(دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی) .. موڵك‌و ماڵی بارزانییەكان لە ئەمریكا

2021-12-07 14:56:39



(درەو):
 رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت)ی ئەمریكی لە بارەی موڵكوماڵی بارزانیەكان لە ئەمریكا، راپۆرتێكی بەناوی ( دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی... پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ  میامی) بڵاوكردووەتەوە باس لە موڵكو ماڵی بارزانیەكان دەكات لە ئەمریكا
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە كڕینی موڵكێك كراوە بە بەهای (18 ملیۆن) دۆلار كە خاوەنە راستەقینەكەی مەسرور بارزانیە، بەهۆی نەوت‌و گەندەڵییەوە، بارزانییەكان بڕێكی زۆر سەروەت‌و سامانیان لە ئەمریكا كۆكردوەتەوە كە بەهاكەی (ملیارێك و 27 ملیۆن) دۆلارە.

پوختەی راپۆرتەكەى  رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت)
دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی
پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ میامی)
 
لە دوورییەكی كەمەوە لە دەریا، لە ناوجەرگەی (ساوس بیچ)ی سەرەنجڕاكێش لە میامی، دەرمانخانەیەك هەیە كە لەوانی تر ناچێت، گەشتیاران كە كرێمی دژە خۆرو كڵاوی لەپوش دروستكراو لە دەرمانخانەی (cvs)  لە شەقامی واشنتۆن دەكڕن، پارەكەیان بۆ پیاوێكی گەندەڵ دەڕوات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
بەهای ئەم بینا شوشەییە كە دەرمانخانەكەی تێدایە‌و روبەرەكەی نزیكەی (12 هەزار) پێ چوارگۆشەیە، (18 ملیۆن‌و 300 هەزار) دۆلارە.. ساڵی 2019 لەسەر بنەمای تۆماری خانوبەرەی میامی، میدیای لۆكاڵی خاوەندارێتی ئەم بینایەی گەڕاندەوە بۆ كۆمپانیایەكی خانوبەرە لە ڤێرجینیا بەناوی (KLNB)، بەڵام نوێنەری ئەم كۆمپانیایە وتی: ئێمە خاوەنی ئەو بینایە نین‌و بەشدارن نین لە گرێبەستەكەیدا. 
بیناكە لەلایەن كۆمپانیایەكی وەهمییەوە لە دیلاوێر كڕدراوە، لە تۆماری دامەزراندنی كۆمپانیاكەدا ناوی خاوەنی راستەقینەی بیناكە كە (مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە) شاردراوەتەوە. 
كوردستان ناوچەیەكی نیمچە سەربەخۆیە لە باكوری عێراق، لە هەموو شتێكدا پادشایەتییەكی پشتاوپشتە تەنیا لە ناوەكەیدا نەبێ، ماوەی چەندین دەیەیە، بنەماڵەی بارزانی هەژمونیان بەسەردا كردووە، سەرۆك وەزیرانی كورد دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە بۆ هێرشكردن‌و ئەشكەنجەدان‌و كوشتنی ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن، لەناویشیاندا تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان لەسەر شێوازەكەی سعودیە، خوێندكارێكی زانكۆ بەناوی (زەردەشت عوسمان) لەسەر وتارێكی تەنزئامێز كە داوای هاوسەرگیری لە یەكێك لە خوشكەكانی سەرۆك وەزیران كردبوو، روبەڕووی ئەشكەنجەدان‌و كوشتن بووەوە. 
كەس قەبارەی سەروەت‌و سامانی نایاسایی شاردراوە لەناو ئەمریكا نازانێت، یاساكان پارێزگاری لە نهێنیبوونی كۆمپانیاكان دەكەن، بەڵام سەرمایەگوزاری بنەماڵەی بارزانی لەنمونەی ئەم دەرمانخانەیە لە میامی، نیشانی دەدات بۆچی ئەمریكا بووە بە سیمایەكی سەرەنجڕاكێش بۆ پارە قێزەونەكان. 
بەهۆی نەوت‌و گەندەڵییەوە، بارزانییەكان بڕێكی زۆر سەروەت‌و سامانیان كۆكردوەتەوە، بۆ نمونە وەبەرهێنان لە بواری خانوبەرەدا لە كوردستان هی كۆمپانیایەكە كە بەشێوەیەكی نهێنی بەستراوەتەوە بە یەكێك لە براكانی سەرۆك وەزیرانەوە، كە بەهاكەی بە (ملیارێك‌و 27 ملیۆن) دۆلار ئەژمار دەكرێت، وەكو ستەمكارەكانی تر، بارزانییەكان پەنایان بۆ پەناگە نهێنییەكان بردووە، لەنمونەی ئەو شوێنانەی كە لە بەڵگەنامەكانی (پەنەما)‌و (باندۆرا)دا بۆ شاردنەوەی پارە ناویان هێنراوە. 
پەناگە نهێنییەكان ئەو شوێنانەن كە تێیاندا داوای ئاشكراكردنی ناوی خاوەن‌و پشكداری كۆمپانیاكان ناكرێت، ئەمە دەرفەت بۆ هەموو جۆرە تاوانێكی دارایی خۆش دەكات، لەوانە هەڵاتن لە پێدانی باج، شتنەوەی پارە، ئاسانكاریكردن بۆ بەرتیلدان، بەڵام بەپێچەوانەی پادشای ئوردن‌و سەرۆكی پێشووی ئەرژەنتینەوە كە كۆمپانیا نهێنییەكانیان لە بەڵگەنامە دزەپێكراوەكاندا ئاشكرا بوو، سەروەت‌و سامانی بارزانی‌و گرێبەستە بازرگانییەكانی لە بەڵگەنامەكانی پەنەما‌و باندۆرادا ئاشكرا نەكرا. 
لە تۆماری خانوبەرەدا لە دوبەی، وردەكاری لەبارەی سەروەت‌و سامانی بارزانی لە كۆمەڵگەی بورجی خەلیفەی گرانبەها‌و دورگەی (نەخلە) ئاشكرا بوو، شان بەشان لەگەڵ پەیوەندی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ بنەماڵەی شاهانەی ئیماراتی عەرەبی.
لەبری كەناراوەكانی دورگەی كایمان، بارزانییەكان بینای ئۆفێسەكانیان لە دیلاوەر هەڵبژاردووە، كە كۆمپانیای (CT Corporation) خاوەندارێتی دەكات، كە لقی ئەمریكای كۆمپانیایەكی هۆڵەندییە بەناوی (Wolters Kluwer)‌و تایبەتمەندە لەبواری دروستكردنی كۆمپانیای نادیاردا. 
سەرباری ئەوەی سیستمی نهێنیبوونی كۆمپانیاكان لە ئەمریكا كەمتر سەرەنجڕاكێشە، بەڵام بەنزیكەیی هاوتایە لەگەڵ ئەوەی كە لە هەر دورگەیەكی كاریبی لەم بوارەدا هەیە، لە زۆرێك لە وڵاتان لەبری ئاشكراكردنی ناوی خاوەنی راستەقینەی موڵكەكان، دەكرێ كەسانی دەوڵەمەند ناوی بریكارو نوێنەری خۆیان بخەنە سەر نوسراوی كۆمپانیا‌و هەرگیز داوایان لێناكرێت زانیاری لەبارەی خاوەندارێتییەكەیانەوە بدەن، تۆڕێك لە ژمێریارو كۆمپانیای پارێزەرایەتی‌و راوێژكارەكان لە نمونەی كۆمپانیای (Wolters Kluwer) هەڵدەستن بە دروستكردنی ئەم كۆمپانیا نهێنیانە بۆ هەر كەسێك كە پارەیان پێبدات. 
بارزانییەكان موڵك‌و ماڵی نهێنی پێویستیان هەیە، كە كۆشك لە كالیفۆرنیا‌و ڤێرجینیا لەخۆدەگرێت‌و تائێستا چوارجار لەكاتی شاردنەوەی پارەكانیاندا لە ئەمریكا دەستگیركراون، ئەوان پارەكانیان لە ئەمریكا دەشارنەوە، ئەم خێزانە تەنیا بۆ ئەو چوار موڵكە زیاتر لە (75 ملیۆن) دۆلاریان داوە، رەنگە ئەمە تەنیا بەشێكی بچوكی سەروەتە نهێنییەكانی بنەماڵەی بارزانی بێت لە ئەمریكا، هیچ یەكێك لەم چوار موڵكەی بنەماڵە لە بەڵگەنامەكانی پەنامەدا ئاشكرا نەبوون، چونكە كەسانێك بە وەكالەت یان كۆمپانیا پارێزەرایەتی گرانبەها خاوەندارێتییان دەكەن، بەڵام بریكارەكان هەندێك هەڵەی بچوكیان كردووە بەهۆی ئەو هەڵانەوە ئاشكرابوون. 
سەبارەت بە (CVS) پێدەچێت كۆمپانیای پارێزەرایەتی (Cozen O‌Connor) كە بارەگاكەی لە ویلایەتی پەنسلڤانیایە، لەماوەی دوو مانگدا كڕیارە نهێنییەكەی خۆی ئاشكراكردبێت، سەرەتا لە دێسەمبەری 2018دا كۆمپانیای پارێزەرایەتییەكە سێ كۆمپانیای لە فلۆریدا‌و كۆمپانیایەكی لە دیلاوێر بەناوی (دەرمانخانە لە شەقامی واشنتۆن) كردەوە‌و نوسراوی تایبەتی كۆمپانیاكانی فلۆریدا ناو و ئیمزای سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی لەخۆگرتبوو لەگەڵ ناوی یەكێك لە براكانیدا كە (موكسی بارزانی)یە. 
بڕیار نەبوو ئەم ناوانە بكەونە بەرچاوی خەڵك، دوای ماوەیەكی كەم لە كڕینی دەرمانخانەكە، كۆمپانیا پارێزەرایەتییەكە ناوی بارزانییەكانی سڕییەوە‌و لەشوێنی ئەوان ناوی بریكارەكانیان كە پارێزەرێكە بەناوی (كوزین ئوكونور)‌و (ماسیۆ وینستاین) دانرا، ئەمە چارەسەرێكی نمونەیی نەبوو، بەڵام وایكرد ناوی ئەوان لە تۆماری كۆمپانیا بەناوبانگەكاندا دەرنەكەوێت، ئەمە بەس بوو بۆ هەڵخەڵەتاندنی رۆژنامەنوسە لۆكاڵییەكان. 
گرێبەستی (CVS) تیشك دەخاتەسەر ئەوەی پارێزەری كۆمپانیاكان تا چ ئەندازەیەك دەڕۆن بۆ پارێزگاریكردن لە كڕیارە دیكتاتۆرە دەوڵەمەندەكانیان، كاتێك بانگكرا بۆ ئەوەی قسە بكات، وینستاین رەتیكردەوە بنەماڵەی بارزانی خاوەنی ئەو بینایە بن یاخود تەنانەت لای كۆمپانیای (Cozen O‌Connor) كاربكەن، لەبری ئەمە وتی ئەو بەڵگەنامانەی كە لای بەرپرسی دەرەوەی فلۆریدایە، هەڵەن"...
قسەكانی لە هەموو شوێنێك بڵاوبونەوە، بەڵام بانگەشەكانی واینستاین لەبارەی ئەوەی تۆمارەكانی بەرپرسی كاروباری دەرەوەی فلۆریدا هەڵەن، جێگا باوەڕ نەبوون، چونكە ناوی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كورددستان‌و كەسە نزیكەكانی بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لە هەموو بەڵگەنامەكانی كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانی فلۆریدا بەبێ هۆكار نەسڕاونەتەوە، رۆبەرت ئەبلیتۆن گەورە داواكاری گشتی پێشوو لە وەزارەتی داد وتی" ناو بەشێكی گرنگە لە تۆماری كۆمپانیا". ئەم بەڵگەنامانە لەلایەن (كوزین ئوكونور)ەوە ئامادەكراون‌و زۆربەیان لەلایەن (وینستاین)ەوە ئیمزا كراون، ئامادەكردنی بەڵگەنامەی ساختە بۆ تۆماری كۆمپانیاكان لە فلۆریدا بە تاوان ئەژمار دەكرێت، بەڵام وینستاین دەڵێ ئەمە لەلایەن نوسینگەی پارێزەرایەتی تایبەتی بەخۆیەوە كراوە، وەكو هەولێك بۆ شاردنەوەی ناوی كڕیارەكەی.
روونە كە بنەماڵەی بارزانی لە هەڵە خۆش نابن، بەڵام ئەوە هەڵەیەكی هاوشێوە بوو كە كۆشكەكەیانی لە ڤێزجینیا ئاشكرا كرد، كە ساڵی 2010 لەلایەن كۆمپانیایەكی نادیارەوە كڕیبویان.. بەڵام چاودێران لە كوردستان پێشبینییان كرد ئەوە موڵك‌و ماڵی مەسرور بارزانی بێت، هەرچەند بەڵگەنامەكان ئەمەیان نیشان نەدا تا ئەوكاتەی كەسێك بە هەڵە رێگەی دا بە هەڵوەشاندنەوەی تۆماركردنی كۆمپانیای ڤێرجینیا، نوسراوەكە لەلایەن سەرۆكی گروپی (ستێر)ەوە ئیمزا كرابوو، كە كۆمپانیایەكی كوردییە‌و بەگوێرەی بروسكەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە سایتی (ویكیلیكس) بڵاویكردنەوە "گروپی ستێر لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی بارزانییەوە خاوەندارێتی دەكرێت".
بارزانییەكان تەنیا بۆ شاردنەوەی پارەكانیان سود لە كۆمپانیا نهێنییەكانی ئەمریكا وەرناگرن، بەڵكو بەكاریشیان دەهێنن بۆ فریودانی ئیدارەی ئەمریكا، هەردوو كۆشكەكەیان لە كالیفۆرنیا پەیوەندیدارن بە فێل‌و فڕێك كە لە پەنتاگۆن كراوە، ئەم كۆشكانە ساڵی 2018 لەلایەن كۆمپانیا نادیارەكانەوە لە دیلاوێر‌و ڤێرجینا كڕدراون، لەرێگەی نوێنەرانی كۆمپانیایەكی پارێزەرایەتی بچوك، ئەم كۆشكانە لە گەورەترین پرۆسەی كڕینەكان لە مێژووی (بێڤرلی هێڵز)دا، ئەمەش كاتێك ئاشكرا بوو كە كەرتی خانوبەرە لە (Variety) ناوی كارمەندەكەی بنەماڵەی بارزانی (هەڤاڵ دۆسكی) لەسەر نوسراوی تایبەت بەو موڵكانە ئاشكراكرد. 
هەڤاڵ دۆسكی نێوەندگیر بوو لە پلانێكدا كە تێیدا كڕینی سوتەمەنی بۆ بنكەكانی ئەمریكا لە كوردستان دەدات بەو بەڵێندەرانەی كە سەربە بارزانی بوون، ئەمەش نرخێكی زیاتر لە نرخی بازاڕی خستە ئەستۆی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پەنتاگۆن)ەوە، پێدەچێت بە داهاتی ئەو گرێبەستانە پارەی ئەم كۆشكانە دابین كرابێت. 
هەموو ئەمانە ئەو پرسیارە دەوروژێنن: ئایا بارزانییەكان هاوشێوەی ستەمكارەكانی تر چەندێك موڵك‌و ماڵی شاراوەیان لە ئەمریكادا هەیە؟ پارێزەری كۆمپانیاكان هەڵە دەكەن، بەڵام هەموو جارێك نا، رەنگە زۆریش هەڵە نەكەن.
زۆرینەی لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەكان لە كۆمپانیا وەهمییە نادیارەكان‌و كڕیاری خانوبەرە نهێنییەكان بە شكست كۆتاییان دێت، تەنانەت لەكاتی دیاریكردنی پارچە زەوییەكەشدا، نەمتوانی تۆماری موڵكیەتی خانویەكی تر كە ئەگەری هەیە هی بارزانی بێت لە كالیفۆرنیا بەدەست بخەم، پارێزەرەكان كە لەپشت ئەم كۆمپانیایەوەن، هیچ هەڵەیەك ناكەن‌و ناسنامەكە بەتەواوەتی بەشاراوەیی دەهێڵنەوە، بەتایبەتیش كە ویلایەتێكی وەكو دیلاوێر پارێزگاری لە یاسای بەنهێنی هێشتنەوەی كۆمپانیاكان دەكات، بۆیە لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەكان لە گەندەڵییەكان، بەشێوەیەكی بەردەوام بە بنبەست دەگات... ئەم كۆمپانیا نهێنییانە هەر دەمێنن تا ئەەوكاتەی خەڵكانی وەكو بنەماڵەی بارزانی پارەیان هەبێت بۆ ئەوەی بیشارنەوە، تاكە چارەسەری راستەقینە ئەوەیە، دزە بە بەڵگەنامەكانی دیلاوێر بكرێت، پێویستە كارمەندانی كۆمپانیاكانی پارێزەرایەتی تۆماری كڕیارەكانیان بۆ رایگشتی ئاشكرا بكەن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

كێ دەبێتە سەرۆك كۆماری عێراق؟

بەرهەم ساڵح
هۆشیار زێباری
لەتیف رەشید
حاكم رزگار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand