Draw Media

2022 ساڵی دیدارو كۆنفرانس و كۆنگرەی حزبەكان دەبێت 

2022 ساڵی دیدارو كۆنفرانس و كۆنگرەی حزبەكان دەبێت 

2021-12-30 09:31:35


درەو:
بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس و یەكێتی دیدارو پارتی و سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرە دەبەستن لە ساڵی نوێی 2022 دا، بەشێكیان بۆ چارەسەری كێشەناوخۆییەكانیان و بەشێكیان وادەی كۆنگرەیان بەسەرچووە.

یەكەم/ بزوتنەوەی گۆڕان:
بڕیارە رۆژی 26ی كانونی دووەم 2022 بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانس ببەستێت، پرسی شكستیان لە هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوی عێراق و رێكخستنەوەی گۆڕان و كشانەوەی تیمەكەیان لە حكومەت گفتوگۆی لەسەر بكرێت، سەرەرای شكستەكەیان بزوتنەوەی گۆڕان وادەی كۆنفرانسیشیان بەسەرچووە.
بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا یەك كۆنفرانسی بەستووە كە لە ساڵی 2013 و لەسەردەمی نەوشیراون مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بووە.

دووەم/ یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاریداوە لە شوباتی 2022 لە بری كۆنفرانس و كۆنگرە "دیدار" سازبكات، قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی لیژنەیەك دەكات كە ئامادەكاری بۆ سازدانی "دیدار"ەكە دەكەن لە شوباتی داهاتوودا، دیدارێك كە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ئەم دواییەی یەكێتی كە لەدوای 8ی تەموزەوە لەناو یەكێتی روویان داوە لە دیدارەكەدا پەسەند دەكرێت. 
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە حوزەیرانی 1976 لەلایەن جەلال تاڵەبانیەوە دامەزراوە تا ئێستا چوار كۆنگرەی بەستووە. 

سێیەم/حزبی سۆسیالیست
‎حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بڕٍیاریداوە لە مانگی ئازاری داهاتوودا كۆنگرەی حەوتەمی خۆی سازبكات.
بە پێی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە لە رۆژی 28/12/2021 لە گوڵەخانە بەڕێوەچوو ئاماژە بەوە كراوە كە ڕێوشوێنی پێویست و میكانیزمی پێویست گیراوەتە بەر بۆ بەستنی كۆنگرەی (7)ی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و دانانی بەرنامەیەكی داڕێژراو بەڕێوەجوونی كارەكانی كۆنگرە تا گۆڕانكاریەك و نوێ بوونەوەیەك لەناو پلان و پرۆگرامی حزبدا بكرێت".
حزبی سۆسیالیست دیموركاتی كوردستان لە ساڵی 1976 دامەزراوەو تا ئێستا (6) كۆنگرەی بەستووە.

چوارەم/  پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان چەند جارێك كۆنگرەی دواخستووە، چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقە، ئەگەر بەزویی پێكبێت ئەوا لە مانگی شوباتی داهاتوودا كۆنگرەی (14) ساز دەكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946ەوە لەلایەن مستەفا بارزانیەوە دامەزراوە تا ئێستا (13) كۆنگرەی بەستووە. 

پێنجەم/ بزوتنەوەی ئیسلامی
بزوتنەوەی ئیسلامی بڕیاریداوە لە سەرەتای ساڵی 2022 كۆنگرەی (12) ئەنجامبدات.
ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە كۆبونەوەی رۆژی 25/12/2021 دا بڕیاریداوە بەتێكڕای دەنگ بڕیاریدا لەنزیكترین كاتدا كۆنگرەی (12) ئەنجام بدات و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی ئامادەكاری ڕاسپارد بۆ بەئەنجام گەیاندنی كارە هونەری و كارگێڕیەكان و وەرگرتنی ڕاپۆرت و بیرو ڕای سەرجەم ئۆرگانەكان و ئەندامان بەئامانجی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی نەوعی و سەركەوتوو.
بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی ١٩٨٧ لە لایەن مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران دامەزراو تا ئێستا (11) كۆنگرەی بەستووە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand