Draw Media

دادگای فیدراڵی سبەینێ بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوە

دادگای فیدراڵی سبەینێ بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوە

2021-12-26 09:39:24


 (درەو): 
بڕیاری بوو ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلابكاتەوە، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی ئەمڕۆ پشووە، بڕیارەكە بۆ سبەینێ دواخرا، پێشبینی دەكرێت دادگا ئەنجامی هەڵبژاردن بەگشتی پەسەندبكات، بەڵام یەكلاكردنەوەی ئەنجامی هەندێك سندوقی دەنگدان كە تانەیان لەسەرە بۆ كاتێكی تر دوابخات، لە هەموو حاڵەكاندا دەرگا لەسەر دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان دەكرێتەوە، لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، لەلایەك هەڕەشەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی دەكەن، لەلایەكی تر سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ موقتەدا سەدرو كوردو سوننەدا بۆ پێكهێنانی حكومەت.

دادگا لەنێوان دوو بژاردەدا
دادگای فیدراڵی عێراق سبەینێ بڕیاری خۆی لەنێوان دوو بژاردەدا یەكلادەكاتەوە،  پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق یاخود پەسەندكردنی ئەو تانانەی كە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، بەنوێنەرایەتی لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، پێشكەشی كردوە. 
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە بەگوێرەی دەستور ئەركەكەی تەنیا پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە‌و بڕیارەكانی لەم بارەیەوە جێگای مشتومڕو تانە لێدان نییە، بەهۆی ئەو تانانەی كە هادی عامری پێشكەشی ئەم دادگایەی كردووە، دادگاكە كەوتوەتە ناو كێشمەكێشی سیاسییەوە.
دادگای فیدراڵی ئەركەكەی بریتییە لە شیكردنەوەی ماناو لێكدانەوە بۆ ماددەكانی دەستوری عێراق لەكاتێكدا ناڕوونی لەبارەی یەكێك لە ماددە یان بڕگەكانی دەستورەوە دروست ببێت، لایەنە شیعە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی دادگاكە تانەكانیان لێ وەربگرێت، بانگەشەی ئەوە دەكەن لە سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا دەستور پێشێل كراوە، لەم روانگەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجانی هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەر دەكەن. 
دادگای فیدراڵی دووجار تەماشاكردنی ئەو تانانەی دواخست كە لەلایەن عامرییەوە پێشكەش كراوە، ئەمە بۆ ئەوە بوو لایەنە شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رێككەوتن بكەن، كاتێك لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، رۆژی چوارشەممەی رابردوو دادگاكە رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە واتە ئەمڕۆ، حوكمی خۆی لەبارەی تانەكانی عامرییەوە رادەگەیەنێت، ئەمڕۆش بڕیاری خۆی بەهۆی سبەینێ دواخست. 

"بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەین"
عەبدولئەمیر تعێبان یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی (فەتح) كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات‌و ئەم هاوپەیمانێتییە نوێنەرایەتی دەنگی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكات، لەبارەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵییەوە دەڵێ" ئومێدی گەورەمان بە بڕیاری دادگا هەیە‌و خوازیارین بڕیارێكی دادپەروەرانە بێت بۆ ستەملێكراوان.. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو بەڵگەیەكیان پێشكەش كردووە بۆ سەلماندنی ئەوەی هەڵبژاردن ساختەكراوە‌و یاری بە ئەنجامەكانییەوە كراوە".
تعێبان باسلەوە دەكات، ئەگەر بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دادپەروەرانە نەبێت،  لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن) بژاردەی زۆریان لەبەردەستدا دەبێت، یەكێك لە بژاردەكان بایكۆتكردنی گشتگیری پرۆسەی سیاسییە". 

ناڕازییەكان بایكۆت دەكەن؟
قسەكردن لەبارەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەلایەن ئەو لایەنە شیعانەی كە هێزی چەكداریان هەبێت، رەنگە تەنیا كارتێكی فشار بێت لەسەر دادگای فیدراڵی، ئەگەرنا ئەم لایەنەكان لەئێستادا سەرقاڵی دانوستانن بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. 
سەرباری ئەمە، لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆچونیان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن جیاوازە، نوری مالیكی سەرباری ئەوەی خۆی وەكو ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن نیشان دەدات، بەڵام بەهۆی زیادبوونی كورسییەكانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەم هەڵبژاردنەدا، خۆی وەكو براوە نیشان دەدات، عەممار حەكیم‌و حەیدەر عەبادیش بەبێدەنگی دانیان بەوەدا ناوە كە شكستیان هێناوە‌و چاوەڕێی ئەوەن لەرێگەی نێوەندگیرییەوە لەنێوان سەدر‌و عامریدا، رۆڵی لەدەستچووی خۆیان بگەڕێننەوە. 
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق، درز بخاتە ناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە‌و هەریەكەیان بەجیا بچنە ناو دانوستانەوە لەگەڵ موقتەدا سەدری براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەوە‌و لەكۆتایدا هادی عامری بەتەنیا خۆی بمێنێتەوە. 
سەرچاوە سیاسییەكان لە بەغدادەوە باسلەوە دەكەن، بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو موقتەدا سەدر‌و هادی عامری چاویان بەیەك بكەوێت.
لایەنە شیعە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن كە ناویان لەخۆیان ناوە "لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی)، لەناو خۆیاندا رۆڵەكانیان دابەشكردووە، نوری مالیكی دانراوە بۆ ئەوەی بەناوی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دانوستان لەگەڵ لایەنە كوردییەكان بكات، حەیدەر عەبادی دانراوە بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ لایەنە سوننەكان بكات، هادی عامریش بۆ گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن. 

دادگا چی دەكات ؟
پێشبینییەكان بۆ ئەو دەچن دادگای فیدراڵی سبه‌ینێ ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بكات، بەڵام ئەنجامی هەندێك لە سندوقەكانی دەنگدان كە سكاڵایان لەسەرە دوابخات بۆ كاتێكی تر، بۆ ئەوەی وردبینییان تێدا بكرێت.
ئەگەر سبه‌ینێ دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەندبكات، دەرگا لەسەر دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان دەكاتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand