کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە پشک پشکێنەی حیزبی ڕزگاری نابێت!
2021-12-25 11:25:58
شكاری: درەو
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (7) ساڵی تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا (2) ساڵ بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و بەشێک لە ئەندامەکانی لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەوە هەیە.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر شێوازی پێکهێنانی کۆمسیۆن و ڕای لایەنە سیاسییەکان لە بارەی یاساکەی و داهاتووی پێکهاتەکەی ئەنجومەنەکە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی
لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد.
لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق".
بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛
یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینری ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێنك بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە.
لە چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 لهلایهن ئهنجومهنی دادوهری ههرێمی كوردستان متمانهی پێدرا، بەم شێوەیە؛
ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان
بڕوانە پەیکەری کارگێڕی ئەنجومەنی کۆمسیاران
دووەم: کارگێریی هەڵبژاردن
بەپێی ماددەی پێنجەمی یاسای کۆمسیۆن بڕگەی دووەم خاڵی (1) کارگێڕی هەڵبژاردن پێکدێ لە نوسینگەی گشتی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییەکان بەگوێرەی ئەو هەیکەلەی لەلایەن کارگێڕی هەڵبژاردنەوە پێشنیاز کراوەو لەلایەن ئەنجومەنەوە پەسەند کراوە.
لەم بارەیەوە بڕوانە هەکەلی هەریەک لە (پەیکەری کارگێڕی هەڵبژاردن، پەیکەری کارگێڕی هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکوک)
بۆچونی لایەنە سیاسییەکان بۆ داهاتووی کۆمسیۆن
لە ئێستادا بەپێی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی وەک لە ماددەی پێنجەم بڕگەی (1)دا ئاماژەی پێکراوە، (2) ساڵی تەواو بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنەکەدا تێپەڕیوەو لایەنە سیاسییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەروو هەموویانەوە فشاری ئەوە دەکەن ئەنجومەنێکی نوێ دروستبکرێت و هەوڵێکیش هەیە بۆ هەموار کردنەوەی یاساکە.
لەو بارەیەوە "مونا قەهوەچی - سكرتێری پەرلەمانی كوردستان" بۆ سایتی پارتی ڕایگەیاندووە هەموو رێكارێكمان گرتووەتە بەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و دروستكردنی كۆمسیۆنێكی نوێ.
وتوشیەتی رای فراكسیۆنەكانمان وەرگرتووەو ئێستا چاوەڕێی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانین، بۆ ئەوەی ئەوانیش رای خۆیان پێشكەش بكەن لەسەر چۆنیەتی دانانی ئالیەتی هەڵبژاردنەكان.
ئەوەشی وتووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لەڕووی یاساییەوە بەسەرچووەو كۆمسیۆنی ئێستا شەرعیەتی نەماوە، چونكە لە خولی پێشووی پەرلەماندا دروستكراوە و ئێستا بۆشایی یاسایی هەیەو بەشێكیان پۆستی دیكەیان وەرگرتووەو بەشێكیان كۆچی دواییان كردووە. ئێستا ناچارین یاساكە هەموار بكرێتەوە و كۆمسیۆنێكی نوێ دروست بكرێت، ئەمەش بەپێی تەوافوقی نێوان لایەنەكان دەبێتو بۆ پێكهاتەكانیش لە ماددەی (8)ی یاساكەدا هاتووە، كە مافی خۆمانە زەمانەتی پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی كۆمسیاران بكرێت.
لە نوێترین هەوڵیشدا لە ڕۆژی (22/12/2021) (56) پەرلەمانتار یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە، لە یاداشتەکەدا هاتووە "ئێمە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان کە لە خوارەوە واژۆمان کردووە، داوا لە بەێزتان دەکەین بەپێی خاڵی (1) لە بڕگەی یەکەم لە ماددەی پێنجەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 ی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان – عێراق لیژنەیەک دروست بکەن بۆ دەستنیشانکردنی پاڵێوراوان بۆ ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەرێم کە بەپێی خاڵی (1) لە بڕگەی یەکەم لە ماددەی حەوتەمی هەمان یاسای ئاماژە پێکراوی سەرەوە بەهۆی تەواوبوونی ماوەی یاساییان ماوەی ئەندامێتیان کۆتایی هاتووە".
بەپێی زانیارییەکان پارتی خوازیارە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە (9) ئەندامەوە بکات بە (15) و شێوازی دابەشکردنیشی بەو شێوەیە بێت کە پارتی لەگەڵ کۆتاکان لەئەنجومەنی کۆمسیۆن ببێتە زۆرینە، هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان.
هەر یەک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لەبەر ئەوەی پشکی خۆیان لە ئەنجومەنەکەدا بەم شێوەیەی ئێستا مسۆگەرە پێیان باشە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران وەک خۆی بمێنێتەوەو پشکەکانیان دەستکاری نەکرێت، شوێنە بەتاڵەکانی ئەندامانی ئەنجومەن پڕ بکرێنەوە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەی لە بەیاننامەی فەرمیدا بڵاوکردووەتەوە کە "کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دور لەپشک پشکێنەی حزبی دروستبکرێتەوە ... ژمارەی ئەندامانی کۆمسیۆن (9) ئەندام بن.... دەستەیەکی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەکان درووست بکرێت لە پێنج دادوەری بێ لایەن کە هیچ کاری حزبیان نەکردبێت و ئەنجامی کۆتایی لەلایەن ئەو دەستە دادوەرییەوە پەسەند دەکرێت".