبەخشان لەسەر ئاستی تاك لە ئەفغانستانو چەندین وڵاتی كەنداو لەوانەش سعودیەو ئیماراتو قەتەر گەورەترین بەشدارییان هەبووە لە دابینكردنی داهاتی بزوتنەوەی تالیباندا, سەرەڕای ئەوەی ئاستەمە بەوردی قەبارەی ئەو كۆمەكانە بزانرێت, بەڵام باوەڕ وایە كە بەشێكی گەورەی داهاتی بزوتنەوەكە پێكدەهێنێتو هەندێك لە شارەزایان ئەو كۆمەكانە بە 500 ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا دەخەمڵێنن.
بەگوێرەی خەمڵاندنی راپۆرتێكی نهێنی هەواڵگری ئەمریكا لە ساڵی 2008دا بزوتنەوەی تالیبان 106 ملیۆن دۆلاری لە لایەنی بیانی بە تایبەتی وڵاتانی كەنداو وەرگرتووە.
بازرگانی مادە هۆشبەرەكان
بزوتنەوەی تالیبان بۆ دابینكردنی خەرجی پرۆسە سەربازییەكانی سیستمێكی پێشكەوتووی كۆكردنەوەی باجی هەیە, یەكێك لەو باجانەش باجی سەر بازرگانی مادە هۆشبەرەكانە, چونكە ئەفغانستان گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەفیونە لە جیهاندا كە هێرۆیینی لێ بەرهەمدەهێنرێت, بەهای هەناردەی ساڵانەی ئەفغانستان لە ئەفیون بە 1.5 بۆ 3 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێتو بازرگانی ئەفیون بازرگانییەكی زۆر گەورەیەو سەرچاوەی زۆرینەی هێرۆیینە لە سەرتاسەری جیهاندا.
بەوتەی لێپرسراوانی حكومەتی ئەفغانستان بزوتنەوەی تالیبان بەرێژەی 10% باج لە جوتیارانی ئەفیون وەردەگرێت, چەند راپۆرتێكیش ئاماژە بەوە دەكەن كە تالیبان باج لەو كارگانەش وەردەگرێت كە ئەفین دەگۆڕن بۆ هێرۆین جگە لە سەندنی باج لەو بازرگانانەی كە بازرگانیو قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان دەكەن و كۆی داهاتی ساڵانەی تالیبان لە بازرگانی مادە هۆشبەرەكان لە نێوان 100 بۆ 400 ملیۆن دۆلار دایەو ژەنەراڵ جۆن نیكۆلسۆنی ئەمریكی لە راپۆرتی ساڵی 2008ی تایبەت بە ئاوەدانكردنەوەی ئەفغانستان دەڵێت بازرگانی مادە هۆشبەرەكان 60ی داهاتی ساڵانەی بزوتنەوەی تالیبان پێكدەهێنێت, بەڵام هەندێك لە شارەزایان باوەڕیان وایە كە ئەو ژمارەیە زیادەڕەویی تێدایە.
سەرەڕای ئەوانە بزوتنەوەی تالیبان تێوەگلانی لە بازرگانی و دروستكردنی مادە هۆشبەرەكان رەتدەكاتەوەو شانازی بەوەدەكات كە لە ماوەی دەسەڵاتیدا لە ساڵی 2000 چاندنی روەكی خەشخاشی قەدەغەكردووە كە ئەفیونی لێ بەرهەمدەهێنرێت.
فراوانكردنی ناوچەكانی دەسەڵات
تۆڕی دارایی تالیبان زۆر لەوە فراوان ترە كە تەنها باجی سەر بازرگانی ئەفیون بگرێتەوە,. ساڵی 2018 لە نامەیەكی كراوەدا تالیبان بازرگانە ئەفغانییەكانی ئاگاداركردەوە لە وەرگرتنی باج لە چەندین شمەكی جۆراوجۆری وەك سوتمەنیو كەرەستەی بیناسازی لەكاتی تێپەڕبوون بەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیداو دوای كەوتنی حكومەتی ئەفغانستانیش ئێستا تالیبان كۆنترۆڵی تەواوەتی هەموو رێگا سەرەكییەكانی بازرگانی وڵاتو دەروازە سنورییەكانی كردووەو بەوەش بڕێكی زۆر داهات لە باجو رسوماتی هێنانو هاوردەكردنەوە دەستدەكەوێتو لە دوو دەیەی رابرووشدا كار گەیشتە ئەوەی بڕێكی زۆری پارەی خۆرئاوای بەبێ مەبەست بچێتە گیرفانی تالیبانەوە تالیبان باجی خستبوووە سەر پرۆژەكانی پەرەپێدانو بوژاندنەوەی ژێرخانی ئەفغانستانەوە لەوانەش پرۆژەكانی رێگاوبانو نەخۆشخانەو قوتابخانەكان كە بەزۆری بودجەكەی لە خۆرئاواوە دابیندەكرا,
هەروەها باوەڕیش وایە كە تالبیان ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلاری لەرێگەی سەپاندنی باجەوە دەستكەوتووە كە سەپاندویەتی بەسەر شۆفێری ئەو بارهەڵگرانەی پێداویستییان بۆ هێزە نێودەوڵەتییەكان دەگواستەوە لە ناوچە جیاجیاكانی ئەفغانستاندا.
هەروەها ئاماژە بەوەشدەدرێت كە تالیبان بڕێكی زۆر پارەی لەو خزمەتگوزارییانە دەستكەوتووە كە حكومەتی ئەفغانستان پێكەشی كردون, بۆ نمونە سەرۆكی كۆمپانیای كارەبای ئەفغانستان ساڵی 2018 بە بی بی سی راگەیاند كە تالیبان ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری دەستدەكەوێت لە رێگەی كۆكردنەوەی پارەی كارەبا لە بەكارهێنەرانی لە چەندین ناوچەی جیاوازی ئەفغانستانو سەرچاوەیەكی تری داهاتیشی راستەوخۆ لە شەڕەكانەوە بەدەستدەهێناو هەرجارێك تالیبان سەربازگەیەك یان فەرمانگەیەكی شارستانی كۆنترۆڵكردبێت, گەنجینەكانی بەتاڵ كردونو چەندین چەكو زرێپۆشو ئۆتۆمبیلیشی دەستبەسەردا گرتووە.
كانو كانزاكان
ئەفغانستان بەوڵاتێكی دەوڵمەند دادەنرێت لە بواری كانزاو بەردە گرانبەهاكانو بڕێكی زۆری ئەو كانزایانەش بەهۆی شەڕو ململانێی چەندان ساڵەوە دەستیان بۆ نەبراوە, بەگوێرەی لێپرسراوانی حكومەتی ئەفغانستان بەهای پیشەسازی كانزاكاریی ساڵانە بە یەك ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێتو بەشێكی زۆری پرۆسەی دەرهێنانی كانزاكانیش پرۆسەی قەبارە بچوكنو زۆرینەشیان بەشێوەی نایاسایی دەكرێن.
تیمی هاوكاریو چاودێری سزاكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتی ساڵانەی 2014دا دەڵێت تەنها لە ویلایەتی هیڵمەند لە باشوور, تالیبان ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری لە 25 بۆ 30 شوێنی كانزاكاریی نایاساییەوە وەرگرتووە .
سەرچاوە: BBC