Draw Media

چارەنوسی بەیعەتەكەی نێوان قاعیدە‌و تالیبان

چارەنوسی بەیعەتەكەی نێوان قاعیدە‌و تالیبان

2021-09-10 11:45:44


راپۆرت: ئیدریس ئەلبای- بی بی سی
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
پرسیاری سەرەكی كە ئێستا‌و پاش گەڕانەوەی بزوتنەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان خۆی نمایش دەكات، پەیوەندی تالیبانە لەگەڵ هاوپەیمانە دورمەوداكەیدا "قاعیدە".
قاعیدە پابەندە بە لایەنداریی خۆی بۆ تالیبان، ئەمەش دوای ئەوەدێت بەیعەتی پێدا، بەیعەتێك كە ئوسامە بنلادن رێبەری كۆچكردنی قاعیدە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بە مەلا عومەری رێبەری تالیبانی دا. 
سەرباری ئەوەی لەلایەن تالیبانەوە بەشێوەیەكی ئاشكرا دانی پێدا نەنراوە، بەڵام لەوكاتەوە ئەم بەیعەتە چەندجارێك نوێكراوەتەوە.
بەپێی رێككەوتنی ئاشتی ساڵی 2020 لەگەڵ ئەمریكا، تالیبان رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی رێگە بە قاعیدە یاخود هەر گروپێكی توندڕەوی تر نەدات لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا كاربكات، دوای دەستگرتن بەسەر كابولدا لە 15ی ئابی رابردوو، تالیبان جارێكی تر جەختی لەسەر ئەم بابەتە كردەوە. 
بەڵام بزوتنەوەكە بەشێوەیەكی ئاشكرا خۆی لە قاعیدە بێبەری نەكردووە‌و قاعیدەش ئاستی دژایەتی خۆی بۆ ئەمریكا نەرم نەكردوەتەوە.

بایەخی بەیعەت
بەیعەت پابەندییەكی دووسەرەیە لەنێوان ئەو كەسەی بەیعەت دەدات لەگەڵ ئەو كەسەی بەیعەتەكەی پێدراوە، ئەمەش ملكەچبونی كەسێك بۆ سەركردە یاخود رێبەرێك دەخوازێت كە بەیعەتی پێدراوە. لە ئیسلامدا شكاندنی بەیعەت تاوانێكی گەورەیە. 
قاعیدە، بەیعەت دەیسبەستێتەوە بە تالیبانەوە، ئەمەش لەژێر نازناوی " أمیر المۆمنین" كە بە رێبەری تالیبان‌و جێنشینەكانی دراوە. 
رەنگە ئەمە یەكێك لە هۆكارەكان بێت كە لەدوای هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001ەوە مەلا عومەر رەتیكردەوە بنلادن رادەستی ئەمریكییەكان بكات‌و بەوهۆیەوە ئەمریكا سەركرایەتی شەڕی دژی ئەفغانستان كرد. 
یەكێك لە نمونە دیارەكان بۆ شكاندنی بەیعەت، رەتكردنەوەی پابەندبوون بوو بە سەركردایەتی ناوەندیی لەلایەن لقی قاعیدەی عێراقەوە، كە بووە هۆی جیابونەوەی ئەم لقە‌و دواتر رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لێ دروست بوو. 
ململانێیەكی قورس لەنێوان قاعیدە‌و رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا هەیە كە خۆی لە "ویلایەتی خۆراسان"ی سەربە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان‌و پاكستان‌و وڵاتانی دراوسێدا دەبینێتەوە. 
قاعیدە تاكە گروپی جیهادی نییە كە بەیعەتی بە تالیبانی ئەفغانستان بەخشیوە. بزوتنەوەی تالیبانی پاكستانیش پێشتر بەیعەتی بە تالیبانی ئەفغانستان بەخشی‌و ئەمدواییەش دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، جارێكی تر بەیعەتەكەی نوێكردەوە. 

بەیعەتی پیاوی مردوو 
دوای مردنی بنلادن لە ساڵی 2011دا، ئەیمەن زەواهیری جێگری بەنوێنەرایەتی رێكخراوی قاعیدە‌و هەمو لقە هەرێمایەتییەكانی، بەیعەتی بە مەلا عومەر بەخشی. 
بەیعەتەكە لە ساڵی 2014دا دوای راگەیاندنی "خەلافەت" لە عێراق‌و سوریا، نوێكرایەوە. 
لە تەموزی 2015دا بزوتنەوەی تالیبان رایگەیاند مەلا عومەر بەر لە دوو ساڵ كۆچی دوایی كردووە، بەیعەتی زەواهیری بۆ مەلا عومەر لەدوای مردنی، بووە هۆی شەرمەزاركردنی قاعیدە. 
زەواهیری لە 13ی ئابی 2015دا جارێكی تر بەیعەتەكەی بۆ مەلا (ئەختەر محەمەد مەنسور) رێبەری نوێی تالیبان نوێكردەوە، بەڵێنی "جیهاد بۆ ئازادكردنی بست بە بستی خاكی داگیركراوی ئیسلام"ی پێدا. 
مەنسور بەشێوەیەكی خێرا دانی بەوەدا نا لەلایەن "رێبەری رێكخراوێكی نێودەوڵەتی جیهادی"یەوە بەیعەتی پێدراوە، ئەمەش وەكو دانپێدانانێكی روون بوو بە ئامانجی كاری "جیهادی نێودەوڵەتی" لەلایەن رێكخراوی قاعیدەوە.
ئەم هەڵوێستەش بەتەواوەتی دژی ئەو پەیامەیە كە تالیبان دەیەوێت بە جیهانی دەرەوەی بگەیەنێت كە پەیامەكەش ئەوەیە تالیبان تەنیا دەیەوێت ئیسلام لە ئەفغانستان جێبەجێ بكرێت‌و دەخوازێت پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت. 
كاتێك دوای مردنی مەنسور لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لە ئایاری 2016، هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە رێبەرایەتی تالیبانی گرتەدەست، تالیبان بە ئاشكرا دانی بەوەدا نەنا زەواهیری بەیعەتی پێداوە، هەروەك رەتیشی نەكردەوە. 
ئەم ناڕوونییە كە بەدەوری دۆخی ئێستای بەیعەتەكەدا هەیە، بوەتە هۆی مشتومڕو نادڵنیایی بەردەوام لەبارەی پەیوەندی نێوان ئەم دوو گروپەوە. 

دواتر چی ؟
لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، دوو رەوت هەن كە لەململانێدان لەبارەی ئاڕاستەی بزوتنەوەكەوە. 
سەرەتا ئەو پەیوەندییەی كە تالیبان بە قاعیدەوە دەبەستێتەوە، مسداقیەت‌و پێگە بە تالیبان دەبەخشێت لەناو بازنە جیهادییەكەدا، هەروەك پابەندبوونی مێژوویی بزوتنەوەكەش بە رێكخراوی قاعیدەوە وای لێدەكات سور نەبێت لەسەر دەستبەرداربوون لە هاوپەیمانەكەی دوای ئەوەی گەیشتوەتە دەسەڵات. 
بەڵام بزوتنەوەكە پابەندە بەو بەڵێنانەی بەگوێرەی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریكا داویەتی لەگەڵ ئەو رێبازە پراگماتییەی كە تالیبان بۆ حوكمڕانی ئەفغانستان بەكاریدەهێنێت. 
بزوتنەوەی تالیبان بەبۆنەی ئەو "سەركەوتن"ەی بەدەستیهێنا، لەلایەن رێكخراوی قاعیدە‌و ئەو گروپانەی لەناو فەلەكی قاعیدەدا دەسوڕێنەوە نامەباران كرا‌و جەخت لەسەر پێگەی "هیبەتوڵلا ئاخوندزادە"ی رێبەری تالیبان كرایەوە وەكو " أمیر المۆمنین". 
تالیبان بە ئاشكرا باسی لەم نامەی پیرۆزباییانە نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو ئاماژەی بەو نامانە كرد كە لەلایەن گروپە ئیسلامییەكانی تر لە نمونەی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینییەوە، بۆی نێردرابوو.
بەڵام هەواڵی گەیشتنی (ئەمین حەق) كەسایەتی نزیك لە بنلادن بۆ ئەفغانستان، ئەوەی نیشاندا بزوتنەوەكە نایەوێت نكولی لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ قاعیدە بكات‌و خۆی لێ بێبەری بكات. 
دەوترێت قاعیدە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ تۆڕی "حەقانی"دا هەیە، كە یەكێك لەو گروپانەیە كە لەژێر ئاڵای تالیباندایە. 
ئەم مەسەلەیە تەنگژەیەك نیشان دەدات كە ئێستا روبەڕووی بزوتنەوەكە دەبێتەوە، لەلایەك ئەوەی لەتوانایدایە دەیكات بۆ ئەوەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە حوكمی خۆی لە ئەفغانستان‌و دەستكەوتەكانی دواتری بەدەستبهێنێت، كە ئەمە تاڕادەیەكی زۆر لەسەر ریشەكێشكردنی توندڕەوی راوەستاوە، لەلایەكی ترەوە، ناتوانێت بە ئاسانی خۆی بێبەری بكات لەو هاوپەیمانێتییەی كە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لەگەڵ قاعیدە هەیەتی. 
هەڵگرتنی هەنگاوی لەمجۆرە، رەنگە ببێتە هۆی دوركەوتنەوەی توندڕەوەكان لەریزی بزوتنەوەكە‌و گروپە توندڕەوەكانی تر كە بەبۆنەی كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە، خۆشی زۆریان دەربڕی. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand