نەقیب محەمەد لەتیف چۆن كوژرا ؟
2021-12-07 11:35:37
(درەو):
بەرلەوەی لە ئۆتۆمبێلەكەیان دابەزن، یوسفو پشتیوانی باوكی، گوللەبارانیان كردن، نەقیب محەمەد گوللەیەك لەسەر دڵیداو گیانی لەدەستدا، سێ پۆلیسەكەی تریش دەیان فیشەكیان بەركەوت، ئێستا ئەو دوو تۆمەتبارەی كە لەسەر كێشەی خێزانی دادگا داوای كردبوون، دەربازبوون، دەوترێت هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە.
ساڵی 2019 دادگا بەپێی مادەی (395)ی یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاریدا یوسف پشتیوانی كە تەمەن (20 ساڵ)ە، ناچار بكرێت هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكدا بكات كە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵیدا هەبووە.
مادەی (395) تایبەتە بە دەستدرێژی (اختصاب)، ماددەكە دەڵێ" هەر كەسێك لەگەڵ ئافرەتێك پەیوەندی هەبێتو سەرجێی لەگەڵ بكات كە تەمەنی 18 ساڵ بێت، بەڵێنی هاوسەرگیری پێبداتو دواتر پەشیمان بێتەوە لەو بەڵێنەی كە پێی داوە، سزا دەدرێت بە بەندكردن بۆ ماوەكەی لە 24 سەعات كەمتر نەبێت و لە 5 ساڵ زیاتر نەبێت".
بەم ماددەیە، دادگا یوسف ناچار دەكات، هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو كچەدا بكات كە ئێستا هاوسەریەتی، بەڵام لە دوای هاوسەرگیری یوسف بەشێوەیەكی خراپ مامەڵە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا دەكات، كێشەكەیان ساڵێك بەردەوام دەبێت، لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە كێشەیان گەورە دەبێتو سكاڵای یاسایی تێدەكەوێت.
لەسەر بنەمای سكاڵای هاوسەرەكەی، رۆژی 11ی مانگی رابردوو، دادگا فەرمانگی گرتن بۆ (یوسف پشتیوان عەلی) دەردەكات، یوسف خۆی رادەستی پۆلیس ناكات، لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەر، هێزەكانی پۆلیس چەند جارێك هەوڵی دەستگیركردنی یوسف دەدەن، بەڵام شوێنی مانەوەی نادۆزنەوە، چونكە یوسف لەدوای سكاڵای هاوسەرەكەیەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی گۆڕیوە.
یوسف لەگەڵ باوكیدا لە شەقامی مەلیك مەحمود بەرەو تونێلی پێشڕەو لە شاری سلێمانی كاری (پاقلەفرۆشی)یان كردووە، ماڵی باوكی لە گەڕەكی (توی مەلیك)و ماڵی (یوسف)یش لە (تانجەڕۆ) بووە.
هاوشێوەی كوڕەكەی، باوكەكەش كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەی هەبووە (واتا دایكی یوسف)، بەهۆی ئەم كێشانەوە دایكی یوسف پێنج جار پەنای بۆ شێلتەرەكانی پەنادانی ژنان بردووەو سكاڵای یاسایشی لەسەر پشتیوانی هاوسەریو یوسفی كوڕی تۆماركردووە.
واتا یوسف هەم كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەی، هەم كێشەی لەگەڵ دایكشی هەبووە.
بەم ناكۆكیانەشەوە، هێشتا یوسفو هاوسەرەكەی پێكەوە ژیاون، بەپێچەوانەی دایكییەوە، هاوسەرەكەی یوسف پەنای بۆ شێلتەرەكان نەبردووە.
شەوی رووداوەكە
ئێوارەی رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، یوسفو هاوسەرەكەی جارێكی تر دەمەقاڵ لەنێوانیان دروست دەبێت، هاوسەرەكەی یوسف تەلەفۆنێك بۆ پۆلیس دەكات، سكاڵای لە مێردەكەی دەكات، ئەمجارەیان شوێنی مانەوەی یوسف بۆ پۆلیس ئاشكرا دەكات، دوای زیاتر لە 25 رۆژ كە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووەو خۆی رادەست نەكردووە، پۆلیس بەهۆی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە شوێنی مانەوەی یوسف دەدۆزێتەوە، یوسفو پشتیوانی باوكی ئاگاداری ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەبن، خۆیان بۆ روبەڕووبونەوەی پۆلیس ئامادە دەكەن.
بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادوەر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنان، تیمێكی چوار كەسی رەوانەی ماڵی یوسف دەكات لەناوچەی (تانجەرۆ)، تیمەكە پێكهاتووە لە نەقیب (محەمەد لەتیف)و (4 پۆلیس).
كەیسی توندوتیژی دژی دژی ژنان، كارەكانی لای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنانە، ئەم جۆرە كەیسانە وەكو "كەتن" تەماشا دەكرێن نەك تاوانی گەورە، بۆیە زۆرجار پۆلیسو ئەفسەرەكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە كە دەچن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادوەر، بەشێوەیەكی ئاسایی دەچنو هێزو چەكی زۆر لەگەڵ خۆیان نابەنو داواكراوەكان بەبێ هیچ روبەڕوبوونەوەیەك دەهێنن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەیانو لەوێ كێشەكان چارەسەر دەكرێن.
ئەمانە ئەو جۆرە حاڵەتانەن كە ناگەنە ئاستی كوشتنی ژنان، كەیسەكەی یوسفو هاوسەرەكەشی لەم جۆرە بووەو بەپێی ماددەی (7)ی (یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق) مامەڵەی لەگەڵ كراوە، ئەم ماددەیە لێدانو سوكایەتیو هەڕەشەو شەڕی ناو خێزانەكان دەگرێتەوە.
كاتژمێر نزیكەی 7:30 خولەكی ئێوارەی یەكشەممە، وەكو كاری ئاسایی رۆژانەی خۆیان، نەقیب محەمەد لەتیفو چوار پۆلیس بە ئۆتۆمبێلێكەوە بەرەو تانجەڕۆ بەڕێ دەكەون بەمەبەستی دەستگیركردنی یوسف كە لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری بۆ دەرچووەو چەندجارێكیش ئاگادار كراوە، بەڵام ئامادە نییە خۆی رادەست بكات.
بەر لەوەی نەقیب محەمەد لەتیفو پۆلیسەكانی هاوڕێی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیان لەبەردەم ماڵەكەی یوسفدا دابەزن، یوسفو پشتیوانی باوكی ئۆتۆمبیلەكەیان دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە.
لەم تەقەكردنەدا، گوللەیەك بەر سنگی نەقیب محەمەد لەتیف دەكەوێتو دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات، سێ پۆلیسی تریش بریندار دەبن، یەكێكیان سێ فیشەك بەر پشتی دەكەوێت، ئەوی تر فیشەك بەر شانو پشتی دەكەوێت، پۆلیسی سێیەمیش بەهۆی پارچەوە سەرو دەموچاوی بریندار دەبێت، دوان لە پۆلیسەكان بەسەختی بریندار دەبن.
دوای دەستڕێژی گوللە لە ئۆتۆمبیلی پۆلیس، یوسفو باوكی هەڵدێن، خەڵكی سنوری تانجەرۆ بە ئۆتۆمبیل پۆلیسەكان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.
خاتوو ئاڵا لەتیف خوشكی نەقیب محەمەد لەتیف كە لەم رووداوەدا كوژرا، لە نوسینێكدا بەروونی ناوی تەقەكەرەكانو ئەوانەی یارمەتییان داوە ئاشكرادەكاتو نوسیویەتی:
ناوی تاوانبارانی دۆسێی تەقەكردن لە نەقیب محەمەدو هاورێكانی:
• پشتیوان عەلی
• یوسف پشتیوان عەلی
• تەحسین ناوێك. كە هاوكار بووە لە گواستنەوەی تاوانبارەكانی سەرەوە.
بەوپێیەش (تەحسین) كە كەسێكی نزیكیان بووە، هاوكاری كردوون بۆ گواستنەوەیانو رۆیشتنیان لە شوێنی تاوانەكە، بەپێی زانیارییو بەدواداچوونەكان، یوسفو باوكی هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووەو لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە چونەتە ئێران و لەدەستی هێزە ئەمنییەكان دەربازیان بووە.
هاوسەری یوسف كە سكاڵاكار بووە لەسەر مێردەكەی، ئێستا ئازادەو دەستبەسەر نەكراوە، چونكە پۆلیس تەنیا وەكو سكاڵاكارێك كە توندوتیژی بەرامبەر كراوە تەماشای دەكات.
نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری مافپەروەر بووەو كۆلێژی یاسای تەواوكردووە، كچێكی هەیەو هاوسەرەكەشی دووگیانە، لە بنكەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بەڕێوەبەرێتی توندوتیژی دژی ژنان دەوامی كردووە، كوژرانی كاردانەوەی لەناو تۆڕە كۆمەڵاتییەكان دروستكرد، ئەو پیاوێكی خۆشەویست بووە لەناو هاوڕێكانیو ئەوانەی ناسیویانە.
بەپێی وتەی هاوڕێكانی، نەقیب محەمەد لەتیف یەكێك بووە لەو ئەفسەرە خەمخۆرانە كە بەردەوام لەدوای دەوامیش كاری لەگەڵ خێزانەكان كردووەو بە هەزاران كێشەی خێزانی چارەسەركردووە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە یەكێك لەوانەیە بەبەردەوامی بەرگری لە مافەكانی ژنان دەكات، پشتیوانی لە كەیسەكە دەكاتو بەڵێنی داوە بكوژی نەقیب محەمەد دەستگیر بكرێت، بەڵام تائێستا ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەكراوەو شوێنی بكوژەكان نازانرێت.