هاوڵاتیان لەبەردەم گرانییەکی گەورەدا
2021-09-02 12:00:35
شیكاری: درەو
بەهۆی دابەزینی بەهای دینار و سیاسەتی باج و رسومات حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر شتومەکی هاوردە، بەبەردەوامی نرخی شتومەک ڕووی لە بەرزبوونەوەیەو تا دێت هێزی کڕین کەمتر دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە لهدوای ساڵی 2012هوه داهاتی مانگانهی ههر تاکێک لهکوردستان له (500) دۆلارهوه دابهزیوه بۆ کهمتر له (200) دۆلار، ئەمەش بەشێکی زۆری هاوڵاتیان نزیک دەکاتەوە لە هێڵی هەژاری بەشێکیشیان دەکەونە ژێر هێڵەکەوە.
جیاوازی نرخی بەشێک لە شمەک و دراوو پێداویستییەکانی هاوڵاتیان لە ماوەی نێوان مانگی (٩)ی 2019 بۆ مانگی (9)ی 2021 بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، (100) دۆلاری ئەمریکی (19%) و نرخی (1) تۆن شیش (53%) و نرخی (1) مسقاڵ زێڕی عەیار (21) لە (33%) (1) لیتر بەنزینی موحەسەن (33%) و کارتۆنێک هێلکە (32%) و فەردەیەک ئاردی بایەعی (40%) و کیلۆیەک ڕۆن (25%)... نرخیان بەرزبووتەوە.
کەواتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووجار دەبن بە قوربانی بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و کەمبوونەوەی داهاتیان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورەی دەبێت لەسەر ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕیژەی هاوسەرگیری و تەڵاق و توندوتیژی خێزانی لە نێو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتە وردەکاری زۆر خراوەتەڕوو دەبارەی نزمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری و زیابوونی ڕێژەی تەڵاق و توندوتیژی خێزانی.
لاوازبوونی هێزی کڕین
بە مانا زانستییەکەی هێزی کڕین ئەرکی سەرەکی دراوە کە دەتوانێت کار بکاتە سەر چالاکییە ئابووریەکان و ئاستەکانی گەشەسەندنی و ڕەنگدانەوەی بەسەر بەهای دراو و هێزی شت پێکڕینی، و کاریگەری لەسەر تەرخانکردنی دەرامەتەکان و دابەشکردنی داهات و سامان و هەموو گۆڕاوەکانی تر.
حکومەتی عێراق بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێک لە قەیرانی دارایی عێراق لە سەرەتای ساڵی (2021)ەوە لەگەڵ یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، بەناچاری پەنای بۆ دابەزاندنی بەهای دراوی وڵاتەکەی بردوو، بەهای دیناری لە (١٢٠٠) هەزاو دوو سەد دینارەوە بۆ (١٤٥٠) هەزار و چواسەدو پەنجا دینار بەرامبەر (١) دۆلاری ئەمریکی دابەزاند، چونکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عێراق لە نەوتەوە دابین دەکرێت و نەوتەکەش بە دۆلار ساغ دەبێتەوە، بۆیە ئەمەش یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێکی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی گشتیدا دروست دەبێت چونکە؛
- کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار خەمڵێندراوە.
- ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٢٠٠) دینار بێت، ئەوا بودجەی گشتی بەرامبەر (108) ملیار و (٣٢٧) ملیۆن و (٥٠٧) هەزار (٧٤٣) دۆلار دەبێت.
- ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٤٥٠) دینار بێت، ئەوا بودجەی گشتی بەرامبەر (89) ملیار و (650) ملیۆن و (351) هەزار (235) دۆلار دەبێت.
- ئەو جیاوازییەی لە بودجەی گشتیدا دروست دەبێت و بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت بریتی دەبێت لە (١٨) ملیار و (٦٧٧) ملیۆن و (١٥٦) هەزار (٥٠٧) دۆلار.
ئەگەر چی ئەم پلانە بۆ حکومەتی عێراق چارەسەرێکی گونجاو بوو بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێکی قەیرانی دارایی و چارەسەرکردنی پرسی کورتهێنان لە بودجەی گشتی وڵاتدا، بەڵام باجی گەورەی دابەزینی بەهای دینار هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان داویانە، بەتایبەت ئەوانەی کە داهاتیان بەدینارە کە سەرجەم موچەخۆران و بەشێکی گەورەی کاسبکارانیش دەگڕێتەوە.
بۆ نمونە بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بە نرخی کۆمەڵێک کەرەستەو کەل و پەل کردووە لە مانگی (9) ساڵی (2019)دا لە خوارەوە بە خشتەیەک جیاوازییەکان ڕوندەکەینەوە؛ (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).
هاوکات بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەوانی (وەزارەتی پلاندانان / دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان) لە حوزەیرانی 2021 هاتووە؛ (ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر؛ کە مەبەست لێی پێوەرێکە بۆ پێوانە کردنی ڕێژەی گۆڕانکاری لە نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان لە ماوەو شوێنێکی دیاریکراودا، گۆڕانکاری لە نرخ کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی رۆژانەی خەڵک هەیە، بۆیە ژمارەی پێوانیەیی نیشاندەرێکە بۆ نیشاندانی ئاستی بژێوی هاوڵاتیان) لە مانگی ئایاری ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 102.41% و بە بەراورد بە مانگی نیسانی 2021 بە رێژەی 0.8% بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە، هەروەها بە ڕێژەی 5.8% بەرزبوونەوەی ساڵانە پیشان دەدات بەراورد بە مانگی ئایاری ساڵی 2021، بڕوانە چارتی ژمارە (1)
چارتی ژمارە (1)
ئەو بەرزبوونەوەیە لە نرخ سەرجەم کەرەستە و خواردەمەنی و سوتەمەنی و شتومەکێکی گرتووەتەوە(بڕوانە وێنەی ژمارە (1))، ئەوەی لە خشتەکاندا هاتووە تەنها چەند نمونەیەکن، هەموو ئەو بەرزبوونەوەیەش تەنها لە دازینی بەهای دراوەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئابوری حکومەتی هەرێم لە زیاد کردنی باج و رسومات لەسەر ئەو کەل وپەلانەی هاوردە دەکرێن، سەرەڕای قۆرخکاری ئابوری لە لایەن بارزگانان و کۆمپانیا حیزبییەکانەوە.
وێنەی ژمارە (1)
سەرچاوە: دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان
داهاتی تاک لە عێراق و هەرێمی کوردستان
ئەگەر چی لە ئێستادا هیچ ئامارێکی ڕون و ڕاستەقینە بەردەست نین لە بارەی داهاتی تاکەوە لە عێراق هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە عێراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هاوڵاتیان لەکەرتی گشتی و مووچەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە تا ڕادەیک داهاتی تاک جێگیری بەخۆوە دەبینێت.
لەم بارەیەوە بهپێی دوایین راپۆرتی وهزارهتی پلاندانانی عێراق، دهرکهوتووه لهسهدا 31%ی خێزانهکانی عێراق لهدۆخێکی خراپی ئابووریدان و داهاتی مانگانهی ههر خێزانێک لهخوار (200) ههزار دینارهوهیه، وهزارهتی پلاندانان جهختی کردووهتهوه، نزیکهی لهسهدا 28%ی گهنجانی عێراق بێکارن و لهسهدا 90%ی هێزی کاری ژنانیش لهکهرتی گشتیی حکومیدا کاردهکهن، ئهوهش روونکراوهتهوه لهسهدا 31%ی خێزانهکان مانگانه کهمتر لهیهک ملیۆن دینار خهرج دهکهن و لهسهدا 48%یشیان لهنێوان یهک ملیۆن و زیاترو لهسهدا 14%ی خێزانهکانیش لهنێوان دوو تا سێ ملیۆن دینار داهاتیانه.
بهپێی ئامارێک کهدهزگای ناوهندی عێراق بۆ سهرژمێری ئهنجامیداوه، لهساڵی 2018دا ژمارهی تێکڕایی خێزانی عێراقی شهش سهر خێزانن، بهو پێیهش لهسهدا 45.7%ی هاووڵاتییانی عێراق مانگی (200) ههزار دینار خهرجدهکهن بۆ ههر تاکێک، ههروهها لهسهدا 26.8%یان خهرجیی مانگانهیان له (200) ههزار دینارهوه تا (300) ههزاره، بهپێی ههمان ئهو ئاماره، لهسهدا 13.3%ی هاووڵاتیانی عێراقی لهمانگێکدا (400) ههزار دینار یان زیاتر خهرجدهکهن.
بهڵام خهرجی خێزان بۆ ههر تاکێک لهههرێم بهپێی دوایین ئاماری دهستهی ئاماری ههرێم (239) ههزار دینار بووه بۆ مانگێک، بهوپێیهش داهاتی تاک لهههرێم کهمتره لهداهاتی تاک لهعێراق.
له 2003 تا 2012 ههرێم باشترین ئاستی داهات و خهرجی تاکی ههبووه لهمانگی 7ی 2012دا، عهلی سندی، وهزیری پلاندانان لهحکومهتی ههرێمی کوردستان، له دانیشتنێکی پهرلهماندا ئاشکرایکردووه، که "لهساڵی 2003 داهاتی ساڵانهی تاک لهههرێمی کوردستاندا (300) دۆلار بووه تا 2012 گهیشتووهته چوار ههزار دۆلار".
بەڵام بپێی زانیارییەکان لهدوای ساڵی 2012هوه داهاتی مانگانهی ههر تاکێک لهکوردستان له (500) دۆلارهوه دابهزیوه بۆ کهمتر له (200) دۆلار، ئهمهش دوای ئهو قهیرانه یهک لهدوای یهکانه دێت که بهسهر خهڵکی کوردستاندا هاتوون.
ئێستا لەگەڵ ئەوەی ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە داهاتی تاک ڕووی لە کەمی کردووە لە هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە هێزی کڕینیش کەمبووەتەوە، کەواتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووجار بوون بە قوربانی.
کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی هێزی کڕین لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی خێزان
زۆربەی توێژەران و شارەزایانی بواری زانستە دەرونی و کۆمەڵایەتییەکان بایەخی تایبەتیان هەیە بۆ باری دارایی خێزان و کاریگەری ئەو بارە داراییە لەسەر (هاوسەرگیری، ڕێژەی تەڵاق، توندوتیژی خێزانی...هتد ) بۆیە لێرەدا ئاماژەی بە داتاو ژمارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەدەین کە لە حوزەیرانی ساڵی 2021 بڵاوی کردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی (ڕاپۆرتی باری کومەڵایەتی و توندو تیژی دژ بە ئافرەتان لە ماوەی ساڵانی (2014-2020)، ئەماژەی وردی تێدایە، لەوانەش؛
یەکەم: هاوسەرگیری
1. (مارەبڕینی گشتی)؛ بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان مارەبڕینی گشتی چەند بەشێکی لاوەکی لە خۆ دەگرێت وەکو (مارەبڕینی ئاسایی، ڕێپێدان بە ژنی دووەم، پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی) (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) کۆی ژمارەی هەریەک لەم بەشانە ئاماژەی پیدراوە لە ماوەی ساڵانی (2014-2020)، پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت کە داتاکانی پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ پارێزگای سلێمانی هەژمار کراوە، لە ساڵی (2016-2020) داتای گەرمیان بەردەست نییە و سەرچاوەی داتای بەکارهاتوو ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانە.
تێبینییەکان/ دەربارەی مارەبڕینی گشتی لە هەرێمی کوردستان.
• ساڵی 2014 لە سەرجەم پارێزگاکان (تەنها لە پارێزگای دهۆک نەبێت لەساڵی (2018) زۆرترین مارەبڕین ئەنجام دراوە)و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین مارەبڕین ئەنجامدراوە.
• ساڵی 2017 لە هەولێر کەمترین و لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ساڵی 2016 کەمترین مارەبڕین ئەنجام دراوە.
• سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان کەچی هەرگیز ژمارەی مارەبڕین نەگەیشتووەتەوە بەو ژمارە پێوانەییەی لە ساڵی (2014) تۆمار کراوە.
• وەستاندنی پێشینەی هاوسەرگیری یەکێکە لەو هۆکارانەی پاشەکشەی بە ژمارەی مارەبڕین کردووە لە هەرێمی کوردستان چونکە لە ساڵی (2014)ەوە ئەو پێشینەیە وەستاوە، سەرەڕای وەستاندنی (5) ملیۆن دینار بۆ کوڕان و کچانی شەهیدو ئەنفال کە لەکاتی هاوسەرگیریدا بۆیان خەرج دەکرا.
2. ڕێژەی هاوسەرگیری
ڕێژەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان ترسناکن و بۆ هەر (1000) کەسێک لە دانیشتوان بەپێی ژمارەی ئەنجامدراوی مارەبڕین لەسەر کۆی ژمارەی دانیشتوان بۆ تەمەنی (15) ساڵ و زیاتر لە هەمان ساڵ (بڕوانە خشەی ژمارە (3)).
دووەم: تەڵاق
1. ژمارەی تەڵاق: بریتییە لە ژمارەی مامەڵەکانی ئەنجامدراوی تەڵاق کە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە (بڕوانە خشتەی ژمارە(4))، کە لەسەر ئاستی کوردستان ساڵی (2019) زۆرترین ڕێژەی تەڵاقی تیدا تۆمار کراوە.
2. ڕێژەی تەڵاق: ڕێژەی تەڵاق بۆ هەر (1000) کەسێک لە دانیشتوان هەژمار کراوە بەپێی ژمارەی ئەنجامدراوی تەلاق لەسەر کۆی ژمارەی دانیشتوان بۆ تەمەنی (15) ساڵ و زیاتر لە هەمان ساڵ (بڕوانە خشەی ژمارە (5)).
سێیەم: توندوتیژی دژ بە ئافرەتان
ئەگەر چی بوارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان فرە جۆر و ڕەهندن، بەڵام ئێمە لیرەدا ئاماژە بە ئامارەکانی جۆرەکانی (کوشتن، خۆکوشتن، سوتان و خۆسوتاندن) دەدەین.
1. کوشتن
بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە کوشتنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) کە ئامارەکانی کوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019).
2. خۆ کوشتن
بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە خۆکوشتنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (7)) کە ئامارەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019).
3. سوتان
بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە سوتاندنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (8)) کە ئامارەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019).
4. خۆسوتاندن
بریتیە لە ژمارەی ئەو کەیسانەی کە تۆمار کراون تایبەت بە خۆسوتاندنی ئافرەتان، (بڕوانە خشتەی ژمارە (9)) کە ئامارەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان خراوەتەڕوو لە ماوەی ساڵانی (2015-2019).