كابینەی نۆیەم.. بەهەشتی وەزیرەكان
2021-12-11 10:57:16
راپۆرتی: درەو
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە خۆی ناوناوە "كابینەی چاكسازی"، بووە بە بەهەشتی دارایی بۆ وەزیرەكانی، هەر وەزیرێكی ئەم كابینەیە مانگانە نزیكەی (7 ملیۆنو 850 هەزار) دینار موچەو (15 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرێت، دوو ئۆتۆمبێلو دوو ڤێلا یان (شوقە)و 10 پاسەوانیان بۆ دابین كراوە، خەرجی ئۆتۆمبێلو بەنزینو تەنانەت كارتی مۆبایلو چاو قاوەشیان بە نایاسایی دەخەنە سەر بودجەی وەزارەت.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، لە سەرۆكو جێگرو (22) وەزیرو چەندین كەس بە پلەی وەزیر پێكهاتووە لەگەڵ چەندین بریكاری وەزیر، ئەمانە مانگانە بودجەیەكی زۆریان بۆ دیاری دەكرێت، كە بە سێ شێواز وەریدەگرنو لێی سودمەند دەبن.
موچەی وەزیر
موچەی هەر وەزیرێكی حكومەتی هەرێم مانگانە دەگاتە (7 ملیۆنو 850 هەزار) دینار، ئەویش لە دەرماڵەو موچەی بنەڕەتی پێكهاتووە بە لێدەركردن خانەنشینی نزیك دەبێتەوە لە (7 ملیۆن و 250 هەزار) دینار.
مینحەی وەزیر
هەموو وەزیرێكی حكومەتی هەرێم مانگانە مینحەیەكی وەردەگرێت بۆ خەرجی كاروباری بەردەستو بەخشین، ئەو بڕە پارەیە لە وەزیرێكەوە بۆ وەزیرێكی تر جیاوازە. بۆ نموونە:
• هەریەك لە وەزارەتەكانی (ئاوەدانكردنەوە، سامانە سروشتییەكان، پەروەردە) مانگانە (15 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن.
• وەزارەتەكانی (بازرگانی، ئەوقاف، گواستنەوە، رۆشنبیری) مانگانە (10 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن.
• وەزارەتی دارایی مانگانە (25 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرێت.
• وەزارەتەكانی (ناوخۆ، پێشمەرگە) مانگانە (20 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن.
• ئەوانەی لە پلەی وەزیردان مانگانە (7 ملیۆنو 500 هەزار) دینار مینحە وەردەگرن.
ئەم مینحەیە بۆ كاروباری بەردەستو بەخششە، بەڵام ئێستا وەكو موچەی لێهاتووەو راستەوخۆ وەزیر هەڵیدەگرێت بۆخۆیو تەسویە ناكرێتو لەلایەن چاودێری دارایی، چاودێری چۆنیەتی خەرجكردنی ناكرێت، ئەمەش پێچەوانەی یاسای چاكسازییە، یاسای چاكسازیی كە یەكێكە لەو یاسایانەی كە كابینەی نویەم شانازی پێوەدەكات، وەزیرەكانی نەگرتووەتەوە.
شێوازی مامەڵەكردنی وەزیرەكان كابینەی نۆیەم لەگەڵ مینحەدا شێوازێكی نایاساییە، چونكە دەبێت ئەم مینحە بگۆڕدرێت بۆ سولفەو تەسویە بكرێت، پێشتر ئەو مینحەیە بەناوی نەسریەوە بووەو لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری داراییدا بووە، بەڵام ئێستا كە ناوی لێنراوە مینحە (بەخشین) تەسویە ناكرێتو چاودێری داراییش چاودێری خەرجكردنی ناكات.
سولفەی وەزارەت
سەرەڕای موچەو مینحەی كە لەبەر دەستی وەزیردایە، مانگانە هەر وەزارەتی سولفەیەك وەردەگرێت بۆ خەرجیەكانی دیوانی وەزارەتو پێداویستیەكانی رۆژانە لە (قرتاسیە، بەنزین، گاز، پرنتەر، چا، قاوەو خەرجیەكانی تری ناو دیوانی وەزارەت).
خەرجی سولفە لەژێر چاودێری دیوانی وەزارەتدایەو دەبێت تەسویە بكرێت، ئەم سولفەیە لەلایەن دیوانی وەزارەتەكانەوە خەرج دەكرێت. بۆ نمونە:
• وەزارەتەكانی (ناوخۆ، دارایی، پێشمەرگە) مانگانە بڕی (30 ملیۆن) دینار سولفە وەردەگرن.
• وەزارەتەكانی (ئاوەدانكردنەوە، بازرگانی، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوقاف، رۆشنبیری) مانگانە بڕی (15 ملیۆن) دینار سولفە وەردەگرن.
ئەو سولفەیە كە (بودجەی تەشغیلی)یە، مانگانە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەدرێتو هیچ رۆژێك دواناكەوێت، كێشەی ئەو سولفەیە لەوەدایە، بۆ خەرجی دیوانی وەزارەتو ناو وەزارەتە، بەڵام وەزیرو بریكاری وەزیرەكان سەرەڕای موچەو مینحەكەی بەردەستیان، خەرجی خۆیانو نوسینگەكانیان لە نمونەی خەرجی بەنزینو چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلو كارتی مۆبایل دەخەنە سەر ئەو سولفەیە، كە ئەمەش نایاساییە.
ئیمتیازاتەكانی وەزیر
سەرەڕای موچەو مینحەو سولفەی وەزارەتەكەی هەر وزیرێك ئەم ئیمتیازاتانەی هەیە:
• دوو ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێشتر هی وەزیر بوونو ماونەتەوە، بەشێك لە وەزیرەكان چوار ئۆتۆمبێلیان هەیە.
• هەر وەزیرێك دوو ڤێلا یان (شوقە)ی بۆ دابینكراوە لە گوندی (ئیتالی و فیوچەر)، ڤێلایەك بۆ خۆیو ئەوی تر بۆ پاسەوانەكانی.
• هەر وەزیرێك (10) پاسەوانی هەیەو هەندێكیان (20) پاسەوان (پێشمەرگەو ناوخۆ).
• ئیفادی سەفەرو خەرجی پێداویستی نەخۆشیو هتد...
بریكاری وەزیر
هەر وەزیرێك، بریكارێكی هەیە، وەزیری ناوخۆ (2) بریكاری هەیە، بەگشتی كابینەی نۆیەم زیاتر لە (20) بریكاری وەزیر هەیە.
موچەی ئەوانەی بریكاری وەزیرن مانگانە (5 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، موچەی بنەڕەتیان (2 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، (3 ملیۆن) دیناریش وەكو دەرماڵە وەردەگرن، جگە لە بڕوانامە ئەگەر بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هەبێت، ئەوە لانیكەم ( ملیۆنێك) دیناری تر دەچێتە سەر موچەكەیان.
ئەوانەی بریكاری وەزیرن، سەرەرای موچەكەیان، مانگانە بڕی (3 ملیۆن) دینار مینحە دەخرێتە بەردەستیان بۆ (خەرجیو پێداویستی نوسینگەكەیانو بەخشین)، بەڵام بریكارەكان ئەم پارەیە بۆخیان هەڵدەگرنو خەرجی مانگانەی كە (ملیۆنو 500 هەزار دینار بۆ 2 ملیۆن) دینارە، دەیخەنە سەر سولفەو خەرجیەكانی وەزارەت.
واتا بریكارێكی وەزیر مانگانە بەتێكڕا بڕی (10 ملیۆن) دینار وەردەگرێت، كە بەشێكی نایاساییە، چونكە پێویستە خەرجیەكانی لە پارەی مینحەكەی بەردەستی خەرجبكات.
لەپاڵ ئەمانەدا، بریكاری وەزیر (3) پاسەوانو ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل بەرزو ڤێلایەك یان (شوقە)ی بۆ دابینكراوە .
كابینەی نۆیەم
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ەو ناوی لەخۆی ناوە "كابینەی چاكسازی"، پێكهاتەكەی بەمشێوەیە:
• مەسرور بارزانی: سەرۆك وەزیران (پارتی)
• قوباد تاڵەبانی: جێگری سەرۆك وەزیران (یەكێتی)
• فەرسەت ئەحمد عبدوڵا: وەزیری داد (پارتی)
• شۆڕش ئسماعیل عبدوڵا: وەزیری كاروباری پێشمەرگە (یەكێتی)
• رێبەر ئەحمد خالد: وەزیری ناوخۆ (پارتی)
• ئاوات جەناب نوری ساڵح: وەزیری داراییو ئابووری (گۆڕان)
• كەمال عەبدولحەمید ئەتروشی: وەزیری سامانە سروشتییەكان (پارتی)
• سامان بەرزنجی: وەزیری تەندروستی (پارتی)
• ئالان حەمەسەعید: وەزیری پەروەردە (پارتی)
• دانا عبدولكەریم حمەساڵح: وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن (گۆڕان)
• ساسان عوسمان عەونی: وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزار (پارتی)
• ئارام محەمەد قادر ئەمین: وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی (یەكێتی)
• دارا رەشید مەحمود: وەزیری پلاندانان (یەكێتی)
• كوێستان محەمەد عەبدوڵا: وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی (گۆڕان)
• محەمەد سەعید عەلی: وەزیری رۆشنبیریو لاوان (یەكێتی)
• عەبدوڵا مەحمود محەمەد: وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوان (حزبی سۆسیالیست)
• بێگەرد تاڵەبانی: وەزیری كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو (یەكێتی)
• كەمال موسلیم سەعید قەرەنی: وەزیری بازرگانیو پیشەسازی (گۆڕان)
• ئانو جەوهەر عبدولمەسیح: وەزیری گواستنەوەو گەیاندن (پارتی لەسەر پشكی پێكهاتەكان)
• پشتیوان سادق عەبدوڵا: وەزیری ئەوقافو كاروباری ئاینی (پارتی)
• كەمال محەمەد ساڵح خەلیل: وەزیری كارەبا (پارتی)
• خالید سەلام سەعید شوانی: وەزیری هەرێم (یەكێتی)
• ئایدن مەعروف سەلیم: وەزیری هەرێم (بەرەی توركمانی)
• ڤالا فەرید ئیبراهیم: وەزیری هەرێم (پارتی)
• ئومێد سەباح عوسمان: سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران (پارتی)
• ئامانج رەحیم: سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران (یەكێتی)
• جوتیار عادل: وتەبێژی حكومەتو سەرۆكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری (پارتی)
• عەبدولحەكیم خەسرەو: سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون (پارتی)