Draw Media

ڕکابەری کاندیدەکان لە پارێزگای هەولێر

ڕکابەری کاندیدەکان لە پارێزگای هەولێر

2021-09-16 13:24:36


شیكاری: درەو

بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای هەولێر زیاتر (ملیۆنێک و 228 هەزار) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە (10) پارتی سیاسی (40) کاندیدیان هەیەو و (4) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (4) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (15) کورسی.
لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و ناو و ژمارەی سەرجەم کاندید و ژمارەی دەنگی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو و نوێترین ڕاپرسییەکان و چانسی کاندیدی پاتە سیاسییەکان لە پارێزگای هەولێر دەخەینە ڕوو.


سەرەتا
1.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای هەولێر (١٥) كورسی گشتی و (١) کورسی کۆتای مەسیحی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٤) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا).
2.    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (ملیۆنێک و 228 هەزار و 30) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیەو (٤٤) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٥) کورسی دەکەن، (٢٩) کاندیدیان پیاوو (١٥)یان ئافرەتن، کە پێکدێن لە (٤) کاندیدی سەربەخۆ و (٤٠) کاندیدی پارتە سیاسییەکان بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان (١٢) کاندید کە (٨) پیاوو (٤) ئافرەتن. 
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٥) کاندید کە (٢) پیاوو (٣) ئافرەتن. 
-    نەوەی نوێ (٤) کاندید کە (٢) پیاوو (٢) ئافرەتن.
-    بزوتنەوەی گۆڕان بە (٢) کاندیدی پیاو.
-    کۆمەڵی دادگەری (٢) کاندید، کە (١) پیاوو (١) ئافرەتن.
-    یەکگرتووی ئیسلامی (٢) کاندید کە (١) پیاوو (١) ئافرەتن.
-    حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان (٤) کاندید کە (٣) پیاوو (١) ئافرەتن.
-    حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان (١) بەربژێری پیاو.
-    بەرەی تورکمانی عێراقی (٣) کاندید کە(١) پیاوو (٢) ئافرەتن.
-    قادیمون (٥) کاندید، کە (٤) پیاوو (١) ئافرەتن.
-    سەربەخۆ (٤) کاندیدی پیاو.
3.    بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستین، چونکە دواین هەڵبژاردنە کە لە 30/9/2018 لەم سێ پارێزگایە ئەنجام درابێت.
4.    ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی درەو میدیا تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠٢١ بەدەستیان هێناوە، بۆیە مەرجە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی (یەکێتی و گۆڕان و پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ) بتوانن پارێزگاری کە دەنگەکانی پێشوویان بکەن.
5.    هاوکات جگە لە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨،  نوێترین ئامار و ڕاپرسییەکی (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) کە لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە دەخەینەڕوو.
6.    ئەگەر چی هاوپەیمانی کوردستان هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام دەنگدەری لایەنەکان دەنگ بە لایەنی سیاسی نادەن و دەنگ بە بەربژێرەکان دەدەن، بۆیە تا ڕادەیەک سەنگی لایەنەکان ون نابێت و بە ڕونی دەمێنێتەوە.
7.    ساختەکاری هەمیشە ئەگرێکی دور نیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەگەر چاوێک لە ئەنجام و هەوڵەکانی ساختەکاری بدەین لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی جۆرێک لێکتێگەیشتن و تەنسیق دروستبووە کە ڕەنگە تاڕادەیەک هەوڵەکانی ساختەکاری کەمبکاتەوە، بەڵام لە پارێزگای هەولێر گۆڕەپانەکە بە جۆرێکی ترەو دوور نییە ململانێی سەخت و توند و هەوڵ بۆ ساختەکاری لەو پارێزگایە بێت، ڕودانی ئەمەش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامی پارت و به‌ربژه‌كانیان.

بازنەی (1)
بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (سۆران + مێرگەسور + رەواندز + چۆمان + شەقلاوە)، لەم بازنەیەدا (9) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (6) پیاو پێکهاتوون و سەرجەم کاندیدەکان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا تۆمار نەکراوەو ڕکابەرییەکەش بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))


ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١))


01

شیکردنەوەی بازنەی (١)
1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لە بازنەی (١)ی هەولێر (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو) هیچ کاندیدێکیان نییەو تەنها لایەنەکانی (پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ، سۆسیالست و قادیمون) کاندیدیان هەیە.
-    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (٧٠.٣٠%)ی دەنگەکانی هەیە لە هەڵبژاردنی رابردوود، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت پارتی (3) كورسی بەرێت ئەگەرچی دەنگەكانی زیاترە لە (4) كورسی لەو بازنەیە. 
3.    ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێزی دووەمە لەم بازنەیە بەڵام بە (١) کاندید بەشداری کردووە، چانسێکی دەبێت ئەگەر پارتی نەتوانێت هاوسەنگی دەنگی کاندیدەکان ڕابگرێت و هاوکات یەکێتی بتوانێت دەنگی بەشێک لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەکان ڕابکێشت. 
4.    نەوەی نوێ چانسێکی کەمی دێتە پێش (١) کورسی بباتەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو هیچ کاندیدێکیان نیە لەم بازنەیە و ئەگەری زۆرە دەنگەکانی نەوەی نوێ ڕوو لە هەڵکشان بکات.


بازنەی (2)
بازنەی (2): کە ناسێنراوە بە بازنەی (دەشتی هەولێر+ كۆیە + خەبات)، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و سەرجەم کاندیدەکان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا تۆمار نەکراوەو ڕکابەرییەکەش بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))

ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٢))


 

شیکردنەوەی بازنەی (٢)
1.    لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پیویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی هیچ کاندیدێکیان نیە.
3.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی(%48.9)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی. 
4.    بەم ئەنجامە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە خاوەنی (3) کورسی لە بازنەی (2)ی هەولێر و هەر سێ کاندیدەکەی سەردەکەون بە مەرجێک جۆرێک لە هاوسەنگی دەنگی پاڵێوراوەکانی ڕابگرێت.
5.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هێزی دوومە و (١) بەربژێری ئافرەتی هەیە لەم بازنەیە، دەبێتە خاوەنی (١) کورسی بە مسۆگەری.
6.    نەوەی نوێ کە (١) بەربژێری ئافرەتی هەیە، چانسێکی کەمی دەبێت کە کورسییەکی کۆتای بازنەکە بەرێتەوە بەمەرجێک کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی و کاندیدە ئافرەتەکەی یەکێتی دەنگی کەمتر بەدەستبهێنێت، چونکە کومەڵ و یەکگرتوو هیچ کاندیدێکیان لەم بازنەیە نییەو ئەگەری ئەوەی هەیە دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات. 
7.    بزوتنەوەی گۆڕان کە بە (١) کاندید بەشداری کردووە، ئەگەر نەڵێین هیچ چانسێکی نییە، دەتوانین بڵێین چانسێکی زۆر لاوازی هەیە چونکە خۆی هێزی چوارەمی بازنەکەیە. ئەگەرە زۆر لاوازەکەش ئەوەیە کە بەشێک لە دەنگدەرانی کۆمەڵ و یەکگرتوو دەنگەکانیان بدەن بە بزوتنەوەی گۆڕان، کە ئەمەش کارێکی مەحاڵە.


بازنەی (3)
بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (بەشی خۆرئاوای قەزای هەولێر)، لەم بازنەیەدا (10) کاندید کە لە (5) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و سەرجەم کاندیدەکان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا تۆمار نەکراوەو ڕکابەرییەکەش بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))

ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٣))
 

شیکردنەوەی بازنەی (٣)
1.    لەم بازنەیەدا (٣) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    بزوتنەوەی گۆڕان لەم بازنەیەدا هیچ کاندیدێکی نیە.
3.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (56.6%)ی دەنگەکانی هەیە، سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (٣) دەکەین هێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەکە، هێشتا هێزی دووەم کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەم بازنەیە بە نزیکەی (3) هەزار لە دواوەوەیە.
4.    لەگەڵ ئەوەی ئەگەرێک هەبووە کە پارتی بتوانێت هەر (٣) کورسییەکە بباتەوە، بەڵام بە (٢) بەربژێر بەشداری کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، بۆ ئەوەی هەردوو کورسییەکە مسۆگەر بکات. 
5.    یەکێتی رێژەی دەنگەکانی بە پلەی دووەم دێت لە دوای پارتییەوە، بۆیە ئەگەری گەورە ئەوەیە کورسییەکەی کە دەمێنێتەوە بیباتەوە، بەتایبەت کە بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدی نیەو دوور نییە بەشێک لە دەنگەکانی ئەو حیزبە بچێت بۆ یەکێتی.
6.    هەر یەک لە نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو چاویان لە کورسی کۆتای ژنانە لەم بازنەیە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان زیرەکانە ئەو چانسەی لێوەرگرتوونەتەوەو بە کەمکردنەوەی کاندیدەکانی لە (٣) کاندیدەوە بۆ (٢) کاندید کە یەکێکیان ئافرەتە.

بازنەی (4)
بازنەی (4): کە ناسێنراوە بە بازنەی (بەشی خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر)، لەم بازنەیەدا (17) کاندید کە لە (4) ئافرەت و (13) پیاو پێکهاتوون و (13) کاندیدیان سەربە (9) پارتی سیاسین و (4) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))

ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (٤))

شیکردنەوەی بازنەی (٤)
1.     لەم بازنەیەدا (٤) پاڵێوراو سەردەکەون، کە پێویستە (١) پاڵێوراویان ئافرەت بێت.
2.    لەم بازنەیەدا زۆرترین پارتی سیاسی و زۆرترین کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بردنەوەی (4) کورسی بازنەکەو تەنها بازنەی هەڵبژاردنە لەو پارێزگایە کە کاندیدی سەربەخۆی تێدا بێت.
3.    لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێژەی (52.2%)ی دەنگەکانی هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دەنگەکانی دابەشی (3) دەکەین، دەبینین تەنها دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەنە ئاستی پێویست بۆ بەدەستهێنانی کورسی. 
4.    چاوەڕوان دەكرێت لەم بازنەیە پارتی دیموکراتی کوردستان (2 بۆ 3) کورسی بەرێتەوە.
5.    پێشبینی دەكرێت كاندیدەكەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ژنێكە كۆتای ژنان لەم بازنەیە بەرێت.
6.     ئەگەر پارتی (2) كورسی پیاو بەرێت و یەكێتی كۆتای ژنان بەرێت، ئەوا كورسیەك دەمێنێتەوەو هەریەك لە كۆمەڵ و گۆڕان و نەوەی نوێ ململانێ لەسەر 

ڕاپرسی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان
نوێترین ڕاپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە لایەن  (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە. لێرەدا بەشێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە پارێزگای (هەولێر) دەخەینە ڕوو، چونکە بەتەنها پشت بەستن بە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ بەس نیە، جیاوازی گەورە لە بۆچون و ڕای هاوڵاتیان دروست بووە لە شێوازی بیرکردنەوەیان و پرسی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا.
ژمارەو ڕێژەی گشتی بەشداربوون، کە لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری و پلەی وەزیفی جیاوازدان، بەم شێویەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)) 

 
ئەو ژمارەو ڕێژەیەی هاوڵاتیان کە ژمارەیان (هەزار و 288) کەسەو لە پارێزگای هەولێر بەشدارییان کردووە لە وەڵامیان بۆ پرسیارەکانی دەزگاکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (6))

 
ئەم خشتەیەی سەرەوە چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات؛
1.    ئەگەرچی پاشەکشەیەکی گەورەی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی ڕوودەدات، چونکە بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە (70%) متمانەیان بە هەڵبژاردن نییەو نزیکەی (50%) دەنگ نادەن و دەنگەکانیان دەسوتێنن. بەڵام لە پارێزگای هەولێر بەو جۆرە نابێت و ئەگەر چی (68%) یان باوەڕیان بە هەڵبژاردن نیە بەڵام ڕێژەی ئەوانەی دەنگ نادەن و دەنگەکەیان دەسوتێنن بە گوێرەی ڕاپرسییەکە (34%)ن.
2.     ئەگەر چی سەرو (60%)ی بەشداربووان دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ نادەن، نزیکەی (20%)یش خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام (20%) دەنگدەران ئامادەبن دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ بدەن بەڵام ئەم هەڵوێستە کاریگەری گەورەی لەسەر گۆڕانکاری ڕیزبەندی و چەندێتی کاندیدەکان ناکات، چونکە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ نییەو تەنها لە بازنەی (4) کاندیدی سەربەخۆ هەیەو ئەوانیش چانسیان لاوازە.
3.    هەر بەپێی ڕاپرسییەکەی پلاتفۆرمی کوردستان پاشەکەشەیەکی گەورە لە دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی (هاوپەیمانی کوردستان)  ڕودەدات و (نەوەی نوێ) دەنگەکانی بەڕادەیەکی گەورە هەڵدەکشێت و بەپێی ڕاپرسییەکەبێت نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی پێش هاوپەیمانی کوردستان دەکەوێت کە بریتین لە یەکێتی و گۆڕان لەو پارێزگایە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand