Draw Media

ناكۆكی ماڵی شیعە توند دەبێتەوە

ناكۆكی ماڵی شیعە توند دەبێتەوە

2021-11-27 10:32:18


راپۆرت: درەو
لایەنە شیعە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن گەڕی خۆیان لە جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئاڵاندووە، باسی ناردنی وەفد دەكرێت بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان، راپۆرتی كۆمپانیا ئەڵمانییەكە بووە بە بەڵگەی بەهێز بەدەست لایەنە شیعەكانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، سەدر داوای بڵاوكردنەوەی بەڵگەی هێرشەكەی ماڵی مستەفا كازمی دەكات، لەم نێوەندەدا پرۆسەی دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردن راگیراوە. 

سەدرو بەدر
47 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا تێدەپەڕێت، هێشتا لایەنە شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن‌و یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران رێكنەكەوتوون.
سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەلایەك‌و (بەدر، فەتحی هادی عامری، عەسائیبی ئەهلی حەق، كەتیبەكانی حزبوڵا، حیكمەی عەممار حەكیم، نەسری حەیدەر عەبادی، دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی) لەلایەكی تر وەكو دۆڕاوی هەڵبژاردن، جگە لە مالیكی كە تاڕادەیەك قایلە بە ژمارە كورسییەكانی. 
لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن كە خۆیان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بەناوی "چوارچێوەی هەماهەنگیی" كۆكردوەتەوە (جگە لە موقتەدا سەدر)، ماوە لەدوای ماوە لایەنگرانیان لەبەردەم ناوچەی سەوزدا لە بەغداد كۆدەكەنەوە‌و هەڕەشە لە حكومەت‌و بارەگای باڵیۆزخانە بیانییەكان دەكەن.

پلاسخارت لەناو ناڕەزایەتی شیعەكاندا 
رۆژی 19ی ئەم مانگە جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەشداری كۆبونەوەیەكی "چوارچێوەی هەماهەنگیی" كرد، لەم كۆبونەوەیەدا وەكو باسدەكرێت، سەركردە شیعەكان دەیان بەڵگەیان لەبارەی یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن داوەتە پلاسخارت، ئەویش بەڵێنی داوە لە وتەی خۆیدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باس لەو بەڵگانە بكات، بەڵام كاتێك قسەی كردووە، بەڵێنەكەی نەبردوەتەسەر بەپێچەوانەی چاوەڕوانی لایەنە شیعەكانەوە ستایشی هەڵبژاردنەكەی كردووە‌و وەكو "هەڵبژاردنێكی خاوێن" ناوی بردووە‌و داوای لە لایەنە دۆڕاوەكان كردووە رێز لە ئەنجامەكان بگرن. 
ئەمە لایەنە شیعەكانی لە پلاسخارت توڕە كرد، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە نوێنەرایەتی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكات، روبەڕوو لەگەڵ پلاسخارت دانیشت‌و تۆمەتباری كرد بەوەی دەستوەردان لە هەڵبژاردن‌و ئەنجامەكانیدا دەكات.

سكاڵا دەبەن بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان 
دوای ئەو روبەڕووبونەوەیە لەگەڵ پلاسخارت، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت وەفدێك بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی رەوانەی نەتەوە یەكگرتووەكان بكات بۆ خستنەڕووی بەڵگەنامەكانی تایبەت بە روودانی ساختەكاری لە هەڵبژاردندا، سەرباری ئەمە تۆماری گفتوگۆی نێوان پلاسخارت‌و قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی رادەستی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت، بەڵام شەوی پێنج شەممەی رابردوو پلاسخارت سەردانی هادی عامری كردووە‌و داوای لێكردووە ئەو كارە نەكەن. 
هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات‌و یەكێكە لە لایەنە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن، ئەمڕۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند: ئەوەی باسدەكرێت سەبارەت بە جموجوڵی حەیدەر عەبادی چ ئەوەی پەیوەندیدارە بە داواكردنی دیداری سەماحەتی مەرجەعی باڵا چ هەواڵی سەرۆكایەتیكردنی وەفدێك بۆ سەردانكردنی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەواڵی ناڕاستن. 

راپۆرتی كۆمپانیا ئەڵمانییەكە
لەم كاتەدا كە لایەنە شیعەكان ناڕەزایەتییەكانیان چڕكردوەتەوە‌و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەدەن، راپۆرتێكی كۆمپانیای (Hensoldt)ی ئەڵمانی دزەی پێكراوە كە سود بە ناڕەزایەتی لایەنە شیعەكان دەگەیەنێت. 
ئەم كۆمپانیایە كە سەرپەرەشتیاری پشكنینی ئامێرەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی كردووە، لە راپۆرتەكەیدا لەبارەی هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەكەوە كە بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ناردووە، باسلەوەدەكات، پەنجەمۆری دەنگدەران لە ئامێری  دڵنبابونەوەی لە پەنجەمۆر، دانەنراوە، ئەمە وایكردووە ژمارەیەكی زۆر لە دەنگدەران نەتوانن دەنگ بدەن بەهۆی ئەوەی كارتی بایۆمەترییان نەبووە‌و پشتیان بە پەنجەمۆری ئەلیكترۆنی بەستووە. 
راپۆرتی كۆمپانیا ئەڵمانییەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان پرۆگرامەكەی لە رۆژی 22ی ئەیلول‌و رۆژی 10ی ئۆكتۆبەردا، واتە رۆژی هەڵبژاردن گۆڕدراوە، ئەمە لەكاتێكدا رویداوە كۆمپانیاكە پێشنیازی ئەوەی كردووە بەر لە (6 هەفتە) لە رۆژی دەنگدان پرۆگرامەكان بگۆڕدرێن.
لەپاڵ ئەمانەدا، لە راپۆرتەكەیدا كۆمپانیا ئەڵمانییەكە باسی لەوەكردووە، ناتوانێت لێكۆڵینەوە لەوە بكات ئاخۆ پێوەری لێكۆڵینەوە لە پەنجەمۆرەكان هاوكایە لەگەڵ پرۆگرامە جیهانییەكاندا. 
لەبارەی ئامێری نیشاندانی ئەنجامەكانیشەوە، كۆمپانیا ئەڵمانییەكە وتویەتی ئەم ئامێرە لەچوارچێوەی گرێبەستی كاركردنی ئێمەدا نییە‌و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پێشنیاز كراوە. 
لایەنە شیعەكان ئەم راپۆرتەیان كردووە بە بەڵگە لەسەر روودانی ساختەكاری گەورە لە هەڵبژاردنەكەدا. 

گۆڕانكاری لە كورسییەكان راگیراوە
 لەدوای ناڕەزایەتی لایەنە شیعەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەرێگەی تەماشاكردنی تانەكانەوە هەوڵیدا هەندێك كورسی بۆ ئەو لایەنانە بگێڕێتەوە، بەڵام ژمارەی كورسییەكان لە ئاستی چاوەڕوانی ئەو لایەنانەدا نەبوو.
بڕیاربوو لەسەر حسابی رەوتی سەدرو هەندێك لایەنی براوەی تر ژمارەیەك كورسی بۆ لایەنە ناڕەزاییەكان زیاد بكرێت، بەڵام ئەمە لەلایەن سەدرو ئەو لایەنانەوە رەتكرایەوە، بۆیە ئێستا پرۆسەی دەستكاریكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راگیراوە. 
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتایی بە پرۆسەی ژماردنەوەی "دەستیی" دەنگەكانی لەو وێستگانە تەواوكرد كە دەستەی دادوەریی داوای لێكردبوو بەهۆی تانەی لایەنەكانەوە لێكۆڵینەوەیان لێبكات. 

هێرشەكەی ماڵی كازمی!
ئێستا كە لایەنە ناڕازییە شیعەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن فشارەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن توند كردوەتەوە، دوێنێ موقتەدا سەدر لە وەڵامی ئەمەدا داوای كرد ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانە رابگەیەندرێت كە لەبارەی هێرش بۆ سەر ماڵی مستەفا كازمی لەرێگەی دۆرۆنەوە ئەنجامدرا. 
سەدر دەزانێ لە كوێوە قسە دەكات، چونكە لەم هێرشەی ماڵی كازمیدا پەنجەی تۆمەت بۆ یەكێك لە لایەنە شیعەكانی دۆڕاوی هەڵبژاردن رادەكێشرێت. 
دوای ئەم قسانەی سەدر، موشریق عەباس راوێژكاری مستەفا كازمی رایگەیاند، چەند رۆژی داهاتوو هەندێك بەڵگەنامەی ڤیدیۆی‌و وێنەیی هێرشەكەی ماڵی كازمی ئاشكرا دەكرێت. 

مەرجەعیەت بێدەنگە
لەكاتێكدا رۆژ لەدوای رۆژ گرژییەكانی ناو ماڵی شیعە توندتر دەبێتەوە، ئایەتوڵلا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە نەجەف تائێستا بێدەنگە‌و نایەوێت هیچ قسەیەك بكات.
مەرجەعیەت ماندوو بووە لە كێشەی ناو ماڵی شیعە، دوای روخانی رژێمی سەددام لە 2003دا بەردەوام مەرجەعیەت قسەی یەكلاكەرەوەی ناو ماڵی شیعەی دەكرد، بەڵام ئەم ساڵانەی دوایی ئیتر هەستی كردووە تەنانەت قسەی ئەویش وەكو پێویست نابیسرێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت ئەمجارە بێدەنگیی هەڵبژاردووە. 
ناكۆكی ناو ماڵی شیعە تەنیا مەرجەعیەتی بێئومێد نەكردووە، بەڵكو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی توشی شەرمەزاریی‌و دادگای فیدراڵیش كە بڕیارە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەنێت، دەستی لەنێوان شەڕی ئیرادەی نێوان سەدرو بەدرو مالیكی‌و لایەنەكانی تردا بەستراوە. 
لەم ململانێ ناوخۆییەی شیعەدا، پێكهاتەی كوردو سوننە تەماشاكەرن‌و نایانەوێت داخڵی ناو ململانێكە ببن تا ئەوكاتەی ماڵی شیعە لەناو خۆیدا لەسەر كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یەكلادەبێتەوە.
موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن دەرگای لەسەر پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی لەگەڵ لایەنە شیعەكانی تر داخستووە، ئەمەش ئاسۆی چارەسەری دۆخەكەی سەختتر كردووە، سەدر دەڵێ یان من حكومەت پێكدەهێنم‌و ئێوە ببن بە ئۆپۆزسیۆن، یان ئێوە دروستی بكەن‌و من دەبم بە ئۆپۆزسیۆن، هەردوو حاڵەتەكە بۆ ئایندەی ماڵی شیعە لە عێراق خراپ دەبێت.
ئێرانییەكان كە بەردەوام لەدوای روخانی سەددامەوە دەستیان بە شیعەكانەوەیە‌و كێشەی نێوانیان چارەسەر دەكەن، ئەمجارە ئەوانیش دەستەوسان بوون، ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ ئێران‌و لایەنە شیعەكان شۆك بوو.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand