داهاتی نەوت بوجەی عێراق سەرڕێژ پێدەکات
2021-11-28 15:46:16
راپۆرت: درەو
حکومەتی عێراق لە دە مانگی ڕابردوودا بە بەهای نزیکەی (٨٨) ترلیۆن دینار نەوتی فرۆشتووە، واتە داهاتی نەوت بۆ هەر مانگێک بریتی بووە لە (٨.٨) ترلیۆن دینار.
بەم پێیە بەو جۆرەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، داهاتی نەوت توانیوییەتی سەرەڕای پڕکردنەوەی کوتهێنان مانگانە نزیکەی (١٣٠) ملیار دینار سەرێڕێژ بخاتە سەر بودجەی گشتی عێراق.
داهات و خەرجی لە بودجەی گشتی (2021)ی عێراقدا
یەکەم: داهات
بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق ژمارە (٢٣)ی ساڵی (٢٠٢١) کۆی داهاتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە (١٠١) ترلیۆن و (٣٢٠) ملیار و (١٤١) ملیۆن و (٩٨٤) هەزار دینار خەمێندراوە، لە سەرچاوەکانی؛
1. بەپێی یاساکە داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%) و بە (٨١) ترلیۆن و (١٧١) ملیار و (١١٢) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار دینار خەمڵێندراوە.
2. بەپێی یاساکە نرخی نەوت بە (٤٥) دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە بە مەرجێک ڕۆژانە بڕی (٣) ملیۆن و (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەستنیشان کراوە.
3. بەپێی یاساکە داهاتی نانەوتی بەڕێژەی (٢٠%) و بە(٢٠) ترلیۆن و (١٤٩) ملیار و (٢٩) ملیۆن و (٤٨٤) هەزار دینار دیاریکراوە.
دووەم: خەرجی
یاساکە خەرجییەکانی بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار تەرخان کردووە بۆ بوارەکانی (خەرجی بەکاربردن، خەرجی سەرمایەگوزاری و خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، خەرجی لەناکاو ...هتد).
سێیەم: کورتهێنان
کورتهێنان بە (٢٨) ترلیۆن و (٦٧٢) ملیار و (٨٦٧) ملیۆن و (٣٠٧) هەزار دینار هاتووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش بەپێی یاساکە پشت دەبەسترێت بە؛
1. پڕکردنەوەی کورتهێنان بە گریمانەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
2. زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت.
3. پەنابردنە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی.
داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە (١٠) مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠٢١)
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، حکومەتی عێراق لە (١٠) مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا (٩٠٢) ملیۆن و (٤١٦) هەزار و (٧٣٧) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە. بە تێکڕای ڕۆژانەش لەو ماوەیەدا (٢) ملیۆن و (٩٦٠) هەزار و (٤٠) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.
هاوکات بە تێکڕای دە مانگەکە یەک بەرمیل نەوتی بە (٦٧.٠٤) دۆلار فرۆشتووە. کۆی گشتی ئەو نەوتەی فرۆشتوویەتی بەهاکەی (٦٠) ملیار و (٦٦١) ملیۆن و (٥١٢) هەزار دۆلار بووە، کە هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراقی بەهاکەی (١٤٥٠) دینارە، بەو پێیەش داهاتی نەوتی عێراق لە دە مانگی ڕابردوودا (٨٧) ترلیۆن و (٩٥٩) ملیار و (١٩٢) ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دیناری عێراقی بووە. (بڕوانە وردەکاری فرۆشی نەوت لە خشتەو چارتەکە)ی خوارەوە.
داهاتی نەوت لە نێوان یاسای بودجە و دۆخی بازاڕدا
یەکەم: داهاتی نەوت
بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%) و بە (٨١) ترلیۆن و (١٧١) ملیار و (١١٢) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار دینار خەمڵێندراوە.
بەڵام لە واقعدا تا کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ داهاتی نەوت (٨٧) ترلیۆن و (٩٥٩) ملیار و (١٩٢) ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دیناری عێراقی بووە، بەم پێیەش هێشتا (٢) مانگی ساڵ ماوە عێراق بەبەهای (٦) ترلیۆن و (٧٨٨) ملیار و (٧٩) ملیۆن و (٩٠٠) هەزار دینار داهاتی نەوتی زۆرترە لەو داهاتەی کە لە یاسای بودجەدا بۆ کۆی ساڵاکە خەمڵاندبووی. چونکە بەو پێیەی لە یاسای بودجەدا هاتووە نرخی یەک بەرمیل نەوت بە (٤٥) دۆلار خەمڵێندرابوو، بەڵام (وەک لە خشتەکەدا هاتووە) هیچ کات نەوتی عێراقی بەو نرخە نەفرۆشراوە، بەڵکو هەمیشە گرانتر لەو نرخە فرۆشتوویەتی بە تێکڕای هەر (١٠) مانگی یەکەمی ساڵەکە یەک بەرمیل نەوتی عێراقی بە (٦٧.٠٤) دۆلار فرۆشراوە، واتە هەموو بەرمیلێک نەوتی بە (٢٢.٠٤) دۆلار زیاتر فرۆشتووە لەو نرخەی لە یاساکەدا هاتووە.
سەرباری ئەوەی کە لە یاساکەدا هاتووە "ڕۆژانە بڕی (٣) ملیۆن و (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەستنیشان کراوە".
بەڵام بەتێکڕای مانگانەو بەتێکڕای گشتی دە مانگەکە، هیچ کات فرۆشی نەوتی عێراق نەگەیشتووە بەو بڕە، بەڵکو بە تێکڕای ڕۆژانەی (٢) ملیۆن و (٩٦٠) هەزار و (٤٠) بەرمیل فرۆشی نەوتی بووە لەو ماوەیەدا، واتە هەموو ڕۆژێک (٢٨٩) هەزار و (٩٦٠) بەرمیل نەوت کەمتر فرۆشراوە بەراورد بەو بڕەی کە لەیاسای بودجەدا دەستنیشان کراوە.
ئەمەش ئەوە دەردەخات ئەگەر حکومەتی عێراق ئەو بڕەی کە یاساکە دیارییکردووە، هەناردەی بکردایە، واتە بە تێکڕا هەموو ڕۆژێک لە ماوەی ئەو دە مانگەدا (٢٨٩) هەزار و (٩٦٠) بەرمیل نەوت زیاتری بفرۆشتایە ئەوا دەیکردە (٨٦) ملیۆن و (٩٨٨) هەزار بەرمیل نەوت و بەتێکڕا هەر بەرمیلە نەوتێکی بە (٦٧) دۆلار بفرۆشتایە بەهاکەی دەیکردە (٥) ملیار و (٨٢٨) ملیۆن و (١٩٦) هەزار دۆلاری بەرامبەر بە (٨) ترلیۆن و (٤٥٠) ملیار و (٨٨٤) ملیۆن (٢٠٠)هەزار دینار و دەهاتە سەر داهاتی فرۆشی نەوت و بودجەی گشتی عێراق.
دووەم: خەرجی
یاسای بودجەی گشتی عێراق خەرجییەکانی بە کورتهێنانیشەوە بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار خەمڵاندووەو تەرخانی کردووە بۆ بوارەکانی (خەرجی بەکاربردن، خەرجی سەرمایەگوزاری و خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، خەرجی لەناکاو ...هتد).
واتە بۆ هەر مانگێک بڕی (١٠) ترلیۆن و (٨٣٢) ملیار و (٧٥٠) ملیۆن و (٧٧٤) هەزار و (٢٥٠) دینار. هەر بەپێی یاساکە داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%)ی بودجەی گشتی خەمڵێندراوە. واتە پێویستە لەو بڕەی مانگانە دیاری کراوە بڕی (٨) ترلیۆن و (٦٦٦) ملیار و (٢٠٠) ملیۆن و (٦١٩) هەزار و (٤٠٠) دینار لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە بەدەست بخرێت.
وەک دەبینین لە دە مانگی ڕابردوودا بە بەهای (٨٧) ترلیۆن و (٩٥٩) ملیار و (١٩٢) ملیۆن و (٤٠٠) هەزار دینار نەوت فرۆشراوە، واتە داهاتی نەوت بۆ هەر مانگێک بریتی بووە لە (٨) ترلیۆن و (٧٩٥) ملیار و (٩١٩) ملیۆن و (٢٤٠) هەزار دینار.
بەم پێیەش سەرەڕای پڕکردەنەوەی کوتهێنان دەبینن مانگانە داهاتی نەوت (١٢٩) ملیار و (٧١٨) ملیۆن و (٦٢٠) هەزار و (٦٠٠) دینار سەرێڕێژی هەیە.
سێیەم: کورتهێنان
لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا هاتووە کورتهێنان بە (٢٨) ترلیۆن و (٦٧٢) ملیار و (٨٦٧) ملیۆن و (٣٠٧) هەزار دینار خەمڵێندراوە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش بەپێی یاساکە پشتی بەستووە بە؛
1. پڕکردنەوەی کورتهێنان بە گریمانەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
2. زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت.
3. پەنابردنە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی.
بەڵام وەک دەبینین خاڵی یەکەم، کە گریمانەی بەرزبوونەوەی نەوتە، بەڕوونی بەدیهاتووە، خاڵی دووەم و سێیەمیش پێچەوانەکەی جێبەجێکراوە، چونکە لەلایەک کەمتر لەو بڕەی نەوت فرۆشراوە کە یاساکە دەستنیشانی کردووە، هاوکات حکومەتی عێراق لە بری پەنا بردن بۆ قەرزی دەرەکی، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق ڕووی لە دابەزین کردووە.
لە بەشی پێشوودا ئەوەمان ڕوونکردووەتەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نەک تەنها کورتهێنانی پڕکردووەتەوە، بەڵکو لە دە مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١، بودجەی گشتی عێراق سەرڕێژی کردووە.