Draw Media

درەو: دۆخی خراپی ئابوری گەورەترین هۆکاری پشت کۆچی نێودەوڵەتییەو بەپێی ئامارەکان ساڵانە زیاتر لە (3%)ی دانیشتوانی جیهان وڵاتەکانی خۆیان لە پێناو گوزەرانێکی باشتر جێدەهێڵن. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی نێودەوڵەتی، پەنابەران ساڵانە زیاتر لە (600) ملیار دۆلار بەشێوەی فەرمی حەواڵەی وڵاتەکانی خۆیان دەکەنەوە. ئامارەکانی کۆچ لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتانی جیهان بە هۆکاری (ئابوری و دارایی، جەنگ و سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەندروستی ...) وڵاتەکانی خۆیان جێدەهێڵن، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتان و جیهان ژمارەی کۆچبەرانی نێودەوڵەتیش هەڵدەکشێن، بۆ نمونە لە ساڵی (1970) ژمارەی کۆچبەران گەیشتووە بە سەرو (84) ملیۆن کەس لە جیهاندا و بە ڕێژەی (2.3%)ی دانیشتوانی جیهان. بەڵام لە ساڵی (1995) ژمارەکە بەرزەوە بووە بۆ زیاتر (161) ملیۆن لە کۆچبەر بە ڕێژەی (2.8%)ی کۆی دانیشتوانی جیهان. لە کاتێکدا ساڵی (2019) ژمارەی کۆچبەران گەیشتووە بە زیاتر لە (271) ملیۆن لە بە ڕێژەی (3.5%)ی دانیشتوانی گۆی زەوی (بڕوانە چارتەکانی ژمارە (1) و (2)) کە ژمارەو ڕێژەی کۆچبەرانی جیهان نیشان دەدات لە ساڵی (1970 - 2019).   کۆچبەران و قەبارەی ئالوگۆڕی دراو  بەشێکی گەورەی کۆچبەران لە جیهاندا لە پێناو ژیانێکی ئابوری باشترو خۆشگوزەرانی زیاترە، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی نێودەوڵەتی تایبەت بەو حەوڵەو ئاڵوگۆڕە دراوە نێودەوڵەتییانەی کۆچبەران بەشێوەی فەرمی و تۆمارکراو ناردوویانەتەوە بۆ خێزان و کەس و کار و وڵاتە ئەسڵییەکانی خۆیان قەبارەیەکی گەورەی دراوە، بەشێوەی نەقدی و ئەلیکترۆنی هەناردەیانکردووە، سەرەڕای ئەو کۆت و بەندە یاساییانەی وڵاتان لەسەر ئەو پرسە گرتووییانەتەبەر تادێت قەبارەکەی گەورەتر دەبێت، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، بۆ نمونە لە ساڵی (2000) قەبارەی حەواڵەکردنی دراو لە لایەن کۆچبەران (پەنابەران)ەوە بە (126) ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی (2018) ئەو قەبارەیە گەیشتووە بە (689) ملیار دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)). پێشەنگترین وڵاتانی جیهان لە ئاڵوگۆڕی دراوی پەنابەران بەپێی ئامارەکان لە ساڵانی ڕابردوودا وڵاتی هیندستان زۆرترین حەواڵەی بۆ دەچێت لە لایەن هاوڵاتییەکانی خۆیەوە لە جیهاندا (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) کە (10) پێشەنگترین ئەو وڵاتانە نیشان دەدات کە لە ماوەی ساڵی (2005 - 2018) زۆرترین پارەیان بۆ حەواڵە کراوە. هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمیشە لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە کە زۆرترین بڕی پارەی لێوە حەواڵە دەکرێت بۆ وڵاتانی جیهان (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) کە (10) پێشەنگترین ئەو وڵاتانە نیشان دەدات کە لە ماوەی ساڵی (2005 - 2017) زۆرترین پارەیان لەلایەن پەنەبەرانەوە لێوە حەواڵە کراوە.  ئامارە فەرمییەکانی کۆچی پێچەوانە لە ڕێگەی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەساڵی (1979)ەوە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی پرۆکرامێکەوە هەموو هاوکاریو پاڵپشتییەکی ئیداری و دارایی ئەو کۆچبەرانە دەکات کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان. لەساڵی (2005 - 2014) لە ڕێگەی ئەم پرۆگرامەوە ڕێکخراوەکە بە تێکڕای ساڵانە هاریکاری (34) هەزار کۆچبەری کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەم ساڵانەی دوایی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران ڕێکخراوەکە هاریکارییەکانی زیادکردووە. لە ساڵی (2017) ڕێکخراوەکە هاریکاری (72) هەزار و (176) پەنابەری کردووەو گەڕاندونیەتییەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. لە ساڵی (2018) هاریکاری (63) هەزار و (316) پەنابەری لە (128) وڵاتی جیهاندا کردووەو گەڕاندووەتەوە بۆ (169) وڵاتی بنچینەیی خۆیان کە (24%) ئافرەت و (22%) منداڵ پەنابەریان منداڵ بوونە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)).   سەرچاوە •    المنظمة الدولية للهجرة، تقریر الهجرة في العالم، لعام 2020.  


درەو:  عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان زەحمەتە یەک هۆکاری‌ ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی‌ دیاردەیەکی‌ کۆمەڵایەتی‌ بەتایبەت زیادبوونی‌ دیاردەیەکی‌ وەک کۆچ، بەدڵنیاییەوە چەندین هۆکاری‌ بابەتی‌‌و خودی‌ هەن کە ئەبنە پاڵنەر بۆ ئەوەی‌ گەنجێک یان هاووڵاتیەک ماڵ‌و حاڵ‌و وڵاتی‌ خۆی‌ بەجێبهێڵێت‌و لە وڵاتێکی‌ بێگانە ببێتە پەنابەر، بەڵام من بە داتاو ژمارە لە خوارەوە کۆمەڵێک گرفتی‌ گەورەو سەرەکی‌ دەخەمەڕوو، کە دەکرێت بەشێک بن لەو هۆکارانەی‌ کە تەنگ بە ژیانی‌ خەڵک هەڵدەچنن‌و ناچاری‌ دەکەن بڕیاری‌ لەو جۆرە سەخت‌و بە ڕێگەی‌ سەختدا بدات، ژمارەکان کێشە گەورەکان دەردەخەن، بەشێک لە خەمەقووڵەکان دەخەنەڕوو، ئەوسا ئەم هۆکارانە لەگەڵ ژمارەیەک هۆکاری‌ تری‌ پەیوەندیدار بە نەمانی‌ هیواو بەرتەسککردنەوەی‌ ئازادییەکان، وەڵامی‌ ئەو پرسیارە دەدەنەوە: ئەرێ ئەم کۆچی‌ لێشاوە چییە؟ ٨,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ هەشت ملیار دۆلار، کە بە دینار دەکاتە زیاتر لە (یانزە ترلیۆن)، کۆی‌ ئەو پارەیەی هاووڵاتیانی‌ مووچەخۆرە کە لەساڵی‌ (٢٠١٥)ەوە لای‌ حکومەتە، بەهۆی‌ دابەشنەکردنی‌ موچەی‌ هێندێک لە مانگەکان، کەمکردنەوە، پاشەکەوت، لێبڕین، کە هەموو ئەمانە ستەمێکی‌ ڕوونن‌و حکومەت بەبێ بوونی‌ هیچ یاساو شەرعییەتێک ئەم کارەی‌ کردووە، هەروەها پاش باشبوونی‌ بارودۆخی‌ داراییش حکومەت هیچ پلانێکی‌ نییە بۆ گەڕاندنەوەی‌. ٥٠٠,٠٠٠ پێنج سەد هەزار هاووڵاتی‌، کە زۆینەیان گەنجن، ژمارەی‌ خەمڵێنراوی ئەو کەسانەیە کە هیچ کارێکیان دەست ناکەوێت و بێکارن. لە ساڵی‌ (٢٠١١)ەوە حکومەت هیچ پلان‌و بەرنامەیەکی‌ بۆ دامەزراندن نییە، هەروەها هیچ هەلێکی‌ کاری‌ نەڕەخساندووە تەنها ژمارەی زۆر سنوردار نەبێت، کەرتی‌ تایبەتیشی‌ بەجۆرێک شێواندووە کە زیاتر هەلی‌ کاری‌ بۆ بێگانە تێدایە نەوەک گەنجی‌ کوردستان. ٥٠٠,٠٠٠ پێنجسەد هەزار هاووڵاتی‌ لە چوارچێوەی‌ نزیکەی‌ (١٠٠,٠٠٠) خێزاندا، ژمارەی‌ خەمڵێنراوی ئەو خێزانانەیە کە ژیانیان لە خوار هێڵی‌ هەژارییەوەیە، کە داهاتی‌ مانگانەی ئەو خێزانانە لەشارەکان کەمترە لە (٥٠٠ هەزار) دینارو بەو هۆیەوە پێداویستیە سەرەکییەکانی‌ ژیانیان بۆ دابین ناکرێت. ٧٠,٠٠٠ حەفتا هەزار هاووڵاتی‌‌و خێزان، ژمارەی‌ ئەو خێزانە هەژارانەیە کە حکومەت بە پاساوی‌ (چاکسازی‌!) لە ساڵی‌ (٢٠١٥)ەوە ئەو بڕە مووچە کەمەی‌ کە هەیانبوو بەناوی‌ مووچەی‌ (چاودێری‌ خێزان) ڕایگرتووە، ئەویش تەنها (١٥٠,٠٠٠)دینار بوو، ئەوانە پێکهاتوون لە (منداڵانی‌ بێ سەرپەرشت، ژنانی‌ هەتیوبار، بەساڵاچووانی‌ پەککەوتە، ئەو ژنانەی‌ کە هاوسەرەکانیان سزادراون، ئەو کچانەی‌ کە بەقەیرە ناسراون‌، ئەو هاووڵاتیانەی‌ نەخۆشی‌ درێژخایەنیان هەبوو)، ئەمانە هیچ سەرچاوەیەکی‌ داهاتیان نییە، کەچی‌ حکومەت شەش ساڵە مووچەکەی‌ ڕاگرتوون!. ٩٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ نۆسەد ملیار دینار، بڕی‌ ئەو پارەیەیە کە حکومەت لای‌ هێندێک بازرگان هەیەتی‌‌و ناتوانێت (یان نایەوێت!) لێیان وەرگرێتەوە بەهۆی‌ ئەوەی‌ زۆرینەی‌ ئەو پارەیە بە ڕێکاریی‌ یاسایی‌ نەدراون، لە کاتێکدا ئەو بڕە پارەیە بەشی‌ دروستکردنی‌ نۆ بەنداوی‌ گەورە دەکات کە مەترسی‌ بێ ئاوی‌‌و کەم ئاوی‌ لە کوردستان نەهێڵێت! ئەتوانێت کێشەی‌ بێ ئاوی‌ هەموو چەمچەماڵ‌و دەربەندیخان‌و سەرجەم ئەو شارو شارۆچکەکان چارەسەر بکات کە کێشەی‌ بێ ئاویان هەیە، ئەکرێت بەو پارەیە (٤٥,٠٠٠) خاتوو بۆ خەڵکی‌ هەژاو بێ لانەو کرێچی‌ دروست بکەیت! دەکرێت کێشەی‌ زۆرینەی‌ زۆری‌ ڕێگەوبان لە کوردستان چارەسەر بکات! ٢٣,٠٠٠ ژمارەی‌ ئەو فەرمانبەرانەیە کە خزمەتیان لە نێوان (١٠ - ١٥) ساڵدایەو تا ئێستا چاوەڕێن بکرێنە فەرمانبەریی هەمیشەیی‌‌و بەشێوەی‌ نایاسایی‌ بە گرێبەست ماونەتەوە! نە لە کەرتی‌ گشتی‌ خزمەتی‌ خانەنشینیان بۆ ئەژماردەکرێت‌و نە لە کەرتی‌ تایبەت! هەیانە پاش دوانزە ساڵ خزمەت کۆچی دوایی کردووەو منداڵەکانی بێ بژێوی ماونەتەوە! ٢٧,٠٠٠ ژمارەی‌ ئەو مامۆستایانەیە کە بە داهێنانی‌ نایاسایی‌ حکومەت وەک وانەبێژ لە پەروەردە کاردەکەن، لە کاتێکدا خاوەنی‌ مافی‌ شایستەی‌ مامۆستایی‌ نین‌و ئەو بڕە پارەیەی‌ وەریدەگرن زۆر کەمەو هیچ کارێکی‌ تری‌ شایستەو گونجاو بە کەسایەتی مامۆستاییشیان دەست ناکەوێت! ١٠٠,٠٠٠ ژمارەی‌ خەمڵێنراوی‌ ئەو کرێکارو کارمەندانەیە کە لە کەرتی‌ تایبەت لە دۆخی‌ زۆر سەخت‌و بە کرێی‌ کەم‌و بەبێ بوونی‌ دەستەبەری‌ کۆمەڵایەتی‌‌و لە ڕەوشی‌ نایاسایی کاردا کاردەکەن، ئەوەش بەهۆی‌ ناتوانایی‌ حکومەت لە چاودێری‌ مافەکانیان! ٨ ژمارەی‌ ئەو ساڵانەیە کە حکومەت هیچ یاسایەکی‌ بودجەی‌ نییە، واتە هیچ پلان‌و بەرنامەیەکی‌ ئابوری‌‌و دارایی‌ نییە، لە دەرەوەی‌ یاساو بەبێ بوونی‌ دەسەڵات و دوور لە شەفافییەت مامەڵە لەگەڵ خەرجی‌‌و داهات دەکات! ژمارەیەکی‌ نادیار! بڕی‌ ئەو پارەیەی فەرمانبەرانە کە بەهۆی‌ ڕاگرتنی‌ پلەبەرزکردنەوەی‌ فەرمانبەرانەوە کەوتووەتە لای‌ حکومەت‌و تا ئێستا هیچ پلان‌و بەرنامەیەک نیە بۆ خەرج کردنەوەی‌، کە هێندێک مووچەخۆر بەو بۆنەیەوە مانگانە زیاتر لە(١٠٠,٠٠٠) دینار زیان دەکەن و کەمتر لە مووچەی‌ خۆیان وەردەگرن! ٣٠,٠٠٠ ژمارەی‌ ئەو هاووڵاتیە کەمئەندام‌و خاوەن پێداویستیە تایبەتانەیە کە نۆ ساڵە چاوەڕێ دەکەن حکومەت بچوکترین مافی‌ یاسایی‌ خۆیانیان بۆ دابین بکات کە بریتیە لە تەنها (١٥٠,٠٠٠)دینار! سی‌ هەزار منداڵی‌ نابینا، نابیست، ئۆتیزم، داون، هاووڵاتیانی‌ کەمئەندام بە ڕووداوی‌ جیاجیا، نۆ ساڵە چاوەرێن، زۆرینەیان لە دۆخێکی‌ سەختی‌ ژیاندان، حکومەت بە پاساوی ناڕەواو نایاسایی ئەم ئەرکە جێبەجێ ناکات! ٥,٠٠٠ ژمارەی‌ نزیکەیی‌ ئەو قوتابیانەیە کە یەکەم‌و دووەم‌و سێیەمی‌ کۆلێج‌و زانکۆکانیان بوون‌و لە ساڵی‌ (٢٠١٦)ەوە چاوەڕێی‌ دامەزراندن‌و گەڕانەوە دەکەن بۆ زانکۆو دریژەدان بە خوێندن و ژیانی زانکۆیی. ٨٠٠ ژمارەی‌ نزیکەیی ئەو کۆمپانیایانەی‌ نەوتە، کە هیچ باجێک بە حکومەت نادەن لە کاتێکدا حکومەت پارەی‌ باج لە کاسبکاری‌ ئاسایی‌ وەردەگرێت! لەگەڵ ژمارەیەکی‌ زۆری‌ تری‌ کۆمپانیای‌ پەیوەندی‌‌و ئینتەرنێت‌و هێندێک لە کۆمپانیای‌ تر کە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلاریان دەست دەکەوێت. ٢٠٠,٠٠٠ ژمارەی‌ نزیکەیی‌ ئەو قوتابیانەی زانکۆو پەیمانگایە کە حکومەت هیچ پشتیوانیەکی‌ داراییان ناکات، تەنانەت ئەو شەست هەزار دینار دەرماڵەیەی‌ هەیانبوو لە ساڵی‌ (٢٠١٦)ەوە بڕیویەتی‌! زۆرێک لەو قوتابیانە لە خێزانە هەژارەکانن‌و توانای‌ دابینکردنی‌ خەرجییەکانی‌ ڕۆژانەی‌ خۆیان نییە!   ٥ ژمارەی‌ ئەو ساڵانەیە کە حکومەت پشتیوانی‌ لەسەر نەوت‌و سوتەمەنی‌ هەڵگرتوەو هیچ پشتیوانیەکی هاووڵاتیان ناکات و خەڵک کەوتووەتە بەر رەحمەتی نرخی‌ بازرگانی‌‌و بەردەوام نرخی‌ بەنزین ونەوت‌و غازی‌ لەسەر گران دەبێت. ٢,٠٠٠ ژمارەی‌ نزیکەیی‌ ئەو پڕۆژە جۆراو جۆرانەیە کە زیاتر لە پێنج ساڵە وەستاون‌و حکومەت هیچ پلان‌و بەرنامەیەکی‌ نییە بۆ بەگەڕەخستنەوەیان! ٤٦,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ چل‌و شەش ملیار دینار، بڕی‌ ئەو پارەیەیە کە گەڕاوەتەوە صندوقی‌ قەرزی‌ پڕۆژەی بچوک بۆ گەنجان‌و حکومەت دەستی‌ بەسەردا گرتووەو پێدانی‌ قەرزی‌ بۆ پڕۆژەی بچوکی‌ بە گەنجان ڕاگرتووە، لە کاتێکدا ئەم پارەیە خۆی‌ تەرخانکرابوو بۆ ئەم بوارە کە هەموو پارەکە بریتی‌ بوو لە نزیکەی‌ (٧٦ ملیار دینار) کە تا ئێستا نزیکەی‌ (٤٦) ملیار دیناری‌ گەڕاوەتەوە. ١٠٠,٠٠٠ بڕی‌ ئەو پارەیەیە بەدینار، کە حکومەت بە ستەم‌و لە دەرەوەی‌ یاسا نایداتە ئەو کەمئەندامانەی‌ کە لە ئێستەدا مووچەیان هەیەو ڕێژەی‌ کەمئەندامیەکەیان لە ١٠٠%، بە پێی‌ یاسا ئەبێت مووچەی‌ کەمئەندامان بە پێی‌ ڕێژەبێت، ئەو کەمئەندامانەی‌ کە ڕیژەی‌ کەمئەندامیان دەگاتە لە١٠٠% ئەوە مووچەکەیان ببێتە (٢٥٠ هەزار) دینار، بەڵام حکومەت هەر (١٥٠ هەزار) دیناریان پێ دەدات.   ١٠,٠٠٠ ژمارەی‌ نزیکەیی‌ ئەو دایکانەیە کە بە پێی‌ یاسا پێویستە حکومەت مانگانە (١٤٣ هەزار دینار)یان پێ بدات، وەک مووچەی‌ مۆڵەتی‌ بەخێوکار، ئەم مافە مافێکی‌ یاساییەو یاساکەش لە ساڵی‌ ٢٠١١ەوە ئەم مافەی‌ داوە، بەڵام حکومەت بە ستەم جێبەجێی‌ ناکات. ١٣ ژمارەی‌ ئەو وەجبانەیە کە بە پێی‌ یاسا مافیانە مووچەی‌ زیندانی‌ سیاسی‌ وەرگرن، بەڵام زیاتر لە دە ساڵە چاوەڕێن‌و حکومەت مووچەکانیان بۆ خەرج ناکات، لەکاتێکدا مافێکی‌ یاساییە. ٨٠٠,٠٠٠ هەشت سەد هەزار دینار، بڕی‌ ئەو پارەیەیە کە حکومەت سزای‌ هاووڵاتیانی‌ هەژاری‌ پێداوە بەبێ یاسا لەسەر نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو لە مانگی دووی ئەمساڵەوە، لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی‌ پێوەرەکەیان نەبەستووە زۆرینەیان لەو شارانەن کە ئاویان وەک پێویست نیەو خەڵک بەهۆی‌ نەبوونی‌ ئاوی‌ پێویستەوە نەیبەستووە، ئەمە بێجگە لە خراپی‌ پێوەرەکان‌و خراپی‌ کاری‌ کۆمپانیاکان‌و کێشەو گرفتەکانی‌ تر، ئەو سزایە هێنرابوویە ناو پڕۆژەیاسای پاراستنی‌ تۆڕەکانی‌ ئاو، بەڵام لە پەرلەمانەوە ڕەتکرایەوە، کەچی‌ حکومەت بەبێ یاسا بەردەوامە لە سزادانی‌ هاووڵاتیان! ٧ ژمارەی‌ ئەو ساڵانەیە کە حکومەت هیچ پشتیوانیەکی‌ بۆ هیچ بوارێکی‌ ژیان بۆ هاووڵاتیان نەهێشتووە، نە سولفەی‌ عەقار، نە سولفەی‌ هاوسەرگیریی‌، نە سولفەی‌ کشت‌و کاڵی‌، نە سولفەی‌ ... حکومەت بۆ هیچ کارو پڕۆژەو بوارێکی‌ ژیان هیچ هاوکارییەکی‌ هاووڵاتیان ناکات تەنانەت بە قەرزیش! هەرگیز کۆچی‌ هاووڵاتیان‌و گەنجانم پێ خۆش نییە، بە چارەسەری‌ نازانم‌و پێم وایە چارەسەر لێرەیەو ئەبێت هەموو چاکەکاران پێکەوە کار بکەین بۆ گۆڕانکاریی‌ ڕیشەیی‌، بەڵام ئەم ژمارانەی‌ سەرەوە کە زۆرینەیان زوڵم‌و ستەمی‌ ئاشکرای‌ حکومەتن لە هاووڵاتیان‌و کەمئەندامان‌و هەژارەکان‌و مووچەخۆران، پێمان دەڵێن، دۆخی‌ حکومەت‌و بەڕێوەبردنی‌ وڵات چۆنە، و هۆکار چییە خەڵک کۆچ دەکات؟ ئەگەر دەسەڵاتیش بیەوێت هەنگاوێک بەرەو چارەسەر هەڵگرێت و سنورێک بۆ کۆچ دابنێت، نابێت خەریکی داتاشینی تۆمەت بێت بۆ ئەم و ئەوو لادانی بەرپرسیارێتی لەسەر شانی خۆی، نابێت بەدوای داخستنی دەرگای وەرگرتنی ڤیزەی ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوەبێت، بەڵکو یەکەمجار پێویستە دان بنێت بە هەڵە کوشندەکاندا و بزانێت بەردەوامی بەڕێوەبردنی بەمجۆرەی پڕ لە گەندەڵی و ستەم، کوردستان بەرەو ماڵوێرانی زیاتر دەبات.  


درەو:  شەهلا ڕەعنایی/ توێژەری كۆمەڵایەتى/ گۆڤاری ئایندەناسی بەرایی    ئاسایش بە پێداویستیی سەرەكی و ئامانجێكی بنەڕەتیی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت، بە شێوەیەک کە بە کەمبوونەوەی ئاسایش؛ ئارامی و دڵنیایی مرۆڤ لەنێو دەچێت و دڵەڕاوكێ، بێمتمانەیی و نائارامی دێتە ئاراوە، لەم ڕووەوە بەدیهێنانی زۆرێک لە پێویستییەکانی مرۆڤ بەندە بە دابینکردنی ئاسایش. ئاسایش بابەتێکی بنەڕەتییە لە هەر سیستمێکی کۆمەڵایەتیدا و وڵاتانی جیهان دابینکردنی ئاسایش لە کۆمەڵگادا بە ئەولەویەت و ئەركی سەرەكیی خۆیان ئەژماری دەکەن، هەر چەندە ئەستەمە كە چاوەڕێ بکرێت لە کۆمەڵگایەكدا بەتەواوەتی ئاسایش بوونی هەبێت، بەو پێیەی كە هەر كۆمەڵگەیەك لە كەسانی جیاواز بە دابونەریت و کولتووری جیاواز پێك هاتووە و بەردەوام ڕێژەیەک لە تاوان و زیانی کۆمەڵایەتی بۆ نموونە “ئالوودەبوون” لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە و بە هەمان ڕێژەش هەستکردن بە نائارامی لەو کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە. هەستێک کە هەندێک کات بە شێوەیەکی بەرچاو لەناو خەڵکی ئەو کۆمەڵگایەدا دروست دەبێت و وەک کێشە لێی دەڕوانرێت و دەبێت بە وریاییەکی زیاترەوە بخرێتە بەر باس. ئەم نووسينه هەوڵی شرۆڤەیەكی كۆمەڵناسییە سەبارەت بە ڕۆڵ و كاریگەریی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە کەمکردنەوەی زیانە کۆمەڵایەتییەکانى “ئالوودەبوون” و لە بەرامبەردا ڕۆڵی پێچەوانەی ئالوودەبوون لە کەمبوونەوەی هەستکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی.    بەرایی  ئاسایشی گشتی یەکێک لە دیارترین سیماكانی پێشکەوتوویی هەر کۆمەڵگایەک و زەمینەسازیی گەشەکردن و ئارامیی کۆمەڵگایە. جێگیربوونی ئاسایشی گشتی لە کۆمەڵگادا پێویستی بە پێکهاتەگەلێکە کە لەودا لانی کەم هێماگەلێکی وەک یەکسانیی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی هەلی کار، ئازادی و دەسەڵات و بەشداریکردنی تەواوەتیی خەڵک، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاری لە کۆمەڵگەدا، کەڵکوەرگرتن لە توانای نوخبە و زاناکان، گونجاندنی کۆمەڵایەتی و هاوشێوەکانی بوونی هەبێت. ئاسایشی گشتی بابەتێکە لە پێشکەوتنی سیستم، یاسا و لەبەرچاوگرتنی یەکسانی لە کۆمەڵگادا کە هاوڵاتیان لە پەنای ئەودا لە ترس و نائارامی بەدوور دەبن و بۆ بەرگریکردن و پشتیوانی لە مافەکانی خۆیان و دابینکردنی هەلەکان و هۆکارەکانی دەستدرێژی بێخەم دەبن. لە بەدواداچوون سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ماددە هۆشبەرەکان وەک هۆکارێکی دەرەکی لە چوارچێوەی بازرگانی لە بازاڕە ئازادەکان وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایش ئەژمار دەکرێت. لە ڕوانگەی سو پرسی (Sue Pryce) لە کتێبی “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ماددەی هۆشبەردا”، کاتێک کە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان قەدەغە کرا و وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دەوڵەت ناسێنرا و کاتێک کە هەڕەشەئامێزترین جۆرەكانی ماددەی هۆشبەر کەوتە ڕیزبەندیی لیستی قەدەغەكراوی هاوردەی دەرەکی، ماددەی هۆشبەر بوو بە بابەتێکی ئاسایشی و مەترسیدار کە پێویست بوو بەرەنگاری ببینەوە. ئەم بابەتە، بەیاننامەی “جەنگ دژی ماددە هۆشبەرەكان”، لەلایەن ڕیچارد نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧١ و ڕاگەیەنراوەكەی ڕۆناڵد ڕەیگان سەبارەت بەوەی کە ماددەی هۆشبەر مەترسییەکە لەسەر ئاسایش، ڕوون دەکاتەوە. ماددەی هۆشبەر لە گۆڕەپانی سیاسەتی ناوخۆ، تەندروستی، پەروەردە، خۆشگوزەرانی و تاوانەوە جووڵەی كردووە و دەبێتە پرسی سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماتی و ستراتیژی سەربازی(1).    ڕاسڵ کرانداڵ لە کتێبی “ماددەی هۆشبەر و هەڕەشە”، بڕوای وایە کە لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار یاخود بە ڕێژەیەكی گریمانەیی دە ئەوەندەی شەڕی کەنداوی فارس (١٠٢ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی بە ڕێژەی هەڵئاوسانی ڕێكخراو)، یاخود سێ ئەوەندەی جەنگی یەكەمی جیهانی (٣٣٤ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی بە هەڵئاوسانی ڕێکخراو) لەسەر باجدەرە ئەمەریکییەکان کەوتووە. سەرەڕای دەیان ساڵ هەوڵ و کۆشش بۆ ڕیشەکێشکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی نایاسایی بەرهەم دەهێنرێت و لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکادا بەردەوام لە گەشەدایە. لەم ساڵانەی دواییدا باجدانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و خودی شەڕی ماددەی هۆشبەر بۆ بەشێکی زۆر لە ئەمەریکییەکان زیاد لە هەر کاتێکی تر بووە بە شتێکی تاکەکەسی. لە ساڵی ٢٠١٦، لە هەر دە کەسێكی ئەمەریکی، چوار کەس دانیان بەوەدا ناوە كە لە ئێستادا یان پێشتر کەسێک دەناسن کە ئالوودەی ئارامبەخشە ڕێپێدراوەكانی پزشكان بووە(2).    ئەم كێشەیە نیشاندەری گرنگی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی زیانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەكانە و سەرمایەگوزاریی دەوڵەتی ئەمەریکا بۆ باشترکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەم وڵاتەدا وەک زلهێزێکی سیاسی و ئابووریی جیهانە. بەڵام نابێ لەبەرچاوی نەگرین کە زیانەکانی ئالوودەبوون وەک هۆکارێکی مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی بە شێوەیەکی ڕۆژانە لە کۆمەڵگاکاندا ڕوو لە زیادبوونە و ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم مەترسییانە وەک بابەتێکی گرنگ ئەژمار دەکرێت. ڕوونە کە پێش لە هەر کارێک بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییەک، دەبێت بە باشی و وردی ئەو مەترسییە بناسین و هۆکارە پەیوەندیدارەکانی سەبارەت بەو مەترسییە دەستنیشان بکرێن. لەسەر ئەم بنەمایە، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر (Drug Use) لەنێو خەڵکدا بووە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی دەركەوتن و پەرەسەندنی “هەستکردن بە نائارامی” (Feeling Insecure). بە واتایەکی تر: ئالوودەبوون بە شێوەی زیانی کۆمەڵایەتی، لێکەوتەگەلێکی وێرانکەر و پڕ لە خەرجیی زۆر دەخاتە سەر شانی پێکهاتەی کۆمەڵگا. بۆ نموونە؛ لە کاریگەرییە ئازاربەخش و بونیادتێكدەرەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر بریتین لە جیابوونەوەی هاوسەران، کەمبوونەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، زیادبوونی دزی و گواستنەوەی نەخۆشی کە دەوڵەتەکان بۆ لەنێوبردنی ئەمانە بەناچاری تووشی خەرجییەكی زۆر دەبن. هەر لەبەر ئەمەیە کە ئەو بەهایەی كە خەڵک بۆ کەمکردنەوەی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگە و پاشانیش باشترکردنی ئاستی ژیانی كۆمەڵایەتی قایلن، شایانی گرنگیپێدانە بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامەکانی دەوڵەت سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کەمبوونەوەی ئالوودەبوون سوودمەندە و هەستکردنی دەروونیی نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئالوودەبوون و زیانەکانی(3).    لە لایەکی ترەوە، بەو پێیەی كە چەمکی هەستکردن بە ئاسایش یەکێکە لە دەرخەرەکانی چۆنیەتیی ژیان لەنێو شارەکاندا، دەکرێت بڵێین زیانە کۆمەڵایەتییەکان وەک یەکێك لە گرنگترین لێکەوتەکانی ئەم نائەمنییە ئەژمار دەکرێت. لە ئەمڕۆدا بە سەرنجدان لە بڵاوبوونەوەی نائەمنییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو شارەکاندا، پەیوەندیی نێوان ئاسایشی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی زیانە کۆمەڵایەتییەکان گرنگیی پێ دەدرێت(4). لەسەر ئەم بنەمایە، یاسای سزادانی توند، توندکردنی بەرەنگاربوونەوەکان، ڕێكارە پۆلیسییەكان و سەرمایەگوزاریی دەوڵەتەکان بۆ دابینكردنی هەستکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی؛ ئەنجامێکی دڵخوازی بەدەست نەهێناوە، هەر بەم هۆیەوە ساڵانێکە وڵاتان بیر لەوە دەکەنەوە کە سوود وەربگرن لە توانا و بیرۆکەکانی کۆمەڵگای مەدەنی (بەهێزكردنی ستراتیژی بەشداریکردنی خەڵک لە دابینکردنی ئاسایش) و كار لە کەمکردنەوەی هەستکردن بە نەمانی ئاسایش بكەن. هەر بۆیە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بابەتێکە کە خەڵک و دەوڵەت پێکەوە لە دابینکردنیدا هاوبەش و بەشدارن، لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەت و کۆمەڵگە هەنگاوبەهەنگاو و پێکەوە بەبێ ئەوەی خۆیان لە یەكتر جیا بكەنەوە، پێویستە هەمان كردار سەبارەت بە نەمانی ئاسایشی پەیوەندیدار بە هەردووکیان ئەنجام بدەن و هاوكاری یەكتر بن(5).    زیانە کۆمەڵایەتییەکان (Social Problems) زیانە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆگری هەندێ کێشە و گرفتی کۆمەڵگایە کە بە هۆی ئەوەوە خەڵکی تووشی زیانی جەستەیی و دەستدرێژیی جەستەیی دەبن. ئالوودەبوون بە شێوەی یەکێک لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەتا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی مرۆیی وڵاتەکان و داینامۆی ئابووریی وڵات لەکار دەخات و پاشانیش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی تاوانکاری و کێشەگەلی تر لە کۆمەڵگادا، بەم شێوەیە بە توندی و خێرایی دەبێتە هۆی لەدەستدانی سامانی مرۆیی. هەروەها ئەم بابەتە لە ڕێگەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییەوە کە بەسەر کۆمەڵگەوە بەجێی دەهێڵێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی سامانی کۆمەڵایەتی. بەشێک لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئالوودەبوون بریتین لە: داڕووخانی بنەمای خێزانەکان، کەمبوونەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، گواستنەوەی نەخۆشییەکان، زیادبوونی دزی لە کۆمەڵگەدا و لە هەمووی گرنگتریش خەرجیی هەلی لەدەستچووی هێزی کار. بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگادا، وەک تێچووی مانەوەی ئالوودەبووان لە بەندیخانە یاخود کەمپەکان، یاخود پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەوان لە ڕێگەی ڕێکخراوە تەندروستییەکانەوە، بەڕوونی تێچوونێكی زۆری پێوە دیارە بۆ دەوڵەت. بەڵام لەگەڵ ئەم خەرجییە ڕوون و قابیلی ژماردنانەدا، كۆمەڵێك تێچوونی تر بوونی هەیە کە تێچووی بەهای دراوییەكەی دیار نییە و لە هەمان کاتدا بەهایەکی زۆر زیاتری هەیە کە بریتین لە لەنێوبردنی متمانەی کۆمەڵایەتی لەنێوان خەڵکیدا بە هۆی زیادبوونی دزییەكان، ئەگەری تووشبوون بە تاوانی ئەندامانی تری خێزان بە هۆی لاوازی و لەنێوچوونی شیرازەی خێزانی و هەروەها بریندارکردنی هەستی تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ هەستی یارمەتی و بەزەیی ئەوان لە کاتی بینینی ئالوودەبووندا. هەروەها، دەوڵەتەکان بۆ جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئالوودەبوون، دەبێت لە كولتوورسازی و پەروەردەی کۆمەڵگادا سەرمایە بخەنە گەڕ. کەواتە، لێكدانەوەی ڕێژەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەو بەهایەی کە خەڵکی پێی دەدەن سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی ئالوودەبووان، بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتی گرنگیی هەیە(6).    جیا لە ناوەرۆکی کۆمەڵگا و ئاستی گەشەكردنی، دەکرێت بڵێین بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر وەک كێشەیەكی کۆمەڵایەتی کاتێک خرایە بەر باس کە دیاردە کۆمەڵایەتییەكانی وەك شارنشینی و پیشەسازی هاتنە كایەوە. كاریگەرییەكان و شێوازی ژیانی تایبەت پیشەسازی، بووە هۆی ڕوودانی گرژی و ئاڵۆزی لە ئاستی تاکەکەسی و کۆمەڵگادا. بێ ناونیشانی و ونبوونی (گمنامی) تایبەت بە كەشی شارەکان، نەک تەنیا ڕۆڵی چاودێریی خێزانی کەم کردەوە، بەڵکوو بووە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئایینیش، ئەم ونبوونە بە لەخۆنامۆبوونی مرۆڤ زیاتر پەرەی سەند. حەزە بێسنوورەکانی مرۆڤ بووە هۆی ئەوەی کە كێشمەكێش و هەژاریی زیاتر بۆ مرۆڤ بەرهەم بهێنێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بووە هۆی ئەوەی کە لە قۆناغی یەکەمدا مرۆڤی مۆدێرن بۆ ئارامبوونەوەی خۆی پەنا بەرێتە بەر ماددەی هۆشبەر و بەدوایدا بگەڕێت و لە کۆتاییدا کاتێک کە کێشەکان وایان لێ دێت بەرگەی ناگرێت، تووشی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەبێت(7).    لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، پێکهاتەی کولتووری-کۆمەڵایەتی لە پەرەپێدانی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگادا شایانی گرنگیپێدانن. لە ڕوانگەی تیۆری كردارگەرایی (Functionalism)، کاتێک کە نۆرمە (بەها/هنجار) کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن، حەزی تاکەکان بۆ ئەو ماددە هۆشبەرانە زیاتر دەبێت. بە ئاڵۆزتربوونی کۆمەڵگا و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەكانی خێراتر، بەهاکان و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان ناڕوونتر دەبن و دەگاتە ئاستی بێبەهابوون. نەگونجاویی نۆرم، لە گرنگترین هۆکارەکانی لاوازبوونی بەهاكانە. سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی تەندروستی سەبارەت بە مەترسی و زیانەکانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بە هۆی بانگەشەی  بەرهەمهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، پێكدادانی پێكهاتەیی دەردەكەوێت و تاکەکان بەرەو کێشانی ئەم ماددانە ڕادەکێشێت. بێبەهایی و بەرەڵایی تاكەكەسیش هۆکارەکانی ترە کە هەلێکی گونجاو بۆ ڕاکێشانی مرۆڤ بەرەو ئالوودەبوونی بە ماددەی هۆشبەر دەڕەخسێنێت. لێكهەڵوەشاوەیی پێکهاتەی خێزانەکان بە هۆی جیابوونەوەی دایکان و باوکان، جیابوونەوە لە هاوڕێیان بە هۆکاری شوێن گواستنەوە و کۆچکردن و لەم نموونانە، مرۆڤ لەبەرامبەر ماددەی هۆشبەر لاوازتر دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، لاوازبوونی هاوڕایی گشتی سەبارەت بە بەها پەسەندكراوە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگترین هۆکارە کە مرۆڤ پەنا بەرێتە بەر ماددە هۆشبەرەکان(8).    ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر (Drug Addiction)     ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر نەخۆشییەکی سەرەکی و کوشندەیە و خێرا گەشە دەکات. لەم نەخۆشییەدا جۆرێک پەیوەندیی ئارامکەرەوە دروست دەکات بە ماددەیەکی هۆشبەر، یاخود کاریگەر لەسەر مێشک کە ئێمە بێتوانا دەکات سەبارەت بە چالاکی و حەزی زۆر. ئالوودەبوون وەک کردارێک پێناسە دەکرێت کە جەستەی مرۆڤ وا لێ دەکات بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ڕۆژانەی خۆی وابەستەی هەندێ هەڵسوکەوت و ماددە هۆشبەر ببێت. کاتێک کە وەک پێویست ماددەی هۆشبەر ناخرێتە بەردەست جەستە، یاخود کردارگەلێک کە کەسی ئالوودەبوو  وابەستەی بووە و ناتوانێت ئەنجامی بدات بە هەر هۆكارێك، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی نیشانەکانی ناهۆشیاری. بە واتایەکی تر: ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەکرێت پێناسەی بکەین بە کارێک کە مرۆڤ ناچارە ئەنجامی بدات و لە هەمان كاتدا لە كاتێکدا لە لێکەوتە زیانبەخشەکانی بەئاگایە. ئەمە لە كاتێكدایە كە دایك و باوكان، هاوسەر و كەسانی نزیكی کەسی ئالوودەبوو بە ماددەی هۆشبەر بەئاسانی ئەم ڕاستییە وەک جۆرێک لە نەخۆشی قبووڵ ناکەن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەم كەسانە لە ڕووی هەستەوە لە پڕۆسەی نەخۆشیی كەسی ئالوودەبوو بەشدارن. سەرەڕای ئەوەی کە وشەی “ئالوودەبوون” بەزۆری ئاماژەیە بۆ وابەستەبوون بە ماددەی هۆشبەر یاخود خواردنەوە كحوولییەكان و لەژێر ناوی ئالوودەبوون بە ماددەكانی تر ئاماژەی پێ دراوە، ئەم ئەگەرەش هەیە كە مرۆڤ ئالوودەی هەندێ کردار و چالاکیی تریش ببێت، وەک: قومارکردن، زۆرخۆری، پەیوەندیی سێکسی، سەیرکردنی وێنە و ڤیدیۆی سێکسی، یاخود تەنانەت شت کڕینی ناپێویست و زیاد لە ڕادە، ئەم جۆرە لە ئالوودەبوونانە وەک ئالوودەبوونی کرداری یاخود پڕۆسەیی ئاماژەی پێ دەدرێت. لەسەر بنەمای پێناسەی ئەنجوومەنی چارەسەرکردنی ئالوودەبوونی ئەمەریکا، وشەی ئالوودەبوون بەم شێوەیە پێناسە کراوە: “ئالوودەبوون نەخۆشییەکی سەرەکی و درێژخایەنە کە گرفت دروست دەکات لە بەشەكانی پاداشت، پاڵنەر و خەزنكردن (حافظه) و بەشەكانی تری تایبەت بە مێشك، ئەم کێشانە دەبنە هۆی دروستبوونی تایبەتمەندییە وابەستەییەكانی جەستەیی، دەروونی و كۆمەڵایەتی”. سەرهەڵدانی ئەم ئاماژەگەلانە لە مرۆڤدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بۆ دەستکەوتنی پاداشت (چێژ) یان ئارامبوونەوە ڕوو بکاتە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، یاخود کرداری تێكدرانە و وێرانکەر. ئاماژە دیارەکانی ئالوودەبوون بریتین لە تێكچوونی کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوت و کردارەکان، حەزی زۆر بۆ کێشانی ماددە هۆشبەرەکان، بێتوانایی لە پاك مانەوەی بەردەوام و بێ توانایی لە ناسینی کێشەی هەڵسوکەت و پەیوەندیی گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگادا. ئەگەر ئالوودەبوون بە دەرمان یاخود بە چالاکییەکانی پێویست كاری لەسەر نەكرێت، بەردەوامبوونی لەوانەیە ببێتە هۆی لەکارکەوتنی مێشک و تەنانەت مردنیش(9).    ئالوودەبوونی جەستەیی    وەڵامی فسیۆلۆژیی جەستەیە بەرامبەر بە داخڵبوون و کاریگەریی ماددەی نوێ بۆ جەستە كە بەگشتی دیاردەی قبووڵکردن ((Toleranceی لێ دەكەوێتەوە، واتە لەبەر زیادبوونی وەرگرە دەمارییەکان و کەمبوونەوەی نێوەنجییە دەمارییەكان لە سیستمی ناوەندیی دەماردا، کەسی ئالوودەبوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێویستی زیاتری بە کێشانی ماددەی هۆشبەر دەبێت. وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆی ئازاری جەستەیی، بێخەوی، زۆرخەوی و ناهۆشیاریی جەستە. ماوەی وازهێنان لە ئالوودەبوونی جەستەیی زۆر كورتترە لە ئالوودەبوونی دەروونی. ئەو تیۆریستانەی کە پەرژاونەتە سەر هۆکارەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، لە ڕوانگەی زیندەوەرناسییەوە باوەڕیان وایە کە مرۆڤ لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەیی سەبارەت بە ئالوودەبوون تێدایە. بە بۆچوونی جاروڤیک (Jarvik)، هەندێک لە مرۆڤەکان لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەییەکیان تێدایە کە ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر چێژ لە خراپ بەكارهێنانی کێشانی ماددەی هۆشبەر وەربگرن و هەر ئەم ئامادەییەش دەبێتە هۆکاری ئالوودەبوونی ئەوان. بە واتایەکی تر: سیستمی ناوەندیی دەماری، ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی گەیەنەرە دەمارییەكانەوە بە چەشنێك پرۆسێس دەكات کە ببێتە هۆی ئەزموونێكی چێژبەخشی دەگمەن(10). ئالوودەبوونی دەروونی ئالوودەبوونی دەروونی بە هۆی چێژ و سەرخۆشیی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوەیە لە درێژمەودادا. ڕێكوڕاست بە هۆی تێكچوونی شیرازەی ڕژانی نێوەنجییە دەمارییەكانەوە، تاك تووشی زیان یان دژیەكییە ڕۆحییەكان دەبێت. بۆ نموونە؛ مادەی هۆشبەری مێتائامفتامین (شیشە)، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕژێنی دوپامین لە مێشكدا و ڕوودانی حاڵەتی ورووژێنەر، سەرخۆشی، تەركیز و…، پاش وازهێنان لە بەكارهێنان یان كەمكردنەوەی ئاستی دوپامین، كەسی ئالوودەبوو تووشی خەواڵوویی، خەمۆكی و بێتەركیزی و… دەبێت. ماوەی خولی گەڕانەوەی ئەم نێوەنجییە دەمارییانە بۆ حاڵەتی ئاسایی زۆر درێژتر و تەنانەت هەندێك پێیان وایە كە گەڕانەوەیان نییە. لە ئەنجامدا ئالوودەبوونی دەروونی زۆر كوشندەتر دەنوێنێت. ئالوودەبوونی دەروونی دەبێتە هۆی ئەوەی كە زۆرێك لەو كەسانەش كە پێشتر كۆرسە درێژخایەنەكانیان بینیوە، دیسانەوە دڵیان بۆی لێ بداتەوە. بەڵام بەداخەوە كە هەندێك كەسی هەلپەرست بۆ ڕیكلامكردن بۆ ماددەی هۆشبەر، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەكاربەرەكان ئالوودە ناكات، بەڵام لە واقیعدا هەموو ماددەیەكی هۆشبەر ئالوودەبوونی دەروونییشی لەتەكدا دەبێت، تەنانەت ئەگەر هەندێك لە ماددەكان نەبنە هۆی ئالوودەبوونی جەستەیی لە كەسەكاندا(11). لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە بۆچوونێك هەیە كە ئەو كەسانەی كە متمانەبەخۆبوونێكی كەمیان هەیە و لە دڵەڕاوكێدان، بە مەبەستی ئارامی و بەدەستهێنانی متمانەبەخۆبوون و ڕزگاربوون لە بەریەككەوتنەكان؛ ڕوو لە ماددە هۆشبەرەكان دەكەن. كەسە وابەستەكان ئەگەری ئالوودەبوونیان زیاترە(12). ئاسایشی كۆمەڵایەتی ئاسایشی كۆمەڵایەتی وەك یەكێك لە هەستیارترین و گرنگترین جۆرەكانی ئاسایش، ڕەگەزێكی سەرەكیی ژیانی مرۆڤ پێك دەهێنێت. بێگومان هیچ ڕەگەزێك بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی كۆمەڵگەیەك و هەروەها چەكەرەكردنی تواناكان؛ گرنگتر نییە لە ڕەگەزی ئاسایش و دابینكردنی ئارامی لە كۆمەڵگەدا. ئاسایش خاوەنی دوو واتای ئەرێنی (واتە بوونی هەستی ڕەزامەندی و دڵنیایی دەسەڵاتداران و هاوڵاتیانە) و نەرێنی (واتە نەبوونی ترس، زەبر و هەڕەشە)یە. ئێستاكە چەمكی ئاسایش لە ڕووی ڕواڵەتەوە لە كۆمەڵگەدا سنووری نەبوونی تاوان و زیانەكانی تێپەڕاندووە و حاڵەتگەلی وەك دەروونی، ئەخلاقی، تەندروستی، ئابووری دەگرێتەوە و هەروەها هەڵگری سەقامگیری، شیرازەی واقیعی و ئەقڵانییە لە كۆمەڵگەدا كە ئەمانە هەموویان بە واتای ئاسایشی كۆمەڵایەتی لێك دەدرێنەوە. بۆیە دەكرێت ئاماژە بەوە بكرێت كە هەتاوەكوو ڕێژەی پەرەپێدانی كۆمەڵگەیەك زیاتر بێت، تێکڕای ئاسایشی كۆمەڵایەتییش زیاتر دەبێت و هاوتەریب لەتەك ئەوە ڕێژەی سەرپێچی، تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان كەمتر دەبێت. پێناسەی ئاسایش ئاسایش لە ڕەگوریشەی لاتینیی “Securus”ەوە وەرگیراوە كە بە واتای نەبوونی دڵەڕاوكێ و دوودڵی دێت. بۆیە واتا زمانەوانییەكەی ئاسایش؛ ڕزگاربوونە لە شڵەژان، دڵەڕاوكێ، ترس یان هەستكردنە بە ئارامی و دڵنیایی. هەستكردن بە ئارامی و دڵنیایی بە هۆی نەبوونی دەستدرێژی بۆ سەر گیان، ماڵ، كار و مافەكانی دیكەی مرۆڤ دێتە دی. ئەم بەها جێگیرە، یەكێكە لە پێداویستییەكانی ژیانی تاكەكەسی و كۆمەڵایەتی(13). هەروەها، ئاسایش خاوەنی دوو ڕەگەزی سەرەكیی هەڕەشە و دەرفەتە و بەرقەراركردنی ئاسایش بەستراوەتەوە بە ڕزگاربوونی ڕێژەیی لە هەڕەشە و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكانە. بەم پێیە بەرجەستەبوونی ئاسایش لە لایەك بەستراوەتەوە بە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان و لە لایەكی ترەوە بە دەركەوتەكانی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییەكان و باشكردنی دۆخ و ڕێكخستنی ژیان(14).   ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دابەشكارییەكانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ڕەهەندی سیاسی و حكومیی هەیە و ئاوێزانە بە بابەتی سەرەكیی دەسەڵاتەوە و لە توێژینەوە و خوێندنەوە ستراتیژییەكاندا لەژێر چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەییدا شەنوكەو دەكرێت(15). ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە ڕووی گشتگیری و هەمەلایەنییەوە دەكرێت بە ئاسایشی ستوونییش هەژمار بكرێت كە كایەكانی ئاسایشی گشتی و بەكۆمەڵیش لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئارامی و ئاسوودەییە كە كە هەر كۆمەڵگەیەك ئەركی سەرشانیەتی بۆ ئەندامەكانی خۆی دابینی بكات و زۆر جار بۆ ئاسایشی پیشەیی، ئابووری، سیاسی و دادەوەری دابەش دەكرێت(16). ئاسایشی پیشەیی واتە دەستەبەركردنی ئارامی و ئاسایش بۆ مرۆڤ لە ڕێگەی پیشەوە، لەبەرامبەر هەوڵدانی دادپەروەرانە بە ئاراستەی بەدەستهێنانی بژێویی تاكەكانی كۆمەڵگە. ئاسایشی ئابووری دابینكردنی شیرازەیەكە لەنێو بەش و جومگە ئابوورییەكانی كۆمەڵگەدا كە تاكەكان لە هەستكردن بە مەترسیی كەمبوون و نەبوونی پێداویستییە سەرەكییەكانی تاك دەپارێزێت. ئاسایشی سیاسی بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەتی ڕادەربڕینی تاكەكان، ڕێژەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی كۆمەڵگە و بەشداری لەم جۆرە كاروبارانەدا بەبێ هەستكردن بە ترس و لەرز، مەترسی و هەڕەشە. ئاسایشی دادوەری ئاسایشی تاكەكانە بەرامبەر بە هەر جۆرە دەستدرێژییەك، تۆقاندنێك، ترس و هەڕەشەیەک، بەرامبەر بە گیان و ماڵ، شەرەف، ئازادی، پیشە و شوێنی ژیان و بە شێوەیەكی گشتی هەموو مافە یاساییەكانیان. جێی ئاماژەیە كە بەگوێرەی مادەی (3)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، “هەر كەسێك مافی ژیان، ئازادی و ئاسایشی تاكەكەسیی هەیە” و لەسەر بنەمای مادەی (22)ی جاڕنامەكە هەموو تاكێك وەك ئەندامێك لە كۆمەڵگە مافی ئاسایشی كۆمەڵایەتیی هەیە(17). ئاسایش و نائارامی وەك گۆڕاوی وابەستە (بەرەنجام) بەتوندی لەژێر كاریگەریی نەبوونی كۆنترۆڵی هەمەلایەنە، ناڕەزایەتی و بوونی بەریەككەوتنە ڕەفتارییەكان، نەبوونی ڕەزامەندی لە پێداویستییەكان، دابڕانە كۆمەڵایەتییەكان، گۆڕانی كولتووری، لاوازبوونی یەكڕیزیی كۆمەڵایەتی، ناكارامەیی سیاسەتە ئاسایشییەكان، نەبوونی لێهاتوویی ئامرازەكانی دابینكردنی ئاسایش، ململانێی سیاسی، پەراوێزخستن و كۆچكردنی ناڕێكخراوە. ئەو دۆخ و هۆكارە باسكراوانە، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێژەی تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان جێ دەهێڵن. بە واتایەكی تر: ڕێژی تاوانەكان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان بەتوندی لەژێر كاریگەریی ڕێژەی ئاسایشی كۆمەڵگەدایە. هەتا لە كۆمەڵگە، ناوچە و گەڕەكەكاندا دۆخێكی ئارامتر زاڵ ببێت، گۆڕاوە ئاماژەپێكراوەكان چاك دەكرێن و دەبنە هۆی كەمبوونەوەی زیانە كۆمەڵایەتییەكان لە كۆمەڵگەدا. هەروەها كۆمەڵگە لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەتەك دۆخ و هۆكارە ئاماژەپێكراوەكاندا، بە شێوەیەكی نەرێنی و خەسارناسییانە، گەشەی بەردەوامی ئاماری سەرپێچی و تاوان و توندبوونی زیانە كۆمەڵایەتییەكانی بەدوادا دێت. بۆیە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شیرازەی كۆمەڵایەتی و هاوشان لەتەك ئەوە كەمبوونەوەی ڕێژەی تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان(18). كۆمەڵگەیەك كە بیر لە گەشەپێدانی بەردەوام و هەمەلایەنە دەكاتەوە (كۆمەڵگەی تەندروست)، دەبێت ژێرخانەكانی گەشەكردن و دابینكردنی مافی هاوڵاتییەكانی بكاتە ئەولەویەتی كارەكانی خۆی. لە وەها كۆمەڵگەیەکدا مافی هاوڵاتیان، ئاسایشی گشتی، گیانی، دارایی، هەستكردن بە ئاسایش (بەرزكردنەوەی تایبەتمەندیی ئاسایشی دەروونی)، دەبنە جێی سەرنج و ڕێز. بەرقەراركردنی وەها دۆخێك، پێوستی بە ئیرادە، گرنگی و ویستی دەوڵەت و خەڵك هەیە. دەوڵەت لە ڕێگەی دەستەبەركردنی ژێرخانە سەرەكییەكان لە بەرقەراركردنی شیرازە و ئاسایشدا، هەروەها پلاندانانە ستراتیژی و ئاسایشییەكان، جێبەجێكردن و هەڵسەنگاندنی ئەم پلانانە و خەڵكیش بە بەشداریی چالاكانە و كاریگەریی خۆیان دەتوانن یارمەتیی باشتركردنی شیرازە و ئاسایش و بەرزكردنەوەی ئاستی هەستكردن بە ئاسایشی بدەن. لە ئەنجامدا بەرزیی ئاستی ئاسایش و زیانە كۆمەڵایەتییەكان بەستراوەتەوە بە ڕێژەی پەرەپێدان، خەسڵەتی ئاسایش، بەشداریی خەڵكی بەگشتی، كارامەیی دامەزراوەكان و دامودەزگاكانی ئاسایشەوە(19).   ئەنجام لە كاتی ئێستادا زۆربەی كۆمەڵگە مۆدێرنەكان لەبەردەم كاریگەریی خراپ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەردان كە كاریگەریی لەسەر كایە جۆراوجۆرەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی، كولتووری و سیاسیی كۆمەڵكە هەیە. پانتایی كاریگەریی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە ئەندازەیەك بەرفراوان و قووڵە كە نەك تەنیا خودی كەسی بەكاربەر، بەڵكوو هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە خێزانەوە تا هاوڕێیان و ژینگەكانی خوێندن و پیشە سەرجەمیان كاریگەریان هەیە. توێژینەوەكان نیشانی دا كە هۆكارەكانی وەك بێكاری، نۆرمپشێوی، گۆشەگیری، كەلێنی ڕێژەیی، بڕوانامەی نزم، پێگەی ئابووری و كۆمەڵایەتیی نەگونجاو، بێبەشبوونی ڕێژەیی، خەمۆكی، كاریگەرییان لەسەر ئالوودەبوون هەیە و لەنێو هۆكارە ئاماژەپێكراوەكان و ئالوودەبووندا پەیوەندیی هەیە. كۆنترۆڵ و چارەسەری ئەم زیانە كۆمەڵایەتییە دەستەبەر نابێت مەگەر لە ڕێگەی سیاسەتگوزارییە گشتگیر و گونجاوەكانەوە لە ئاستی وردی و درشتی كۆمەڵگەدا، كە لەم حاڵەتەدا دەكرێت ڕێگە لە تووشبوون و تەشەنەسەندنی ئەم كێشە كۆمەڵایەتییە و كاریگەرییە خراپەكەی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی بگیرێت یان بگەیەنرێتە كەمترین ئاست. سەرچاوەكان (1) Sue Pryce (2012). Fixing Drugs (The Politics of Drug Prohibition), Palgrave Macmillan, p46. (2) Russell Crandall (2020), Drug and Thugs (The History and Future of America’s War on Drugs), Yale University Press, pp 2-9 . (3) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیب‌های اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره6 ، شماره 4، صص 2-1. (4) بنی فاطمه، حسین. سلیمی، آمینه، (1390)، احساس امنيت اجتماعي جوانان و عوامل اجتماعي مرتبط با آن، نشریه مطالعات اجتماعی، دوره 3، شماره 12، صص 59-60. (5) علی محسنی، رضا، (1388)، تحليل جامعه شناختي امنيت اجتماعي و نقش آن در كاهش جرم و آسيبهای اجتماعی، فصلنامه نظم و امنیت انتظامی، شماره چهارم، سال دوم، صص 21-1. (6) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیب‌های اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره6 ، شماره 4،  صص 2-1. (7) علی وردی نیا، اکبر، (1384)، مطالعه جامعه شناختی اعتیاد به مواد مخدر در ایران. فصلنامه علمی پژوهشی رفاه اجتماعی، سال پنجم شماره 20، ص194. (8) دانایی، نسرین (1394). فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد. سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34. (9) برزگر، زهرا، قربانی، اکرم. تقوی، حسین. جلالی، مهدیه. رنجبر بلیانی، محمد (1394). تجارب جوانان از اعتیاد و آسیب های اجتماعی متأثر از آن. کنفراننس بین المللی علوم انسانی، روانشناسی و علوم اجتماعی. (10) دانایی، نسرین (1394). فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد. سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34 . (11) برزگر، زهرا، قربانی، اکرم. تقوی، حسین. جلالی، مهدیه. رنجبر بلیانی، محمد (1394). تجارب جوانان از اعتیاد و آسیب های اجتماعی متأثر از آن. کنفراننس بین المللی علوم انسانی، روانشناسی و علوم اجتماعی. (12) دانایی، نسرین، (1394)، فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد، سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34. (13) نصری، غدیر، (1381)، معنا و ارکان جامعه شناسی امنیت، تهران: نشریه تحقیقات استراتژیک، شماره 26. (14) علی محسنی، رضا، (1388)، تحليل جامعه شناختي امنيت اجتماعي و نقش آن در كاهش جرم و آسيبهای اجتماعی، فصلنامه نظم و امنیت انتظامی، شماره چهارم، سال دوم، صص 21-1. (15) همان، صص 21-1. (16) رجبی پور، محمود، (1382)، درآمدی بر احساس امنیت عینی، فصلنامه دانش انتظامی (نشریه دانشگاه علوم انتظامی)، شماره 26. (17) علی محسنی، همان، ص21-1. (18) همان، ص21-1. (19) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیب‌های اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره 6، شماره 4، ص2-1.


درەو: راپۆرتی: ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان    دەروازەو ناساندن کۆچ دیاردەیەکی دێرینی مێژوییە، کەهەر لەسەرەتای دروست بونی مرۆڤایەتیەوە بەشێواز و هۆکاری جیاواز هاتوەتە ئاراوە. کۆچ یەکێک لە چوار رەگەزە سەرەکییەکەی گۆڕانکاری کۆمەڵگا، بەهۆکاری جەوهەری و خودی، کۆچ دەتوانێت کاریگەری کورت ماوەو درێژ ماوە لەژمارەو پەیکەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا بەدوای خۆیدا بهێنێت و پەیکەری کۆمەڵایەتی وڵات، یان شوێنی کۆچلێکراو و کۆچ بۆکراو دوچاری هاوسەنگی یان نا هاوسەنگی بکاتەوە. کۆچ لەبنەمادا بریتییە لە گواستنەوەی مرۆڤ لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە، بە ئامانجی دەستکەوتنی سەقامگیریی کاتی یاخود بەردەوام، کۆچکردن زۆر جار لەسەر شێوەی تاکەکەسی یاخود کۆمەڵ گروپ ئەنجام دەدرێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا خانەوادەکان بە تەواوەتی لە ناوچەیەکەوە دەڕۆن بۆ ناوچەیەکی دیکەو زێدی خۆیان بەجێدەهێڵن و پانتاییەکی دیکەی جوگرافی دەدۆزنەوە بۆ ژیانکردن. بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆچەر، بەکەسێک دەوترێت کە بەمەستی کۆچ دەچێتە وڵاتێکی تر، تێدا خاوەنی ناسنامەی ئەو وڵاتە نەبێت لانی کەم بۆ ماوەی ساڵێک زیاتر نیشتەجێ ببێت. لە ڕوانگەی یاسای ناوخۆی و نێودەولەتی، ڕەگەزنامە دیاردەیەکی سیاسی و یاسایی ناوخۆی هەر وڵاتێکە کە بەپێی سیستمی یاسایی و ناوخۆی ئەو وڵاتە دادەڕێژرێت، لەبەرامبەردا نیشتەجێبون و داواکاری نیشتەجێ بون بەواتای نیشتەجێبونی کەسێک لە هەر وڵاتێک داوای دەکات، کە تایبەتە بە کاتێکی دیاری کراو لەئەنجامی مەبەست و پاڵنەرێکی دیاری کراو.  کۆچ یەکێک لە پرسە هەستیارەکانی یاسای نێودەوڵەتیە کە بەشێوەیەکی گشتی ئەم بابەتانە لەخۆی دەگرێت (زەواج، لەدایک بون، خوێندن، کار، وەبەرهێنان و بازرگانی، کەسایەتی تایەبەت هونەرمەندان و وەرزشکاران، پەناهەندەیی...). لەڕوانگەی یاساییەوە هەریەک لەم بابەتانە تەفسیرو مەرج و ڕێکاری خۆیان هەیە، بەڵام مەرج و ڕێکاری هەریەکەیان جیاوازن، خاڵی گرنگی هەمویان ئەوەیە، کە دەبێت لەو چوارچێوەیەی ئەو یاسایە بێت کە داڕێژراوە. ئەویش داخڵ بونە بۆ سنوری ئەم وڵاتانە بەشێوەیەکی یاسایی، لەم نێوەندەدا کۆچ بەشێوازی پەناهەندەیی ئاڵۆزترین و پڕ تەعریفترین شێوازیانە کە یاسا باسی لێوەدەکات، ئەویش ئەوەیە چەمکی کۆچ و مەرجەکانی  وڵاتانی وەگر یان میواندار دوچاری ئاڵنگاری و ئیحراج  بون دەکاتەوە.  کۆچ و هۆکارەکانی ئەنجامدانی هۆکاری پشت کۆچکردن زۆرن، بەڵام بەگشتی دەتوانرێت لەدو فۆرمدا وێنا بکرێن ئەوانیش بریتین لە: یەکەم: هۆکارەکانی پاڵنان یاخود راونان  ئەم هۆکارانە زیاتر بریتین لەهۆکارە ناوخۆیی و ناوەکییەکان، ئەمانەش سەرجەمی ئەو هۆکارانە دەگرێتەوە، کە لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات یاخود هەرێمێک، پاڵ و فشار بەتاک و گروپەکانەوە دەنێن، بۆ کۆچکردن و جێهێشتنی زێدو شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان بۆ روکردنە وڵات و شوێنیکی دیکە. دوەم: هۆکارەکانی راکێشان ئەم هۆکارانەش زیاتر بریتین لە هۆکارە دەرەکییەکان، کەبەهۆیانەوە تاکەکان کاریگەر دەبن بەکۆمەڵێک پاڵنەری راکێشەرو هۆکاری دەرەکی، لەدەرەوەی سنورو شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان، بەو هۆیانەوە تاک لەوڵات و زێدی خۆیەوە رادەکێشرێت بۆوڵات و ناوچەیەکی دیکەی جوگرافی، بەئومێدی دەستکەوتنی ژیانێکی باشتر، لەوپێناوەشدا کۆچ دەکات بۆ دەرەوەی سنورەکانی نیشتیمانەکەی.   دەتوانێت پاڵنەری تایبەتمەندی کەسی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری هۆکار گەلێکی جیاوازی هەبێت وادەکات لێکەوتەکانی جیاواز تەماشا بکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کۆچ دەتوانێت پرسیارو لێکەوتەیەکی قوڵ لای کەسی کۆچکردوو دروست بکات، ئەوەش ئەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوە بەسەر ژیانی تاکەکاندا دەهێنێت، چ بەشێوەیەکی باش یاخود خراپ.  بەهۆکار و پاڵنەرە جیاوازەکانی پشت دیاردەی کۆچ، نەک بەتەنها شوێنی ژیانی تاک گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵکو لەپاڵ ئەوەشدا بارودۆخی کۆمەڵایەتی تاک دوچاری ئاوەژوبونەوەو گۆڕانکاری دەکاتەوە. لەمێژودا هۆکار گەلی زۆر هەبون بۆ کۆچ کردن ئەوانیش دیاردە سروشتیەکان و گۆڕانی کەش و هەوا، پێشکەوتنی پیشەسازی کۆچکردنی لادی و گوندنشینەکان بۆ شارە پێشکەوت و خاوەن پيشەسازییەکان، یان ئەو گۆڕانکاریەی بەسەر ژینگەی سیاسی کۆمەڵگایەک دێتە ئاراوە لە ئەنجامی جەنگ و جەنگی سەپێنراو گۆڕانکاری جوگرافیای سیاسی  کە زیاتر خۆی لە کۆچی زۆرەملێ دەبینێتەوە. کەواتە دەتوانین بڵێین چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، چ لەسەر ئاستی دەرەوە، چەندین هۆکار بونیان هەیە کە دەبنە پاڵنەرو راکێشان بۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵەکان کۆچ بکەن و ئەو شوێنە جێبهێڵن کە پێشتر شوێنی سەقامگیرییان بووە، لە دیارترین ئەو هۆکارانەش لەسەر ئاستی هۆکارە پاڵنەرو راکێشەرەکان لەناوخۆو دەرەوە بریتین لە: 1.    هۆکارە سیاسییەکان:  برییتییە لەهەمو ئەو هۆکارو فاکتەرە سیاسیانەی کە ناسەقامگیری و ئاڵۆزی سیاسی و خراپی دۆخی دیموکراسی و خراپی فۆڕمی حکومرانی و دەسەڵاتی ستەمکارو رودانی جەنگ و ئاڵۆزی ناوخۆیی و نەبونی ئازادی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە لەئەنجامدا تاکەکان ناچار دەکات لەواقیعی سەپێندراوی وڵاتەکەیان هەڵبێن و بگەرێن بەدوای شوێنێکی گونجاوتر و سەلامەت و سەقامگیرو ئارامدا، یاخود دۆزینەوەی شوێنێک کە لەژێر سایەیەی دەسەڵاتێکی دیموکراتدا بەئازادی حکوم بکرێن.  2.    هۆکارە ئابورییەکان: بریتییە لەنەبونی هەلی کارو ناسەقامگیری ئابوری و نەبونی عەدالەتی ئابوری، ئەمەش تاک و گروپ و خێزانەکان هاندەدات بۆ گەران بەدوای میکانیزمێکی بەدیلدا کەتیایدا هەلی کاری نوێ و ژیانێکی باشتریان لەروی ئابورییەوە بۆ فەراهەم بکات، ئەوەش بە گواستنەوە لەزێدی خۆیانەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، چ لەناوخۆی وڵات بێت یاخود لەدەرەوە. 3.    هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان: خۆیان دەبیننەوە لەبونی دەستدرێژی نەتەوەیی و  ئاینی و ئیتنی، یاخود لەبەردەوامی هەبونی دیاردەی ڕەگەزپەرستی، ئەمە وا لە تاک و کۆمەڵەکان دەکات کە بە دوای ناوچەیەکی باشترو گونجاوتردا بگەرێن بۆ ژیانکردن، کەتیایدا دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادی تیادا فەراهەم ببێت. 4.    هۆکارە سروشتییەکان: ئەم هۆکارانە زۆرتر خۆیان دەبیننەوە لەبەردەوامی ڕودانی ئەو کارەساتە سروشتییانەی بەسەر شار و شارۆچکەکاندا دێن، سەرئەنجام دەبنە هۆی نیمچە وێرانبوون یاخود وێرانبونێکی تەواو لەنمونەی کارەساتەکانی زریان و لافاو و زەمینلەرزە. 5.    هۆکارە دەرەکییەکان: ئەمانەش بریتیین لەهۆکارە راکێشەرەکان لەدەرەوەی سنورەکان، وەک بینین و وێناکردنی بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەو رەفاهیەت لەدەرەوەی وڵاتی دایک. یاخود بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان و هەستکردن بەبەدەستهێنانی ژیانێکی شەرەفمەندانە لەسایەی دادی کۆمەڵایەتیدا...هتد). بێگومان هەمو ئەمانە لەدەرەوەی سنورەکان، دەبنە فاکتەری راکێشەر بۆ ئەوەی تاک لەوڵاتەکەی خۆیەوە رابکێشن بۆ وڵاتێکی دیکە.  جۆرو فۆرمەکانی کۆچکردن بۆ پۆلێنکردنی جۆرەکانی کۆچکردن، چەندین پۆلێنکاری کراون، بەنمونە کۆچکردن لەروی یاسایی و نایاسایی بونەوە، یاخود کۆچکردن لەروی خواستەوە یاخود کۆچکردن لەروی ناوچەی جوگرافییەوە...هتد. ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین ناسراوترین جۆرو فۆرمەکانی کۆچکردن بەم جۆرە بناسێنین: یەکەم: کۆچی تاکەکەسی: بریتییە لە کۆچکردنی تاکە کەسێک لە ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراوەوەو بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە، لەناوخۆ یاخود بۆ دەرەوەی وڵات، بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). دووەم: کۆچی بەکۆمەڵ: بریتییە لە کۆچی خێزان و گروپ و کۆمەڵەکان لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە، لەناوخۆ یاخود بۆ دەرەوەی وڵات. بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). سێیەم: کۆچی ناوخۆیی: بریتییە لەو کۆچەی بەهۆی کۆچکردنی تاک یان کۆمەڵەکانەوە ڕوودەدات لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە نێو سنوری جوگرافیای یەک دەوڵەتی دیاریکراودا. چوارەم: کۆچی دەرەکی: ئەو کۆچەیە کە لە کاتی گواستنەوەی تاک یاخود کۆمەڵەکان لە ناوچەیەکی دەوڵەتێکەوە بۆ ناوچەیەک لە دەوڵەتێکی جیاواز دەگوازرێنەوە بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). پێنجەم: کۆچی ئارەزومەندانە: ئەو جۆرە کۆچەیە کە تاک یاخود کۆمەڵەکان بەپێی ویستی خۆیان بۆ گۆڕینی شوێنی ژیانیان دەیکەن، بە مەبەستی پەیداکردنی سەقامگیری لە ناوچەیەکی دیکەی دەرەوە یاخود ناوەوەی وڵات بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). شەشەم: کۆچی ناچاری: ئەو جۆرەیە کە لە کاتی گواستنەوەی تاک یاخود کۆمەڵەکان بەپێی ئەو بارودۆخ و ڕووداوانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕودەدات و ناچاریان دەکات کە شوێنی ژیانیان بەناچاری بگۆڕن، بە مەبەستی پەیداکردنی سەقامگیریی و ئارامی لەناوەوەی وڵات یاخود بۆ ناوچەیەکی دەرەوەی وڵات. حەوتەم: کۆچی کاتی: بریتییە لەو جۆرە کۆچەی کەتاکێک یاخود خێزانێک بەشێوەیەکی کاتی و بەمیکانیزمی یاسایی، لەشوێنی خۆیانەوە بۆ شوێنێکی دیکە بەخواستی خۆیان کۆچی بۆ دەکەن و پاش ماوەیەک دەگەرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان. لەنمونەی کۆچ بۆ خوێندن و کۆچی گەشتیاری و کۆچ بەمەبەستی ئاڵوگۆری بازرگانی و ئاینی و رۆشنبیری  ...هتد. هەشتەم: کۆچی بەردەوام: بریتییە لەو جۆرە کۆچەی کەتاکێک یاخود خێزانێک بەشێوەیەکی هەمیشەیی لەشوێنی خۆیانەوە بۆ شوێنێکی دیکە کۆچی بۆ دەکەن و هەرگیز ناگەرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.  کۆچ لەهەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەدرێژایی مێژوو دوچاری ئەم دیاردەیە بوەتەوە، جێگەی سەرنجە بەڕێژەیەکی زۆر هۆکاری پشت کۆچی مرۆڤی کورد زیاتر لە ڕووە دەستکردەکەی کۆچەوە بووە، ئەویش لەئەنجامی جەنگ و ترس لە حکومەتە دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە ماوەی ڕابردودا، کە خۆی لە کۆچی بەکۆمەڵ و زۆرە ملێدا دەبینیەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان کۆچێکی ناچاری بوە بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی حکومڕانانی بەغدا بۆ سەر گەلی کورد، بەتایبەت لەسنوری کوردستانی عێراق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ژیان و سەلامەتی خۆیان، بەناچاری لەدەست پرۆسەی ئەنفال و جینۆسایدو کیمیاباران بەعەرەب کردن هەڵهاتون و رێگەی کۆڕەو و کۆچی بەکۆمەڵیان گرتوەتەبەر بەتایبەت لەماوەی ساڵانی ١٩٧٥-١٩٩١، ئەم سەردەمەش بەسەردەمی کۆچی نا ئاسایی و بەکۆمەڵی مرۆڤی کورد دادەنرێت لەماوەی رابردودا. پاش راپەرین و نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و کەوتنە دەستی زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی کورد بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەرەتادا هیوایەک هەبو بۆ دروستبونی کۆچی پێچەوانەوەو کرانەوەی ژیان بەروی ئەوانەی کوردستانیان بەجێهێشتوە. بەڵام هەرزو بەهۆی حوکمی شکستخواردوی دو پارتی و یەکێتی و پێکدادانی بەرژەوەدنییە حزبەکانیان، ئەو هیوایانەش لەگۆرنران و دوبارە مرۆڤی کورد بۆ رزگاربون لەو واقیعە رێگای هاندەرانی گرتەوەبەر. بەتایبەت دوای دروستبونی شەری ناوخۆ و قوڵبونەوەی کێشە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی کوردستان. بەم جۆرە قۆناغێکی نوێی کۆچی تاک و بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی کوردستان، لەسایەی حکومرانی کورد لەهەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد.   لەئێستاشدا ئەم دیاردەیە نەک کەمی نەکردوە، بەڵکو بەردەوام لەزیادبوندایە. ڕۆژانە بە پاڵنەرو هۆکاریی جیاواز، بەهۆی خراپی ژیان و گوزەرانیان لەسایەی حوکمی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، سەدان گەنج و منداڵ و ژن و پیاوی بەتەمەن ڕێگەی ناچاریی کۆچ هەڵدەبژێرن و خۆیان دەدەنە دەست قەدەرێک کە پڕە لە نەهامەتی و ڕەنج کێشان، تا دەگەنە شوێنی مەبەست، پاشانیش گیرۆدەی ئەو گۆڕانکارییە دەبن کە بەسەر ژینگەی کۆمەڵایەتی و یاسای ئەو باردۆخەدا لە وڵاتی بێگانە تێی دەکەون. چیرۆکی کۆچ هەزاران پرس و ڕەنجکێشان بۆ خۆی دروست دەکات بەدرێژای ژیان کەس و کەسانی کۆچ کردو بەدوای وەڵام و سارێژکردنیدابن. ئەوە جگە لەدەستچونی ئەو هەمو سامانە مرۆیی و دەستی کارو توانا فیزیکییەی کەئەو کۆچبەرانە لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن، کەسەرئەنجامەکەی بەزیان بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان و سودی وڵاتانی دیکە دەشکێتەوە. ئامارەکانی کۆچ لە عێراق و هەرێمی کوردستان (دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران) کە ڕێكخراوێكی ناحكومی مرۆییەو پێشتر لەژێر ناوی (فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی) کاری کردووە، ئاماری مەترسیداری لەبارەی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە بەپێی ئامارەکانی دەزگاکە؛ ئامارەکانی قوربانیانی عێراقی کە لە ڕێگای کۆچی نائاسایدا لەماوەی (2015-2021) بوون بە قوربانی و زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و (458) کەسن، (بڕوانە خشتەی یەکەم). هاوکات هەر بەپێی ئامارەکانی دەزگای ناوبراو لە ماوەی نێوان ساڵی (2014-2021) لە عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی (693) هەزار عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بەدەر لەو کۆچبەرانەی تەمەنیان لە خوار (18) ساڵەوەیە یان داوانامەی سیاسییان پێشکەش کردووە، (بڕوانە خشتەی دووەم). دیارترین هۆکارەکانی کۆچ لە هەرێمی کوردستان دیارە هۆکارەکانی کۆچ لە هەرێمی کوردستان فرە جۆرن، هەر لەهۆکارەکانی پاڵنانەوە تاهۆکارەکانی راکێشان، ئەم هۆکارانەش دەکرێت لەکۆچبەرێکەوە بۆ کۆچبەرێکی دیکە، یاخود لەگروپ و کۆمەڵە کۆچبەرێک بۆ گروپ و کۆمەڵێکی دیکە جیاوازبێت، بەڵام دیارترین هۆکارەکان ئێستای هەرێمی کوردستان بریتین لەهۆکارەکانی پاڵنان، کەرۆژانە پاڵی بەبەشی هەرە زۆری کۆچبەرانی هەرێمی کوردستانەوە ناوە بۆ  دەرەوەی وڵات، بریتین لە؛ یەکەم: هۆکارە سیاسییەکان  پرۆسەی هەڵبژاردن، وەك پایەیەكی گرنگی دیموكراسی، رێگەی سەرەکی بەشداری كۆمەڵگایە، لە ژیانی سیاسی و بڕیاری سیاسیدا، بەڵام بەردەوام لەهەرێمی کوردستان حیزبە دەسەڵاتدارەکان، یاخود هێزە دەستڕۆیشتووەكان لە رێی ساختەكاریی و تەزویرەوە دەنگی هاوڵاتیان لەبەرژەوەندی خۆیان ساختە دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش پرسی تەزویر و ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكاندا بووەتە پرسێكی جدیی و كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دروستكردووە، بەمەش کەمترین دەرفەت ماوەتەوە بۆ بەشداری سیاسی خوێن و نەوەی نوێ لە نێو سیاسەت و گۆڕانکارییە سیاسییەکان. هەردوو پارتی دەسەڵاتداری خاوەن چەک و سەرمایە لە دوو رێگاوە کۆنتڕۆڵی کۆی جومگە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرووە، سەرەنجامەکەی سەریکێشاوە بۆ چەقبەستوویەکی سیاسی بێزارکەر لە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش 1.    بەگەڕخستنی توانا ئابورییەکانیان بۆ؛ •    ڕاگەیاندن؛ کردنەوەی هەزاران ئامرازی ڕاگەیاندنی (نوسراو، بیستراو، بینراو)ی حیزبی، بەتێچونی ماددی گەورە، کە بەشێکیان نامۆن بە کلتوری خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ مەرامی تایبەتی تەرکیزێکی زۆری خراوەتە سەر، لە دەرەنجامدا بەشی زۆریان خزمەت بە مانەوەو بەردەوامی پرۆسەیەکی سیاسی لار دەدەن لە هەرێمی کوردستان.  •    دامەزراندن سەدان هەزار کەس لە کەرتی گشتی و سەرهەڵدانی دیاردەی (بندیوار)، کە کێشەیەکی گەورەی بۆ ئابوری و بوجەی گشتی، دەرچوانی بێکاری زانکۆو پەیمانگاکان دروست کردووە. •    بەخشینەوەی سامان و داهاتی گشتی، بەسەر خەڵکانی دیار و سەرۆک خێڵ و عەشیرەت ... بە بیانوی جیاواز و کڕینیان و بەکارهێنان _بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنەکان_ بێبەشکردنی چینێکی هەرە گەورەی کۆمەڵگا لە سودمەندبوون لە داهات و سامانی گشتی هەرێمی کوردستان. •    بەخشینی موڵکی گشتی و زەوی و تەندەرو پرۆژەی ئابوری...هتد بە دەست و پێوەندەکانی حیزب مەحرومکردنی ئەوانەی بەشی زۆری کۆمەڵگەو سەرمایەدار و بازرگانانی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان. 2.    بەگەڕخستنی توانا سەربازییەکان بۆ؛ •    دامەزراندنی خەڵکانی ناشایستە لە کەرتی سەربازی، هەندێجار پێدانی پلەو پایە دور لە بنەمای شایستەیی. •    بەکارهێنانیان لە کاتی هەڵبژاردنە گشتییەکان و کاریگەرییان لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن. •    سزادان و دورخستنەوەی ڕەنگی جیاواز لە نێو هێزە ئەمنی و چەکدارەکان. •    بەکارهێنان و چاوسورکردنەوەیان، لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. بە پوختی بەکارهێنانی هەردوو هێزی نەرم و ڕەق دژ بە هەر لایەن و کەس و گروپ و ڕێکخراو و ڕۆژنامەنوس و دەنگێکی ناڕازی ... هتد. بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستنی خۆیان و درێژەدان بەو دۆخە چەقبەستووەی کە لە ئارادایە. کە لە کۆتاییدا سەریکێشاوە بۆ بێ دەنگک کردنی ئازادی ڕادەربێن و کاری ڕۆژنامەنووسی ئازادو سەربەخۆ و سەرەنجام بەرتەسکردنەوەی ئازدییە گشتییەکان و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان. بۆیە دەکرێت هۆکاری سیاسەت و حکومڕانی ناتەندروست و چە‌قبەستوویی درێژەخایەن و خۆدزینەوە لە چاکسازی جدی ڕاستەقینە بە قازانجی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، پاڵنەرێکی گەورەی ئەو کۆچە بەلێشاوە بێت کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. دووەم: هۆکارە ئابورییەکان ئابوری یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی پاڵنەرەی ئەنجامدانی کۆچکردن لەتەواوی جیهاندا، ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش راستە. لەهەمو شوێنێک کەمی هەلی کارو نزمی ئاستی وەبەرهێنان، هۆکار دەبێت بۆ هاندانی کۆچکردنی هاوڵاتیان، لەشوینێکەوە بۆ شوێنێکی تر. لەنمونەی کۆچکردن لە لادێکانەوە بۆ شارەکان، یاخود لەشێوەی کۆچکردن لە شارێکەوە بۆ پایتەختی ووڵاتەکە، یان  کۆچکردنی هاوڵاتیانی وڵاتێک، بۆ ولاتێکی دیکە.  ئەوەی ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا رودەدات لەنمونەی فۆرمی سێهەمی ئەم شێوازە کۆچەیە، کەهاوڵاتیانی کوردستان، لەبەر خراپی دۆخی ئابوری و نەبونی هەلی کارو کەڵەکەبونی قەیرانە ئابورییەکان و خراپی دۆخی ژیان و سەختی گوزەران و بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخ و شتومەک و لە پێناو بژێویەکی باشتر هەلی کارێک و سەرەمایەیەک کە داهاتووی ڕۆشن بکاتەوە رودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا.  هەرێمی کوردستان، بوەتە هەرێمێکی کرێخۆرو بەرخۆر، زۆرینەی هاوڵاتیانی بونەتە موچەخۆر، لەئێستاشدا بەهۆی نەبونی بودجەی گشتی کە پلانی ئابوری هەرێم رونبکاتەوەو بەهۆی دابەشنەکردنی موچە لەکاتی خۆیدا یاخود دابەشکردنی موچە بەهۆی لێبرینەوە. دۆخی ئابوری و بازاڕ تەواو دوچاری چەقبەستویی بووە، زۆرێک لەهاوڵاتیان بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و زۆرێک لەموچەخۆرانیش دوچاری ژیانێکی قورس بونەتەوەو بەسەدان سەرمایەدارو وەبەرهێنیش دوچاری زەرەمەندبون و مایەپوچی بونەتەوەو سەدان پرۆژەش بەتەواونەکراوی وەستاون.  هەموو ئەمانە وایکردوە دۆخی گشتی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردودا زۆر سەخت بێت، چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتووشدا دژوارتربێت، بەم هۆیەش هاوڵاتیان بیر لەمیکانزمێکی جێگرەوە دەکەنەوەوە بەناچاری ملی رێگەی هەندەران دەگرنە بەر.   دیاردەی بێکاری لەهەرێمی کوردستاندا زۆر زیادی کردوە، بەجۆرێک لەئێستادا بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێژەی بێکاری گەیشتوەتە ١٢٪. هاوکات پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە لەنێو توێژی گەنجاندا، زیاتربێت و  لەنێوان توێژی خانمانیشدا رێژەکەی زۆر زیاتر بێت.  لەلایەکی دیکەوە، لەئێستادا دیاردەی هەژاری لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی و  هەڵئاوسان و پەتای کۆرۆناوە زۆر تەشەنەی سەندوە، هاوکات لەئەنجامی کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حكومەت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان و کەرتی بەرهێنان و کەمبونەوەی وەبەرەهێنانی کەرتی تایبەت وایکردوە کەرتە نافەرمیەکانی ئابوریش زیانی گەورەیان پێبگات، ئەمەش زۆرێک لە هاوڵاتیانی دوچاری بێکاری و هەژاری کردوەتەوەوە، ناچاری بەکۆچکردنی کردون.  هاوکات نادادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی لەنێوان توێژو چینی دەسەڵاتدارو خێزانە سیاسییەکان و زۆرینەی کۆمەڵگا، بوەتە هۆکاری زیاترو زیاتر تەشەنەسەندنی دیاردەی نادادی کۆمەڵایەتی و زیاتر تۆخکردنەوەی سیمای چینایەتی و دابەشبونی کۆمەڵایەتی.  سەربەرای هەمو ئەوانەش، دیاردەی گەندەڵی تادێت تەشەنەدەسێنێت، لەئێستاشدا گەندەڵی زۆرینەی سێکتەرەکانی دەسەڵات و حکومرانی لەهەرێمی کوردستاندا گرتوەتەوە. تەنانەت گەندەڵی لەزۆر ئاستدا شۆربوەتەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاش، بەردەوامی ئەم دیاردەیەش بوەتە هۆکارێک بۆ تۆخکردنەوەو زیاترکردنی کێشەو قەیرانە ئابورییەکانی کۆمەڵگاو زیاتر بڵاوبونەوەی دیاردەی بێهیوابون و کاڵبونەوەی ئینتیمای هاوڵاتیان، لەچارەسەرکردنی کێشەکانیان. لەلایەکی دیکەشەوە دیاردەی قۆرخکاری بازاڕ و بازرگانی لەرێگای کۆمپانیاکانی حزب و بنەماڵەو کەسانی دەسترۆیشتوی دەسەڵات بەردەوامە. بەرادەیەک کەرێگا لەبونی کێبرکێی بازاڕ گیراوەو کۆمپانیاکان و پیاوانی حزب و دەسەڵات تادێت سەرمایەکانیان گەورەتردەبێت، ئەمەش دیاردەی نایەکسانی لە کۆمەڵگەدا  تۆخترکردوەتەوەو هەل و دەرفەتی بۆ کۆمپانیای دەرەوەی حزب و تاکەکانی تری کۆمەڵگە کەمکردوەتەوەو هێندەی تر شیرازەی کۆمەڵگا لەروی ئابورییەوە روی لەتەنگژەو ئاڵۆزی کردوەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە وەک ئاشکرایە زیاتر لە ١٠ ساڵە، پرۆسەی دامەزراندنی هاوڵاتیان و گەنجان و دەرچوانی زانکۆکان لەهەرێم راگیراوە، بەڵام حزبەکان لێرەو لەوێ بەتەزکیەی حزبی بەردەوامن لەدامەزراندنی ئەندام و لایەنگرانیان. هاوکات  دۆخی کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازیش بەجۆرێکە کەتوانای دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کاری نییە بۆ ئەو هەمو دەرچوەی زانکۆ، لەلایەکی دیکەشەوە کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا، کراوەتە کەرتێکی هەژارو بەپێی پێویست گرنگی پێنادرێت، ئەوەشی کەهەیە ناتوانێت  ئاسایشی خۆراک مسۆگەر بکات، بۆیە خەڵکێکی زۆر لەم کەرتەدا وەک پێویست کار ناکەن، واتە هەلی کاریش لەم کەرتەدا بەپێی پێویست بەردەست نییەو کەرتی کشتوکاڵیش نەیتوانیوە ببێتە کەرتێکی جێگرەوەو سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.  هەمو ئەمانەش هێندەی دیکە گەنجانی ئەم هەرێمەی دوچاری بێهوابون کردوتەوە لەبەدەستهێنانی هەلێکی باش بۆ کارکردن، بۆیە زۆرینەی گەنجان بەناچاری بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشترو ئایندەیەکی فەراهەم رودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا. لەهەمو وڵاتێکدا گەنجان هێزی کارن، گەنجان وەک سەرچاوەی مرۆیی کۆمەڵگاو هێزی پارێزەرو تەشەنەسەندن و گەورەکردنی کۆمەڵگا لەقەڵەم دەدرێن، وەک ئاشکراشە بە کۆچکردنیان  زیانێکی زۆر  بەر ئاسایش و سامانی نیشتمانی وڵاتەکەیان دەگەیەنن. ئەمەش ئەو کێشەیەیە کەلەئێستادا دوچاری هەرێمی کوردستان بوەتەوەو رۆژانە لێرەو لەوێ بەهەزاران گەنجی کوردستان، ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵن وچارەنوس و ئایندەی ئەم هەرێمە دەخەنە ژێرپرسیارەوە.    پێشنیازەکانی چارەسەر کۆچکردنی گەنجان و هاوڵاتیان یەکێکە لەو کێشە گەورانەی کەپێکهاتەی بونیادی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێستای هەرێمی کوردستانی خستوەتە مەترسییەکی گەورەوە. چارەسەرکردنی ئەم پرسەش بەندە بە ئەنجامدانی گۆرانکاری ریشەیی لەسەر ئاستی سەرجەم سێکتەرەکان و چارەسەری ئەو هۆکارانەی کەبونەتە یارمەتیدەری دروستبونی کێشەو قەیران و تەنگژە سیاسی و ئابوریییەکانی هەرێم. ئێمە لەوپێناوەدا چەند پێشنیارێکی خێرای کاتی و درێژخایەن دەخەینەرو، لەپێناو لانی کەم دۆزینەوەی چارەسەرێکی پێویست بۆ ئەم پرسەو کەمکردنەوەی ئەو لێشاوی کۆچەی ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە:  یەکەم: چارەسەری خێراو نزیک مەودا 1.     دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان و رەخساندنی هەلی کار بۆیان، بەتایبەت لەدامەزراوە فەرمییەکان و سێکتەرەکانی حکومرانی وڵاتدا. 2.    رەخساندنی هەلی کار بۆ هەموان بەتایبەتیش بۆ توێژی گەنجان، بەبێ جیاوازی وەلائی حزبی و شەخسی و کۆمەڵایەتی لەکەرتی گشتی و تایبەتی. 3.    دامەزراندنی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو گەنجانەی کە بێکارن هەتا کار دەدۆزنەوە .  4.    گرنگیدان بە شەفافییەت و دەستبردن بۆ چاکسازی جدی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. 5.    باش کردنی خێرای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک ئاو کارەبا و پەروردەو تەندروستی.  6.    سود وەرگرتن لە توانای گەنجان و بەشداریی پێکردنی گەنجان لە کایەی سیاسی و حکومڕانی و ئابوریدا، لەپێناو سود وەرگرتن لەهێزو کارامەییان لەپێناو پێشخستنی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگا. 7.    رەخساندن و پێدانی شوێنی نیشتەجێبون بە هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و کرێنشینان و ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێک دەهێنن، ئەوەش لەرێگەی ناچارکردنی حکومەت بۆ کۆمپانیاکان بۆ پێدانی شوقەو خانو بەبێ پێشەکی، یاخود بەقەرزێکی درێژخایەن، بۆ ئەوەی هەموان بتوانن سودمەندبن. 8.    پێدان و دەستپێکردنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری و خانوبەرو قەرزی ماوە درێژ بەو گەنجانەی خوازیاری پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری و دروستکردنی ماڵێکن بۆ خۆیان.  دوەم: چارەسەری درێژخایەن و دور مەودا 1.    دروستکردنی سندوقێک لەلایەن حکومەتەوە، بۆ پێدان و بەخشینی قەرزی ماوە درێژ بەو گەنجانانەی خاوەن پرۆژەی داهێنەری بچوک و مامناوەندی تایبەت بەخۆیانن، لەپێناو ئەوەی لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خزمەت بەکۆمەڵگا بکەن لەداهاتودا. 2.    فەراهەمکردنی ئازادی بازار، بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت و بزنسی بچکۆلە بتوانن دور لەدەستێوەردانی حزبی و شەخسی دەسترۆیشتو کاربکەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن و ئیش بکەن. 3.    بەدیهێنان و کارکردن بنەماکانی سەروەری یاسا، بەجۆرێک کەهەموان دور لەدەسەڵاتی حزب و بەرپرسان، لەبەردەم یاسادا یەکسان بن و هەموان هەست بکەن بەوەی یاسا شکۆو کەرامەت و مافەکانیان دەپارێزێت. 4.    بە هێزکردن و ریفۆرمکردنی کەرتی پەروەردە، بەجۆرێک کەبتوانێت خوێندکاری داهێنەر و بەتوانا دروست بکات. تا لەبواری بازارو کەرتی گشتی و تایبەتیدا بتوانێت خزمەت بکات و خۆی بدۆزێتەوە. 5.    ریفۆرمکردن لەکەرتی تەندروستی و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لەکاتی پێویستدا ناچار نەبن پەنا ببەنە بەر وڵاتانی دەرەوەو وڵاتانی دراوسێ. 6.    بنبڕکردن و کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی و یەکسانی لەدابەشکردنی سەروەت و سامانی گشتی و بەکارهێنانی داهاتی وڵات بۆ خزمەت و سودی گشتی، لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی. 7.    زیادکردنی خەرجیەکانی حکومەت بۆ بوژاندنەوەی بازارو  پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازیدا.  8.    دروستکردنی سوپایەکی نیشتیمانی و بەدامەزراوەیکردن و بەنیشتیمانسازی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومرانی، لەپێناو دروستکردنەوەو گێرانەوەی متمانەو وەلائی هاوڵاتی بۆ کوردستان. 9.    فراوانکردنی پانتایی ئازادییە گشتییەکان و مسۆگەرکردنی ئازادی تاک و دەبڕینی رای ئازاد و بەدیهێنانی بنەماکانی دیموکراسیەت. 10.    هاندانی کەرتی تایبەت لەلایەن حکومەتەوە بۆ پلانی ستراتیجی مامناوەند و درێژخایەن  بۆ ئەوەی هەلی کار دروستبکرێت  11.    ئەولەیەت دان بە دەستی کاری ناوخۆی هەرێم، لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان کەلە ناخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. 12.    فەراهەمکردنی کەشێکی دیموکراسی لەهەرێمدا، کەهاوڵاتی تیایدا لانی کەم هەست بەئەمان و کەرامەتی خۆیی و دادپەروەری و سەقامگیری و ئارامی و دڵنیای بکات، هەست بکات کەماف و ئازادییەکانی پارێزراون، ئەمەش لەپێناو دروستبون و گێرانەوەی متمانەو وەلائی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ نیشتیمان و خاکەکەیان.    سەرچاوەکان 1.    نەوشیروان مستەفا، بەرنامەی روبەرو، کۆچ لەهەرێمی کوردستان، کەناڵی کەی ئێن ئێن. ساڵی ٢٠١٠.  2.    هەڵمەت محەمەد، دەسەڵاتی قوڵ... نمونەی دۆخی هەرێمی کوردستان، ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، ٢٠٢١. 3.    دەزگای لوتكە بۆكاروباری ئاوارەو پەنابەران، سایتی ئەلیکترۆنی: https://www.lutka.org/?page_id=3490&lang=ku 4.    جۆرەکانی کۆچ، سایتی ئەلکترۆنی: https://zaniary.com/blog/60ddb67409d76/%D8%AC%DB%86%D8%B1%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%DA%A9%DB%86%DA%86 5.    أنواع الهجرة، الموقع الکترونی: https://mawdoo3.com/%D8%A3%D9%86%D9%88%D8%A7%D8%B9_%D8%A7%D9%84%D9%87%D8%AC%D8%B1%D8%A9 6.    ما هي أنواع الهجرة، الموقع الکترونی: https://www.almrsal.com/post/960761 7.    مهاجرت؛ عوامل و انواع آن، سایت: https://morr.gov.af/sites/default/files/2021-02/%D9%85%D9%87%D8%A7%D8%AC%D8%B1%D8%AA%D8%9B%20%D8%B9%D9%88%D8%A7%D9%85%D9%84%20%D9%88%20%D8%A7%D9%86%D9%88%D8%A7%D8%B9%20%D8%A2%D9%86.pdf 7. Migration, at the site: https://www.un.org/en/global-issues/migration 8. Human migration, at the site: https://www.wikiwand.com/simple/Human_migration  


درەو: لەدوای بونیادنانەوەی عێراقی نوێوە, پێکهێنانی حکومەتە یەک لەداوای یەکانی عێراق لە دەرەوەی خواستی دەنگدەران و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان پێکهێنراوە، گەورەترین قۆسپ و لەمپەرەکانیش بریتبوونە لە بەشبەشێنەی تائیفی و دەستێوەردانی دەرەکی و ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکان بە پێکێنانی حکومەتی بنکە فراوان و بەشدارپێکردنیان لە کێکێکی دەسەڵات و بەکارهێنانی هێزی چەک و پارە... ئەنجامی هەڵبژاردن 1.    کوتلەی سەدر کە موقتەدا صەدر سەركردایەتی دەكات پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە بە بردنەوەی (73) كورسی. 2.    لە پلەی دووەمدا هاوپەیمانی (تەقەدوم) بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی دێت بە بەدەستھێنانی (37) كورسی.  3.    (دەوڵەتی قانون) بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی بە پلەی سێیەم دێت كە (34) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 4.    پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی (32) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 5.    کوتلەی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر (20) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 6.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەرچی لە هاوپەیمانیدا بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەڵام بەتەنها (17) کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 7.    هاوپەیمانی فەتح کە ڕابەرایەتی باڵی ساسی حەشدی شەعبی دەکات لە عێراقدا بە سەرۆکایەتی هادی عامری، وەک لایەنێکی دۆڕای هەڵبژاردن دێتە هەژمار  تەنها (16) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 8.    حەرەکەی ئیمتیداد بە سەرۆکایەتی عەلا رەکابی (10) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 9.    جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید (9) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 10.    ئەشراقی کانون (6) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 11.    یەکگرتووی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی سەلاحەدین بەهادین (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 12.    هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و هاوپەیمانی حەیدەر عەبادی (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 13.    کوتلەی بابلیون (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 14.    کوتلەی تەسمیم (3) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. 15.    سەرجەم لایەنەکانی دیکە بە کاندیدە سەربەخۆکانیشەوە (51) كورسی گشتی  پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. 16.    پێکهاتەکانیش (9) كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. ئەوەی تێبینی دەكرێت لەم هەڵبژاردنەدا پێکهاتەکانی شیعە و سونەو کورد دابەشبوونی قوڵ لە نێوانیاندایە و شیعەکان بە زیاتر لە چوار هاوپەیمانی و سونەکانی بە دوو هاوپەیمانی کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كردووە. ئەم دابەشكاریە لە نێوان لایەنەكان بەگشتی بووە بەهۆی ئەوەی هیچ لایەن و هاوپەیمانێتییەک نەتوانێت بەتەنها  دەنگی پێویست بهێنت بۆ پێكهێنانی حكومەت.  ڕێ و شوێنە دەستوری و یاسایەكانی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق 2005، لە مادەی (76)دا کە ڕێوشوێنە دەستوریەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستنیشان کردووەو تێیدا هاتووە: یەکەم: سەرۆک کۆمار کاندیدی ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیەی زۆرترین ئەندامی هەیە ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژ لە بەرواری هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆمار. دووەم: سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان دیاریدەکات لەماوەیەکی دیاریکراودا بەمەرجێک لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەکات لەبەرواری ڕاسپاردنیەوە.  سێیەم: ئەگەر سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو نەیتوانی لەو ماوە دیاریکراوەی لە بەندی دووەمی ئەم مادەیەدا ئاماژەی پێکراوە حکومەت پێک بهێنێت، ئەوا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی پازدە ڕۆژدا. چوارەم: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران. پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی ڕەها ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکە بە یەکەی وەزیرەکان و بەرنامەی حکومەت، ئەوە مانای ئەوەیە متمانە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران. پێنجەم: ئەگەر متمانە نەدرا بە حکومەت، ئەوا لەماوەی پازدە ڕۆژدا سەرۆک کۆمار کەسێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەپێی ئەم ڕێ و شوێنە دەستوریانە بێت دەبێت (کوتلەی سەدر) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر كە زۆرترین كورسی پەرلەمانی بردووەتەوە ڕابسپێرێت لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەڵام لە بواری كرداریدا کوتلەی سەدر ئەگەرچی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە وەك گەورەترین هاوپەیمانی دانانرێت، چونکە بەپێی تەفسیری دادگای باڵای عێراق لە ساڵی 2010 بۆ بڕگەی یەكەمی مادەی (76) هاتبوو.  دادگای باڵای عێراقی لەسەر بنەمای داوایەکی لیستەکەی نوری مالیکی چەند ڕۆژێک پێش ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2010، ڕاگەیاند "گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێدەسپێرێت دەکرێت هاوپەیمانی ئینتیخابی بێت یان هاوپەیمانیەک بێت کە دوای هەڵبژاردن دروست دەکرێت". ئەم تەفسیرە ڕێگەی خۆشکرد بۆ مالیکی کە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکان بوو بە (89) کورسی لە دوای لیستی عێراقیە دەهات کە (92) کورسی پەرلەمانی هەبوو بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، هەربۆیە مالیكی بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لە دوای هەڵبژاردنەكان نەیهێشت لیستەكەی عەلاوی حكومەتی عێراق پێكبهێنێت. لەبەرئەوە مالیكی لەسەر بنەمای تەفسیرەكەی دادگای باڵای عێراق بۆ بڕگەی یەكی مادەی (76) توانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دروست بكات لە دوای هەڵبژاردنەكان لەكاتێكدا براوەی دووەم بوو بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی 2010.   ئەم لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ئێستاش ڕاستەو ئەگەر چی بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 10/10/2021 کوتلەی سەدر بە بردنەوەی (72) کوردسی لە پێشەوەی هەموو لایەنەکانە بەڵام بەم دەرەنجامە ناتوانێت گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دروست بکات کە پێویستی بە (165) دەنگی نێو پەرلەمانی عێراق هەیە هەر بۆیە دەکرێت جگە لە (کوتلەی سەدر) هەرهێزێکی دیکە ئەو ژمارە دەنگە کۆبکاتەوە لە پەرلەمان ڕادەستپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەڵام پێشهاتێکی نوێی یاسایی هاتووەتە پێشوو بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی 2020 لە ماددەی (45)دا هاتووە "هیچ ئەندامێکی پەرلەمان یان حیزب یان قەوارەیەکی تۆمارکراو بە لیستی کراوەو براوەی هەڵبژاردنەکان مافی ئەوەی نییە پێش پێکهێنانی حکومەت و دوای هەڵبژاردنەکان ڕاستەوخۆ بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتییەک یان حیزب یان قەوارەیەک یان لیستێکی دیکەوە، ئەمە ڕێگر نیە لەبەردەم قەوارەی کراوەو قەوارەی تاکەکەسی، کە لەپێش هەڵبژاردن تۆمار کراون، لەدوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستەکانی دیکەدا پێکبهێنن". لەگەڵ ئەوەی ئەم دەقە گفتوگۆیەکی لای یاساناسان دروستکردووە بەڵام بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەمە بۆ کەموکورتی یاسای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوەو ئەم دەقە پێچەوانەی دەستوورە، بۆیە ئەولەوییەت بۆ جێبەجێکردنی دەستوورە. هەڵبژاردن لە دۆڵێک و پێکهێنانی حکومەت لە دۆڵێکی تر بەشێوەیەکی گشتی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا گۆڕانکاری و هێنانە پێشەوەی خوێن و بیر و تواناو لێهاتوویی نوێیە، بۆ نێو پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی کە دەرەنجامەکەی لە پەرلەمان و پێکهێنانی کابیەنەی نوێ حکومەتدا ڕەنگدەداتەوە، بەڵام لە عێراقدا بەردەوام دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن لە دۆڵیک و پروسەی پێکهێنانی حکومەت و کابینەکان حکومەت لە دۆڵێکی تربوون، زۆرینەی جار براوەکانی هەڵبژادن حکومەتیان پێکنەهێناوەو کەمینەکانیش نەیانتووانیەوە ببن بە ئۆپۆزسیۆن، نەک تەنها ئۆپۆزسیۆن لەدەرەوەی حکومەت بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیش دروست نەبووە، کە ئەمەش لە بەهای پەرلەمان کەمدەکاتەوە بەتایبەت لە ڕووی چاودێری و ئەدائی حکومەتی عێراق. بۆیە بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کابینە وزارییەکانی عێراق نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی وڵات ناکات و نەیکردووە، هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ لاوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێکی دیکەشیان ئاماژە بۆ قۆرت و لەمپەری گەورەتر دەدەن، کە سەرەتاکەی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی بونیادناوەی عێراقی پاش 2003، گرنگترین ئەو ئاستەنگانەش بریتین لە؛ یەکەم: بەش بەشێنەی تائیفی و پێکهاتەیی: بەش بەشێنەی سیاسی جیاوازە لە بەش بەشێنەی تائیفی، چونکە ئەوەی یەکەمیان گوزارشتە لە ئەنجامی هەڵبژاردن و خواستی دەنگدەران و ئەوی دووەمیان پەیوەندیدارە بە پێکهاتەکانەوە، بۆیە ئەگەر گریمان یەکێک لە پێکهاتەکان بایکۆتی پرۆسەی سیاسی دەکەن یان نوێنەریان بەشدار نەبێت لە حکومەتی عێراقدا، ئەوا هیچ کات نوێنەری پێکهاتەکانی دیکە لە حکومەتدا گوزارشت لەو پێکهاتەیە ناکات و نابنە نوێنەری عێراقییەکان (باشترین نمونەش ئەو بایکۆتە بوو کە سونەکان لە ساڵی 2005 کردیان و جارێکی دیکە ئەو ژەهرە ناخۆنەوە)، بەمانایەکی دیکە پێکهاتەی شیعە لەگەڵ ئەوەی گەورەترین پێهاتەی عێراقە بەڵام نوێنەریان نانێرنە حکومەت و دامەزراوە سیادییەکان ئەگەر لەسەربنەمای گوێرایەڵی و دڵسۆزی بۆ خزمەتی پرۆژەی تائیفی و پێکهاتەی شیعە نەبێت لە عێراقدا.  دووەم: دەستتێوەردانی دەرەکی: لەگەڵ ئەوەی هەڵبژادنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و لیست و کوتکە و پارت و قەوارە سیاسییەکان بەشداری دەکەن و بەشێکیان دەیبەنەوەو بەشێکیشیان دەدۆڕێن یان پاشەکشە دەکەن لە کورسییەکانیان، بەڵام پێکهێنانی کابینە حکومییەکان هەرگیز لەلایەن براوەکانی هەڵبژاردنەوە پێکنەهێنراوە، ئەگەر هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی ڕەزامەند نەبووبن، یان کەسانێک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە کەمەترین کورسی پەرلەمانیان هەبووە. بۆ نیشاندانی ئەم ڕاستییەش دەرەنجامی هەڵبژاردنی 2010 بردنەوەی لیستی عێراقییە بوو بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، بەڵام نوری مالیکی حکومەتی پێکهێنا. هەروەها لە ساڵی 2014 دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی براوەی هەڵبژاردن بوو کەچی حەیدەر عەبادی حکومەتی دروستکرد. بەهەمان شێوە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 هاوپەیمانی سائیرون بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر براوەی یەکەم بوو، بە دەستێوەردانی دەرەکی عادل عەبدولمەهدی کرا بە سەرۆک وەزیران و دوای لابردنی ئەویش مستەفا کازمیان هێنا کە خاوەنی هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانی ئەوتۆ نەبوون لە ئەنجومەنی نوێنەران.   سێیەم: دروستکردنی حکومەتی بنکەفراوان: لەپاش پرۆسەی ئازدای عێراقەوە بە بیانووی سازان تەوافوقەوە حکومەتیان لەسەر کۆمەڵێک بنەماو هۆکار دامەزراندووە، بۆ نمونە لە ساڵی 2005 ەوە پۆستی سەرۆک وەزیران لای پێکهاتەی شیعەو سەرۆکی پەرلەمان لای پێکهاتی سونەو سەرۆک کۆمار لای پێکهاتەی کورد بووە.  سەرەڕای ئەودابەشکرییە پێش وەختەی پۆستە سیادییەکان، سەرباری ئەوەش لایەنە سیاسییەکانی عێراق، حکومەت وەک کێکێکی گەورە دەبینن و هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانیە لەپێناو دەستڕاگەیشتن بەو کێکی حکومەتە، جا باجەکەی هەرچییەک بێت و بەبێ لەبەچاوگرتنی ئەوەی کێ سەرۆک وەزیرانەو بەرنامەی حکومەت چییە و چی تێدایە بۆ خەڵک و هاوڵاتیان و دەنگدەرانی عێراقی. (بۆ نمونە ئیسلامییەک ڕازییە لە حکومەتێکدا بێت سەرۆکەی شیوعی بێت بەرنامەی حکومەت لەسەر بنەمای تیۆرە مارکسییەکان بێت یان هەر بەرنامەیەکی شیوعیانەبێت. هەر وەک چۆ شیوعییەک بەشداری لە حکومەتێک دەکات کە سەرۆکەکەی تائیفییەکی ئیسلامی بێت و بەرنامەکەی بەرنامەیەکی تائیفی بێت) هەر بەم بۆنەیەشەوە هەر لەسەرەتاوە حکومەتێک دروست دەبێت لەناوخۆیدا پڕە لە دژیەکی لەڕووی فیکر و سلوکی سیاسییەوە. تەنها خاڵێک کۆیان بکاتەوە کێکی حکومەت و هاوبەشییە لە گەندەڵیدا. نوێترین پێشهات و زیندووترین نمونەش لەم بارەیەوە بە ئامانج گرتن و موشک بارانکردنی ماڵی (سەرۆک وەزیرانی عێراق – مستەفا کازمی) یە لە 7/11/2021، کە تا ئێستا پەنجەی تۆمەت ڕووی لە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنی 10/10/2021 ەوە، هێزە دۆڕاوەکان ئەوەیان پێ قبوڵ ناکرێت لەو کێکی حکومەتە بێبەش بن و ملی ئۆپۆزسیۆنی بگرن. چوارەم: مەرجەعەیەتی ئاینی: لەگەڵ ئەوەی سیستمی سیاسی لە عێراقدا سیستمێکی پەرلەمانییە، بەڵام سیستمی تائیفی و دینی تێدا سیستمێکی زاڵە، ئەم سیستمە ئاینی و مەرجەعییە لە عێراقدا بووە بە هێڵی  سورو ڕێگە بەهیچ کەس نادرێت پۆستی حکومی بەتایبەت پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت تەنانەت زۆرترین دەنگی خەڵک و زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەدەست بهێنێت ئەگەر پاڵپشتی مەرجەعییەت بەدەست نەهێنێت. بۆیە هۆکاری ئاینی یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرەکییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێ دۆڕاوو کێ براوەی هەڵبژاردنە. ئەمەش ڕاستییەکی ئاشکراو ڕوونە بۆ ئەوانەی چاودێری دۆخی عێراق دەکەن و بەهیچ شێوەیەک نکۆڵی لەم هۆکارە ناکرێت. پێجەم: هێز: لەپاڵ ئەو هۆکارانەی سەرەوە چەند هۆکارێکی دیکەش پەیوەندیدارن بە شێوازی پێکهێنانی حکومەتەوە لە عێراق، یەکێک لەو هۆکارانەش بوونی هێزی چەک و پارەیە لای بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان، جا بەشداریپێکردنیان بێت بە زەبری هێزی یان کڕین و فرۆشتن بێت بە پۆست و پلە باڵاکانی دەوڵەتەوە.   سەرچاوەکان -    دەستوری هەمیشەیی عێراق. -    کومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی بەرایی هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. -    یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020. -    حسین صالح السبعاوی، تداعیات تشكیل الحكومە العراقیە؛ https://rasammerkezi.com/estimate-position/9289/ -    الكتلە اڵاكبر فی البرلمان العراقی.. جدل قانونی وصراع سیاسی؛ https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1471173-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%AA%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%83%D8%A8%D8%B1--%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B1%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A-%D8%AC%D8%AF%D9%84-%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86%D9%8A-%D9%88%D8%B5%D8%B1%D8%A7%D8%B9-%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D9%8A  


راپۆرت: درەو وەفدی پارتی بەر لەوەی بگاتە بەغداد بۆ دانوستان لەبارەی پێکھێنانی حکومەت، سەردانی تارانی کردووەو لەوێ ئیسماعیل قائانی بینیوە، ئێرانییەکان تائێستا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەدۆزیوەتەوە، لە کێشەکانی ناو یەکێتی بێئومێدبوون، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دانوستانی پێش ئەنجام ھێشتا دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەسەند نەکردووە، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردووە. سەدر ئێوارەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو گەیشتە بەغدادو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی یەکەمین ھێزی براوەی سوننەکان و دووەم گەورە براوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆبووەوە. دواترو بە جیاجیا لەگەڵ عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی و وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان دیداری کرد، بەڵام ھیچ یەکێک لە ھێزە شیعە ناڕازییەکانی ناو "چوارچێوەی ھەماھەنگی"ی نەبینی، ئەمە لە حاڵێکدایە کوردو سوننە چاوەڕێن سەدر سەرەتا پرسی پێکھێنانی حکومەت و کاندیدی سەرۆک وەزیران لەناو ماڵی شیعەو لەگەڵ ئێرانییەکان یەکلا بکاتەوەو دواتر لەگەڵ ئەماندا دەست بە دانوستان بکات. ئێران ھۆشداری بە پارتی و یەکێتی دەدات ! بەپێی ئەو زانیارییانە کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لەناو پارتی و یەکێتی دەست (درەو) کەوتووە، بەمدواییە وەفدێکی ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووەو لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا کۆبووەتەوەو داوای لێکردوون پەلە نەکەن لە بڕیاردن بۆ گرێدانی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکی شیعەی عێراق، لەمەشدا بە دیاریکراوی مەبەستیان لە موقتەدا سەدر بووە کە وەکو براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن دەیەوێت لە دەرەوەی ئیتیفاقی ناو ماڵی شیعە کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی نوێی عێراق لەگەڵ حەلبوسی و پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بکات و بە فەرمی مافی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت وەربگرێت. وەفدی پارتی لە تاران بووە چەند رۆژێکە وەفدێکی پارتی بە سەرۆکایەتی ھۆشیار زێباری بەسەردانێک لە بەغدادەو دەستی بە گفتوگۆکردن کردووە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان. سەرچاوەیەکی باڵا لەناو پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، وەفدی پارتی بەر لەوەی سەردانی بەغداد بکات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو سەردانی تارانی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، وەفدەکەی پارتی کە سەردانی تارانی کردووە پێکھاتووە لە ھەریەکە لە (ھۆشیار زێباری، فازل میرانی، رێبەر ئەحمەد، پشتیوان سادق)، لەوێ چاویان بە (عەلی شەمخانی) سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و وەزیری (ئیتڵاعات) کەوتووە. کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق یەکەمین کابینەیە کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی دروست دەکرێت، یەکڕیزی ماڵی شیعە گەورەترین گرەوە لەبەردەم ئەو تیمە نوێیەی ئێران کە لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە لە عێراق دەستبەکاربوون، ئەمە لەکاتێکدا روودەدات ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەمجارە لە بەرژەوەندی ئەمریکییەکانەو ھێزەکانی نزیک لە ئێران ژمارەی کورسییەکانیان پاشەکشێی گەورەی کردووە، بۆیە رەنگە ئەمجارە ئێرانییەکان لە پێناو دڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناو ماڵی شیعەی عێراق، فشاری زیاتر لە کوردو سوننە بکەن. ئێران پشتیوانی بەرھەم ساڵح دەکات ! ئێرانییەکان لەکاتێکدا ھێشتا نەیانتوانیوە سەدر لەگەڵ مالیکی و ھادی عامری بگەیەننە رێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارن. بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە لەناو یەکێتی دەست (درەو) کەوتوون، ئێرانییەکان نیگەرانن لە بارودۆخی ئێستای ناو یەکێتی، سەرباری ئەوەی لە کێشەی نێوان ھاوسەرۆکەکاندا پاڵپشتی بافڵ تاڵەبانی دەکەن، بەڵام ناڕازین لە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی. یەکێک لەو بەرپرسانەی بەمدواییە ئێرانییەکانی بینیوە بە (درەو)ی وت، ئێرانییەکان بە ئاشکراو بە ئاگادری پارتی پاڵپشتی لە دانانەوەی بەرھەم ساڵح دەکەن لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لەمەش زیاتر ھەوڵیانداوە بەرھەم ساڵح لە کێشەی نێوان لاھور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیدا بکەن بە سکرتێری یەکێتی، رەنگە ئەمە ھۆکارە سەرەکییەکە بوبێت کە بافڵ تاڵەبانی بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی بەرھەم ساڵح، بە پەلە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی ئیمزا کردووە. ئەوانەی ئێرانییەکانیان بینیوەو گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون دەڵێن ھەردوو خەتی (سوپا)و (ئیتڵاعات) بۆچونیان لەسەر دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار باشە، ھۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ خراپی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە لای ئێرانییەکان کە وەکو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ناویان دەھێنرێت. بەمدواییە بەرھەم ساڵح دەیەوێت بارودخەکە بەتەواوەتی بۆ خۆی خۆش بکات، نەک ھەر ئێرانییەکان کە ماوەیەکی زۆرە پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵیاندا ھەیە، پارتیش وەکو ھێزی یەکەمی ھەرێمی کوردستان قایل بە دانانەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆمار بکات. بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا مەسعود بارزانی ئەمجارە تۆڵەی گەمەی ٢٠١٨ی لێ بکاتەوە کە لە دەرەوی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت، وا دەردەکەوێت بەم سەردانانەی ئەمدواییە بۆ ھەولێر کردویەتی، بەرھەم ساڵح تاڕادەیەک بارزانی قایل کردبێت. ئەمڕۆ وەفدی پارتی کە ھۆشیار زێباری سەرۆکایەتی دەکات، بەپێچەوانەی سەردانەکەی پێشتر بۆ بەغداد، سەردانی بەرھەم ساڵحی کرد، پارتی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بوو لە یەکێتی، بەڵام (درەو) زانیویەتی ئێرانییەکان پەیامیان بە پارتی داوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار ھێشتا ھەر پشکی یەکێتی و لای یەکێتی دەمێنێتەوە، بەڵام پارتی دەتوانێت قسەی لەسەر کاندیدەکە ھەبێت. لەناو یەکێتیش رەنگە کوڕانی تاڵەبانی بۆ دورخستنەوەی لە کاروباری حزبی و خۆلادان لە فشارەکانی ئێران، قایل ببنەوە بە دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار، بەتایبەتی ئەگەر ئێرانییەکان لە چەند رۆژی داھاتوودا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەست نەکەوێت.


راپۆرت: درەو نزیكەی چوار دەیە لەمەوبەر خڕی ناوزەنگ پێی دەوترا "دۆڵی ئەحزاب"، هەر حزبێك خێمەیەكی لە دۆڵەكەدا هەڵدابوو، ئەم رۆژانە سلێمانی خەریكە دەبێتەوە بۆ دۆڵی ئەحزاب، بەڵام لەبری خێمە  ئەمجارە بارەگای نوێ دروست دەكرێت، لەناو یەكێتی‌و گۆڕان‌و شەقامی ناڕەزاییەوە هەوڵی دامەزراندنی چەند حزبێكی سیاسی نوێ دەستیپێكردووە، لەكاتێكدا لەدواین هەڵبژاردندا تەنیا 27%ی دەنگدەرانی سلێمانی دەنگیان بە حزبەكان داوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدایە. دۆڵی ئەحزاب كۆتایی حەفتاكان‌و سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو، كە خومەینی لە ئێران جیهادی دژی كورد راگەیاند، ناوچە سنورییەكانی نێوان باشوور‌و رۆژهەڵاتی كوردستان بوو بە شوێنی كۆبونەوەی بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵات‌و باشوورو تەنانەت باكوری كوردستانیش. ئەم ناوچەیە ئەو سەردەمە ناوی لێنرابوو "دۆڵی ئەحزاب"، ئەم دۆڵە لە "توژەڵە"و درێژ دەبووەوە بۆ ناوزەنگ‌و زەڵێ‌و شێنێ، حزبەكان لەم دۆڵەدا‌و لە نزیك یەكتر هەریەكەیان خێمەیەكیان هەڵدابوو، ئەم دۆڵە ناوچەی رزگاركراوی باشوری كوردستان بوو، یەكێتی نیشتمانی کوردستان تێیدا باڵادەست بوو. مام جەلال هەموو دۆستەكانی خۆی لە عێراق‌و رۆژهەڵاتی كوردستان بانگهێشتی ئەم دۆڵە كرد، ئەوانەی ئەو سەردەمە لەم دۆڵەدا خێوەتیان هەڵدا بوو بریتی بوون لە حزبی شیوعی عێراق، حزبی سۆسیالیست دوای جیابونەوەی لە یەكێتی، حزبەكەی مامۆستا شێخ عیزەدین "دەفتەری شێخ عیزەدین"، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، حزبی دیموكراتی كوردستان، چریكی فیدایی، رەنجبەران، چەند حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەگەڵ پارتی (ئاڵای رزگاری)ی باكوری كوردستان.   دوای دانوستانی یەكێتی لەگەڵ بەعس لە 1984 كە ناولا لێنرا "مفاوەزات"، یەكێتی بارەگای سەركردایەتی خۆی گواستەوە بۆ دۆڵی جافایەتی، جارێكی تر ئەم دۆڵەش بووەوە بە "دۆڵی ئەحزاب"، موجاهیدنی خەڵق‌و چریكی فیدایی‌و دیموكرات‌و كۆمەڵە وەكو ئەحزابی ئێران‌و رۆژهەڵاتی كوردستان لەم ناوچەیە لەگەڵ هێزەكانی باشووری كوردستان كۆبونەوە.  دۆڵی جافایەتی كە ببوە بە "دۆڵی ئەحزاب" لە كارێزەو گاپیڵۆنەوە دەستپێدەكات بۆ مالومە‌و یاخسەمەرو سەرگەڵو و بەرگەڵو و گەڕەدێ، مام جەلال نەك هەر بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، تەنانەت بارەگای بۆ كۆماری ئیسلامیش لەناوچەكە بونیادنابوو. رزگار رانگور یەكێك لە پێشمەرگەكانی ئەو سەردەمە، لە یادەوەرییەكانی خۆیدا بەمشێوەیە باسی بارودۆخ ساڵی 1985ی دۆڵی ئەحزاب لە ناوچەی جافایەتی دەكات:" دەیان بارەگای  حیزب و پارتەكانی ئێران لەم دۆڵەدابوون. چەند  جۆر لە (چریكی فیدای، كۆمەڵە، دیمكرات، سازمانی خەبات، ڕاهی كارگەر... هتد بونی هەبوو.. لەم دۆڵەدا خەڵكانێكی زۆر هەواریان هەڵدابوو زۆركەس سەربازی هەڵاتووی جەنگ بوو یان لەچونیان بۆ ئەوروپاو مانەوەیان لە هۆردوگاكانی ئێران‌و بێهیوابوون لە گەشتكردن بۆ ئەوروپا، ئیتر بەهەر هۆیەك بێت  گەڕابونەوە گوندەكان‌و ناوچە ئازادكراوەكان كە جاران وامان ناونابوو، لە چاوەڕوانیدا ژیانیان دەكرد.. هەر لەنزیك گاپیڵۆن، جارێك لە بارەگایەك چریكەكان لەگەڵ یەكدا لێیان بوە شەڕ، لەچاوتروكانێكدا چەند كەسیان لەیەك كوشت، منیش چوم بۆ ئەو بارەگایە تا جیایان كەینەوەو شەڕەكە درێژە نەكێشێت، یەكێك لە چریكەكان مەغزەنەكەی فیشەكی گڕداری تێدابوو  بەلەشیا تەقیبۆوە ناوسكی هاتبۆ دەرەوە. شەڕەكەیان لەسەر ئەوەبوو داخۆ یەكێتی سۆڤیەت سۆسیالیستە یان نا ؟"  سلێمانی دەبێت بە دۆڵی ئەحزاب ؟ لەدوای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی‌و دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا، سلێمانی بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە دۆڵی ئەحزاب، هێزە سیاسییەكانی ئەم ناوچەیە رۆژ لەدوای رۆژ پەرتتر دەبن‌و هێزی سیاسی نوێ دادەمەزرێت:  لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، چەند هێزێكی سیاسی تر لە سنوری سلێمانی دامەزرێندراون، لەوانە: •    تەڤگەری ئازادی كە هێزێكی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستانە‌و لە ساڵی 2014 لە سنوری سلێمانی دامەزرێندراوە. •    جوڵانەوەی نەوەی: ساڵی 2018 شاسوار عەبدولواحید دایمەزراند.  •    هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی: ئەم حزبە ساڵی 2018 بەرهەم ساڵح دوای جیابونەوەی لە یەكێتی دروستیكرد، بەرهەم ساڵح هەمان ساڵ وازی لە حزبەكەی هێنا‌و گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی. •    هاوپەیمانی نیشتمانی: ئەم حزبە لەسەر داروپەردوی حزبەكەی بەرهەم ساڵح لەلایەن (ئارام قادر)ەوە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018دا دروستكرا. •     بزوتنەوەی چاكسازی نیشتمانی: ئەم حزبە لە ساڵی 2019 لەلایەن كۆمەڵێك بەرپرسەوە دروستكرا كە لە حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان جیابونەوە.  ئێستا سلێمانی ژانی لەدایكبوونی ژمارەیەك پارتی سیاسی نوێ گرتویەتی، رەنگە هێشتا هیچ یەكێك لەو پارتە سیاسییانەی دروستكراون، تینیوێتی خەڵكی سنورەكەی بۆ حزب‌و كاری سیاسی نەشكاندبێت، لە دیوێكیدا ئەگەر ئەمە گەشەكردنی فرەحزبی بێت لەم سنورە، بەدیوەكەی تریدا لاوازبوونی پێگەی یەكێتی نیشتمانییە وەكو حزبی دەسەڵاتداری ئەم سنورە، هەندێك زیادبوونی گروپ‌و حزبە سیاسییەكان لەم سنورە وەكو ئاماژەكانی كۆتاییهاتنی هەژمونی یەكێتی وێنا دەكەن.   یەكێتی نیشتمانی وەكو هێزی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیە ماوەی نزیكەی چوار مانگە بە قەیرانێكی ناوخۆیی قوڵدا تێدەپەڕێت، لەدواین هەنگاودا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیارێكی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەسەندكرد بۆ دەركردنی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەی تری یەكێتی لەناو حزبەكە، ئەم بڕیارە ئەگەر وەكو خۆی تێپەڕێت‌و لە سەركردایەتی یەكێتیش پەسەند بكرێت، جگە لە دروستكردنی ئاڕاستەیەك لەناو یەكێتی یان لە دەرەوەی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی هیچ رێگەچارەیەكی لەبەردەمدا نامێنێتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەدوای كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیانەوە كە لە دوا رۆژەكانی 2019 بەڕێوەچوو، بانگەشەی بەهێزكردنەوەی دەڤەرەكەیان‌و كۆكردنەوە‌و گێڕانەوەی حزبە سیاسییەكانی ئەم سنورەیان دەكرد بۆ ناو یەكێتی، لەمبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی قسەیەكی هەبوو كە دەیوت " هەمویان دێنەوە ناو خۆمان !".  بزوتنەوەی گۆڕانیش كە مەڵبەندە سەرەكییەكەی شاری سلێمانییە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕێوەچوو، روبەڕووی شكستێكی گەورە بووەوە‌و هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەست نەهێنا، ئەمە بزوتنەوەكەی روبەڕووی دابەشبونێكی نوێ كردوەتەوە، لە دوو ئاڕاستەوە ناڕەزییەكانی ناو گۆڕان سەرقاڵی تاوتوێكردنی دروستكردنی حزب یان گروپ و لیستی هەڵبژاردنی نوێن، ئاڕاستەیەك بریتین لەو بەرپرسانەی حزب كە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە لە بزوتنەوەكە جیابونەتەوە (عوسمان حاجی مەحمود)، ئاڕاستەكەی تر ئەوانەن كە بەمدواییە ناڕازیبوون لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەكە (پەرلەمانتارانی بەغدادو پەرلەمانی كوردستانی و بەشێك لە ناڕازیەكانی بزوتنەوەكە).  لەنێوان ئەم ئاڕاستە جیاوازانەدا گفتوگۆ هەیە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی، بەڵام گفتوگۆكان بە ئەنجام نەگەیشتوون، ئەگەر ناڕازییەكانی ناو یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان نەگەنە ئەنجام‌و هەریەكەیان پارتێكی سیاسی بۆ خۆی دروست بكات، سلێمانی دەبێت بە "دۆڵی ئەحزاب". ئەم جموجوڵانە لەكاتێكدا روودەدەن، كە پەرلەمانی كوردستان دەستی بە گفتوگۆكردن كردووە لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان‌و بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە فراكسیۆنەكان راوبۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنەكەوە بخەنەڕوو.  ئەگەر لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، دەبێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30ی ئەیلولی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبێت، قسەوباسەكان ئێستا بەو ئاڕاستەیەك كە بۆ یەكەمینجار لە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی عێراق گۆڕانكاری لە سیستمی هەڵبژارادندا بكرێت‌و كۆتایی بە شێوازی "یەك بازنەیی" بهێنرێت‌و هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنە لەسەر ئاستی چوار پارێزگاكەی هەرێم بەڕێوەبچێت، ئەگەر شێوازی فرەبازنەیی جێگیر بكرێت، ئەو حزبە سیاسییە نوێیانەی لە سلێمانی دروست دەبن، هەر لەچوارچێوەی سنوری سلێمانیدا دەمێننەوە‌و ناتوانن بپەڕنەوە بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك.  بۆچی سلێمانی ؟ ئەوەی سەرەنجی ئەم ئاڕاستانەی راكێشاوە بۆ دروستكردنی حزبی سیاسی نوێ لە سلێمانی، ئەو دەنگە ناڕەزایەتییە فراوانەیە كە لەم ناوچەیە هەیە‌و تائێستا هیچ هێزێكی سیاسی نەیتوانیوە كۆیان بكاتەوە.  لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە بەر لە مانگێك بەڕێوەچوو، ئاستی بەشداری دەنگدەران لە سلێمانی 42% بوو، واتە لە كۆی (ملیۆنێك‌و 425 هەزار) دەنگدەری ئەم سنورە، نزیكەی (600 هەزار) كەس چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و لەم ژمارەیەش تەنیا (390 هەزار) كەسیان دەنگیان بە كاندیدی حزبە سیاسییەكان داوە‌و ئەوانەی تر دەنگەكانیان سوتاندووە، واتە بە گشتی لە سنوری سلێمانی رێژەی 27%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، دەنگیان بۆ حزبە سیاسییەكان داوە‌و رێژەی 73% دەنگیان بە حزبەكان نەداوە، ئەم ئامارانە بۆ هەر كەسێك كە خەونی سیاسی هەبێت، لەبارە بۆ دروستكردنی حزبی نوێ.  وردبوونەوەی حزبەكانی سنوری سلێمانی بۆ چەندین حزب‌و گروپی تر، دەنگ‌و كورسییەكانی ئەو حزبانە دابەشدەكات، ئەگەر چوارچێوەیەك بۆ كۆكردنەوەی كورسیی ئەم حزبانە لەدوای هەڵبژاردن دانەنرێت، دەنگی سلێمانی بەشێوەی پەرت پەرت دەچێتە ناو پەرلەمانەكانی كوردستان‌و عێراقەوە‌و هەژمونی سیاسی سلێمانی لەبەرامبەر ناوچەكانی تردا لاواز دەكات.    


راپۆرت: درەو پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی هەڵبژاردن دەكات، تاوەكو 18ی ئەم مانگە دەبێت فراكسیۆنەكان بۆچونی حزبەكانیان بگەڕێننەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ماوەی دوو ساڵە تەمەنی یاسایی بەسەرچووە، پارتی داوای گۆڕینی كۆمسیۆن دەكات، یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ دژن، تۆماری دەنگدەران نوێ نەكراوەتەوە، داوای گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن دەكرێت بۆ "فرە بازنەیی"‌و یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. پەرلەمان داوای بۆچوونی لایەنەكان دەكات رۆژی 30ی ئەیلولی 2022 وادەی فەرمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دوێنێ لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن، چونكە دەبێت شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریكراو بڕیار لەسەر هەڵبژاردنەكە بدرێت. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داوای لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان كردووە تاوەكو رۆژی (18)ی ئەم مانگە بۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردن بگەیەننە سەرۆكایەتی پەرلەمان.  پێشنیازی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردن بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، هەرچەندە تائێستا بۆچونی كۆتایی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتوو رانەگەیاندووە، بەڵام لایەنەكان هەندێك راوبۆچوونی بەرایی خۆیان خستوەتەڕوو كە بەمشێوەیە: •    پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئیستای ناوخۆیی یەكێتی‌و ئەو پاشەكشێیەی بزوتنەوەی گۆڕان كردویەتی، پارتی چاوی لەوەیە لە پەرلەمانی داهاتووی كوردستاندا نزیكەی (50) كورسی مسۆگەر بكات، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە لەسەر بنەمای كورسی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمان، سەرلەنوێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی دروست بكرێتەوە، ئەگەر ئەم داواكارییە جێبەجێ بكرێت، پارتی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەبەرژەوەندی خۆی كۆنترۆڵ دەكات، ئەگەر ئەم بیرۆكەی جێبەجێ بكرێت، پارتی لە كۆی (9) كورسی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پارتی (4) كۆمسیاری بەردەكەوێت‌و لەگەڵ كورسییەكی پێكهاتەكاندا دەبێت بە زۆرینەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و بڕیاری یەكلاكەرەوەی لای خۆی دەبێت.  پارتی پرۆژەی بەدیلی ئامادەیە، ئەگەر لایەنەكانی تر قایل نەبن بە گۆڕانكاری لە كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كورسی ئێستا لایەنەكان لە پەرلەمان، پارتی داوا دەكات "كەسانی سەربەخۆ" لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن دابنرێن، بۆ ئەمەش پێشنیازی دانانی (9) دادوەر دەكات، كە ئەم دادوەرانەش لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە دیاری دەكرێن، ئەم دامەزراوەیەش زۆرینەی دادوەرەكانی سەربە پارتین.  •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی بەهۆی بارودۆخی ناوخۆییەوە خوازیارە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆی دوابخرێت، بەڵام ئەمەی بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەشێوەیەكی بەرایی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بكرێت بە یەك بازنەی هەڵبژاردن، سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسیش، یەكێتی دژی بیرۆكەكەی پارتییە بۆ نوێكردنەوەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كورسی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمان‌و داوا دەكات ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن وەكو خۆیان بمێننەوە، واتە دابەشكارییەكە گۆڕانكاری تێدا نەكرێت.  لە كۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، یەكێتی (2) كۆمسیاری هەیە. •    بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان بۆچونی خۆی پێشكەشی پەرلەمان كردووە‌و داوا دەكات هەڵبژاردن بە "لیستی داخراو"‌و بێت‌و بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە بەگوێرەی ژمارەی پارێزگاكان، هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە، بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕایە لەگەڵ یەكێتی‌و داوا دەكات كۆمسیۆنەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، چونكە لە حاڵەتی داڕشتنەوەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای كورسی ئێستا لایەنەكان لە پەرلەمان وەكو ئەوەی پارتی داوای دەكات، بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامێك لە ئەنجومەنی كۆمسیۆن لەدەستدەدات.  لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، بزوتنەوەی گۆڕان (2) كۆمسیاری هەیە.  •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتوو پێشنیازی پێشكەشكردووە‌و داوا دەكات هەڵبژاردن بەشێوەی "نیمچەكراوە"‌و فرە بازنەیی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، نیمچە كراوە واتا ئەو كاندیدەی قاسمی ئینتخابی هینا سەردەكەوێت، ئەوانەی تر بە ریزبەندی دەردەچن، یەكگرتوو داواشی كردووە  تۆماری دەنگدان پاكبكرێتەوە‌و لە هەڵبژاردنەكەدا پێكهاتەكان كە (11) كورسییان لە پەرلەمان بۆ تەرخان كراوە،  خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، سەبارەت بە چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان هاوڕایە‌و داوا دەكات پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو خۆی بمێنێتەوە‌و گۆڕانكاری تێدا نەكرێت. لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، یەكگرتوو (1) كۆمسیاری هەیە.   •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەم جوڵانەوەیە هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردن بۆ رایگشتی راگەیاند‌و داوا دەكات هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا واتا 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئەوەی هیچ نوێنەرێكی لەناو كۆمسیۆندا نییە، نەوەی نوێ داوا دەكات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان دور بێت لە پشكێنەی حزبی‌و لەژێر سەرپەرەشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كارەكانی بكات.  •    كۆمەڵی دادوەریی كوردستان كۆمەڵی دادگەریی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگ‌و كورسییەكانی كەمیكرد، دوێنێ بەشداری كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا نەكرد.  لەبارەی هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەریی سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، عومەر گوڵپی ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆمەڵ لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنەكە لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، بەڵام یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە‌و لە یەك بازنەییەوە بكرێت بە فرەبازنەیی‌و هەر پارێزگایەكی هەرێم بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن.  عومەر گوڵپی وتی:" كۆمەڵ داوا دەكات یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە‌و پشكی پێكهاتەكان هاوشێوەی ئەوە دابنرێت كە لە پەرلەمانی عێراق بۆیان دانراوە، دەبێت كۆتای پێكهاتەكان بە دەنگی خۆیان بچنە ناو پەرلەمانی كوردستانەوە نەك پارتی كاندیدەكانیان سەربخات".  لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ دەڵێ" ئێمە لەگەڵ دەستكاریكردنی پێكهاتەی ئێستا كۆمسیۆندا نین، بەڵام داوا دەكەین تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە".  كۆمەڵی دادگەریی لەكۆی (9) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، (1) كۆمسیاری هەیە.  لەبارەی كۆمسیۆنەكەی كوردستانەوە  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2014. ئەم كۆمسیۆنە ماوەی نزیكەی (7) ساڵە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە: یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا، ئەم پرۆسەیە لەبەر ئەوەی پرۆسەیەكی نیشتمانی بوو، كێشمەكێشی زۆر لەسەر دەرەنجامەكانی دروست نەبوو. دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا، ئەم پرۆسەیە كە یەكەمین ئەزمونی كۆمسیۆنە دروستكراوەكە بوو، مشتومڕی زۆری لەسەر دروستبوو، هەندێك لەلایەنەكان بەدیاریكراویش یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتوو باسی ئەوەیان دەكرد ساختەكاری گەورە لە هەڵبژاردنەكەدا كراوە.  تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستان، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا. ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، واتە سەربە حكومەت نییە‌و راستەوخۆ لەژێر چاودێری پەرلەماندایە، ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە: •    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە‌و ماوەیەكی زۆر چووە دەرەوەی وڵات •    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە •    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە •    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە، لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم پیاوە رەخنەی زۆری لە ئەدای كۆمسیۆن گرت •    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و شوێنەكەی بەتاڵە، ئەگەر كۆمسیۆن بە پێكهاتەكەی ئێستایەوە بمێنێتەوە، دەبێت پارتی كەسێكی تر بخاتە شوێنەكەی) •    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە (لەكاتی دروستكردنی كۆمسیۆندا یەكێتی داوای سێ كورسی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی دەكرد، پارتی قایل بوو، بەڵام بەو مەرجەی یەكێتی یەكێك لە كۆمسیارەكانی بە كەسێكی سەربە پێكهاتەكان پڕ بكاتەوە) •    سەیاح عەبدوڵا- كۆمسیار لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمان دانرا، بەڵام سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەم پیاوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە‌و ئێستا شوێنەكەی بەتاڵە، ئەگەر دەستكاری پێكهاتەی كۆمسیۆن نەكرێت، دەبێت پارتی بە كەسێكی تر شوێنی ئەم پیاوە پڕبكاتەوە. بەگوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی كە دەست (درەو) كەوتووە، تاوەكو ساڵی 2018، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە. كۆمسیۆنێكی ماوەبەسەرچوو ! رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2019 تەمەنی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆتایی هات كە (5) ساڵ بوو، لەوكاتەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ درێژنەكردونەتەوە، واتە ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لە بۆشایی یاسایدان.  ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانن‌و (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن، چەند مانگێك بەر لەوەی وادەی یاساییان كۆتایی بێت، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن سێ نوسراویان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدات، بەڵام پەرلەمان وەڵامی نەداوەتەوە.  ئێستا كە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نزیكبوەتەوە، دەبێت پەرلەمان چارەسەری كێشەی كۆمسیۆن بكات، بۆ ئەمەش چەند سینایۆیەك هەیە:  یەكەم: ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن وەكو خۆیان بمێننەوە‌و پەرلەمان بە بڕیارێك تەمەنی یاساییان بۆ یەك خولی پێنج ساڵی تر درێژ بكاتەوە، بەپێی ئەو یاسایەی كە كۆمسیۆنی لەسەر دروستكراوە، رێگە بەوە دراوە بۆ یەك خولی پێنج ساڵی ماوەی كاركردنی ئەندامانی كۆمسیۆن درێژ بكرێتەوە، ئەمە سیناریۆیەكی پێشبینی كراوە، چونكە هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆن‌و سەرلەنوێ دروستكردنەوەی ناكۆكی لەنێوان لایەنەكان دروست دەكات‌و رەنگە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دوابخات، بەتایبەتیش كە یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتوو و كۆمەڵ دژی گۆڕینی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنن.  •    هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق رویدا، پەرلەمان لەبری ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی كۆمسیۆن كە وادەی یاساییان تەواو بووە، دادوەر دابنێت، پارتی ئەم پێشنیازەی كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی دادوەریی زۆرینەی دادوەرەكانی سەربە پارتییە، رەنگە لایەنەكانی تر ئەم پێشنیازە قایل نەبن.  •    ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن لە (9) كۆمسیارەوە زیاد بكرێت، ئەگەر سیناریۆیەكە كە ئەگەری جێبەجێبوونی هەیە ئەگەر لایەنەكان لەسەر رێكبكەون.  تۆماری دەنگدەران دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە كوردستان كە رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو (3 ملیۆن‌و 88 هەزارو 642) كەس بوو، پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەی دەنگدەران بۆ نزیكەی (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) كەس بەرزببێتەوە، بەتایبەتیش كە چوار تەمەنی نوێ مافی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو وەردەگرن.   پرسی تۆماری دەنگدەران یەكێكە لەو بابەتانەی كە لایەنەكان جەختی لەسەر دەكەنەوە، تۆمار نوێ نەكراوەتەوە، پرۆژەی بە "بایۆمەتری"یكردنی تۆمارەكە شكستی هێنا بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆن تەمەنی یاسایی تەواو بوو، هەندێك دەڵێن پارتی‌و یەكێتی بەئەنقەست رێگرییان لە درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن كردووە، بۆ ئەوەی ئەم كۆمسیۆنە فریای پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران نەكەوێت.  یاسای هەڵبژاردن یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكێكی ترە لەو بابەتانەی كە لایەنەكان باس لە هەمواركردنەوەی دەكەن، بەتایبەتیش كە بەپێی یاساكە هەڵبژاردن لە كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە) بەڕێوەدەچێت‌و ئێستا لایەنەكان داوا دەكەن بكرێت بە "فرە بازنە" لەسەر ئاستی پارێزگاكان. 


درەو: پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی پێنج خولی خۆیدا (385) یاسای دەرچواندووە، بەڵام خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان كەمترین یاسای دەركردووە، بەشێویەک؛ خولی یەکەم بە تێکڕای ساڵانە (13) یاساو خولی دووەم (17) یاسا و خولی سێیەم (18) یاسا و خولی چوارەم (6) یاسا و خولی پێنجەم بە تێکڕای ساڵانە (5) یاسای دەرچواندووە.  بەشێوەیەکی گشتی ئەرکی سەرەکی دامەزراوەی پەرلەمان لە پاڵ ئەرکی چاودێری کردنی دامەزراوەکانی حکومەت ئەرکی یاسادانانە، هەر بۆیە زۆرجار پەرلەمان بە دامەزراوەی یاسادانان ناو دەبرێت، لەم ڕاپۆتەدا بەراوردی ژمارەیی ئەو یاساییانە دەکەین کە پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی پێنج خولی خۆیدا لە ساڵی (1992 - 2021) دەریچواندون. خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان (19/5/1992 – 30/1/2005) ئەگەرچی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان درێژترین خولی پەرلەمان بووە، بەهۆی ناسەقامگیری و  ململانێی سیاسی و شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان و ئەنجام نەدانی هەڵبژدن گشتی، نزیکەی (13)ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام لەڕووی دانانی یاساوە زۆرترین یاسای دەرچوواندووە، سەرەڕای شەڕی ناوخۆ هیچ ساڵێک لەم خولەدا تێنەپەڕیوە یاسای تێدا دەرنەچوێندرابێت، بۆ نمونە لە سالێ 1992 (16) یاسا، 1993 (21) یاسا، 1994 (4) یاسا، 1995 (1) یاسا، 1996 (4) یاسا، 1997 (14) یاسا، 1998 (9) یاسا، 1999 (18) یاسا، 2000 (19) یاسا، 2001 (19) یاسا، 2002 (16) یاسا، 2003 (7) یاسا و 2004 (25) یاسای دەرچوواندووە. واتە بە کۆی گشتی (173) یاسای دەرچواندووەو بە تێکڕا دەکاتە (13.3) یاسا بۆ هەر ساڵێک (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان (30/1/2005 25/7/2009) ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی نزیکەی چوار ساڵ و نیو بووەو لە ماوەی تەمەنی خۆیدا (89) یاسای دەرچوواندووە بە جۆرێک؛ ساڵی 2005 (2) یاسا، 2006 (20) یاسا، 2007 (39) یاسا، 2008 (18) یاسا و 2009 (10) یاسای دەرچواندووە، واتە بە تێکڕا ساڵانە (17.8) یاسای دەچواندووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)). خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان (25/7/2009 – 21/9/2013) خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی چوار ساڵی تەمەنی خۆیدا بە چالاکترین خولی پەرلەمان دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی دەرکردنی یاساوە، بە جۆرێک؛ ساڵی 2010 (17) یاسا، 2011 (22) یاسا، 2012 (17) یاسا و 2013 (19) یاسای دەرچوواندووە. واتە بەکۆی گشتی (75) یاسای دەرچواندووە و بە تێکڕا ساڵانە دەکاتە (18.8) یاسا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)). خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان (21/9/2013 – 30/9/2019) ئەگەرچی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ دەرگای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە داخراوی مایەوە و بە شێوەیەک لە ساڵی (2016) و بۆ یەکەم جار لە مێژووی پەرلەمانی کوردستان هیچ یاسایەک دەر نەکرا، بەڵام ئەم خولەی پەرلەمان؛ ساڵی 2014 (9) یاسا، 2015 (9) یاسا، 2016 (0) یاسا، 2017 (4) یاسا و 2018 (11) یاسای دەرچوواندووە. واتە بەکۆی گشتی (33) یاسای دەرچواندووە و بە تێکڕای ساڵانە دەکاتە (6.6) یاسا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)). خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (30/9/2019 – تا ئێستا) خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا ساڵێک تەمەنی یاسایی ماوە بەڵام کەمترین ژمارەی یاسای دەرچوواندووە بەشێوەیەک؛ ساڵی 2019 (4) یاسا، 2020 (5) یاسا و 2021 (6) یاسای دەرچوواندووە. واتە بەکۆی گشتی (15) یاسای دەرچواندووە و بە تێکڕای ساڵانە (5) یاسای دەرکردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)).


به‌هرۆز جه‌عفه‌ر به‌ پێی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، کە له‌ میانەی كۆنفڕانسی (COP26) ی نۆڤه‌مبه‌ری (2021) ەوە ئاماژەیان پێکردوە، زیاتر له‌ (800) ملیۆن كه‌س به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه‌ له‌ جیهاندا تووشی برسێتی بون، هه‌روه‌ها به‌ پێی پرۆگرامی ژینگه‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان عێراق له‌ ڕیزی (5) مین ئه‌و ووڵاته‌ هه‌ستیارانه‌دایه‌ كه‌ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كاری تێ ئه‌كات. به‌ پێی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی عێراق، چاوەڕوان ئەکرێت تاوه‌كو ساڵی (2035) به‌بڕی (10) دە ملیار و هەشت سەت ملیۆن م3 عێراق تووشی كه‌مئاویی بیێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق ئێستا (40) ملیۆن كه‌سه‌ به‌ڵام له‌ساڵی (2050) رێژه‌ی دانیشتوان بگاته‌ دوو هێنده‌ زیاد بكات و ببێته‌ (80) ملیۆن كه‌س. ئالۆک شارما، سەرۆکی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا، لە پێش چاوی نوێنەرانی زیاتر لە (190) وڵاتی جیهان لە گڵاسگۆی سکۆتلەندا لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کوشوهەوا کۆبوونەتەوە، ئەڵێت "هەرەشەیەکی ڕێستەقینە لەسەر هەسارەکەمان دروستبووە، ڕێژەی گازەکانی دوانۆکسیدی کاربۆن، میسان و نایترۆجین هێندە زیادیان کردووە، کە 800 هەزار ساڵە شتی وا رووینەداوە. له‌ ساڵی (1992) ه‌وه‌ ئه‌وه‌ (29) ساڵه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كۆئه‌بێـته‌وه‌، چاره‌سه‌رێكیان بۆ ئه‌م گرفته‌ پێ نییه‌!. ساڵانه‌ نزیكه‌ی (196) ده‌وڵه‌ت واژۆی ئه‌كه‌ن كه‌ ڕێگه‌ له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی و ووشكه‌ ساڵی و به‌ بیابانبون و كه‌مبونه‌وه‌ی ئاو بگرن، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو یه‌ك گرفتن و به‌هۆی یه‌كه‌وه‌و به‌دوای یه‌كدا دروست ئه‌بن، كه‌چی وه‌كو بوریس جونسون له‌ میانه‌ی كۆنفرانسی (COP26) له‌ (2ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021) وتی " ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ فریا نه‌كه‌وین، زەوی بەکەڵک نایات و جرج و مشك ئه‌مانخوات". كوردیش، به‌شێكه‌ له‌م گۆی زه‌وییه‌، له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ش به‌شێكه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی ترسناكی سیاسیی و جیۆپۆڵه‌تیكی سه‌خت، كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراقه‌، بۆخۆی به‌ سروشت ناوچه‌یه‌كی كه‌م باران و گه‌رمه‌و به‌ هه‌ڵمبونی زۆرتره‌. ئەم ڕەوشە نالەبارەی پیسبون و گەرما بەڕێژەی (93%) کاری لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق کردوە. هەرچۆنێک بێت ئەم پرسە ئێستا بۆتە تۆپیکی نەمبەر وەن لە ناو بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. بۆیه‌ گرنگه‌ هەرێمی کوردستانیش کە خاوەنی یەدەگی سروشتی و سەرچاوەکانی ئاوە ئه‌رك و ئامانجی گه‌ردونی خۆی دیاری بكات، سه‌لماندنی زانستی و گه‌ردوونی –Universal بۆ نمونه‌: له‌بواری پرسه‌كانی گۆڕانی كه‌شو هه‌وا-Climate Change و گه‌رمبونی گۆی زه‌وی –Global warming و پیسبون-Pollution و هه‌نگاوه‌كانی ڕێگریكردن له‌ گه‌وره‌تربونی گرفته‌كه‌. كه‌ له‌ به‌رئه‌نجامی كاركردنی نا-ستاندارانه‌ی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و گاز یان كارگه‌كاندا، یاخود ڕه‌چاونه‌كردنی مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروستانه‌و ژینگه‌ییانه‌ له‌گه‌ڵ ڕووبارو ده‌ریاچه‌و به‌نداوه‌كاندا ئه‌م گرفتانه‌ دروست ئه‌بن. لێره‌دا، ئێمه‌ له‌مه‌ولا ئه‌پرسین: كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و كارخانه‌كان چه‌ندیان بۆ خۆیان ده‌ست كه‌وتوه‌، چه‌ند پێویسته‌ وه‌ك به‌رنامه‌ی هاریكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی (Corporate Social Responsibility) به‌ پێی گرێبه‌سته‌كان بده‌ن به‌ پاك ڕاگرتنی ژینگه‌و بیناكردنی ڕێگه‌وبانه‌كان و هاریكارییه‌كانی تر!. تا چه‌ند به‌ ئه‌ركه‌ ژینگه‌ییه‌كان هه‌ستاون؟. ئه‌م هۆشیارییه‌ چۆن شۆڕ بكه‌ینه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌و هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌؟. یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ گرفته‌ داخهێنه‌ره‌كانی كه‌رتی نه‌وتی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ دوای ساڵی (2006) كرا، دروست نه‌ كردنی كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی- خۆماڵی – نیشتیمانی- كوردیی بو. ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین به‌شێك له‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ی كه‌ كاركردنیان له‌ كێڵگه‌كانی هه‌رێم دا كه‌وته‌ ئه‌ستۆ ئه‌زمونێكی ئه‌وتۆیان نه‌بو، ته‌نانه‌ت چه‌ندین كۆمپانیای (بیانی) له‌وانه‌ ته‌مه‌نی دامه‌زراندنیان هه‌مان ته‌مه‌نی دامه‌زراندنی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌!. ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌مان بكه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسیی ئابوریی (چونكه‌ ئاستی خه‌رجی ئه‌و جۆره‌ كۆمپانیایانه‌ زۆر زۆره‌) هه‌روه‌ها ڕه‌وشی ژینگه‌ تێك بچێت و پاشانیش سروشتی كێڵگه‌كان و توانا هایدرۆكاربۆنییه‌كان تێك و پێك بشكێنن، كه‌ به‌ ملیۆنه‌ها ساڵ له‌ ته‌مه‌نی زینده‌وه‌رو مادده‌ ئۆرگانییه‌كان بونه‌ته‌ هۆی دروستبونی ئه‌و نه‌وت و گازه‌ له‌ ژێر زه‌ویدا. من، ئه‌گه‌رچی به‌ڵێنم دابو، له‌خزمه‌ت ئه‌م پرسه‌دا به‌ په‌په‌رێكی ئه‌كادیمی ته‌واو به‌شداربم و، له‌ په‌یمانگه‌ی مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمایه‌تی بڵاوبێته‌وه‌. به‌ڵام هه‌ستمان به‌دواچون و ته‌ماشاكردنی داتا مه‌ترسیداره‌كان، بڕیارماندا له‌بری هه‌موو حیزب و میدیاو داموده‌ستگه‌ فه‌رمییه‌كان (كه‌ بایه‌خێكیان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌) له‌ سیاساتی گشتییان دا، كۆنفڕانسێكی جیهانی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگه‌كانی داهاتودا ببه‌ستین.


(درەو): ھاوسەرۆکێک بە ئیمزایەک ھاوسەرۆکەکەی تری لە حزب دەرکردووە، ئەمە چۆن رویدا ؟ لیژنەکە کێن ؟ پەیڕوییە یان نا ؟ دوێنی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بڕیاری دەركردنی بۆ لاهور شێخ جەنگی و سێ ئەندامی سەركردایەتی دەركرد و بڕیاری هەڵپەساردنی بۆ ئاراس شێخ جەنگی دەركرد. بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی پاڵپشت بە دەسەڵاتێک کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێی داوە بڕیاری دەکردنی ھاوسەرۆکەکەی تری لە یەکێتی دەرکردووە. لەدوای رووداوەکانی ٨ی تەموزو تەقێنەوەی ناکۆکی نێوان ھاوسەرۆکەکان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە ژمارەی ئەندامەکانی (١٢٤) کەسە کۆنەبوەتەوە، بەڵام بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی بە جیا جیاو لەسەر ئاستی ناوچەکان کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتییەکانی یەکێتیدا کرد (سەركردایەتی كەركوك، سەركردایەتی هەولێر، سەركردایەتی سلێمانی)، ئەنجامی ئەم کۆبونەوانە بووەھۆی ئەوەی رۆژی ٢٥ ی ئۆکتۆبەر، ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیارێک دەربکات بە ژمارەی (٣١١). بڕیاری ٣١١ چییە ؟ لە سێ کۆبونەوەی جیاجیای بافڵ تاڵەبانیدا لەگەڵ سەرکردایەتی (کەرکوک- ھەولێر- سلێمانی)دا، بڕیاردراوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی پێکبھێنرێت. لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە، لیژنەکە بەمشێوەیە دروستکراوە: -     بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی -     رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی دەستەی كارگێری یەكێتی -     شاڵاو عەلی عەسكەری بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی -     ئەمین بابەشێخ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتی -     شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی. پەیامەکەو بڕیارەکە کاتژمێر حەوتی ئێوارەی دوێنێ لاھور شێخ جەنگی پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبارەی کێشەکانی یەکێتی بڵاوکردەوە، تێیدا داوای کرد ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیار لەسەر کێشەکان بدات. ھەندێک لە سەرجاوەکان لەناو یەکێتییەوە دەڵێن دوای ئەو وتارەی لاھور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی کۆبونەوەی بە لیژنەکە کردووەو فەرمانی دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە حزب دەرکردووە، ھەندێکی تر دەڵێن پێشتر لاهور شێخ جەنگی زانیویەتی لیژنەكە ئەو بڕیارەیان دەركردووە،  بۆیە ئەو پەیامەی راگەیاند تا رێگری بكات لە جێبەجێكردنی، بەڵام لە دوای پەیامەكەوە ئیتر بڕیارەكان چووە بواری جێبەجێكردووە. شەرعییە یان ناشەرعی ؟ بڕیاری دەرکردنی ھاوسەرۆکێک لە حیزب لەلایەن ھاوسەرۆکێکی ترەوە، یەکێتی دابەشکردووە بەسەر دوو بۆچونی جیاوازدا، هەندێكیان پێیان وایە بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی پەیڕەوی، ھەندێکی تر دەڵێن نا پەیڕەویە: یەكەم: پەیڕەویە ئەوانەی پێیانوایە بڕیارەکە پەیڕەوییە، دەلێن بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و لە كۆبونەوە ناوچەییەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا تەواوی دەسەڵات بە بافڵ تاڵەبانی دراوەو لیژنەیەک دراوە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی یەكێتی، بڕیارەكە لەو سۆنگەیەوە هاتووە ناوخۆی یەكێتی روبەرووی مەترسی بووەتەوە بۆیە دەبێت هاوسەرۆك بڕیار بدات، ئەو كەسانە نەك پاڵپشتی یەكێتیان نەكردووە لە هەڵبژاردندا بەڵكو داوایانكردووە یەكێتیەكان دەنگ بە لایەنەكانی تر بدەن.  دووەم: نا پەیڕەویە ئەوانەی پێیانوایە نا پەیڕەوییە دەڵێن هاوسەرۆك و ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی یەكێتین و تەنیا كۆنگرە دەتوانێت ئەو مافەیان لێبسەنێتەوە، سەبارەت بە هاوسەرۆكیش بڕیاری لێسەندنەوەی متمانە لە هاوسەرۆك   لە مادەی (15)ی ئەركو دەسەڵاتەكاندا هاتووە: لەسەر داوای (51) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی لێسەندنەوەی متمانەی هاوسەرۆك دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنەوە. واتا تەنیا دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنەوە نەك لێسەندنەوەی متمانە یان دوورخستنەوەی. بە پێی مادەی (16) لێسەندنەوەی متمانە و دەست لەكاركێشانەوەی هاوسەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و گۆڕنینیان لە رێژەی (2/3)ی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت واتا لە كۆی (124) ئەندام پێویستی بە دەنگی (83) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەبێت.  هەر بەپێی بڕگەی (ب) لە خاڵی دووەمی مادەی (36)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی ئەگەر هەردوو هاوسەرۆك یان یەكێكیان پابەند نەبوون بە ئەرك و دەسەڵاتەكانەوە ئەوا بەدەنگی (2/3)ی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن متمانەی لێوەردەگیرێتەوە  


(درەو): بافڵ تاڵەبانی سورە لەسەر چونەدەرەوەی لاهور شێخ جەنگی لەناو یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی دەڵێ" یان رێككەوتن و مانەوە، یاخود لیست و بەرەی جیا دروست دەكەم لەناو یەكێتیدا". چەند هەوڵێك هەبوو بۆ كۆبونەوەی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی، هێشتا بافڵ تاڵەبانی رەزامەندی نەداوە بۆ كۆبونەوەی نێوانیان و یەكلاكردنەوەی كێشەكان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیامی بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووە و پێی راگەیاندووە" یان رێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان، یاخود  مینبەری جیا لەناو یەكێتی دروست دەكەم و لیستی جیام دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان". بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تائێستا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی نابێت لاهور شێخ جەنگی لەناو یەكێتیدا بمێنێتەوە، تەنانەت ئەو پەیامەشی بۆ لاهور شێخ جەنگی ناردووە كە ئەگەر ئەوێت لەدەرەوەی یەكێتی حزب دروست بكات، ئەوا هاوكاری ماددی و مەعنەویشی دەكات، بە مەرجێك لەناو یەكێتیدا نەمێنێت. بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی هاوتەریب لە هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری لەناو حزب و حكومەت بۆ دورخستنەوەی كەسانی نزیكی لاهور شێخ جەنگی لە پۆستە حكومی و حزبیەكان، لە فەرمانگە مەدەنی سەربازییەکان، هەفتەی رابردوو لە سلكی سەربازیدا ژمارەیەك ئەفسەری نزیك لە لاهور شێخ جەنگیان دوورخستەوە. بڕیارە لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا پرسی گۆڕانكارییەكان بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەت گۆڕانكارییە حزبیەكان و مەڵبەند و مەكتەبەكانی یەكێتی. رەنگە بە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی دۆخەكە بۆ بافڵ تاڵەبانی ئاسان نەبێت، چونکە ئێستا یەكێتی دابەش بووە بەسەر چەندین گروپدا لەوانە (گروپی كەركوكیەكان، گروپی ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، گروپی جافەكان، گروپی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی)، هەریەك لەم گروپانە ئەجێندا و تموح و بەرژەوەندی خۆیان هەیەو چاویان لەوەیە پێگەیان لەدوای لاهور شێخ جەنگی بەهێز بێت. ئەم هەنگاوانە لە كاتێكدایە كە دەنگۆی ژەهرخواردكردنی ژمارەیەك سەركردەی یەكێتی هاتووەتە پێش (كە هەندێك بە سیناریۆ ناوی دەبەن و هەندێكیش بە حەقیقەت)، هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەیە كە لاهور شێخ جەنگی لەو پرسەدا تێوە بگلێنن و بیانوویەكی تر بخەنە سەر بیانووەكانی تر بۆ دوورخستنەوەی تەواوەتی لە یەکێتی.


راپۆرت: درەو بەبەراورد بە پێش رووداوەكانی (8ی تەموز)ی ناوخۆی یەكێتی، داهاتی گومرگ لە سنوری سلێمانی (19%) كەمیكردووە، داهاتی باجیش بەرێژەی (13%) دابەزیوە.  دیسان كێشەی داهاتەكانی سلێمانی ! چەند رۆژێكە پرسی كەمبونەوەی داهاتەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی گەرم بووەتەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی دووجار لێدوانی داوە‌و دەڵێ " كێشەی كەمی پارەی نەختێنە (سیولە) لە سلێمانی هەیە، لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان‌و ڕاپەڕین وەكو پێویست داهاتی باج كۆناكرێتەوە، ئەمە هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی موچەیە بەسەر فەرمانبەران‌و بەرەوپێشچوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان".  بەر لە رووداوەكانی (8)ی تەموزی ئەمساڵی ناوخۆی یەكێتی وەكو هێزی دەسەڵاتداری سنوری سلێمانی، بەرپرسانی پارتی چەندجارێك باسیان لەوەكرد، كە یەكێتی داهاتی سنوری سلێمانی بەتەواوەتی ناگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، ئەوكات بەدیاریكراوی شەڕەكەیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بوو، پێیان وابوو ئەو رێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی داهاتەكان، بەڵام قسەوباسەكانی ئێستا جیاوازن، چونكە لاهور شێخ جەنگی ئێستا دەسەڵاتی لەناو یەكێتیدا نەماوە‌و كۆنترۆڵی سنورەكە لەدەستی كوڕانی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی (بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی)دایە.  داهات پێش‌و پاش 8ی تەموز بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەراتی باجەكان‌و خانوبەرەی میریی هەرێمی كوردستان، كۆی داهاتی باج‌و دەرامەتی هەرێمی كوردستان بەبێ (گومرگ)، لەماوەی (10) مانگی ئەمساڵدا بڕەكەی (657 ملیارو 14 ملیۆن) دینار بووە، كە بەمشێوەیە دەستكەوتووە:  •    هەولێر: (343 ملیارو 928 ملیۆن) دینار، كە رێژەی (52%)ی كۆی گشتی داهاتی باج‌و خانوبەرە پێكدەهێنێت •    سلێمانی: (164 ملیارو 918 ملیۆن) دینار، بەرێژەی (25%) •    دهۆك: (148 ملیارو 168 ملیۆن) دینار بەرێژەی  (23%) ئەم داتایانە دەریدەخات بەگشتی داهاتی باج لە سنوری سلێمانی بەبەراورد بە هەولێر كەمیكردووە.  لە مانگی تەموزدا كە كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) تەقییەوە‌و لاهور شێخ جەنگی دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكی رادەست كرد، كۆی داهاتی هەرێم لەم مانگەدا (68 ملیارو 106 ملیۆن) دینار بووە، داهاتی سلێمانی لەم مانگەدا كە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت بڕەكەی (18 ملیارو 214 ملیۆن) دینار بووە كە رێژەی (27%)ی كۆی داهاتی باجی هەرێمی كوردستانی پێكهێناوە، بەڵام مانگی رابردوو واتە مانگی ئۆكتۆبەر كە سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر رووداوەكانی (8)ی تەموزدا، كۆی گشتی داهاتی باج لە هەرێمی كوردستان (63 ملیارو 848 ملیۆن) دینار بووە‌و لەم رێژەیە بڕی  (13 ملیارو 355 ملیۆن) دیناری لە سنوری پارێزگای سلێمانی كۆكراوەتەوە كە رێژەی (21%) كۆی داهاتی باجی لە هەرێم پێكهێناوە. واتە بەبەراورد بە پێش رووداوەكانی (8)ی تەموزی ناو یەكێتی، داهاتی باج لەسنوری سلێمانی لەدوای رووداوەكانەوە بەگشتی بەرێژەی (6%) كەمیكردووە.  لیستی داهاتی باج لە سلێمانی لەپێش‌و پاش 8ی تەموز •    لە مانگی حوزەیران (6): (16 ملیارو 471 ملیۆن) دینار •    لە مانگی تەموز (7): (18 ملیارو 214 ملیۆن) دینار •    لە مانگی ئاب (8): (14 ملیارو 790 ملیۆن) دینار •    لە مانگی ئەیلول (9): (17 ملیارو 76 ملیۆن) دینار •    لە مانگی تشرینی یەكەم (10): (13 ملیارو 355 ملیۆن) دینار بەراوردكردنی داهاتی باج لە سلێمانی مانگێك پێش رووداوەكانی (8ی تەموز)‌و مانگێك دوای رووداوەكانی (8ی تەموز) دەریدەخات دوای رووداوەكانی (8ی تەموز) داهات كەمیكردووە.  لە مانگی حوزەیراندا كە هێشتا رووداوەكانی (8ی تەموز) رویان نەداوە، داهاتی باج لە سلێمانی زیاتر لە (16 ملیار) دینار بووە، بەڵام لەمانگی ئابدا كە دەكەوێتە دوای رووداوەكانی (8ی تەموز) داهات بۆ (14 ملیار) دینار كەمیكردووە، جیاوازی داهاتی باج لەنێوان مانگێك پێش 8ی تەموز‌و مانگێكی دواتریدا، رێژەكەی (13%)ە.  داهاتی گومرگەكان پێش‌و پاش 8ی تەموز بەهەمان شێوەی داهاتی باج، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) داهاتی گومرگەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی لەدوای رووداوەكانی (8ی تەموز)ەوە كەمیكردووە.  داهاتی گومرگی باشماخ •    مانگی یەك: (22 ملیار 855 ملیۆن) دینار •    مانگی سێ: (22 ملیارو 47 ملیۆن) دینار •    مانگی (نۆ): (17 ملیار و 150 ملیۆن) دینار •    مانگی (10): (18 ملیارو 728 ملیۆن) دینار بە بەراورد بە مانگی یەكی ئەمساڵ، مانگی رابردوو داهاتی گومرگی باشماخ بەرێژەی (19%) كەمیكردووە.  گومرگی پەروێزخان •    مانگی یەك: (22 ملیار 797 ملیۆن) دینار •    مانگی سێ: (21 ملیارو 612 ملیۆن) دینار •    مانگی (نۆ): (16 ملیار) دینار •    مانگی (10): (14 ملیار) دینار بەبەراورد بە مانگی یەكی ئەمساڵ، داهاتی مانگی گومرگی پەروێزخان بەرێژەی (39%) كەمیكردووە، ئەم گومرگە ماوەی هەفتەیەكە توشی قەیران بووە، شۆفێرەكان مانیان گرتووە، بەگوێرەی زانیارییەكان ژمارەی بارەكان لەم گومرگە لە (هەزار) باری رۆژانەوە بۆ (250) بار كەمیكردووە، بەرپرسانی گومرگەكە دەڵێن كەمی باج لە مەرزی مونزریە كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدایە، وایكردووە بازرگانەكان لەو مەرزەوە كاڵاكانیان بگوازنەوە‌و ئەمەش وایكردووە داهاتی پەروێزخان كەم بكات، بەم هۆیەوە (درەو) داهاتی ئەم گومرگەی وەكو پێوەر وەرنەگرت.  


 درەو:  راپۆرتی: غەمگین محەمەد - پەرەگراف پاش چەندین ساڵ لە خوێندن و شەونخونی؛ ڤینا بە زەحمەت و گەڕانێكی زۆر هەلیكاری دەستدەكەوێت و لەوێش ناتوانێت بحەسێتەوە، بەهۆی گێچەڵی خاوەنكارەكەیەوە. "دوای سێ مانگ لە دەوامكردن، بەڕێوەبەرەكەم داوایلێكردم لەگەڵیدا بچمە دەرەوە، منیش ڕەتمكردەوە و وازم لە كارەكەم هێنا" ڤینا وای وت، بێ ئەوەی هۆكاری وازهێنانەكەی بۆ ماڵەوەیان باس بكات. ڤینا ناوی خوازراوی كچێكە لە سلێمانی، لە 25 ساڵی تەمەنیدایە، خوێندنی تەواو كردووە و ماوەی ساڵێك گەڕاوە تا لەڕێی سیڤییەوە لە كۆمپانیایەكدا كاری دەستكەوتووە، ئەوەش ئەزمونێكی قورس و پڕ لە تەحەددی بووە بۆی. ئەو دەڵێت، هەر لە سەرەتاوە بەڕێوەبەری كارەكەی بە پاساوی جیاجیا بانگی ژورەكەی خۆی كردووە، "زۆرجار بانگكردنەكەم پەیوەندیی بە كارەكەمەوە نەبوو، پێیدەوتم جوان و سەرنجڕاكێشم و تەنیا حەزی كردووە بمبینێت". كاركردنی ژنان و كچان لە بەشێك لە كۆمپانیا و مۆڵ و ماركێتەكان، بۆ بەشێكیان وەك ڕیسككردنە بە ژیان و كەسایەتییانەوە، ئەوان بۆ دەستكەوتنی بژێوی كار دەكەن، بەڵام هەندێكجار لەلایەن خاوەن كارەكانیانەوە دەكرێنە ئامانج و دوور لە كار و پیشەكەیان گێچەڵی سێكسییان پێ دەكرێت، یاخود ناچار دەكرێن بە لەبەركردنی جۆرە جلوبەرگێك تەنیا بۆ سەرنجڕاكێشانی كڕیار. لە مۆڵێكی شاری سلێمانی، كچێك سەرنجی سەردانیكەران ڕادەكێشێت؛ زوو زوو شوشەیەكی عەتر بەرەو ڕووی هاوڵاتیان درێژدەكات و بەردەوام وشەی "تێست" دەڵێتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كڕیار بۆنەكە تاقیبكاتەوە و بیكڕێت. ئەو كچە تەمەنی 28 ساڵە، زانكۆی تەواو كردووە و حەز ناكات نە دەربكەوێت و نە ناوی بهێنرێت، بۆ پەرەگراف وتی "لەبەركردنی چاكەت و تەنورەی كورت لەگەڵ وەستانم لە دەرەوەی شوێنی فرۆشتن لەسەر داوای خاوەن كارەكەمە و منیش لە پێناو لەدەستنەدانی كارەكەم قبوڵمكردووە". سادەترین ناساندن بۆ كرێكار هەر كەسێكە كە لە بەرامبەر كارێكدا كرێیەك وەردەگرێت بەبێ جیاوازی ڕەگەزیی. هەنگاو عەبدوڵا، سەرۆكی سەندیكای كرێكاران بۆ پەرەگراف وتی "بەپێی یاسا ناچاركردنی كرێكار بە لەبەركردنی جۆرە جلوبەرگێكی تایبەت دەبێت تەنها بۆ خۆپارێزی بێت لەكاتی كاركردن و جگە لەوە بۆ هەر مەبەستێكی تر بێت سەرپێچی یاسایە و كرێكارەكە دەتوانێت لە دادگای كار سكاڵا تۆمار بكات و سەندیكاش بەرگری لێدەكات". چەند كچێكی تر كە لەناو دوكانێكی فرۆشتنی جلوبەرگ كاریان دەكرد، هەمویان یەك جۆر جلوبەرگیان لەبەر بوو، قژیان بە یەك شێوە بەسترابوو، ماكیاژی تۆخ‌و دەم بە خەندە و ڕووخۆش باسیان لەوەكرد هەموو ئەوانە لەكاتی گرێبەست یەكێك بووە لە مەرجەكانی پێدانی كار. یەكێك لە كچە فرۆشیارەكانی ئەو دوكانە وتی "هاوڕێیەكمان قبوڵی نەبوو وەك ئێمە سترێج و بەدی كورت لەبەر بكات، گرێبەستی نەكرد و ڕۆیشتەوە ماڵەوە". زۆرجار ئەو ژن و كچانەی لە شوێنی كار گێچەڵی سیكسییان پێ دەكرێت یان ناچار دەكرێن بەشتێك كە پەیوەندیی بە كارەكەیانەوە نییە، لەبەر دۆخی كۆمەڵایەتی یان نەبوونی بەڵگە و نەتوانینی سەلماندن یان مانەوەی بژێوییان بێدەنگ دەبن، هەندێكیشیان بە ناچاری واز لە كارەكانیان دەهێنن، هاوكارەكانیشیان لە ترسی دەركردن ناتوانن لەسەریان بێنە دەنگ و دژی نادادییەكە شایەدی بدەن لە كاتی سكاڵاكردندا. لە كوردستان و عێراق، یاسای تایبەت نییە بە گێچەڵی سێكسی، بەڵام بەپێی یاسای سزادانی عێراقی بە تاوان هەژماردەكرێت و سزای لەسەرە. ماددەی 10 لە یاسای كاری عێراقی، هەراسانكردنی سێكسیی لە دامەزراندن و شوێنی كاركردندا قەدەغە دەكات، چ لەكاتی گەڕان بۆ كار، ڕاهێنان بۆ پیشەیەك، بۆ دامەزراندن یاخود بكرێت بە بەشێك لە یاساو مەرجی پێدانی كار. پارێزەر شۆخان ئەحمەد بە پەرەگراف-ی وت "بەپێی مادەی 402ـی یاسای سزادانی عێراقی گێچەڵی سێكسی لە شوێنی كار بە وتن بێت یان ئاماژە یان دەستلێدان سزای هەیە، كە بەندكردنە، ماوەكەی لە سێ مانگ زیاتر نەبێت یان پێبژاردن كە بڕەكەی زیاتر نەبێت لە 300 هەزار دینار یاخود هەردوكیان". بەشێكی كەم لەو ئافرەتانەی ڕوبەڕوی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە هانا بۆ دادگا دەبەن؛ ئەوەش بەهۆكاری كۆمەڵایەتی كە نایانەوێت بابەتەكە گەورەتر بێت‌و خەڵك پێی بزانیت؛ هەمیش لە دادگادا هیچیان بۆ ناكرێت ئەگەر بەڵگەیەكی ڕون و ئاشكرایان پێنەبێت و ڕەنگە بە دۆڕاوی لە دۆسیەكە دەربچن. ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف؛ بەشێكی زۆری ئەو گێچەڵە سێكسییانەی لە شوێنی كاردا بە ئافرەتان دەكرێت، بە زارەكیی بوون یان هیچ بەڵگەیەكی تێدانییە كە دادگا بۆ سەلماندنی دۆسیەكە داوای دەكات. هێڵی گەرمی كرێكاران بە ژمارە 5500 لە شارەكانی هەرێمی كوردستان 24 كاتژمێر كراوەیە، هەر كرێكارێك پەیوەندییان پێوەبكات كێشەكەی تۆمار دەكرێت و لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت. دڵخواز تەها، لێپرسراوی هێڵی گەرمی كرێكاران بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژانە ژنان و پیاوانیش بۆ كێشەی جۆراوجۆر لەسەر كارەكانیان پەیوەندیمان پێوە دەكەن، بەڵام ژمارەی پیاوان زۆرترە و زیاتر كێشەكانیشیان بڕین یان پێنەدانی مووچە و دەركردنە لەسەر كار". لە هەرێمی كوردستان دوو یاسای بەركار هەن تایبەت بە دیاریكردنی ئەرك و پاراستنی مافەكانی كرێكاران بە گشتی؛ ئەوانیش یاسای كار ژمارە 71ـی ساڵی 1987 كە لە ماددە 80 تا 90ـی تایبەتە بە پاراستنی كرێكاری ژن و تازەپێگەیشتووان. هەروەها یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ژمارە 39ـی ساڵی 1971 كە ساڵی 2012 لە پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوەتەوە. پێویستە ئەرك و مافەكانی كرێكاران لە چوارچێوەی ئەو دوو یاسایەدا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هەموو كرێكارێكیش دەبێت دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ بكرێت لەبەرئەوەی لەكاتی ڕوبەڕوبوونەوەی هەر كارێكی نەخوازراو بەرامبەریان، وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بتوانێت بەرگرییان لێبكات، بەڵام بەشێك لە خاوەنكاران پابەندی جێبەجێكردنی یاساكانی كار نابن. ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بۆ پەرەگراف وتی "لە كاتی هەر پێشێلكارییەك وەزارەت دەتوانێت تەنیا بەرگری لەو كرێكارانە بكات كە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە". بەپێی ئامارەكانی سەندیكای كرێكاران لە هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 740 كرێكاری ژن و كچی هاوڵاتی عێراق و بیانی لە شوێنە گشتییەكاندا كاردەكەن كە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە، بەڵام ژمارەی ئەو كرێكارە ژن‌و پیاوانەی دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ نەكراوە زۆر لەوە زیاترن.


شیكاری: درەو ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوررستان بوایە؛ بەپێی پەیڕەو کردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە شێوازی بازنەو دابەشکردنی دەنگ بۆ کورسی، بە هەمان ئەو ئەنجامانەی کاندید و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەدەستیان هێناوە ئەوا پارتی (47) کورسی، یەکێتی (17) کورسی، نەوەی نوێ (17) کورسی، یەکگرتوو (9) کورسی، کۆمەڵ (5) کورسی، گۆڕان (2) و سەربەخۆکان و لایەنەکانی تریش (3) کورسیان دەبرەوە. بەڵام ئەگەر (یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و گۆڕان) لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان هەبوایە ئەوا دەنگەکانیان زیادی دەکرد و پارتی (42) کورسی، یەکێتی (16) کورسی، نەوەی نوێ (15) کورسی، یەکگرتوو (14) کورسی، کۆمەڵ (9) کورسی، گۆڕان (2) و سەربەخۆکان و لایەنەکانی تریش (2) کورسیان دەبرەوە. یەکەم: یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان -    یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، بەپێی ماددەی (9)ی یاساکە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و، دابەشدەبێت بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا".  واتە بەپێی ئەم دەقە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (یەک بازنەی) هەڵبژاردن دەبێت، لە کاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سلێمانی (5) بازنەو پارێزگای هەولێر (4) بازنە و پارێزگای دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن بووە. بەپێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە کاری بە (سیستمی تاک دەنگی نەگوێزراوە) کردووە، واتە دەنگدەر دەنگ بە کاندید دەدات، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگدەر پێش دەنگدان بە کاندید دەنگ بە لیست و قەوارەی سیاسی دەدات، بۆیە ئەگەری بە فیڕۆ چوونی دەنگ لایەنەکان زۆر کەم دەبێتەوەو. -    لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، تێکڕای هەڵبژاردن (نرخی کورسی) واتە کۆی گشتی دەنگە دروستەکان دابەشدەکرێت بەسەر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە (100) کورسی گشتیییە بەپێی یاساکە، تێکڕای هەڵبژاردنمان دەست دەکەوێت. -    هەر بەپێی یاساکە، ئەگەر (100) کورسییەکە بە تێکڕای هەڵبژاردن پڕ نەبویەوە ئەوا "ئەو کورسییانەی لە ئەنجامی دەستکەوتنی ماوە دەنگ کە ناگاتە تێکڕای هەڵبژاردن دەبێتە هی ئەو قەوارانەی کەوا زۆرترین ماوەدەنگیان هەیە". دووەم: ئەنجامی گشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان  بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەن عێراق سلێمانی (5) بازنەو پارێزگای هەولێر (4) بازنە و پارێزگای دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن بووە. لە هەر چوار بازنەکەی پارێزگای هەولێر (444 هەزار و 253) کەس لە کۆی (1 ملیۆن و 238 هەزار و 379) کەس بە ڕێژەی (35.87%) دەنگیان داوە. لە پارێزگای سلێمانی لە هەر پێنج بازنەکە (393 هەزار و 194) کەس لە کۆی (1 ملیۆن و 389 هەزار و 691) کەس بە ڕێژەی (28.29%) دەنگیان داوە. لە پارێزگای دهۆک لە هەرسێ بازنەکە (396 هەزار و 4) کەس لە کۆی (882 هەزار و 703) کەس بە ڕێژەی (48.13%) دەنگیان داوە. لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم و هەر دوانزە بازنەکەی هەڵبژاردن (1 ملیۆن و 233 هەزار و 451) کەس لە کۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار و773) کەس بە ڕێژەی (35.47%) دەنگیان داوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) سێیەم: دەنگی کاندید و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی یەکەمەو (579 هەزار و 234) بەڕێژەی (46.96%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی دووەمەو (515 هەزار و 316) بەڕێژەی (17.46%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی سێیەمەو (204 هەزار و 855) بەڕێژەی (16.61%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی چوارەمەو (108 هەزار و 10) بەڕێژەی (8.76%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی پێنجەمەو (64 هەزار و 156) بەڕێژەی (5.2%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی شەشەمەو (22 هەزار و 91) بەڕێژەی (1.79%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هێزی حەوتەمەو (6 هەزار و 595) بەڕێژەی (0.53%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 8.    سەربەخۆی لایەنەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (33 هەزار و 194) بەڕێژەی (2.69%)ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) چوارەم: دەنگ و کورسی لایەنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە خاڵی (یەکەم)ی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان بەوە داوە کە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (1) بازنەی هەڵبژاردن دەبێت. بۆیە ئەگەر دەنگی بەدەستهاتووی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆی و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک وەربگرین و کە کۆی گشتی دەنگی لایەنەکان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە (1 ملیۆن و 233 هەزارو 451) دەنگ، ئەو ژمارەیە بەپێی یاساکە دابەشی (100) کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستان بکەین ئەوا بەهای ڕاستەقینەی (1) کورسی دەکاتە (12 هەزار و 334) دەنگی، بەم پێیەش؛ 1.     پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (47) کورسی دەباتەوە. 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (17) کورسی دەباتەوە. 3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (17) کورسی دەباتەوە.  4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (9) کورسی دەباتەوە. 5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (5) کورسی دەباتەوە. 6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەباتەوە. 7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم هیچ کورسییەک ناباتەوە. 8.    سەربەخۆی لاینەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (3) کورسی دەبەنەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))   پێنجەم: دەنگ و کورسی لایەنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ئەگەر سەرجەم هێزەکان) لە سەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبوایە بەشێک لە هێزە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان نەبووە، دەنگی ڕاستەقینەیان دەرنەکەوتووە لە سەرجەم پارێزگاکان، بۆیە لەم بەشەی باسەکەماندا گریمانەی ئەوە دەکەین ئەگەر سەرجەم ئەو هێزانە لەسەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبووایە چ گۆڕانکارییەک ڕوودەدات؟ 1.    پارتی دیموکراتی و کوردستان و نەوەی نوێ و پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەرجەم بازنەکان کاندیدیان هەبووە و هیچ لە ئەنجامەکەیان ناگۆڕێت. 2.    یەکێتی نیشتمانی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن کاندیدیان هەبووە جگە لە بازنەی (1)ی پارێزگای دهۆک، بەڵام لە دوو بازنەکەی دیکە (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر ئەو ژمارەیە دابەشی (2) بکەین و لێکدانی سێی بکەین ئەوا دەنگەکانی یەکێتی لەو پارێزگایە بەرز دەبنەوە بۆ (37 هەزار و 560) دەنگ. واتە لە بازنەی (1)ی دهۆک (12 هەزار و 520) دەنگ بەدەست دەهێنێت. 3.    یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنە تەنها (6) کاندیدی هەبووەو لە هەر پارێزگایەک (2) کاندیدیان هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (3 هەزار و 990) دەنگەوە دەبێتە (7 هەزار 980) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (2) و جارانی (5) بکەین لە (22 هەزار 876) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (57 هەزار و 190)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن تەنها لە دوو بازنەیان کاندیدی هەبووە، بۆیە لە باشترین دۆخیدا ئەگەر کۆی دەنگەکانی لەو پارێزگایە دابەشی (2) و جارانی سێ بکەین لە (81 هەزار 144) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (121 هەزار و 716)دەنگ لە پارێزگای دهۆک.  بەم پێیەش کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (108 هەزار 10) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (186 هەزار و 886) دەنگ. 4.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنە تەنها (5) کاندیدی هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (19 هەزار و 517) دەنگەوە دەبێتە (39 هەزار 34) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (2) و جارانی (5) بکەین لە (44 هەزار 639) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (74 هەزار و 398)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن لە هیچ بازنەیەک کاندیدی نەبووە، بەڵام لە هەڵبژارنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەو پارێزگایە (3 هەزار 628) دەنگی بەدەستهێناوە بۆیە ئەگەر هەمان ئەو دەنگانەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (64 هەزار 156) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (117 هەزار و 60) دەنگ. 5.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە کۆی (12) بازنەی هەڵبژاردن تەنها (7) کاندیدی هەبووە. لە پارێزگای هەولێر لە دوو بازنە کاندیدی هەبووەو لە دوو بازنە کاندیدی نەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی لەو پارێزگایە جارانی (2) بکەین لە (4 هەزار و 245) دەنگەوە دەبێتە (8 هەزار 490) دەنگ. لە پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندیدی هەبووە، بۆیە ئەگەر دەنگەکانی دابەشی (4) و جارانی (5) بکەین لە (17 هەزار 846) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (22 هەزار و 307)دەنگ لە پارێزگای سلێمانی. لە پارێزگای دهۆکیش لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن لە هیچ بازنەیەک کاندیدی نەبووە، بەڵام لە هەڵبژارنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەو پارێزگایە (3 هەزار 801) دەنگی بەدەستهێناوە ئەگەر کاندیدی هەبوایەو بیتوانیایە نیوەی ئەو دەنگانەی بەدەست بهێنایەتەوە ئەوا، کۆی گشتی دەنگەکانی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە (22 هەزار 91) دەنگەوە بەرز دەبێتەوە بۆ (32 هەزار و 697) دەنگ. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) بەو پێوەرە گریمانە کراوانەو بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کورسییەکان بەم شێوەیە دابەش دەبوون بەسەر لایەنە سیاسییەکان؛ 1.    پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (42) کورسی دەباتەوە. 2.    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (16) کورسی دەباتەوە. 3.    نەوەی نوێ لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (15) کورسی دەباتەوە.  4.    یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (14) کورسی دەباتەوە. 5.    کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (9) کورسی دەباتەوە. 6.    بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەباتەوە. 7.    پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم هیچ کورسییەک ناباتەوە. 8.    سەربەخۆولایەنەکانی دیکە هەموو پێکەوە لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (2) کورسی دەبەنەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand