كێ دەبێتە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق؟
2022-01-02 18:19:42
درەو:
بەشی یەكەم:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی 9ی ئەم مانگەی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد.
بەگوێرەی ماددەی (55)ی دەستوری عێراق، لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەماندا، دوای ئەوەی ئەندامە نوێیەكانی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن، دەبێت پەرلەمان سەرۆكێكو دوو جێگر بۆخۆی هەڵبژێرێت.
تا ئەوكاتەی پەرلەمان بە دەنگدان سەرۆك و جێگرەكانی هەڵدەبژێرێت، یەكەمین دانیشتن بەتەمەنترین ئەندامی خولی نوێی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە پێی دەوترێت "سەرۆكی تەمەن"، ئەم چانسە ئەمجارە بەر مەحمود مەشهەدانی كەوتووە، مەشهەدانی كە پێشترو بۆ ماوەی خولێك سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بووە، لەدایكبووی (1/7/1948)ەو بەتەمەنترین ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقەو سەربە پێكهاتەی سوننەكانە.
بەپێی ئەو عورفەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003وە پەیڕەو دەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی پێكهاتەی سوننەكانە، وەك چۆن پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ شیعەو پۆستی سەرۆك كۆماریش هەر بەپێی ئەم عورفە بۆ كورد یەكلابوەتەوە.
لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەناو پێكهاتەی سوننەدا هاوپەیمانی (تقدم)ە كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ماوەتەواوبووی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات (37 كورسی)، حەلبوسی چاوی لەوەیە بۆ ویلایەتی دووەم جارێكی تر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێتەوە، بەڵام چ لەناوخۆی پێكهاتەی سوننەكانداو چ لە دەرەوەی پێكهاتەكەش روبەڕووی نەیارێتی بوەتەوە.
لەسەر ئاستی دەرەوەی پێكهاتەی سوننە، لایەنە شیعە دۆڕاوەكان دژی نوێكردنەوەی ویلایەتی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقنو پێیانوایە سێ سەرۆكایەتییەكە دەستیان لە گەمەی هەڵبژاردندا هەبووەو ئەنجامی هەڵَبژاردنیان لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلاكردوەتەوە، ئەم بۆچونە خزمەت بە مانەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەماندا ناكات.
لەسەر ئاستی ناوخۆی پێكهاتەی سوننەكان، خەمیس خەنجەر كە پیاوێكی سەرمایەدارەو سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەك دەكات بە ناوی "عەزم"، براوەی دووەمی هەڵبژاردنە لەدوای حەلبوسیو شەڕی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكات.
حەلبوسیو خەمیس خەنجەر بۆ گەیشتن بە ریككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، سەردانی مەسعود بارزانیان كرد لە هەولێر، بەڵام ئەمە دادی نەدان، دواتر پێكەوە سەردانی ئیماراتی عەرەبییان كرد، سەرباری ئەم سەردانانەو چەندین كۆبونەوەی دوو قۆڵی هێشتا یەكلانەبونەتەوە لەسەر ئەوەی كامیان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرن (حەلبوسی نزیكە لە ئیماراتی عەرەبی، خەمیس خەنجەر نزیكە لە توركیا).
بەپێی قسەی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی تەمەنی یەكەمین كۆبونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانی عەزمی خەمس خەنجەر دەیەوێت ئەمجارە ئەو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، بەڵام هێشتا لەسەر هیچ ناوێك رێكنەكەوتوون بۆ ئەوەی وەكو كاندید بیخەنە بەردەم كوتلە سیاسییەكانی تر.
پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەناو پێهاتەی سوننەدا كاریگەری گەورەی هەیە، ئەو كەسەی ئەم پۆستە وەردەگرێت، دەبێت بە رێبەری سوننەكان لە عێراق، لەدوای روخانی سەددامەوە وا هاتووە، هەركەسێك سەرۆكی پەرلەمان بوبێت، كارەكتەری پلەیەكی پێكهاتەی سوننە بووە لە عێراق، لەناو پێكهاتەی شیعەو كورددا ئەم حاڵەتە بەدی ناكرێت، پۆستی سەرۆك وەزیران كە پشكی شیعەكانە، كەسی لەناو شیعەكاندا لە قاڵبی خۆی گەورەتر نەكردووە، بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش كە پشكی كوردە، تەنانەت كاتێكیش كە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆمار بووە، كارەكتەری پلە یەكی كورد نەبووەو هەمیشە بارزانی هاوبەشی بووە.
بەهۆی ناكۆكی حەلبوسیو خەنجەرەوە، پێشبینی ناكرێت لە یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەماندا كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمانو جێگرەكانی هەڵبژێردرێت، ئەمە وادەكات هاوشێوەی خولەكانی تر، دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بە كراوەیی بهێڵدرێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن.
لەناو سوننەكاندا بیرۆكەیەك هەیە بۆ چارەسەری كێشەی نێوان حەلبوسیو خەمیس خەنجەر، بیرۆكەكە ئەوەیە، حەلبوسی بۆ ویلایەتی دووەم پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوەو لەبەرامبەردا پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بدرێت بە خەمیس خەنجەر (دانانی جێگر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار خۆیدایە، بەرهەم ساڵح جێگری بۆ خۆی دانەنا)، بەڵام هەندێك لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی (عەزم) ئەم بیرۆكەیە رەتدەكەنەوەو نایانەوێت جارێكی تر حەلبوسی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە.
ئەوانەی كە دژی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانن لەلایەن محەمەد حەلبوسییەوە، ناوی سێ كاندیدی تریان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشنیاز كردووە كە بریتین لە هەریەكە لە:
• مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانو سەرۆكی یەكەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق (سەرۆكی تەمەن)، ئەم پیاوە پاڵپشتی گەورەی لەناو لایەنە عێراقییەكاندا نییە.
• خالید عوبێدی وەزیری پێشووی بەرگری عێراق، دەوترێت نزیكە لە شیعەكانو كەسایەتییەكی بەهێز نابێت كە نوێنەرایەتی سوننە بكات
• سابیت عەباسی (مشتومڕی لەسەرەو دەوترێت سەربە پێكهاتەی توركمانەو نوێنەرایەتی رەسەنی پێكهاتەی سوننە ناكات)
لەمشتومڕی حەلبوسیو خەمیس خەنجەردا پێشبینی دەكرێت لە كۆتایدا، كەسێك لە چینی مامناوەندی سیاسی سوننەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكرێت، كەسایەتییەك لە باڵی "هەڵۆ"كانی ناو پێكهاتەی سوننە نەبێتو بە وەرگرتنی پۆستەكە ببێت بە رێبەری سوننەكان، هەروەك كەسایەتیەكیش بێت لە باڵی "كۆت"رەكان نەبێت كە هێندە لاوازبێت، لایەنە بەهێزەكانی تری عێراق یاری پێبكەن.
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەگەر خەنجەر قایل ببێ بەوەی حەلبوسی بۆ ویلایەتی دووەم پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە، هاوپەیمانی "عەزم" هەڵوەشێتەوە، چونكە بەرەی نەیارانی حەلبوسی لەناو هاوپەیمانێتییەكەی خەنجەردا بەهێزن.
لەپاڵ هەموو ئەم كێشانەدا، یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەستراوەتەوە بە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی حكومەتەوە، ئەو لایەنانەی كە كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان پێكدەهێنن، ئەوان كاندیدی سێ سەرۆكایەتییەكە دادەنێن، كوتلەی گەورەش هێشتا دروست نەكراوەو ناو ماڵی شیعە دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەبێ رێككەوتنی ناو ماڵی شیعە، ئەستەمە پێكهاتەی كوردو سوننە بچنە ناو هیچ بەرەیەكەوە.
راپۆرتی پەیوەندیدار:
سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق