عەبدولستار مەجید چاوی لە بردنەوەی كورسیەكەیەتى
2021-12-08 07:18:37
(درەو):
کۆمەڵی دادگەریی دەیەوێت ھاوشێوەی یەکێتی کورسییەکی ھەولێر لە پارتی وەربگرێتەوە، لە دادگای فیدڕاڵی دوو تانەی لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردن تۆمارکردووە.
عەبدولستار مەجید كاندیدی كۆمەڵی دادگەری كە نزیكەی (١٥ هەزار) دەنگی لە بازنەی (٤)ی هەولێر بەدەستهێناوە، لە رێگەی دوو تانەی ھەڵبژاردنەوە دەیەوێت كورسی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بكات، حزبەکەشی (كۆمەڵی دادگەرى) لە دادگای فیدراڵی عێراق تانەی داوە لە دووبارەبوونەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران لە ھەولێر، لە ھەڵبژارادنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا کە ١٠ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، پارێزگای ھەولێر بەتەنیا خۆی ھێندەی (١٧) پارێزگای دیكەی عێراق پەنجەمۆری دەنگدەرانی تێدا دووبارە بووەتەوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان توانی كورسیەكەی (هەرێم كەمال ئاغا) لە ھەولێر وەربگرێتەوەو ئەوەش بسەلمێنێت كە پەنجەمۆری دووبارەو ساختەكاری لە بازنەكانی پارێزگای هەولێر كراوە، ئێستا یەكێتی چاوی لە وەرگرتنەوەی كورسیەكەی ( فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی)یەو لە دادگای فیدراڵی تانەی تۆماركردووە.
عەبدولستار مەجید كاندیدی كۆمەڵی دادگەری لە بازنەی (٤)ی پارێزگای هەولێر دوو تانەی تۆماركردووەو كۆمەڵی دادگەری كوردستانیش تانەیەكی تۆماركردووە لەبارەی پەنجەمۆری دووبارە لە پارێزگای هەولێر.
عەبدولستار مەجید لە بازنەی چواری پارێزگای هەولێر (14 هەزارو 908) دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام كاندیدێكی ژنی پارتی بەناوی (نەهلە قادر) كە (13 هەزارو872 ) دەنگی بەدەستهێنا، بەهۆی سودوەرگرتن لە "كۆتا"ی ژنان، كورسیەكەی لە عەبدولستار مەجید سەندو سەرکەوت بۆ پەرلەمانی عێراق.
عەبدولستار مەجید و كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە رێگەی (زانا رۆستایی) کە پارێزەری راوێژكارە، سێ تانەیان لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە، دوو تانەیان بۆ عەبدولستار مەجید لەسەر "كۆتا"ی ژنان لە هەولێرو بازنەی چوار ، تانەیەكیشیان بۆ كۆمەڵی دادگەری لەسەر پەنجە مۆری دووبارە.
دوو تانەکەی عەبدولستار مەجید بەمشێوەیە تۆماركراون:
تانەی یەكەم: پارێزەری عەبدولستار مەجید لەبارەی نادەستوریبوونی بڕگەی (٣) لە مادەی (١٦)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە "كۆتا"ی ژنان لەسەر ئەنجەمەنی نوێنەرانی عێراق تۆماریکردووە وەکو لاینی بەرپرس لە دەرکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکان، بەوپێیەی (٥) ژن لە پارێزگای هەولێر دەرچوون لەكاتێكدا هەولێر (٤) کۆتای ژنانی بەردەكەوێت، تانەكە لەسەر بازنەی چواری پارێزگای هەولێرە، بەو پێوەدانگەی "كۆتا"ی ژنان لە هەولێر بەدیھاتووە، نابێ ئەو ژنەی پارتی بەبیانووی "کۆتا" كورسیەكەی عەبدولستار مەجیدی ببات.
پارێزەرانی عەبدولستار مەجید پێیانوایە لە پارێزگای هەولێر كۆتا بە هەڵە جێبەجێكراوە، زێدەڕۆیی كراوە لە جێبەجێكردنی كۆتای ژناندا، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پێیوایە دەبێت لە هەر بازنەیەك كۆتا جێبەجێ بكرێت ئەگەر لە بری لە ٢٥٪ی رێژەكە بۆ ٣٠٪ و ٤٠٪ بەرزبێتەوە.
پارێزگای هەولێر لە چوار بازنە پێكهاتووە، (٤) "کۆتا"ی ژنانی بەردەكەوێت، بەڵام ئێستا بە تێکڕا لە ئێستادا (٥) ژن سەرکەوتوون بۆ پەرلەمانی عێراق، سیانیان بە مافی خۆیان سەرکەوتوون، دوانیان بە پاڵپشتی سیستمی "کۆتا"ی ژنان.
تانەی دووەم: ئەم تانەیە لەسەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تۆمارکراوە، عەبدولستار مەجید پێیوایە رئنماییەکانی کۆمسیۆن لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكاندا ناکۆک بووە لەگەڵ دەستوری عێراقدا.
تانەكە لەسەر بازنەی چواری هەولێرە، كێشەكە لە (چۆنیەتی پیادەكردنی كۆتایە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە) كە عەبدولستار مەجید پێیوایە سیسیمی "كۆتا" لە بازنەی چواری هەولێر بە هەڵە جێبەجێكراوە.
تانەكەی كۆمەڵی دادگەری:
كۆمەڵی دادگەریی وەکو حزب، بە شێوەیەكی گشتی تانەیەكی پێشكەشكردووە سەبارەت بە پەنجەمۆری دووبارە لە پارێزگای هەولێر.
كۆمەڵ داوای كردووە سەرلەنوێ چاوبخشێندرێتەوە بە سكاڵاو تانەكانیدا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی هەندێكیان نەداونەتەوە یان هەندێكی تریان رەتكردووەتەوە، ئەوەی وەڵام نەدراوەتەوە كۆمسیۆن بۆ وەڵامی نەداتەوە، هەندێكیشی رەتكردووەتەوە بۆچی رەتیكردووەتەوە.
پارێزەرانی كۆمەڵی دادگەری داوایانكردووە ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند نەكرێت تا ئەوكاتەی ئەو سكاڵاو تانانە جارێكی تر سەیر
دەكرێنەوە، بۆ ئەمەش دوو بەڵگەیان خستوەتەڕوو. كە بریتین لە:
* بەڵگەی پەنجەمۆری دووبارە لە پارێزگای هەولێر.
* بەڵگەی درەنگ داخستنی سندوقەكانی دەنگدان
ئەوان بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکەیان پشتیان بە راگەیەندراوی كۆمسیۆن ھەڵبژاردن بەستووە، كە لە كەیستەكەی هەرێم كەماڵ ئاغادا رایانگەیاندووە، لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق (٣ هەزارو ٧١٨) پەنجەمۆری دوبارە هەبووە لەو ژمارەیە (٢ هەزارو ٣٤٧) پەنجەمۆری دووبارە بەتەنیا لە پارێزگای هەولێر بووە، واتا ھەولێر خۆی بەتەنیا لە (١٧) پارێزگاكەی دیكەی عێراق پەنجەمۆری دووبارە هەبووە، گومانەکە نیشانی دەدات لە ھەولێر ھەندێک لە دەنگدران (٥٠ بۆ ١٠٠) دەنگیان داوە.