كۆتای كەمینەكان چۆن پڕدەكرێتەوە
2021-09-22 15:22:25
راپۆرت: درەو
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (329) كورسی پێكدێت، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، لەم ژمارە كورسییە تەنیا (9) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە.
یاسای هەڵبژاردن بەمشێوەیە (9) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی دابەشكردووە:
• پێكهاتەی مەسیحی: (5) كورسی، كورسییەكان دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكانی (بەغداد- نەینەوا- كەركوك- دهۆك- هەولێر)، هەریەكێك لەم پارێزگایانە یەك كاندیدیان بۆ پەرلەمانی عێراق سەردەكەوێت.
• پێكهاتەی ئێزدی: (1) كورسی لە پارێزگای نەینەوا بۆ دانراوە.
• پێكهاتەی سابیئەی مەندائی: (1) كورسی لە پارێزگای بەغداد بۆ دانراوە.
• پێكهاتەی شەبەك: (1) كورسی لە پارێزگای نەینەوا بۆ دانراوە.
• پێكهاتەی كوردە فەیلییەكان: (1) كورسی لە پارێزگای واست بۆ دانراوە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەگەر كەسانی سەربە هەریەكێك لەم پێكهاتانە لە لیستی حزبو هاوپەیمانێتییەكان سەركەون بۆ پەرلەمان، لەسەر پشكی كۆتا ئەژمار ناكرێن، واتە پشكی كۆتاكان پارێزراوە.
یاسای هەڵبژاردن بەمشێوەیە بازنەی هەڵبژاردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكانی دیاریكردووە:
• پێنج كورسییەكەی كۆتای مەسیحییەكان لەچوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردندایە، واتە لەسەرتاسەری عێراق خەڵك دەتوانن دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە لەسەر پشكی "كۆتا"ی مەسیحییەكان خۆیان كاندید كردووە.
• پێكهاتەی سابیئەی مەندائی بەهەمان شێوەی پێكهاتەی مەسیحی یەك بازنەی بۆ دیاریكراوە، واتە لەسەرتاسەری عێراق خەڵك دەتوانن دەنگ بۆ ئەو كاندیدانە بدەن كە لەسەر پارێزگای بەغداد خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە.
بەڵام دۆخەكە بۆ كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانی تر جیاوازە، پێكهاتەی ئێزدی كە یەك كورسییان بۆ دیاریكراوە، دەتوانن تەنیا لە سنوری پارێزگای نەینەوا دەنگ بەو كاندیدانە بدەن كە خۆیان بۆ بردنەوەی كورسییەكە كاندید كردووە، واتە لە پارێزگاكانی تر مافی دەنگدانیان پێنەدراوە، ئەمە بەهەمان شێوە بۆ تاكە كورسییەكەی پێكهاتەی شەبەكو كوردە فەیلییەكانیش راستە.
شەڕی كورسی "كۆتا" پێكهاتەكان
زیاتر لە (60) كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بردنەوەی (9) كورسی تایبەت بە پێكهاتەكان لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، لەناو ئەوانەی كە كێبڕكێ لەسەر كورسی "كۆتا"ی كەمینەكان دەكەن وەزیرێكی كابینەی ئێستای حكومەتی عێراقو (13) پەرلەمانتاری خولی ئێستاو خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەن.
كۆتای مەسیحییەكان
پێكهاتەی مەسیحی كە (5) كورسی لە پەرلەمانی داهاتوودا بە "كۆتا" بۆ دیاریكراوە، وەكو حزبی سیاسی بەشێوەیەكی گشتی لە (6) رەوتی سیاسی پێكدێت، بەڵام لەپاڵ ئەم رەوتە سیاسییانەدا خەڵكانێكی سەر بەم پێكهاتەیە بەشێوەی (سەربەخۆ) خۆیان كاندید كردووە.
بەگشتی (33) كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی (5) كورسییەكەی پێكهاتەی مەسیحی.
دیارترین پارتە سیاسییەكانی پێكهاتەی مەسیحی بریتین لە:
• بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری بە سەرۆكایەتی (یونادم كەنا) كە خۆی كاندید نەكردووە.
• ئەنجومەنی میللی كلدانی سریای ئاشوریی بە سەرۆكایەتی (جەمیل زەیتۆ)، ئەم حزبە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، كورسییەكی كۆتایی مەسیحییەكانی لە پارێزگای كەركوك بردەوە.
• ئیئتیلافی حامورابی: ئەم ئیئتیلافە (ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح) وەزیری گواستنەوەی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات، ئانۆ جەوهەر خۆشی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئیئتیلافەكەی ئانۆ جەوهەر پێكدێت لە سێ رەوتی سیاسی كە بریتین لە (ئەنجومەنی نەتەوەیی كلدانی- یەكێتی دیموكراتی كلدانی- بزوتنەوەی گردبونەوەی سریان).
• بزوتنەوەی بابلیۆن: ئەم بزوتنەوەیە (رەیان كلدانی) سەرۆكایەتی دەكات، كە یەكێكە لە سەركردەكانی حەشدیو نزیكە لە رێكخراوی بەدری هادی عامرییەوە، بەتۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ساڵی 2019 ئەمریكا سزای بەسەر (رەیان كلدانی)دا سەپاند، بزوتنەوەی بابلیۆن لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دوو كورسی كۆتایی مەسیحییەكان لە بەغدادو نەینەوا بردەوە، سەرباری ئەمە وەزیرێكی لە كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق هەیە كە بریتییە لە (ئیڤان فایەق جابرۆ)ی وەزیری كۆچو كۆچبەرانە.
• هەردوو پارتی (یەكێتی بەیت نەهرەین) بە سەرۆكایەتی (یوسف یەعقوب مەتا)و پارتی (نیشتمانی ئاشوری) بە سەرۆكایەتی (عەمانوێل خۆشابا) كێبركێ دەكەن بۆ بردنەوەی كورسی كۆتایی مەسیحییەكانو كاندیدێكیان هەیە كە ئەویش (عەمانوێل خۆشابا)یە، ئەم پیاوە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقەو جارێكی تر خۆی كاندید كردوەتەوە.
بە گشتی لە بەغداد (9) كەس بۆ بردنەوەی كورسییەكی كۆتایی مەسیحییەكان خۆیان كاندید كردووە، كە دیارترینیان بریتییە لە (ئیڤان یەعقوب)ی وەزیری كۆچو كۆچبەران كە لەسەر لیستی بابلیۆن خۆی كاندید كردووە، لە هەولێریش (8) كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ یەك كورسی كۆتایی مەسیحی كە دیارترینیان بریتییە لە (جۆزیف سڵێوە)ی پەرلەمانتاری پێشوو كە لەسەر بەیت نەهرەین خۆی كاندید كردووە هەروەها (رائید ئیسحاق) پەرلەمانتاری پێشوو كە لەسەر ئەنجومەنی میللی خۆی كاندید كردووە.
هەر لە هەولێر (رەغد یوسف) لەسەر لیستی بابلیۆن خۆی كاندید كردووە، ئەم ژنە لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی یەكێك لەو كەسانە بووە كە وەكو كاندید بۆ پۆستی وەزیری كۆچو كۆچبەران ناوی دەهێنرا، حزبی شیوعی كوردستانیش پشتیوانی كاندیدێكی سەربەخۆ دەكات بۆ بردنەوەی كورسییە كۆتاكەی مەسیحی لە هەولێر.
لە دهۆكیش كە كورسییەكی "كۆتا"ی مەسحییەكانی بۆ تەرخانكراوە، (6) كەس بۆ بردنەوەی ئەم كورسییە خۆیان كاندید كردووە.
لە كەركوك كە كورسییەكی كۆتای مەسیحی بەردەكەوێت، (5) كەس خۆیان كاندید كردووە بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە، لە دیارترین كاندیدەكان بریتین لە پەرلەمانتاری پێشوو (عیماد یوخەنا) لە پارتی بزوتنەوەی دیموكراتی، هەروەها پەرلەمانتاری ئەم خولە (عەمانوێل خۆشابا) كە ساڵی 2018 كورسی كۆتایی مەسیحییەكانی لە دهۆك بردەوە.
لە پارێزگای نەینەوا، (6) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی تاكە كورسییەكی كۆتای مەسیحییەكان دەكەن، دیارترینیان بریتین لە پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق (ئەسوان كلدانی)ی برای رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن.
كۆتای ئێزدییەكان
ئێزدییەكان یەك كورسییان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوەو لەچوارچێوەی پارێزگای نەینەوادا كێبركێ دەكرێت بۆ بردنەوەی ئەم كورسییە، (7) كەس كە نوێنەرایەتی سێ پارت دەكەن لەگەڵ چەند كەسێك كە بەشێوەی (سەربەخۆ) خۆیان كاندید كردووە، كێبركێی بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە دەكەن.
ئەو پارتە سیاسییانەی ئێزیدی كە بەشداری كێبركێی هەڵبژاردن دەكەن بریتین لە:
• بزوتنەوەی ئێزدی لەپێناو چاكسازیو پێشكەوتن كە (حاجی كندور سمۆ)ی پەرلەمانتاری پێشوو سەرۆكایەتی دەكات، كە دەوترێت نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە.
• پارتی ئێزدی دیموكراتی بە سەرۆكایەتی (حەیدەر شەشۆ) فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی ئێزیدخان كە هێزێكی چەكدارە لەناو شەنگالدا.
• پارتی پێشكەوتنخوازی ئێزدی بە سەرۆكایەتی (سەعید بتوش) كە دەوترێت ئەمیش نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.
دیارترین كاندیدەكان بۆ بردنەوەی تاكە كورسییەكەی كۆتایی ئێزدییەكان بریتین لە:
• سائیب خدر پەرلەمانتاری خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق كە ساڵی 2018 كورسییەكەی بردەوەو كەسێكی نزیكە لە رێكخراوی بەدری هادی عامرییەوە، بەشێوەی سەربەخۆی خۆی كاندید كردووە.
• ئەیمن فەرحان جیجۆ پەرلەمانتاری پێشوو كە بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە.
كاندیدەكانی شەبەك
پێكهاتەی شەبەك كە یەك كورسی كۆتای لە پارێزگای نەینەوا بۆ دانراوە، (7) كەس خۆیان بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە كاندید كردووە، دیارترین كاندیدەكان بریتین لە پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق (قوسەی عەباس) كە ساڵی 2018 كورسییەكەی بردەوە، ئەم پیاوە نزیكە لە هاوپەیمانی فەتحی هادی عامرییەوە، هەروەها (وەعد قەدۆ) فەرماندەی لیوای شەبەك لە دەشتی نەینەوا خۆی كاندید كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر وەعد قەدۆی تۆمەتبار كرد بەوەی تێوەگلاوە لە یەكێك لەو هێرشانەی كە ساڵی رابردوو كراوەتەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر، بەوهۆیەوە حكومەتی عێراق كۆتایی بە ئەركەكەی لە پۆستی فەرماندەیی لیوای شەبەكی سەربە هێزەكانی حەشدی شەعبی هێنا، ساڵی 2019 ئەمریكا (وەعد قەدۆ)ی خستە لیستی سزاكانییەوە بەتۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤو كەیسی گەندەڵی، وەعد قەدۆ برای حنین قەدۆی پەرلەمانتاری پێشووی رێكخراوی بەدرە كە ساڵی رابردوو بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە مرد.
كورسی كوردە فەیلییەكان
كورسی كوردانی فەیلی یەكەمجارە لەناو كورسی كۆتاكاندا دانراوە، ئەم كورسییە لەچوارچێوەی پارێزگای نەینەوادا كاندیدەكەی یەكلادەكرێتەوەو (10) كەس كێبركێی بردنەوەی كورسییەكە دەكەن.
دیاترین ئەو كەسانەی كە خۆیان بۆ بردنەوەی تاكە كورسییەكەی "كۆتا"ی كوردانی فەیلی كاندید كردووە بریتین لە هەریەكە لە (مازن فەیلی) پەرلەمانتاری خولی ئێستا پەرلەمانو (ئاراس حەبیب) كە بەهەمان شێوە ئێستا ئەندامی پەرلەمانەو ساڵی 2018 لەسەر هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی كورسییەكەی بردەوە.
كورسی سابیئە
پێكهاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغداد كورسییەكی بۆ تەرخانكراوە، (8) كاندید كێبركێ دەكەن بۆ بردنەوەی ئەم تاكە كورسییە، دیارترین كاندیدەكان بریتین لە (حارس حارسی) پەرلەمانتاری پێشوو، (نەوفل ناشی) پەرلەمانتاری پێشوو، رەعد جەبار ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد.