شیكاری: درەو 🔹 لە هەرێمی کوردستان (10) کێڵگەی گازی هەیەو (7) کێڵگەیان دەکەوێته سنووری پاریزگای سلیمانییەوە کە پێكدێن له کێڵگە گازییەكانی (چەمچەماڵ، میران، كورمۆر، كوردە میر، تۆپخانه، پەڵکانە و کێڵگەی گازی تازه) 🔹 دوو کێڵگەی گازی دەکەوێته سنووری پارێزگای هەولێر کە بریتین لە کێڵگەکانی (بنەباوێ و خورمەڵه). 🔹 یەك کێڵگەی گازی دەكەوێته سنوری پاریزگای دهۆكەوە، ئەویش کێڵگەی گازی (دهۆك)ە. یەکەم؛ دابەش بوونی كێڵگە گازییەكان لەپارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان كێڵگەكانی گازی سروشتی لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی یەكسان دابەش نەبوون، جیاوازن لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر و بڕی یەدەگیان جیاوازە، لێرەدا باس لەدابەش بوونی جوگرافی و ڕووبەر و بڕی بەرهەم و یەدەگی ئەو كێڵگەكانە دەكەین لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا بەم شێوەیەی خوارەوە: لەهەرێمی كوردستان (57) كێڵگەی نەوتی هەیە، بەڵام كێڵگەكانی گازی سروشتی ژمارەیان كەمترە و دەگەنە (10) كێڵگەی گازی و هەندێک لە سەرچاوەکانی ئاماژە بە کێڵگەی زیاتریش دەکەن، بەتایبەت کاتێک ئەو ناوچانە دەکەونە سنوری پارێزگای موسڵەوە و لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدان بێنە هەژمار. تا وەكو ئێستا لەسەرجەم ئەو کێڵگانە تەنها دوو كێڵگەیان بەرهەمی هەیە و دەتوانرێت بۆ پێداویستی ناوخۆ و بۆ دابینكردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەكانی بەرهەم هێنانی كارەبای هەولێر و سلێمانی و دهۆك و پڕکردنەوەی پێداویستی گازی ماڵان سودیان لێ وەربگیرێت. كێڵگەكانی تر بۆ بەرهەم هێنان ئامادەكراون بەڵام بەهۆی ئاستەنگی نەبوونی ژێرخانی پێویست نەتوانراوە سودیان لێ وەربگیرێت و گازیان تێدا دەربهێنرێت و هەناردەی دەرەوە بکرێت. كێڵگە سەرەكییەکانی گازی سروشتی لەهەرێمی كوردستان برتین لە؛ 1. كێڵگەی گازی چەمچەماڵ یەکێکە لە كێڵگە كۆنەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، لەڕوی شوێنی جوگرافییەوە ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە دووری (40) كم باكوری خۆرهەڵاتی شاری كەركوك و باكوری خۆرئاوای قەزای چەمچەماڵ، درێژییەكەی (32) كم و پانییەکەی (2.5) كم دەبێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی كۆمپانیای گازی باکور ئەم كێڵگەیە لە ساڵی (1929 – 1930) یەکەم بیری ئەزمونی تێدا هەڵکەندراوەو دواتر لەساڵی (1935) بیرێكی دیکەی تێدا لێدراوە یەدەگی ئەم كێڵگەیە (3.4) ترلیۆن پێ سێجا خەمڵێندراوە، پشكەكانی ئەم كێڵگەیە بەپێی گرێبەستێك لەجۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش( (PCSلە (10/11/2007) دراوە بە كۆمپانیای دانا گاز و کرێسنت پترۆلیۆم تا شارێكی پترۆكیمیاوی بنیاد بنرێت، بەڵام دواتر بەهۆی چەند كێشە و ناکۆکییەک لەنێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەستێنراو تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. 2. كێڵگەی میران لە تاجاسلوجەوه دەست پێدەكات و بەدرێژایی رێگای دوكان سلێمانی و بەشێك له ناحیەی ئاغجەلەر و شارۆچكەی بازیان و سەیرانگای چەمی ڕەزان دەگرێتەوه، روبەرەكەشی (11.15) كم دوجایه، دوو كێڵگەی گەورەی تێدایه )میرانی رۆژهەڵات- کە بڕێکی ئێجگار گەورە نەوتی تێدایە) و (میرانی رۆژئاوا) کە بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەم بلۆکەی کێڵگەی میران (57) ملیۆن بەرمیل کۆندێنسەیت (گازی شل)ی تێدایە. (3.5) ترلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی تێدایە، کە ئەوەش ڕێژەیەکی زۆرەو بەیەکێک لە کێڵگە گەورەکانی سەرتاسەری عێراق دادەنرێت و لە دەتوانایدایە زیاتر لە (50) ساڵ گازی سروشتی لێوە هەناردەی تورکیاو وڵاتانی ئەورپا بکرێت. 3. كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێته دووری (35) كم باشوری ڕۆژهەڵاتی کەرکوک، لە سنوری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوەو درێژییەکەی (33) كم و پانییەکەی (4) كم، ڕووبەرەكەی (510) كیلۆمەتر دووجایه، بڕی زیاتر له (4.4) ترلیۆن پێ سێجا گازی تێدایه، دانا گازو کرێسنت پترۆلیۆم بڕی (1) ملیار دۆلاریان تێدا وەگەڕخستووە. بەپێی ڕاپۆرتی هەردوو كۆمپانیای نەفت هیلال و دانا گاز سەرەتا له ساڵی (2008) دەستیان به بەرهەمهێنان كردوەو ڕۆژانە (15000) بەرمیل کۆندێسەیتی شل یان بەرهەمهێناوە، پاشان ڕێژەکەیان بەرزکردووەتەوە بە بەرهەمهێنانی (330) ملیۆن پێ سێجا گاز لە ڕۆژێکدا، کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە کۆنترین کێڵگەی گازی دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان، یەکەم بیری لە ساڵی (1928) بەشێوەی ئەزمونی لێدراوە، شوێنی جوگرافییەکەی دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادرکەرەم و خۆرهەڵای شاری کەرکوکەوە بە دوری (35) کم. ئەم کێڵگەیە لە دوو کۆگای سەرەکی پێکدێت و بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکانی (دانا گاز و هیلال) کۆگای یەکەمیان بڕی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی تێیدا ڕۆژانە (340) ملیۆن پێ سێجا بووە لە ساڵی (2015)دا. کۆگای دووەمی دەکەوێتە ناحیەی قادرکەرەم و ڕوبەرەکەی (300) کم دووجایە، بڕێکی زۆر گازی سروشتی تێدایەو ئاستی بەرهەمهێنانی لە ساڵی (2016) گەیشتووەتە (308) ملیۆن پێ سێجا، یەدەگی گازی سروشتی بە (1.8) ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بە بۆری دەگوزارێتەوە بۆ وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەوڵێر بە درێژی (181) کم و بە تیرەی (24) ئینج. پشکی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە داباشکراوە بەجۆرێک پشکی (40%) بۆ کۆمپانیای دانا گاز و پشکی (40%)ی بۆ کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم، کۆمپانیاکانی (MOL)ی نەمساوی و ((OMVی هەنگاری هەر یەکەو (10%)ی پشکەکانیان هەیە. 4. کێڵگەی کوردەمیر دەکەوێتە خوارووی ناحیەی سەنگاو و باکوری قەزای کەلارو تا ڕۆخی ڕوباری سیروان درێژ دەبێتەوە، ڕوبەرەکەی (620) کم دووجایە. لە گوندی کوردەمیر بیر لێدراوەو پشکی (40%)ی دراوەتە ویسترن زاگرۆسی کەنەدی و (40%)ی پشکی تالیسمان ئینێرجی و (20%)ی پشکی کیپکۆیە، کەم بلۆکە (65) ملیۆن بەرمیل کۆندێنسەیت بونی هەیەو نزیکەی (2.3) ترلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی تێدایە. ڕوبەری کێڵگەکە دەگاتە (340) کیلۆمەتر دووجا، یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیە بە (2.26) ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، پشکەکانی ئەم کێڵگەیە بەپێی گرێبەستی جۆری بەرهەمهێنانی هاوبەش (PCS) لە (28/2/2008) بەم شێوەیە پشکەکانی دابەشکراون و (40%)ی بۆ کۆمپانیای ویسترن زاگرۆسی کەنەدی و کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی تورکی و (40%)ی پشکەکانی پێدراو (20%) پشکەکان بۆ کیپکۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە. ئەوەی تایبەت بێت بە یەدەگی گاز و بەرهەمی کێڵگەی کوردەمیر بەم جۆرەیە؛ داوای گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی بیری کوردەمیر (1) نزیکەی (5.27) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەهەمهێنراوە. 1. بیری کوردەمیر (2) لە یەکەم تاقیکردنەوەی چینێکی تایبەتی هایدرۆکاربۆنیدا بەرهەم هێنراوە گازی خەمڵێنراو بە (3.7) ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە مەزەندە کراوە. 2. دوای گەیشتن بە دوا قۆناغ لە بیری کوردەمیر (2) لە کۆتاییەکانی ساڵی (2012)، دەرکەوتووە کە بیری ناوبراو لەتوانایدایە بەرهەمی ڕۆژانەی (8.8) ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بە شێوەیەکی جێگر دەربهێنرێت. 3. بەپێی پشکنینەکان یەدەگی گازی کوردەمیر و گەرمیان ڕوو لە زیادبوون بکات. 4. بەرهەمی بیری (1)ی کوردەمیر (27.5) ملیۆن مەتر سێجا و بیری (2) بڕی (7.3) ملیۆن مەتر سێجا و گازە. 5. کێڵگەی تۆپخانه بلۆکی تۆپخانه ڕێژەیەك گاز کۆندێنسەیتی تێدایەو له ساڵی (2011) بیرێكی ئەزمونی تێدا لێدراوه بڕی (7.45) ملیۆن پێ سێجار رۆژانە گازی لێ دەرهێنراوه، هەروەها (هەزار و ٦٠٦) بەرمیل كۆندێنسەیتی لێوەرگیراوه. بەڵام تائێستا یەدەگەکەی به دیاریکراوی نەسەلمێنراوه. ئەم کێڵگەیه دەكەوێته باشووری ناحیەی قادرکەرەم و باکوری قەزای خورماتوو، رووبەری ئەم کێڵگەیه دەگاته (670) كم دووجا، دوو بیری تێدا لێدراوه، ئەم کێڵگەیه بەپێی گرێبەستێك له جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش (PCS) له (19/8/2011) له (80%) پشکەکانی دراوه به کۆمپانیای ویسترن زاگروسی کەنەدی و (20%)ی پشکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیه به (1.7) ترلیۆن پێ سێجا خەملێندراوه. 6. کێڵگەی پەڵکانە ئەم کێڵگەیه دەكەوێته باشووری ناحیەی قادرکەرەم و باکوری قەزای خورماتوو، رووبەری ئەم کێڵگەیه دەگاته (670) کم دووجا، ئەم کێڵگەیه بەپێی گرێبەستێك له جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش (PCS) لە (19/8/2011)، (80%)ی پشکەکانی دراوه به کۆمپانیای ویسترن زاگروسی کەنەدی و (20%)ی پشکەکانی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە، بڕی یەدەگی گازی ئە م کێڵگەیه به (هەزار و 665) ملیۆن بێ سێجا خەملێنراوه. 7. کێڵگەی گازی تازه ئەم کێڵگەیه شوێنی جوگرافیەکەی دەكەوێته بەشێك له سنوری ناحیەی نەوجول و خۆرئاوای ناحیەی قادرکەرەمەوه، رووبەری ئەم کێڵگەیه نزیکەی (700) كم دووجایە، بڕێکی زۆری گازی سروشتی تێدایه. کێڵگەکه به پێی گرێبەستێك له جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش (PCS) لە (27/7/2011) دراوه بە چەند كۆمپانیاییەك، به جۆرێك (60%)ی پشکەکانی بۆ کۆمپانیای ئویل سیرچی ئوسترالی و (20%) پشکەکانی بۆ کومپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و (20%)ی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هێڵراوەتەوە. دووەم دابەش بوونی جوگرافی کێڵگە گازییەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆك 1. کێڵگەی بنەباوێ ئەم کێڵگەیه له ناوچەی دەربەندی گومەسپان دەست پێدەکات و دریژ دەبێتەوه تاوەکو ناحیەی هیران و گوندی نازەنین، رووبەرەکەی دەگاته نزیکەی (240) کم دووجا، پشکەکانی ئەم کێڵگەیه بەپێی گرێبەستی جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش (PCS) له (12/12/2011) دراوه به کۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجی تورکی، بڕێکی باشی گازی سروشتی تێدایەو یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیه به (4.9) تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. 2. کێڵگەی خورمەڵه ئەم کێڵگەیه لە ساڵی (۲۰۰۳) دۆزراوەتەوه لەلایەن کۆمپانیای (کار)ەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، دەکەوێته باشوری شاری هەولێر به دووری (٢٥) کم و باکوری شاری كەركوك به دووری (۸۰) کم. کێڵگەی گازی خورمەڵه دریژکراوەی کێڵگەی بابه گوڕگوڕه، دریژییەکەی دەگاته (20) کم و پانییەکەی (8) کم، لەم کێڵگەیەدا (18) بیر لێدراوەو قوڵییان له نێوان (1004 - 2400)م دایه، کومپانیای کارگروپ کە کۆمپانیاییەکی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانه سەرپەرشتی دەکات. یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیه به (3.6) تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. 3. کێڵگەی گازی دهۆک کێڵگەی گازی دهۆک دەکەوێته سنوری قەزای سەنتەری دهۆك و باشوری شارەکەو قەزای سیمێل دەگرێتەوه، رووبەرەکەی دەگاته نزیکەی (162) كم، به گرتبەستێك له جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش(PCS) لە (14/10/2010) دراوه به چەند کۆمپانیایەك، به شێوەیەک له (40%) پشکی بۆ کۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجی تورکی و (40%) پشکی بۆ کۆمپانیای دی ئین ئۆی نەرویجی و (20%)ی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە. یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیه به (1.4) تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. کۆتایی ماوەتەوە بوترێت لە هەرێمی کوردستان (10) کێڵگەی گازی سەرەکی هەیەو (7) کێڵگەیان دەکەوێته سنووری پاریزگای سلیمانییەوە کە پێكدێن له کێڵگە گازییەكانی (چەمچەماڵ، میران، كورمۆر، كوردە میر، تۆپخانه، پەڵکانە و کێڵگەی گازی تازه)، دوو کێڵگەی گازی دەکەوێته سنووری پارێزگای هەولێر کە بریتین لە کێڵگەکانی (بنەباوێ و خورمەڵه). یەك کێڵگەی گازی دەكەوێته سنوری پاریزگای دهۆكەوە، ئەویش کێڵگەی گازی (دهۆك)ە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) دابەشبوونی کێڵگە گازییەکانی سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تێکرای بلۆکە گازییەکانی هەرێم، ئەوە نیشان دەدەن سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان له گازی سروشتیدا دەوڵەمەندن و نزیکەی (70-80%)ی گازی هەرێمی کوردستانی لێ کۆبووەتەوە، تەنانەت هەرچەندە گاز له کوردستان دەرهێنرابێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا یان هەرشتیکی تر به کارهێنرابێت ئەوا لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان بووە. بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە بوونی كێڵگەو یەدەگی زیاتری گازی سروشتی دەکەن لە هەرێمی کوردستان بۆ نمونە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوەی وزە، لە ژێر ناوی (Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics) کە (Robin Mills) نوسیویەتی و لە مانگی 1ی ساڵی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە قەبارەو بەشێک کێڵگەکانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان داوە (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1) سەرچاوەکان سەرچاوەی سەرەکی - سفین جلال فتح اللە و هێمن احمد شریف، دابەش بوونی جوگرافی کێڵگەکانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان ژمارە (9)، 2022. سەرچاوەی لاوەکی؛ - درەو میدیا، توانای کەرتی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8131 د. وحید انعام الکاکائي، جيوسياسية النفط والغاز في اقليم كوردستان العراق والفواعل الاقليمية والدولية؛ https://portal.arid.my/Publications/6e75af02-7f62-4c6d-8778-3c215ea66565.pdf Robin Mills, Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics https://www.oxfordenergy.org/wpcms/wp-content/uploads/2016/01/Kurdish-Oil-and-Regional-Politics-WPM-63.pdf
راپۆرت: درەو "بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردم لەگەڵ یەكێتی یەكبگرینەوە" عومەر سەید عەلی ئەم پەیامەی بە ئەندامانی هەردوو جڤاتەكەی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە مانگی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی سازبداتو دوای كۆنفرانس سەركردایەتییەكی نوێ هەڵبژێرێت، بژاردەكانی بەردەم گۆڕان چین ؟ ئاشتەوایی دەكات لەگەڵ ناڕازییەكان یاخود لەگەڵ یەكێتی یەكدەگرێتەوە ؟ یاخود بەم دۆخەوە بەردەوام دەبێت؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. یەكگرتنەوەی گۆڕانو یەكێتی ! رۆژی 24ی ئەم مانگە، جڤاتی نیشتمانیو جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دواین كۆبونەوەی خۆیان لە ساڵی 2022دا ئەنجامدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا عومەر سەید عەلی رێكخەری دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان وتویەتی" بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردوم بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێتەوە" وتوشیەتی "چیتان دەوێت بۆتان دەكەم" . عومەر سەید عەلی سەرباری ئەوەی دەستی لەكاركێشاوەتەوە، هێشتا لە بۆنە فەرمییەكان وەكو كەسی یەكەمی بزوتنەوەكە نوێنەرایەتی دەكات. بافڵ تاڵەبانی كە لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021وە یەكێتی دوچاری پەرتبونێكی نوێ كردەوە، ئێستا دەیەوێت جارێكی ترو لە دەرەوەی چوارچێوەی تەقلیدییەكەی یەكێتییەوە گۆڕێك بە حزبەكەی بداتەوە، بۆ ئەمەش دەمێكە چاوی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەو بەردەوام گۆڕان وەكو بەشێك لە یەكێتی ناودەبات. رۆژی 28/8/2022 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی هەمواڕی بەشێك لە پەیڕەوی ناوخۆی كرد و لە هەموارەكەدا سەرۆك دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت لەدەرەوەی ئۆگانەكانی یەكێتی كەسانیتر بكاتە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، ئەوكات وا لێكدرایەوە ئەم بڕگەیە بۆ بردنی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆناو یەكێتی. بەر لە تەقینەوەی كێشەی نێوان دوو هاوسەرۆكەكە (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی)، بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كرد بۆ ئەوەی پێكەوە بە لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بكەن، بەڵام بەر لە هەڵبژاردن رووداوەكانی 8ی تەموز رویانداو لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی دورخرایەوە، یەكەم ئەزمونی رێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەزمونێكی تاڵ بوو، چونكە رێككەوتنەكە هیچ بەرهەمێكی نەبوو، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا گۆڕان گورزێكی گەورەی بەركەوتو هیچ كورسییەكی پەرلەمانی عێراقی نەبردەوە. بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی كۆنیشی لەگەڵ یەكێتی هەیە كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكانە، ئەم رێككەوتنەش وادەكەی بەسەرچووەو گۆڕان هەندێك رەخنەی لە یەكێتی هەیە لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانەوە، بەمدواییە هەردوو حزبەكە جارێكی تر لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان گفتوگۆیان كرد، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەكی بەدوای خۆیدا نەهێنا، چونكە لەلایەن دۆخی ناوخۆیی یەكێتی سەقامگیر نییە لەلایەكی تر بزوتنەوەی گۆڕان سەری نەماوەو چاوەڕوانی سازدانی كۆنفرانسو هەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێ دەكات. شكستی ئاشتەواییو هەوڵەكەی بورهان یاسین بڕیاربوو بەر لە كۆتایی ئەمساڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی خۆی سازبدات، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان سەركردەكانی بزوتنەوەكە لەلایەكو هەوڵێكی ئەمدواییەی دكتۆر (بورهان یاسین) بۆ ئاشتەوایی لەنێوان (رازیو ناڕازییەكان)ی بزوتنەوەكەدا لەلایەكی ترەوە، كۆنفرانسەكە نەكرا. دكتۆر بورهان یاسین كە یەكێكە لە خوێندەوارەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕانو بەمدواییە لە ئەوروپا گەڕایەوە، پرۆژەیەكی بۆ ئاشتەوایی نێوان هەردوو بەرەكەی گۆڕان خستەڕوو، بەڵام لە دواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیو گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا راپۆرتی كۆتایی هەوڵەكانی خۆی ئاشكراكردو كە بە شكست كۆتایی هاتووە. ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری هەوڵەكەی دكتۆر بورهان یاسین بوون دەڵێن، ناڕازییەكانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان كە زیاتر (عوسمان حاجی مەحمود) نوێنەرایەتییان دەكات دوو مەرجیان هەبووە بۆ گەڕانەوەو كاركردن لەناو بزوتنەوەكەدا: • مەرجی یەكەم: گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوەو درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتبكاتەوە. • مەرجی دووەم: كێشەی موڵكو ماڵەكانو گردی زەرگەتە لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمپانیای (وشە)دا یەكلابكرێتەوە (دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، كوڕەكانی تاپۆی گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانو هەندێك موڵكو ماڵی تریان لەسەر ناوی باوكیانەوە گواستەوە بۆسەر ناوی خۆیان، ناڕازییەكان ئەمەیان ناو لێناوە تەوریسی سیاسی). بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو سەركردەكانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان هەردوو مەرجەكەی ناڕازییەكانیان رەتكردوەتەوە، ئەمەش جارێكی تر خەونی ئاشتەواییو رێكخستنەوەی گۆڕانی لەباربردەوە. دووەم كۆنفرانس پێشتر عومەر سەید عەلیو چەند سەركردەیەكی تری بزوتنەوەكە داوایانكرد سازدانی كۆنفرانس بۆكاتێكی نادیار دوابخرێت، بەڵام ئێستا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لایەنەكانی ناچار كردووە لە زوترین كاتدا كۆنگرەی خۆیان ببەستنو خۆیان نوێ بكەنەوە، لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەنگییەك دروستبووە لەبارەی ئەوەی مانگی 1ی ساڵی 2023 واتە مانگی داهاتوو كۆنفرانسی نیشتمانی سازبدرێت. كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە لە كۆنگرەی حزبە سیاسییەكانی تر، چونكە لە كۆنفرانسی گۆڕاندا كەسی یەكەمی حزبو ئەندامانی سەركردایەتی هەڵنابژێردرێن، كۆنفرانسی ئەمجارەی گۆڕان بە پلەی یەكەم بۆ دەستكاریكردنی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكەیە، دەستورێك كە نەوشیروان مستەفا نوسیویەتییەوەو سەركردەكانی ئێستا پێیانوایە بۆ ژیانی ئێستا بزوتنەوەكە لەبار نییەو پێویستی بە دەستكاریكردنە. بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (13) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكراو لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی (خانەی راپەڕاندن) درا. خانەی راپەڕاندن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بڕیارەكانی خۆی لە جڤاتی نیشتمانی وەردەگرێتو جێبەجێان دەكات. درێژكردنەوەی پەرلەمانو كاریگەری لەسەر گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان یەكێكە لە لایەنە پێكهنەرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، ئەم بزوتنەوەیە سەرباری ئەوەی لەسەرەتای دروستبونییەوە بە توندی دژی هەرجۆرە درێژكردنەوەیەكی تەمەنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام بەمدواییە چووە ناو رێككەوتنێك لەگەڵ پارتیو یەكێتیو پێكەوە هەرسێ لایەنەكە تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوەو بەوشێوەیەش لەگەڵ پەرلەماندا تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێمو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیان درێژكردەوە. ئەگەر لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا پرسی بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی نۆیەم كاریگەری گەورەی لەسەر كەمبونەوەی دەنگی گۆڕان هەبوبێت، پێشبینی دەكرێت پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كاریگەری زیاتر لەسەر پاشەكشێی دەنگەكانی گۆڕان دابنێت، چونكە بەلای زۆرینەی دەنگدەرەكانی پێشتری گۆڕانەوە بابەتی درێژكردنەوەكە هێڵی سوری تری بنەماكانی گۆڕان بووە كە بەمدواییە لەو بنەمایەش دراوە. نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەرو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان 19ی ئایاری 2017 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا (هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان) بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان بەرێژەی 50% كەمیكردو لە (24) كورسییەوە دابەزی بۆ (12) كورسی، هەمان ساڵ بزوتنەوەكە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كردو لەوێش (4) كورسی لەدەستداو ژمارەی كورسییەكانی لە (9) كورسییەوە دابەزی بۆ (5) كورسی. سەرباری دەركردنی سەرۆكی پەرلەمانو دەركردنی وەزیرەكانی لە كابینەی هەشتەم لەلایەن پارتییەوە، دوای هەڵبژاردنی 2018 جارێكی ترو بزوتنەوەی گۆڕان چوەناو رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتیو لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی كرد. بەشداریكردنەوەی گۆڕان لە حكومەتو ئەو قەیرانانەی بەسەر كابینەی نۆیەمدا هاتن بەتایبەتیش لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، كاریگەری بەهێزی لەسەر پێگەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان دروستكردو ئۆكتۆبەری 2021 كاتێك بزوتنەوەكە بە هاوبەشی لەگەڵ یەكێتی چوە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، هەموو كورسییەكانی لەدەستداو نوێنەرایەتی لەناو پەرلەمانی عێراقدا نەما. ئەم شكستەی هەڵبژاردن فشارێكی گەورەی خستە سەر سەركردەكانی بزوتنەوەكەو رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری 2021 عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتیو ئەندامانی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەكەی ناچار بە دەستبەكاركێشانەوە كرد. بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا، رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی 2021 دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێتو رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقو ئەنجامە خراپەكەی، هێندەی تر چارەنوسی سازدانی دووەم كۆنفرانس لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕان خستە لێڵییەوەو نزیكەی ساڵێكو دوو مانگە گۆڕان سەری نییەو رێكخەری دەستلەكاركێشاوە كاروبارەكان بەشێوەی كاربەڕێكەر بەڕێوە دەبات. بژاردەكانی بەردەم گۆڕان ئێستا گۆڕان كە خۆی بۆ سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانی ساز دەدات، هەرێمی كوردستانیش لەبەردەم ئەگەری سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندایە لە كۆتاییەكانی ساڵی داهاتوودا، ئەگەری سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی تریش لە عێراق ئەگەرێكی دوور نییە. بەگشتی بەهۆی ئەو پاشەكشێ گەورەی كە لە بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ هەڵبژاردنی رابردوودا لەسەر ئاستی هەرێمو عێراق روبەڕووی بوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بژاردەكانی بەردەمی ئەرێنی نین. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، شوان قلیاسانی سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: بە بۆچونی من بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم سێ بژاردەدایە: یەكگرتن لەگەڵ یەكێتی یان رێكخستنەوەی ناو ماڵی گۆڕانو رێككەوتن لەگەڵ ناڕازییەكان كە گۆڕێك بە بزوتنەوەكە دەدات، یاخود بەردەوامیدان بە دۆخی ئێستا كە زیاتر بزوتنەوەكە بەرەو پوكانەوە دەبات. چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاندو بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد. 25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی دژایەتیكردنی "گەندەڵی" بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوەو بەسەر یەكێتیدا سەركەوتو لەدوای پارتی بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم. نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئایاری 2017 كۆچی دوایی كرد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژاردو شوێنەكەی نەوشیروان مستەفای بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە. بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) كەس پێكدەهات كە بریتی بوون لە: • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە • عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەتو ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوەو بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرو شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكەو دەست بە كاركردن بكاتەوە، بەڵام رەتیكردوەتەوەو ئێستا تاوتوێی دروستكردنی جوڵانەوەیەكی سیاسی نوێ دەكات) • جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان • محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری ژورەكان • شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك • رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سەرۆكی جڤاتی گشتی دیارترین كارێك رێكخەری گشتیو یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردیان، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروستكرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتو پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوەو گۆڕانی لە حكومەت دەركردو دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوەو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد. خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو. جڤاتی نیشتمانی كە خۆشی وادەی بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا. پێكهاتەی خانەی راپەڕاندنی دووەمی گۆڕان كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری 2013 بەهۆی شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەستیان لەكاركێشایەوە، بەمشێوەیە بوو: • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان • عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانرا) • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوەو سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانرا) • دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری ژورەكان • شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوەو ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانرا) • برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بوو.
ئامادەکردنی / ئەنوەر کەریم هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕە نایاسایی و ناڕەواکەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا. ڕۆژئاواییەکان لە لێکدانەوەدان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی چۆن بتوانن قازانجی نەوتی روسیا کەمبکەنەوە، بەمەرجێک نەبێتە هۆی بەرزبونەوەی زۆری نرخی وزە. دوای لێکدانەوەو جیاوازی زۆر، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا بڕیاری (60 دۆلار)یاندا بۆ نرخی بەرمیلێک هەناردەی نەوتی ڕوسیا کە بە پاپۆڕ دەگوێزرێتەوە، ئەم نرخدانانە لەسەر نەوتی روسیا سەرەتا لە وڵاتانی (G7) بڕیاری لەسەردرا کە ئەبێت (5-12-2022) بچێتە بواری جێىەجێکردنەوە، ئەم پێشنیارە کۆمەڵێ بۆچونی جیاوازو کاردانەوەی جیاوازی لەناو یەکیتی ئەوروپادا دروستکردبوو، ئیستاش کاردانەوەی روسیا گرنگە بەرامبەر ئەم بڕیارە. گەیشتن بەم بڕیارە لەناو ئەوروپادا ئاسان نەبوو، هەندێ لە وڵاتانی ناو یەکێتییەکە کە بە هەڵۆکانی دژە پوتین ناسراون وەک (پۆڵۆنیاو وڵاتانی بەڵتیک) ئەیانویست زۆر بەزووی داهاتی ڕوسیا هەرەس پێبهێنن، نرخی (20-30) دۆلار بۆ بەرمیلێک دابنرێت کە زۆر نزمترە لە نرخی (40) دۆلارو تێچووی بەرمیلێک نەوتی روسیایە، تیمێکی تری ناو یەکێتی ئەوروپا کە ئەو وڵاتانەی هاوردەی نەوتی روسیا ئەکەن وەک ئەڵـمانیاو هەنگاریاو نەمساو فەرەنسا، ئەڵین ئەگەر نرخی نزم بسەپێنرێت بەسەر روسیادا ئەمە زیاتر بازاڕی وزە ناجێگیر ئەکات و ئەبێتە هۆی ئەوەی نرخی وزە زیاتر بەرزبێتەوەو بەقازانجی ڕوسیا بشکێتەوە. بەڵام بەو نرخەی ئێستا باری هەندێ وڵاتی تری یەکێتی ئەوروپا گران دەکات، گروپی دووهەم ترسیان لەوە هەیە ئەگەر بەتەواوی خستنەڕووی نەوت بۆ روسیا دیاریبکرێت لەوەئەچێت هەڵئاوسان زیادبكات و تێچوی ژیان لەسەر ئەوروپییەکان گرانتر ببێت، ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک داوا لە حکومەتەکانیان بکەن پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا ڕابگرن. گومانی تیا نیە روسیا هەست به جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو گروپە دەکات. ئەمەش کاریگەری لەسەر پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا دەبێت. وە ئامادەیی بۆ ئەو سەختیەی ژیان کە ئێستا ئەوروپییەکان تووشی بوون بەهۆی ئەو شەڕەوە. پۆلۆنیاو وڵاتانی بەڵتیک، روسیا وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام ئەیبینین بۆسەر خۆیان، بەڵام ئەڵمان و وڵاتەکانی تر ئەو تێروانینەیان نیە لەسەر روسیا. هەرچەندە ئێستا نەوتی روسیا نرخی (60) دۆلاری بۆ دانراوە دوای ڕازیبونی ئەو وڵاتانەو ئەو سزایانەیەی کە لەسەر روسیا دانراوە، نەوتی ئۆڕاڵ (Urals) ئەفرۆشرا بە (60) دۆلار کە (27%) بەهاکەی کەمتر بووە لە نرخی نەوتی (برێنت). گومانی تیا نیە ئەم نرخەی کە لەسەر نەوتی روسیا دانراوە ههروهها سزاکان کاریگەری تەواوایان ئەبێت لەسەر قازانجی وزەی ڕوسی بەرامبەر داگیرکاری ئۆکرانیا. ڕەتدانەوەی روسیا چیە روسیا هەڕەشەی ئەوەی کرد نەوت نافرۆشێت بەو وڵاتانەی کە بەشداریان کردوە لەو بڕیارەدا ئەمە زیاتر وەک خۆ هەڵخەڵتاندن وایە بۆ روسیا، چونکە قەبارەی هەناردەو داهاتی نەوتی روسیا توشی دابەزینێکی زۆر ئەبێت، ساڵانە یەدەکی بیانی ڕوسیا بە زیاتر لە (100 ملیار) دۆلار کەمدەکات. هەرچەندە ئێستا (حساب جاری) ڕوسیا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەئەمساڵدا سەرڕێژی هەیە. ڕوسیا توشی چەند کێشە ئەبێت وەک کێشەی تەکنیکی، ئەوەش لە ئەنجامی ئەگەر خستنەڕووی نەوت کەمبێتەوە ئەوا کێشە بۆ خەزانەکان دروست ئەبێت کە توانای گلدانەوەی زیاتری نەوتیان نیە لەخەزانەکاندا، هەروەها وەستانی بەرهەمهێنان لە بیرە نەوتەکاندا لەدواڕۆژدا زیانی گەورە بە توانای بەرهەمهێنان وڵات دەگەیەنێت. ڕۆژئاوا لێکدانەوەی زۆریان کرد تا ئەو بڕیارەیان دا کە نرخ لەسەر نەوتی روسیا دابنێن بەگشتی. سزادانان لەسەر وڵاتێکی وەک روسیا کاریگەری هەیە لەسەر (نەوت و وزە)ی جیهانی، وە بابەتی سزادانان لەسەر وڵاتێک بۆ ئەوەیە کە زیان بەو وڵاتە بگەیەنرێت لەڕووی ئابورییەوە، نەک ئەو وڵاتانەی کە سزاکەیان بەسەر ئەو وڵاتەدا جێبەجێدەکەن. هەروەها فەرمانی سیاسی ئەوێت بۆ یەکگرتن و بەردەوامبوون لەسەر بڕیارەکە. پاشەکشەی ئابوری لە جیهاندا ڕوویدا لەئەنجامی قەیرانی ئۆکرانیاوە، هەروەها رەتدانەوەی روسیا بۆ دیاریکردنی هەناردەی وزەی روسیا بۆ ئەوروپا. ئەمەش لەکۆتایدا وا ئەسەلـمێت. کە وەک ئەو پوشە وایە کە پشتی حوشتر بشکێنێت. ئێستا سزاکانی سەر ڕوسیا وادەبینرێت گرنگە بەڵام بوارەکە فراونترە بۆ کاردانەوەی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە روسیا. وە ک سزای دیبلۆماسی. وە بژاردەی سەربازی و هێرشی سایبەر. سزاکان تەنها کارتێكی سیحراویی نیە بەرامبەر کێشەی قورس و گەورە. ئەوەی کە دەکرێت بەزۆری بۆ ئەوەیە روسیا بەیەکجاری گۆڕانکاری بکات لە ڕەفتارو کردارەکانیدا. دیاریکردنی تواناکانی روسیا وەک بەکارهینانی وزە وەک کارتێک یەکێک لە خاڵە گرنگەکان بەتایبەتی بۆ نەوت و وزەو کەرەستە خاوەکان ئەوەیە کە چۆن بازاڕ بتوانێت ئەو هێزەی وزەی روسیا هێواش بکاتەوە بەرامبەر ئەو کاریگەریانەی لەسەر رۆژئاوا بەتایبەتی ئەوروپا هەیەتی. ئەوکاتەی روسیا غازی ئەوروپای راگرت، غازو وزە بەگشتی خواستی زۆر لەسەری بەرزبووەوه بەتایبەتی نرخی غاز، ئێستا نرخی غاز خۆی ڕێکخستوهتەوە ئیستا 25-30% نرخەکەی کەمترە لە ئەڵمانیا ئەمەش تەنها نوقڵانه لێدان بوو لەلایەن بازرگانانی غازهوە وەک لەوەی کێشەی کەمی خستنەڕووی غاز بێت. وە گەشەی ئابوری بەرەو پاشەکشەو خاوبونەوە ئەڕوات ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی وزە لە جیهاندا دانا. بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و سزاکانەوە ئابوری ڕوسیا پاشەکشەی کردوەو هەرەس بە داهاتی هەناردەی وزەی روسیا لە مەودایەکی مام ناوەندیدا ئەبێتە هۆیەکی ترسناک بۆ ڕژێمەکەی پوتین، هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ دانانی نرخ لەسەر هەناردەی نەوتی ڕوسی لەلایەن دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوتەوە بە بێزاربوون و وەریدەگرن بەهۆی ئەوەی کە دەستخستنە ناو بازاڕەو هەوڵی تێكدانیەتی، ئەمەش وا دەکات کە ئەو ئەندامانی ئۆپێك دەیانویست بازاڕ کۆنتڕۆل بکەن بە قازانجی خۆیان لەدەستیان دەربچێت. دەوڵەتانی ئۆپێک وا هەست دەکەن ئەم کاردانەوە ڕێکخراوەی ڕۆژئاوا تووشی دڵەڕاوکێی کردون لە بەکارهێنانی وزەدا، بۆ سەرەتایەک کە بتوانێت دەوڵەتانی ئۆپێک بەرەو ئەوە ببات کۆنتڕۆڵی بازاڕی نەوت لەدەستبدەن. کات فاکتەرێكی سەرەکییە بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو جێگەی نەوتی ڕوسی پڕبکەنەوە، ئەو بەهێزیەی کە ڕوسیا هەیەتی بەهۆی ئابورییە ناوازەکەیەوەیە، هەروەها ئەو داشاكاندنە زۆرەی کە لە هایدرۆکاربۆندا ئەیکات، هیچیان بۆ ماوەی درێژخایەن بەردەوام نابێت. کارتێڵی نەوت هەمیشە وا کاردەکات بگونجێت لەگەڵ ئابوری رۆژئاوادا، ئەیانەوێت نرخی نەوت و سوتەمەنی بەرز نەبێت كه کاریگەری لەسەر ئابوری ڕۆژئاوا هەبێت، ئەمەش وا دەکات یارمەتی ئەوروپا بدات تا هاوردە لە وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت زیاد بكات و هاوردەی نەوتی ڕوسی کەمبکاتهوه. لە تێۆریدا سزاکان دەرفەتێک ئەخولقێنن بۆ ئەندامانی ئۆپێک پڵاس، بەپێی سزاکان دەبێت لەسەروو (3) ملیۆن بەرمیل نەوتی ههناردهی ڕوسیاوە بۆ ئهوروپا بوەستێت بێجگە لە هەنگاریاو سلۆڤاکیاو چێک کە ئەوانە بەخشراون لە سزاکان و ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هاوردە ئەکەن لە روسیاوە ئەمەش بەئاسانی ئەتوانرێت لەلایەن نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پڕبکرێتەوە. نەوتی روسیا بۆ ئاسیا گومانی لەسەرە سەرەتا کاردانەوەی روسیا ئەوە بوو نەوتەکەی هەناردەی ئاسیا ئەکات، ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی بەربەرەکانی دروستبکات بۆ میرنشینەکانی عەرەب کە ئەوە بازاڕی ساغکردنەوەی نەوتەکەیان بوو. ئێستا هەندێ وڵاتی ئاسیا بە قەبارەی گەورە نەوتی روسیا لەڕێی دەریاوە ئەکڕن بە داشکاندنێکی گەورە وەک (چین و هیندستان) بەتایبەتی چین کە لەئیستادا روسیا جێگەی سعودیەی بۆ گرتۆتەوە. بەڵام چین هەوڵ ئەدات باڵانسێک ڕابگرێت لەنێوان ڕوسیاو سعودیە کە بازاڕی هاوردەی سەرەکی نەوتی چین بوو پێشتر. سزاکان توانای بەرهەمهینانی نەوتی روسیا کەمدەکەنەوە بەڕێژەی (9-17%) بەپێێ وتەی بەرپرسانی ڕوسی بەڵام هەندێ سەچاوەی تر ئەڵێن بۆ ساڵی 2023 توانای بەرهەمی ڕوسی بەڕێژەی (20-30%) کەمدەبێتەوە، تەنانەت روسیا کێشەی هەبوو بۆ هێشتنەوەی بەردەوامبوونی بڕی نەوتی بەرهەمهینراوی پێش شەڕی ئۆکرانیا. ئێستا هەردووکیان بەیەکەوە (داخوازی لەسەر نەوتی ڕوسی و دەستنەگەیشتن بە تەکنلۆجیای پێویست) وادەکات بەرهەمی نەوتی ڕوسی کەمبکات و نەتوانێت ڕۆڵی کاریگەر ببینێت لە بازاڕی نەوتدا وە کاریگەریەکانی کەمبکاتەوە لەناو (ئۆپێک پڵاس)دا. ڕەفتارکردن لە گەڵ روسیا نە وڵاتانی ئۆپێک پڵاس نە سەرکردەکانی کەنداو پەلە ناکەن لەوەی روسیا پشتگوێ بخەن بەوەی زۆرترین نەوت دەربهێنن و بیخەنە بازاڕەوە. هەرچەندە سەرۆکی پێشووی ڕیكخراوی ئۆپیک (محهمهد بارکینۆ) وتی توانای ئەوەمان نیە جێگرەوەی نەوتی روسیا بین، وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش بە ناڕاستەوخۆ ڕۆژئاوای تاوانبار کرد بەوەی بازاڕی نەوت ئەشڵەژێنن. ئەم پشتگوێخستنەی کە ئاوا بەرژەوەندییەکانی روسیا لە بازاری نەوتدا لاوازبکرێت بەتەواوی بەهانە گرتنە بەبێ ئەوەی یارمەتییەکی چالاکی ئەوروپا بدرێت. شەڕەکەی پوتین دەرفەتێکی ناوازە ئەخولقێنێت بۆ وڵاتانی ئۆپێک پڵاس بۆ ئەوەی خۆیان دەوڵەمەند بکەن و یەدەگی دراویان زیاد بکەن و ماکرۆئیکۆنۆمی وڵاتەکەیان گەشەبکات و هێزی نەرمی خۆیان زیاد بکەن. هەرچەندە هەندێ لە وڵاتانی کەنداو بوون بە کڕیارێکی بەوەفای نەوت و پێترۆکیمیاوی ڕوسی. سعودیە بەداشکاندنێکی زۆر لە هاویندا سوتەمەنی لە روسیا دەكڕی بۆ ئەوەی وێستگەی کارەباکانی کارپێبکات، ڕێکكەوتنێکی لەگەڵ كۆمپانیای (لیتاسکۆ) بەشی بازرگانی (Lukoil) کردبوو، هاوردەی سوتەمەنی روسیا گەیشتبووە 86%. (هەرچەندە لە بنچینەدا شەری ئۆکرانیا لەدەرەوەی بەرژەوەندییە گرنگەکانی وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی کەنداون و هەندێ کلتورو مێژوویەک بە یەکەوە وابەستەی کردون کە هانیان بدات بۆ ئەوەی روسیا پێویستە یارمەتی بدرێت) لە راستیدا هیچ مانایەکی تیا نیە کەنداو دژایەتی خۆیان بەکراوەیی بەرامبەر نەوتی روسیا ڕابگەیەنن. وادەکات بیرکردنەوەی ئەوروپییەکان بۆ ئەوە بڕوات کە ئیتر بازاڕی هاوردەی نەوتیان بەرەو كەنداو بگٶڕن. نەوتی مۆسکۆ هێواش هێواش جێگای نامێنێت لە ئەوروپادا، ئەو کاتە وڵاتانی کەنداو دەتوانن بەوە نرخەکانیان ڕێکبخەن لەگەڵ ئەوروپادا، ئەنجامی زیانی ئابوری روسیا تائێستا دەرنەکەوتوە بەرامبەر بە میرنشینەکانی کەنداو، ئێستا زۆر ماوە بۆ ىازاڕی نەوت هەر لە کاریگەری کۆڤید -19 لەسەر چین و کەمکردنەوەی خستنەڕووی زیادەی نەوت، دابەزینی گەشەی ئابوری جیهان. هەتا ئیستا ئەو فاکتەرانە کاریگەری نێگەتێڤی زۆریان کردۆتە سەر بازاڕی نەوت، وایکردوە پابەندبوونێکی تەواو هەبێت لەنێوان ئۆپێک پڵاس، هەرچەندە ڕۆڵی روسیا لاواز بووە، ئەبێت پۆڵیسی ئۆپێک جارێکی تر ڕێکبخرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان بببێتەوە. هەرچەندە ئاشکرا نیە ئۆپێک پڵاس تا چەند دهتوانن خواستەکانی سەرۆک بایدن جێبکەنەوە. سعودیە بەڵینی داوە بە ئەمریکا بۆ دڵنیای بازاڕی نەوت، بەڵام هەرگیز شی نەکردۆتەوە چۆن ئەو کارەدەکات، تەنها سعودیەو ئیمارات کە توانای بەرهەمهینانی زیادەیان هەیە بەردەوام دەتوانن بیخەنە بازاڕەوە، ئەوەش زەحمەتە ڕێگا بدەن هەموو بەرهەمەکەیان بخەنە بازاڕەوە. 1. Chathamhouse, Will an EU oil price cap limit Russian aggression?; https://www.chathamhouse.org/2022/12/will-eu-oil-price-cap-limit-russian-aggression 2. Chathamhouse, Timing is the key to the Gulf replacing Russian oil; https://www.chathamhouse.org/2022/07/timing-key-gulf-replacing-russian-oil
(درەو): ھێرشێک بۆسەر ناوەندێکی کلتوری لە پاریس، خەڵکی فەڕەنسای ھەژاند، سێ کەس کوژران و زیاتر لە سێ کەسی تر بریندارن، دەوترێ یەکێک لە بریندارەکان گۆرانیبێژێکی ناسراوە، تەقەکەرەکە پێشینەی ھەیەو پێشتر بە چەقۆ لە پەنابەرانی داوە، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. داواکاری گشتی پاریس رایگەیاند، (٣) کەس کوژراون و (٣) کەس تر برینداربوون، بەھۆی تەقەکردن لەبەردەم سەنتەرێکی کەلتوری کوردی لە بازنەی ژمارە (١٠)ی پاریس. داواکاری گشتی پاریس وتی" دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ تاوانی تیرۆرو کوشتنی بەئەنقەست و توندوتیژی کردوەتەوەو ئێستا لێکۆڵینەوەکان سپێردراون بە فەرمانگەی دووەمی پۆلیسی دادوەریی". بەپێی قسەی داواکاری گشتی، گومانلێکراوی رووداوی تەقەکردنەکە دەستگیرکراوە کە پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵەو پێشینەی ھەیەو پێشتر تۆمەتبارکراوە بەوەی رۆژی ٨ی دێسەمبەری ساڵی رابردوو لە کەمپێکی پاریسدا بە چەقۆ لە دوو کۆچبەری داوە. سەرچاوەیەک لە پۆلیس بە میدیاکانی فەڕەنسای راگەیاندووە، تەقەکەرەکە پیاوێکی فەڕەنسی خانەنشینە کە وەکو شۆفێری شەمەندەفەر کاریکردووەو پێشینەی ھەیە، بەڵام ناوی لە دۆسیەی ھەواڵگریی ناوچەیی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ناوخۆدا نییە. خاتوو ئەلیکسەندرا کوردبارد سەرۆکی شارەوانی بازنەی ١٠ی پاریس لەکاتی سەردانکردنی شوێنی رووداوەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوەکرد، بکوژەکە خۆشی لە دۆخێکی دژواردایەو رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. جیرالد دارمانان وەزیری ناوخۆی فەڕەنساش بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بەھۆی ئەو ھێرشەی کراوەتە سەر قاوەخانەیەکی کوردی، حکومەت داوای لە پۆلیس کردووە پارێزگاریکردن لە شوێنەکانی کۆبونەوەی رەوەندی کوردی، توندبکاتەوە. وەزیری ناوخۆ باسی لەوەکرد، پاڵنەری تەقەکەرە فەڕەنسییەکە ھێشتا نادیارە، بەڵام پێدەچێت بەشێوەیەکی تاکلایەنە ئەو کارەی کردبێت. پۆلیس داوای لە خەڵک کردووە لە شوێنی رووداوەکە دوربکەونەوە، شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە ئاژانسی ھەوڵەکانی فەڕەنسای وتووە" حەوت بۆ ھەشت فیشەک تەقێندراوەو ئەمەش شڵەژانی لەناو شەقامەکەدا دروستکردووە". لە یەکتربڕی ھەردوو شەقامی (ئینگیان)و (ئۆتۆفیل) ئەمبوڵانسەکان کۆبونەوەو پۆلیس تەوقی ئەمنی دروستکرد، سەلما ئاکایا کە کچە رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی کوردەو لەکاتی ھێرشەکەدا لەو شوێنە بووە، بە میدیای فەڕەنسای وتووە" شەش بریندار ھەیە، لەناویاندا گۆرانیبێژێکی ناسراوی کورد ھەیە.. تەقەکەرەکە بە ئاڕاستەی ئارایشتگایەک تەقەی کردووە". دوکاندارێکی ناوچەکەش کە داوای لە میدیای فەڕەنسا کردووە ناوەکەی بڵاونەکرێتەوە، باسی لەوە کردووە" شەش بۆ حەوت فیشەک تەقێندراوەو شڵەژانێکی تەواوەتی روویداوەو ئەوان لەناو دوکانەکانیاندا گیریان خواردووە". "پیاوێکی بەتەمەنی سپی پێستمان ھاتە ناوەوەو دەستی کرد بە تەقەکردن لە ناوەندی کەلەپوری کوردو دواتر بەرەو ئارایشتگایەکی نزیک رۆیشت". جێگری بەڕێوەبەری رستۆرانتی "بولیش پاریس" کە دەکەوێتە ھەمان شەقامەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی ھەواڵی فەرەنسای وتووە" لەگەڵ کارمەندەکانمان پەنامان بردە ناو رستۆرانتەکە". شەقامی "ئینگیان" ژمارەیەک رستۆرانت و باڕو دوکانی بازرگانی و شەقامێکی پیادەڕۆ لەخۆدەگرێت و ئەمە وایکردووە بەردەوام شوێنێکی قەرەباڵغ بێت. بەگوێرەی قسەی شایەتحاڵێکی تر کە ئاژانسی ھەواڵی فەڕەنسا قسەی لەگەڵ کردووەو یەکێکە لە دانیشتوانی گەڕەکەکە، لەکاتی تێپەڕبوونیدا بە شەقامەکەدا بینیویەتی کۆمەڵێک کەس لە دۆخی دڵەڕاوێکدا بوون و ھاواریان لە پۆلیس کردووە: ئەو لەوێیە.. ئەو لەوێیە، پەنجەیان بۆ ئارایشتگایەک راکێشاوە. شایەتحاڵەکە وتویەتی" پۆلیسم بینی کە دەچنە ناو ئارایشتگاکەوە، دوو کەسم بینی لەسەر زەوی کەوتبوون و قاچیان برینداربوو، خوێنم بینی". ناوەندی (ئەحمەد کایا) کە وەکو رێزلێنانێک لە گۆرانیبێژی ناوداری کورد (کایا) ئەم ناوەی لێنراوە، کۆمەڵەیەکی کوردییە لە پاریس کە بەگوێرەی یاسای (١٩٠١) دامەزرێندراوەو ئامانج لێی "بەھێزکردنی ئاوێتەبوونی لەسەرخۆ"ی ئەو کوردانەیە کە لە فەڕەنسا دەژین. سەرچاوە: فرانس ٢٤/ فرانس پرێس/ رۆیتەرز
(درەو): رافی بیرگ- بی بی سی رێككەوتن كرا لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، كە وەكو راستڕەوترین حكومەت لە مێژووی ئیسرائیلدا تەماشا دەكرێت، بەم رێككەوتنە بنیامین ناتانیاهۆ جارێكی تر دەسەڵات دەگرێتەوە دەست. ناتانیاهۆ كە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی بردەوە، بەهۆی ئەو سەركەوتنەوە بۆ جاری شەشەم پۆستی سەرۆك وەزیران لە ئیسرائیل دەگرێتەوە دەست، ئیئتیلافە حكومییەكەی ناتانیاهۆ چەند پارتێكی راستڕەوی توندڕەو لەخۆدەگرێت، لەناویاندا پارتێك هەیە كە سەرۆكەكەی جارێك تۆمەتباركراوە بە رەگەزپەرەستی دژی عەرەبەكان. فەلەستینییەكان ترسیان هەیە حكومەتی نوێی ناتانیاهۆ دەستی ئیسرائیل بەسەر كەناری خۆرئاوادا بەهێزتر بكات. "توانیم حكومەت پێكبهێنم" بەر لە چەند خولەكێك لە ناڕەواستی شەو ناتانیاهۆم ئەم تویتەی كرد، ئەمەش وادەی كۆتایی ئەو كاتە بوو كە ئیسحاق هرتسوغ سەرۆكی ئیسرائیل دیاری كردبوو. هاوبەشەكانی ناتانیاهۆ لەناو ئیئتیلافە حكومییەكەدا لەوانەن كە دامەزراندنی دوو دەوڵەت بۆ چارەسەری ململانێی نێوان ئیسرائیلو فەلەستین رەتدەكەنەوە، كە ئەمە فۆرمێكی ئاشتی پاڵپشتیكراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیو داوای دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەكات بۆ فەلەستینییەكان لە كەناری خۆرئاواو لە تەنیشت ئیسرائیلدا، بەجۆرێك شاری قودس پایتەختی هاوبەشی هەردوو دەوڵەتەكە بێت. رێبەری پارتی (زانیۆنیزمی ئاینیی) كە پارتەكەی لەگەڵ دوو پارتی راستڕەوی توندڕەوی تردا سێیەم گەورە براوەی كورسییەكانی پەرلەمانە (كنێست)، دەیەوێت ئەوە ببینێت ئیسرائیل ناوچەی كەناری خۆرئاوا دەخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، دەسەڵاتی فراوانی پێدراوە بۆ ئەوەی چالاكییەكانی لەوێ ئەنجام بدات. ئیسرائیل لە جەنگی 1967دا كەناری خۆرئاواو قودسی خۆرهەڵاتو كەرتی عەززەی داگیركرد، زیاتر لە (600 هەزار) جولەكەی ئۆردوگانشین لە قودسی خۆرهەڵاتو كەناری خۆرئاوا دەژین، سەرباری ناڕەزایەتی ئیسرائیل، ئەو ئۆردوگایانەی كە جولەكەكانی تێدا دەژین بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی بە ئۆردوگای نایاسایی ئەژماردەكرێن. ساڵی 2005 ئیسرائیل ئۆردوگاو هێزەكانی لە كەرتی غەززە كێشایەوە. سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆنو داواكاری گشتی ئیسرائیل هۆشدارییان دا لەبارەی ئەو چاكسازییانەی كە حكومەتی داهاتوو پلانی بۆ داناوە ئەنجامیان بدات- لەوانە بەخشینی مافی ڤیتۆكردنی بڕیارەكانی دادگای باڵا بە پەرلەمانتاران- ئەمە بابەتێكە كە بەوتەی ئەوان دەبێتە هەڕەشە لەسەر دیموكراتیەتی ئیسرائیلی. هەروەك هاوبەشەكانی ئیئتیلافی پێكهێنەری حكومەت پێشنیازی ئەنجامدانی چاكسازی یاساییان كردووە، ئەمەش بابەتیێكە كە رەنگە كۆتایی بە پرۆسەی دادگایكردنی ئێستای ناتانیاهۆ بهێنێت لەبارەی تۆمەتەكانی بەرتیلو ساختەكاریو شكاندنی متمانە. ناتانیاهۆ رەتیدەكاتەوە هیچ سەرپێچییەكی كردبێت. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئیسرائیلو رێكخراوەكانی بواری مافە مەدەنییەكان، بەشێوەیەكی تایبەتی لە بەشداری راستڕەوی توندڕەو لە حكومەتی نوێ نیگەران بوون. ئیتمار بن غەفیر رێبەری پارتی "عوتسما یەهودیەت- هێزی یەهودی) بە لێدوانە توندەكانی دژی عەرەب دەناسرێت، داوای ئەوە دەكات ئەو بنەمایانە سوكبكرێن كە دانراون بۆ ئەو حاڵەتانەی تێیاندا دەكرێت هێزە ئەمنییەكان بۆ روبەڕووبونەوەی هەڕەشەكان تەقە بكەن. بن غەفیر كە جارێك تۆمەتبار كراوە رەگەزپەرەستیو پاڵپشتی رێكخراوە تیرۆرستییەكان، بڕیارە ببێت بە وەزیری ئاسایشی نەتەوەییو دەسەڵاتی بەسەر پۆلیسی ئیسرائیلو كەنارۆی خۆرئادا دەبێت. هاوبەشێكی تری راستڕەوی توندڕەو لە حكومەتدا (ئاڤی ماۆز)ە لە پارتی دژە هاورەگەزخوازانی "نوام"، كە داوای قەدەغەكردنی چالاكییەكانی "شانازی هاوڕەگەزخوازان" دەكات لە قودسو یەكسانی دەرفەت بۆ ژنان لەناو سوپا رەتدەكاتەوەو داوای دانانی سنور دەكات بۆ كۆچی جولەكە بەرەو ئیسرائیل، ئەمەش بەگوێرەی لێكدانەوەیەكی توندی شەریعەتی جولەكە. ناتانیاهۆ رەخنەگرانی بەوە تۆمەتباركرد ترس دەوروژێنن، بەڵێنی ئەوەی داوە پارێزگاری لە دۆخی هەنوكە بكات. هەفتەی رابردوو بە ئێزگەی (NBR)ی ئەمریكی وت" بە دوو دەستی بەهێزەوە سوكانی سەركردایەتی دەگرمەدەست.. رێگە بە هیچ كەسێك نادەم هیچ شتێك بەرامبەر كۆمەڵگەی میم بكات یاخود هاوڵاتیانی عەرەبمان لە مافەكانیان بێبەش بكات یاخود هەر شتێكی تری لەو شێوەیە، ئەمە روونادات".
درەو • غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان كێڵگە سەرەكییەكەی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە. • ئەم كێڵگەیە پێداویستی رۆژانەی غازی ماڵانو وێستگەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، لەپاڵ ئەمەدا نەوتی كۆندێنسەیت لەم كێڵگەیەدا بەرهەم دەهێنرێت كە پێداویستی سەرەكی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەو ئەم نەوتەی كۆرمۆر كاتێك تێكەڵ بە نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت كوالیتییەكەی بەرزدەكاتەوە. • ڕووبەری ئەم بلۆكە 135 كیلۆمەتری دووجایە، دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادركەرەم) لە قەزای چەمچەماڵ، تا ساڵی 1976 قادركەرەم سەربە قەزای (خورماتوو) بوو لە پارێزگای كەركوك، لەو ساڵەدا قەزای خورماتوو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 ناحیەی (قادر كەرەم) خرایە سەر قەزای چەمچەماڵو ئێستادا كێڵگەكە لە سنوری ئیداری چەمچەماڵدایە، ئەم كێلگەیە تاوەكو ساڵی 2003و رووخانی رژێمی سەددام لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بوو. • سەرەتای دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1928، ئەوكات كۆمپانیای نەوتی ئینگلیز گەڕانێكی سەرەتایی تێدا كردووەو بیرێكی لێداوە، بەڵام نەوتی دەرنەهێناوە، ئیتر كاركردن لەم كێڵگەیە راوەستاوە تاوەكو ساڵی 1953 دەست بەكاركردن كراوەتەوە، ئەوكات پشكنەرەیان زیاتر بەدوای نەوتدا گەڕاون، بەڵام بۆیان دەركەوتووە (1.8 ترلیۆن) پێ سێجا گاز لە كێڵگەكەدا هەیە. • لە كۆتای شەڕی ئێران- عێراقدا، دوای چۆڵكردنی ناحیەی قادر كەرەمو شاڵاوی ئەنفال، حكومەتی عێراق جارێكی تر لەڕێگەی هەردوو كۆمپانیای نەوتو غازی باكورەوە دەستیكردوەتەوە بە كاركردن لە كێڵگەی كۆرمۆرداو چەند بیرێكی نوێی لێداوە. • لە ساڵی 1990 بەهۆی شەڕی كوەیتو گەمارۆی ئابوری سەر عێراقەوە، رژێمی پێشوو كارەكانی خۆی لە كۆرمۆر راگرت. • لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا كێلگەكە كەوتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد واژۆ كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوتو گاز لە هەردوو بلۆكی كۆرمۆرو چەمچەمال بەخشی بەو دوو كۆمپانیایە. • دوای 15 مانگ كاركردن لە ئۆكتۆبەری 2008دا غاز لە كۆرمۆر بەرهەم هێنرا، لەڕێگای بۆرییەكی 24 ئینجیو بەدرێژایی 174 كیلۆمەتر غاز گەیەندرایە وێستگەی كارەبای چەمچەماڵو وێستگەی كارەبای هەولێر. • لە ساڵی 2009وە هەندێك گۆڕانكاری لە پشكەكانی ئەو كۆمپانیایانەدا روویاندا كە گرێبەستی كۆرمۆریان وەرگرتبوو، بەڵام دواجار كارەكە لای كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی مایەوە. • (دانە غاز) خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای ناوچەیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی غازی سروشی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنێت، ئەم كۆمپانیایە لە دێسەمبەری 2005 دامەزراوەو لە بازاڕی دراوی ئەبوزەبی تۆماركراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان، لە میسرو ئیماراتی عەرەبیش كاردەكات. • كێلگەی كۆرمۆر سێ جۆر بەرهەمی هەیە كە بریتین لە: - (غازی سروشتی) كە بە بۆری رەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكرێت لە چەمچەماڵو هەولێر، بەپێی دواین راپۆرتی دانەغاز، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە لە غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر گەیشتوەتە (500) پێ سێجای رۆژانە، ئەمەش بەهۆی پرۆژەیەكی پەرەپێدانەوە كە بەمدواییە كۆمپانیاكە لە كێڵگەكەدا جێبەجێی كردووە. - (كۆندێنسەیت) كە تێكەڵی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی، بەپێی دواین راپۆرتی داناغاز، بەرهەمی كۆندێنسەیت لە كۆرمۆر ئێستا رۆژانە بۆ (34 هەزارو 300) بەرمیل بەرزبوەتەوە - غازی شلی ماڵان (LPG) كە پێداویستی غازی ماڵانو كارگەكان دابین دەكات، كۆمپانیای دانەغاز ئەم غازە دەفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، ئێستا كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی كڕینو گواستەوەی ئەم غازەی بەدەستەوەیە، رۆژانە لە كێڵگەكەدا زیاتر لە (هەزار) تەن غازی شل بەرهەم دەهێنرێت، كۆمپانیای ساوس كوردستان بە تانكەر غازەكە دابەش دەكات بەسەر شارەكانی هەرێمدا بەمجۆرە: - 12 تانكەر غاز بۆ هەولێر - 11 تانكەر بۆ سلێمانی - 7 تانكەر بۆ دهۆك • دانەغاز لە راپۆرتی خۆیدا بۆ (9) مانگی ئەمساڵ، بە تێكڕا بڕی (85) دۆلاری بۆ نرخی هەر بەرمیلێك (كۆندێنسەیت) دیاریكردووە، بڕی (43) دۆلاریشی بۆ نرخی هەرمیلێك غازی (LPG) دیاریكردووە. • بەمدواییە بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی چۆنیەتی حومكڕانی، یەكێتی جارێكی تر پرسی جیاكردنەوەی ئیدارەی سلێمانی لە هەولێر هێناوەتە پێشەوە، ئەگەر ئەمە رووبداتو كێڵگەی كۆرمۆر هەناردەی خۆی بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی رابگرێت، سنوری پارتی روبەڕووی قەیرانی غازی ماڵان (LPG) دەبێتەوە، هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێمیش بەبێ (كۆندێنسەیت)ەكەی كۆرمۆر، كوالیتی دادەبەزێتو توشی قەیران دەبێت. • غازی كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە بۆ فشار لەسەر پارتی، بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێكی ئاماژە بەم كارتە كردو وتی كۆندێنسەیتی ئێمە كوالیتی نەوتی هەرێمی بەرزكردوەتەوە، ئەگەر هەناردەی كۆرمۆر رابگرین پارتی زەرەر دەكات. • بەپێچەوانەی نەوتەوە بەگشتی داتاكانی كەرتی غاز لە بەرژەوەندی پارتیدا نین وەكو حزبی حوكمڕانی سەرەكی هەرێمی كوردستان، چونكە: - یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا بە (18 ترلیۆنو 300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت. - یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا كەمترەو بە (300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت. ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن، لە حاڵەتی دوو ئیدارەیدا غاز كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە، هەروەك چۆن ژمارەكان نیشاندەری ئەوەن نەوت كارتی بەهێزی دەستی پارتییە، چونكە زۆرینەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسنوری پارتی بەرهەم دەهێنرێتو كۆنترۆڵی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بۆ توركیا هەر لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە. • بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتیو یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی كەرتی غازەوە بەدیاریكراویش كێڵگەی غازی كۆرمۆر ناكۆكن، پارتی خەونی ئەوەیە هاوشێوەی نەوتن غازەكەش رەوانەی توركیاو دەرەوە بكات، یەكێتی پرۆژەیەكی تری بۆ غازی كۆرمۆر هەیەو دەخوازێت كۆمپانیایەك دروست بكاتو لەرێگەی ئەو كۆمپانیایەوە غازەكە بە بۆری بگوازێتەوە بۆ ماڵان، لەرێگەی ئەم كۆمپانیایەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، یەكێتیی بژاردەیەكی تریشی بۆ غازەكە لەبەردەستدایە كە تاوتوێی دەكات ئەویش رادەستكردنیەتی بە بەغداد لەبەرامبەر ئەوەی حكومەتی عێراق دور لە دەستی پارتی، موچەو بودجەی سلێمانی دابین بكات.
درەو: پ.ی.د. كارزان محەمەد/ مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیک/ گۆڤاری ئاییندەناسی بەرایی “ئاسایشی نەتەوەیی” لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە شێوەیەكی بەردەوام ڕووبەڕووی چەندین تەوژمی مهترسیدار دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر بوارە گرنگەكانی ژیان لەو وڵاتانەدا دادەنێت. گەشەسەندنی تەكنەلۆژیای پەیوەندی له ماوهی چهند دهیهی ڕابردوودا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی داتای لهسهر ئاستی نێودهوڵهتی خێراتر كرد. وێرای لایەنە ئەرێنییەكانی كە بووەته مایهی دامهزراندنى دهوڵهتی ئهلكترۆنی و پهرهپێدانی هۆشیاریی جۆراوجۆر له كۆمەڵگەكاندا، كۆمهڵێك لێكهوته و لایەنی نەرێنییشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە كە پێویستی بە شرۆڤە هەیە، بەئامانجی دەستنیشانكردنی مەترسییەكان و هەنگاونان بۆ شێوازی خۆپارێزی لە مهترسییهكانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە. ههرێمی كوردستان وهك بهشێك لهو وڵاتانهی لهژێر سایهی شهپۆلی تهكنهلۆژیای مۆدێرندا، به شێوهیهكی بهرفراوان و له ماوهیهكی كورتدا، چهندین كۆمپانیای پهیوهندی و ئینتهرنێتی تیادا دامهزرا، فاكتهرێكی دهرهكیی گرنگ بوو بۆ سوودبینینی فراوان لهو خزمهتگوزارییانه. دیارترین ئهو فاكتهرە ناوخۆییانهی لهم ههرێمهدا دهرفهتی ڕهخساند بۆ ئهوهی ڕێژهیهكی زۆری دانیشتووان و تهنانهت دامهزراوه جۆراوجۆره فهرمی و نافهرمییهكان ههوڵ بدهن ئهم تهكنهلۆژیا مۆدێرنه بهكار بهێنن، بریتی بوون له: ئازادیی ڕادهربڕین و نهبوونی سانسۆر، ئاسانی له دهستڕاگهیشتن به خزمهتگوزاریی ئینتهرنێت و ههرزانی له نرخهكهیدا. واتە سهرجهمیان ڕۆڵی گرنگیان له ههڵكشانى ڕێژهى بهكارهێنهرانی خزمهتگوزارییهكانى ئینتهرنێتدا ههبووه. له ماوهی زیاتر له یهك دهیهی ڕابردوودا، تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانیش وهك بهرههمێكی نوێی ئینتهرنێت له ههرێمی كوردستان به شێوهیهكی بهرچاو گهشهی سهند. واتە له قۆناغێكی ههستیاردا كه چهندین ههڕهشهی دهرهكی (تیرۆریزم) و ههڕهشهی ناوخۆیی (ناكۆكی و دووبهرهكی) ببوونه مهترسی بۆ سهر دانیشتووان و سیستمی حكومڕانی له ههرێمی كوردستاندا. لێكهوتهكانى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانیش لهسهر ههلومهرجی یهك دهیهی ڕابردوو پێویستى به شرۆڤهیهكی زانستی ههیه تا بتوانین بۆ دۆخی ئێستا و قۆناغی ئایندهش مامهڵهیهكی دروست لهگهڵ ئهم تهكنهلۆژیا نوێیهدا بكهین. ئهمهش ئامانجى ئهم توێژینهوهیهیه. یەكەم: چەمكی ئاسایش و ئاسایشی نەتەوەیی و ڕهههندهكانی تا ئێستا پێناسەی جۆراوجۆر بۆ چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی كراوە، فرەچەشنی لە تێڕوانینی پسپۆڕانی بوارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕەهەندهكانی ئەم چەمكە كە زۆر بواری تری ژیانی مرۆیی لەخۆ دەگرێت. مەبەست لە ئاسایش (Security)، دۆخێكە تیایدا مرۆڤ هەست بە ئارامیی ژیان بكات. لە ڕوانگەی پۆلێنی پسپۆڕانیشەوە لەسەر ئاستی ئاسایشی تاكەكەسی، ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی نێودەوڵەتی شرۆڤە دەكرێت. گەشەسەندنی چەمكی ئاسایش پەیوەندیی بە چارەنووسی كۆمەڵگا و پێگە و چارەنووسی دەوڵەتانەوە هەیە، ئهمهش بووەتە مایەی هاتنەئارای زاراوەی “ئاسایشی نەتەوەیی” كه به كۆڵهكهیهكی سهرهكیی پاراستنی سهروهریی خاك و حكومڕانی دادهنرێت. گهشهسهندنی پڕۆسەی جیهانگیری و كاریگهرییهكانى لهسهر كاڵبوونهوهی سنووری نێوان وڵاتان به قۆناغێكی مۆدێرن بۆ دهوڵهتان دادهنرێت، چونكە وێڕای دووریی سنوورەكانیان لە یەكتر، دەتوانن ببنە هاوپەیمان یاخود ململانێ و كاریگەری لەسەر بەرژەوەندی و پێگەی بەرامبەرەكانیان دروست بكەن. لەم ڕوانگەیەوە، مەبەست لە ئاسایشی نەتەوەیی: توانستی كۆمەڵگایەكه بۆ پارێزگاری و برەودان بە كولتوور و بەهاكانی خۆی[1]. بە پێی پێناسەیەكی تر، ئاسایشی نەتەوەیی بەشێكی دانەبڕاو لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی هەر وڵاتێك پێك دەهێنێت، لەم دیدگایهوه بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە مانای بەدیهێنانی باشترین دۆخە بۆ میللەت بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی تردا[2]. ڕۆبەرت ماندل؛ پسپۆڕی بواری ئاسایشی نەتەوەیی، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بایەخی ئەم چەمكە و گەشەسەندنی بۆ دەستەواژەیەكی گرنگی نێودەوڵەتی، لە سەدەی بیستەم و بەتایبەتی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بووەتە باو. ناوبراو لهو باوهڕهدایه: ئاسایشی نەتەوەیی هێنانەدیی پێداویستییە سایكۆلۆژی و ماددییەكانی ئاسایش و ئارامییە، لە بنەڕەتیشدا بەشێكە لە بەرپرسیارێتیی حكومەت بۆ خۆپارێزی لە هەڕەشە ڕاستەوخۆ دەرەكییەكان و پاراستنی سیستمی هاوڵاتێتی و شێوازی ژیانی هاوڵاتییانی خۆی[3]. به پێی بۆچوونێكی تر، مەبەست لە دەستەواژەی ئاسایشی نەتەوەیی ڕەخساندنی هەلومەرجێكی ئارامە بۆ ژیانی هاوڵاتییان و ئاشتی لە وڵاتێكدا، واتە پاراستنی ئاسایشی تاكەكەس و خێزان و گرووپ و دامەزراوەكانی ناو كۆمەڵگا و نەتەوە و دەوڵەتێك كە سەرجەمیان لە چوارچێوەیەكدا كۆ بوونەتەوە[4]. دیارترین ڕەهەندهكانی ئاسایشی نهتهوهیی، بە پشتبەستن بە بۆچوونهكانی پسپۆڕانی بوارهكه، بریتین لە: ئاسایشی تاكەكەس (Individual Security) ئاماژەیە بۆ گرەنتیی گیان و جەستەی هاوڵاتییان لەهەمبەر ئەو مەترسی و زیانە تەندروستییانەی لەمپەرن لەبەردەم ژیانیاندا. بە مانایەكی تر: هەر جۆرە هەڕەشەیەك بۆ سەر گیان یاخود تەندروستیی مرۆڤ هەبێت، ئەوا ئاسایشی ژیانیان لەناو دەچێت[5]. ئاسایشی ئیتیك (Ehtic Security) چەمك و دەستەواژەی “ئیتیك” لە زاراوەی “Ethikos”ی یۆنانییەوە وەرگیراوە، بە مانای دابونەریت و خوو و ڕەوتاری زاڵ لەناو كەسێتی یاخود كولتوورێكدا دەوترێ. لە هەمان كاتدا پرەنسیپەكانی ئاكار و مامەڵەش دەربارەی چۆنیەتیی بوونیەتی تاكەكەس و شێوازی مامەڵەكەی دەوترێت، كە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەك یان شوێنی ژیانیدا دەینوێنێت. ئاسایشی كۆمەڵایەتی (Social Security) باری بوزان (Barry Buzan) بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1991دا چەمكی “ئاسایشی كۆمەڵایەتی” لە پەرتووكە بەناوبانگەكەی خۆیدا بە ناوی “جەماوەر، دەوڵەتان و ترس[6]” بەكار هێناوە، ئەم چەمكەش لە ڕوانگەی “بوزان”ەوە واتە “ڕزگاربوون لە هەر جۆرە هەڕەشەیەك، لە هەمان كاتدا توانای دەوڵەتان و كۆمەڵگاكان بۆ پاراستنی ناسنامەی سەربەخۆیی و یەكپارچەیی لە بواری مەیدانیدا[7]“. ئاسایشی سیاسی (Political Security) دابینكردنی ئارامی و دڵنیاییە لەلایەن فەرمانڕەوای وڵاتەوە بۆ هاوڵاتییانی هەرێمەكەی، لە ڕێگەی بەگژداچوونەوەی هەڕەشە جۆراوجۆرە دەرەكییەكان و دابینكردنی مافە سیاسییەكانیان لە پڕۆسەی بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات، بە ئامانجی دەستنیشانكردنی چارەنووسی خۆیان و كۆمەڵگا. پێویستە ئاسایش و ئامادەگیی ئازادانە و یەكسان بۆ هاوڵاتییانیش فەراهەم بكرێت، واتە هیچ كەسێك بەزۆرەملێ بیروباوەڕی بەسەردا نەسەپێنرێ یان دەستگیر نەكرێت[8]. ئاسایشی ئابووری و دارایی (Fanance and Economic Security) بنەما سەرەكییەكانی ئەم جۆرە ئاسایشە لە پێناو ڕەخساندنی سیستمێكە بۆ سەرجەم پێكهاتە و بەشە جۆراوجۆرەكانی ئابووریی كۆمەڵگا، تا هاوڵاتییان هەست بە مەترسی لەهەمبەر كەمبوون یا نەبوونی پێداویستییە بنچینەییەكانی ژیانی خۆیان نەكەن. نموونەیەكی بهرجهستهش، بارودۆخی بازاڕ و بانكەكانه كە لەسەر بنەمای دراو و مامەڵەیە. هەر بۆیە دابینكردنی ئاسایشی ئابوورییش پەیوەستە بە كۆمەڵێك بنەمای گرنگی وەك: سەرمایەگوزاری، دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان، سوودوەرگرتن لە دەرفەت و ئیمتیازاتەكان بە شێوەیەكی یەكسان، بەگژداچوونەوەی گەندەڵیی ئابووری و دارایی، بنەبڕكردنی دیاردەی دزی و بەرتیل و هاوشێوەكانی كە دەبنە مایەی سەقامگیریی ئاسایشی ئابووریی كۆمەڵگە[9]. ئاسایشی ژینگە (Enveromintal Security) دڵنیابوونی جەماوەر لەهەمبەر ئاسایش و ئارامیی ئەو ژینگە و كەشوهەوایەی تیایدا دەژی، بنەمایەكی گرنگی ئاسایشی كۆمەڵگا پێك دێنێت. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، هاوكاتی گەشەسەندنی تەكنەلۆژیا، پاكوخاوێنیی ژینگەش كەوتووەتە بەردەم مەترسییهوه، بە مانایەكی تر: ژینگە وەك بنهمایهكی ئاسایشی نهتهوهیی بووەتە مەسەلەیەكی هەستیاری وڵاتان، كۆمەڵێك بابەتی وەك: پیسبوونی كەشوهەوا، كونبوونی بەرگی ئۆزۆن، دابارینی ئەسیدەكان، داخورانی خاك و بەبیابانبوون، لەناوچوونی جەنگەڵەكان تا پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەكانی سەرزەوی و ژێرزەوی…؛ بە بنەما گرنگەكانی ژینگە دادەنرێت[10]. ئاسایشی كولتووری (Cultural Security) ڕەهەندێكی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی پەیوەندیدارە بە ئاسایشی كولتووری و بنەما هزرییەكانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە: (عەقڵانیەت، واقیعبینی، دادخوازی، دینامیكی)، به مهرجێك بە پێی پێوەرە زانستییەكان بێت. لە لایەكی تریشەوە بواری ڕووناكبیری و بەرهەمە كولتوورییەكانی كۆمەڵگاش لەخۆ دەگرێت، كە پێویستە بپارێزرێن و لە گەشەی بەردەوامیشدا بن[11]. ئاسايشى سهربازی (M ilitary Security) توانستى دهوڵهتان له بواری سوپا، تهكنهلۆژیای جهنگی و ئامادهباشی بۆ كۆنترۆڵی بارودۆخی ناوخۆی وڵات و ڕووبهڕووبوونهوهی ههر ههڕهشهیهكی دهرهكی، به بنهماكانی ئاسایشى سهربازی دادهنرێت. بهگشتی لهسهر ئاستی جیهان سهرجهم وڵاتان بایهخ بهو جۆرانهی ئاسایشى نهتهوهیی دهدهن، پلهبهندییهكهشی به پێی ههڵكهوتهی جیۆگرافی و سیستمی حكومڕانی گۆڕانی بهسهردا دێت. واتە وڵاتێك له دۆخی جهنگدا بێت، بهدڵنیاییهوه ئاسايشى سهربازی به پلهی یهكهم دێت، یاخود وڵاتێك دووچاری قهیرانێكی دارایی بووبێتهوه، ئهوا ئاسایشى ئابووری له ئهولهویهتدایه، كهواته پلهبهندییهكه لهژێر كاریگهریی فاكتهرهكانى كات و شوێن و ههلومهرجدایه. دووهم: تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان و تایبهتمهندییهكانی پڕۆژه و ههنگاوه زانستییهكانی دواى كۆتاییهاتنی جهنگی دووهمی جیهانی، بهتایبهتی له ململانێی جهنگی ساردی نێوان ویلایهته یهكگرتووهكانى ئهمەریكا و سۆڤیهت، كاریگهریی لهسهر زانستی تهكنهلۆژیای پهیوهندی ههبوو كه دیارترینیان داهێنانی تۆڕی ئینتهرنێته. له ماوهی دوو دهیهى ڕابردووشدا، له سایهی گهشهسهندنی ئینتهرنێتدا مۆدێلێكی نوێی میدیای ئهلكترۆنی هاته ئارا كه به تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان ناو دهبرێت. سەرەتای ئهم داهێنانه لە زانكۆی هارڤاردەوە دەستی پێ كرد. مارك زوكەر بێرگ لە قۆناغی خوێندنیدا لەو زانكۆیە، لە 4ی شوباتی 2004دا ماڵپەڕی “فەیسبوك”ی بۆ خوێندكارانی زانكۆ دروست كرد. دوای پێشوازییەكی گەرمی خوێندكاران، دەستین مۆسكۆڤیتز (Dustin Moskovitz) ماڵپەرێكی هاوشێوەی بۆ زانكۆكانی (ستانفۆرد، كۆڵۆمبیا، یێل) و چەند زانكۆیەكی تر بەرهەم هێنا، ئەمەش بە سەرەتاكانی هاتنەئارای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دادەنرێت[12]. سهبارهت به پێناسەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش، دەتوانین بڵێین: میدیای كۆمەڵایەتی یاخود سۆشیالمیدیا (Social Media) جۆرێكی نوێی ڕاگەیاندنە كە دەرفەتی مامەڵە لەنێوان خاوەن پەیام و وەرگردا دەڕەخسێنێت، بەو مانایەی كە لەم جۆرە میدیایەدا “وەرگر” هەر تەنها كارتێكراو نییە، بەڵكوو بە مامەڵەیەكی چالاكانە لەگەڵ پەیام و نێرەردا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیام دروست دەكات و توانای دەستكاری و سەرلەنوێ بڵاوكردنەوەی پەیامەكەشی هەیە، واتە پەیامەكە لەگەڵ هزر و بیروبۆچوونی خۆیدا ئاوێتە دەكات و دەینێرێتەوە بۆ كەسانی تر[13]. بە پێی پێناسەیەكی تر: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە مۆدێلێكی نوێی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی دادەنرێن كە تیایدا پەیوەندیی نێوان بەكارهێنەران لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە فەراهەم دەبێت[14]. ئەركی سەرەكیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بریتییە لە دروستكردنی پڕۆسەی پەیوەندی و ئاسانكاری لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە بۆ هاوڵاتییان و گرووپەكان، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی زانیاری[15]. كۆمهڵێك تایبهتمهندیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڕۆڵی گرنگی ههبووه تا ببێتە بەربڵاوترین تۆڕی پەیوەندی لەنێو كۆمەڵگەدا: ئاسانیی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەرانبەردا بە هۆی “چات”ەوە. خێرایی لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، بودجەیەكی كەمیشی پێویستە. هەندێك جاریش بەكاربەران نەناسراون. توانستی بەرفراوانی ئینتەرنێت بۆ خستنەڕووی زانیاری بۆ كۆمەڵگە، وەك: دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، وەرگرتن و ناردنی نامەی ئەلكترۆنی، كڕینی پێداویستی بە شێوەی ئەلكترۆنی كە ڕێگە لە بەهەدەردانی كات دەگرێت[16]. له ههرێمی كوردستاندا دامهزراندنى سهنتهرهكانى ئینتهرنێت به شێوهیهكی بهرفراوان له سهرهتای ساڵی (2000)ەوه دهستى پێ كرد، هاوكاتی گهشهى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان لهسهر ئاستی جیهان. به هۆى ئاسانی له دهستڕاگهیشتن به ئینتهرنێت و نهبوونى سانسۆر یاخود فلتهریش له بهكارهێنانیدا، به شێوهیهكی خێرا بایهخدان و بهكارهێنانى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان بووه بابهتێكی سهرهكی لهناو دانیشتووانى ههرێمی كوردستاندا. ئهم مۆدێله نوێیه كه به میدیای جهماوهرییش ناو دهبرێت، وێڕای ئهو تایبهتمهندییانهی له سهرهوهدا ئاماژهمان پێ كرد كه دیارترینیان ئاسانكارییه بۆ وهرگرتن و ئاڵوگۆڕی داتا و بۆچوون و خزمهتگوزارییهكانی تر، كۆمهڵێك لایهنى نهرێنی و مهترسیی بۆ سهر ئاسایشى نهتهوهیی له ههرێمی كوردستاندا هێناوهته ئارا. له تهوهرهی سێیهمدا، به شێوهیهكى زانستییانه ئاماژه به دیارترین مهترسییهكانى تۆڕە كۆمهڵایهتییهكان لهسهر ئاسایشى نهتهوهیی گهلی كورد دهدهین، له پێناو دهستنیشانكردنی جۆری مهترسییهكان و خستنهڕووی ڕێكارێكی شیاو بۆ ڕێكخستنهوه و ئۆرگانیزهكردنی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان. سێیهم: مەترسییەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی پۆلێنی كاریگهرییه نهرێنی و مهترسییهكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان به پێی ههلومهرج و سیستمی ژیان و حكومڕانیی دهوڵهتان گۆڕانكاریی بهسهردا دێت. لێرەدا ئاماژه به دیارترین مهترسییهكانى تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی له ههرێمی كوردستاندا دهدهین، به جۆرێك ڕهنگدانهوهی لهسهر ئاسایشى تاكهكهس و كۆمهڵگا و بوارهكانی تری ژیاندا دهبینرێت. یەكەم: سایبهرتیرۆریزم تیرۆر لە ڕووی زانستی زمانناسییەوە (Philology) لە بنەڕەتدا لە وشەی “Terrorisme”ی فەڕەنسییەوە هاتووە، بە مانای ترسێكی زۆر، تۆقاندن، دڕندەیی و تێكدانی باری دەروونی دێت([17]). بە بڕوای دورۆتی دەنینگ، تیرۆریزمی ئەلكترۆنی واتە: بەكارهێنانی ژینگەی میدیا و بواری ئەلیكترۆنی بە ئامانجی تیرۆر، یاخود پەلاماردان و هەڕەشەی نایاسایی لە ڕێگەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی زانیاری و بڵاوكردنەوە، ئەویش بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ یان ناچاركردنی دەوڵەت یان جەماوەر لە پێناو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی تایبەت. گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ئهم جۆره تیرۆریزمه بریتییه لە: بێسنووری: تیرۆر لە ڕێگای میدیاكانەوە ڕووبەڕووی سنووردارێتییەكی ئەوتۆ نابێتەوە. كەمیی بودجەی تێچوو: بە بودجەیەكی كەم دەتوانرێ زۆرترین كردەی تیرۆر ئەنجام بدرێت. زیانگەیاندنی دارایی بەبێ زیانی جەستەیی: ڕێوشوێنێكی گرنگی تیرۆری میدیایی لەوەدایە كە دەتوانێ زۆرترین زیانی دارایی و سایكۆلۆژی بگەیەنێ بێ ئەوەی خۆی زیانی جەستەیی هەبێت. ئاسانكاری لە ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی. هەماهەنگی لە كردەی تیرۆردا: فاكتەری خێرایی لە پڕۆسەی پەیوەندی و هاریكاری لە ڕێگەی میدیاوە، كاری تیرۆریستانی ئاسان كردووە. ئاڵوگۆڕی دراو و بانك: سوودوەرگرتنی نێگەتیڤانەی تیرۆریزم لە پڕۆسەی پەیوەندی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو، فاكتەرێكی تری پەنابردنی گرووپە تیرۆریستییەكانە بۆ میدیای ئەلكترۆنی. لە هەمان كاتدا خەسڵەتەكانی تیرۆریزمی میدیایی بریتین لە: خێرایی لە پڕۆسەی تاواندا: فاكتەرەكانی كات و شوێن لە سایبەر تیرۆریزم گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە دنیای ئەلكترۆنیدا بە هۆی نزیكایەتی (تاوانبار، ئامانج و شوێنی تاوان) ئەنجامدانی تاوانی ئاسان كردووە. نادیاریی ناسنامەی تیرۆریست. قەوارەی تاوان: لە سایبەرتیرۆریزمدا قەوارەی تاوان و ئاستی كاریگەرییەكانی ناڕوونە. كەمیی بودجە: ئەنجامدانی تاوان لە دنیای ئەلكترۆنیدا تەنها پێویستی بە كۆمپیوتەر و هێڵێكی ئینتەرنێت هەیە، واتە بڕی تێچووی كەمە. نائامادەگی لە شوێنی تاوان: لە تاوانی ئاساییدا بەبێ ئامادەبوونی تاوانبار ئاستەمە تاوان ئەنجام بدرێت، بەڵام كردەی تاوان لە دنیای ئەلكترۆنیدا بەبێ ئامادەگی لە شوێنەكەدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی ونبوونی سەرەداوەكان. نێودەوڵەتیبوونی تاوان: لە تیرۆریزمی میدیای ئەلكترۆنیدا سنوورەكان تێدەپەڕێنرێت و دەشێ تیرۆریست لە وڵاتێك بێت و تاوان لە وڵاتێكی تردا ئەنجام بدات. هەڵكشانی ژمارەی ڕەش: واتە ئاستی زیانەكانی تاوان بەتەواوەتی نادركێنرێت. ئۆتۆماتیكبوونی تاوان[18]. لە پڕۆسەی جەنگی دژ بە تیرۆریزمدا، تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان و سهرجهم میدیاكانیش وەك پرەنسیپێكی نیشتمانی ئەركی سەرشانیانە بەشداری لە بەگژداچوونەوەی سایبهرتیرۆریزمدا بكەن. بە بڕوای پسپۆڕان، پێویسته ستراتیژی بەگژداچوونەوەی سایبهرتیرۆریزم له سێ ڕەهەندەوه بێت: سیستمی بەرگری و خۆپاراستن: یەكەمین هەنگاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتان. ناسین: هەوڵدان بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەس و لایەنانەی ئامانجی هێرشن و ناسینی كەس و لایەنی هێرشبەریش هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم. پووچەڵكردنەوە: لەم قۆناغەدا پەلاماردانی ئەلكترۆنی لە هەر سەرچاوە و هەلومەرجێكدا بێت پێویستە پووچەڵ بكرێتەوە[19]. دووهم: تەزویری ئەلكترۆنی دەستەواژەی تەزویر لە ڕوانگەی یاساییەوە پێناسەی جۆراوجۆری بۆ كراوە، بە پێی بۆچوونێكی گرنگی یاسایی ئهم تاوانه لە پوختەترین پێناسەدا واتە: گۆڕینی ڕاستییەكە لە نووسینێكدا بە ئامانجی فێڵكردن و بە شێوازێك كە یاسا بە تاوانی داناوە، دەبێتە مایەی زیانبەخشین (دەشێ زیانەكە ماددی یاخود مەعنەوی یان هەردووكیان بێت)[20]. گەشەكردنی تەكنەلۆژیای كۆمپیوتەرییش، وێڕای خەسڵەتە گرنگەكانی لە پەرەپێدانی پڕۆگرام و سێرڤسی جۆراوجۆر، بە هۆی پڕۆسەی ئاسانكاری لە دەستكاری و ئاڵوگۆڕی داتا و وێنەدا، دەرفەتی بۆ كەسانی خراپیش ڕەخساندووە تا بۆ ئامانجی نادروست و نایاسایی بەكاری بهێنن، بەتایبەت بۆ تاوانی ئەلكترۆنی. لەم ڕوانگەیەوە پسپۆڕێك پێی وایە: بەكارهێنانی سیستمی كۆمپیوتەر و پڕۆگرامەكانیەتی بۆ ئەنجامدانی تاوان[21]. تەزویری ئەلكترۆنی؛ بەكارهێنانی پڕۆگرامی جۆراوجۆر بۆ دەستكاریی (داتا، وێنە، مۆر و ڤیزا…) بهكار دههێنرێت، له ڕێگهی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانهوه به خهڵك دهفرۆشرێن. بۆ نموونه؛ دێكۆمێنتێكی فهرمی (بڕوانامه، ناسنامه و پاسپۆرت…) به ناوی كهسێكهوهیه، وێنه یاخود داتایهكی دهستكاری دهكهن بۆ مامهڵهیهكی تهزویر. ههروهها ئەم تاوانە له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكاندا بۆ چەند جۆرێك پۆلێن دەكرێت: – دروستكردنی ئەكاونت و پەیجی تەزویر. – بەكارهێنانی پڕۆگرامی پێشكەوتوو بە مەبەستی تەزویركردنی دەنگ و ڕەنگ و وێنە و ڤیدیۆ یاخود دەستكاریكردنیان. سێیهم: ژیانی تایبهت سەرهەڵدان و ڕێزگرتن لە سنوورەكانی چەمكی ژیانی تایبەت؛ مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە زۆربەی ئایینە ئاسمانییەكانیشدا جەخت لەسەر پاراستنی كراوەتەوە، بەڵام هاتنەئارای وەك چەمكێكی سەربەخۆ؛ دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدە، كاتێك هەردوو یاساناسی ئەمەریكی سامۆئیل وارین و لویس براندیس لە ئەنجامی دەركەوتنی ڕۆژنامەی ڕووزەرد كە بێــپەروا كەوتبووە گیانی پێشێلــكردنی ژیانی تایبەتیی كەسەكانەوە، توێژینەوەیەكیان لە ساڵی 1890 بە ناوی مافی ژیانی تایبەت بڵاو كردەوە[22]، تیایدا داوای پاراستنی مافی ژیانی تایبەتیان لە یاساكانی ئەو سەردەمەدا كردبوو، ئەمەش بە سەرەتای پشتیوانیی یاسا لەو مافە ئیتیكییەی مرۆڤ لەناو كایەی میدیادا دادەنرێت. هەروەها پسپۆڕێكی تری بواری یاسا و ئیتیك لەو باوەڕەدایە كە ڕێزگرتنە لە ژیانی تایبەت و سەربەخۆیی، واتە مرۆڤ لە ڕەفتارەكانیدا سەربەست بێ و لە خەڵك بەدوور بێ، ئەویش لە چوارچێوەی یاسادا[23]. تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان له ههرێمی كوردستان مهترسییهكى گهورهیه بۆ سهر ژیانى تایبهت كه به ئاسایشى تاكهكهس دادهنرێت. پێشێلكردنی ئهم مافه تایبهتییه، گیروگرفتی زۆری بۆ كهسێتی و ئاشتهوایی خێزان دروست كردووه، به جۆرێك لهدواى هاتنهئارای تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانهوه ئاژاوه و ناتهبایی كۆمهڵایهتی بووەته مایهی ئهنجامدانى چهندین تاوانی جۆراوجۆر و ههڵوهشانهوهی خێزانیش. چوارهم: پێكدادانى كولتوورهكان و ناتهبایی كۆمهڵایهتی لە هەرێمی كوردستاندا ئایین و ئایینزای جۆراوجۆر (ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی…) و ئایینزا و ڕێچكەی ئایینی (كاكەیی، هەقە، نەقشبەندی، قادری) و ئایدۆلۆژیای جیاوازی (ئیسلامی، عەلمانی…) و حیزب و عهشیرهتی جۆراوجۆری تێدایە، زۆر جاریش خراپ بهكارهێنانی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، بووەته مایهی پێكدادانى كولتووری و ئایینی كه سهرچاوهیهكی سهرهكییه بۆ ناتهبایی كۆمهڵایهتی. پێنجهم: مامهڵهی ئهلكترۆنی بۆ كاڵای نایاسایی گهرموگوڕیی بازاڕی ئۆنلاین فاكتهرهكهی دهگهڕێتهوه بۆ ئهو ڕاستییهی كه تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان توانیویهتی سنووری دهوڵهتان ببهزێنێت، واتە ههر هاوڵاتییهك دهرفهتی كڕینی پڕۆگرام و خزمهتگوزاری و كاڵای ههیه. ئهم تایبهتمهندییهش ههندێك جار بۆ مهبهستى خراپ و تاوانی جۆراوجۆر بهكار هێنراوه، دیارترینیان كڕینی جۆرهها كاڵا و بهرههمی نایاساییه وهك: كڕین و فرۆشى چهك و تهقهمهنی، پڕۆگرامی سیخوری و ئابڕووبهر، ماددهی هۆشبهر، قاچاخچێتی، هاككردنی داتا بۆ مهبهستى فرۆشتنهوه و زۆر تاوانی تریش. گرفتهكه لهوهدایه ئهم بێسنوورییه له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان كێشهی بۆ دامهزراوه یاساییهكانیش خوڵقاندووه، چونكه زۆر جار كهسه تاوانبارهكه له دهرهوهی سنووری وڵاتهكهدایه، یاخود ناسنامهی خۆی ون دهكات تا له سزای یاسایی خۆی دهرباز بكات. بهگشتی كاریگهرییه نهرێنییهكانی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان لهسهر ئاسایشی نهتهوهیی ههرێمی كوردستان زۆرن، بهڵام ئهم پێنج مهترسییه به دیارترین ههڕهشه بۆ سهر ئاسایشی نهتهوهیی دادهنرێن. چوارهم: پێشنیار و ڕاسپاردەكان بۆ پارێزگاری له ئاسایشى نهتهوهیی داڕشتنی چهندین بەرنامە و خستنەڕووی پێشنیارەكان بۆ پراكتیزهكردنیان له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانی ههرێمی كوردستاندا، ڕۆڵێكی گرنگ له ئاڕاستهكردنی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكاندا دهبینێت بۆ بهكارهێنانی به مهبهستی پاراستن و خزمهت به ئاسایشی نهتهوهیی كه ژیان و چارهنووسی سهرجهم دانیشتووانیشی بهخۆیهوه گرێ داوه. ئهم سیناریۆیانه تهواوكاری یهكترن، واتە فرهڕهههندیی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان پێویستى به كۆمهڵێك ڕێوشوێن ههیه تا بتوانرێت زیانهكانی كۆنترۆڵ بكرێت. پهرهپێدانی ئاستی هۆشیاریی جهماوهر ههوڵدان بۆ گهشهپێدانی هۆشیاری و دروستكردنی ههستی بهرپرسیارێتی لهناو بهكارهێنهرانی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانی ههرێمی كوردستان، ڕێكارێكی گرنگه بۆ هاندانی ههر بهكارهێنهرێك به ئامانجی خزمهتكردن به ئاسایش و ئارامیی كۆمهڵگا، ههروهها له كاتی پێویستدا دهتوانرێ ههژموونی جهماوهر بخرێته خزمهت پاراستنی ئاسایشی نهتهوهیی لهسهر ئاستی ناوخۆی وڵات و نێودهوڵهتییشدا. بۆ نموونه؛ ههر بهكارهێنهرێك یاخود خاوهن ئهكاونت و پهیجێك له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكاندا، كۆمەڵێك ڕاسپاردە و ڕێنمایی یاسایی تایبهت وهربگرێت تا ئاگادار بێت كه پاراستنی سهرجهم ڕهههندهكانی ئاسایشی نهتهوهیی ئهركی سهرشانیهتی. ههروهها له كاتى قهیران و مهترسییشدا بهشداری له ههڵمهتی هۆشیاری بۆ خۆپارێزی له تاوانه جۆراوجۆرهكان بكهن، به شێوهیهكی بهردهوامیش هاوكار بن لهگهڵ دادگا و هێزهكانى پۆلیس بۆ دۆزینهوهی تاوانباره ئهلكترۆنییهكان. ئهركێكی تری جهماوهر، بهشدارییه له ڕیپۆرتكردنی ئهكاونت و پهیجهكان كه هاندان و پڕوپاگهندهیان بۆ تاوانه جۆراوجۆرهكانی وهك تیرۆر و ماددهی هۆشبهر و لهشفرۆشی و هاوشێوهكانیان تێدایه، تا كۆمپانیاكانى نموونهی فهیسبوك، به هۆی ئهو ڕیپۆرتانهوه دایبخهن. بابهتێكی گرنگی تری هۆشیاریی جهماوهری، بێئاگابوونى زۆرینهی بهكارهێنهرانه لهو ڕاستییهی كه ئهمڕۆ تهكنهلۆژیا هێنده پێشكهوتووه، له توانایدایه تاوانباره ئهلكترۆنییهكان بدۆزێتهوه. له ماوهی دوو دهیهى ڕابردوودا، زۆر جار تاوان له ڕێی ئهلكترۆنییهوه ئهنجام دراوه، چونكه تاوانبار بهئاسانی ناسنامهی خۆی حهشار داوه و به ناوى خوازراو تاوانهكهی كردووه، ئێستاش ڕێژهیهكی زۆری بهكارهێنهران ههر بۆ ئهو مهبهسته تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان بۆ تاوانی جۆراوجۆری وهك تیرۆر و تهزویر و مامهڵهی نهشیاو بهكار دههێنن، پێویسته بهكارهێنهران هۆشیار و ئاگادار بكرێنهوه كه به هۆی تهكنهلۆژیاوه شیاوی دۆزینهوهن تا تاوان ئهنجام نهدهن. 2. دانانى دەرگاوان له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان چهمكی دەرگاوانەكان (Gatekeepers) بۆ یەكەم جار لەلایەن كورت لوین (Kurt Lewin)ەوە بەكار هێنرا. بە تێڕوانینی ناوبراو، كۆمەڵێك فلتەر هەن كە هەواڵەكانی پیادا تێدەپەڕن، ئەم فلتەرانەش دەروازەیەكی چوونەژوورەوەن و تەنها مۆڵهت به هەندێك هەواڵ دەدهن و هەندێكیشیان دوور دەخاتەوە و بە نەشیاو ناوزەدیان دەكات[24]. بەگشتی ئەو كەسانەی لە ستافی نووسین و دامەزراوەكانی میدیادا بەشداری لە پڕۆسەی ئامادەكردن و هەڵبژاردن و خستنەڕووی پەیامەكانی هەواڵدا دەكەن، پێیان دەوترێ دەرگاوان (gatekeeper)[25]. له ههرێمی كوردستان بۆ پارێزگاری له ئاسایشی نهتهوهیی له مهترسییهكانى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، پێویسته لهسهر چهند ئاستێك سوود له دهرگاوانهكان ببینن: – خاوهن ئهكاونت و پهیج و وێبسایتهكان كه به پێی یاسا بهركارهكانى ههرێمی كوردستان بهرپرسن لهو بابهتانهی بڵاوی دهكهنهوه، پێویسته كهسێكی شارهزا له یاسا و پرهنسیپهكانى ئازادیى ڕادهربڕین وهك دهرگاوان دابنێن تا سهرجهم بابهتهكان ههڵبسهنگێنێت، دوای دڵنیابوونهوه له پاراستنى ئاسایشى نهتهوهیی، پاشان بڕیاری بڵاوبوونهوهیان بدات. – بهكارهێنهران هۆشیار بكرێنهوه له دروست بهكارهێنانى تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، ئهگهرنا لایهنى بهرپرس بهدواداچوون بۆ سهرجهم ئهو ههواڵ و داتا و وێنانه بكات كه زیان به ئاسایشى نهتهوهیی دهگهیهنن. – كۆمپانیاكانی ئینتهرنێت و مۆبایل ئاگادار بكرێنهوه بۆ فلتهركردن یاخود كۆنترۆڵكردنی سهرجهم ئهو ئهكاونت و پهیجانهی زیان به ئاسایشی نهتهوهیی دهگهیهنن. ههندێك لهو پهیج و ئهكاونتانه دهشێ له وڵاتانی ترهوه ئاڕاسته بكرێن. ئهگهر هاندانیان بۆ تاوان تێدا بوو، بهتایبهت تاوانهكانى تیرۆر و بازرگانیی هۆشبهر و ڕیكلام بۆ كاڵای مهترسیدار، پێویسته فلتهر بكرێن. ڕێككهوتنامهی نێودهوڵهتى بۆ بهگژداچوونهوهی تاوانی ئهلكترۆنی خهسڵهتێكی گرنگی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان؛ گڵۆباڵیزهبوونی خزمهتگوزارییهكهیه، واتە بهكارهێنهران سنووری وڵاتان دهبهزێنن و لهسهر ئاستی جیهان پهیامهكانیان بڵاو دهكهنهوه. ههرێمی كوردستان وهك هاوپهیمانێكی گرنگی بهرهی دژهتیرۆر، پێویسته ڕێككهوتننامهی نێودهوڵهتیى لهگهڵ كۆمپانیاكانی ئینتهرنێت و وڵاتانی تری بهرهی دژهتیرۆردا ههبێت، به مهبهستى هاریكاریی دوولایهنه بۆ دۆزینهوهی ئهو تاوانبارانهی زیان به ئاسایشی نهتهوهیی كورد دهگهیهنن، ههروهها ههرێمی كوردستان به شێوهیهكی بهردهوام ئاگاداریان بكاتهوه بۆ فلتهركردنى ههر ئهكاونت و پهیجێك كه زیان به ئاسایشى نهتهوهیی دهگهیهنن. بهرزكردنهوهی ئاستى خزمهتگوزاری ههڵسهنگاندنى بارودۆخی ژیانی دانیشتووانی وڵاتان، میتۆدێكی گرنگه بۆ تێگهیشتن له ئاستی بایهخدانیشیان به ئاسایشی نهتهوهیی، واتە ههر وڵاتێك خۆشگوزهرانی و بژێوییهكی شایسته بۆ هاوڵاتییانی خۆی دابین بكات، بهدڵنیاییهوه زیاتر خهمخۆری پاراستنى ئاسایشى نهتهوهكهیانن لهو مهترسییه جۆراوجۆرانهی دێنه ئارا. له ههمان كاتدا ههڵكشانی فشارە ئابووری و سیاسی و كۆمهڵایهتییهكانیش، كاریگهریی ڕاستهوخۆی لهسهر ههڵكشانى ههڕهشه بۆ سهر ئاسایشى نهتهوهیی ههیه. ههتا ڕێژهی قهیران لهناو كۆمهڵگایهكدا زیاتر بێت، پتر ئاسایشى نهتهوهیی دهكهوێته بهردهم مهترسییهوه. لهم ڕوانگهیهوه، حكومهتی ههرێمی كوردستان و دهسهڵاتداران پێویسته بهبهردهوامی پڕۆژهی خزمهتگوزاریی وهك: ڕهخساندنى ههلی كار، بایهخدان به ناوهنده فێركاری و ئهكادیمییهكان، دابینكردنى شوێنی نیشتهجێبوون، بنهبڕكردنى ڕۆتین، چاككردنی ڕێگاكانى هاتوچۆ، كهمكردنهوهی فشاره ئابوورییهكان، یارمهتیدانى چینوتوێژه جۆراوجۆرهكان، كردنهوهی دهیان ناوهندی ڕووناكبیری و هونهری به ئهركی سهرشانی خۆی بزانێت تا دانیشتووانى ههرێمی كوردستان ههست به خۆشگوزهرانی و ئاسوودهیی بكهن و ئهمهش ببێته پاڵنهرێك بۆ پاراستنى ئاسایشی نهتهوهیی. سەرچاوە و پەراوێزەكان [1] Aminian, Bahadur (1991), Evolution Of National Security Concept, Rewal Pind, P2. [2] Iain McLean (editor) (1996), Oxford concise Dictionary of politics New York: Oxford university press, P332. [3] ماندل رابرت (1377)، چهره متغیر امنیت ملی، ترجمه پژوهشکده مطالعات راهبردي، تهران، ص ص51-52. [4] هيثم الكيلاني (1996)، مفهوم الامن القومي العربى، دراسة فى جانبية السياسى و العسكرى، بحث في كتاب (الامن العربى التحدديات الراهنة و التطلعات المستقبلية)، مركز الدراسات العربى-الاوروبى، الطبعة اڵاولى، ص70. [5] نبــوی، سیدعبدالحســین و همــکاران (1387)، “بررســی تأثیــر پایــگاه اجتماعــی- اقتصــادی و هویــت قومــی بــر اســاس امنیــت اجتماعــی”، نشريه دانش نظامى، شماره 2، ص82. [6] People, states and fear. [7] Buzan, Barry; Weaver, Ole (1998): “Liberalism and security: the contradictions of the liberal leviathan”, Copenhagen peace research institute (COPRI) Working papers, P302. [8] افتخاری، اصغر (1381): مراحل بنيادين انديشه در مطالعات امنيت ملي تهران: پژوهشكده مطالعات راهبرد، ص67. [9] صالحــی امیــری، ســیدرضا و افســر افشــاری نــادری (1389)، “مبانــی نظــری و راهبــردی مدیریــت ارتقــای امنیــت اجتماعــی و فرهنگــی در تهــران”، شــمارۀ پنجــاه و نهــم، ســال بیســتم، 1389، ص ص6-7. [10] ربیعی، علی (1383)، مطالعات امنیت ملی، تهران، وزارت امور خارجه، ص147. [11] دكتر سيد مجتبی تهامی (1384)، امنيت ملى، دكترين، سياست هاى دفاعى و امنيتى، انتشارات كانون پژوهش های دریای پارس، ص13. [12] Alexander, B. (2008), “Web 2.0: A New Wave of Innovation for Teaching and Learning”, University of Southern California, P93. [13] علی اكبری تبار و ابراهیم اسنكدر پور (1392)، رسانەهای اجتماعی و شبكەهای اجتماعی مجازی، موسسه فرهنگی هنری تقارب و تبادل فرهنگی، ص8. [14] Boyd, Danahm.& Ellison, Nicole B (2008), Social Network Sites: Definition ,History and Scholarship ,Journal of Computer-Mediated Communication ,Vol.13. P211. [15] Obar, Jonathan A. and Wildman, Steven S. (2015), “Social Media Definition and the Governance Challenge: An Introduction to the Special Issue”, SSRN Electronic Journal, doi:10.2139/ssrn.2647377, P745. [16] كامیان خزایی (1391)، “آسیبهای نوپدید شبكەهای اجتماعی مجازی”، نخستین کنگره ملی فضای مجازی و آسیب های اجتماعی نوپدید، ص ص6-7. [17] محمد علی سفری (1384)، مفاهیم تروریسم در قاموس زورمداران جهان، انتشارات صبا، ص22. [18] عبدالرضا جوان جعفری (1389)، جرایم سایبر و رویكرد افتراقی حقوق كیفری، مجلە دانش و توسعە، سال هفدهم، شمارە 34، ویژە اسفند 1389، ص ص176-180. [19] اردشير زابليزاده (1397)، “قدرت بازدارندگی در فضای سايبر”، مجله رسانهو فرهنگ، شماره 1، ص68. [20] جمال ابراهیم الحیدري (2013)، القسم الخاص من قانون العقوبات، دار السنهوري، ص43. [21] الدكتور عبدالفتاح بيومي حجازي (2008)، التزوير في جرائم الكمبيوتر و اڵانترنت، دارالكتب القانونية، مصر، ص106. [22] Warren and Brandeis: The Right to Privacy, Harvard Law Review, Vol. IV, December 15 1890, No. 5, http://groups.csail.mit.edu/mac/classes/6.805/articles/privacy/Privacy_brand_warr2.html – [23] فتحى حسين عامر: المسئولية القانونية و الآخلآقية للصحفي، القاهرة، 2014، ص24. [24] ژان كازنو (1365)، جامعەشناسی وسایل ارتباط جمعی، ترجمە: باقر ساروخانی و منوچهر محسنی، تهران، ص61. [25] نەعیم بەدیعی (2009)، ڕۆژنامەگەریی ئەلكترۆنی، وەرگێڕانی: كارزان محەمەد، چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەكەم، 2009، ل21.
شیكاری: درەو کاتێک لە ئامارو داتاکانی داهاتی گشتی عێراق لە دەیەی ڕابردوو ورد دەبیتەوە، پرسیاری ئەوەت لادروست دەبێت؛ ئەگەر نەوت نەبێت، دەبێت عێراق چی بکات یان چی ڕوو دەدات؟! 🔹 داهاتی نانەوتی گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری عێراقەو لەدوای ساڵی (2004) ەوە تا ئێستا بەتێکرا (7.5%)ی داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوە. 🔹 لە ماوەی (10) مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ڕێژەی بەشداری داهاتی نەوت لە داهاتی گشتی گەیشتووە بە (95.4%). 🔹 لە ماوەی (18) ساڵی ڕابردوودا، تەنها لە ساڵانی ((2015) بەڕێژەی (6%)، (2016) بەڕێژەی (23%)، (2019) بەڕێژەی (4%) و (2020) بەڕێژەی (20%)) کورتهێنان ڕوویداوە. 🔹 (14) ساڵ داهاتی گشتی عێراق سەرڕێژەی کردووە (داهات زۆرتر بووە لە خەرجی) ، لە ماوەی ئەو (14) ساڵەدا سەرجەم سەرڕێژی داهات زیاتر بووە لە (207 ترلیۆن) دینار. یەکەم؛ داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2004 – مانگی 10/2022) لەدوای ساڵی (2004)ەوە، داهاتی گشتی عێراق بە سەرچاوەکانی داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە، بەشێوەیەکی گشتی بەڕادەیەکی زۆر ڕووی لە گەشەسەندن بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشی هەرە گەورەی داهاتی گشتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دێت، بۆیە زۆرجاریش بووە داهاتی گشتی بەڕادەیەکی خراپ ڕووی لە پاشەکشە کردووە، بە تایبەت لە ساڵەكانی (2009 بە ڕێژەی (31%)، 2013 بەڕێژەی (5%)، 2014 بەڕێژەی (7%)، 2015 بەڕێژەی (37%)، 2016 بەڕێژەی (18%) ساڵی (2020) بە بەرزترین ڕێژەی (41%)) ڕوویان لە پاشەکشە کردووە. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ساڵی (2004) عێراق کەمترین بڕی داهاتی هەبووەو کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (32 ترلیۆن و 982 ملیار و 740 ملیۆن) دینار. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022) تەنها لە (10) مانگی یەکەمی ساڵەکەدا بەرترین ڕێژەی داهات تۆمار کراوە بەراورد بە (18) ساڵی ڕابردوو کە کۆی داهاتەکەی گەیشتووە بە زیاتر لە (136 ترلیۆن و 262 ملیار دینار)، بە دوو هۆکاری وەک بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دیناردی عێراقی. بۆ بەرچاو ڕوونی داهاتی گشتی عێراق و بڕو ڕێژەی گەشەی لە ساڵانی (2004 – مانگی 10/2022) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) دووەم؛ داهاتی نەوت و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق (2004 – مانگی 10/2022) کاتێک لە ئامارو داتاکانی داهاتی گشتی عێراق لە دەیەی ڕابردوو ورد دەبیتەوە، پرسیاری ئەوەت لادروست دەبێت؛ ئەگەر نەوت نەبێت عێراق چی دەکات؟ چونکە؛ بەشی هەرە زۆری داهاتی گشتی عێراق، لە فرۆشی نەوتەوە بەدەست دێت. بە جۆرێک ساڵی (2004) داهاتی نەوت گەورەترین پشکی هەبووە لە پێکهێنانی داهاتی گشتی و (98.9%)ی داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوە. هاوکات ساڵی (2015) توانراوە ئەو ڕێژەیە دابەزێنرێت بۆ (77.2%)، بەڵام هۆکارەکەی لەبری ئەوەی تەنها زیادکردنی داهاتی ناوخۆ بێت، زۆرتر کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بووە. لە ماوەی (10) مانگی یەکەمی ئەمساڵیش، ڕێژەی بەشداری داهاتی نەوت لە داهاتی گشتی ڕادەیەکی ئێجگار بەرزەو گەیشتووە بە (95.4%). بۆ بەرچاو ڕوونی داهاتی نەوت و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2004 – مانگی 10/2022) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (2) سێیەم؛ داهاتی نانەوتی و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق (2004 – مانگی 10/2022) داهاتی نانەوتی گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری عێراقەو لەدوای ساڵی (2004)ەوە تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست پشتی پێ ببەسرێت و بەتێکرا (7.5%)ی داهاتی گشتی عێراق پێکهێناوە. لە ساڵی (2004) تەنها (1.1%)ی داهاتی گشتی لەداهاتی نانەوتییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە سالی (2015)شدا بەهۆی پاشەکشەی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە تونراوە بەرزترین ئاستی پێوانەیی خۆی تۆمار بکات و گەیشتووە بە (22.8%). لە ماوەی (10) مانگی ساڵی (2022)شدا بەڕێژەی (4.6%) بەشداری کردووە لە پێکهێنانی داهاتی گشتیدا، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە بەراورد بەساڵێک پێش خۆی بۆ زیاتر لە دوو هێندو و نزیکەی سێ هێندە ئاستەکەی دابەزیوە. بۆ بەرچاو ڕوونی ئاستی داهاتی نانەوتی و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2004 – مانگی 10/2022) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چارتی ژمارە (3) چوارەم؛ خەرجی گشتی عێراق و ڕێژەی گەشەکردنی (2004 – مانگی 10/2022) هاوتا لەگەڵ زیادبوونی داهاتی گشتی عێراق، خەرجییەکانیش تا ڕادەیەک گەشەکردنیان بەخۆ بینیووە، (وەک لە خشتەو چارتی ژمارە (4))دا نیشان دراوە، بەردەوام خەرجی گشتی عێراق ڕووی لە هەڵبەزو دابەز بووە. بەرزترین ڕێژەی خەرجیش لە ساڵی (2019)ەدا تۆمار کراوەو گەیشتووە بە زیاتر لە (111 ترلیۆن) دینار، لە ساڵی (2016)شدا زۆرتر لە (106 ترلیۆن) دینار بووە. کەمترین خەرجیش لە ساڵی (2005)دایە کە بڕەکەی زۆرتر لە (26 ترلیۆن) دینارە. هاوکات لە (10) مانگی یەکەمی ئەمساڵ نزیەکی بڕی (89 ترلیۆن) دینار خەرجی گشتی عێراق بووە. خشتەی ژمارە (4) چارتی ژمارە (4) پێنجەم؛ بەراوردی داهات و خەرجی گشتی عێراق و ڕێژەی سەرڕێژو کورتهێنانی داهات لە ماوەی (2004 – مانگی 10/2022) لە ماوەی (18) ساڵی ڕابردوودا، تەنها لە ساڵانی ((2015) بەڕێژەی (6%)، (2016) بەڕێژەی (23%)، (2019) بەڕێژەی (4%) و (2020) بەڕێژەی (20%)) کورتهێنان ڕوویداوە. (14) ساڵیش داهاتی گشتی عێراق سەرڕێژەی کردووە (داهات زۆرتر بووە لە خەرجی)، لە ماوەی ئەو (14) ساڵەدا سەرجەم سەرڕێژی داهات زیاتر بووە لە (207 ترلیۆن) دینار. جێگەی ئاماژەی (10) مانگی یەکەمی ساڵی (2022) گەورەترین سەرڕێژەی داهات تێدا ڕوویداو _هێشتاو دوو مانگی ماوە ساڵ تەواو بکات_ نزیکەی (50 ترلیۆن) دینار سەرڕێژی داهات هەبووە. (بۆ وردەکاری بڕوانە چارتی ژمارە (5)) خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان - ابتسام عبد اللطيف محمد، نسبة الايراد النفطي من اجمالي الايرادات ومقدارالفائض والعجز المتحقق للدولة للمدة 2004 – 2020، مجلس النواب العراقي، دائرة البحوث والدراسات النیابیة، قسم بحوث الموازنة، شباط 2022. - هيمن احمد مخلص و هدايت حمد حمدامین و هيلین مقصود حسین، دراسة وتحلیل هیکل الموازنة العامة لدولة العراق من2010 – 2020، جامعة صلاح الدين - كلية الإدارة و الاقتصاد - قسم الاقتصاد. - وزارة المالیةٌ دائرة المحاسبة قسم التوحید/ نظام توحیدٌ حسابات الدولة على الموازنة الجاریةٌ والاستثماریةٌ لغایةٌ كانون الاول لسنة 2021. - وزارة المالية دائرة المحاسبة قسم التوحيد/ نظام توحيد حسابات الدولة على الموازنة الاتحادية لغاية تشرين الاول لسنة 2022.
د. هەردی مەهدی میکە (وردەمێژوویەکی پەراوێزکەوتوو) کاتێک قسە ڕەسمییەکان باسی سەردەمێکی چارەنووسسازی لە مێژووی گشتی دەکەن، ئیدی "سەردەمە مێژووییە کەمبایەخەکان" دەخرێنە پەراوێزەوە و لە باشترین حاڵەتیاندا هیچ جۆرە دەرکەوتنێک لە ئۆقیانووسی نووسینەوەی مێژوودا جێناهێڵن. ئەڵبەت ئەمە ڕێگا ڕاستەکە نییە، بە دڵنیایی ڕەنگە مێژووی گشتی و قەبە، وێنەیەکی گشتیی باو و گێڕدراوە بخاتە بەردەست، بەڵام هەرگیز وێنە ڕاستەقینەکە دەرناخات و ئەوەی گۆڕانکارییە مەزنەکان ئاراستە دەکات، وردەمێژوو و جوڵەی گرووپە پەراوێزخراو و سەردەمە بە کەمسەیرکراوەکان و مرۆڤە دەستخاڵییەکانن، ئەوان دروستی دەکەن بەڵام مێژووە گشتی و سیاسییەکان ئەمانە نانووسنەوە و بە کەمبایەخ لێیان دەڕوانن یان لانیکەم ناتوانن بپەردەچێنە سەر ئەو وردەکارییانە! ئێستا دەرفەتێکی باشە بە بیانووی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەرەوە، لە پەنای مێژووی ڕەسمی تۆپیپێی کوردستاندا، گوڵچنێک لە مێژووی پەراوێزخراوی هەمان مێژووی وەرزش لە کۆتا دەیەی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیستویەکدا بکرێت، یەکەم: بیری نەوەی خۆمانی بخەینەوە و بە خۆمان بڵێین چەند مەزڵووم و هەمانکات چەند چالاک بەڵام ڕەنج بەخەسار؟ دووەم: بیری نەوەی شۆڕشگێڕ و سیاسییە بەبازرگانبووەکانی پێش خۆمانی بخەینەوە چۆن مێژووی نەوەی دوای خۆیانیان قۆرخکرد و ڕەنج و مێژووی یەک نەوەی دەستخاڵی و بێپێڵاو و بێ گیرفانیان کردە مێژووی خۆیان و لە ئەدەبیاتی مێژووی ڕەسمیدا بەناویانەوە کرا، لەکاتێکدا پاڵەوانی ڕاستەقینە هەر ئەو پەراوێزخراوانە بوون چ لە هاندەران و چ لە یاریکەران و چ لە کارسازانی بوارەکە. لەم نووسینەدا لە چەند وێستگەیەکی یادگەی خۆمدا وەستاووم و لە تێهەڵکێشی سەردەمێکی تاریک(ڕابردوو) و بیرەوەریی مناڵی و نەوجەوانیم (وەک نموونەی نەوەیەک) و کاراکتەرە ناوەرزشیە کاریگەرەکان لەسەر وەرزش (جەنراڵەکانی شەڕی نێوخۆ)، سێکوچکەیەکم دروستکردووە و لەو ڕێگەیەوە مێژوویەکی پەراوێزکەوتووی تۆپیپێم بەتامی هەرێمم لە نۆستاڵجیای نەوەدەکان بۆ چنیوون، کە تەریبی مێژووی ڕەسمیی پڕ شکۆ و شانازیەکان، مێژووە پەراوێزیی مێژووی قوربانی و دەستخاڵیەکانە. (ئومێد دەکەم هەرکەس یادەوەرییەکی زارەکیی لەم شێوەیەی هەیە بیخاتە سەر کاغەز) ١. وەرزشکار وەک کەمتەرخەم و ناڕۆشنبیر لە مێژووی وردی کۆمەڵایەتی و کۆیادەوەریی کۆمەڵگەی دەیەی نەوەدەکاندا، ئەهلی تۆپ و یارییەکانی قاچ و بازوو، ڕێک بەرامبەر ئەهلی قەڵەم و خوێندەواری و "ڕۆشنبیربوون" وەستابوونەوە، واتە نەوەدەکان هەرکەس سەرقاڵی یاریکردن و وەرزش بووایە، ئیتر بە ئەهلی قەڵەم لەقەڵەم نەدەدرا، ئەگەر باوکێک کوڕەکەی زیرەک نەبووایە، ئەم تەمەڵییەی کوڕەی دەکردە خەتای تۆپ و قاچوقولی و دەیووت "سەعی ناکات و تا نیوەشەو بە شۆرتێکەوە لە ساحە نایەتەوە"، کتێبخوێن و یاریکەران لە دووجەمسەری پێچەوانە بوون. پێچەوانەی ئێستا، کە سەردەمەکە گۆڕدراوە و هەم وەرزش و هونەر پسپۆڕییەکی پێویستن و هەم یاریەکانیش بە نیوەشەودا دەکرێن، هەم بەخێوکاران خۆیان مناڵەکانیان دەبەنە یاریگا نەفرەتییەکانی جاران. بۆ هونەریش بە نزیکی ئەم هاوکێشەیە ڕاست بوو، تەنانەت لە پەروەردەی ڕەسمیشدا، وەرزش و هونەر و دەرسی "شاغر" هاوواتای یەک بوون، بەگشتیش یان مامۆستایان هەر نەبوو، یان بە قسەی خۆش و چوونەدەرەوە و "خۆبەخۆردان" مامۆستایەکی ناپسپۆڕ یان کەمتەرخەم سەعاتی بەشەوانەی خۆی پێ پڕدەکردەوە. ئەوسا و ئێستاش لای من وەرزشە بێغەلوغەشەکە ئەوە نییە لە زەینمدا وێنام کردووە، بە تایبەت تۆپی پێ، لای من تۆپەکان شتێکن لە هەست وەک وشەکان لە شیعردا، وەک چۆن وشەکان دەبێت حەسوودی بەیەک بەرن و یەک یەک بۆ هەستی "گۆرانی شاعیر" سەرەبگرن بۆ ئەوەی بیانکاتە مۆزەی نەمریی و لە نێو دێڕێکی ئاواودا جێیان بکاتەوە: وەختێ کە ئەکەی چەشنی نەسیم لەنجە بەرەوماڵ ئەگریجەی تەڕ پەخشە لەسەر کوڵم و خەت و خاڵ ڕێک ئاواش لە تۆپەکانی دەڕوانم کە دنیا حەسوودی بەیەک دەبەن تا ئەم ئەندامێکی جەستەی مارادۆنا بەریان بکەوێت و شانازییەکیان بۆ تۆمار بکات، ئاخر ڕەنگە بۆ مارادۆنا وشەی تۆپی پێ کەم بێت، ئەو تاقانە یاریکەرە کە نەک هەر بە قاچ بە دەست و سەر و سنگ و سمتیش گۆڵی بەهەردەر نەداوە، قیبلەی تۆپەکان خۆی بوو. چێژی جوانی لە هەر شوێنێکدا هەبێت فەرق ناکات، دەبێت دوای بکەویت، هێمنی موکریانی وتەنی: جیلوەیی جوانی لە هەرچیدا هەبێ خۆشم دەوێ ڕۆژێ کوشتەی مینی ژۆب و ڕۆژێ گیرۆدەی شەدەم یاری ئاوایە، دەبێت واش بیت بۆی، تۆپی پێ یەک ڕۆمانی گەورەیە، هێشتا ڕۆماننووسەکە لە گێڕانەوەی نەبووەتەوە یان ڕەنگە هەر مردبێت و هەرکەس لای خۆیەوە بە جۆرێک تەواوی بکات، بەڵام لە هەر جێیەکەوە دەستپێبکەیت دەروازەکەیەتی، بۆ کۆتایی ڕۆمانەکە نازانم؟ ڕەنگە یەکێک بە شادییەوە تەواوی بکات وەک ئەوانەی کاسەکە بەرزبکەنەوە و هەندێکیش بە ستەمی زەمانە و سەرمایەدارەکان بەزۆر کۆتاییەکی غەمگین بکەنە نسیبیان (وەک ڕیکیلمێ و ڕۆماریۆ). یان ئەوی دی وەک ڕۆناڵدۆیەک کامێراکان بۆ پۆزێکی، نۆرەیان بۆ دەگرت و ئێستا بۆ گریانەکانی! هەندێکی دیکەش وەک شەڕی خێر و شەڕ و هەندێکیش وەک جەنگی شوناس! هەندێکیش وەک سەیرکەری جوانی و چێژبینین. بە بڕوای من ئەمانەی دوایی لە هەمووان بگرە لە پاڵەوانەکانی تۆپیپێش براوەترن، لای ئەمان وەرزش ڕاوگەی جوانییەکانە، ئەمانیش ڕاوچیی چرکە نەمرەکانن(خوایە لەوانە بمانگێڕیت). زۆرێک هاندەران، تۆپی پێ هێندە لەگەڵ هەست و هەڵچوونەکانیاندا تێکەڵ دەبێت، جوانی و هونەرکاریی پاڵەوانێکی وەک مارادۆنا دنیای ڕاستەقینە و ئاین و سیاسەتیان بیردەباتەوە، بە ڕادەیەک پەرستگای بۆ دەسازێنن و دەیپەرستن، وەک ئەوەی کرا. خۆ گەر جادووی مێسی نەهاتایەتە کایەوە، ئەوا هەم ئەم نەوەیە بتی مارادۆنای بە ئاسانی نەدەشکێنرا و خودی مارادۆناش لە "خوایەتی تۆپی پێ" نەدەکەوت، مێسی هەم توانای مرۆڤایەتی لە بەرهەمهێنانەوەی مارادۆنایەکی دیکی لە ئەستەمەوە کردەوە مومکین و ئەم نەوەیەشی ئومێدەوار کردەوە بە تۆپ و جوانی و چێژەکانی. ئاخر ناهەقیان نەبوو مارادۆنا بە چەپی و ڕادیکاڵیتی خۆی نووسەر و ڕۆمانننوسێکی ڕاستی وەک یۆسا-ی ئەبڵەقی خۆی کردبوو، لای ئەو "مارادۆنا بتێکی زیندووە، مرۆڤ خۆی درووستی کرد تا بە هۆیەوە ستایشی خۆی بکات". تۆپی پێ ئاوایە. ئاخر نابێت لە هاوڕێیەتی تۆپدا، بەدوای بەڵگە و لۆژیی فیزیایی و پزیشکی و کیمیاییدا بگەڕێیت، ئەوە یاساکەیەتی گەر دەتەوێت چێژی لێوەربگرت. چێژ لە شێتییەکی جوان، چێژ لە بتی تۆپ کە ٢٢ یاریکەر خۆیان دەیکڕن و دەیخەنە نێوەڕاستی یاریگا و بەدوایدا ڕادەکەن و بۆیان ناگیرێتەوە! بۆ سبەی و دووسبەی و ساڵانی دادێش هەمان سرووت دووبارە دەکەنەوە! ئەمەیە گرێ و جادووی "بتی تۆپ"! نووسەری مەکسیکی (خوان بیۆرۆ) کاری ئەدەبی و یاری تۆپی پێ هاوشێوە نیشان دەدات و دەڵیت: گەرچی دوو دنیای لەیەک جیاوازن، بەڵام "هەردووکیان لە گرەوی وروژاندنی هەستەکان" دان، ڕاست دەکات ئەم دوو بوارە بەردەنگ(مخاگب)یان پێش عەقڵ، سۆز و هەست و هەڵچوونەکانی مرۆڤە. وەرزش لەوێ ئاوا بوو، با ئێستا بچمەوە نەوەدەکانی لای خۆمان (ڕێک ئەوکاتەی تۆپی پێ ئەستێرەکانی وەک باجیۆ، مارادۆنا، باتێستوتا، ڕۆماریۆ و ڕۆناڵدۆیان پێشکەشی جیهان دەکرد) و بچمە سەر گرێدانەوەی یادەوەری خۆم بە دوو کوچکەکەی ژەنراڵەکانی شەڕی ناوخۆ و زەمانەکەی ئێمە. بزانین لێرە چییان گوزەرا؟ ٢. وەرزش لە جەمسەربەندی سیاسەتدا پاش ڕاپەڕین، وەرزشکاران، وایان دەزانی ئیتر کاتی هەناسەیەکی ئازاد و خۆنواندنە، وەک گەلانی دنیا، چییان لەو عالەمە کەمە؟ خەیاڵەکە خاو بوو، عومری پەپولەیەکی هەبوو! ئاخر "شۆڕشگێرەکان" هاتنەوەوە نێو شار و وەک نەدی و بدی دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرت عەرزەوە تا ئاسمان، خۆیان وتەنی لە "نەوتەوە تا جەوت"، ئەی خۆ چی لە وەرزش و تۆپ ئاسانتر، تۆپ هەر بۆ تێهەڵدان باشە، هەر بەو دیدگایەوە، ڕێک پاش بەرەی کوردستانی، هەر حزبە و دەستی بەسەر چەند یانەیەکدا گرت، پاشان بەرپرسەکان هەریەکە و یانەی خۆی وەک بەشە غەنیمەتی شەڕ هەڵگرتەوە، شۆڕشگێڕ ئەوە بوو یانەیەکی بەناوەوە بکرێت، ئیتر هیچ نەمایەوە بۆ وەرزشکار، هەر بەرپرسە کەتافییەکی لەبەردەکرد و دەمانچەیەک لەقەد و بە چوار قەڵەمی بەکارنەهاتووی سەرباڵێکیەوە، ئێواران خۆی دەکرد بە یانەیەکدا و پلان و بەرنامەی پێنجساڵەی دەکێشا (ئێوە باوەڕ بەم قسەیەم مەکەن و ئاوا بیخوێننەوە: هەر بەرپرسێک وەک باخێکی خۆی وەک خانووەکەی وەک موڵک و کوڕەکانی، وەک ژنەکانی، وەک تۆڵەی ئەو هەلانەی بەعس لێی زەوتکردبوو سەیری یانەکەی دەکرد و چێژی لێوەردەگرت و هەڵیدەسوڕاند)! ئەم دۆخە زۆری نەبرد شەڕی نێوخۆی بەسەردا هات و هەموو باشوری کوردستانیان لە چەک و جبەخانە و جامانە و فیشەک و ئاسمان و ڕێسمان و زەوییان دابەشکرد، وەک چۆن قوتابی و ئافرەت کەوتە لای پارتی، خوێندکار و ژنیش بۆ یەکێتی، یانەکانیش هەر ئاوا: هەولێر و دهۆک بۆ پارتی و سیروان و کەمال سەلیم بۆ یەکێتی، جیهاد و ڕاستی(یان هاوکاری) بۆ بزوتنەوە (چونکە بزوتنەوە هاوپەیمانی پدک بوو)، ئاسۆ و ئاشتی و پەیامیش بۆ یەکگرتوو، (چونکە ئەم وەک هەمیشە لە هەردوولا هەبوو!). یانەش هەبوو، هی هەولێر بوو بەڵام تەنها لەدەڤەری سلێمانی بۆی هەبوو یاری بکات وەک برایەتی(چونکە هی کاک کۆسرەتی بوو). یانەش هەبوو، بە کاملی بندیوار یان لە مەنفا بوو، بۆ نمونە یانەی هەورامان لە خورماڵ، زۆرێکی کادیرانی پارتیی هەڵەبجە لەوێدا ڕازی کرابوون، بەڵام ئەم تەنها لەگەڵ تیپی دەفرەفڕیوەکان و جنۆکەکانی مەلاعەلی کەڵەکدا یاری دەکرد، بۆیە هەرگیز نەبینرا، بە ئیمتیازات نەبێت! دواتر مۆدێلی بەڕێوەبردن و دیدگای وەرزشیی گۆڕدرا، بەرپرسی یانەکان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەدەی بیستویەک و شۆڕشی تەکنۆلۆژیای سمارتدا، ئەمانیش وتیان با دوانەکەوین، دیدگایان لە پشتیوانی و پاڵپشتی ماددیی یانەکانەوە گۆڕدرا، بۆ هەڵگوشینی یانەکە و سپیکردنەوەی پارە و زەویخۆری و بەبیانووککردنی یاریکەران وەک قەڵغانی کۆکردنەوەی سامان، ئەوەبوو هەر سێکتەرە بوو یانەیەکی بەناوە دەکرایەوە، پێشمەرگە و ئاسایش و سەرجەم هێزەکان و بوارەکان... هەر یانە بوو دەکرایەوە، ڕێک وەک کۆمپانیاکانی ئێستا کە بەلێشاو دەکرێنەوە و زەوییان بەناوەوە دەخورێت. ئیتر باوی ئەوە بوو زەوی و پارە بەناوی یانەکانەوە و بە بیانووی کۆمەکی وەرزش و وەرزشکارانەوە وەردەگیرا و چۆڕێکی کەمی دەردرا بە یاریکەران، نیوەی یاریکەران پاتەی لاستیکیان لە پێدا بوو بەڵام بەرپرسەکەیان بە سێ لاندکرۆزەرەوە دەهاتە حەوشەی یانەکە! ئەمەش تەواو بوو، مۆدێلی زەویوەرگرتن هاتەگۆڕێ بە هێکتار و دۆنم بە ناوی یانەکانەوە، بەڵام بە هاوڵاتیان دەفرۆشرایەوە و بەمەرجێ وەک یاریکەر خۆی تۆمار بکات. ئێستاش هەیە دەپرسێت بۆ وەرزش لە کوردستان پێش ناکەوێت؟ ٣. هاندەران پەراوێزکەوتووانی مێژووی تۆپی پێ (خۆم بە نموونە) با نەیشارمەوە، لەگەڵ ئەوەی هەمیشە تۆپێک هاوڕێم بوو، تیپ و تۆپ و ساحە و هاوڕێی باشم هەبوو، سەرکەوتوو نەبووم لەوەی وەرزشکارێکی باش بم، ئەمەیان ڕەنگە خۆم تیامدا نەبووبێت، بەڵام با بیکەمە خەتای ئەم شتانە:- بەسەریەکەوە تەنها لە ماوەی چوار ساڵدا: دەستم شکا، دووجار نەخۆش کەوتم و عەمەلیات کرام، هەریەک لەمانە بە ٢٠ ڕۆژ بۆ مانگێک لانیکەم لە ساڵەکەدا لە ماڵەوە منیان خستە سەرجێ، وازم لەو خەونە هێنا. ئیتر بوومە هاندەرێکی تۆپی پێی سەرکەوتوو، لە باشترین ئەستێرەکانەوە نزیک بووم، کەچی نەوەی پێشوو و سیاسەت نەیانهێشت لەوەشدا بگەمە کۆتا! ئێستا مەگەر جادووەکانی میسی و یادگارەکانی مارادۆنا جارجارە پشکۆی قەقنەسئاسای وەرزشیم بگەشێننەوە. ڕەنگە بڵێن جا هاندەری چییە؟ وانیە هاندەری واتە خۆ بە "یاریزانی دوانزەیەم" زانین، موڵکایەتیکردنی تیپێک، یانەیەک و هەڵبژاردەیەک بێ ئەوەی بست و فلسێکی هی تۆ بێت! بە یاریکەرێکدا هەڵدەڵیت و دەیکەیتە پاڵەوان و ئەوی دی دەدەی بە زەویدا، لەم توڕە دەبیت و بەدەم ئەوەوە پێدەکەنیت، لە نێوان گێمەکاندا دەچیتە لای کاپتن و یاریکەران و بگرە ئامۆژگاریشیان دەکەیت! ڕەنگە هەموو ئەمانە لای ئەوان فشە و قسەی نێوخاڵی بن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لای خۆت هەم یاریکەری دوانزەیەم و هەم هەموو ئەوانەی باسم کردن، ئیتر عالەمەکە چی دەڵێن کەیفی خۆیانە. خۆ کە تیپەکەت دەیباتەوە تۆ لە گۆڵکارەکە و گۆڵچیەکەش زیاتر مکوڕ و بەخۆنازینت دەبێت! بەداخەوە هاندەریشم بۆ نەگەیشتە کۆتا گەر ئەوی تریان خەتای نەخۆشی و جەستەم بووبێ، ئەمەیان خەتای سیاسەت و شەڕی نێوخۆ و جەمسەربەندیی زەمانە بوو... هاندەری یانەی هەڵەبجە بووم کە ببووە دووەمین یانەی هەرێمی کوردستان، بەڵام شەڕی نێوخۆ هەڵەبجەی کردە دارولهیجرەی "موجاهیدین"ی بزوتنەوە و "پێشمەرگە"ی پارتیی و کارگێڕیی یانەی هەڵەبجەش نزیک بوون لە یەکێتییەوە، بەوشێوەیە، یانەکە بەنزیکەیی نەما یان هەر ناو بوو. بەداخەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ تا ئەمڕۆ پاشەوپاش دەکشێتەوە! پاش ئەوە دەبوو ببمە هاندەری یانەی تازەی پەیام، لە یەکەمینەکانی دەڤەرەکە بوو، بەڵام ئەوە دادی نەدا و سیاسەتی یەکێتیی تۆپی پێ (تۆ بڵێ یەکێتی نیشتمانی) ڕەحمی پێنەکرد، بەتایبەت سەرکردەیەک کە لە لێدوانی فەلسەفی ناوەندەکانی هزرەوە تا لێدانی پێناڵتیەکانی بەدەست بوو و قسەی تێدا دەکرد، ئامر و ناهی خۆی بوو، پەیامی داخست، ئیتر هەر تیپەکانی کوردستان و شەهیدان و جارجارەش شنروێ-مان بۆ مایەوە و بەمانەش تۆڵەی خۆمان لە تیپی حزبەکانی دیکە و شارەکانی دیکە دەکردەوە. لەو مێژووە کورتەی منێکی پەراوێزکەوتووی نێو دنیای وەرزشەوە بیگرە، بۆت دەردەکەوێت کە وەرزش و تۆپ و یاریکەران و هاندەران چەند قوربانی دەستی سیاسەت و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و شەڕی نێوخۆن. ئێستاش هەر دەپرسیت بۆ وەرزش لە کوردستان وەک وڵاتان پێشناکەوێ؟ بۆ پاڵەوانەکانمان عومری پەپولەیەکیان هەیە؟
درەو: یادگار سدیق گەڵاڵی/ گۆڤاری ئاییندەناسی بەرایی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا و پاش نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەردەوام بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن بە نەوت و گازی هەرێمەوە جێی ناکۆکی بووە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمدا. بەغدا پێی وا بوو کە لە تایبەتمەندییەکانی حکومەتی فیدراڵە و هەولێریش بەپێچەوانەوە بە مافی خۆی دەزانی ئەو سێکتەرە بەڕێوە ببات. چارەسەری ناکۆکییەکان بە ڕێککەوتنی سیاسی لە چەندین قۆناغدا دوا خراوە، تا کار گەیشت بەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵەوە مامەڵەکانی هەرێم بە سەکتەری نەوتەوە بە نادەستووری بناسرێت و چەندین هەنگاوی خێرا لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە دژی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی کە لەگەڵ هەرێم مامەڵە دەکەن؛ بگیرێتە بەر. لەم توێژینەوەدا دەمانەوێ سەرەتا کورتەیەکی مێژوویی لەسەر کێشەکانی هەرێم باس بکەین و پاشان بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی نەوت؛ جۆری گرێبەستەکان شی بکەینەوە و بەراورد بکەین لەنێوان ئەو جۆرە گرێبەستانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەو دەکرێن. ئامانجمانە لە هەلومەرجی پێش دەرچوون و کاتی دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ تێبگەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوەکانی ئایندە و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵی ڕوون بێت لامان. ١. کورتەیەکی مێژوویی کێشەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و شێوازی داڕشتنەوەی ئەو مادانەی کە پەیوەستن بە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان و پاشتریش لە کاتی نووسینی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵدا زیاتر زەق بووەوە و جیاوازیی تێڕوانینەکان ڕەنگڕێژ بوو، تا گەیشتە ئەوەی ڕەشنووسی جیای یاساکە بڵاو بکرێتەوە و لێکدانەوەی جیای بۆ بکرێت و گۆڕانکاری بەسەر ئەو ڕەشنووسەدا هات کە پەسەند کراوە لەلایەن هەرێمەوە. لە ڕێکەوتی 9ی ئازاری ٢٠٠٧دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەقی پەسەندکراوی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاو کردەوە و هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا هاتووە: ” لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت چوار هاوپێچ ئامادە بکات کە لە ڕەشنووسی یاساکەدا ئاماژەی پێ کراوە كە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان و ناوچە تایبەتەكانی گەڕان لە عێراق بۆ حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق تەرخان دەكات. هەروەها لیژنەکە پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە لەسەر گرێبەستە نموونەییەکانی نەوت و ڕێنماییەکان بۆ مەرجەکانی گرێبەست و یاسای دابەشکردنی داهات(١)“. وەزیری سامانە سروشتییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: “هاوپێچەكان وەك ئەوەی ئێستا نووسراون، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە قبووڵ ناكرێن. ئامانج لێی، لێسەندنەوەی کێڵگە نەوتییەکانە لە هەرێم(٢)“. دەرەنجام، دەرچوونی یاساکە لە پەرلەمان پەک خرا. پاش ئەوەی ڕەشنووسی یاسای نەوتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق دەرنەچوو، هەرێم لە هەمان ساڵدا ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی هەرێمی ئامادە کرد. پێش ئەوەی لە پەرلەمان دەربچێت، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر کرا تاوەکوو بەرگێکی نیشتمانیی بەبەردا بکرێت و پشتگیریی هەموو لایەک مسۆگەر بکات. لە ٩ی ئابی ٢٠٠٧دا، یاسای ژمارە 22ی ساڵی ٢٠٠٧: “یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان-عێراق” لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند کرا، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ بڕی ٥٧ گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا واژوو کرا. چارتی ژمارە (1) ژمارەی ئەو گرێبەستانەی بەرهەمهێنانی هاوبەش پیشان دەدات کە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 2006 بۆ 2013دا واژوو کراون لە ساڵی (٢٠١٧)شدا پێنج کێڵگەی تر گرێبەستی بۆ کرا لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی(٣). سەرجەم گرێبەستەکانی هەرێم جیاوازن لەگەڵ ئەو جۆرە گرێبەستانەی کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە پەیڕەو دەکرێن. ١١ گرێبەست لە ٩ کێڵگە پێش دەرچوونی یاساکە تا ساڵی ٢٠٠٦ ئەنجام دراون و ٢٩ گرێبەستیش لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨دا ئەنجام دران(٤) لەو کاتەی کە مشتومڕ لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵ هەبوو. دەستووریبوون و نەبوونی یاسای نەوت و بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت، لێکدانەوە و تەفسیری جیاوازی هەبوو لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵەوە. هەرێم لە یاسای نەوت و گازدا و لە مادەکانی دووەم و سێیەمدا پشتی بە مادەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت دەدات بە هەرێم. لە بەشی دەیەمی یاساکەدا جۆری گرێبەستەکان بە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش دیاری کراوە و لە مادەکانی ٣٧ تا ٣٩ مەرجەکانی گرێبەستەکەی تێدا دیاری کراوە. بەڵام حکومەتی فیدراڵ داوای ڕادەستکردنی سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی دەکرد و هەناردەکردنیشی بە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ دەزانی. ئەو هەنگاوانەی هەرێم لەو بوارەدا ناونی، بە نادەستووریی دەزانی. ٢. خاڵی ناکۆکیی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەرێم و ناوەند بریتی بوو لە بەڕێوەبردنی هەرێم بۆ سێكتەری نەوت کە لە ڕەشنووسی یاساکەی کە نێردرا بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی و هەرێم لەسەری ناڕازی بوو. لەو ڕەشنووسی یاسایەدا ڕۆڵی هەرێم تەنها ڕاوێژکاری بووە و بڕیاری کۆتا لای وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق دەبێت(٥) و هەرێم مافی واژووکردنی گرێبەستی نەوتی نابێت. خاڵێکی تر کە زۆر جەختی لەسەر دەکرێتەوە، زۆر جار وا نیشان دەدرێت کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکان جیاوازیی جۆری گرێبەستەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵە، لە کاتێکدا هەرێم پەیڕەویی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش (Production Sharing Contracts) دەکات و حکومەتی فیدراڵ جۆری خزمەتگوزاریی مەترسیدار (Risk Service Contract) پەیڕەو دەکات، هەر چەند ڕەخنەگران و ئەوانەی دژی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازن دەڵێن ئەوەی لە ڕەشنووسی یاساکە و لە مادەی ١٥دا هاتووە: “گرێبەستی گەڕان و بەرهەمهێنان یان گرێبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان” تەنها یاریکردنە بە وشە، ئەگینا مەبەست لێی هەمان گرێبەستی هاوبەشیکردن بووە لە بەرهەم. دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٣دا زیاد لە ٥٧ گرێبەست کراون(٦)، هەرێم لە سەرەتاوە بە ئاستی جیا و بە بڕی کەم هەناردەی نەوتی دەکرد، پاشتر لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤دا بەفەرمی هەناردەی نەوتی ڕاگەیاند. بەڵام لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٩دا بۆریی نەوتی هەرێم لە ڕێوڕەسمێکدا بەفەرمی کرایەوە و لە ساڵی ٢٠١٣دا حکومەتی هەرێم ئابووریی سەربەخۆی ڕاگەیاند. لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣دا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفڕانسی نەوت و گازدا ئاشتی هەورامی؛ وەزیری سامانە سروشتییەکانی ئەوکات ڕایگەیاند ماوەی ساڵێکە نەوت بە تەنکەر بۆ تورکیا دەنێرین و سێ چوار ساڵیش دەبێت بە هەمان شێوە نەوتمان بە ئێران فرۆشتووە. لە کۆنفڕانسەکانی نەوتدا حکومەتی هەرێم سیاسەتی نەوتی خۆی ڕادەگەیاند، لە لایەک جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرهەمهێنان دەکردەوە، لە لایەکی تر هەڕەشەی بەکارهێنانی داهاتی نەوتی دەکرد گەر شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە نەدرێت(٧). لێرەوە کێشەی نەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت و هەرێم دەستی پێ کرد. لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتدا کێشەکان چوونە قۆناغێکی ترەوە، چەندین جار ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدادا ئەنجام دراوە، هەر لە حکومەتی ئیبراهیم جەعفەری تا دەگات بە مستەفا کازمی، هەردوو لای کێشەکە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە. لە سەرەتادا حکومەتی فیدراڵ ڕازی بوو شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت بدات. لە کۆنفڕانسی هەولێر لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٢دا، دکتۆر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی ئەوکاتی هەرێم ڕایگەیاند کە یەکەم گوژمەی شایستەی کۆمپانیاکان بە بڕی ٥٤٠ ملیۆن دۆلار دراوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە و چاوەڕێش دەکرێت تا کۆتایی ساڵ دووەم گوژمە بدرێت(٨). بەغدا و هەولێر ناکۆکییەکانیان بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و چەندین جار گەیشتوون بە ڕێککەوتن، بەڵام هیچ کات ڕێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ نەکراون. بەغدا دوو جووڵەی یاسایی کرد دژی هەرێم لە ڕێگەی تۆمارکردنی دوو داوا لە دوو دادگای جیاواز. جووڵەی یەکەم: بە ئاڕاستەی دادگای ئیتیحادی و لە ساڵی ٢٠١٢دا وەزیری نەوتی عێراق پێشکەشی دادگای ئیتیحادیی کرد کە هەرێم ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی ناکات، هەروەها هەناردەی نەوت دەکات بەبێ ڕەزامەندیی عێراق. ئەم داوایە و داوایەکی تر کە لەلایەن علی شەداد فارس؛ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە، لە ساڵی ٢٠١٩دا پێشکەش بە دادگاکە کرابوو بۆ هەمان مەبەست، دوای چەندین دواخستن، لە کۆتاییدا دوای ١٠ ساڵ لەلایەن دادگای فیدراڵەوە یەکلا کرایەوە، دادگا بڕیاری دا بە: نادەستووریبوونی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، تایبەت بە نەوت و گازی هەرێم. ڕادەستکردنی هەموو بەرهەمی نەوت بە وەزارەتی نەوت. داواکردن لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەدواداچوون بکات بۆ نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی کە هەرێم لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان کردوویەتی سەبارەت بە گەڕان و پشکنین، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت(٩). جووڵەی دووەم: بەئاراستەی دادگای نێوبژیوانیە لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەبریی وەزارەتی نەوت، بە تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی لە دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس لە مانگی ئایاری ٢٠١٤دا، تیایدا حکومەتی تورکیا کە لەلایەن کۆمپانیای بۆریی نەوتی تورکیا (BOTAS) نوێنەرایەتی دەکرێت، تۆمەتبار دەکات بەوەی بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی عێراق ڕێگەی بە هەرێم داوە لە ڕێی بۆریی عێراق تورکیاوە نەوت هەناردە بکات و ئێستا لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا چاوەڕێ دەکرێت دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو داوایە بدات. وەزیری نەوت زۆر گەشبینە کە داواکە لە بەرژەوەندیی عێراق کۆتایی پێ دێت(١٠). تیایدا عێراق داوای قەرەبووی زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار لە تورکیا دەکات. بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت ئایا هۆکاری کێشەکان جۆری گرێبەستەکان و گەڕانەوەی داهاتە بۆ وڵاتی خانەخوێ یان نا، گرنگە کە ئاشنا ببین بە سیستمی دارایی نەوت و جۆری گرێبەستەکانی نەوت و بەراوردکردن لەنێوان ئەو جۆرە لە گرێبەست لە هەرێم و بەغدا پەیڕەو دەکرێت. ٣. سیستمی دارایی نەوت کاتێک باسی سیستمی دارایی نەوت دەکرێت، مەبەست لێی گرێبەستە نەوتییەکانە. پڕۆسەکانی نەوت پڕۆسەگەلێکی دوورودرێژی چەندین ساڵەن، وەبەرهێنان و پەرەپێدان تیایاندا پێویستی بە سەرمایەی زەبەلاح و ژێرخان و تەکنەلۆجیای بەهێز هەیە. سیستمی دارایی هەر وڵاتێک، چوارچێوەی کارکردن و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان دیاری دەکات. هەندێک لە وڵاتان لە ڕێگەی یاساوە جۆری گرێبەستەکان دیاری دەکەن و هەندێکی تر لە ڕێگەی دانووستانەوە مەرجەکانی و شێوازی گرێبەستەکانی دادەڕێژن. سیستمی دارایی پەترۆل پۆلێن دەکرێت بۆ دوو جۆر ، یەکەم سیستمی ئیمتیاز Concessionary Systems و دووەمیش سیستمی تەعاقدی Contractual Systems (١١). ٣.١. سیستمی ئیمتیاز Concessionary Systems مافی ئیمتیاز دەدات بە کۆمپانیا لە کێڵگەیەکی دیاریکراو و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەرهەمهێنان بکات و خاوەندارێتیی نەوت یان گازە بەرهەمهاتووەکە لە زۆربەی کاتدا لە سەری بیرەکەوە واتە لە دەرهێنانیەوە بۆ کۆمپانیا دەگوازرێتەوە، حکومەت تەنها “موڵکانە و باج و پاداشتی بەرهەم” وەردەگرێت. ئەم جۆرە لە گرێبەست کۆنترین جۆریانە، لە عێراق تا ساڵی ١٩٧٢ کە نەوت خۆماڵی کرا؛ پەیڕەو دەکرا . زۆر جار ئەم جۆرە لە گرێبەست پەیوەست دەکرێت بە سەردەمی ئیستعمارییەوە. ٣.٢. سیستمی تەعاقدی CONTRACTUAL SYSTEMS پێک دێت لە دوو جۆر: ا. گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم (لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت) و ب. گرێبەستی خزمەتگوزاری (لە عێراق پەیڕەو دەکرێت). ئەم دوو جۆرە گرێبەستە خاڵی هاوبەش و جیاوازیان هەیە. شێوازی خەرجییەکان و پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان و پشکی کۆمپانیای نیشتمانی بە پێی گرێبەستەکە دیاری دەکرێت. جیۆلۆجیی بلۆکی نەوتی یان گازی، جیۆپۆلەتیکی وڵاتەکە، ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی نەوت و گازی وڵاتەکە کاریگەرە لەسەر ڕێککەوتنەکە و پێگەی بەهێز یان لاوازی هەر لایەکی گرێبەستەکە دیاری دەکات لە دانوستاندن بۆ هەر ڕێککەوتنێک. تا پێگەی وڵاتی خانەخوێ بەهێزتر بێت، گرێبەستی باشتری لێ بەرهەم دێت بۆ حکومەت و لە بەرانبەریشدا کۆمپانیاش دەیەوێت زۆرترین قازانج بۆ خۆی ببڕێت لەبەرانبەر وەگەڕخستنی سەرمایەیەکی زۆر. ٤. گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش بە پێی ئەم جۆرە لە گرێبەست، کۆمپانیای نەوت مەترسیی گەڕان و پشکنین و خەرجی لەئەستۆ دەگرێت لەبەرانبەر بەشێک لەو نەوتە یان گازەی کە بەرهەم دێت لە ناوچەی گرێبەستەکەدا ئەگەر نەوت یان گاز دۆزرایەوە و بەرهەم هات. بەڵام گەر نەدۆزرایەوە، ئەوا حکومەت هیچ خەرجییەک ناداتەوە بە کۆمپانیا، ماوەی گەڕان و پشکنین پێنج ساڵە و دەتوانرێت بۆ ٢ ساڵ زیاتر درێژ بکرێتەوە. کاتێک نەوت بەرهەم دێت لە کێڵگەیەکدا، ئەوکات دەچێتە قۆناغی دووەمەوە کە قۆناغی بەرهەمهێنانە و ماوەکەی ٢٠ ساڵە و دەکرێت بۆ ٥ ساڵی تر درێژ بکرێتەوە بە پێی گرێبەستەکانی هەرێم(١٢). لەم جۆرە لە گرێبەست، کۆنترۆڵی نەوت و گاز لە دەست حکومەتدا دەبێت و کۆمپانیای نیشتمانییش بەشدار دەبێت لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا(١٣). لە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەشدا، وڵاتی خانەخوێ چەند جۆر داهاتی دەست دەکەوێت. پاداشتێک هەیە کاتێک کۆمپانیا گرێبەستی لەگەڵ دەکرێت بۆ کێڵگەیەکی نەوت یان گاز، دەیدات بە وڵاتی خانەخوێ یان حکومەت. ئەم پاداشتە کە لە هەرێم بە شیرینییە نەوتییەکان ناسراوە، چەند جۆرێکی هەیە و لە چەند قۆناغێکی جیادا وەردەگیرێت، بەم شێوەیە: ٤.١. پاداشت ا. پاداشتی واژووكردن (signing bonus): لە کاتی واژووكردنی هەر گرێبەستێکدا، بۆ هەر کێڵگەیەکی نەوتی کۆمپانیا پاداشتی واژووکردنی گرێبەست دەدات بە حکومەت، لە گرێبەستەکەدا بڕەکەی دیاری دەکرێت و هەر ناوچەیەکی گرێبەستیش، گرێبەستی جیایە و دەکرێت ڕێژەکانیش جیا بن(١٤). ب. پاداشتی بنیادنانی تواناکان: ئەم پاداشتە لە کاتی واژووكردنی گرێبەستەکەوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە لە گرێبەستەکەدا دەستنیشان کراوە، دەبێت بدرێت بە حکومەت. ج. پاداشتی بەرهەمهێنان: کاتێک کێڵگەیەک دەگاتە بەرهەمهێنانی بازرگانی، کۆمپانیا بڕێکی تر پاداشت دەدات بە حکومەت، ئەم بڕەش بە پێی گرێبەستەکان دەگۆڕێت. ٤.٢. دابەشکردنی پشکەکان ا. موڵکانە بریتییە لە ڕێژەیەک لە کۆی داهات یان نەوتی بەرهەمهاتوو، لەلایەن وڵاتی خانەخوێوە وەردەگیرێت. لە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم و یاسای نەوت و گازی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧دا، ڕێژەکەی بە ١٠٪ دیاری کردووە(١٥). ب. خەرجیی کۆمپانیا نەوتییەکان لەدوای دەرکردنی موڵکانە، لەو نەوتەی دەمێنێتەوە ڕێژەیەک دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانەی نەوتیان بەرهەم هێناوە وەکوو وەرگرتنەوەی خەرجی (Cost recovery)، لە گرێبەستێکەوە بۆ گرێبەستێکی تر جیاوازە، هەندێ وڵات تا ڕێژەی ٤٠٪ی دیاری کردووە بۆ وەرگرتنەوەی خەرجیی کۆمپانیاکان، واتە سەقفێک دیاری کراوە بۆ وەرگرتنەوەی خەرجییەکان. ئەوەی دەمێنێتەوە لە خەرجییەکان کە وەرنەگیراوەتەوە، دەگوازرێتەوە بۆ ساڵی دواتر و بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تا هەموو خەرجییەکان وەردەگیرێتەوە یان گرێبەستەکە کۆتایی دێت. هەندێ وڵات ڕێژەی وەرگرتنەوەی خەرجییەکانی زیاترە لە وڵاتێکی تر، ئەو ڕێژەیە لە هەندێ شوێندا دەگاتە ئاستی ١٠٠٪ی بەرهەم. لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەم ڕێژەیە جیاوازە لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی تر، لەنێوان ٤٠٪ بۆ ٤٥٪ دیاری کراوە. ج. نەوتی قازانج (Profit oil) ئەو نەوتەی لەدوای لێدەرکردنی مۆڵکانە و خەرجیی کۆمپانیاکان دەمێنێتەوە و پێی دەوترێت نەوتی قازانج، ئەم قازانجە لەنێوان کۆمپانیای نەوت و وڵاتی خانەخوێدا دابەش دەکرێت بە پێی ئەو بڕەی کە لە گرێبەستەکەدا لەسەری ڕێک کەوتوون. لە گرێبەستەکانی هەرێمدا قازانجی نەوت دابەش دەکرێت بە پێی فاکتەری “R” کە بریتییە لە “داهاتی کەڵەکەبوو”، دابەشی “تێچووی کەڵەکەبوو”، لە باری نموونەییدا کاتێک فاکتەری “R” دەگاتە ٢، قازانج بە لە سەددا ٨٥/١٥ لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێم دابەش دەکرێت. وە کاتێک “R” لە ١ کەمتر یان یەکسانە بە ١، قازانج بە لە سەددا ٧٠/٣٠ لە بەرژەوەندیی حکومەت دابەش دەکرێت. ئەم هاوکێشەیە لە زۆربەی گرێبەستەکاندا بەکار دەهێنرێت. بە پێی مادەی ٢٦، بڕگەکانی ٤ و ٥. R = X/Y = X داهاتی کەڵەکەبوو = Y تێچووی کەڵەکەبوو R < or = 1 30% 1 < R< or = 2 30 – (30 – 15) * (R – 1) / (2 – 1) R > 2 15% لە باری نموونەییدا بۆ حکومەت ڕێژەی ٨٥٪ی قازانجی بەر دەکەوێت و کۆمپانیاکانی نەوت ڕێژەی ١٥٪ی قازانج. بەڵام پشکی حکومەت لێرەدا تەواو نابێت، بەڵکوو حکومەت لە ڕێی کۆمپانیای کیپکۆوە بەشدارە لە قازانجی کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆیە لە پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان جارێکی تر حکومەت بە ناوی کۆمپانیای کێپکۆوە پشکی ٢٠٪ی هەیە. چارتی ژماره (2) چۆنیەتیی دابەشکردنی پشکەکان بە پێی گرێبەستەکانی هەرێم ٥. گرێبەستی خزمەتگوزاری لەم گرێبەستەدا حکومەت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوت دەکات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کە کرداری گەڕان و پشکنین و بەرهەمهێنان یاخود پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەم لە کێڵگەیەکی دیاریکراودا ئەنجام بدات، لەبەرانبەر ئەو خزمەتگوزارییەدا کۆمپانیا بڕە پارەیەکی دیاریکراو یان گۆڕاو وەردەگرێت(١٦). هەروەک گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش، لەم جۆرە گرێبەستەشدا بەڵێندەر دەبێت تەواوی مەترسییەکانی گەڕان لەئەستۆ بگرێت و هیچ قەرەبووکردنەوەیەک بۆ وەبەرهێنانەکانی وەرناگرێت ئەگەر لە دۆزینەوەی بازرگانیدا سەرکەوتوو نەبێت. ئەم گرێبەستە چەند جۆرێکی هەیە: تەنها خزمەتگوزاری، خزمەتگوزاریی مەترسیدار و خزمەتگوزاریی تەکنیکی. ٥.١. گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی لە بنەڕەتدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت یان نۆژەنکردنەوەی کێڵگەیەک بەکار دەهێنرێت. ئەم گرێبەستانە دەتوانن لە ڕێگەی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشەوە، یان لەژێر سیستمی ئیمتیازیشدا ئەنجام بدرێن. ئەم گرێبەستانە پەیوەستن بە کێڵگە هەبووەکان، یان کێڵگە جێهێڵراوەکانەوە. بەگشتی، مەرجە داراییەکانی توندن بە هۆی کەمیی مەترسییەوە. ئەم جۆرە لە کێڵگەی ڕومەیلە پەیڕەو دەکرێت. حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەوەی خاوەنی پێنجەمین گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا و لە ساڵی (١٩٧٢)ەوە نەوتی خۆماڵی کردووە و چەندین کۆمپانیای لە بوارە جیاکانی پڕۆسەکانی نەوتدا هەیە، هەر لە گەڕان و پشکنین تا هەڵکەندنی بیر و گواستنەوە و بەبازاڕکردنی نەوت، بەڵام ئاستی بەرهەمی زۆر کەمتر بووە لەو یەدەگە زەبەلاحەی کە هەیەتی. هەندێک لە هۆکارەکان بۆ ئەو شەڕە یەکلەدواییەکانە دەگەڕێنەوە کە عێراق پیایدا تێپەڕیوە لە چوار دەیەی ڕابردوودا. پێش ڕووخانی ڕژێم، لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئاستی بەرهەمی نەوتی عێراق بەتێکڕا بریتی بوو لە ٢ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار بەرمیل(١٧) و لە کاتی کاراکردنی گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی گەڕی یەکەم بەتێکڕا بەرهەمی ڕۆژانەی ناوچەی گرێبەستەکان ١ملیۆن و ٩٦٨ هەزار بووە(١٨). بە ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی و زیادکردنی بەرهەم، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨دا پەنای بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا برد و لە ڕێی گەڕەکانی مۆڵەتپێدانەوە (جولات التراخیص) و جۆری ئەو گرێبەستەی عێراق پەنای بۆ برد؛ گرێبەستی خزمەتگوزارییە. لە چوار خولی گرێبەستدا، ١٨ گرێبەستی خزمەتگوزاری واژوو کراوە، چوار گرێبەست لە خولی یەکەمی مۆڵەتدان، حەوت لە خولی دووەم، سێ لە سێیەم و چوار لە خولی چوارەم، جگە لە گرێبەستی کێڵگەی نەوتی ئەحداب و گرێبەستی کێڵگەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا/بەشی باشوور(١٩). هەروەها خولی پێنجەمی گرێبەستەکان بریتی بوو لە تەرخانکردنی شەش کێڵگە بۆ وەبەرهێنانی بیانی، کە چواریان کێڵگەی نەوت و دووانیان کێڵگەی گازن. ٦. خاڵە هاوبەشەکانی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش و گرێبەستی خزمەتگوزاری گرێبەستی درێژخایەنن، ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵ. حکومەت خاوەندارێتیی نەوت و گازی لەبەردەستە. پاداشتی واژووكردنی گرێبەست لە هەردوو گرێبەستەکەدا هەیە. کۆمپانیا خەرجییەکانی وەردەگرێتەوە ساڵانە بە ڕێژەیەک کە لە گرێبەستدا دیاری کراوە. کۆمپانیای نیشتمانی بە ڕێژەیەک بەشدار دەبێت لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتیدا. وەرگرتنی باج لەو بڕە قازانجەی کۆمپانیا یان بەڵێندەر دەیکات. ٧. خاڵی جیاواز لە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش و گرێبەستی خزمەتگوزاری لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم، حکومەت لە کۆی بەرهەمی کێڵگەکە ڕێژەیەک نەوت یان بەهای نەوت وەردەگرێت وەکوو موڵکانە کە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ١٠٪ی کۆی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاریدا موڵکانە نییە. لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم، کۆمپانیای نێودەوڵەتی کاتێک دەگات بە نەوتی بازرگانی بەشدار دەبێت لە پشکێکی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، واتە خاوەنداریی بەشێک لەو نەوتە دەکات یان بەهای نەوتەکە، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاریدا کۆمپانیا بڕێک پارە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک وەردەگرێت، دەکرێت بە پێی گرێبەستەکە تەنها بڕە پارەیەکی دیاریکراو یان گۆڕاو بۆ هەر بەرمیلێک وەربگرێت یان لەبریی پارە؛ نەوت یان گاز وەربگرێت و خاوەنداریی ئەو بڕە دەکات وەک پشکی خۆی. گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش زیاتر سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕادەکێشێت، بەتایبەت لە کێڵگە بچووک و مەترسیدارەکان، چ مەترسیی جیۆلۆجی یان سیاسی و ئەمنی کە بە شێوەیەکی گشتی کێڵگەی نوێن و لە قۆناغی گەڕان و پشکنینەوە دەست پێ دەکەن. کۆمپانیا لەبریی ئەو مەترسییانە، بڕێکی زیاتر قازانج دەکات لە کاتێکدا گرێبەستی خزمەتگوزاری زیاتر لە کێڵگەی زەبەلاح و ئامادە (پێشتر وەبەرهێنانی تیاکراوە)دەکرێت، وڵاتی خانەخوێ بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە توانای تەکنیکی و تەکنەلۆجی و زیادکردنی بەرهەم پەنای بۆ دەبات. لە گرێبەستەکانی هەرێمدا سەقفی وەرگرتنەوەی خەرجیی کۆمپانیا لەنێوان ٤٠٪ بۆ ٤٥٪دا دەبێت، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاریی حکومەتی فیدراڵدا ئەم سەقفە بە ٥٠٪ی کۆی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە(٢٠). پاشان لەوەی دەمێنێتەوە کە پێی دەوترێت نەوتی قازانج لە گرێبەستەکانی هەرێم، بە پێی هاوکێشەیەکی ماتماتیکی لەنێوان ٧٠٪ بۆ ٨٥٪ بۆ حکومەت و ٣٠٪ بۆ ١٥٪ کۆمپانیا دەبێت، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاری، حکومەتی فیدراڵ ڕێژەیەکی جێگیرە بۆ هەر بەرمیلێک کە لە بەرهەمی ئەو کێڵگەیە زیاد دەکرێت، ڕێژەکە لەنێوان ١.٢٥ بۆ ٦ دۆلارە، لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی تر دەگۆڕێت(٢١). لە هەردوو جۆری گرێبەستەکەی حکومەتی هەرێم و فیدراڵدا، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت بە ڕێژەیەک بەشدارە لە گەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لەنێوان ٢٠٪ بۆ ٢٥٪ بە پێی گرێبەستەکان دەگۆڕێت. لە هەرێم لە قازانج بەشدارن و لە حکومەتی فیدراڵ لە کرێی خزمەتگوزاری . لەو بەراوردەی سەرەوەدا، دەردەکەوێت هەردوو جۆری گرێبەستەکان خاڵی هاوبەشیان زۆرە. لە ڕووی پێکهاتەوە جیاوازیی زۆریان نییە، هەریەکەیان خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی خۆیان هەیە، بەتایبەت کاتێک نرخی نەوت نزمە، بە پێی بنەما سەرەکییەکانی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش زیاتر لە بەرژەوەندیی حکومەتە و داهاتی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆی. بەڵام کاتێک نرخی نەوت بەرزە، کۆمپانیاکان لە گرێبەستی هاوبەشیکردندا قازانجیان زیاد دەکات، بەڵام لە خزمەتگوزاری و بەتایبەت ئەوەی حکومەتی فیدراڵ؛ کۆمپانیا ڕێژەکەی جێگیرە و داهاتی حکومەت لە کاتی بەرزیی نرخدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. خاڵێکی لاوازی گرێبەستی خزمەتگوزاریی حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە کرێی خزمەتگوزارییەکە جێگیرە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بەرهەمی دەهێنن، لە کاتی نزمیی نرخی نەوتدا کرێی کۆمپانیا هەمان کرێیە کە نرخ بەرزە، ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی داهاتێکی کەم بۆ حکومەت و داهاتێکی زیاتر بۆ کۆمپانیا، لە ئەنجامدا لەبەر ئەوەی زۆر پشت بە داهاتی نەوت بەستراوە، کێشە بۆ بودجەی حکومەت دروست دەبێت. لە کاتی پەتای کۆرۆنادا و دابەزینی نرخی نەوتدا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ئەمە بەڕوونی دەرکەوت. خاڵێکی تری هاوبەشی هەردوو گرێبەستەکە، خەرجیی کۆمپانیاکانە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە تا کۆتایی ژیانی کێڵگەکە. حکومەت بەڕێوەبردنی کێڵگەکان دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیادا لە ڕێی لیژنەیەیەکی هاوبەشەوە لەنێوان کۆمپانیای نەوت و حکومەتدا و بڕیاری کۆتایی لای حکومەتە، بەڵام ئەگەر نوێنەری حکومەت لە ئەم لیژنەیەدادا بەتوانا و کارا نەبن، ئەوا دەبێت بە سەرچاوەی بەهەدەردان و گەندەڵی. ڕاستە پلانی پەرەپێدانی کێڵگەکە لەلایەن وەزارەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و قبووڵ دەکرێت، بەڵام لە پراکتیزەکردندا ئەم پلان و بەرنامانە چەندین جار گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت و پێویستی بە دەستەیەکی بەتوانا و کارا هەیە لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکاندا، ئەگەرنا دەرئەنجام خەرجی و تێچوو زیاد دەکات. ئەم خاڵە زۆر بەڕوونی هەستی پێ دەکرێت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستاندا پاش ئەوەی کە هەندێ کێڵگەی هەرێم زیاد لە ١٥ ساڵە نەوت بەرهەم دەهێنن، بەڵام هێشتا ئاستی خەرجییەکان زۆر بەرزە و بە پێی لێکدانەوەکان بۆ ڕاپۆرتەکانی حکومەت هێشتا پشکی حکومەت لە هاوکێشەی دابەشکردنی قازانجدا نەگەیشتووەتە باری نموونەیی. ٩. داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەتی هەرێم بە پێی بەرز و نزمیی نرخی نەوت (PSA) لە ساڵی ٢٠٢٠دا کاتێک نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم بەتێکڕا ٢٨ دۆلار بوو، بڕی نزیکەی ١٦٦ملیۆن بەرمیل هەناردە کراوە و لە ناوخۆدا بەکار براوە، کۆی داهاتی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە نزیکەی ٣٤,٤ ملیار دۆلار، لەم بڕە ١.٧٦ ملیاری بۆ کۆمپانیاکانی نەوت ڕۆیشتووە و زیاتر لە ٩٥٠ ملیۆنیش بۆ گواستنەوە ڕۆیشتووە(٢٢) کە ڕێژەی کۆمپانیاکانی نەوت لە کۆی داهات، ٣٩.٦٪ بووە و ڕێژەی کرێی گواستنەوەش لەو ماوەیەدا ٢١.٤٪ بووە کە بەسەریەکەوە خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بریتی بووە لە نزیکەی ٦١٪ی کۆی داهات. کاتێک نرخی نەوت لە ١٠٠ دۆلاردا بوو، لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٢دا بڕی ٤٠ ملیۆن و ٣١٦ هەزار بەرهەم هاتووە و بەکار براوە، کۆی ٣ ملیار و ٧٨٩ ملیۆن داهاتی نەوتی ئەو ماوەیە بووە. لەم بڕە ١.٦٣٢ی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت چووە کە دەکاتە ٤٣٪ی کۆی بەرهەم، بڕی ٢٥٩٠ ملیۆن بۆ کرێی گواستنەوە چووە کە دەکاتە ڕێژەی ٦.٦٪ی کۆی داهات و کە ئەم ڕێژەیە کەمترین ئاستە لە چەند ساڵی ڕابردوودا (کرێی بۆریی ناو هەرێم کەمترە لە ١٪ی کۆی بەرهەم، لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا لەنێوان ٦٪ بۆ ١٥.٥٪دا بووە(٢٣))، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرێم بە گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی نێوان کۆمپانیای “کار-گازپرۆم”دا چووەتەوە. ئەم بەراوردە بەو دەرەنجامەمان دەگەیەنێت کە بە پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش، کاتێک نرخی نەوت نزم بووە؛ کۆمپانیاکان داهاتی زۆرتریان دەست کەوتووە لەو کاتانەی کە نرخی نەوت زۆر بەرز بووە، ئەمەش بۆ کێشە لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و خەرجیی کۆمپانیاکان لە لایەک و لە لایەکی تر جێبەجێنەکردنی گرێبەستەکان وەکوو خۆی دەگەڕێتەوە، بەتایبەت کە سەیری ڕاپۆرتی دیلۆیتی چارەکی دووەمی ٢٠٢٠ دەکەین، کۆمپانیاکان ٨٤.٨٪ی هەموو داهاتی نەوتی ئەو ماوەیەیان وەرگرتووە کە ئەمە لەگەڵ دابەشکردنی پشکەکانی گرێبەستەکانی هەرێم یەک ناگرێتەوە(٢٤). سەرچاوەی خشتەكان: ژمارەکان لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێم وەرگیراوە. ١٠. کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی گرێبەستی خزمەتگوزاری زیادکردنی داهات لەنێوان ساڵەکانی (٢٠١١ -٢٠١٥)دا، کۆی بەرهەمی زیادەی کێڵگەکانی خولەکانی مۆڵەتی ١و ٢ بریتی بووە لە ٢.٣ ملیار بەرمیل نەوت لە کۆی بەرهەمی ٤.٧ ملیار کە دەکاتە ڕێژەی نزیکەی ٥٠٪، دەرئەنجامی ئەم زیادەیە لە بەرهەم بڕی ١٧٥.٦ ملیار دۆلار لە کۆی داهاتی ٣٩٥.٥ ملیار دۆلار دەست حکومەت کەوتووە، کە دەکاتە نزیکەی ٤٤٪ی داهاتی ئەو کێڵگانە(٢٥). تێچووی نەوت کە لەو ماوەیەدا دراوە بە کۆمپانیا نەوتییەکان، بریتی بووە لە نزیکەی ٤٥.١ ملیار دۆلار، وە قازانج یان کرێی کۆمپانیاکان ٢.٢ ملیار دۆلار بووە، لە هەمان کاتدا گەڕاوە بۆ حکومەتی فیدراڵ بریتی بووە لە نزیکەی ٣٤٨.٣ ملیار دۆلار بە پشکی کۆمپانیای هاوبەشی حکومی و باجەوە. ڕێژەی دابەشکردنی داهاتە داراییەکان ڕێژەی قازانجی کۆمپانیا بەڵێندەرەکان لە کۆی داهات: ٠.٥٧٪ ڕێژەی شایستەکان لە کۆی داهات: ١١.٩٪ ڕێژەی کۆی داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەت: ٨٨.١٪ کۆی تێچوو (بەرهەمهێنان و کارکردن) بۆ هەر بەرمیلێك بریتییە لە ١٠.٥ دۆلار(٢٦). ئاسان نییە ئاستی بەرهەم و زیادکردنی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەراورد بکەین، چونکە کێڵگە نەوتییەکانی فیدراڵ هەندێکیان کێڵگەی نەوتی زەبەلاحن نەک لە عێراقدا بەڵکوو بە کێڵگەی زەبەلاحی جیهانی ئەژمار دەکرێن و لە هەمان کاتیشدا ئەو کێڵگانە لە کاتی بەرهەمهێناندا بوون و گرێبەستەکان بۆ زیادکردنی بەرهەم کراون، بەڵام کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کێڵگەی زۆر بچووکترن، هەندێکیان چەند بیرێکی تێدا بوو جێ هێڵرابوون، وەکوو تاوکی، تەقتەق، ئەوانی تر لە قۆناغەکانی سەرەتای گەڕان و پشکنینەوە دەست پێ کراون، واتە لە سەرەتای پڕۆسەکەوە، بۆیە مەترسیی دۆزینەوەی نەوت زیاترە بەراورد بە گرێبەستەکانی حکومەتی فیدراڵ کە بریتی بوون لە پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم بەخێرایی بەرەو قۆناغی پەرەپێدان چوو. بەرهەمهێنانی نەوت لە ٧٥,٠٠٠ بەرمیل لە شوباتی ٢٠١١دا بۆ ٢٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ٢٠١٢دا بەرز بوویەوە و ئامانجی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوە بوو تا ساڵی ٢٠١٥ بەرهەم بگەیەننە یەک ملیۆن بەرمیل و لە ساڵی ٢٠١٩دا بۆ ٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە(٢٧)، نەک ئەو ئامانجە نەهاتە دی، بەڵکوو ئێستاش دوای ١٠ ساڵ لەو ڕاگەیاندنەی حکومەت و کەوتنە بەرهەمی چەند کێڵگەیەک، لەگەڵ ئەوەی کێڵگەی خورمەڵەش کە کێڵگەیەکی ئامادەی نەوت و گازی حکومەتی فیدراڵ بوو خرایە سەر کێڵگەکانی هەرێم و لەو کاتەدا و ئێشتاش بەرهەمی ڕۆژانەی مەزندە دەکرێت بە ١٤٠ هەزار بۆ ١٧٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەڵام بە پێی لێکدانەوە بۆ دوایەمین ڕاپۆرتی دیلۆیت، لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٢دا بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی هەرێم بەتێکڕا بریتی بووە لە ٤٤٣ هەزار بەرمیل نەوت(٢٨) کە ئەگەر نەوتی خورمەڵەی لێ دەربکەین، لە باشترین گریمانەدا نزیکەی ١٠٠ هەزار بەرمیل ئاستی بەرهەم زیادی کردووە لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا، واتە ٠٥٪ی ئەو ئامانجەی کە دانرابوو لە ساڵی ٢٠١٩دا پێی بگەن. چارتی ژمارە (3) زیادکردنی بەرهەمی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٢ سەبارەت بەو ئامانجانەی حکومەتی فیداراڵ داینابوو بۆ ئاستی بەرهەمی نەوت پێی بگات، بەم شێوەیە بوو: حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٩دا چەند گرێبەستێكی خزمەتگوزاریی واژوو کرد بە ئامانجی ئەوەی لە ماوەی ٦ ساڵدا ئاستی بەرهەم بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە(٢٩)، پاشان ئامانجی بۆ ٩ ملیۆن بەرمیل دابەزاند، دوایەمین جاریش لە ساڵی ٢٠٢٢دا وەزارەتی نەوت ئامانجیەتی کە تا ساڵی ٢٠٢٧ ئاستی بەرهەمهێنانی بگەیەنێتە ٨ ملیۆن بەرمیل. لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەم لە ٢ ملیۆنەوە بۆ ٤،٥ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بووەتەوە(٣٠) کە دەکاتە ڕێژەی ١٢٥٪، بەڵام هێشتا زۆری ماوە ئاستی بەرهەم بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی کە ئامانجیانە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە: ناسەقامگیریی بازاڕی نەوت و خستنەڕووی نەوتێکی زۆر کە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زۆری نەوت لە بازاڕی جیهاندا، کە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیکی ناچار کردووە لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە ئاستی بەرهەمیان کەم بکەنەوە و سنوورداری بکەن لە پێناو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت (مەبەست لێی هێشتنەوەی نەوتە لە ئاستێکدا کە لێی ڕازی بن و ڕێگری بکەن لە دابەزینی زۆری). عێراقیش وەکوو دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئۆپیک و دووەمین گەورەوەبەرهێنی ناو ڕێکخراوەکە، پابەند بووە بە دیاریکردنی ئاستی بەرهەمیەوە. بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید ١٩ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا لە چین و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا کە بووە هۆی کەمبوونەوەی زۆر خێرای خواست لەسەر نەوت، تا ئێستاش جیهان لەژێر سێبەری کاریگەرییەکانی دەربازی نەبووە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا وڵاتانی ناو ڕێکخراوی ئۆپیک و دەرەوەی ئۆپیک کە بە ئۆپیکپڵەس ناسراون، ڕۆژانە ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە بازاڕ گرتەوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا، جارێکی تر دوای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ئەو بڕەی کە لە بازاڕ گیراوەتەوە؛ لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەتەواوەتی بگەڕێنرێتەوە بۆ بازاڕ، بەڵام هاوپەیمانییەکە جارێکی تر ڕێک کەوتن بڕی یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە تا کۆتایی ٢٠٢٣ لە بازاڕ بگرنەوە. ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسییش هۆکارێکی ترە کە وەبەرهێنان کەمتر بکرێت. پابەندبوونی ئەندامانی ڕێکخراوەکە یارمەتیدەر بووە کە نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتە بە بڕێکی کەمتر داهاتێکی زیاتریان دەست دەکەوێت، لە هەمان کاتدا ڕێگرە لە زیادکردنی بەرهەمیان. وڵاتە پیشەسازییەکان و بەتایبەت ڕۆژائاوا، بە شێوەیەکی خێرا ڕوو لە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە دەکەن، دەیانەوی خۆیان لە بەکارهێنانی نەوت کە سەرچاوەی وزەی پیسە؛ دوور بخەنەوە و ئەوەی ئەم هەوڵانە خێراتر دەکات جەنگی ئۆکرانیایە و ئەو کێشانەیە کە ڕووبەڕووی ئەورووپا بوونەتەوە و ئاسایشی وزەی بۆ دروست بووە. عێراقیش وەکوو ئەندامی ڕێککەوتننامەی پاریسی ساڵی ٢٠١٥، پەیوەستە بە ڕێککەوتنەکەوە. بە پێی ڕێککەوتنەکە، پێویستە بە زووترین کات دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکرێتەوە، تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکەم بگاتە سفری پاك (zero emission). بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیهان لە خوار )1.5( پلەی سەدی بمێنێتەوە، پێویستە تا ساڵی 2030 ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە نزیکەی (٥٠٪) کەم بکرێتەوە(٣١). بۆیە جێبەجێکردنی و گەیشتن بەو ئامانجە بەربەستی زۆری لە بەردەمدایە و جیهان بە ئاڕاستەی کەمکردنەوی بەکارهێنانی نەوت چ لە پیشەسازی یان بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل هەنگاو دەنێت، بۆیە لەبریی ئەوە گرنگە سیاسەتی وزەی حکومەتی فیدراڵ و لەگەڵیشیدا هەرێم بە ئاڕاستەی سیاسەتی جیهان بێت، هەنگاوی جددی بنرێت بۆ فرەکردنی سەرچاوەکانی وزە لە وزەی نوێبووەوە (با و خۆر). ١١. بڕیاری دادگا و کاریگەرییە هەرێمایەتییەکان ئەم داوایە ڕاستە لە ٢٠١٢دا تۆمار کراوە و چەندین جار لە قۆناغە جیاجیاکاندا دوا خراوە و هۆکارەکەشی بۆ ڕێککەوتنە سیاسییەکان دەگەڕایەوە، بۆیە هەلومەرجی پێش دەرچوونی بڕیارەکە ناتوانرێت نادیدە بگیرێت. لەدوای دروستبوونی عێراقی نوێوە، وڵاتە هەرێمایەتییەکان و لە ناویشیاندا ئێران و تورکیا بە شێوەیەکی بەهێز ئامادەییان هەیە لە عێراقدا و کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی شتێكی شاراوە نییە، بەرژەوەندیی ئابووریی بەهێزیان هەیە، لە ناویشیاندا وزە. هەلومەرجەکانی پێش دەرچوونی بڕیاری دادگا لەسەر کەیسی نەوتی هەرێم، عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو و پڕۆسەی سیاسی بەرەو بنبەست دەچوو. لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لە ململانێیەکی بەهێزدا بوون و بەتایبەت نێو ماڵی شیعە کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووبوون، لە لایەک موقتەدا سەدر زۆرترین کورسیی هێنابوو، لە لاکەی تر مالیکی و هاوپەیمانەکانی بوو. کورد لەگەڵ ئەوەی داوای (چاوەڕێی) لێ دەکرا نەکەوێت بەلای ململانێکانی نێو ماڵی شیعەدا، بەڵام کورد بەیەکگرتوویی نەچووە بەغداد. پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی زۆرترین کورسیی هەرێمە، لەگەڵ خاوەن زۆرترینی کورسی شیعەکان کە فراکسیۆنی سەدر بوو کەوتە بەرەیەکەوە و لە بەرانبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەلای چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیکی و هاوپەیمانەکانی)دا کەوت کە ئەمەی دووەمیان ئێران پشتگیریی دەکات. لەدوای دروستبوونی عێراقی نوێوە، ئێران یاریچییەکی سەرەکییە لە عێراق و کاریگەریی گەورەی هەیە لە ڕووی سیاسی و ئەمنی یان لە ڕووی ئابووری و وزەوە. عێراق بۆ ئێران هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ نەیارە تەقلیدییەکەیدا کە ئەمەریکایە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەمەی ئێستاشەوە نابێت ڤیۆتۆی ئێرانی لەسەر بێت بۆ پێکهێنان. تا سەدر ناچار بە کشانەوە و سوننە و پارتییش وەک خاوەن زۆرترین کورسییەکانی کورد بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی نەکرا، ئاسۆی پێکهێنانی حکومەت ڕوون نەبوو. لە ڕووی ئابوورییشەوە لەگەڵ ئەوەی عێراق بازاڕێکی گەورەی کاڵاکانی ئێرانە، لە هەمان کاتدا توانیویەتی بە هۆی پێداویستیی زۆری عێراق بە وزە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ببێت بە هەناردەکەرێکی سەرەکیی گاز بۆ عێراق، سەرەڕای گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەری و لەم بوارەدا چەند گرێبەستێکی واژوو کراوە بە نرخێکی زۆر زیاتر لە نرخی بازاڕ و بوویە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆی، ئەمەریکاش چاوپۆشیی لێ کردووە. لەگەڵ ئەوەی هەوڵی فرەسەرچاوەکردنی سەرچاوەی دابینکردنی کارەبا دەدرێت لەلایەن عێراقەوە، بەڵام ئێران ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکوو ماوەی پەیوەستبوونی عێراق پێوەی بۆ دابینکردنی وزە درێژ بکاتەوە. لە هەمان کاتدا عێراق بازاڕێکی گەورەی دەستخستنی دراوی قورسە بۆ ئێران بەتایبەت دۆلار و بووە بە دەروازەیەک لە ڕێیەوە دەتوانێت هەناسەیەک بدات. ئێران بە هێڵێکی گاز بەستراوەتەوە بە تورکیاوە، بڕێکی زۆر بە نرخێکی تا ڕادەیەک گران گاز هەناردەی تورکیا دەکات)٣٢) و ساڵی ٢٠٢٦ گرێبەستی نێوانیان کۆتایی دێت و مەترسیی ئەوەی لەسەر بوو کە گرێبەستەکە نوێ نەکرێتەوە ئەگەر تورکیا بژاردەی باشتری لە بەردەمدا بێت. هەروەها هیوای ئەوەی هەیە لە ڕێی تورکیاوە ببێت بە یاریچییەکی گەورەی گاز بۆ ئەورووپا و بۆشایی ڕووسیا پڕ بکاتەوە. هەوڵی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری گازدا، بەتایبەت دوای لێسەندنەوەی هەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی کە لە قۆناغی پەرەپێداندا بوو و ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای گازی گەورەدا، هەروەها پلانی زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە دوو قۆناغ لە یەکەمدا بەرهەم ٥٠٪ زیاد بکەن و بەرهەمی گاز بگەیەننە ٦٩٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و پاشتر یەک ملیار پێ سێجا تا ساڵی ٢٠٢٤(٣٣). لێرەوە هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و بە مەترسی بۆ سەر ئەو بەرژەوەندییانەی ئێران ئەژمار دەکرێت کە لە سەرەوە باس کران، بەتایبەت کە باسی ئەوە دەکرا هەرێم تا ساڵی ٢٠٢٦ دەتوانێت پێداویستیی ناوخۆی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ پڕ بکاتەوە و گاز بۆ تورکیا هەناردە بکات(٣٤). لێدوانەکانی بەرپرسانی هەرێم بەبەردەوام بەوەی هەرێم دەبێت بە هەناردەکەری گازی سروشتی بۆ تورکیا و پاشتر بۆ ئەورووپا، تەنانەت ئەوانەشی باسی دابینکردنی گازی سروشتی دەکەن بۆ حکومەتی فیدراڵ، مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران چ لە عێراق و چ لە تورکیا دروست دەکات ئەگەر لە ماوەی کورتیشدا نەبێت، لە ماوەی مامناوەند و دووردا. لە لایەکی تر، حەزی بەسەنترالیزەکردنی سێكتەری نەوت و سیاسەتی نەوت لەلایەن سیاسییەکانی عێراقەوە و ئامادەکردنی زەمینە بۆی لە ڕێی لێدوانەکانی بەرپرسانەوە بەتایبەت وەزارەتی نەوت، تاوەکوو لە ئەنجامدا ڕایەکی گشتیی لەسەر دروست بکەن کە ناکرێت لە عێراقدا دوو سیاسەتی جیای نەوت هەبێت و هەرێم نەوت هەناردە بکات و بە هۆیەوە زیانی زۆر بە ئابووریی عێراق دەگەیەنێت بەوەی کە لە لایەک نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەی ناگەڕێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە عێراق پابەندە بە ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئۆپیکەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت و نەوتی هەرێمیش هەر نەوتی عێراقە و بەمەش ناچارین بەرهەم کەم بکەینەوە. ئەو هەلومەرجانە پێش دەرچوونی بڕیارەکەی دادگا بوون، بۆیە وا دەبینرێت بەو هەژموونە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەی ئێران هەیەتی لەناو عێراقدا بارگاوی بووبێت. ١١. دەرئەنجام لەگەڵ ئەوەی کێشەکانی مەلەفی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر زیاد لە ١٠ ساڵە بەردەوامە، بەڵام هەمیشە لە ڕێی ڕێککەوتنی کاتیی سیاسییەوە چارەسەرەکان دوا خراوە. لەدوای ساڵی (٢٠٠٥)ەوە، ساڵ دوای ساڵ پێگەی کورد لە بەغدا لاوازتر دەبینرێت. لە کاتی بەهێزیی هەرێم و بوونی زۆرێک لە کەسە یەکەمەکانی حیزبە سیاسییەکان و سیاسییە خاوەن پەیوەندییە زۆرەکان، چ لەگەڵ ناوەندی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمەریکی و بەریتانییەکان، چ لەگەڵ سیاسییەکانی بەغدا، بەڵام نەتوانرا لە ساڵی ٢٠٠٧دا یاسای نەوت و گازی فیدراڵی تێپەڕێنرێت لە پەرلەمان، گۆڕانکاری بەسەر ئەو ڤێرژنەدا هات کە کورد لای پەسەند بوو، هەر ئەوکات زۆرێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی عێراقیی بواری نەوت و یاسا کەوتنە دژایەتیکردنی ڕەشنووسی یاساکە و لە چەندین بۆنە و سیمینار و بابەتی شیکاری و تەنانەت بە نووسینی کتێبیش لەو بارەوە دژایەتیی خۆیان بۆ ڕەشنووسی یاساکە دەربڕی و بە دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقیان مەزەندە کرد. دوای ئەوەی یاساکە پەک خرا، بەدوایدا داوا دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تۆمار کرا و پاشتر نەتوانرا ڕێگری بکرێت لە دەرنەچوونی بڕیار دژی مامەڵەی هەرێم لەگەڵ سێكتەری نەوت، وەزارەتی نەوت هەر خێرا دەستی کرد بە فشارکردن لە هەرێم و داوای گرێبەستەکانی نەوتی دەکرد بۆ پێداچوونەوە و دروستکردنی کۆمپانیای نەوتی هەرێم کە فەرمان لە وەزارەتی نەوتەوە وەربگرێت بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و هەڕەشەکردن لە هەرێم لە ڕێی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەناردەی نەوت و کڕیارانی نەوتی هەرێمەوە و تا ئێستاش فشار و هەڕەشەکان بەردەوامە. بەشێکی لاوازیی کورد لە بەغدا بۆ پەرتەوازەیی و نەبوونی یەک گوتاری سیاسی و ڕەنگدانەوەی کێشەکانی ناوخۆی هەرێم لە بەغداد و نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتووی نەوت و گاز دەگەڕێتەوە. سیناریۆكان سیناریۆی یەکەم: فشارەکانی وەزارەتی نەوت بەردەوام دەبێت لەسەر حکومەت و کۆمپانیاکان و کڕیارانی نەوت و وڵاتی تورکیا بەوەی ڕێگری بکرێت لە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، تا وای لێ دێت هەرێم ناچار دەکەن بە ڕادەستکردنی هەموو مەلەفی نەوت بەرانبەر بە دابینکردنی بودجە. هەر چەند ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت بەو ئەنجامە دەگەین، بەڵام ئەگەرێکی زۆر لاوازە لەبەر تێکهەڵپژانی بەرژەوەندییەکان بەتایبەت کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا و تورکیا. سیناریۆی دووەم: مانەوەی بارودۆخەکە وەکوو پێش ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر بەرهەمهێنان و هەناردە و بەبازاڕکردنی نەوت بمێنێتەوە و فشار بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگا و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و تیایدا بەڕێوەبردنی نەوت و فرۆشتنی لە بەرژەوەندیی هەرێم جێگیر بکات. ئەم سیناریۆیە بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی گوتاری هەرێم و هەوڵدان بۆ دەستکەوتی حیزبی لە بەغداد و شەڕی پشکەکان و جیاوازیی ڕوون لە بۆچوونی لایەنە کوردییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز، وای لێ دەکات ئەگەرێکی لاواز بێت. بەڵام ئەگەر وڵاتانی هەرێمی و ڕۆژئاوا لە بەرژەوەندیی هەرێم فشار بکەن لەسەر حکومەتی فیدراڵ، ئەوا ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە زیاد دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسی بەبێ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، بەڵام دیسان ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی و پتەو نابێت. سیناریۆی سێیەم: مانەوەی بەڕێوەبردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان و هەناردەکردنی لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بخرێتە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە مەرجێک شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و ئیلتیزاماتی هەرێم بەرانبەر کڕیارانی نەوت بگوازرێتەوە بۆ سمۆ و بە شێوەیەک لە یاسای نەوت و گازی فیدراڵیدا جێگیر بکرێت. لە بەرانبەردا حکومەتی فیدراڵ پابەند بکرێت بە ناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەبەردەوامی. ئەم سیناریۆیە زیاتر لە واقیعەوە نزیکە. ڕاسپاردەكان لە بەغداد چی بکرێت؟ گرنگە هەرێم بە یەک گوتار لە بەغداد بێت، دوو دیدیی جیاوازی بۆ نەوت و گازی نەبێت و چارەسەری کێشەی نەوت و گاز مەرجی سەرەکیی بەشداریی بێت لە گفتوگۆی پێکهێنان و بەرنامەی حکومەتی نوێ. دەبێت لە زووترین کاتدا هەرێم ڤێرژنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی ئامادە بکات، بڕگەکانی بە شێوەیەک دابڕێژرێت کە کەمترین بوار بدات بە لێکدانەوەی جیاواز. پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە وەزارەتی نەوتدا لە پشکی کورد هەبووە، هەر لە جێگری وەزیری نەوت تا جێگری سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بە مەرجی ئەوەی کەسی شارەزا و خاوەن دەسەڵات بن و دانەبڕێن لە هەرێم و بەتایبەت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. سەبارەت بە فرۆشی نەوتی هەرێم، ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت نەرمی بنوێنێت لە ڕێی سۆمۆوە بیفرۆشێت، چونکە سۆمۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە ٨ بۆ ٩ دۆلار زیاتر لە هەرێم دەفرۆشێت، بەمەش داهاتێکی زیاتر دابین دەکات. ئەم خاڵە چ لە هەرێم، چ لە شەقامی عێراقیش وەبەرهێنانی زۆری تێدا کراوە و پێگەی وتوێژی هەرێمی لاواز کردووە، ڕازی بوون بەوە بەو مەرجەی شایستەی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکرێت لەڕیی مسۆگەرکردنی پشکی هەرێم لە بوجەی فیدراڵ و هەموو شایستەداراییەکانی. دەتوانرێت ئەم خاڵە بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر حکومەت و لە ئەنجمدازەمینەی باشتر بۆ گفتوگۆ بڕەخسێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، لە ڕێی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و نێودەڵەتییەکانیەوە هەوڵی دروستکردنی فشار بدرێت لەسەر بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و گازیش لە ڕێی وڵاتەکانیانەوە کەرەستەیەکی باشن بۆ ئەم فشارانە. لە هەرێم چی بکرێت؟ لەم لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت کە بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێم لە ڕابردوودا لە کێڵگە نەوتییەکان و جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی نەوت کێشەیان تێدا بووە، بەوەی خەرجیی کۆمپانیاکانی نەوت و گواستنەوە زۆرن و هەندێ جار بە پێی داتا فەرمییەکان گرێبەستەکان وەکوو خۆی جێبەجێ نەکراوە. بۆیە پێویستە چاکسازیی ڕیشەیی لە بەڕێوەبردنی کۆی پڕۆسەی نەوتدا بکرێت، هەر لە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت تا بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و گرێبەستی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت، قۆناغ بە قۆناغ چی کراوە و چەند کاریگەر بووە ڕابگەیەنرێت تاوەکوو بواری شیکردنەوەی نادروست کەم ببێتەوە. هێزی کاری ناوخۆ یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجیی نەوت، لەگەڵ ئەوەی هەلی کار دەڕەخسێنێت دەبێتە هۆی پشتبەستنی زیاتر بە توانای ناوخۆ لە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت، دەبێت پشت بە توانا و لێوەشایی ببەسترێت نەک شتی تر. پێگەی ئەلکترۆنیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کارا بکرێت و زانیارییەکان نوێ بکرێنەوە و ڕاپۆرتی ئاستی بەرهەم و داهات (هەناردە و بەکاربردن) بە شێوەیەکی مانگانە بڵاو بکرێنەوە. کاتێک دەستگەیشتن بە زانیاری فەراهەم بکرێت، بواری گەندەڵی کەم دەبێتەوە و ئاستێک لە شەفافیەت دروست دەبێت لە بەرانبەردا بە ئەندازەی کەمبوونەوەی گەندەڵی متمانش دەگەڕێتەوە. سەرچاوەکان KRG, MNR, Prese release, (09/03/2007), “KRG publishes draft Federal Oil and Gas Law of Iraq in English and Arabic” http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/en/press-releases/110-krg-publishes-draft-federal-oil-and-gas-law-of-iraq-in-english-and-arabic.html. (accessed: 01/10/2022). Webb, Simon, (18/04/2007) “Iraq oil law to go to parliament”, https://www.reuters.com/article/uk-iraq-oil-law-idUKL1816130120070418, (accessed: 01/10/2022). Rosnef, Press release, (25/05/2018), “Rosneft and The Kurdistan Regional Government of Iraq signed Gas Business Development Agreement for Kurdish Region of Iraq” https://www.rosneft.com/press/releases/item/191055/, (accessed: 01/10/2022). Roonbeen, (21/04/2020), “KRG Oil & Gas Contracts” https://www.roonbeen.org/krg-oilgas-contracts/, (accessed: 05/10/2022). ایلاف، (١٠/٠٧/٢٠٠٧)، ” نص قانون النفط و الغاز العراقي الجدید” https://elaph.com/Web/Politics/2007/7/246807.html, (accessed: 05/10/2022). KRG, MNR, Press release, (25/08/2013), “A New PSC” http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/en/the-ministry/contracts/new-psc.html, (accessed: 08/10/2022). Hawrami, Ashti, (19/06/2013), “KRG oil policies produce real benefits and opportunities for Iraq’s citizens” http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/en/press-releases/159-minister-hawrami-s-speech-at-london-oil-conference-krg-oil-policies-produce-real-benefits-and-opportunities-for-iraq-s-citizens.html, (accessed: 10/10/2022). KRG,MNR, Press release, (04/12/2012), “Oil and gas conference opens in Erbil, ‘exploration capital of the world” http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/en/press-releases/147-oil-and-gas-conference-opens-in-erbil-exploration-capital-of-the-world.html, (accessed: 05/10/2022). المحكمة الاتحادية العليا، “تحكم بعدم دستورية قانون النفط والغاز لحكومة اقليم كردستان والغاءه”(١٥/٠٢/٢٠٢٢)، https://www.iraqfsc.iq/krarat/1/2012/59_fed_2012.pdf, (accessed: 10/10/2022). 10- یوتیوب،(٢٦/٠٩/٢٠٢٢)، “النفط اليوم وغدا.. أسعار مرتفعة وملفات شائكة في العاشرة مع كريم حمادي” https://www.youtube.com/watch?v=XI4R-dXkpG8” (متاح علی ١٣/١٠/٢٠٢٢). “Mazeel, Muhammed Abed, (2010), “Petroleum Fiscal Systems and Contracts”, Hamburg, DEU: Diplomica Verlag, P8. 12- “Production Sharing Contract, Shaikan Block, between the Kurdistan regional of Iraq and Gulf Keystone Petroleum International Limited and Texas Keystone Inc. and Kalegran Limited”,(06/11/2007), Page 66,68. Mezeel Mujammed Abed,Ibid, P18. PSC – Hillwood, (06/11/2007), “Production Sharing Contract, Sarsang Block, Kurdistan Region, between the Kurdistan region of Iraq and HKN Energy LTD” page 67-68. PSC – Hillwood,ibid, page 55 “Mazeel, Muhammed Abed,Ibid, P27. OPEC, (2003), “Monthly Oil Market Report”, https://www.opec.org/opec_web/en/publications/466.htm, (accessed: (11/10/2022). عبد المهدي حميد العميدي، (٢٠٠٨) “نظرة عامة على العقود النفطية لجوالت التراخيص في العراق”، صفحة٣. صباح الساعدي-عبد المهدي العميدي،(١/٨/٢٠٢٠) عقود التراخیص النفطیة مالها وما علیها، org/ar/عقود-التراخيص-النفطية-ما-لها-و-ما-عليها/، (متاح علی: ١٨/١٠/٢٠٢٢). “Technical Service Contract for Rumaila Oil Field” between South Oil Company of the Republic of Iraq and BP Iraq Limited and CNPC International (Iraq) limited and SOMO”, Article 19.2, page 33, (27/7/2009), https://s3.amazonaws.com/rgi-documents/24cf4f39ead2536ca9d94f5ad520a81cdb15ad38.pdf, (accessed: (15/10/2022). عبد المهدي حميد العميدي، مصدر السابق، صفحة ١. Deloitte, (20/06/2021), “Kurdistan Regional Government of Iraq Oil production, export, consumption and revenue for the year ended 31 December 2020”, https://gov.krd/english/information-and-services/open-data/deloitte-reports/deloitte-report-2020/ (accessed: 18/10/2022). Deloitte, (07/09/2022), “Kurdistan Regional Government of Iraq Oil production, export, consumption and revenue for the period 1 April 2022 to 30 June 2022” https://gov.krd/english/information-and-services/open-data/deloitte-reports/deloitte-report-2022/, (accessed: 18/10/2022)/ یادگار سدیق گەڵاڵی، فریا کاڵێ، (٢٠٢١)، “وردبوونەوە لە وردبینییەکەی دیلۆیت لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی داهاتی نەوت لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٣ چارەکی ساڵی ٢٠٢٠”، هەولێر: کامبرج، ل٢٧. بتروتیم-القاسم، (٢٠١٧)، النرویج،”تقیم عوقد الخدمة النفطیة في العراق وتأثیر أسعار النفط”، الصفحة ٢٧. بتروتیم-القاسم، مصدر السابق، الصفحة ٢٨. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، (٢٥/٨/٢٠١٣)، http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/ku/oil-ku/vision.html، (بەردەستە: ١٩/١٠/٢٠٢٢). Deloitte, (07/09/2022), ibids, accessed: (20/10/2022). ارتفاع انتاج العراق من النفط لأعلى مستوى منذ 33 عاما، (٥/٣/٢٠١٢)، https://www.bbc.com/arabic/business/2012/03/120305_iraq_oil، (متاح علی: ١٩/١٠/٢٠٢٢). OPEC, (2003), “Monthly Oil Market Report”, https://www.opec.org/opec_web/en/publications/338.htm, (accessed: (11/10/2022). United Nations, https://www.un.org/en/climatechange/paris-agreement, (accessed: 17/10/2022). O’Byrne, David (22/5/2020), “FEATURE: Turkey eyes leverage as it drags feet on Iran gas pipeline repairs”, https://www.spglobal.com/commodityinsights/en/market-insights/latest-news/oil/052220-feature-turkey-eyes-leverage-as-it-drags-feet-on-iran-gas-pipeline-repairs, (accessed: 16/10/2022). Dana Gas, (24/04/2021),” Dana Gas and Crescent Petroleum Resume Khor Mor Expansion Project”, https://www.danagas.com/media/press-releases/?cat=2021, (Access: (20/10/2022). You tube, (12/1/2021) “Gas in Iraqi Kurdistan: Market Realities, Geopolitical Opportunities” (accessed: 19/10/2022) *ماستەر لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز
راپۆرتی: درەو رۆژی 17ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكراوە و پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 ی رۆژی 19/6/2004 ئەو رۆژەی دیاریكردووە و ساڵی 1999ش یاسای ژمارە 4 بۆ ئاڵای كوردستان پەسەندكراوە و پێكهاتەی ئاڵای كوردستان رونكراوەتەوە. شێوەی ئاڵای كوردستان گۆڕاوە لە یاسای ژمارە ( 14 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە، ئاماژە بەوە كراوە ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان " سەركردەی نەمر قازی محەمەد بەر لە شەهیدبوونی ئەو ئاڵایەی تەسلیم بەسەركردەی روحی هەمیشە زیندووی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانی كردووە" بەڵام كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات، چونكە ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لە ئاڵاكەی قازی محەمەد كە لە سەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد لە 16/12/1945 هەڵكراوە و لە بری خۆرەكەی ئێستا دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێكی تیایە و بەدەستكاریەكی كەمەوە لە ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێران وەرگیراوە و قازی محەمەد تەنها شێرو خورشیدەكەی ناوی گۆڕیوە بۆ دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێك، ئەگەرنا تەختی ئاڵاكەو رەنگەكانی هەمان ئاڵایە، بەڵام ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لەو ئاڵایەی قازی محەمەد. هەژاری موكریانی ( 1921 – 1991 ) لە شیعری ئاڵای كوردستاندا كە لە ژمارەی یەكی رۆژنامەی كوردستاندا لە 11/1/1946 بڵاوكراوەتەوە لە وەسفی ئاڵای كوردستاندا دەڵێت: بێ ببینێ ئەو كەسەی پێی وایە كورد سەرناكەوێ كێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەتی لەسەرمان ناڕەوێ داری ئاڵاكەم وەكو چقڵێكە بۆ چاوی عەدوو هەر دڵێ خۆشی نەوێ رەبی وەبەر خەنجەر كەوێ پارچەكەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ رەنگی سور دەڵێ تا تنۆكێ خوێنی كورد مابێ قەدی من نانەوێ سپییەكەی مژدەی بەیانی بەختی كورد كرد بەیان رۆژی بەختی كوردی پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت بێ خۆت كە برسی بوو چی دوژمن پێی بژین لێرەو لەوێ پێو دەڵێ نوكی قەڵەم گەر ژینی خۆش و پێی دەوێ غەیری من دەست ناكەوێ بورجی تەرەقی پێش رەوێ رەنگی سەوزی یانی دایكی ( نیشتمان) لەو رۆكەوە جوان و سەرسەوزە وەرگیری كەوتەوە عومری نوێ لاوەكان ناموسی نۆ ملیۆنە ئەو ئاڵایەمان گیان بدەن بۆ حیفزی ئەو ناموسەتان لەمنوكەوێ بە هەموو پێوەرێك ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان، تەواو جیاوازە لەو ئاڵایەی سەردەمی قازی محەمەد لە ساڵی 1946 كە لە كۆماری كوردستان لە مهاباد هەڵكراوە، بۆیە ئێستا پرسیارەكە لەسەر ئەوەیە كە ئایا ئەو ئاڵایە ئەگەر ئاڵاكەی سەردەمی قازی محەمەدە بۆچی دەستكاری كراوە، كێ دەستكاری كردووە، " ئەگەر قازی محەمەد بە ئەمانەت داویەتیە دەست مستەفا بارزانی" بۆچی ئەو ئاڵایەی ئێستا نیە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەكان لەسەردەمی كۆتایی كۆماری كوردستان و دەستگیركردنی قازی محەمەد هیچ جۆرە بینینێك لە نێوان مستەفا بارزانی و قازی محەمەد روینەداوە و قازی محەمەد لە 23/12/1946 دەستگیركراوەو دوای زیاتر لە سێ مانگ لە 31/3/1947 لە سێدارە دراوە، لەو كاتانەشدا مستەفا بارزانی و بارزانییەكان لە مهاباد نەبوون لە شنۆ و نەغەدە نیشتەجێبوون، تەنانەت ( عەقید بەكر حەوێزی) كە ئەفسەر بووە لە سوپای كۆماری كوردستان و خەڵكی كۆیەیە لە كتێبەكەیدا بەناوی ( گەشتێك بە كۆماری مهاباددا) ئاماژە بەوە دەكات كە دواینجار كە پێكەوە لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی محەمەدیان بینیوە، هیچ ئەمانەتێكی نەداوە بە مەلا مستەفا تەنها بە منی ئەوی وتوە " ماشێنەكەی من بەرن و سودی لێ وەربگرن، منیش وتومە چاوم بەرایی نادات ماشێنی تۆ بەكاربهێنم و بۆ خۆت بیسوتێنە" بۆیە گەڕاندنەوەی ئەم ئاڵایەی ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ ئاڵاكەی سەردەمی كۆماری كوردستان گومان و پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت. ئاڵای كوردستان لە هەرێمی كوردستان ئاڵای كوردستان لەهەرێمی كوردستانن ساڵی 1999 لەلاین پەرلەمانەوە كە ئەو كات تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەماندا بوو بە یاسایی كرا. بەپێی یاسای ژمارە ( 4 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە لە پەرلەمانی كوردستان دەركراوە، لە مادەی یەكەمی یاساكەدا ئاماژە بەوە پێكهاتەی ئاڵای كوردستان كراوە كە : هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵایەكی دەبێت بە شێوەی لاكێشەیی كە پانیەكەی دوو لەسەر سێی درێژیەكەی دەبێت و دابەشكراوە بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی و پانیدا و پێكهاتەكەی بەم شێوەیە دەبێت: 1- لاكێشەی سەرەوە رەنگی سورە هێمای شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی كوردە. 2- لاكێشەی ناوەرسات رەنگی سپی دەبێت هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و لێبوردنە كە خەڵكی كوردستان ئاواتە خوازیەتی. 3- خۆرێكی زەرد دەكەوێتە ناوەراستی لاكێشە سپییەكەوە چەقەكەی خاڵی یەكتربڕینی تیرەی لاكێشە سپیەكە دەبێت و تیرەی خۆرەكە ئەوەندەی پانایی لاكێشە سپیەكە دەبێت و ( 21 ) تیشكی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێ گۆشەی دولای یەكسان، خۆرە زەردەكە هێمای بەردەوام بونی ژیان و زانست و هێواو ئومێدەو 21 تیشكەكەشیش هێمای جەژنی نەورۆزە. 4- لاكێشەی خوارەوە سەوز دەبێت و هێمای كشتوكاڵ و سروشت و ژینگەی كوردستانە. لە مادەی سێیەمیشدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەڵكردنی ئاڵاكە لە كاتی خۆرهەڵاتندا دەبێت و هاتنە خوارەوەشی لەكاتی خۆرئاوابووندا دەبێت. جیاوازی لەسەر ئاڵای كوردستان ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان ئەم ئاڵایەی ئێستا بە یاسایی كراوەو لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەو ئاڵایە لە رۆژئاوا و باكوری كوردستان بەكارناهێنرێت و لەوێ زیاتر ئاڵای سەردەمی ماد بەكاردەهێنن كە سێ رەنگە ( زەرد و سور و سەوز) بەو پێیەش كورد لە چوار پارچەكەی كوردستان لەسەر شێوازی ئاڵایەك رێكنەكەوتوون و جیاوازیان هەیە. پۆلێن كردنی مێژووی ئاڵای كورد: 1- ئاڵای كورد لە سەردەمی دەوڵەتی ماد (700 ساڵ پێش زایین): لە سێ رەنگ پێكهاتووە (زەرد و سور و سەوز) 2- ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی 1914 ئاڵایەكی هەبوو بە قوماشێكی زێڕین دروستكرابوو ئایەتێكی قورئانی تێدا بوو. 3- ئاڵای سەردەمی شێخ مەحمود لە ساڵی 1919 لەسەر باڵەخانەی ئەفسەری سیاسی بەریتانیا هەڵكرا كە بریتی بوو لە مانگێكی سور و ڕووبەرێكی سەوز. 4- ئاڵای سەردەمی شۆڕشەكەی سمكۆی شكاك لە ساڵی 1922 هەڵكرا تیایدا نوسرا بوو كوردستانی ئازاد . 5- شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 ئاڵایەكی هەبوو ڕەنگی سەوز بوو ڕۆژێك لە ناوەڕاستیدا بوو. 6- ئاڵای كورد لە كۆماری ئارارات 1927 – 1930: لە سێ رەنگی ( سور و سەوز و سپی و ناوەڕاستەكەشی بازنەیەكی زەردو و شاخێكی تیایە). 7- لەسەردەم كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی 1937 ئاڵایەكیان هەبوو، ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە بە قورئان و خەنجەر و ئاڵا دەبوو سوێندبخۆن. 8- حزبی ئازادی كوردستان لە ساڵی 1938 دەمەزرا، ئاڵایەكەیان بریتی بوو لە دوو خەنجەر و سێ ئەستێرە. 9- بۆ یەكەمجار لەسەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا لە مهاباد لە رۆژی 16/12/1945 لە گۆڕەپانی چوارچرا یەكەمین ئاڵا هەڵكرا تاوەكو ئێستا وەك ئاڵای كورد ماوەتەوە. 10- ئێستاش ئاڵای كوردستان بەرەسمی لە پەرلەمانی كوردستان بە یاساییكراوەو لە رەنگەكانی ( سور و سپی و سەوز ) پێكهاتووەو ناوەڕاستەكەشی خۆرێكی تیایە. ئاڵای كوردستان لە شیعری كوردیدا ئاڵا یەكێكە لەو هێما نەتەوەییانەی كە شاعیرانی كورد بایەخێكی فراوانیان پێداوە و لەروانگەی جیاوازەوە لە شیعرەكانیاندا بەرجەستەیان كردووە. لێرەدا بە كورتی و چەند نمونەیەك ئاماژە پێدەدەین: عەلی هەریری (1530 – 1600): سەبیدی حەق نەزەر ڤێرا د ئیقلیمان عەلەم گیرا ئەحمەدی خانی (1650– 1707: من دی عەلەما كەلامێ مەوزون عالی بكرا ل بانی گەردوون مەلای جزیری (1567 -1640): رایەتا فەتحی بە نەسرا (لم یرل) مەنشوور بوو شەهسواری فەردێ سوبحانی عەلەمدارێ تەبی (مستەفا بەگی كوردی 1809 – 1849) دڵ بوو؟ بردی ، عەقڵ ودین و ئابڕوو بوو ؟ لێی سەندم بۆیە، نابووت، تەپڵی، تەپڵی سەر، لە دەس ئاڵا دەكا خانای قوبادی (1704 – 1778): مەهدی لە مەككەیێ دەردێ ئاڵای تەبیبی لە بۆدێ نالی (1797 – 1855): وا چاكە خەیاڵت لەگەڵ ئەسراری هودابێ نەك بەحسی سروور و عەلەمی بادی هەوا بێ حاجی قادری كوێی (1815 -1897): بەشیر و خامە دەوڵەت پایەدارە ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە نە بەیداغی هەیە نە تەپڵ و كورسی ئەمەندەی پێ كرا بێ چارەنووسی ئاڵا لە شیعری نوێی كوردیدا: شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦- ١٩٥٨) لەشیعری (شیوەنی شێخ مەحمودی سەرۆك)دا دەڵێ: هەزاران روحی جۆشانی وەتەن خواهانی كوردستان لەسەر تابووتەكەی وەستاوە بۆ تەشیعی جوسمانی بەسەر سەیارەوە بەیداخی رەش ئەشنێتەوە دایم جلی ڕەش بوەتە مۆدە بۆ هەموو خەڵقی سلێمانی كانی (١٧٩٧- ١٩٧٥): بەشەر ئیللا بە كۆشش بەرز ئەكا بەیداغ و رەمزی خۆی موحەققەق تەمبەڵی و سستی پەشیمانی لەگەڵ دایە قانیع (١٨٩٩- ١٩٦٥)، لە ساڵی ١٩٤٦ و لەكاتی هەڵكردنی ئاڵای كۆماری كوردستان، نامە شیعرێك دەهۆنێتەوە و بۆ(بێكەس)ی شاعیری دەنێرێت، كە تیایدا دەڵێت: ئەلحەمدولیلا ئاڵا هەڵكرا ماوەی ئەهلی دڵ ئەمڕۆكە درا هەركەس لەهەرلا وڕ و سەرسامە راكا ئەم ئاڵا كۆگای مەرامە جگەر خوێن (١٩٠٣- ١٩٨٤): وەرە خوشكێ تو زوو ڕابە دشەڕدا رەنگێ شێرابە بەری ئاڵا مەیە رەنگن ل سەر شاخان تە هلدا بی دڵداری شاعیر (1918 -1948) كە خاوەنی سرودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)ە و هەر لەنێو ئەو سرودەدا باس لە ئاڵای كوردستان) دەكات و دەڵێت: كەس نەڵێ كورد مردووە كورد زیندووە زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان سەید كامیلی ئیمامی " ئاوات " (1903 – 1989) لە شیعرێكدا بەناوی (ئاڵا) دەڵێ: لەو پارچە سێ ڕەنگەی وەك باڵی هومای ئاڵا هەودایەكی لێ بووە، فەوری لە ملم ئاڵا تەعریفی نییە ئاڵا، ئاڵایەكی ڕەنگینە سوور و سپی و سەوزە، ڕۆح حازرە بەسەودا كامەران موكری (1929 – 1986) لە شیعرێكیدا بە نێوی (بۆ قازی محەمەد) دوای لەسێدارەدانی پێشەوا بە حوزنێكی قوڵەوە لەو كارەساتە دەدوێت و ئاوا باس لە(ئاڵا) دەكات: ئاڵای كورد لە دڵ و چاوا لە كەژا جۆگەی خوێناوا بۆ ئەم گەلەی هی تۆ و منە وردە وردە كەوتە شنە عەبدوڵڵا پەشێو لە (دوازدە وانە بۆ منداڵان)دا، وانەی یازدەمی تایبەت كردووە بەئاڵا و دەڵێت: مناڵەكان! ئەی بێلانە ژین تاڵەكان، شەو لە خەوما ڕێبوارێك بووم بۆ بارەگای (یوتان) دەچووم كە دەروازەكەی قووتی دام ڕەشم بینی ـ ئاڵای هەبوو، سپیم بینی ـ ئاڵای هەبوو، هەرچیم بینی ـ ئاڵای هەبوو، قیژاندییان: “ئەی بێ وڵات، بۆ دەرەوە! ئەی بێ ئاڵا، بۆ دەرەوە!” منیش گوتم: “مەقیژێنن! كە دەچمەوە، ئەم چیرۆكە بۆ منداڵان دەگێڕمەوە!
درەو: ئارام جەمال، توێژەرو دیزاینەری سیستمەكانی هەڵبژاردن پێشەكی رۆژی ١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١ خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠دا بەڕێوەچوو. بەپێی ئەم یاسایە سەرتاسەری عێراق كرایە (٨٣) بازنەی هەڵبژاردن و هەر چوار پارێزكاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) بەسەر (12) بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكرا. سێ ساڵ بەر لەو بەروارە و بە دیاریكراوی لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨دا هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، ئەم لێكۆڵینەوەیە هەوڵدەدات ئەوە بخاتەڕوو كە لە دوا هەڵبژاردنی عێراقدا حزبە كوردییەكان لە سنوری هەریەك لەو پارێزگایانەی هەرێمی كوردستاندا چەند دەنگیان هێناوە و رێژەی دەنگدانیان تێیدا چەند بووە بۆ ئەوەی دەرگای بەراوردكاری بكاتەوە لەگەڵ ئەنجامەكانی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا (2018)، بەمەش راپۆرتەكە وەڵامی ئەم دوو پرسیارەی خوارەوەمان دەستدەخات سەبارەت بەوەی كە : • ئایا ژمارەی ئەو دەنگانەی هەریەك لە حزبە كوردییەكان لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا بەدەستیانهێاوە زیادی كردووە یان دابەزیوە؟! • ئایا رێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لەنێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا بە چ ئاڕاستەیەكدا رۆیشتووە، بەرزبۆتەوە یان دابەزیوە؟ ئەو دەرەنجامانەی لێكۆڵینەوەكە پێیگەیشتووە تارادەیەك دۆخی هەڵكشان و داكشانی دەنگی حزبە كوردییەكان و ئاستی رێژەی دەنگدان نیشاندەدات، كە دەتوانرێت وەك تووڵ و ئامرازێك ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانی پێبخوێنرێتەوە، دیارە ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیاوازییەی كە سیستمی هەڵبژاردنەكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا زۆرینەی یەكدەنگی نەگوێزراوەیە بەڵام سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەتا كاتی نوسینی ئەم راپۆرتە، لیستی نوێنەرایەتی رێژەییە، كە ئەمەش كاریگەرییەكی كەم دادەنێت لەسەر ئەنجامەكان بەڵام دیسانەوە بەشیوەیەكی زۆر نییە. پارێزگای هەولێر (٤) بازنەی هەڵبژاردن • بازنەی یەك: (چۆمان و سۆران و شەقلاوە) • بازنەی دوو: (دەشتی هەولێر، كۆیە، خەبات) • بازنەی سێ: (رۆژئاوای هەولێر) • بازنەی چوار: (رۆژهەڵاتی هەولێر) كۆی ژمارەی دانیشتوان: (1903609) كۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: (1228030) كۆی ژمارەی دەنگی دروست (441723) رێژەی دەنگدان: (36%) كۆی ژمارەی كورسی گشتی: 15 كورسی كورسی تەرخانكراوی كۆتای پێكهاتەكان: 1 كورسی بۆ مەسیحی كۆی ژمارەی حزبە بەشداربووەكان: (15) (8 حزب بۆ كورسی گشتی + 7 حزبی پێكهاتەی مەسیحی) كۆی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی حزبەكانی سنوری پارێزگای هەولێر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (10-10-2022) پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (5) بازنەی هەڵبژاردن • بازنەی یەك: (باكوری سلێمانی، شارباژێڕ) • بازنەی دوو: (باشوری سلێمانی، قەرەداغ) • بازنەی سێ: (هەڵەبجە، سەیدسادق، پێنجوێن و شارەزوور) • بازنەی چوار: (پشدەر، رانیە، دوكان) • بازنەی پێنج: (كەلار، كفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ، خانەقین) كۆی ژمارەی دانیشتوان: (2219193) كۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: (1361971) كۆی ژمارەی دەنگی دروست (409784) رێژەی دەنگدان: (31%) كۆی ژمارەی كورسی گشتی: 18 كورسی كۆی ژمارەی حزبە بەشداربووەكان: (12) كۆی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی حزبەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (10-10-2022) پارێزگای دهۆك (5) بازنەی هەڵبژاردن • بازنەی یەك: (دهۆك، ئامێدی) • بازنەی دوو: (زاخۆ، سێمێڵ) • بازنەی سێ: (ئاكرێ، بەردەڕەش) كۆی ژمارەی دانیشتوان: (1327188) كۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: (827658) كۆی ژمارەی دەنگی دروست (395977) رێژەی دەنگدان: (48%) كۆی ژمارەی كورسی گشتی: 11 كورسی كورسی تەرخانكراوی كۆتای پێكهاتەكان: 1 كورسی بۆ مەسیحی كۆی ژمارەی حزبە بەشداربووەكان: (10) (5 حزب بۆ كورسی گشتی + 5 حزبی پێكهاتەی مەسیحی) كۆی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی حزبەكانی سنوری پارێزگای دهۆك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (10-10-2022) كۆی ژمارەی دەنگی بەدەستهاتووی حزبە كوردییەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان • كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان: (5,449,990) • كۆی ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستاندا مافی دەنگدانیان هەیە: (3,417,659) • كۆی ژمارەی دەنگی دروست: (1,198,092) • رێژەی دەنگدانی سەرتاسەری: (37.6%) دەرەنجام: یەكەم: لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی (2018) و (2021)دا، رێژەی دەنگدان لە هەرێمی كوردستاندا (18%) دابەزیوە، بە بەڵگەی ئەوەی لە پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، كە لە )30 ئەیلولی 2018(دا بەڕێوەچوو، رێژەی دەنگدان (56%) بوو، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا (ئۆكتۆبەری 2021) دابەزیوە بۆ (38%). دووەم: هەر سێ حزبی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2018 ژمارەی دەنگەكانیان زۆر دابەزیوە: - پارتی (110) هەزار و (118) دەنگ كەمیكردووە. - یەكێتی (105) هەزار و (345) دەنگ كەمیكردووە. - گۆڕان (164) هەزار و (812) دەنگ كەمیكردووە سێیەم: نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی بەراورد بە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2018 ژمارەی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنی (2021)دا بەرزبۆتەوە: - نەوەی نوێ (77) هەزار و (260) دەنگی زیادیكردووە. - یەكگرتووی ئیسلامی (28) هەزار و (529) دەنگ زیادیكردووە. چوارەم: ژمارەی دەنگەكانی كۆمەڵی دادگەری (45) هەزار و (469) دەنگ كەمیكردووە. پێنجەم: ئاستی بەشداریكردنی دەنگدەران لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی (2018) و (2021)دا بەم رێژانەی خوارەوە دابەزیوە: - پارێزگای هەولێر بە رێژەی (25%) دابەزیوە. - پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە رێژەی (28%) دابەزیوە. - پارێزگای دهۆك بە رێژەی (16%) دابەزیوە.
راپۆرت: درەو پردی (توەقوت) لە هەڵەبجە نمونەی یەكێك لەو پرۆژانەیە كە بەدەست كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە مرداربوەتەوە، ماوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام زیاتر لە سێ ساڵە بڕیاری لێدراوەو جێبەجێ نەكراوە، (درەو) راپۆرتێكی چاودێری دارایی دەستكەوتووە كە دەریدەخات، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە بەدەر لە پرۆسەی تەندەرین هاوكاری ئەو دوو كۆمپانیایەی كردووە كە پرۆژەكەیان بۆ دەرچووە، چاودێری دارایی گومانی لەمە هەیەو داوای دروستكردنی لیژنە دەكات لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران. وردەكاری راپۆرتی چاودێری دارایی لەبارەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو پردەكەی توەقوت لەم راپۆرتەدا. چاودێری دارایی داوای لیژنەی لێكۆڵینەوە دەكات رۆژی 23ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی كە سەربە (دیوانی چاودێری دارایی)ە لەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەكاربووە بۆ وردبینیكردن لە پرۆژەی (دروستكردنی رێگای هەڵەبجە- توەقوت- قلیجە)و پرۆژەی (پردی توەقوت) لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە. تیمەكەی چاودێری دارایی دوای تەواوكردنی وردبینییەكەی لەبارەی پرۆژەكەوە داوا دەكات (لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانو بە ئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتیی، لیژنەیەكی پسپۆڕ پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە ئیحالەكردنی پرۆژەكە بۆ دوو كۆمپانیاو ئەو سەرپێچییانەی كە كراون، پاشان سەرپێچیكاران دیاری بكرێنو رێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر). تەندەرەكە بۆ كێ دەرچوو ؟ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بڕی (30 ملیارو 345 ملیۆنو 547 هەزار) دیناری تەرخانكردووە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی (رێگای هەڵەبجە- توەقوت- قلیجە)و دروستكردنی هەردوو پردی (توەقوتو سازان). بەگوێرەی راپۆرتی چاودێری دارایی (10) كۆمپانیا بەشدارییان كردووە لە كەمكردنەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە، پاش پشكنینی بەرایی تەندەرەكان (3) كۆمپانیا دورخراونەتەوە كە بریتی بوون لە كۆمپانیاكانی (پەری شاد)و (MICG- میهرەبان)و (كارڤان رۆد). نرخی تەندەری هەرسێ كۆمپانیای یەكەمو دووەمو سێیەم، پاش پشكنینی وردی تەندەرەكان بەمشێوەیە بوون: رۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2021، تەندەرەكان كراونەتەوە، لیژنەی شیكردنەوە پێشنیازی كردووە جێبەجێكردنی پرۆژەكە بدرێت بە هەردوو كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) بەهۆی ئەوەی كەمترین نرخیان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە پێشكەشكردووە كە بڕی (28 ملیارو 74 ملیۆنو 970 هەزار) دینار بووە. لەسەر ئەم بنەمایە، رۆژی 11ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پرۆژەكەی ئیحالەی هەردوو كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) كردووە، لەم تەندەرەدا (ساكۆ) رێژەی 65%ی هەیەو (سەرسیر) رێژەی 35%و پێكەوە ئەنجامی دەدەن. وەزارەت نرخی تەندەری بۆ كۆمپانیاكە گۆڕیوە ! ئەوەی چاودێری دارایی لە وردبینییەكەیدا تێبینی كردووەو تۆماریكردووە، بابەتی دەستكاریكردنی نرخی جێبەجێكردنی پرۆژەكەیە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ ئەو كۆمپانیای كە تەندەرەكەی بۆ دەرچووە. بەگوێرەی راپۆرتی چاودێری دارایی، دوای زیاتر لە سێ مانگ لە ئیحالەكردنی پرۆژەكە بۆ ئەو كۆمپانیایەی تەندەرەكەی بۆ دەرچووە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە رۆژی 27ی نیسانی ئەمساڵدا نوسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووەو داوای كردووە رەزامەندی بدەن لەسەر ئەوەی كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) پرۆژەكە بەبێ جێبەجێكردنی (پردی سازان) ئەنجام بدەن، بەڵام بەهەمان نرخی خەمڵێندراوی حكومەت بۆ پرۆژەكە كە بڕەكەی (30 ملیارو 345 ملیۆنو 547 هەزار) دینارە. وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەسەر داوای كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) دروستكردنی پردی سازانی لە پرۆژەكە دەركردووە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكار دەڵێ "زیاتر لە چوار مانگ تێپەڕیوە بەسەر پێشكەشكردنی تەندەرەكەیو نرخ لە بازاڕدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو كۆمپانیا هۆكار نەبووە لە دواكەوتنی پرۆسەی واژۆكردنی گرێبەستەكە لەكاتی خۆیدا، بۆیە ئەمە ناچێتە خانەی پاشگەزبوونەوە". رۆژی 4ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، كۆمپانیای (ساكۆو سەرسیری) ئاگاداركردووە كە پرۆژەكەیان بە هەمان نرخ پێ سپَردراوە بەبێ (پردی سازان). چاودێری دارایی دەڵێ ناوەڕۆكی نوسراوەكەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەو مانایە دێت "پرۆسەی تەندەرینەكە كاری پێنەكرێتو راستەوخۆ پرۆژەكە لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیاوە بە نرخی خەمڵێندراو جێبەجێ بكرێت". وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەبەهانەی ئیمزا نەكردنی گرێبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەگەڵ كۆمپانیاكە، جێبەجێكردنی پردی (سازان) لە تەندەرەكە لابردووە، بەبێ ئەوەی روونی بكاتەوە بۆچی لەكاتی خۆیدا گرێبەستەكە ئیمزا نەكراوە، ئەمە جێگەی سەرەنجی چاودێری داراییە، چونكە: • لە ئەنجامی ئەم گۆڕانكارییەدا كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كردویەتی (واتا دەركردنی پردی سازان) لە تەندەرەكە، نرخی جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر)ەوە زیاتر بووە لەو نرخانەی كە لە تەندەریندا هەردوو كۆمپانیای دووەمو سێیەم پێشكەشیان كردووەو بۆیان دەرنەچووە. كۆمپانیای دووەم كە كۆمپانیای (سەلام تالب فەرەج)و تەندەرینەكەی بۆ دەرنەچووە، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە بە پردی سازانیشەوە بڕی (29 ملیارو 533 ملیۆن) نرخی پێشكەش كردووە، كۆمپانیای سێیەمیش كە (كۆمپانیای هەڵەبجە- رێنوار)ەو بە هەمان شێوە بۆی دەرنەچووە، بڕی (29 ملیارو 562 ملیۆن) دینار نرخی پێشكەش كردووە. پێشینەو دەستەبەری بانكی بابەتێكی تری گرێبەستی (توەقوت ) كە جێگای سەرەنجی چاودێری داراییە، لەو گرێبەستەی كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار كردویەتی، ئاماژە بەوە كراوە لایەنی یەكەم واتە (حكومەت) دەبێت بەرێژەی 20%ی گوژمەی گرێبەستەكە پێشەكی بدات بە (كۆمپانیا)ی جێبەجێكار، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە پێچەوانەی رێنمایی جێبەجێكردنی بودجەیە كە رێژەی 10%ی گوژمەی گرێبەستی وەكو پێشەكی دیاری كردووە. لەپاڵ ئەمەدا، چاودێری دارایی تێبینی ئەوەی كردووە، كۆمپانیای جێبەجێكار 15 رۆژ پێش پێشكەشكردنی پێشینەی یەكەمی پرۆژەكە، گرەنتی باش جێبەجیێكردنی پرۆژەكەی پێشكەش نەكردووە كە بریتییە لە دەستەبەری بانكی (خگاب چمان حسن التنفیژ)و ئەمە یەكێكە لە مەرجەكانی گرێبەستی پرۆژەكان. زیادكردنی گوژمە بەبێ رونكردنەوە لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانكردنەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە 28ی تەموزی ئەمساڵدا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر زیادكردنی بڕی (2 ملیارو 664 ملیۆنو 370 هەزار) دینار بۆسەر گوژمەی گشتی پرۆژەكە، بەمەش تێكڕای گوژمەی جێبەجێكردنی پرۆژەی رێگاو پردی توەقوتو پردی سازان بۆ (30 ملیارو 345 ملیۆنو 547 هەزار) دینار بەرزبوەتەوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجی چاودێری دارایی بووە، لەم رەزامەندبوونەی سەرۆكی حكومەتدا بۆزیادكردنی گوژمەی پرۆژەكە ئاماژە بەوە نەكراوە (جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیاوە بەدەرە لە رێنماییەكانی كەمكردنەوە). پردێك لەنێوان دوو كابینەدا كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد لەدواین رۆژەكانی تەمەنی خۆیدا، رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانكردنی بڕی (8 ملیارو 450 ملیۆن) دینار بۆ دروستكردنی پردی (توەقوت) لەسەر رووباری سیروان، ئەوكات كە ئەم بڕیارە دەرچوو (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) وەزیری ئاوەدانكردنەوە بوو. دروستكردنی ئەم پردە یەكێكە لە داواكارییە لە مێژینەكانی خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە، چونكە پردەكە هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە دەربەندیخانو لە داهاتوودا ئاسانكاری دەكات بۆ جوڵەی بازرگانی لەنێوان هەڵەبجەو ناوچەی گەرمیان، لەلایەكی ترەوە دروستكردنی ئەم پردە سودێكی ئابوری تایبەتی بۆ خەڵكی ناحیەی (بەمۆ)ی سەربە پارێزگای هەڵەبجە دەبێتو گاریگەری دەبێت لە كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر رێگای هەڵەبجە- سەیدسادق، ئەمە سەرباری سودەكانی لەڕووی گەشتیارییەوە بۆ ناوچەكە، كە هەموو ئەمانە لەتوانایاندایە هەڵەبجە لە ناوچەیەكی چەپەكەوە بگۆڕێت بۆ سنورێكی پڕ جموجوڵی ئابوریو بازرگانیی. كابینەی هەشتەم رۆژی 1ی تەموزی 2019 بڕیاری تەرخانكردنی پارەی بۆ دروستكردنی ئەم پردە دەركردو دوای 10 رۆژ دەسەڵاتی رادەستی كابینەی نۆیەم كرد بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، كابینەی نۆیەم لە 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، (دانا عەبدولكەریم) لە بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی وەرگرت، واتە پردی (توەقوت) پرۆژەی كابینەی هەشتەمەو رادەستی كابینەی نۆیەم كراوە. ماوەی سێ ساڵەو پێنج مانگە پارە بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانكراوەو هێشتا جێبەجێ نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی جێبەجێكردنە پرۆژەكە بە (2 ساڵ) دیاریكراوە. دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، جارێكی ترو لە شوباتی 2020دا بودجە بۆ پرۆژەكە تەرخانكرایەوە، بەڵام بانگەواز بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە كەوتە رۆژی 14ی ئۆكتۆبەری 2021ەوە. ئەنجومەنی وەزیرانی لە 27ی شوباتی ئەمساڵدا گوژمەی پرۆژەكەی لە (8 ملیارو 450 ملیۆن) دینارەوە زیادكرد بۆ (27 ملیارو 682 ملیۆن) دینار، دواترو لە 27ی تەموزی ئەمساڵدا بڕی (2 ملیارو 664 ملیۆنو 370 هەزار) دیناری تر بۆ گۆژمەی پرۆژەكە زیادكراوەو تێكڕای بودجەكەی بووە بە (30 ملیارو 345 ملیۆنو 574 هەزار) دینار. 21ی تشرینی دووەمی 2021 پێشنیازی ئەوە كراوە پرۆژەكە ئیحالەی ئەو دوو كۆمپانیایە بكرێت كە تەندەرەكەیان بۆ دەرچووە، بەڵام دوای نزیكەی ساڵێكو لە 29ی ئەیلولی ئەمساڵدا وەزارەت گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ساكۆو سەرسیر) ئیمزا كردووە. رۆژی 14ی ئەیلولی ئەمساڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی رایگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا بەردی بناغەی پرۆژەی پردی (توەقوت) دادەنرێت، بەپێی قسەی كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بڕیار بووە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەردی بناغەی پرۆژەكە دابنرێت، بەڵام بەهۆی كێشەی نێوان پارتیو یەكێتییەوە دواخراوە بۆ كاتێكی نادیار. لەپاڵ كێشەی پارتیو یەكێتی، جێگری پارێزگای هەڵەبجە، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكەش بە كەمتەرخەم ناودەبات كە نەهاتووە بۆ ئەوەی پێگەی ئەنجامدانی پرۆژەكە وەربگرێت، بۆ ئەمەش وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كەمتەرخەمی كردووەو لێپرسینەوەی لە كۆمپانیاكە نەكردووە.
(درەو): كرێی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا مانگانە (80 ملیۆن) دۆلار لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێت، تەنیا خەرجی موچەی وەزارەتی كارەبا مانگانە (17 ملیار) دینارە، خەرجی خەڵك بۆ كڕینی كارەبا لە مۆلیدە ئەهلییەكان مانگانە زیاتر لە (70 ملیار) دینارە، بە كرێی بەرهەمهێنانی كارەبای حكومەتو خەرجی كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكانەوە مانگانە بە تێكڕا لە هەرێم نزیكەی (200 ملیار) دینار لە كارەبادا خەرج دەكرێت، بەم دۆخەشەوە ئێستا حكومەت تەنیا (7) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی پێ دابین دەكرێت، بەپێچەوانەی پێشبینییەكانەوە لەدوای بەستنی (پێوەری زیرەك)ەوە پێدانی كارەبا بەرێژەی (56%) كەمیكردووە. خواست لەسەر كارەبا بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەكانی وەزارەتی كارەبا، ئێستا (3600) مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام خواست لەسەر كارەبا بۆ زیاتر لە (6600) مێگاوات بەرزبووەتەوە. لەكاتێكدا سایتی فەرمی وەزارەتی كارەبا لەسەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند" لە كابینەی نۆیەمدا (615) مێگاوات كارەبا زیادیكردووە"و رۆژانە وێستگەی كارەبا دەكرێتەوەو باس لە زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكرێت، بەڵام ئێستا رۆژانە تەنیا (7) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابین دەكرێت. پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای كەمكردوەتەوە ! ئایاری ئەمساڵ وەفدێك لە كۆماری (كۆنگۆ)وە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، وەفدەكە (كەمال محەمەد) وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بینی، وەزارەتی كارەبا لەبارەی ئەم دیدارەوە رایگەیاند، وەفدەكەی كۆنگۆ هاتوون بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونی (پێوەری زیرەك)ی هەرێمی كوردستان وەربگرن. ئەوكات وەزارەتی كارەبا باسی لەوە دەكرد، بەهۆی پرۆژەی (پێوەری زیرەك)ەوە رێژەی بەفیڕۆچوونی كارەبای لە 49%ەوە بۆ 39% كەمكردوەتەوە، بانگەشەی وەزارەت بۆ پێوەری زیرەك بەوشێوەیە بوو پێوەرەكە ماوەی 2 بۆ 3 كاتژمێری كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بكات لەوەی كە هەیە. كەمال محەمەد وەزیری كارەبایە لەسەر پشكی پارتی، ئەم پیاوە بەمدواییە وەزارەتێكی تریشی وەرگرت، بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشییەوە بە وەكالەت كراوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان، واتە لە یەككاتدا دوو وەزارەتی هەستیار بەڕێوەدەبات، كە هەردووكیان چەندین ساڵە گلەییو ناڕەزایەتییان لەسەرە. ئێستا لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنێكو 776 هەزارو 963) هاوبەشی كارەبا هەیە، لەم رێژەیە (ملیۆنێكو 300 هەزار) هاوبەش پێوەری زیرەكی كارەبایان بەستووە، كە دەكاتە رێژەی (73%)ی تێكڕای هاوبەشەكانی كارەبا، سەرباری زۆری ژمارەی ئەوانەی پێوەری زیرەكیان بەستووە، بەڵام كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی ئێستا لە (16) كاتژمێرەوە بۆ (7) كاتژمێر كەمیكردووە، واتا بەپێچەوانەی لێدوانەكانی وەزارەتی كارەباوە، پێوەری زیرەك كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەڕێژەی (56%) كەمكردوەتەوە. داهاتو خەرجی كارەبا لە هەرێمی كوردستان داهاتێكی زۆر لە كارەبادا خەرج دەكرێت، بەجۆرێك ئێستا مانگانە زیاتر لە (80 ملیۆن) دۆلار بۆ ئەو كۆمپانیایانە خەرج دەكرێت كە كارەبا بەرهەمدەهێنن. لەپاڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبادا، كۆی خەرجی مانگانەی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە، ئەمە سەرەڕای ئەو پارەیەی هاوڵاتیان مانگانە خەرجی دەكەن بۆ كڕینی كارەبا لە مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان. لە هەرێمی كوردستان ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ (ملیۆنێكو 776 هەزارو 963) هاوبەش زیادیكردووە، ئەگەر بە تێكڕا (4) ئەمپێر بۆ هەر خێزانێك لە كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان ئەژمار بكرێتو نرخی هەر ئەمپێرێكیش بە (10 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، ئەوا هەر خێزانێك مانگانە بەتێكڕا (40) هەزار دینار پارە لە كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكاندا خەرج دەكات، تێكڕای خەرجی هاوڵاتیان بۆ كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان مانگانە دەگاتە (71 ملیار) دینار. بەو پێیەش كۆی خەرجی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەوەی حكومەت دەیداتو بەوەشەوە كە هاوڵاتیان دەیدەن بە كرێی مۆلیدە، مانگانە زیاترە لە (200 ملیار) دینارە. ئەم خەرجییە لەكاتێكدایە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كارەبا، داهاتی كرێی كارەبا مانگانە نزیكەی (50 ملیار) دینارە، ساڵی رابردوو كۆی گشتی داهاتی كارەبا بڕەكەی (456 ملیار) دینار بووە، ئێستا نزیكەی (تریلیۆنێكو 298 ملیار) دینار قەرزی كارەبای حكومەت لای هاوڵاتیانەو حكومەت خۆشی بڕی (3 ملیارو 883 ملیۆن) دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانە. راپۆرتی پەیوەندیدار كەرتی تایبەت كێشەی كارەبا كۆتایی پێدێنێت؟ پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای كەمكردەوە
درەو: ئامادەكردنی: ئەنوەر كەریم لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی ئەمجارەی شارەكانی ئێرانەوە دراوی ئێرانی (14%) بەهاكەی لەدەستداوە، هەڵاوسانی ئابوری گەیشتووەتە زیاتر لە 50%، زۆرترین كاریگەری لەسەر توێژەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە درووستكردووە, بێكاری لەناو گەنجاندا دەگاتە (77%) واتا زیاتر لە (7) ملیۆن كەس بێكارن، زیاتر لە (30) ملیۆن هاوڵاتی هەژارن، ژیانی خەڵكی لەوپەڕی خراپیدایە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی ئەمجارە جیاوازن تەنیا خۆیان لە كێشە ئابورییەكاندا نابیننەوە، ئێستا خەڵكی ئێران باوەڕیان بە دونیا بینینی سەركردەكانیان نەماوە لە بەڕێوەبەردنی وڵاتدا، ناتوانن كێشە ئابورییەكانی ئێران چارەسەر بكەن و وڵات بەرەو پێشەوە بەرن ناڕەزاییەكان جیاوازن دوای كوژرانی (ژینا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران بەدەستی پۆلیسی ئاكار، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لەسەرتاسەری ئیراندا سەری هەڵدا، ئەویش دوای ئەوەی حكومەتی ئێران شكستی هێنا لە كپكردنی هەواڵەكانی كوژرانی ( ژینا ئەمینی ) لە 16 – ئەیلولی رابردوودا ، لە ساڵی 2017 وە هەموو ساڵێك خۆپیشاندانی گەورە لە شارەكانی ئێرانداكراون بەڵام دوای چەند ڕۆژێك سەركوتكراون، خۆپیشاندانی ئەمجارە لەچەندین رووەوە جیاوازە: • بەردەوامی خۆپیشاندانەكان • فراوانی جوگرافیای خۆپیشاندانەكان گەورەیە • بنكەیەكی فراوانتری خەڵكی لە دەوركۆبۆتەوە لە خۆپێشانەدانەكانی ئێستای ئێران داخوازیەكانیان گۆڕاوە ، بەراورد بە ناڕەزایەتیەكانی پێشووتر، پێشتر تر زیاتر كێشە ئابوریەكان بوو لەگەڵ گٶڕانكاری لە بەڕیوەبردنی سیستەمەكەدا بوو . بەڵام ئێستا داواكاریەكان بۆ گۆڕانكاری لە دەسەڵات و تەنانەت رووخانی دەسەڵاتیشە لە ئێران. كێشەی ئابوری لە ئێران بووەتە نەخۆشیەكی درێژخایەن و جێگەی سەرنجی ئێرانیەكان، توڕەیی و بێزاری ئێرانییەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە،خۆ پێشاندانەكانی ئێران لە مانگی ڕابردووە وا پێشان ئەدا قەیرانی قووڵ هەیە لە شەرعیەتی ڕژێمەكەدا . ئەگەر ئەم جارە ڕژێم بتوانێت خۆپیشاندانەكان سەركوتبكات، ئەوە زۆر زەحمەت ئەبێت جارێكی تر متمانەی خەڵك بەدەستبهێنێت . درووشم و لێدوانی خۆپیشاندەران ئەمجارە زۆر ڕونە كە كێشەكان ئابوری نیە بەتەنها ، زیاتر دژی سیاسەت و چەوساندنەوەكانیەتی رژێمەكەیە، بەڵام كێشە ئابوریەكە ژینگەیەكی دروستكردوە كە بۆتە هۆی توڕەبوونی زیاتری خۆپیشاندەران. هەڵئاوسانی ئابوری لە ئێراندا گەیشتۆتە زیاتر لە 50% ، كە زۆرترین كاریگەری لەسەر توێژەكانی خوارەوەی كۆمەڵگای ئێرانی درووستكردووە، نرخەكان بە هێواشی بەرزدەبنەوەو توانای كڕینی خێزانەكان كەمبووەتەوە ، تێكڕای گەشەی ناوخۆ هێواشە و كەمە لە كاتێكدا ئابوری ئێران پاشەكشەی زۆری نەكردوە لە بەر ئەوەیە نرخی نەوت بەرزە، ئەو هەنگاوانەی حكومەت بۆ چارەسەركردنی ئابوریەكەی گرتویەتەبەر هەنگاوەكان كردارینین و كارناكەن . ( ئیبراهیم رەئیسی ) سەرۆكی ئیران نەیتوانیوە تیمێكی ئابوری درووست بكات كە زیاتر لە بەرژەوەندی خەڵك بیربكاتەوە، ئەو جیاوازی و ناكۆكیانەی لە نێوان خۆیاندا هەیانە وایلێكردون كە نەتوانن ئەو پێوەرانەی كە پێویستە بیگرنە بەر، بۆیە پێوەرەكان كورتیهێنا . لە كاتێكدا كە ڕەئیسی بڕیاری گۆڕینەوەی دۆلاری بەنرخێكی تایبەتی هەڵوەشاندەوە كە بەكار دەهێنرا بۆ هاوردەكردنی كەرەستە سەرەتایەكان وەك خواردن، ئەوەش بەحەتمی ئەبێتە هۆی بەرزبونەوەی ئەو كەرەستە سەرەتایانەی كە هاوردەئەكرێن، هەرچەندە بەم كارە ئەو رێگایەی نەهێشت كە ببێتە هۆی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارەی ووڵات ، رەئیسی بڕیاریدا گۆڕانكاری لە پەیكەرەی ئابوری ئێران لە ماوەی درێژخایەندا بكات بۆ بودجەی ووڵات فشاری نەكەوێتە سەر، بەڵام ئەم هەنگاوەی بوە هۆی زیادبوونی هەڵئاوسان وە لە گەڵ ئەوەشدا یپلانێك نەبوو بۆ ئەوەی كە بتوانرێت هەڵئاوسانەكە كەمبكاتەوە . بەرامبەر بەمەش حكومەت دەستی كرد بە كەمكردنەوەی فرۆشتنی قەواڵەی نوێ ، نەبوونی داخوازی بۆ ئەو قەواڵانە لە گەڵ ئەوەشدا نەبوونی وە بەرهێنان لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەهۆی نەبوونی متمانە بە سیاسەتە ئابوریەكانی حكومەت، لە حاڵەتی وادا ئەبیتە هۆی كەمبونەوەی توانای دەستكەوتنی دراو. بانكی ئێرانی بە پێی ووتەی ئابوریناسەكانی ئێران كە هەڵئاوسان بەرزە، هەروەها كە مبونەوەی داهاتی خێزانەكان وایكرد كە بزنسە بچوكەكان بڕۆن قەرزبكەن ، بانكەكان یارمەتی درێژكردنەوەی قەرزاكانیان نادەن، هەروەها داوای ڕیژەیەكی زۆری سوودی بانكی ئەكەن، ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی كە بازرگانەكان نەتوانن قەرزبكەن ببێتە هۆی داخستنی بیزنسەكە و لەدەستدانی هەلی كاروكەمكردنەوەی چالاكیە ئابوریەكان و ئابوری بەرەو پاشەكشە بڕوات . ژمارەی بێكاری بەرەو بەرزبونەوە بڕوات ، كە یەكێكە لە كێشە گەورەكان لە ناو ئێرانداو هیوایەك نیە بۆ ڕەخساندنی هەلی كار بەم دۆخەی كە ئێرانی تیایە . مۆدێلێكی ئابوری هەڵە. ئابوری بەرەنگاربونەوە كە ڕابەری كۆماری ئیسلامی ئێران داوای ئەكرد دەركەوت كە ناتوانێت بەردەوامبێت بە بێ گۆڕانكاری گەورە ، هەرچەندە توانی بەرگە بگرێت لە ساڵی 2010- -2018 ، بەڵام ناتوانێت هەموو پێویستیە بنچینەیەكانی ئابوری ئێران لە وەبەرهینان و زیادكردنی بەرهەمدا بكات ، بتوانێت وە بەرهێنەری بیانی بۆ ناو ووڵات ڕابكێشێت وە یان بتوانێت قەرزی دڕێژخایەنی بانكی بیانی وەربگرێت و بچێتیە ناو بازاڕی تازەوە، ئەمەش بووە هۆی كەمبونەوەی بەرهەم ، بەرهەم بنچینەیە بۆ دروستكردنی گەشەی ئابوری و سەقامگیری بودجەی ووڵات . خشتە هەر چەندە كاتێك ( ئیبراهیم ڕەئیسی ) بەسەرۆكی ئیران هەڵبژێردرا، كاریگەری خراپی سزا ئابوریەكانی سەر ئێران بەتەواوی ڕەنگی دابووە بەسەر ئیراندا، لەساڵی 2019 وە بەرهەمی هەموو پشەسازیەكانی ئێران بەرەو كەمبونەوە ئەڕۆیشتن هەر لە پیشەسازی ئۆتۆمبێل و خواردن و ڕستن وچنینەوە ، ئەمەش كاریگەری تەواوی لەسەر بازرگانی دەرەوە دروستكردوە، بۆتە هۆی كەمبونەوەی قەبارەی هەناردەكەی واتە كاریگەری كردۆتە سەر كەمبونەوەی دراو، كەمبونەوەی كێشی هەناردەكەشی ئەمەش بۆتە هۆی تەرازوی بازرگانی بێجگە ( لە نەوت و گاز) بەرەو پاشەكشەی نێگەتێڤ بڕوات. بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە ئەبێت پەیكەری ئابوری ئێران دەستكاریبكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرامبەر كێشەكانی ناو ئێران و ئەو كاریگەریانەی كە سزاكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دایناوە لەسەر ئیران نەهێڵێت ، بەڵام ئەم شكاندنانە لە ژێر كامپی كۆنسەیرڤاتیڤەكانی ئێران واتایەكی نیە، ئەوە پاراستنی ناواخنی پارێزگارەكارەكانە ئەوە نابێت بشكێت و پێشێلبكرێ' فاكتەرە ئابوریەكان شكستی سەركردەكانی ئیران لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە تائیستا نەیان توانیوە گەشەیەكی بچوكی ئابوری بكەن لەگەڵ گەشە و پێشكەوتنی خەڵكدا، ئەمەش بۆتە هۆی ئاڵنگاری گەورە لە مەودای درێژخایەندا . لە ناوەڕاستی ساڵی 2010 وە توانای هێزیی كڕین و داهاتی خێزانەكان كەمیكردوە . ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی خەرجكردنی خێزانەكان كەمبكات تەنەنات بۆ كەرەستە سەرەتایەكانی وەك خواردن . لە ساڵی 2022 دا لە (18.4%) خەڵكی ئێران لە هێڵی هەژاری ڕەهادان . وا دەبینرێت كە لە( 60%)ی دانیشتوانی ئێران لە هێڵی هەژاریدا یان لە خوار هێڵی هەژاریدا ئەژین . كەواتە جێگای سەرسوڕمان نیە كە ئافرەتە گەنجەكانی ئێران ئیستا لەبەرەی ئامادەی پێشەوەی خۆپیشاندانەكانن . كە بەشێكن لەو (2) گروپە لەبەرمەترسیدان و بێدەسەڵاتن. بەپێی ئابوریناسە ئیرانیەكان رێژەی بێكاری لە ناو ئافرەتاندا لە (13%) یە ،وە بۆ پیاوان لە (7.2%) وە ئەم ژمارانە دەبێت بە ( 2 ) ئەوەندە لە نێو گەنجاندا كە تەمەنیان لە نێوان (18-35) بە پێی هەندێ سەرچاوە رێژەی بێكاری لە ناو گەنجاندا لە تەمەنی (15-24) دەگاتە (77%) واتە ( 7.1) ملیۆن كەس ، لە ناو ئێراندا جیاوازی ڕەگەزی هەیە كەبەرامبەر ( 5) پیاوی كارمەند تەنها (1) كارمەند ئافرەتە . هێشتا بەتەنها خراپی دۆخە ئابوریەكەی ئێران هۆكاری سەرەكی توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان نیە، ئیران لەساڵی 2017 وە بەردەوامی نرخی شتومەك بەرزبۆتەوە وە هەرگیز خۆپیشاندانەكان ئاوا گشتگیرنەبوون و توند نەبوون ، هەندێ خۆپشاندانی بچوك هەبوە، زۆری بە هۆی كاریگەرە ئابوریەكانەوە بووە، هەندێ جار خۆپیشاندانەكان سیاسی بوون بەڵام لە ناوچەیەكی دیاریكراودا بووە . ژمارەی بێكاری زۆرو دیاریكردنی چینەكانی ( چیناندن ) كۆمەڵگە هەر بوونی هەبووە لە دەیەیەكانی رابردوەوە، خراپی بارە ئابوریەكەی ئێران بۆتە ڕویەكی گەورە بۆ یارمەتیدانی ناڕەزایەتیەكانی ئێستا ، بەڵام فاكتەری سیاسی هاریكاری نارەزایەتیەكانی ئێستا ئەكات ،" خەڵكی ئیران باوەڕی بە دنیابینینی سەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران نەماوە" . دۆخی ئابوری ئێران ئەوەندە ناجێگێرە كاتێك كەسێك ئەچیت بۆ بازاڕ بۆ ئەوەی بازاڕ بكات بەردەوام خواردنەكەی ناو سەبەتەكەی كەمئەبێتەوە ، لەبەرئەوەی نرخەكان بەزویی بەرز ئەبنەوە ، هاوڵاتیەكی ئێرانی ڕۆژنامەی (نێوڕك تایمزی) ووتووە كە ناوی (نادر)ەو تەمەنی 41 ساڵە: لەساڵی پارەوە خواردنی گۆشتی سورم تەرككردوە، دوای ئەوەش خواردنی مریشكم تەركرد، ووتی هەموو پاشەكەوتەكەم بۆ خەرجكردنی نرخی كرێی خانوەكەم بوو، كەكرێكەی بووە بەدوو ئەوەندە . لەم كاتەدا تۆ هەر چەندە ڕابكەیت هەر فریا ناكەوێت، داواكاری خەڵك ئەوەیە لە حكومەت كە ئابوریەكە چاكبكات چونكە خەڵك تێكشكاوە لە ژێر ئەم فشارە داراییەدا . نادر ووتی: سەرەڕای ئەوە خەڵك لەژێر فشاری بەرزبونەوەی نرخدایە ، ژمارەی بێكاری بەرز، گەندەڵی و چەوساندنەوەی سیاسی، وە داواكاری زۆر لەئافرەتان لەبارەی پۆشێنی جل و بەرگ . فاكتەری بێ ئومیدی لە ئابوری وایكردوە، خەڵكی نەیار و خەڵكی لایەنگرانی حكومەتیشی لەناو ئێراندا یەكخستوە یەك دەنگن، ( عبدلرزاق دەڤاری) كە (شیكەرەوەیەكی كۆنسێرڤاتیڤە)و دژی ناڕیزایەتیەكانی ئێستای ئێرانە ، ئێستا بێگوێدانە ڕووئیای سیاسی لەناو ئێراندا لە 95% خەڵكی ئێران وایدەبێنێت كە ژیانیان زەحمەتە و ژیانی منداڵ و نەوەكانیان لەداهاتوودا نادیارە . دەیەیەك لە خراپ بەڕیوەبردنی ئابوری و گەندەڵی و 2 خولی سزاكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بەسەر ئێراندا و پەتای كۆڤید -19 بووە هۆی چەقبەستوی ئابوری ئیران دۆخی ئابورییەكەی لەپێش ساڵی 2012 یان خراپتری كردوە . ئیرانیەكان لە دۆخێكی خراپدان، دەیان ساڵە بەدوای هەلیكاردا دەگەڕێن، خواردنی گۆشت لەسەر سفرەكانیان نەماوە، ئەمەش بووەتە هۆی دواكەوتنی دروستكردنی خێزان و دروستكردنی منداڵ ، توڕەو بێزارن لەسەركردەكانیان بە بەرپرسیاری سەرەكی خراپی دۆخی ئابوریی ئێرانی دەبینن. لە ئیستادا براند و بەرهەمە بیانیەكان لە ناو دوكانەكانی ئێراندا نەماون یان ئەگەر مابن نرخەكانیان ئەوەندە گرانن كە لە كڕین نایەن ، تمەنی ئێرانی ئەوەندە بەهاكەی لەدەستداوە ، هەر بۆیە بڕیاری سفرەكانیان هەڵگرت لەسەر دراوەكەیان، دەرچووی زانكۆكان ناتوانن كاربدۆزنەوە كە لەگەڵ بڕوانامەكەی خۆیاندا گونجاوبێت ، زۆربەیان بوون بە شۆفێری تەكسی یان لە دوكانەكاندا كاردەكەن ئەمە قسەی كەسێكە كە ناوی (ئەمیر) تەمەنی 24 ساڵە دەرچووی كۆلیژی ئەندازیاری تەلارسازیە . ووتی: بیر لەوە ناكەمەوە كە خانوو بەكرێبگرم ، یان ئۆتۆمبێل بكڕم یان ژن بهێنم، یان بیر لەدروستكردنی منداڵ بكەمەوە، تەنها ڕێگا ئەوەیە كە ئێران بەجێبهێڵم، لە ساڵی 2015 كە ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكە كرا ، ئێرانیەكان دڵیانخۆش بوو كە ئابوریەكەیان بەرەو باشی ئەڕوات هەندێ لە وەبەرهێنەرانی بیانی و هەندێ سیستەمی شەراكەت كرا لە گەڵ حكومەتی ئێران، بەڵام لەساڵی 2018 كە لە لایەن (دۆناڵد ترەمپ )سەرۆكی پێشوی ئەمریكا سزا قورسەكان كەسەپێنرا بەسەر ئێراندا بە تایبەتی سزاكان بەسەر نەوت و گازداو ، كۆمپانیا بیانیەكان لە ئێران چونە دەرەوە . ئێستا ئیرانیەكان بیرلەوە ناكەنەوە كە ئایا ساڵی پار ئابوریەكەیان باشتر بوو بەراورد بەئەمساڵ ( ئەسفەندیار باتمان خلیجی) كە دامەزرێنەری سایتی ( بۆرسەو بازاڕ) تیمی تویژینەوەكەی كە تایبەتە بە (سیاسەت و ئابوری) ئێران ووتی: كێشەكان كاریگەری لەسەر هەموومان داناوە لە بنچینەدا وڵاتەكە تووشی ئیفلیجی ئابوری بووە زیاتر لە دەیەیەكە، خەڵك پرسیار ئەكات بۆچی دۆخی خەڵكی بەرەو باشتر ناڕەوات. هەڵئاوسان توندە لە( 30 – 40- 50%) یە ،ئیرانیەكان بە ڕێژەی 75% زیاتر پارە ئەدەن بە شتومەك بەبەراورد بەساڵی ڕایردوو . (وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ) لە مانگی ئابی ساڵی 2021 دا ووتی (سێ یەكی ) خەڵك یان (30ملیۆن) خەڵك لە ئێراندا لەهەژاریدا ئەژین . سەختی ژیان و ناخۆشیەكان وای لە ئێرانیەكان كردوە كە كۆچی بەكۆمەڵ بكەن، وەك ئەوكاتەی كە ساڵی 1979 لە شۆڕشی ئیسلامی دژی شای ئێران ڕوویدا، بەهۆی سزاكان و( كۆڤید -19) ئەوكەسانەی كە لەدەرەوە دەیانخوێند یان كارمەندی تەندروستی كە لە دەرەوە كاریان كردوە نەگەڕاونەتەوە بۆ ئێران . دەسەڵاتدارانی ئێران بەناوی ئابوری بەرەنگاربونەوە كە ئێران بتوانێت خۆی بژێنێت و لەسەرپێێ خۆی ڕابوەستێت و هاوردە لە ووڵاتان نەكات، حكومەت وەبەرهێنانی كرد لە كارگە ناوخۆیەكاندا، داوای لەئێرانیەكان كرد كە شتومەكی ناوخۆی بكڕن ، توانیان كە خۆیانبدزنەوە لە سزاكان بە فرۆشتنی نەوت بە چین بە نرخی داشكاندنێكی گەورە. ئەوەی كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران ڕوویدا . ژمارەی دەنگنەدەران زیاتر بوو لە ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی كە ( رەئیسی) یان هەڵبژارد، ئەمە یەكەم هۆشداری بوو بۆ ئاگاداركردنەوەی سیستەمە سیاسیەكەی ئێران . خەڵكی ئێران ڕازی نەبوون بەو بڕیارەی كە ئەبێت رەئیسی هەڵبژێرێت لەسەر حسابی ئەوەی كە كاندیدەكانی تر كە خەڵكێكی زۆر بەناوبانگ بوون وە نەهێشتنیان بۆخۆكاندیدكردن لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا . ئیدارەی( رەئیسی ) سەركەوتوو نەبوو لەبەرنامە كۆمەڵایەتی – ئابوریەكەی لە ساڵی ڕابردوەوە . بەڵكو خەڵكی زیاتر توڕەكردوە و بێزاركردوە، بۆتە هۆی ئەوەی شكست بەو بۆچونانە بهێنێت كە كەمپی پارێزگارەكان ئەتوانن سەقامگیری لە ئابوریدا بكەن و بتوانن گۆڕانكاری بكەن ، هەرچەندە لەسەرەتادا رەئیسی بەڵێنی بەخەڵكیدا كە هەڵئاوسان دابەزێنێت بۆ خوار ( 10%) لە چەند ساڵی داهاتوودا ، وە گەشە بە ئابوری بدات و ( 2ملیۆن) هەلی كار برەخسێنیت هەتا مانگی ئازاری ساڵی2023. دراوی ئیرانی؛ دراوی ئیرانی زۆر دەمێكە كێشەی هەیە ئەم هەفتەیە نزمتترین ئاستی تۆماركرد، بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، بە هۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكانەوە وە هیوایەك نیە بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمیەكە ،بۆتە هۆی دابڕانی تەواوی ئێران لە كۆمەلگَەی نێودەوڵەتی لە ئەنجامی ئەو ڕەخنانەی كە كۆمەڵگای ڕۆژئاوا بە هۆی ئەو ڕەفتارە دڵرەقانەی كە سوپای پاسداران بۆ روبەرووبونەوەی خۆ پێشاندەران گرتویانەتە بەر، ئەو رەخنانەی كە لەسەر ئێران ئەگیرێت بە هۆی پەیوەندیەكانی لەگەڵ رووسیا، ڕیاڵی ئێرانی بەهاكەی بە ڕێژەی 13.8% دابەزیوە لەو كاتەی ناڕەزایەتیەكانی ئیران دەستیان پێكردوە بە هۆی گیان لەدەستدانی خاتوو ( ژینا ئەمینی )، بازرگانەكانی دراو بەتەواوی بێ هیوا بوون لە دراوی ئێرانی لە ئەنجامی ئەو ڕێگایەی كە دەسەڵاتدارانی ئیرانی گرتویەتە بەر بەرامبەر خۆپیشاندەران، وە هەروەها پەیوەندیە سەربازیەكانی ئێران لە گەڵ ڕوسیادا بەتایبەتی فرۆشتنی فڕۆكەی( بێ فڕۆكەوان) بە ڕوسیا. هەر ئەم هەفتەیە كەنەداو ئوسترالیاو ئەمریكا بەردەوام سزای زیاتریان سەپاند بە سەر ئێراندا . وە بەریتانیا سزای زیاتری سەپاند بەسەر بەرپرسە ئێڕانیەكاندا لە ئەنجامی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی بەرپرسەكان، ئەڵمانیا ئیدانەی ئێڕانی كرد بە هۆی لە سێدارەدانی یەكەم خۆپیشاندەری ئیرانەوە. وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا بڕیاریانداوە سزای زۆر قورس بەسەر ئێراندا بسەپێنن، وەسایتی ( EcoIran) نوسیویەتی بە هۆی ئەم هەواڵانەوە ، زیاتر فشار دەكەوێتە سەر ڕیاڵی ئێڕانی ، وە ئەو كاتە لەوانەیە بانكی ناوەندی ئێران یارمەتی پشتیوانی ڕیاڵ بكاتەوە . چارەسەر بە پێێ قسەی شیكەرەوەكان و قسەی زۆربەی ئێرانیەكان بۆ ئەوەی باری ئابوری چاكبێت تەنها ڕێگا ئەوەیە كە ڕێكەوتن لە گەڵ ڕۆژئاوا بكرێت لە بارەی بەرنامەئەتۆمی ئیرانەوە. بەڵام لە كاتێكدا كە ئەمریكاو ئێران هەریەكەیان سورن لەسەرداواكاریەكانی خۆیان، دیارنیە كە هیچ ڕێكەوتنێك بكرێت ، هەر بەیانێك كە دەرئەچێت لەسەر ڕێكەوتن یان چەقبەستنی ڕێكەوتنەكە كاریگەری لەسە دراوی ئیرانی و پێوانەی دڵخۆشی ئیرانیەكان دیاریدەكات ، هەر ڕێكەوتنێك بكرێت لە سەر بەرنامە ئەتۆمیەكە كاریگەری خێرای ئەبێت لەسەر ئابوری ئێران چونكە بەملیارەها دۆلاری ئێران كە ئیستا لە بانكەكاندا ڕاگیراون دەگەڕێتەوە بۆ ئیران ، وە هەروەها نەوت و گاز دەتوانرێت بفرۆشرێت لە بازاڕەكانی جیهاندا . بەڵام بۆ ئیرانیەك گەشبینیەكەی وەستاوە بەوەشەوە كە ئەبێت سیستەمی حوكمڕانی لە خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی پاكبكرێتەوە ، بەڵام لەوە ناچیت ئێران بەپەلەبێت لە ڕێكەوتنەكە هەتا مسۆگەركردنی نەبێت بە قایلبوونێكی زۆر لە لایەن ئەمریكایەكانەوە ئەوەش كارێكی سەختە بۆ ئەمریكیەكان كە ڕازیبن . لەساڵی پاردا كە خۆپیشاندان ڕوویدا لە ئەسفەهان لە ئەنجامی( كەمی ئاو)دا و لە خوزستان لە ئەنجامی بەرزبونەوەی نرخ لە نان و ڕۆنی چێشت لێناندا .، حكومەت بەناچاری و بەپەلە دەستیكرد بەزیادكردنی پاڵپشتی پارەی زیاتر بۆ خێزانەكان، هەر لە شۆفێری پاس و مامۆستاو فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و بازرگانی ناو بازاڕەكان و خانەنشینان هەموویان خۆپشاندانیان كرد، ئەوە بوو سەركوتكرا . سزاكانی سەر ئێران بەتەواوی ئێرانی بەستۆتەوە وەكارەكانی سنورداركردووە، بەڵام كۆنسیرڤاتیڤەكانی ئێران وا بیردەكەنەوە كە نابێتە هۆی داخستنی هەموو ڕێگاكانی پێشكەوتن ئەمە وتەی ( محەمەد نوری ساڵحی ) كەسەرۆكی دەستەی شارەوانی ئەسفەهانە لەسەر پارێزگەران، ئەو دەڵێت: سزاكان نەیتوانیوە چالاكیەكانی ئێمە ڕابگرن. ئەمە ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیشی دركیان پێكردوە. بە هۆی سزاكانەوە ئێران نەیتوانیوە كێشە سەرەكیەكان چارەسەر بكات بۆ نمونە وەك كەمی ئاو لە شاری ئەسفەهان دیارە باری ئابوری ئێران بە ئاشكرا كاریگەری هەیە لەسەر نارەزایەتیەكان خەڵكانی خۆپیشاندەر، تێكڕای گەشەی ناوخۆ پاشەكشەی كردوە بە رێژەی (6% ) بە پێیی ڕاپۆرتی سندوقی نێودەوڵەتی وە نرخی ڕیاڵ زۆر دابەزیوە، بەمەش كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت خەڵكیان دەركرد لە كارەكانیان وە هەروەها( كۆڤید -19) كە بەدوایدا هات ، بەیەكەوە بووە هۆی بەرزبونەوەی نرخ ، خەڵكی بردە هێڵی هەژاریەوە كە ئەوانەی داهاتیان لە خوار ( 5.50دۆلار) ەوەسە گەیشتۆتە ڕێژەی لە 20% دانیشتوانی ئێران (بە پێی راپۆرتی بانكی نێو دەوڵەتی)، سەرۆكەكانی پێشوی ئێڕان نەیان توانیوە گۆڕانكاری بكەن ، ئەمەش شەرعیەت ئەدات بەو پرسیارەی ئایا ئەم جۆرە سیستەمە ئەتوانێت گۆڕانكاری و پێشكەوتن بكات، بەڵام هەر كە هەواڵێ گیانلەدەستدانی ( ژینا ئەمینی) بڵاوبوەوە ، ناڕەزایەتیەكان دەستیان پێكردەوە چونكە خەڵكی ئێران لە زۆر مافە سەرەتایەكان و خزمەتگوزارییەكانیان بێبەشبن لە هەموو پیداویستیەكانی ژیان. هەرلەنووسین و خوێندن بەزمانی دایك ، وە ئازادی ڕادەربڕین و مافە سەرەتایەكان لە پۆشینی جلوبەرگ، هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوادا . وە نەبوونی ئۆپۆزۆسیۆن. جیاوازی زۆر لە نێوان ژن و پیاودا، چەوسانەوەی چینایەتی، جیاوازی زۆر لە نێوان نەتەوە جیاوزاكاندا و مەزهەبە جیاوازەكاندا هەیە. نەبوونی ڕێكخراوە مەدەنیەكان ، چەوساندنەوەی ئاشكرای نەتەوەیی بۆ نمونە هەر لە كاتی ئەم خۆپێشاندانەدا ژمارەی كوژراوان زۆر زیاترە لە و ناوچانەی كە مەزهەبی نەتەوەی سەردەست نین، وەك ناوچەكانی كوردستان و بلوچستان، ئەمە جیاوازیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی دەردەخات نەڕەخساندنی هەلی كار لە ناوچەكانی تری كە لە سنوری نەتەوەی سەردەستەو مەزهەبی سەردەستدا نیە، لە هەندێ ناوچەدا تەنانەت ناتوانرێت ( ئاوی پاك ) بۆ خواردنەوە دابینبكرێت وە ك لە ناوچەكانی خوزستاندا كە زۆر دەوڵەمەندە بەنەوت و گاز . هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی كوژرانی ( ژینا ئەمینی) ،بەهۆیەوە ناڕەزایەتیەكان دەستیان پێكردەوە . چونكە دۆخەكە وەك بەرمیلێك باروت وایە تەنها پڕیشكێكی بچوكی ئەوێت بۆ گڕگرتن . بۆیە خەڵك لە سەرتاسەری ئێراندا ڕژانە سەرشەقامەكان و داوای ( ژن ، ژیان، ئازادی) ئەكەن كە ئەم داوایانە بۆتە ئامانجی گەلانی ئێران، لە ژێر ئەم سیستەمی بەڕێوبەردنەدا ئەم ئامانجانە زەحمـەتە بهێنیتە دی. هەڵە گەورەكەی (رەئیسی) ئەوە بوو كە بڕیاریدا نەهێڵێت لە هیچ شوێنێك ، ڕێگابدات بەو كەسانەی كەیاساكانی ( حیجاب ) بشكێنیت، یان ئاهەنگی ماڵان و ئاهەنگی مۆسیقای گۆرانی بێژان، ئیستا خەڵك لە ژێر باری سەختی ئابوریدا ئەژی ئەمەش وایكرد كە خەڵكی هەندێ بڕیار پشتگوێ بخەن . وە هەروەها سەرۆكەكانی پێشوی خۆی هەر نەیان توانیوە گۆڕانكاری بكەن ، ئەمەش شەرعیەت ئەدات بەو پرسیارەی ئایا ئەم جۆرە سیستەمە ئەتوانێت گۆڕانكاری و پێشكەوتن بكات . بەڵام ئەم شكاندنانە لە ژێر كامپی كۆنسەیرڤاتیڤەكانی ئێران مانای نیە، ئەوە پاراستنی ناواخنی پارێزگارەكارەكانە ئەوە نابێت بشكێت و پێشێلبكرێ' سەر ئەنجام هەرچەندە هەتا ئیستا خۆ پێشاندانەكانە بەردەوامەو تاران نەیتوانیوە بە ئاسانی سەركوتی بكات ، كاتێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان كپدەبنەوە، دەبێت كۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕانكاری گەورە بكات، گۆڕانكاری قوڵ و فراوان، چونكە ئەم سیستەمەی ئێستا لە گەڵ خواستی خەڵكی ئیراندا یەكناگرێتەوە ، بۆیە ئەگەر گۆڕانكاریەكان گەورە نەبێت لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری و یاسایی و كۆمەڵایەتی، متمانە لای خەڵكی ئێران دروستنابێتەوە بە سیستەمە سیاسیەكەی ئێستای ئێران، سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیەكان لە ئایندەدا چاوەڕوانكراو ئەبێت . سەرچاوەكان: 1. ‘Out-of-Reach Dreams in a Sickly Economy Provoke the Rage in Iran, at; https://www.nytimes.com/2022/10/02/world/middleeast/iran-protests-economy.html 2. The economic backdrop of Irans protests, at; https://www.mei.edu/publications/economic-backdrop-irans-protests 3. Winter of protests exposes economic pressures in Iran as nuclear talks stall, at; https://www.ft.com/content/86e0e8cc-7770-416e-a49a-659616dc28a4 4. Iranian currency slides to new low amid unrest, isolation; https://www.reuters.com/world/middle-east/iranian-currency-slides-new-low-amid-unrest-isolation-2022-12-10/