گەڕانەوەی داعش سیناریۆیە یان راستی؟
2021-12-06 17:01:30
راپۆرت: درەو
هێشتا 25 رۆژ ماوە بۆ وادەی فەرمی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق، حەشد هەڕەشە لە ئەمریكا دەكاتو داعش هێرشەكانی بەئاڕاستەی هێزی پێشمەرگە چڕكردوەتەوە، هێزی پێشمەرگە لەدوای چەندین ساڵ یارمەتی و راهێنان هێشتا بەفەرمانی بەرپرسانی حزب جموجوڵ دەكات. یارو نەیارەكانی ئەمریكا لە عێراق گرەو لەسەر كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكان دەكەن، گەڕانەوەی داعش سیناریۆیە یان راستی؟
سیناریۆی ئەفغانستان دووبارە دەبێتەوە ؟
لەكاتێكدا هەموان چاوەڕێی ئەوە دەكەن بەر لە كۆتا رۆژی ئەمساڵ، حكومەتی عێراق بەفەرمی چونەدەرەوەی سەرجەم هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق رابگەیەنێت، چەند رۆژێكە چەكدارانی "داعش" هێرشەكانیان بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە چڕكردوەتەوە، ئەمە گومانی دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ئەفغانسانی زیاتر كردەوە، كە هێشتا هێزەكانی ئەمریكا بەتەواوەتی نەكشابووەوە، هێزەكانی بزوتنەوەی تالیبان بارودۆخی وڵاتیان كۆنترۆڵ كرد.
بەڵام كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان هەندێك لە كشانەوەكەی لە عێراق جیاوازە، چونكە بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان بەغدادو واشنتۆن كراوە، دوای كشانەوە، رۆڵی سەربازی ئەمریكا لە عێراقدا هەر دەمێنێت، بەڵام رۆڵەكە دەگۆڕدرێت بۆ راوێژكارییو راهێنانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، لەپاڵ ئەمەشدا هەوڵی عەسكەری ئەمریكا بەشێوەی ئاسمانیی لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی "داعش"دا هەر بەردەوام دەبێت.
ئامادەكاری بۆ كشانەوە
بەگوێرەی زانیارییەكان، چەند رۆژی رابردوو هەندێك وەفدی هونەری سەربازی عێراق سەردانی هەردوو بنكەی (عەین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبارو بنكەی (هەریر)یان لە پارێزگای هەولێر كردووە بۆ ئاگاداربوون لە پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.
ئێستا لایەنی عێراقی لەگەڵ ئەمریكییەكان لە گفتوگۆو كۆبونەوەدان بۆ دیاریكردنی ژمارەی ئەو سەربازانەی ئەمریكا لە عێراق كە رۆڵی جەنگییان نابێت، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە كۆتایی تەموزی رابردوو لەنێوان بەغدادو واشنتۆندا ئیمزا كرا، ئەركی پاراستنی ئەم هێزانەو بنكەكانیان دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی عێراقی.
ئێستا نزیكەی (2 هەزارو 500) سەربازی ئەمریكی لەسەر خاكی عێراقن، ئەمانە تا ئەم ساتە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن لەشەڕی دژ بە داعشدا، پاڵپشتییەكەیان بەشێوەیەكی زیاتر خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی زانیاری هەواڵگری، وێنەی ئاسمانیی، جێبەجێكردنی گورزی ئاسمانی لەرێگەی فڕۆكە جەنگییەكانەوە بۆسەر حەشارگەكانی داعش.
ئەمە جاری دووەمە ئەمریكا هێزی شەڕكەری خۆی لە عێراق دەكێشێتەوە، ساڵی 2011 ئەمریكا هێزەكانی كشاندەوە، بەڵام دوای سێ ساڵ لەم كشانەوەیە، رێكخراوی داعش لەماوەی چەند مانگێكدا یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی كۆنترۆڵكرد.
هەڕەشەی حەشد
ئێستا كە ئیتر بڕیارە رۆڵی هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق كۆتایی بێت، لایەنگرانی ئێرانو بەدیاریكراوی ئەوانەی خۆیان ناوناوە بەرەی "مقاوەمەت"، هەڕەشە دەكەنو دەڵێن شەوی سەری ساڵ دواین وادەیە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، دەڵێن لەدوای كاتژمێر (12)ی شەوی 31ی ئەم مانگە دەستدەكەن بە لێدانی ئەو ناوچانەی كە هێزی ئەمریكی تێدا بێت، بەدیاریكراویش سەربازگەی "ڤیكتۆریا" لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد هەروەها هەردوو بنكەی (عەین ئەسەد)و (هەریر).
هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران گومانیان لە كشانەوەی ئەمریكا هەیە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران تۆمەتبار دەكەن بەوەی "چەواشەكاریو فێڵ" دەكات لە دۆسیەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا، بەوپێیەی بە وتەی ئەمان "هیچ رێگایەك نییە بۆ پشكنینی ئەو هێزانەی ئەمریكا كە دەمێننەوە، ژمارەی راستەقینەی هێزەكانی ئەمریكا نازانرێت، بۆیە ناتوانرێت ژمارەی هێزی شەڕكەرو ئەو هێزانەی كە كاریان راوێژكارییە، دیاری بكرێت".
وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هاوكاتە لەگەڵ دووەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانو ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی هێزەكانی ئەمریكادا لەنزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.
ئەم هاوكاتبوونە، ترسی لای بەرپرسانی عێراقی دروستكردووە، هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق، هاوشێوەی ساڵی رابردوو هەندێك هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق رووبدات، بەڵام هەندێك دەڵێن هێزە دۆڕاوەكانی شیعە لە هەڵبژاردن، ئەم مەلەفە وەكو كارتی فشار لەسەر حكومەتی كازمی بەكاردەهێنن.
داعش زیندوو دەبێتەوە ؟
بەگوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە مانگی شوباتی رابردوو بڵاوبووەوە، رێكخراوی داعش بەشێوەیەكی زۆر نهێنی پارێزگاری لە بوونی خۆی دەكات لە عێراقو سوریاو لە یاخیبونێكی بەردەوامدایەو بەو ناوچە سنورییانەی نێوان عێراقو سوریا بڵاودەبێتەوە كە پێشتر كۆنترۆڵی كردبوون.
راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ" رێكخراوی داعش هێشتا خاوەنی 10 هەزار چەكداری چالاكە لەناو عێراقو سوریادا".
جموجوڵەكانی ئەمدواییەی داعش، هاوكاتە لەگەڵ ئەو ناكۆكییانەی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە لە عێراق دروستبووە، باڵی سیاسی حەشدی شەعبی هەڵبژاردنی دۆڕاندووە، ئەمە گومانی لەسەر رەوایەتی مانەوەی هێزەكانی حەشد دروستكردووە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە هەندێك لە چاودێران دەڵێن دەركەوتنەوەی داعش لەم كاتەدا، بەمەبەستی رەوایەتیدانە بە مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەوپێیەی ئەم هێزە ساڵی 2014 دوای داڕمانی سوپای عێراق، شەڕی داعشیان كرد.
لە هەرێمی كوردستانیش لایەنە دەسەڵاتدارەكان خۆشحاڵ نین بە كشانەوەی هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق، ساڵی 2019 كە قاسم سولەیمانی كوژرا، لەكاردانەوەی ئەمەدا لایەنە شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق بەزۆرینە بڕیارێكیان بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق پەسەندكرد، ئەوكاتیش كورد دەنگی بەم بڕیارە نەدا.
هەركاتێك باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كرابێت، دەنگۆ گواستنەوەی ئەو هێزانە بۆ هەرێمی كوردستان هاتوەتە كایەوە، ئێرانییەكان ساڵی 2019 بەفەرمی پەیامێكیان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دا، كە لە حاڵی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا بە هیچ شێوەیەك قایل نابن بەوەی ئەو هێزانە لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێن، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق.
هەموو ئەم پێدراوانە نیشانی دەدەن جموجوڵەكانی ئەمدواییەی داعش، زیاتر لەوەی ستراتیژ بێت، تەكتیكێكی كاتی لایەنە عێراقیو كوردییەكانە بە ئاڕاستەی نیشاندانی دۆخەكە بەر لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.
پێشمەرگەو داعش
محەمەد حاجی مەحمود كە خۆی فەرماندەیەكی مەیدانی پێشمەرگەیەو مێژوویەكی لە رووبەرونەوەی داعشدا هەیە، پێی وایە زیندووبونەوەی داعش لەم كاتەدا كارتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە، تا ئەو شوێنەی كاتێك هێزی پێشمەرگە دەیەوێت ئۆپەراسیۆن بكات، چەند هیلی كۆپتەرێك دەگەنە شوێنی داعشەكان و دەیان گوازنەوە بۆ شوێنێكی تر.
داعش سود لە بۆشایی ئەمنی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەبینێت، لە خانەقین و جەلەولاوە تا كەركوك و مەخمورو نەینەوا، داعش لە جوڵەدایە رووەو هێزی پێشمەرگە، وەفدی هێزی پێشمەرگە چەندینجار چونەتە بەغدادو نەگەیشتونەتە رێككەوتن.
تەنیا بۆشایی ئەمنی نیە كە داعش سودی لێدەبینێت، نەبونی هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لەلایەك و فرە جەمسەری و نارێكخراوی هێزی پێشمەرگە لەلایەكی تر، شەوی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی پێشمەرگەی لە هەولێرەوە بەرەو گوندی لهێبان جوڵاند لە سلێمانیشەوە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندە سەربازیەكاندا كۆبوەوەو هێزی بەرەو قەرەسالمی نزیك كەركوك جوڵاند.
ئەوەی لێرەدا ونە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمە، ئەمڕۆ دوای 12 كاتژمێر لە بڕیارەكانی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هێزی پێشمەرگە كۆبوەوە.
كشانەوەی هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق لە كاتێكدا روودەدات هێشتا لە ئاستی عێراقدا حەشدی شەعبی هەرەشەیە بۆسەر سوپاو لە هەرێمی كوردستانیش دوای چەندین ساڵ خەرجی و راهێنانی هێزەكانی هاوپەیمانان، پێشمەرگە نەبووە بە هێزێكی نیزامی و رێكخراو دابەشبوون بەسەر حزب و كارەكتەرە سیاسیەكانداو لە حاڵی بەهێزبونەوەی داعشدا توانای پێویستیان بۆ روبەروبونەوە لاواز دەبێت.