ڕکابەری کاندیدەکان لە پارێزگای سلێمانی
2021-09-14 10:57:47
شیكاری: درەو
بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پارێزگای سلێمانی زیاتر (ملیۆنێک و 361) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەیە و لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە (11) پارتی سیاسی (49) کاندیدیان هەیەو و (14) کاندیدی سەربەخۆش لە سەر ئاستی (5) بازنەی هەڵبژاردن لە ڕکابەریدان بۆ بردنەوەی (18) کورسی.
لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و ناو و ژمارەی سەرجەم کاندید و ژمارەی دەنگی پارتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو نوێترین ڕاپرسییەکان و چانسی کاندیدی پاتە سیاسییەکان دەخەینە ڕوو.
سەرەتا
1. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، پارێزگای سلێمانی (١٨) كورسی بۆ تەرخان کراوەو دابەشکراوە بۆ (٥) بازنەی هەڵبژاردن و کە پێویستە لە هەر بازنەیەک (١) ئافرەت سەربکەوێت (بە دەنگی خۆی یان بە کۆتا).
2. لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (63) کاندید ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی (١٨) کورسی دەکەن، (40) کاندیدیان پیاوو (23)یان ئافرەتن، کە پێکدێن (14) کاندیدی سەربەخۆ و (49) کاندیدی پارتە سیاسییەکان .
3. بۆ شیکردنەوەی چانسی بەربژێرەکان پشت بە دۆخی ئێستای لیستەكان و دەرەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردن و راپرسیەكان دەبەستین.
4. ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەبەنی کردووە، بەشێوەیەکی تەواو بەستراوە بە توانای کۆکردنەوەی دەنگ لە لایەن بەربژێرەکان خۆیانەوە، پاشان پارتە سیاسییەکان، بۆیە ئەم ڕاپۆرتەی درەو میدیا تەنها خوێندنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی و گریمانەییە بۆ توانای پارتە سیاسییەکان، لە بازنەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای دەنگەکانی پێشوویان کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠٢١ بەدەستیان هێناوە، بۆیە مەرجە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی (یەکێتی و گۆڕان و پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ) بتوانن پارێزگاری کە دەنگەکانی پێشوویان بکەن.
5. جگە لە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨، نوێترین ئامار و ڕاپرسییەکی (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) کە لە مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە دەخەینەڕوو.
6. بەربژێرە سەربەخۆکان، كە بەشێكیان بەهۆی ئەزمونی پەرلەمانتاریەوە ئەگەری هەیە لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردندا کاریگەری گەورە لەسەر ڕیزبەندی بەربژێرەکان دروست بکەن و گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامەکاندا بهێنن.
7. ئەگەر چی هاوپەیمانی کوردستان هەیە لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام دەنگدەری لایەنەکان دەنگ بە لایەنی سیاسی نادەن و دەنگ بە بەربژێرەکان دەدەن، بۆیە تا ڕادەیەک سەنگی لایەنەکان ون نابێت و بە ڕونی دەمێنێتەوە.
بازنەی (1)
بازنەی (1): کە ناسێنراوە بە بازنەی (باکوری قەزای سلێمانی + شارباژێڕ + ماوەت) زیاتر لە (373) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (13) کاندید کە لە (4) ئافرەت و (9) پیاو پێکهاتوون و (10) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (3) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (١))
شیکردنەوەی بازنەی (١):
1. لەم بازنەیەدا (٤) کاندیدو سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت.
2. لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان كە لە هەڵبژاردنی رابردوودا ڕێژەی (35.4%)ی دەنگەکانی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوخۆی یەكێتی و دۆخی گۆڕأن، ئەگەری هەیە تەنیا كاندیدێكی ژن و كاندێكی پیاو دەربچێت.
3. دوو كاندیدی پیاو دەمێنێتەوە بۆ (3) كاندید كە كێبەركێكە توند دەبێت لە نێوانیان كاندیدی ( نەوەی نوێ، گۆڕان ، سەربەخۆ رێبوار كەریم)، لەسەر بەدەستهێنانی (2) كورسی.
4. ئەگەر کاندیدە ئافرەتەکەی یەکێتی کەمتر لە دەنگی کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بەدەست بهێنێت، ئەوا ڕاستەوخۆ کانیدیدەکەی پارتی سەردەکەوێت.
بازنەی (2)
بازنەی (2): کە ناسێنراوە بە بازنەی (باشوری قەزای سلێمانی + قەرەداغ)) زیاتر لە (341) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (16) کاندید کە لە (8) ئافرەت و (8) پیاو پێکهاتوون و (9) کاندیدیان سەربە (7) پارتی سیاسین و (7) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)).
ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (2))
شیکردنەوەی بازنەی (٢):
1. لەم بازنەیەدا (3) کانیدید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت.
2. لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشتر ڕێژەی (37%)ی دەنگەکانی هەبوەو و بزوتنەوەی گۆڕانیش دووەمە کە خاوەنی ڕێژەی (29%) دەنگەکانە، پێناچێت گۆڕانكاری و بارودۆخەكانی سێ ساڵی رابردوو ئەو دەنگانە وەك خۆی بهێڵێتەوە.
3. ململانێی توند لە نێوان دوو كاندیدە پیاوەكەی یەكێتی و كاندیدی سەربەخۆ سەركەوت شەمسەدین دەبێت بۆ بردنەوەی دوو كورسی پیاو.
4. بۆ بەدەستهێنانی كورسیە كۆتاكەی ژنان، ململانێی توند دەكەوێتە نێوان كاندیدە ژنەكانی ( گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵ، سەربەخۆ)
بازنەی (3)
بازنەی (3): کە ناسێنراوە بە بازنەی (هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن) زیاتر لە (213) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (8) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (5) پیاو پێکهاتوون و هیچ کانیدێکی سەربەخۆ لەم بازنەیەدا نییەو سەرجەم کاندیدەکان سەر بە (8) لایەنی سیاسی جیاوازن و لە کێبڕێکێدان بۆ بەدەستهێنانی (3) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))
ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (3))
شیکردنەوەی بازنەی (٣):
1. لەم بازنەیەدا (3) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت.
2. لەم بازنەیەدا کێبڕکێکە گەرمترە یەكێتیو گۆڕان كە پێكەوە یەك كاندیدی ژنیان هەیە یەکێتی بە ڕێژەی (٢٦%)ی دەنگەکان و بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕێژەی (١٩%) دەنگەکان كە دەكاتە (40%)ی كۆی دەنگەكانی ئەو بازنەیە، ئەگەری دەرچوونی كاندیدە ژنەكەیان زۆر بەهێزە رەنگە بەدەنگی خۆی دەربچێت و پێویستی بە كۆتا نەبێت، بەڵام بە پێی رێنمایی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن ( ئەگەر كاندیدَكی ژن بەدەنگی خۆشی سەربەكەوێت ئەوا كورسی كۆتا تەواو دەكات).
3. ململانێكە لەسەر دوو كورسی بۆ پیاوان دەبێت، ئەگەر كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەری سەربكەوێت ئەوا ململانێكە بۆ كورسیەكەی تر دەكەوێتە نێوان كاندیدەكەی یەكگرتوو و كاندیدەكەی نەوەی نوێ، كاندیدە ژنەكەی پارتیش دەچێتە ململانێكەوە ئەگەر دەنگەكانی لەو دوو كاندیدە پیاوەی تر زیاتر بێت ئەوا سەردەكەوێت.
4. بەڵام لەبەر ئەوەی جۆرێك لە تێگەیشتن لە نێوان (یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو) هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە كاندیدە ژنەكەی هاوپەیمانی سەربكەوێت لەگەڵ هەردوو كاندیدە پیاوەكەی یەكگرتوو كۆمەڵ.
بازنەی (٤)
بازنەی (4): کە ناسێنراوە بە بازنەی (پشدەر + ڕانیە + دوکان) زیاتر لە (282) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (11) کاندید کە لە (3) ئافرەت و (8) پیاو پێکهاتوون و (9) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))
ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (4))
شیکردنەوەی بازنەی (4):
1. لەم بازنەیەدا (٤) کاندید سەردەکەون، کە پیویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت.
2. لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (40.9%)ی دەنگەکانی هەیە، دوو كاندیدی هەیە (1) كاندیدی پیاوو (1) كاندیدی ژنی هەیە، لەو بازنەیەدا یەكێتی ئەگەری دەرچونی هەردوو كاندیدەكەی هەیە (ژن و پیاوێك) بەڵام ئەگەر كاندیدە ژنەكەی نەوەی نوێ بەدەنگی خۆی دەربچێت و كە كاندیدێكی بەهێزە ( سروە عەبدولواحید) ئەوا یەكێتی تەنیا یەك كاندیدی پیاوی دەردەچێت.
3. ململانێكە لەسەر دوو كورسی پیاو دەبێت لە نێوان كاندیدەكەی كۆمەڵی دادگەری و بزوتنەوەی گۆڕان، خۆ ئەگەر كاندیدە ژنەكەی پارتی یان یەكێتی بتوانن دەنگەكانیان لەو دوو كاندیدە پیاوە زیاتر بێت ئەوا ئەوان سەردەكەون.
بازنەی (٥)
بازنەی (٥): کە ناسێنراوە بە بازنەی (کەلار + دەربەندیخان + کفری + چەمچەماڵ + بەشێکی خانەقین) زیاتر لە (250) هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەم بازنەیەدا (15) کاندید کە لە (5) ئافرەت و (10) پیاو پێکهاتوون و (13) کاندیدیان سەربە (8) پارتی سیاسین و (2) کاندیدیان بەناوی کاندیدی سەربەخۆوە تۆمار کراون و ڕکابەریدەکەن بۆ بەدەستهێنانی (4) کورسی تایبەت بە بازنەکە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکان لە ڕەگەزی مێ بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5))
ژمارەی دەنگی لایەنە سەرەکییەکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی٢٠١٨بۆ پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان لەم بازنەیەی هەڵبژاردن بەم شێوەیەن (بڕوانە چارتی ژمارە (5))
شیکردنەوەی بازنەی (5):
1. لەم بازنەیەدا (٤) کاندید سەردەکەون، کە پێویستە (١) کاندیدیان ئافرەت بێت.
2. هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی كاندیدیان لەم بازنەیە پێشکەش نەکردووە، کە بەشێکی پەیوەندی بە لێكتێگەیشتن هەیە لەگەڵ یەكێتی و بەشێکیشی پەیوەندی بە سەنگی دەنگەکانیانەوەیە لەم بازنەیە.
3. لەم بازنەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێژەی (37.5%)ی دەنگەکانی هەیە، یەكێتی لەم بازنەیە سێ كاندیدی هەیە (2) كاندیدی پیاوو (1) كاندیدی ژنی هەیە، لەو بازنەیەدا یەكێتی ئەگەری دەرچونی دوو كاندیدی هەیە ژن و پیاوێك.
4. بەدوایشیدا بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی ڕێژەی (23.9%) دەنگەکانی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان بەرەسمی كاندێكی هەیە لە گەرمیان بەڵام كاندیدێكی سەربەخۆ كە تا ئێستاش پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانە ( غالب محەمەد) دەنگەكانی گۆڕان لە گەرمیان دەكات بە دوو بەشەوە.
5. ئەگەر لەو بازنەیەدا غالب محەمەد سەركەوێت و كورسیەك بەرێت، ئەوا ململانێكە بۆ بەدەستهێنانی كورسیەكەی سێەمی پیاو دەكەوێتە نێوان كاندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕأن و نەوەی نوێ و پارتیەوە.
ڕاپرسی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان
نوێترین ڕاپرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە لایەن (پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان) مانگی ٨ی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکوک)ئەنجام دراوە. لێرەدا بەشێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە پارێزگای (سلێمانی و هەڵەبجە) دەخەینەڕوو، چونکە بەتەنها پشت بەستن بە سەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ بەس نیە، جیاوازی گەورە لە بۆچون و ڕای هاوڵاتیان دروست بووە لە شێوازی بیرکردنەوەیان.
ژمارەو ڕێژەی گشتی بەشداربوون، کە لە تەمەن و ڕەگەز و ئاستی خوێندەواری جیاوازدان، بەم شێویەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6))
ئەو ژمارەو ڕێژەیەی هاوڵاتیان کە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەشدارییان کردووە لە وەڵامیان بۆ پرسیارەکانی دەزگاکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە بڕوانە (خشتەی ژمارە (7))
ئەم خشتەیەی سەرەوە چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات.
1. پاشەکشەیەکی گەورەی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن ڕوودەدات، چونکە بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە (70%) متمانەیان بە هەڵبژاردن نییەو نزیکەی (50%) دەنگ نادەن و دەنگەکانیان دەسوتێنن.
2. ئەگەر چی سەرو (50%)ی بەشداربووان دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ نادەن، نزیکەی (30%)یش خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، بەڵام (20%) دەنگدەران ئامادەبن دەنگ بە کاندیدی سەربەخۆ بدەن گۆڕانکاری لەسەر ئاستی چەندێتی کاندیدە حیزبییەکان دروست دەکات.
3. هەر بەپێی ڕاپرسییەکەی پلاتفۆرمی کوردستان پاشەکەشەیەکی گەورە لە دەنگەکانی یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی (هاپەیمانی کوردستان) ڕودەدات و (نەوەی نوێ) دەنگەکانی بەڕادەیەکی گەورە هەڵدەکشێت و بەپێی ڕاپرسییەکەبێت نەوەی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە واتە لە بازنەی (3)ی سلێمانی دەبێت بە هێزی یەکەم.