پەرلەمانی داهاتوو نوێنەرایەتی (18%)ی دەنگدەران دەکات
2021-12-06 14:55:16
شیكاری: درەو
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن ئەو (٣٢٩) کاندیدەی سەردەکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن) دەنگیان بەدەستهێناوە لەكۆی (22 ملیۆن) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، كە (18 ملیۆن) كەس دەنگیان پێنەداون، بەم جۆرەش ئەندامانی خولی داهاتووی عێراق بە ڕێژەی (١٨%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان!
بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوە، کاندیدی سەرنەکەوتوو هەیە ژمارەی دەنگەکەی زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوەش ئەو دەنگەی بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە!
ئەنجامی هەڵبژاردن
رۆژی 30/11/2021 دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دوای پێداچوونەوە بە تانەکاندا، ئەنجامی کۆتایی و پەسەند کردو ناوی کاندیدە سەرکەتووەکانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە.
هەر بەپێی ئەنجامەکان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوەن.
بەپێی دوا زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن (٢١) هاوپەیمانی و (١٠٨) حیزبی سیاسی (٧٨٩) کاندیدی سەربەخۆ لە ڕێگەی (٣ هەزار و ٢٢٥) کاندیدەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە.
کاندیدە سەرکەوتووەکان (١٣٨) یان لە هاوپەیمانێتییەکان و (١٤٨) کاندیدی حیزبە سیاسییەکان (٤٣) یان سەربەخۆ بوونە، دیارتیرین لایەنە سەرکەوتووەکانیش بریتین لە رەوتی سەدر (٧٣) كورسی و هاوپەیمانی تقدم (محەمەد حەلبوسی): (٣٧) كورسی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نوری مالیكی) (٣٣) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان: (٣١) كورسی (بۆ وردەکاری ئەنجامەکان بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە)
کاندیدی ئافرەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت (٢٥%)ی پێکهاتەی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئافرەتان پێکبێت، واتە لە (٣٢٩) کورسی پەرلەمان دەبێت بە لانی کەمەوە (٨٣) نوێنەریان ئافرت بن، بەو هۆکارەش عێراق دابەشی (٨٣) بازنەی هەڵبژاردن کرا.
بەڵام بەپێی ئەنجامەکانی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن (٩٥) کاندیدی ئافرەت و بە ڕێژەی (٢٨.٨٧%) سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، جێی ئاماژەیە لەو (٩٥) کاندیدە ئافرەتە تەنها (٣٨) کاندیدیان بە کۆتا سەرکەوتوون (٥٧) کاندیدیان ڕێژەی دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە.
ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن زۆرترین دەنگ
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو (١٠) کاندیدە سەرکەوتووەی زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێرن و کانیدیدی یەکەمیان (یەکگرتوو)ەوە و لە پارێزگای دهۆک (٥٦ هەزار و ٧٠٢) دەنگی بەدەستهێناوەو (٦) کاندیدیان لە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ن (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن کەمترین دەنگ
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو (١٠) کاندیدەی بە کەمترین دەنگ سەرکەتوون سەرجەمیان لە ڕەگەزی (مێ)ن و (٨) کاندیدی یەکەمیان بە کۆتا سەرکەوتوون، دوو کاندیدی کۆتاییان (واتە نۆیەم و دەیەمیان) دەنگی پێویستیان لە بازنەکانی خۆیا بەدەست هێناوەو بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتوون، ئەو کاندیدە سەرکەوتووەشی کەمترین دەنگی بەدەستهێناوە لە بازنەی (٣) پارێزگای کەربەلایەو تەنها (هەزار و ٧٣٠) دەنگی بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢))
نادادپەروەری لە ئەنجامی هەڵبژاردن
یەکەم: بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە نزیکەی ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوە.
بەڵام بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن ئەو (٣٢٩) کاندیدەی سەردەکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٦٢٧) دەنگیان بەدەستهێناوە (بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە)، بەم جۆرەش بێت ئەندامانی خولی داهاتووی عێراق بە ڕێژەی (١٨.٤%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان!
دووم: بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەکەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەو کاندیدانەی سەرکەوتوون لە بازنەکانی خۆیان، دەنگیان کەمترە لە کاندیدێکی سەرنەکەتووی بازنەیەکی تر، بە پێچەوانەوە ڕوویداوە. بۆ نمونە لە بازنەی (١)ی پارێزگای هەولێر کاندیدی ژمارە (٢٤) کە (فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی)یەو لە نێو کاندیدە دەرنەچووەکان لەسەر ئاستی سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوەو کە (٢٧هەزار و٦٠٤) دەنگە، ئەو ژمارە دەنگەش زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
زیاتر لەوە، ئەو ژمارە دەنگەی ناوبراو بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە کە بە کۆتا و کەمترین دەنگەیان هەیە لە نێو کاندیدە سەرکەوەتووەکان و هەر هەشتیان (٢٣ هەزار و ٩٦٨) دەنگیان بەدەست هێناوە (بگەڕێوە خشەتی ژمارە (2))
پاشکۆی ڕاپۆرت
وردەکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن