11ی سێپتێمبەر .. چۆن بە چەقۆی بچوكەوە فڕۆكە ئەمریكییەكان رفێندران ؟
2021-09-11 12:51:38
راپۆرت: بی بی سی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
ویلایەت یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە زلهێزی جیهان ئەژمار دەكرێت، تەنیا لە سوپاكەیدا ساڵانە بڕی زیاتر لە (700 ملیار) دۆلار خەرج دەكات، هەروەك ژمارەی ئەو چەكە ئەتۆمییانەی كە هەیەتی زیاتر لە (7 هەزار) چەكە، لەنێوان 150 بۆ 200 هەزار سەربازی هەیە كە بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبونەتەوە، ئەمە سەرباری سیخوڕە باش راهێنراوەكانی كە چاودێری وردی دوژمنەكانیان دەكەن لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهان.
ویلایەتە یەكگرتووەكان چوەتە ناو چەندین جەنگی درێژخایەنەوە لەو وڵاتانەی كە وەكو سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی خۆی ئەژماریان دەكات، لەم شەڕانەشدا نوێترین جۆری چەكی بەكارهێناوە.
بەڵام ئەوەی لە 11ی سێپتێمبەر رویدا، قەوارەی ئەم زلهیێزەی لەرزاند، برینێكی بەجێهێشت كە بۆ سەدان ساڵی تر ساڕێژ نابێت. ئەوە رۆژێك بوو كە تێیدا جیهان دركی بەوە كرد دەكرێت فڕۆكەكەكان وەكو چەكێك بەكاربهێنرێن، ئەو سوتەمەنیەشی كە هەڵیانگرتووە دەكرێت بگۆڕدرێت بۆ تەقەمەنی.
چوار فڕۆكە رفێندران. دوانیان خۆیان كێشا بە تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانیی لە نیویۆرك.
"دەستمان بەسەر چەند فڕۆكەیەكدا گرتووە"
"هەندێك فڕۆكەمان لەبەردەستدایە، هەموو دانیشوانی شارەكە لەبەردەم مەترسیدان" ئەمە ئەو قسانە بوو (محەمەد عەتا)ی تیرۆریست كردی، كە فڕۆكەیەكی كۆمپانیای (ئەمریكان ئیرلاینز)ی رفاندربوو، ئەمە گەشتی ژمارە (11)ی فڕۆكەكە بوو، ئەو ئەم قسانەی بۆ هۆشداریدان بە سەرنشینەكانی فڕۆكەكە كرد.
بەرپرسان لەسەر زەویو لە هۆبەی چاودێریی بەڕوونی گوێیان لەم قسانە بوو، بەڵام نەیانزانی مەبەست لێی چییە، كاتی زۆر لەبەردەستدا نەبوو.
لە 11ی سێپتێمبەری 2001دا چوار فڕۆكە رفێندران، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گورزێكی ئازاربەخشی بەركەوت، لەبەر ئەوەی دركی بەوە نەكرد مەبەستی قسەی تیرۆرستی ناو فڕۆكەكەدا چی بوو.
فڕۆكەكە رفێندراوەكەی كۆمپانیای (ئەمریكان ئێرلاینز) لەكاتی خۆكێشانیدا بە تاوەكو باكوری سەنتەری بازرگانی جیهانیی، تێكشكا.
فڕۆكەكەی تر لەرێگەدا بوو بەرەو نیویۆرك، لە سەكۆیەكی تری هەمان ئەو فڕۆكەخانەیەوە هاتبوو كە فڕۆكەی یەكەم لێیەوە هاتبوو.
فڕۆكەی (یونایتد ئایرلاینز) كە ژمارەی گەشتەكەی 175 بوو، لە فڕۆكەخانەی لۆگانەوە لە بۆستن، بەرەو لۆس ئەنجلس رۆیشت.
فڕۆكەكە لەلایەن پێنج كەسەوە رفێندرا، دوو پیاوی ئیماراتیو سێ پیاوی سعودی، (مەروان شحی) رێبەرایەتی ئۆپراسیۆنی رفاندنەكەی كرد لەگەڵ (فایز بن حەمەد)ی هاوڵاتی وڵاتەكەیو (موهەند شهری) سعودییو دوو برای تری سعودی بەناوەكانی (ئەحمەد و حەمزە غامدی).
بەر لە سەركەوتن بۆ ناو فڕۆكەكە توشی هەندێك بەربەرست بوون، چونكە هەندێكیان زمانی ئینگلیزییان بەشێوەیەكی باش نەدەزانی، لەو پرسیارانە تێندەگەیشتن كە لەلایەن ئەو لایەنەی بلیتی گەشتەكەی بۆ دەركردبوون لێیان كرا، یاخود بە سەختی وەڵامی پرسیارەكانیان دابووەوە.
سیستمی كۆمپیوتەر كە پشكنینی بۆ ناسنامەی سەرنشینەكان دەكرد بەر لە سەركەوتنیان بۆ ناو فڕۆكەكە هیچ كێشەیەكی بەدی نەكرد لەبارەی ناسنامەی رفێنەرانی فڕۆكەی دووەمەوە، وەكو ئەوەی لەگەڵ رفێنەری فڕۆكەی یەكەمدا (محەمەد عەتا) رویدا، بۆیە توانییان بە ئاسانی سواری فڕۆكەكە ببن.
تێڵاو چەقۆی بچوك
ئەو پێنج رفێنەرە جگە لە تێڵاو چەقۆی بچوك هیچ شتێكی تریان پێنەبوو، ئەوە تاكە چەكی دەستیان بوو، بۆیە توانییان بە ئاسانی لە پشكنینی ئاسایشی فڕۆكەخانە دەرباز ببن.
وادەی دەرچوونی گەشتی ئاسمانی ژمارە 175 لە كاتژمێر 8ی بەیانیدا بوو، بەڵام تۆزێك دواكەوتو لە كاتژمێر 8:14 خولەكدا لە فڕۆكەخانەی لۆگان فڕی.
لەناو فڕۆكەكەدا (51) سەرنشینو نۆ كەس لە تیمی فڕۆكەكە هەبوون، كاتێك فڕۆكەكە 31 هەزار پێ لە زەوی بەرز بووەوە، وەكو هەمیشە خزمەتكارانی ناو فڕۆكەكە دەستیان بە پێشكەشكردنی خزمەت بە میوانەكان كرد.
لە كاتژمێر 8:42 خولەكدا فڕۆكەوانەكان پەیوەندییان بە هۆبەی چاودێرییو كۆنترۆڵەوە كرد لەسەر زەوی، وتیان ئەوان گوێیان لە پەیوەندی گوماناویی بووە لە فڕۆكەیەكی ترەوە، وا دەزانرا ئەو پەیوەندییە لە فڕۆكەی ئەمریكان ئێرلاینزەوە بووە، كە گەشتی ژمارە 11 بووەو لەلایەن محەمەد عەتاوە رفێندراوە.
لەكاتژمێر 8:42 خولەدا هۆبەی چاودێرییو كۆنترۆڵ هیچ زانیارییەكی لەبارەی فڕۆكەوانەكانی گەشتی 175ەوە بەدەست نەگەیشت.
لەو ساتەدا، رفێنەرەكان دەستیان بە تۆقاندنو هەڕەشەكردن لە سەرنشینەكان كرد بەو چەقۆیانەی كە پێیان بوو.
لە كاتژمێر 8:47 خولەكدا، بەرپرسانی هۆبەی چاودێری هەستیان كرد بەوەی رەنگە جوڵەیەكی گوماناویی لەناو فڕۆكەكەدا هەبێت، ئەمەش كاتێك بوو كە فڕۆكەكە لە ئاڕاستەی خۆی لایداو گوێی بۆ ئەو فەرمانانە نەگرت كە دەسەڵاتداران پێیان دەدا.
پەیوەندی تەلەفۆنی لەناو فڕۆكەوە
لە كاتژمێر 8:52 خولەكی بەیانیدا، لی هانسۆن لە ویلایەتی كونتیكتی ئەمریكاوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە پیتەری كوڕییەوە بۆهات، كە لەناو فڕۆكە رفێندراوەكەی گەشتی 175دا بوو.
پیتەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە باوكی وت:" لەو بڕوایەدام ئەوان دەستیان بەسەر كۆنترۆڵی فڕۆكەكەدا گرتووە، بە چەقۆ لە كەسێكی تیمی فڕۆكەكەیان داوەو رەنگە هەندێكیان لە بەشی پێشەوەی فڕۆكەكە كوشتبێ، بەخێرایی پەیوەندی بە كۆمپانیای یونایتد ئیرلاینز بكەو ئاگاداریان بكە لەو روداوانەی لەناو گەشتی 175دا رودەدەن كە بەرەو لۆس ئەنجلس دەفڕێت".
لی هانسۆن بەپەلە پەیوەندی بە پۆلیسەوە كردو ئاگاداری كردن لەو بابەتەی كە كوڕەكەی پێی وتبوو.
لەكاتژمێر 8:52 خولەكدا، یەكێك لە تیمی فڕۆكەكەی یونایتد ئیرلاینز پەیوەندی بە بارەگای كۆمپانیاكەوە كرد لە سان فرانسیسكۆ، ئاگاداری كردن دوو فڕۆكەوانەكە كوژراونو فڕۆكەكە رفێندراوە، لەو كاتەدا دەسەڵاتداران زانییان رفێنەرەكان فڕۆكەكە لێدەخوڕین.
لەكاتژمێر 8:59 خولەكدا، سەرنشینێكی تر بەناوی بریان سوینی هەوڵێدا پەیوەندی بە هاوسەرەكەیەوە بكات، بەڵام بەردەست نەبوو، پەیوەندی بە دایكییەوە كردو ئاگاداری كرد لەوەی فڕۆكەكەیان رفێندراوە، باسی لەوە كرد هەموو سەرنشینەكان لەبارەی ئەوە پرسیار دەكەن ئایا دەتوانن هەڵبكوتنە سەر كۆنترۆڵی فڕۆكەكەو فڕۆكەكە لە دەستی تیرۆرستەكان رزگار بكەن.
كاتێك پیتەر بۆ جاری دووم پەیوەندی بە باوكییەوە كردەوە، زیاتر شڵەژا بوو وتی:" چەقۆیان بەدەستەوەیە، دەڵێن بۆمبیشیان پێیە، وابزانم دەیڕفێنن بۆ ئەوەی بیكشێن بە بینایەكدا لە شوێنیك، بابە نیگەران مەبە، ئەگەر شتی وا رویدا، هەموو شتەكان بە خێراییەكی زۆر كۆتاییان دێت"، پیتەر پەیوەندییەكەی تەواو نەكردو پچڕا.
بەر لەوەی پەیوەندییەكە بپچڕێت، باوكی پیتەر لە تەلەفۆنەكەوە گوێی لە هاواری ژنێك بوو، تەلەفزیۆنەكان دیمەنی خۆكێشانی فڕۆكەی دووەمی بە تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانی نیشاندا.
گوێ لە چەندین پەیوەندی سەرنشینەكانی فڕۆكەكە گیرا لەگەڵ كەسانێكەوە لەسەر زەوی، تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكرا رفێنەرەكان چەقۆو كەرەستەی توندیان بەدەستەوەیە، سەرباری ئەوەی هەڕەشەی ئەوە دەكەن كە بۆمبیان پێیە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان دەریانخست ئەوە راست نییە، لە راپۆرتی لێكۆڵینەوە لە 11ی سێپتێمبەردا هاتووە، هیچ شوێنەوارێكی ماددەی تەقەمەنی لە شوێنی هێرشەكە نەدۆزراوەتەوە.
لێكۆلێنەوەكان دەڵێن هەڕەشەكەیان ناڕاست بووەو بۆمبیان پێ نەبووە.
بەپێچەوانەی گەشتی هێڵی ئاسمانی ئەمریكا 11، ئاڕاستەی گەشتی یۆنایتد ئیرلاینز 175 بەرەو نیویۆرك گۆڕدرا، ئامێری ناردنو وەرگرتنی زانیاری ناو فڕۆكەكە لەكارنەخرا، ئەمە وایكرد رادارەكان بە ئاسانی چاودێری بكەن.
فڕۆكەكە نزم بووەوە، بەسەر دورگەی ستاتن لە كەنداوی نیویۆركدا دەفڕی، بەرەو ئاڕاستەی بینای ئیمپایەر ستەیت رۆیشت، لە ساتی كۆتایدا لایدا بە ئاڕاستەی تاوەری سەنتەری بازرگانی جیهانیی. فڕۆكەكە خۆی تاوەری باكور لاداو خۆی بە تاوەری باشوردا كێشا.
لێدانی تەپڵی مەرگ
لە كاتژمێر 9:39 خولەكدا كاتێك فڕۆكەكە خۆی كێشا بە تاوەری باشوردا (38 هەزار) لیتر سوتەمەنی هەڵگرتبوو لەگەڵ (5) رفێنەرو دوو فڕۆكەوانو (9) كەس لە تیمی فڕۆكەكەو (51) سەرنشینو لەگەڵ پیرەژنێكی تەمەن 80 ساڵو منداڵێك كە تەمەنی دوو ساڵو نیو بوو.
كامێراكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ روداوەكەیان دەگواستەوە، پارچەی ئەو فڕۆكەیەی كە تاوەری باشوری بڕی، بە بەرچاوی خەڵكەو لە ئاسمان دەكەوتە خوارەوە.
بیناكە بەتەواوەتی گڕی گرتو ستونی دوكەڵی لێ بەرز دەبووەوە.
دوای نزیكەی 50 خولەك، بیناكە داڕماو لەگەڵ زەوی یەكسان بوو، نزیكەی (2 هەزارو 600) كەس لە هەردوو هێرشەكەدا كوژران، زیاتر لە (300) كەسیان كارمەندانی فریاگوزاری بوون. لەكاتێكدا پرۆسەی فریاگوزاری بەڕێوەدەچوو، لەناو خەڵكدا ترس هەبوو لە ئەگەری روودانی هێرشێكی تر، ئەمەش دوای ئەوەی تیرۆرستەكان سەركەوتوو بوون لەوەی پلانەكەیان جێبەجێ بكەنو دەزگای هەواڵگری لە ئاشكراكردنی شكستی هێنا.
پلانەكەیان خەڵەتاندنی ئەمریكا بوو، كە چوو بووە ناو چەندین جەنگەوە لە وڵاتان لەرێگەی گواستنەوەی جەنگ بۆ ناو خاكی ئەو وڵاتانە.
ئەوكات بەهانەی تر بۆ مەترسییەكانی ئەمریكا هەبوو، فڕۆكەیەكی رفێندراوی تر برەو واشنتۆنی پایتەخت رۆیشت.