شەڕەكەی (لهێبان) بۆنی نەوتی لێ دێت !
2021-12-09 12:30:41
راپۆرت: درەو
هێرشی داعش بۆسەر گوندی (لهێبان)و كاردانەوەی توندی هەرێمی كوردستانو حكومەتی عێراق، پەردەی لەسەر ژمارەیەك بیرە نەوت لەم سنورە هەڵدایەوە كە ماوەیەكی زۆرە لە میدیاكاندا پشتگوێ خراون، خەڵكی سنورەكە گومانیان هەیە چەكدارانی داعش پشكیان لە قاچاخچێتی نەوتی سنورەكەدا هەبێت، دەستگەیشتنەوە بە نەوتی كەركوك لە لهێبانەوە دەبێت، سەعات 12ی شەو بە فەرمانی بارزانی هێز رەوانەی لهێبانكراو، بەیانیەكەی كازمی خۆی گەیاندە ئەوێ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
لەبارەی گوندی (لهێبان)ەوە
هەفتەیەكە ناوی (لهێبان) كەوتوەتە ناو میدیاكانی عێراقو هەرێمی كوردستان، تەنانەت هەندێك لە میدیا جیهانییەكانیشەوە، چەكدارانی داعش سەرەتای شەڕێكی نوێیان لەم گوندەوە دەستپێكرد، ئەمە لەكاتێكدا رویدا بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە.
لهێبان گوندێكی كوردنیشینە، سەر بە ناحیەی (سەرگەڕان)ەو (4 كیلۆمەترو 500 مەتر) لەناوەندی ناحیەكەوە دوورە، ناحیەی سەرگەڕان بەتێكڕا (42) گوندی لەسەرەو ژمارەی دانیشتوانی ناحیەكە نزیكەی (25 هەزار) كەس دەبێت.
دوای هێرشەكانی ئەمدواییەی داعش بۆسەر گوندەكە كە خەڵكی گوندەكەی ناچاركرد ماڵو حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی هێزی پێشمەرگەی رەوانەی سنورەكە كرد، دوێنێش مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چووە ناو گوندەكەوەو بە زمانی كوردی سڵاوی لە خەڵكەكە كرد.
بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك لە سەردانەكەی مستەفا كازمی، چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر رەبیەیەكی فەوجی (4)ی لیوای (50)ی فیرقەی (14)ی سوپای عێراق لە گوندی "سلێمان پەخشان" كە نزیكەی (3) كیلۆمەتر لە گوندی (لهێبان)ەوە دوورە، نزیكەی (40) خولەك شەڕ لەم گوندەدا بەردەوام بوو، سێ سەربازی سوپای عێراق برینداربوون و چەكدارانی داعش گەڕانەوە بۆ چیای قەرەچوغ.
لهێبان ئێستا ناوی گوندێكە كە بۆ زۆرێك لە خەڵكو میدیاكانی عێراقو كوردستان ناسراوە، لایەنی ستراتیژی لهێبان چییە كە داعش هێرشی دەكاتەسەر ؟
نەوت لە لهێبان
لە دەوروبەری گوندی (لهێبان)دا (58) بیرە نەوت هەیە، گوندەكە (5) كیلۆمەتر لە وێستگەی (داود گورگە)ەوە دوورە كە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (70 هەزار) بەرمیل نەوتی هەیە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، چەكدارانی داعش بەناو بیرە نەوتییەكاندا دەچنە سەر گوندنشینەكانو هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە.
(درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە كردووە، ئەوان دەڵین چەكدارانی داعش چەكی پێشكەوتوو و دوربینی "حەراری"یان هەیە، دوربینەكە نرخەكەی (8 بۆ 10 هەزار) دۆلارە، ئەمە لەكاتێكدایە هێزی پێشمەرگە بڕی پێویست لەم دوربینانەی لەبەردەستدا نییە.
هەندێك لەوانەی لە سنورەكە دەژین، گومانیان بۆ دروستبووە، چەكدارانی داعش پشكیان لە بەقاچاخبردنی نەوتی سنورەكەدا هەبێتو بەو پارانە چەكو تەقەمەنی گرانبەهایان بۆ خۆیان دابین كردبێت.
چەندینجار چەكدارانی داعش لە گوندەكانی دەوروبەری چیای قەرەچوغو مەخمور هێرشیان كردووە، بەڵام هیچ كات هێندەی هێرشەكەیان بۆسەر گوندی (لهێبان) توڕەییو كاردانەوەی لای بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دروست نەكردووە، تا ئەو رادەیەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتو وەزارەتی پێشمەرگە، خۆی فەرمانی دەركردو هێزەكانی فەرماندەیی هەولێری بەرەو گوندەكە جوڵاند، لە كاتێكدا لە زۆربەی هێرشەكانی دیكەی داعش بۆسەر گوندەكان شەهید و قوربانی هەبووە بەڵام لە لهێبان شەهید و قوربانی نەبووە.
لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان (58) بیری نەوت هەیە، بەرهەمی رۆژانەی ئەم بیرانە نزیكەی (70 هەزار) بەرمیلە، نەوتی ئەم بیرانە دەچێنەوە وێستگەی سەرگەڕان (داود گورگە)، كە وێستگەی جیاكردنەوەی نەوتو غازە، دواتر بەرهەمەكەی رەوانەی كەركوك دەكرێت.
تەنیا لە دەوروبەری گوندی (لهێبان) نزیكەی (28) بیرە نەوت هەیە، لەنێوان (لهێبان)و گوندی (سلێمان بەخشیان) و (چیای قەرەچوغ) كە (3 كیلۆمەتر و نیوە)، (11) بیری نەوت هەیە، لەنێوان گوندی (لهێبان)و ناحیەی (سەرگەڕان) نزیكەی (12) بیری نەوتی تر هەیە، لە نێوان گوندی (لهێبان)و گوندی (شەعەل) (5) بیرە نەوت هەیە.
واتا بیرە نەوتییەكان دەكەونە نێوان (گوندی لهێبان – سەرگەران، لهێبان – سلێمان پەخشان، لهێبان – شەعلان).
ئەم بیرە نەوتانە لەلایەن پۆلیسی نەوتی عێراقی پاسەوانی دەكرێن، بەڵام گوندی (لهێبان) دەكەوێتە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق، (5) كیلۆمەتر لە پێشمەرگە دوورەو (4) كیلۆمەتریش لە حكومەتو سوپای عێراقی.
ئەم بیرە نەوتانە لەدوای 2014 و هاتنی داعش بۆ ناوچەكە، كەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەو لەلایەن لیوای نەوتو گازی هەرێمی كوردستانەوە پاسەوانی دەكران، لەدوای رووداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەری 2017وە كە حەشدی شەعبیو سوپای عێراق گەڕانەوە، بیرە نەوتییەكانی سنورەكە كەوتنەوە ژێر كۆنترۆڵی سوپای عێراق، بەڵام دەستگەیشتنەوەی بەرپرسانی هەرێم بەبیرە نەوتیەكانی كەركوك لە لهێبانەوە دەبێت، چونكە سەرەتای بیرە نەوتیەكانی بای حەسەنە بە دیوی دەسەڵاتی پێشمەرگەوە.
لەم ناوچەیە بۆشاییەكی ئەمنی هەیە، سود لەم بۆشاییە وەرگیراوە بۆ بەقاچاخبردنی نەوتی سنورەكە، گومان دەكرێت داعش سودمەند بووبێت لە داهاتی نەوتی بەقاچاخبراوی سنورەكە.
بەتەنگەوەهاتنی دەسەڵاتدارانی هەرێمو بەغداد بۆ كێشەی خەڵكی سنورەكە، زیاتر لەوەی بایەخدان بێت بە مافەكانیان، وادەردەكەوێت بۆنی نەوتی لێ بێت.