Draw Media

پرتەقاڵی.. رەنگی مردن, كەیسی گیراوانی پیرەمەگرون لەبەردەم یاسادا

پرتەقاڵی.. رەنگی مردن, كەیسی گیراوانی پیرەمەگرون لەبەردەم یاسادا

2022-01-05 13:19:39



راپۆرت: درەو
رەنگی پرتەقاڵی بۆ ئەوانەیە لە دادگا حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، گەنجەكانی پیرەمەگرون بەبێ حوكمی دادگا، جلوبەرگی مردنیان لەبەركراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئەگەر تۆمەتەكەشیان لەسەر ساغ ببێتەوە، حوكمە یاساییەكەیان لە (15) ساڵ تێناپەڕێت، رەنگە زۆربەشیان بەبێ زیندانیكردن ئازاد بكرێن، سزادراوانی بادینان سەرباری ئەوەی حوكمەكانیشیان لەلایەن دادگاوە دەرچوو، بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە نیشان نەدران، وردەكاری پەیوەندی رەنگ‌و تاوان لەم راپۆرتەدا. 

تاوان‌و سزا
لە هەرێمی كورستان زیندانەكانی (راگرتن، گرتن‌و گواستنەوە) سەربە وەزارەتی ناوخۆن، زیندانەكانی (چاكسازی) واتە دوای ئەوەی حوكمی كۆتایی بۆ تاوانباران دەردەچێت، دەكەونە ژێر چاودێری وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەوە، لەپاڵ ئەمانەدا هێزەكانی ئاسایش‌و دەزگاكانی هەواڵگری (زانیاری‌و پاراستن) زیندان‌و دادوەرو لێكۆڵەری تایبەت بەخۆیان هەیە.  
ساڵی 2001 یاسای ژمارەی (4)ی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەرچوو، ئەم یاسایە هەندێك كاروباری ئەمنی دایە دەست دەزگای ئاسایش‌و هەواڵگری بە هەموو جۆرەكانییەوە، لەوكاتەوە بەشێوەیەكی فەرمی كەیسەكانی تاوانی (تیرۆرو ماددە هۆشبەرەكان) رادەستی هێزەكانی ئاسایش كراوە، لەمە زیاتر هەندێكجار لە دۆسیە سیاسییەكاندا هێزەكانی ئاسایش‌و دەزگا هەواڵگرییەكان لێكۆڵینەوە دەكەن، ئەم هێزانەش دابەشبوون، لە هەولێر لەژێر كۆنترۆڵی پارتی‌و لە سلێمانی لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیدان، ئەم دەزگا ئەمنیانە زۆرجار بەر لە دەرچوونی حوكمی یاسایی لەسەر تۆمەتباران، دانپێدانانەكانیان بۆ رایگشتی بڵاودەكەنەوە. 
گەنجەكانی پیرەمەگرون لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەتۆمەتی سوتاندنی بینای (كتێبخانەی گشتی پیرەمەگرون) دەستگیركراون، ئەمە رووداوێكە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2011، لەم رۆژە‌و رۆژانی دواتریشدا لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان دژی نەبوونی موچە‌و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەڕێوەچوو، لەناو شاری سلێمانی‌و چەند شارۆچكەیەك هەندێك بارەگای حزبەكان‌و بینا حكومییەكان سوتێنران. 
ئاسایشی سلێمانی ماوەی نزیكەی (20) رۆژە (18) گەنجی دانیشتووی پیرەمەگرونیان دەستگیكردووە بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە سوتاندنی بینای كتێبخانەكەدا، ئاسایش بەگوێرەی ماددەی (342)ی یاسای سزادانی عێراقی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا كردووە، ئەم یاسایە ماوەیەك كە لە (15 ساڵ) زیاتر نەبێت، داناوە بۆ هەر كەسێك كە بەئەنقەست ئاگر لە موڵك‌و ماڵێكی گوازراوە یان نەگوازراوە بەربدات، بەدیاریكراوی لە بڕگەی (2)ی ئەم ماددە یاساییەدا هاتووە" سزای زیندانی هەتا هەتایی یاخود زیندانی كاتیی بەسەر هەركەسێكدا دەسەپێندرێت كە.. بینای فەرمانگەیەكی فەرمی یان نیمچە فەرمی یاخود دامەزراوەیەكی گشتی بسوتێنێت كە سودی گشتی تێدا بێت".
بەپێی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 2010، هەڵگرتنی هەرجۆرە ماددەیەكی تەقەمەنی یان ژەهراوی یان سوتێنەر لە خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە قەدەغە كراوە.
بەڵام یاسای خۆپیشاندانەكان، مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەوانەی لەناو خۆپیشاندانەكاندا سەرپێچی دەكەن، داوەتە دەست هێزەكانی پۆلیس، نەك ئاسایش. 

ناڕەزایەتی پرتەقاڵی
دەركەوتنی ژمارەیەك گەنجی خەڵكی پیرەمەگرون لە ڤیدیۆیەكی ئاسایشی سلێمانیدا كە بەجلوبەرگی پرتەقاڵییەوە دان بەوەدا دەنێت بەشدارییان كردووە لە سوتاندنی بینای كتێبخانەی شارۆچكەكەیان، كاردانەوەی لەناو رایگشتی هەرێمی كوردستاندا دروستكردووە، هەندێك وەكو هەڕەشەی دەزگا ئەمنییەكان‌و بەرپرسانی یەكێتی بۆسەر ئازادی رادەربڕین‌و خۆپشاندانەكان لەناوچەیەكدا لێكدانەوەی بۆ دەكەن، كە مەڵبەندی ناڕەزایەتی بەردەوامە، هەندێكی تر دەڵێن بەر لە خۆپیشاندەر دەبێت دەسەڵاتدارانی سلێمانی جلوبەرگی پرتەقاڵی تاوانباران بكەنەبەری ئەوانەی كە گەندەڵی دەكەن‌و دەستیان بەسەر موڵك‌و ماڵی گشتیدا گرتووە، بۆچونێكی تر هەیە كە قوڵتر چوەتە ناو بابەتەكە‌و داوا دەكات بەر لە سزادانی ئەم گەنجانە، ئەوانە سزا بدرێن كە بونەتە هۆی ئەوەی خەڵك خۆپیشاندان بكەن‌و بینا حكومییەكان بسوتێنن.
سزادراوانی بادینان كە دادگا حوكمی كۆتایشی لەسەر دەركردن، هیچ كاتێك بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە نیشان نەدران، ئەوەی ناڕەزایەتییەكانی لە سلێمانی زیاتر كردووە، رەنگە پرتەقاڵییەكە.  
لە عێراق هیچ یاسا‌و رێنماییەكی دیاریكراو نییە كە رەنگی جلوبەرگی دەستگیكراوان یاخود حوكمدراوان دیاری بكات، لە هەندێك لە زیندانەكانی عێراقدا جلوبەرگی (زەرد) دەكرێتە بەری زیندانییەكان، بەمدواییە كەسێك كە بەرتیلی وەرگرتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە بە جلوبەرگی زەردەوە نیشان درا، لە زیندانەكانی گواستنەوەدا دەستگیركراوان جلوبەرگی (قاوەی)یان لەبەردەكرێت، رەنگی (شین) بۆ زیندانی نەوجەوانان بەكاردەهێنرێت، بەگوێرەی حوكمی زیندانییەكان لە هەندێك زیندانی تردا رەنگی تر بەكاردەهێنرێت، لەوانە رەنگی (پرتەقاڵی) بۆ ئەوانەی كە تاوانی تیرۆرو ماددە هۆشبەرەكانیان ئەنجامداوە.
لە هەرێمی كوردستان رێنماییەك هەیە كە رەنگی جلوبەرگی ئەو كەسانە دیاری دەكات كە لەلایەن دادگاكانەوە حوكمیان بۆ دەرچووە‌و ماوەی حوكمەكانیان لە زیندانەكانی چاكسازی بەسەر دەبەن. 
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری زیندانەكانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەم رێنماییە بۆ دیاریكردنی جلوبەرگی زیندانیان بەتەواوی جێبەجێ نەكراوە. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو زیندنەكانی چاكسازی گەوراندا لە هەرێمی كوردستان گیراوان ئازادكراون چ جلوبەرگێك لەبەردەكەن، بەڵام لەكاتی گواستنەوەیاندا بۆ بەردەم دادگا جلوبەرگێكی رەنگ (قاوەی)یان لەبەردەكرێت. 
بەڵام لە گرتوخانەكانی ئاسایشدا، جلوبەرگی رەنگ (پرتەقاڵی) دەكرێتە بەری دەستگیركراوان، بەوپێیەی ئەوانەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەكرێن دەبێت ئەو كەسانە بن كە تاوانی تیرۆر یان ماددە هۆشبەرەكانیان ئەنجامداوە، هێزەكانی ئاسایش دەستگیركراوانی داعش بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە نیشان دەدەن. 

داعش‌و رەنگی پرتەقاڵی
رێكخراوی داعش، كاتێك دیلەكانی سەردەبڕی، بەتایبەتیش ئەوانەی خۆرئاوایی بوون، جلوبەرگی پرتەقاڵی لەبەردەكردن، بەمدواییەش پێشمەرگە دیلەكانی بەهەمان جلوبەرگەوە سەردەبڕی، شارەزایانی بواری گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان دەڵێن، داعش ئەم كارەی وەكو ئاماژەیەك بۆ تۆڵەكردنەوە لە ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی بەكارهێناوە، چونكە ئەمریكییەكان لە زیندانی "گوانتانامۆ" جلوبەرگی پرتەقاڵییان لەبەری دەستگیركراوان كردووە، كە زۆرینەیان ئەندامانی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەكان بوون. 
بەر لە رێكخراوی داعش، لە ساڵی 2004دا رێكخراوی (قاعیدە) جلوبەرگی پرتەقاڵی دەكردە بەری ئەو كەسانەی كە دەیكوشتن، لەو سەردەمەدا قاعیدە ئەندازیارێكی ئەمریكی بەناوی "پۆڵ جۆنسن" بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە سەربڕی.
قاعیدەش بەهەمان شێوەی داعش، وەكو بەشێك لە جەنگی دەروونی جلوبەرگی پرتەقاڵی لەكاتی كوشتنی دیلەكاندا بەكاردەهێنا، زۆرینەی دەستگیركراوانی زیندانی "گوانتانامۆ" ئەندامانی قاعیدە بوون، كە ئەو سەردەمە لە میدیا جیهانییەكاندا وێنەیان بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە بڵاودەكرایەوە. 

رەنگ‌و تاوان
لە گرتوخانەكانی ئەمریكا، ئەو كەسانەی كە جلوبەرگی پرتەقاڵییان لەبەر دەكرێت، ئەوانەن كە حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە یاخود تاوانی گەورەیان كردووە‌و روبەڕووی دادگا دەكرێنەوە، لە زۆر وڵاتی تریش ئەم جۆرە رەنگە بۆ كەسانی تاوانباری گەورە بەكاردەهێنرێت، بەتایبەتی ئەوانەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەكانەوە دەكەن. 
بەگشتی رەنگەكان لەناو زیندانەكاندا واتای تر وەردەگرن، واتایەكی جیاواز لەوەی لە ژیانی ئاسایی مرۆڤەكاندا هەیە، بۆ نمونە رەنگی سور ئەگەر لە ژیانی ئاسایشدا واتای خۆشەویستی بێت، ئەوا لە زیندانەكاندا ئاماژەیە بۆ كەسانێك كە حوكمی لەسێدارەدانیان لەسەر جێبەجێ دەكرێت. 
رەنگی جلوبەرگ لەناو گرتوخانەكاندا بۆ جیاكردنەوەی جۆری تاوانی سزادراوەكان یاخود بۆ جیاكردنەوەی سزادراوان لە كارمەند‌و پاسەوانی گرتوخانەكان، بەكاردەهێنرێت، بەهۆی ئەگەری هەڵاتنی دەستگیركراوان لە زیندانەكان یاخود لەبەردەم دادگاكاندا، رەنگی جلوبەرگ وەكو پێوەرێكی گرنگ دادەنرێت بۆ دەستگیكردنەوەیان لە كاتی هەڵاتندا، بۆ نمونە رەنگی پرتەقاڵی رەنگێكی دیارە، كە لە حاڵی ئاسایدا زۆر كەس ئەم رەنگە ناپۆشن. 
بەگشتی بۆ ئەوانەی كە حوكمی زیندانیكردنیان بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆر بەسەردا سەپێندراوە، زیندانەكان سود لە جلوبەرگی شین وەردەگرن، بەوپێیەی ئەم رەنگە زیاتر بەرگەی پیسبوون دەگرێت، بەتایبەتیش لەو زیندانانەی كە رۆژانە جلوبەرگی سزادراوان ناشۆردرێت. 
جلوبەرگی سپی ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەسی دەستگیركراو لە حاڵەتی لێكۆڵینەوەدایە‌و هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ نەبوەتەوە‌و وەكو راگیراوێك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت نەك دەستگیركراو، رەنگە ئەمە لەسەر ئەو بنەمایە دانرابێت كە رەنگی سپی ئاماژەیە بۆ خاوێنی‌و پاكژی، كەسی گومانلێكراویش تاوەكو گومانەكانی لەسەر ساغ نەبێتەوە، خاوێنە‌و تاوانبار نییە. 
رەنگی سور یاخود پرتەقاڵیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەستگیركراوەكە حوكمی لەسێدارەكانی لەلایەن دادگاوە بۆ دەرچووە‌و حوكمەكەی لەسەر جێبەجێ دەكرێت. 
لە بەركارهێنانی رەنگی پرتەقاڵی بۆ دەستگیكراوەكانی پیرەمەگروندا، ئاسایشی سلێمانی واتای رەنگەكانی بەشێوەیەكی نادروست بەكارهێناوە، چونكە ئەم دەستگیركراوانە سەرباری ئەوەی لەلایەن دادگاوەی حوكمی كۆتاییان بۆ دەرنەچووە، ئەگەر تۆمەتەكەشیان لەسەر ساغ ببێتەوە هێشتا رەنگی پرتەقاڵی نایانگرێتەوە، چونكە لە زۆرترین حاڵدا (15) ساڵ زیندانی دەیانگرێتەوە. 
ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پێدەچێت بە فەرمی دادوەر ژمارەیەك لەو كەسانەی كە لە گرتە ڤیدیۆییەكەی ئاسایشدا دەركەوتوون، بە بڕێك غەرامەی دارایی، ئازاد بكرێن. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand