لەبەرامبەر گەورەترین هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، داعش هەر لە جوڵەدایە
2021-12-11 07:54:54
درەو:
کاتێک بەراوردی شەڕی داعش دەکەیت بە جەنگە گەورەکانی دیکە، دەبینیت شەڕی داعش زیاتر لە (7) ساڵی خایاند!، ئێستاش بەردەوامی هەیە! لەکاتێکدا جەنگی جیهانی یەکەم (4 ساڵ و 3 مانگ)ی خایاند، جەنگی جیهانی دووەم (6) ساڵی خایاند، پرۆسەی ڕزگارکردنی کوەیت لە ساڵی (1991) بە هاوپەیمانی (38) وڵات و بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی پرۆسەی (گەردەلولی بیابان) تەنها (43) ڕۆژی خایاند.
زیاتر لەوەش پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی (2003) لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 19/3/2003 دەستی پێکردو لە 9/4/2003 پایتەختەخت (بەغداد) سقوتی کرد!
سەرەتا
ئەو ناوچەیەی کە لەجوگرافیای سیاسی و بواری ستراتیجی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبراوە، بۆ چەند دەیەیەک دەچێت گەرمترین و پڕ ململانێترین ناوچەی جیهانە، لەسەرەتای نەوەدەکان و هەزارەی دووەمەوە چوار هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا پێکهێنراوە کە دونیان دژ بە عێراق و دوانیان بە بیانووی ڕوبەڕوبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان و گێرانەوەی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە پێکهێنراوە، سێ جەنگیان لەسەر خاکێ عێراق یەکلا کراونەتەوە.
یەکەم هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە ساڵی (1991) بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەشداری (38) دەوڵەت دژ بە پێشڕەوییەکانی عێراق بۆ سەر وڵاتی کوەیت پێکهێنرا و لە ژێر ناوی "گەردەلولی بیابان" هێزە عێراقییەکانیان لەو وڵاتە وەدەرنا.
لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوەو لە دوای ڕوداوەکانی 11ی سێپتەمبەر هاوپەیمانێتییەکی دیکەی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێکخراوی قاعیدەو تاڵیبان لە وڵاتی ئەفغانستان پێکهێنرا، دواتریش لە ساڵی (2003) هاوپەیمانێتییەکی دیکەی نێودەوڵەتی بە قیادەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژ بە ڕژێمی بەعس لە عێراق پێکهێنرا.
دواین هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیش بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی (2014) دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) پێکهێنرا کاتێک توانی بەخێراییەکی زۆر ناوچەیەکی فراوانی عێراق کۆنترۆڵ بکات.
لە لێکۆلێنەوەیەکی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان لە ژێر ناوی "هەڵسەنگانی ئەدای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی حەوت ساڵ لە عێراق" بە وردی تیشک خراوەتە سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کە لێرەدا بە پوختی گرنگترین بابەتەکانی دەخەینە ڕوو، بە تایبەت چۆنییەتی دروستبوونی هاوپەیمانێتییەکەو دەستکەوت و پاڵپشتییەکانی بۆ عێراق و ئەو ڕەخنە جدییانەی ڕووبەڕووی کاری ڕێکخراوەکە بووتەوە لە عێراقدا.
یەکەم: پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش
لەگەڵ پەلهاویشتنی خێراو لەناکاوی رێکخراوی تیرۆرستی داعش لەسەر خاکی عێراق لە سەرەتاکانی مانگ حوزەیرانی ساڵی 2014، حکومەتی عێراقی ناچارکرد بەئاشکراو بێ لەبەرچاوگرنتی سەروەری خاكی عێراق و دۆخی خراپی هاوڵاتیانی سڤیل لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوەکە داوای هاریکاری نێودەوڵەتی بکات بۆ ئەو دۆخەی تێی کەوتبوو، لە مانگی ئابی 2014 حکومەتی عێراق بە ڕون و ڕاشکاوی داوای دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی کردو نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردو لە بەشێکیدا هاتبوو "بەپێی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی و فرە لایەن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماناندا حکومەتی عێراق داواکاری هاریکاری پێشکەش دەکات بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و لێدانیان لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە".
هەر لەو سەروبەندەشدا "هۆشیار زێباری" وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی عێراق ڕایگەیان؛ حکومەتی عێراق داواکاری فەرمی پێشکەش کردووە بۆ هاریکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لێدان لە پێگەکانی داعش.
دوای چەندبارە بوونەوەی داواکانی حکومەتی عێراق بۆ پاڵپشتی دەرەکی، زۆری نەخایاند حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەم داخوازییەکانی عێراقەوە هات و لەو کاتەدا "باراک ئۆباما" لەسەر کورسی دەسەڵات بوو، بەخێرایی هاتە سەرخەت. بەتایبەت کاتێک هێرشەکانی داعش نزیکبوونەوە لە پارێزگای هەولێر و داعش هێرشی دڕندانەی دژ بە پێهاتەی ئیزدییەکان لە شەنگال دەستپێکردو هەر لەو سەروبەندەدا بوو ڕێکخراوەکە دوو ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی بە ناوەکانی "جیمس فولی" و "ستیڤن سوتلوف" سەربڕی، هێندەی تر ڕێگەی خۆشکرد ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرپەرچی توندی ڕێکخراوەکە بداتەوە.
بۆیە بە دەستپێشخەری و سەرکردایەتی ئەو وڵاتە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە 8/8/2014 پێکهێنرا کە لەسەرەتادا برتیبوون لە وڵاتانی (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئوسترالیا و ئەڵمانیا).
"باراک ئۆباما" لە یادی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2014 بۆ سەر وڵاتەکەی پێشنیاری فراوانکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوەکە و لە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە لە دوو کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ناتۆ و لە شارەکانی (جدە و پاریس) (40) دەوڵەتی عەرەبی ڕۆژئاوایی بڕیاریاندا بەشداری پرۆسەکەبن، دواتریش وتەبێژی ئەوکاتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "جینیفەر ساکی" ڕایگەیاند؛ "هاوپەیمانێتییەکە فراوان بووەو لە سێ کۆبوونەوەی (جدە، پاریس، بارەگای ئەنجومەنی ئاسایش) بەرەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی فراوان بووە بۆ (60) دەوڵەت"، پاشان چەندین وڵاتی دیکە هاتنە نێو هاوپەیمانێتییەکەوە تا گەیشت بە (79) دەوڵەت.
بەشێوەیەکی گشتی هاوپەیمانێتییەکەش لە پێکهاتەی دوو گروپی سەرەکی لە دەوڵەتان دروست بوو بوو کە گروپێکیان وڵاتانی نێو هاوپەیمانی ناتۆ بوون.
گروپی دووەمیشیان بریتبوون لە وڵاتانی ناوچەکەو دۆستەکانی نزیک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانیان لە شاری "جدە" ڕەزامەندی خۆیان بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی داعش نیشاندا.
لەسەر خواست و داوای لایەنی عێراقی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی هێزی ئاسمانی خۆیەوە لە مانگی ئابی 2014 یەکەم گورزی خۆی لە شاری موسڵ و بەدیاریکراویش لە نزیک بەنداوی موسڵ لە ڕێکخراوەکە وەشاند.
بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی بەشداری دەوڵەتان لە هاوپەیمانێتییەکەدا جیاوازی هەبوو، هەندێک لە دەوڵەتان ڕۆڵی گەورەیان گێرا بە تایبەت (بەریتانیا، فەرەنسا، ئوسترالیا و ئوردن)، هەندێک لەو دەوڵەتانە ڕاستەوخۆ بەشداربوون لە لێدانی ڕێکخراوەکە، هەندێکی تریان هاریکاربوون لە پێشکەشکردن چەک و پێداویستی جەنگی و هەندێکیان بە پاڵپشتی لۆجستی و ڕاهێنان و تا ئاستی پێدانی ڕاوێژکاری سەربازی و هەواڵگری سەربازی و پێدانی زانیاری و هەندێکیشیان تەنها بە شێوەی ڕەمزی پشتیوانی هاوپەیمانێتییەکە بوون.
ئامانجی سەرەکی هاوپەیمانێتییەکەش لێدان و لەناوبردنی پێگە سەربازییەکانی داعش بوو، لەدوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکەش یەکەم هێرشی هاوپەیمانان بۆسەر "سەربازگەی غەزلان" بوو لە پارێزگای موسڵ کە چەک و پێداویشتی زۆری سەربازی تێدابوو، پێشتر داعش لە ژێر دەستی سوپای عێراق دەریهێنابوو، بەدوایدا سەدان هێرشی ئاسمانی بۆسەر پێگەکانی ئەو ڕێکخراوە ئەنجام درا.
بەشێکی تری ئامانجەکە بونیادنانەوەی ناوچە ئازادکراوەکان و پێکهێنانی بەرەیەکی ڕاگەیاندنی جەنگی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری نێوانیان بوو.
دووەم: دەستکەوتەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش
1. لێدان لە پێگەو تواناکانی داعش
یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانی هاوپەیمانێتییەکە، لێدان بوو لە پێگەو بارەگاو بنکە سەربازییەکانی ڕێکخراوەکە، لەدوای پێکهێنانی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەدان هێرشی ئاسمانی بۆسەر پێگەکانی ڕێکخراوەکە لە ناوچە و شوێنە جیاوازەکانی عێراق دەستی پێکرد و تاڕادەیەکی زۆر توانا سەربازییەکانی ڕێکخراوەکەی لاوازکرد.
هاوپەیمانێتییەکە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2020 لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕایگەیاند؛ کە زیاتر لە (110) هەزار کیلۆمەتر خاکی لە عێراق سوریا ئازاد کردووە، کە زیاتر لە (7.7) ملیۆن هاوڵاتی ئەو دوو وڵاتە لەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی داعش ژیاون، لە بەیانەکەدا ئاماژەی بەوەش داوە کە لە مانگی ئابی 2014 بۆ مانگی ئەیلولی 2020 (34 هەزاو و 917) هێرشی بۆ سەر پێگەکانی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجام داوە.
بەپێی دواین ئامارەکانی بەردەست لە پێگەی (AIR WARS) لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا هاوپەیمانێتییەکە (14 هەزار و 883) هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ڕێکخراوەکە تەنها لە عێراقدا ئەنجام داوە، پشکی شێری ئەو هێرشانەش بەر پارێزگای موسڵ دەکەوێت.
بەڵام لەدوای لاوازبوونی تەواوی داعش و لەدەستدانی نزیک لەسەرجەم بنکەو بارەگاکانی و دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێرشەکانی هاوپەیمانانیش بە ئاستێکی زۆر بۆ سەر بارەگاکانی ڕێکخراوەکە دابەزی.
بەڵام جموجۆڵیان لە ناوچە شاخاوی و پەنهانەکان هەرماوەو لەناو نەچوون، بەپێی بەڵگەو زانیارییەکان جموجۆڵەکانی ئەم دواییەیان، بەپێی زانیارییە هەوڵگرییەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا لە 22ی ئازاری 2021 ئاماژە بەوە دراوە کە؛ (133) هێرشی ئاسمانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هاوپەیمانانەوە بۆ سەر چیای قەرەچوغ لە پارێزگای موسڵ ئەنجام دراوە و زیاتر لە (80) بنکە و بارەگای داعش لەنابراوەو چەندین چەکداریان لێ کوژراوە.
هەروەها زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە جگە لەو ناوچانە، لە زنجیرە چیاکانی مەکحۆل لە سنوری پارێزگای سەلاحەدین و چیای مەخمور لە سنوری پارێزگای هەولێر و دۆڵی چای (وادی شای) لە سنوری پارێزگای کەرکوک و ناوچە شاخاوییەکانی گەرمیان و سنورەکانی دوز خورماتوو جموجۆڵ و بنکەو بەرەگایان هەیەو چەندین جاریش کراون بە ئامانج، ئەو هێرشانەی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ناوچە جیاوازەکانی نێوان سنوری حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داوە دەرخەری ڕاستی مانەوەو بەردەوانییانە.
2. کوشتن و لەناوبردنی سەرکردە گەورەو دیارەکانی داعش
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە قیادەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆڵی گەورەی بینی لە لەناوبردن و گرتن و کوشتنی سەکردە دیارەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، بە هێرشەکانیان سەرکردەی دیاری لە عێراق و سوریا لێ کوشتوون لە دیاریترینی ئەوانە (ئەبو عەلی ئەنباری، ئەبو موسلمی تورکمانی، ئەبو عومەری شیشانی، ترکی بن عەلی...هتد) تاگەیشت بە کوشتنی کەسی یەکەمی ڕێکخراوەکە (ئەبوبەکر بەغدادی)، ئەم گورزە کوشندانەش ڕۆڵی گەورەی گێڕا لە شکانی ورەو پایە گرنگەکانی ڕێکخراوەکە.
ئەمە جگە لەوەی هاوپەیمانێتییەکە لە ساڵی (2016) ئەوەی ڕاگەیاند کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی (45) هەزار چەکداری داعش لە عێراق کوژراون، هەروەها وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی (جەنەراڵ شون ماکفارلاند) ڕایگەیاند کە؛ لە ماوەی (11) مانگدا (25) هەزار چەکداری داعش کوژراون.
لەسەرەتای ساڵی (2021) جارێکی تر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە قیادەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ لەناوبردنی پاشماوەی بنکەو بارەگاکانی داعش و کوشتنی سەرکردەکانیان، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هێزە عێراقییەکان لە 28/1/2021 لە دۆڵی چای کەرکوک لە باشوری پارێزگاکە جێگری ئەبوبەکر بەغدادی و والی داعش لە عێراق (ئەبو یاسر عیساوی) کوژرا.
چەند ڕۆژێک دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە لە 2/2/2021 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند؛ (ابو حەسەن ئەلغەریباوی) و سێ لە هاوڕێکانی لە هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیمانان لە ناوچەی ئەبو غرێبی ڕۆژئاوای عێراق کوژراون، ناوبراو یەکێک بووە کە سەرکردە ناسراوو دیارەکانی ڕێکخراوەکە،
دواتریش مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند؛ والی داعش لە باشوری عێراق و بەرپرسی گواستنەوەی خۆکوژەکانی داعش (غانم سەباح) کوژراوە.
هاوکات وتەبێژی فەرمی سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان (تەحسین خەفاجی) ڕیگەیاند؛ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی دەستکەوتنی زانیارییەکانەوە توانراوە چەندین کەسی دیاری ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بکوژرێن.
3. ڕاهێنان و هاریکاری
یەکێکی دیکە لەو ئەرکانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەستۆی گرت، ڕاهێنان بوو بە هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەم پێیەش ئەکی سەرەکی لە ئاسمان هێرشبردن و لەسەر زەویش ڕاهێنان بوو بە هێزە عێراقییەکان، بەتایبەت لە دوای ساڵی (2017)ەوە.
"واین ماریتۆ" وتەبێژی فەرمی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لە ئازاری ساڵی (2021) ڕایگەیاند؛ ڕۆڵی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق تەنها پێشکەشکردنی ڕاوێژکارییە، ڕووبەڕووبوونەوەی داعشیش لە دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان دەبێت بە شێوەیەکی حەسری، زیاتر لەوەش ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ئاماژەی بەوەدا، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەڵامگۆی داخوازییەکانی عێراق بوونە لە ڕوبەرووبوونەوەی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق، هاوکات ئاماژەی بە هاریکاری هاوپەیمانان داوە لە بوارە جیاوازەکانی هەواڵگری و زانیاری و پاڵپشتی لۆجستی و ڕاوێژکاری، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی توانای هێزە عێراقییەکان لەسەر ئاستی مەیدانی و ستراتیجی.
"واین ماریتۆ" لە کۆتاییەکانی ساڵی (2020) ئەوەی ڕونکردبوویەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕاهێنانیان بە (240) هەزار چەکدار لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق کردووە. هەر لەم بارەیەوە "عەمید تەحسین خەفاجی" وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە سەرەتای ساڵی (2021) ڕایگەیاند؛ هێزەکانی هاوپەیمانان لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاهێنانیان بە (17) لیوای سەربازی کردووە کە زیاتر لە (49) هەزار سەرباز پێکهاتوون. لەگەڵ (29) هەزار چەکدار لە هێزەکانی پۆلیس و (8 هەزار و 500) پاسەوانی سنور و (23) هەزار پێشمەرگەو (10) هەزار کەس لە حەشدی عەشائیری ڕاهێنانیان پێکراوە.
4. پاڵپشتی ماددی و پێداویستی سەربازی
یەکێک لە گرنگترین کارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەو پاڵپشتییە ماددی و سەربازییانە بوو کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش پێشکەشی کرد، بەتایبەت لە عێراق کە بۆ ماوەیەکی درێژ پاڵپشتییەکانی بەردەوامی هەبوو، ئەوە لە کاتێکدا بوو عێراق لە چەندین ڕووی ئابوری و دارایی و سەربازی و پێداویستی سەربازی و ئەمنییەوە لە قەیراندا بوو تاڕدەیەکی زۆریش توانای کۆنترۆڵکردنەوەی خاکەکەی لەدەست دابوو. بۆیە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە گۆڕینی چۆنییەتیەتی و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. بەپێی وتەی "واین ماریتۆ" هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە بەهای زیاتر لە (5) ملیار دۆلار هاریکاری سەربازی پێشکەش بە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە.
بەشێک لەو پێشکەش بە حکومەتی عێراق و هەرێم کراون بریتیبوونە لە ئامرازەکانی گواستنەوەی وەک (1100) مودەرەعەی جەنگی و زیاتر لە (100) ئۆتۆمبێلی توێتا لاندکرۆزەر و ئامرازەکانی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەرنامەو پێداویستییەکانی چاودێری و کامێرای حەراری و مۆلیدەی کارەبا....هتد.
ڕاگەیاندنی سەربازی عێراقی چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ژمارەیەکی زۆر پێداویستی و چەکی سەربازی لە هاوپەیمانان وەرگرتووە، لەو بارەیەوە "موحسین خەفاجی" لە ساڵی (2020) لە توڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک لە پۆستێکیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەو هاوکارییانەی وەریانگرتووە بە بەهای (5) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
هەر بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە نیسانی ساڵی 2021 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاریکاری وەزارەتی بەرگری عێراقی کردووە بە زیاتر لە (250) پارچە چەکی (M4S) و (M240BS) و (81) چەکی کاردانەوەی خێرا و لەگەڵ چەندین پێداویستی تر.
لە مانگی دواتر و لە ئایاری (2021) جارێکی تر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند بەبەهای (3) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی چەکی پێشکەش بە وەزارەتی بەرگری عێراق کردووە.
لەلایەکی ترەوە لە حوزەیرانی (2021) ڕاگەیاندنی سەربازی عێراق ڕایگەیاند؛ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەک و پێداویستی سەربازی پێشکەش بە هێزە عێراقییەکان کردووە، بەبەهای (1 ملیۆن و 136 هەزار 600) دۆلار لەگەڵ کۆمەڵێک پێداویستی تر کە بەهاکەی بە (3) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و لە مانگی تەموزی ئەمساڵ وەزارەتی بەرگری عێراق جارێکی تر ڕایگەیاند کومەڵێک پێداویستی بەدەست گەیشتووە بەهاکەی بە (5.2) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، کە بەشێکیان ئۆتۆمبێلی سەربازی بوونە.
سێەم: ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەکرێت
لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆری بەرپرسانی عێراقی و ناعێراقی بوویەوەو دەبێت، بەگشتی ڕەخنەکان خۆی دەبینێتەوە لە؛ دەستدرێژی و قوربانیانی زۆری هاوڵاتیانی سڤیل لە هێرشەکانی هاوپەیماناندا، ناڕوونی نەبوونی نەخشیەکی ڕوون و خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەناوبردنی یەکجارەکی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکە، لەدەستدانی هەندێک لایەنی ناوخۆیی نێو هاوپەیمانێتییەکەو بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان و نەبوونی هەر یەک لە (سوریا، ئێران و ڕوسیا) لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکە... هتد. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر دوو گرنگترین ئەو ڕەخنانەی کە ڕووبەڕووی ڕێکخراوەکە دەبێتەوە، ئەوانیش بەرزی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە هێرشەکان و ناڕونی لە نەبوونی خشتەیەکی کاتی بۆ لەناوبردنی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە.
1. تۆمارکردنیی ڕێژەیەکی بەرز لە کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل لە هێرشە سەربازییەکاندا
دیاترین ڕەخنەیەک کە ڕووبەڕووی هاوپەیمانێتییەکە دەبێتەوە بەرزی ژمارەی قوربانیان و زیانلێکەوتوونی مەدەنییە لەو هێرشە ئاسمانیانەی ڕێکخراوەکە ئەنجامی داون، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 هاوپەیمانێتییەکە ئەوەی ڕاگەیاندووە کە؛ لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە سەربازییەکاندا تەنها لە عێراق (هەزار و 410) هاوڵاتی بەهەڵە کوژراون، لە کاتێکدا سەرۆکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق "مستەفا سەعدون" ئەوەی ڕەتکردووەتەوە کە ئەو ژمارانە ڕاست و وردو دروستبن، بەڵکو ژمارەکان زۆر لەوە زیاترن، بەپێی ئەو ئامارەی ئەوان ئاماژەیان پێداوە تەنها لە ماوەی ساڵی (2017-2018) لەکاتی ئازادکردنەوەی شاری موسڵ زیاتر لە (4) هەزار هاوڵاتی مەدەنی بوونە بەقوربانی بە هەڵەی هێرشە سەربازییەکان.
بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەی (AIR WAR) کە بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە کردووە، ئەو زانیارییانەی ڕەتکردووەتەوەو ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەو ژمارانە دورن لە ڕاستی و واقعەوە، چونکە ژمارەکان زۆر لەوە زیاترن کە باس دەکرێن.
لەئەنجامی بەداوادچونەکانی گەیشتووە بەو ئەنجامەی کۆی قوربانیانی سڤیل لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا لە نێوان (8 هەزار 318) بۆ (13 هەزار و 190) قوربانییە، کە بەشی زۆریان لە شەڕی ئازادکردنەوەی پارێزگای موسڵ لە عێراق و شاری ڕەقە لە سوریا کوژراون (بڕوانە گرافیک)ەکە.
دۆخەکە بەجۆرێک بوو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بەدەنگ هاتن و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2017) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ئەوەی لە پرۆسەی ئازدکردنی شاری موسڵ دەگوزەرێت پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە.
تاگەیشت بە ئاستێک هەندێک لایەنی سیاسی عێراقی سکاڵایان دژی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2020) تۆمارکرد بەوەی گۆڕەپانی عێراق و سوریایان بۆ تاقکردنەوەی چەکەکانی خۆیان بەکارهێناوە.
2. ناڕونی و نەبوونی خشتەیەکی زەمەنی بۆ بەلاداخستنی شەڕی دژ بەداعش
بەشێکی دیکە لەو ڕەخنانەی بەدرێژایی جەنگەکە ئاراستەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکرا لە عێراق و سوریا، نەبوونی خشتەیەکی زەمەنی ڕوون بوو بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەنگی داعشی بە هاوشێوەی جەنگ دژ بە ئەلقاعیدە دەشوبهاند، بۆ نمونە وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئەمریکا "جیمس ماتیس" لە شوباتی ساڵی (2017) ڕایگەیاند شەڕ لەگەڵ داعش ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق "حەیدەر عەبادی" لە کۆبوونەوەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ نمونە لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی وڵاتانی ئەندامانی هاوپەیمان لە پاریس و کۆنگرەی وڵاتانی جی 7 لە ئەڵمانیا، ڕایگەیاندووە؛ "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جدیتر بێت لە پەلهاویشتنەکانی داعش، ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە هەموو وەک یەک جدی نین و پێویستە هەموان زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن". دواتریش "حەیدەر عەبادی" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ڕاشکاوی دانی بەوەدا نا کە "کاری هاوپەیمانێتییەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ڕاهێنانی هێزەکان زۆر لەسەر خۆن".
بە بڕوای شارەزایانی ئاسایش و چاودێرانی سیاسی لە سەرەتای ساڵانی یەکەمی دەسپێکی شەڕی داعش، ستراتیجییەتی ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سوریا زۆر ناڕوون بوو، بەتایبەت کاتێک زانیاری هەبوو کە هێزە چەکدارەکانی داعش بەئاسانی لە نێوان سنورەکانی سوریا و عێراق جموجۆڵ و هاتوو چۆ دەکەن، لەلایەکی ترەوە لەسەرەتاوە کەمتەرخەم بوو لە پارێزگاری کردن لە هێزی پێشمەرگە و باکوری موسڵ و ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی داعش نەکرد کاتێک ویستی هێرش بکاتە سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش شاری هەولێر. هەر وەک چۆن بە هێزی خۆی دەرنەخست کاتێک داعش هێرشی کردە سەر پارێزگاکانی ئەنبار و موسڵ.
زۆر بە ڕاشکاوی وتەبێژی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق "سەعد ئەلحەدیسی" لە ساڵی (2015) ڕایگەیاند؛ "هێرشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئاستی چاوەڕوانییەکان نەبووە، بەراورد ناکرێت بە ژمارە و قەبارەی تواناکانی وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتییەکەدا".
بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییانەش کاتێک بەراوردی شەڕی داعش دەکەیت بە جەنگە گەورەکانی دیکە هەست بەو ڕاستییە دەکەیت، بۆ نمونە شەڕی داعش زیاتر لە (7) ساڵی خایاند، لەکاتێکدا جەنگی جیهانی یەکەم (4 ساڵ و 3 مانگ)ی خایاند، جەنگی جیهانی دووەم (6) ساڵی خایاند، پرۆسەی ڕزگارکردنی کوەیت لە ساڵی (1991) بە هاوپەیمانی (38) وڵات و بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی پرۆسەی (گەردەلولی بیابان) تەنها (43) ڕۆژی خایاند.
زیاتر لەوەش پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی (2003) لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 19/3/2003 دەستی پێکردو لە 9/4/2003 پایتەختەخت (بەغداد) سقوتی کرد.
هەندێک لە چاودێرانیش بەشێکی زۆری هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە هاوپەیمانان تەنها بە هێزی ئاسمانی بەشداری ڕاستەوخۆی تێدا بەکارهێنا و لەسەر ئاستی زەمینی ئۆپوراسیۆنی بەرهەمداریان ئەنجام نەداوە.
بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە؛
• علی نجاة، تقييم أداء التحالف الدولي خلال السنوات السبع في العراق، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛
https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2021/09/8e6ytg3v.pdf