Draw Media

1/26 بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس دەبەستێت

1/26 بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس دەبەستێت

2021-12-29 19:19:06


 
درەو:
بڕیارە رۆژی 26ی كانونی دووەم 2022 بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس ببەستێت، پرسی شكستیان لە هەڵبژاردنەكەی عێراق و رێكخستنەوەی گۆڕان و كشانەوەی تیمەكەی لە حكومەت گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا بكرێتە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.
چەند رۆژێكە گفتوگۆی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رێكخستنەوەو چارەسەركردنی كێشەكانی چڕبوونەتەوە، دەیانەوێت لە رۆژی 26ی كانونی دووەم 2022 تیماری شكستەكەیان بكەن كە لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو رووبەروویان بووەوە، پرسەكانی هەمواری دەستوری گۆڕان، هەڵبژاردنی رێكخەر و خانەیەكی نوێی، پرسی دارایی بزوتنەوەی گۆڕان، پرسی كشانەوە لە حكومەت گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

دەستەكە قارسكرا
رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری رابردوو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دوای (3) رۆژ لە راگەیاندنی شكستەكەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق كە بە هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ یەكێتی بەشداریكردوو ژمارەی كورسیەكانی لە (5) كورسیەوە بۆ (سفر) كورسی كەمكردەوە، دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی پەسەندكردوو بڕیاردرا دەستەیەكی (9) كەسی پێكبهێندرێت بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان.
لیژنەیەكی (5) كەسی پێكهێندرا بۆ پێكهێنانی ئەندامانی دەستە كاتیەكە، بەڵام ئەندامانی لیژنەكە نەیانتوانی لە ماوەی دیاریكراودا ئەندامانی دەستەكە دیاری بكەن، بەتایبەتیش لیژنەكە شكستیانهێنا لە گەڕاندنەوەی ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتبونەوە، لە ئێستادا بڕیارە ئەرك و كارەكانی ئەو دەستەیە بگۆڕدرێت بۆ ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە (7) ئەندام پێكدێت.  
چوارشەمەی هەفتەی رابردوو جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە و یەكشەمەی رابردووش جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەوە تیایدا رۆژی 26ی كانوونی دووەمی 2022یان جێگیركردووە بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان و دیاریكردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان تا بەستنی كۆنفرانس.
ئەندامانی دەستەكە بریتین لە:
 هاورێ كاوە ئەندامی جڤاتی گشتی 
دڵشاد مەجید ئەندامی جڤاتی گشتی 
هۆشیار عومەر ئەندامی جڤاتی نیشتمانی
نزار مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی 
هەریەك لە :
شوان قلیاسانی 
د. تەها حەمە عەزیز
شێخ گەیلان 
كە ئەم سێ ئەندامەیان رۆژی یەكشەمەی داهاتوو لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەنگی لەسەر دەدرێت.
بەڵام لە ئێستادا داوادەكرێت ئەندامانی دەستەكە لە (7) ئەندامەوە بۆ (9) ئەندام زیادبكرێت. 

كۆنفرانسی گۆڕان
بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی ئەمساڵ دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێت‌و رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلی‌و هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری.
لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیاردراوە رۆژی 26ی كانونی دووەمی 2022 كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت، لەو كۆنفرانسەدا چەند پرسێك گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
یەكەم: رێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان 
لە كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیارە هەمواری دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا و لە كۆنفرانسی یەكەمدا پەسەندكرا.
لە كۆنفرانسەكەدا ئەگەری دەستكاریكردنی پەیكەری بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت لەرووی كەمكردنەوەی ئەندامانی جڤات و مەكۆكان و دەستكاریكردنی ئەرك و كارەكانی خانەی راپەڕاندن و بەرنامەو روئیای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ داهاتوو.

دووەم: دارایی بزوتنەوەی گۆڕان
پرسی داهاتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا گفتوگۆی درووستكردووەو گومان لەسەر خەرجكردن و دیارنەمانی بەشێك لە داهاتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا مانگانە بڕی (250 هەزار ) دۆلار لە حكومەتی هەرێم وەردەگرێت، كە لە داهاتی پارتی دیموكراتی كوردستانەو بەناوی حكومەتەوە دەدرێتە بزوتنەوەی گۆڕان.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بزوتنەوەی گۆڕان (3 ملیۆن) دۆلاریان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەرگرتووە لە چوارچێوەی بەشداریان لە هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گۆمان لەسەر خەرجكردن و دیارنەمانی بەشێك لەو پارەیە هەیە چونكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەواوی خەرجیەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی گرتووەتە ئەستۆ ئەی ئەو (3 ملیۆن) دۆلارە چۆن خەرجكراوە.
هەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا نزیكەی (3 ملیۆن) دۆلاری دیكە لە سەرمایەداران و كەسانی نزیكی بزوتنەوەی گۆڕان كۆكراونەتەوە، سەرەرای ئابونەی مانگانەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دیكەی گۆڕان لە حكومەتدا.
خەرجی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بریتیە لە :
•    میدیای بزوتنەوەی گۆڕان KNN
•    خەرجی مەكۆكانی بزوتنەوەی گۆڕان
•    خەرجی ژوورو ئەندامانی ژوورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.
كۆی گشتی خەرجی مانگانەی بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی لە (150 ملیۆن) دینارە

سێیەم: بەشداری لە حكومەت
بڕیارە لە كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕاندا گفتوگۆ بكرێت لەسەر پرسی كشانەوە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجییەكان، كە بەشێك لە هەڵًسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیان وایە هۆكاری سەرەكی شكستی بزوتنەوەی گۆڕان خراپی ئەدای وەزیر و بەرپرسانی گۆڕانە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكان. 
لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا چەند گروپێك درووست بوون فشار دەكەن بۆ گۆڕانكاری لەناو گۆڕاندا (گروپی لۆبی گۆڕان) وەك یەكێك لە گروپەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەكەن:
•    رێكخستنەوەی گۆڕان
•    كشانەوە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتەخۆجێییەكان
•    بەستنی كۆنفرانس لە 26ی كانوونی دووەمی 2022
•    بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووو نەكەن
•    لەگەڵ یەكێتی و پارتی نەچنە حكومەتەوە
ئەمە لە كاتێكدایە بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سەرۆكی تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دڵنیایی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی داوە كە بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ناكشێنەوەو بەردەوام دەبن
بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لەدوای كۆنفرانسی جڤاتی نیشتمانی نوێ بكاتەوەو رێكخەر و ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت.
لە ئێستادا هەوڵێكی ناوخۆیی هەیە بۆ ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا بكرێتە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەدوای ئەو ناوی مستەفا سەید قادر دێت بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام عومەر سەید عەلی و ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو رۆژانە لە مەكۆی سەرەكی دەوام دەكەن جگە لە ( دەرباز محەمەد و برزۆ مەجید) لەگەڵ ئەوەن كۆنفرانس دوابخرێت و ئەم دۆخە وەك خۆی بمێنێتەوە.
 

راپۆرتی پەیوەندیدار

راپۆرتی پەیوەندیدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand