راپۆرتی: هێمن خۆشناو له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له كاندیده‌كان له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا هه‌ڵبژاردنه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا یه‌كلایی بكاته‌وه، پێویستی به 27 ملیۆن ده‌نگ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی (50+1) به‌ده‌ست بێنێت. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار تێگه‌یشتووه كه ناتوانێ له گه‌ڕی یه‌كه‌م ئه‌م ژماره و رێژه‌یه به‌ده‌ست بێنێت، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه. له 14 ئایاری مانگی داهاتوو له توركیادا هه‌ڵبژاردنی 28 مین خولی په‌رله‌مانی توركیا ئه‌نجام ده‌درێت كه تیایدا پارت و بلۆكه سیاسیه‌كان پێشبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی 600 كوورسی له په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته‌دا. هه‌روه‌ها له هه‌مان رۆژدا گه‌ڕی یه‌كه‌مینی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئه‌نجام ده‌درێت. ژماره‌ی ده‌نگده‌ر و ئاماری هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر چیمان پێ ده‌ڵێن؟ به گوێره‌ی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا له‌ناوخۆی توركیادا 60 ملیۆن و 904 هه‌زار و 499 كه‌س مافی به‌شداریكردنیان هه‌یه، له هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری 2023 داهاتوودا. هه‌روه‌ها به گوێره‌ی هه‌مان دامه‌زراوه ژماره‌ی ده‌نگده‌ری تورك له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئه‌م وڵاته 3 ملیۆن و 286 هه‌زار و 786 كه‌سه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ژماره‌ی ته‌واوی به‌شداربووان له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیادا ده‌گاته 64 ملیۆن و 690 هه‌زار و 785 كه‌س، كه نزیكه‌ی 6 ملیۆن ده‌نگده‌ر بۆ یه‌كه‌مین جاره ده‌نگ ده‌ده‌ن. به‌پشت به‌ستن به‌م ئاماره، ئه‌گه‌ر وه‌كو زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی پێشبینی ده‌كه‌ن، رێژه‌ی به‌شداربووان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا له نێوان 85 – 90٪ بێت، ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن له نێوان 53 – 54 ملیۆن ده‌نگده‌ر ده‌بێت. به ره‌چاوكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش كه ده‌بێت كاندیدی سه‌ركه‌وتوو له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا (50+1) ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بێنێت، ده‌بێت كاندیدی براوه 27 ملیۆن ده‌نگ بێنێت. كاتێك به ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری ئێستا و كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار دادهچینهوه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتردا هیچ كاتێك نه‌گه‌یشتۆته ئه‌م ژماره‌یه‌ی ئه‌مڕۆ پێویسته بۆ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی. له هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری له ساڵی 2014 دا، ئه‌ردۆغان 21 ملیۆن ده‌نگی هێنا، كه تیایدا مه‌هه‌په له دژی ئه‌ردۆغان ده‌نگی به كاندیدی ئه‌و كاته‌ی سه‌ركۆماری (ئهكمهلهدین ئیحسانئۆغڵو) دا كه رێژه‌ی به‌شداربوون تیایدا 75٪ بوو. له ریفراندۆمی ساڵی 2017 بۆ گۆڕینی سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی، كه مه‌هه‌په و ئاكه‌په به یه‌كه‌وه بوون به‌ره‌ی "به‌ڵێ" بۆ گۆڕینی ده‌ستوور" كه ئه‌ردۆغان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد 25 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. هه‌روه‌ها له هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری دوای گۆڕینی ده‌ستوور و سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی له ساڵی 2018 دا، ئه‌ردۆغان كه كاندیدی هاوبه‌شی ئاكه‌په و مه‌هه‌په بوو، توانی 26 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ست بێنێت. له به‌رامبه‌ریشدا ده‌نگه‌كانی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له ساڵی 2014 تا 2018 به‌م شێوه‌یه بووه. له هه‌ڵبژاردنی 2014 (ئهكمهلهدین ئیحسانئۆغڵو) كه كاندیدی هاوبه‌شی (جه‌هه‌په و مه‌هه‌په) بوو 15 ملیۆن و 500 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. هه‌روه‌ها (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) هاوسه‌رۆكی پێشتری هاداپ كه ركابه‌ری ئه‌ردۆغان و ئیحسانئۆغڵو بوو 4 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. له ریفراندۆمی ده‌ستوور له ساڵی 2017 به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن یان به‌ره‌ی "نه‌خێر" 23 ملیۆن و 700 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. ده‌كرا ئه‌نجامی ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ستووری نوێ، بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا ببێته وێستگه‌یه‌كی گرنگ له هه‌ڵبژاردنی گشتی 2018 دا، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن له‌و ئه‌نجامه ئه‌زموونی وه‌رنه‌گرت و به چوار كاندید به‌شداریان له هه‌ڵبژاردن كرد، كه دووباره سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغانی لێكهوتهوه. به‌پشتبه‌ستن به حزب و كاندیدی "فه‌یك" ئه‌ردۆغان هه‌وڵده‌دات هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه! به‌گوێره‌ی زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی و توێژینه‌وه، له ئێستادا ده‌نگه‌كانی ئه‌ردۆغان دابه‌زیووه بۆ 21 – 22 ملیۆن ده‌نگ كه ده‌كاته رێژه‌ی 42 – 43٪ ته‌واوی ده‌نگده‌ران. له به‌رامبه‌ردا، ده‌نگی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپه‌یمانی (میلله‌ت) به ده‌نگی پێشبینكراوی هاداپ كه 13٪ به 30 – 31 ملیۆن ده‌نگ له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كه ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌سه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی سه‌ركۆماری داهاتوو له گه‌ڕی یه‌كه‌مینی هه‌ڵبژاردندا. پێده‌چێت ئه‌ردۆغان دركی به‌م راستیه‌ی سه‌ره‌وه كردووه، بۆیه له ئێستادا ستراتیژی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه. دووریشنیه ئه‌ردۆغان زۆر پێشتر به‌گوێره‌ی هه‌ڵومه‌رجی توركیا رێوشوێنی تایبه‌تی گرتبێته‌به‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته. به‌شێك له چاودێرانی سیاسی پێیانوایه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له ساڵی 2020 به‌دواوه كاری له‌سه‌ر دروستكردنی پارت و كاندیدی فه‌یك كردووه كه بتوانن ده‌نگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پارچه بكه‌ن. ئه‌مڕۆ به‌شێكی دیار له پسپۆران و چاودێرانی سیاسی، خۆ كاندید كردنی (محه‌ڕه‌م ئینجه و سینان ئۆغان) بۆ پێشبڕكێی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، به خزمه‌تكردنی ئه‌جنداكانی ئه‌ردۆغان و هه‌وڵی په‌كخستنی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. پێشبینی ده‌كرێت له هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری داهاتوودا، محه‌ڕه‌م ئینجه كه پێشتر یه‌كێك بووه له فیگوڕه دیاره‌كانی ناو جه‌هه‌په و له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 كاندیدی ئه‌م پارته بووه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری، ده‌نگی به‌شێك له ده‌نگده‌رانی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو بۆ خۆی ببات. له‌هه‌مان كاتدا پێده‌چێت سینان ئۆغانیش كه پێشتر په‌رله‌مانتار و جێگری سه‌رۆكی مه‌هه‌په بووه، ژماره‌یه‌ك له ده‌نگی ده‌نگده‌رانی ئی پارتی ببات كه هاوپه‌یمانی جه‌هه‌په‌یه له‌ناو هاوپه‌یمانی میلله‌تدا. ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو كاندیده به‌یه‌كه‌وه بتوانن شه‌ش ملیۆن ده‌نگ بێنن، ئه‌وه سه‌ركه‌وتنی كلیچدارئۆغڵو له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا په‌كده‌خه‌ن. بۆچی ئه‌ردۆغان ده‌خوازێت هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بچێته گه‌ڕی دووه‌مین؟ پێناچێت له ئێستادا ئه‌ردۆغان هیچ هیوایه‌كی مابێت ده‌نگی نوێ به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵكو پاراستنی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌وله‌ویه‌ته، به تایبه‌تی كه زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م فیگوڕه ناتوانێت له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا ده‌نگی 2018 به‌ده‌ست بێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه (ئه‌گه‌ر هیچ كاندیدێك 50+1 به‌ده‌ست نه‌هێنێت) ئه‌وه له 28 ئایاردا گه‌ڕی دووه‌مینی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت، تیایدا دوو كاندید كێبڕكێ ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌نگی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت ده‌بێته سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا. ئه‌ردۆغان پێیوایه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكه‌وێته گه‌ڕی دووه‌مین و ژماره‌ی كوورسی پارته سیاسیه‌كان له په‌رله‌ماندا دیاربێت، مه‌سه‌له‌ی (سه‌قامگیری) و (ئاسایش) ده‌بێته ئه‌وله‌ویه‌تی ده‌نگده‌ر كه ئه‌مه‌ش به قازانجی خۆی ده‌بینێت، لاوازیش بێت هیوای له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنێت. به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌لبژاردن بڵاوی كردۆته‌وه، له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا 6 ملیۆن ده‌نگده‌ر هه‌یه كه بۆ یه‌كه‌مین جار ده‌چنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، هه‌روه‌ها 20 ملیۆن ده‌نگده‌ر ته‌مه‌نیان له خوار 30 ساڵیه. به ره‌چاوكردنی دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی توركیا كه گیرۆده‌ی چه‌ندین قه‌یران هاتووه، ئه‌گه‌ر له رووی سۆسیۆلۆژیه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه له‌م 26 ملیۆن ده‌نگده‌ره كه‌مترین ده‌نگ بۆ ئه‌ردۆغان و هاوپهیمانیهتیهكهی ده‌چێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه جارێكی دیكه ده‌گه‌ینه‌وه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه زه‌حمه‌ته ئه‌ردۆغان بگاته‌وه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ساڵی 2018. له چه‌ند ئه‌گه‌رێكدا، ئه‌ردۆغان ده‌توانێ هاوسه‌نگی هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بگۆڕێت، یه‌كێك له‌و ئه‌گه‌رانه، وه‌كو پێشبینی ده‌كرێت رێژه‌ی به‌شداریكردنی هه‌ڵبژاردن (85-90٪) نه‌بێت به‌ڵكو له خوار ئه‌م رێژه‌یه بێت. به واتایه‌كی دیكه هه‌رچه‌ند رێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن كه‌متر بێت ئه‌وه له قازانجی ئه‌ردۆغان دایه. چونكه له هه‌موو دۆخێك‌دا ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانانی ده‌توانن ده‌نگده‌رانیان ببه‌نه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. به‌ر له بۆمه‌له‌رزه‌ی 6 شوباتی رابردوو كه 11 شاری توركیای گرته‌وه و زیاتر له 50 هه‌زار كه‌سی كرده قوربانی و به ملیۆنان كه‌سیشی بێ ماڵ و حاڵ كرد، ناوه‌نده‌كانی راپرسی رێژه‌ی به‌شداریكردنیان له هه‌ڵبژاردن به (75 – 80٪) مه‌زه‌نده ده‌كرد. ناوه‌نده‌كانی راپرسی هه‌ڵكشانی رێژه‌ی به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بۆ رۆحی هاوكاری و به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌ومان ده‌گێڕنه‌وه كه له رۆژانی دوایی روودانی بۆمه‌له‌رزه‌كه هاته ئاراوه. جگه له خراپی ئیداره‌دانی حكوومه‌ت، گه‌نده‌ڵی، پووكانه‌وه‌ی ئابووری، هۆكارێكی دیكه‌ش له ئارادایه بۆ دابه‌زینی رێژه‌ی ده‌نگی ئه‌ردۆغان كه له هه‌ڵبژاردنی سالی 2018 ئه‌م هۆكاره له ئارادا نه‌بوو. له‌دوای ساڵی 2018 دوو پارتی سیاسی له جه‌سته‌ی ئاكپارتی بوونه‌وه كه ئه‌وانیش (پارتی گهلهجهك كه ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی و پێشكه‌وتن كه عه‌لی باباجان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات) و رێژه‌ی ده‌نگی هه‌ردووكیان به یه‌كه‌وه به 5٪ پێشبینی ده‌كرێت. دوو ئه‌گه‌ری دیكه له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان بتوانی باری لاسه‌نگی راست بكاته‌وه، ئه‌ویش ترساندنی ده‌نگده‌ری كورده له شاره‌كانی باكووری كوردستان تا له رۆژی هه‌ڵبژاردن نه‌چنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بۆ كلیچدارئۆغڵو نه‌ده‌ن. ره‌نگه په‌لكێشكردنی (هودا – پار) بۆ ناو هاوپه‌یمانی كۆمار به ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بێت. چونكه ئه‌م پارته به باڵی سیاسی (حزبولڵا) له قه‌ڵه‌م ده‌درێت كه له‌ناو به‌شێكی زۆری كوردانی باكووردا به (حزبی شه‌یتان) ناسراوه و له هه‌ردوو ده‌یه‌ی هه‌شته‌مین و نۆیه‌مینی سه‌ده‌ی رابردوو هه‌زاران هاوڵاتی كوردیان له كرده‌وه‌ی بكه‌ر نادیاردا كرده قوربانی. ئه‌گه‌رێكی دیكه كه هاتنه‌دی زه‌حمه‌ته، لێكترازان و پارچه‌بوونی هاوپه‌یمانی میلله‌ته، كه له‌م ساته به‌دواوه زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌گه‌ر مه‌حاڵیش نه‌بێت. چونكه خاڵی هاوبه‌شی هه‌ر شه‌ش پارته‌كه‌ی ناو هاوپه‌یمانی میلله‌ت، دوورخستنه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه له ده‌سه‌ڵات و كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار. هه‌ر پارتێك له‌م ساته به‌دواوه له‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه وه‌كو ئه‌وه‌یه بڕیاری خۆ كوشتنی خۆی بدات. به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا ئه‌ردۆغان به‌ده‌ست چیه‌وه ده‌ناڵێنێت! دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له ساڵی 2003 هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تی، په‌رله‌مانی و خۆجێیه‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. له هه‌موو ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ش چه‌كی ده‌ستی ئه‌ردۆغان بریتی بووه له به‌كارهێنانی ئایین و پشتگیریكردنی له‌لایه‌ن جه‌ماعه‌ته ئایینیه‌كان كه كاریگه‌ریه‌كی هێجگار گه‌وره‌یان هه‌یه، جگه له‌وه‌ش به‌كارهێنانی هێزی ده‌سه‌ڵات و تواناكانی میلله‌ت له پاره بگره تا راگه‌یاندن چه‌كێكی دیكه‌ی كاریگه‌ری ده‌ستی ئه‌ردۆغان بووه، جگه له‌م دوو چهكهش ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام گفتی چاره‌سه‌ری كێشه ئاڵۆزه‌كانی توركیا به گوێی ده‌نگده‌ر چرپاندووه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی به‌باشی به‌كارهێناوه. له هه‌مان كاتدا ئۆپۆزسیۆنی دژ به ئه‌ردۆغان جگه له په‌رشوبڵاوی، به‌ده‌ست كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌ناڵاند. ئۆپۆزسیۆن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یتوانی توێژی موحافهزهكاری توركیا كه نزیكه‌ی 40٪ هه‌موو ده‌نگده‌رانی توركیا پێكدێنێت رازی بكات یان متمانه‌یان پێبدات كه ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می به‌ر له ئه‌ردۆغان له دژیان كراوه دووباره نابێته‌وه. له ئه‌مرۆدا ئه‌ردۆغان به‌ده‌ستی چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ش ده‌ناڵێنێت كه گه‌یشتنی به ده‌نگه‌كانی ساڵی 2018 ئاسته‌نگ ده‌كات، ئه‌و كێشانه‌ش بریتین له: كێشه‌ی ئابووری، گه‌نده‌ڵی، به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی دیموكراسی و ئازادی تا راده‌ی نه‌مان، ئه‌و كێشانه‌ی له‌دوای بۆمه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌م دوایه تووشی هاتووه له‌گه‌ڵ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و په‌نابردن بۆ زیندان و سزادان بۆ كپكردنه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی ئه‌م كێشه‌یه. جگه له‌م كێشانه‌ی سه‌ره‌وه، له ئه‌مڕۆدا سروشتی رێكخراوه‌یی و كاره‌كته‌ره‌كانی ناو ئاكه‌په گۆڕاوه. كادیره‌كانی ئاكپارتی له ساڵانی 2002، 2007 و تا ساڵی 2011 بۆ رازیكردن و به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگده‌ر ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕان. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م ئاره‌زووه له كادیرانی ئاكه‌په نابیندرێت. دوێنی كادیر و ئۆرگانه‌كانی ئاكه‌په بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغان هه‌موو رێگایه‌كیان ده‌گرته‌به‌ر. به‌ڵام كادیرانی ئه‌مڕۆ كادیری مشه‌خۆر و به‌رژه‌وه‌ندیخوازن. بۆ نموونه له پێناو ده‌ستخستنی ته‌نده‌ری ئه‌و باڵاخانانه‌ی بۆمهلهزره وێرانی كردوون، به‌رپرسانی ئاكه‌په چه‌ندین شێوازی گهندهڵكاریان ئه‌نجامداوه، نرخی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونیان به‌رز كردۆته‌وه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش سۆسیال میدیا و تیڤیه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیان ته‌نیووه‌ته‌وه. له ئێستادا له پشت ئه‌ردۆغان پارتێكی به دسپلین و به نه‌زاكه‌ت نه‌ماوه. له رووی كه‌سانی ئهنتهلـلهكتوێل و پسپۆریشدا لاوازیه‌كی دیار ده‌بیندرێت، كه‌سانی بیرمه‌ند و به توانا كه له‌ناوه‌ندی بڕیاری ئاكه‌په‌دا جێ په‌نجه‌یان دیاربوو، ریزه‌كانی ئه‌م پارتهیات جێهێشتووه. تا ده‌چێت له رووی چۆنایه‌تی كادیرانی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا لاوازتر ده‌بن، ته‌نیا جۆره كادیرێك له‌ناو ئه‌م پارته ده‌بیندرێت ئه‌ویش ئه‌و كادیرهیه كه ئه‌ردۆغان به پیرۆز له قه‌ڵه‌م ده‌دات. ئه‌م دۆخه‌ش تا بڵێی ئه‌ردۆغانی له رووی ده‌روونی، هزری و له‌وانه‌یه جه‌سته‌یش شه‌كه‌ت كردووه. له به‌رامبه‌ر ئه‌م لاوازی و شهكهتیهی كه ئه‌ردۆغان به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت، ركابه‌ره‌كانی ئه‌ردۆغان فێری زۆرشت بوونه له ئه‌زموونه‌كانی رابردوویاندا. كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كه له ئه‌مڕۆدا گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر دواڕۆژی سیاسی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می سووره له‌سه‌ر یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا، ئه‌م سووربوونهشی به ترس له ركابه‌ره‌كه‌ی ده‌به‌سترێته‌وه، چونكه له چه‌ندین وێستگه‌ی دیكه‌دا كه ئه‌ردۆغان له په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگی سیاسی‌دا بوو هاوسه‌نگیه‌كانی گۆڕی و ئه‌نجامه‌كانی به‌لای خۆیدا شكانده‌وه.
شیكاری: درەو لە ساڵی (2022)دا کۆمپانیا تورکییەکان بڕی (ملیارێک و 216 ملیۆن و 129 هەزار و 862) دۆلاریان لە پرۆسەی نەوتی هەرێم وەرگرتووە، بە جۆرێک؛ # زیاتر لە (618 ملیۆن) دۆلاری لە بری کرێی گواستنەوەی نەوت دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC). # (125 ملیۆن) دۆلار لە چارەکی یەکەمی (2022) لە بری دانەوەی قەرز دراوە بە کۆمپانیاکانی (TEC) و (TPIC)ی تورکی. # (473 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای (گەنێڵ ئنێرجی) لە بری شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ - تەق تەق - سارتا). یەکەم: دەستکەوتە داراییەکانی کۆمپانیا تورکییەکان لەساڵی (2022) تورکیا لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکەوە دەستی لەنێو پرۆسەی نەوتی هەرێمدایەو لە ساڵی (2022)دا ئەو کۆمپانیایانە بڕی (ملیارێک و 216 ملیۆن و 129 هەزار و 862) دۆلاریان لە پرۆسەی نەوتی هەرێم وەرگرتووە، بە جۆرێک؛ زیاتر لە (618 ملیۆن) دۆلاری لە بری کرێی گواستنەوەی نەوت دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC). (125 ملیۆن) دۆلار، هاوکات لە چارەکی یەکەمی (2022)دا لە بری دانەوەی قەرز دراوە بە کۆمپانیاکانی (TEC) و (TPIC)ی تورکی. (473 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای (گەنێڵ ئنێرجی) لە بری شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ - تەق تەق - سارتا). (بڕوانە خشتەکە). جگە لەو کۆمپانیایانەی سەرەوە کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)ی تورکی لە دوو کێڵگەی نەوتی هەرێمدا پشکدارەو تەنها یەکێکیان گەیشتووە بە قۆناغی بەرهەمهێنان و شایستە داراییەکانی نەزانراوە، لەگەڵ ئەوانەش پارەی نەوتی هەرێم دەچێتە (هاڵک بانک)ی تورکی و دیار نیە بڕی ئەو قازانجە چەندە کە بانکەکە دەیکات. لە بەشەکانی داهاتوو بە وردی تیشک دەخەیەنە سەر چنگی تورکیا لە نێو پرۆسەی نەوتی هەرێمدا. دووەم: بۆری نەوتی هەرێم لە خاکی تورکیادا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (450) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی وڵاتی دەرەوە دەکات سەرجەم ئەو بڕەش لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوەیە کە بە خاکی تورکیادا تێپەڕدەبێت. بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) بۆ یەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم، پرۆسەی نەوتی هەرێمی بردە قۆناغێکی دیکەوە. بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە سەرەتای ساڵی (2014) وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە پێشتر تەنها لە ڕێگەی تانکەر و بڕێکی کەم نەوت هەناردە دەکرا. بەڵام لەسەرەتای سەرپێکەوتنی بۆری نەوتی هەرێم، گۆڕانکاری گەورە بەسەر بڕو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هات. ئه‌م هێڵه له سه‌رەتادا پلان وههابووە که بۆ غازبێت، چونکه هێڵی نەوتی عێراق بوونی هه‌بووە. به‌ڵام لەبەر قه‌یران لەگه‌ڵ حکومه‌تی ناوهندیداو دواکه‌وتنی ده‌رهێنانی غاز، بڕیاردرا بۆرییه‌كان بگۆڕدرێن بۆ نه‌وت. ته‌واوبوونی ئەو پڕۆژەیە بۆ تورکیاش گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی پێویستیی بە نەوت و غازی سروشتی ئێران و رووسیا کەم کردەوە. بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیای کار بۆری نەوتی دروستکردووە و (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، پرۆژەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە لە سنوری هەرێمی کوردستاندا. (60%) بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە 2/6/2017 لە شاری (سانبترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفرت واژۆ کرد، بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی (%60)ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای رۆزنەفت بە بەهای (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار. درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆمەترە، لە سنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)ی‌دا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆمەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە. ئەو بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) دەگەڕێتەوە کۆمپانیای "بۆتاش" سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%)ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت. راکێشانی بۆری نه‌وت لە کوردستانه‌وه بۆ تورکیا، به سه‌ربه‌خۆ له تورکیا، کاریگه‌ری گه‌وره‌ی هەیە لەسەر دۆخی وزه، دۆخی ئابووری، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و تورکیا، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا‌و عێراق. سێیەم: کۆمپانیا تورکییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دوو گەورە کۆمپانیای بواری وزەی تورکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەردوو کۆمپانیای ناوبراو لە سەرەتاکانی دەستکردن بە پرۆسەی نەوت و پێش نوسینەوەی دەستوری عێراق لە ساڵی (2005) لە هەرێمی کوردستان دەستیان بەکارکردن کردووە بە جۆرێک، لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ دا حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی نەوتی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی شاکەل و پەڵکانە لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ ئیمزا کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو پێش ئەو ڕێککەوتە ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی پێشتری هەبوو لەگەڵ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی و لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٤دا هەمواری گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم/ ئیدارەی سلێمانی کردەوە. لە ئێستادا هەردوو کۆمپانیاکە لە چەند کێڵگەیەکی کانزایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی هەرێم گرێبەست و پشکیان هەیە، بە جۆرێک؛ ١. کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛ - بلۆكی تاوكێ: لە پارێزگای دهۆک، ده‌كه‌ویته قه‌زای زاخۆوهو به‌گشتی ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌زاكه ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (594) كیلۆمه‌تر دووجایه، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پشکی (25%)ی لە کێڵگەی ناوبراو هەیە. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (107 هەزار 90) بەرمیل نەوت بووە. - بلۆكی ته‌ق ته‌ق: ده‌كه‌وێته قه‌زای كۆیه‌و ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق و ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵه‌وه، ڕووبه‌ره‌كه‌ی (951) كیلۆمه‌تر دووجایه. پشكی (44%)ی دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (4 هەزار 490) بەرمیل نەوت بووە. - بلۆكی سارتا: لە پارێزگای هەولێر، كۆمپانیای (شیڤرۆن)ی ئه‌مریكی (50%)ی پشكه‌كانی له كۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) (30%)ی هه‌یه و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (4 هەزار 710) بەرمیل نەوت بووە. - جگە لەو کێڵگە بەهەمهێنەرانەی سەرەوە کۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەبوو لە هەردوو کێڵگەی گازی (بنەباوێ و میران) و خاوەنی (100%) ی پشکەکانی هەردوو کێڵگەکەبوون، بەڵام بە بیانووی ئەوەی زیانیان بەو کێڵگانە گەیاندووە حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە (10/12/2021) بڕیاریدا گرێبەستەکەیان هەڵوەشێنێتەوە. هاوکات لە (کێڵگەی نەوتی قەرەداغ)یش لە سنوری پارێزگای سلێمانی کۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) تورکی (40%)ی پشکەکانی پێ‌درابوو، بەڵام لە سەرەتای ساڵی (2023)ەوە ماوەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکەو حکومەتی هەرێم بەسەر چووەو و ئێستا کێڵگەکە لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم خۆیەتی. 2. کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)ی تورکی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛ - بلۆكی په‌ڵكانه: لە ناوچەی گەرمیان، قه‌زای دووزخورماتو ناحیه‌ی جه‌باره و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و قه‌زایه ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ره‌كه‌ی (529) كیلۆ مه‌تر دووجایه، پشكی (20%)ی دراوه‌ته (پیت ئۆیڵ)ی توركی. هێشتا - بلۆكی چیا سورخ: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری سیروان و ناحیه‌كانی قۆره‌توو مه‌یدان له قه‌زای خانه‌قین ده‌گرێته‌وه تا سنوری ئێران و ڕووبه‌ری (938) كیلۆمه‌تر دووجایه و پشكی (20%)ی دراوه‌ته (پیت ئۆیڵ)ی توركی. بە پێی زانیارییەکان، لەتازە گەیشتووە بە قۆناغی بەرهەمهێنان و لە مانگی ئازاری ساڵی (2023) دا رۆژانە نزیکەی (2 هەزار) بەرمیل نەوت لە کێڵگەی ناوبراو بەرهەمهاتووە. چوارەم: پارەی نەوت و هالک بانک پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژمارەی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکەکانی تورکیا، هەر بۆیە بینیمان لە ساڵی (2015) ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز بەنوسراوی ژمارە (٥٥٣) لەبەرواری (٣١ ی ئایاری ٢٠١٥)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدواین کۆبونەوەی خۆی کە (١٥ی ئەیلولی 2015) ئەنجامیدا بەنوسراوی ژمارە (٩٨٣) بڕیاریدا: 1. پێویستە گشت داهاتەکانی هەناردەکردن وفرۆشتنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کەلەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت ڕاستەوخۆ لەحسابی بانکی کڕیاری نەوتی هەرێمەوە بخرێتە سەرتەنها حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبانکی (هاڵک بانک) لەوڵاتی تورکیا بەبێ نێوەندگیری بانکی سێهەم، جگە لەوحسابەش نابێت هیچ حسابێکی بانکی تری هەبێت بۆ داهاتی هەنادەکردن وفرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە وەزارەتی دارایی وئابوری زانیاری تەواو لەسەر ئەو حسابە بەنوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکات بەزووترین کات 2. لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز ئاماژە پێدراولەسەرەوە، وەزیری دارایی وئابوری حکومەتی هەرێم بەڕێز (ڕێباز محمد حملان) کەسی ڕێگاپێدراو دەبێت بۆ ڕەفتارکردن وجوڵاندنی نەقدی لەسەر ئەوحسابە بەناوی حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسا‌و ڕێنماییە داراییە کارپێکراوەکان لەهەرێم . 3. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی وئابوری ئەم بڕیارە جێبەجێدەکەن لە ماوەیەکدا بەشێوەیەک کەلەبەرواری ١-١٠-٢٠١٥ تێپەڕ نەکات. ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2015) دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرجەمی پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی تورکیا کۆدەکرێتەوە، چەند جارێکیش ئەم پرسە لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە فشاری لەسەر دروست کراوە بەڵام پرۆسەکە بە هەمان شێوەی خۆی ماوەتەوە. سەرچاوەکان - راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە (4) چارەکی ساڵی (2022)دا. - درەو میدیا، بەرهەمهێنانی گه‌نێڵ ئەنێرجی تورکی لە ساڵی 2022، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11971 - یادگار سدیق - روونبین، داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی 2022، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11956 - درەو میدیا، بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9734 - درەو میدیا، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680 - عەبدولڕەحمان عەلی رەزا، دیسانەوە هاڵک بانک، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە تۆڕی کومەڵایەتی فەیس بووک؛ https://ar-ar.facebook.com/1497770880440978/posts/1658359767715421/
درەو: دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان, ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی ناوی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ و موحەرەم ئینجەو سەنان ئۆغان) ناویان لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردنیش بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە, بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان. ئەمڕۆ كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا دەستیپێكرد, دوای ئەوەی بەفەرمی ناوی ئەو كاندیدانە ڕاگەیەندرا كە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكەن و بڕیارەی ڕۆژی (14)ی ئایاری ئەمساڵ لەتوركیا بەڕێوەبچێت. كاندیدەكانی سەرۆكایەتی •ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار), كە پارتەكانی داد‌و گەشەپێدان و بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەكێتی گەورەو ڕەفاهی نوێ لەخۆ دەگرێت, پارتی (هودا بار)ی كوردیش كە پارتێكی ئیسلامیە پشتیوانی دەكات. •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ: كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت), كە لەلایەن پارتەكانی گەلی كۆماری و باش و سەعادەت و ئایندەو دیڤا و پارتی دیموكراتەوە پشتیوانی دەكرێت, هاوپەیمانی (كار‌و ئازادی)یش پشتیوانی دەكات, كە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) گەورەترین پارتەكانێتی. •سەنان ئۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) كە پارتی سەركەوتن بە سەرۆكایەتی (ئومیت ئوزداغ) رێبەرایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەكات‌و چەند پارتێك لە نمونەی پارتی (حەقیقەت) لەخۆدەگرێت. •موحەرەم ئینجە: سەرۆكی پارتی (نیشتمان) كە ماوەی چوار خول ئەندامی پەرلەمانی توركیا بووەو لەپارتی گەلی كۆماری جیابووەتەوە. لەڕۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, كە ناوی ئەو چوار كاندیدە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە. یەكلابونەوەی ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لەكاتێكدایە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان. هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا, بە هەڵبژاردنێكی سەخت و یەكلاكەرەوە دادەنرێت بۆ پارتە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە, پێشبینی دەكرێت كێبڕكێی سەرەكی لەنێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار)و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت)دابێت. ڕاپرسیەكانی مانگی ئازار بە گوێرەی (9) راپرسی كە لە توركیا ئەنجامداراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا شكست دەهێنێت، لە دواین ڕاپرسیدا كە كۆمپانیایەكی توركی ڕۆژی (14)ی ئازار ئەنجامیداوە, هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەچێتە خولی دووەم, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%ی دەنگەكان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێژەی 43.1% دەنگەكان بەدەستدەهێنێت, بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاریش كە لەومایەوەدا بڵاوبوتەوە ئەوە ئاشكرادەكات, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بە (9) خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, بەپێی لێكۆڵینەوەكە ڕێژەی دەنگەكانی قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5% و ڕێژەی دەنگەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5%. بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا, كە بڕیارە ڕۆژی (14)ی ئایاری (2023) لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت و لەلایەن (9)كۆمپانیای جیاوازی تایبەت بەبواری ڕاپرسیەوە ئەنجامدراوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت(ئۆپۆزسیۆن) بەڕێژەی جیاواز لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمارەوەیە. خشتەی ڕاپرسیەكان و ڕێژەی دەنگی كاندیدەكان و ناوی كۆمپانیاكانی ڕاپرسی: كۆمپانیای) (AVRASYA: كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 53.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 39.7% كۆمپانیای (MAK): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 47%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42% كۆمپانیای (PAPORU): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5% كۆمپانیای (AR-G): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.1% كۆمپانیای (AKSOY): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.6%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.4% كۆمپانیای (PIAR): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 57.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42.9% كۆمپانیای (ALF): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.9% كۆمپانیای (ORC): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 56.8%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.6% كۆمپانیای (SAROS): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 45.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.2% هەڵمەتێكی چڕ‌و ئارام دەبێت چاوەڕواندەكرێت بەپێچەوانەی ڕابردوو, بەهۆی كارەساتی بومەلەزەكەی ئەم دوایەو هاتنی مانگی ڕەمەزان, هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن چڕ‌و ئارامتربن, كاندیدەكان كە بەكارهێنانی میوزیكیان لەهەڵمەتەكانیاندا قەدەغەكردووە, بەشێوەیەكی گشتی چاو دەخنە سەر دیدارە ناوخۆییەكان و پرۆگرامەكانی بەربانگ زیاتر لەگردبونەوەی جەماوەری. پێدەچێت لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزاندا كاندیدەكان هەڵمەتەكانیان چڕتر بكەنەوەو لەقۆناغی دەركەوتنی میدیایی و بەشداریكردن لەبۆنە كۆمەڵایەتی و ئاینیەكانەوە, بڕۆن بەرەو ڕێكخستنی گردبونەوەی جەماوەری لەسەرانسەری ویلایەتەكانی توركیا.
راپۆرت: درەو لەكاتێكدا هەموو جیهان چاوی لەوەیە حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات‌و هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە، لە هەرێمی كوردستان هەموو ئەو دەزگایانەی بۆ ئیدارەی نەوت دیاریكراون ناكاران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە "وەكالەت" بەڕێوەدەبرێت، ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غاز لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا یەكجار كۆبوەتەوەو ئاشتی هەورامیش كە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە، بێدەنگی هەڵبژاردووە، وردەكاری زیاتر لەبارەی بەڕێوەبردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەم راپۆرتەدا. وەفدەكانی هەرێم كێن ؟ ماوەی هەفتەیەكە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتووە، ئەمە بووەتە مانشێتی سەرەكی میدیاكانی جیهان. هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رێژەی 0,5%ی كۆی گشتی هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی جیهان پێكدەهێنێت، راوەستانی هەندێك كاریگەری لەسەر بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دروستكردووە. لەكاتێكدا جیهان چاوی لەسەر گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، لە هەرێمی كوردستان پۆستە هەستیارەكانی تایبەت بە كەرتی نەوت بەتاڵن و ناكاران. لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس‌و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە، حكومەتی هەرێم دووجار وەفدی ناردووە بۆ بەغداد بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. وەفدی یەكەم 26ی ئەم مانگە سەردانی بەغدادی كرد‌و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبووەوە، وەفدەكە (كەمال محەمەد) وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت سەرۆكایەتی دەكردو پێكهاتبوو لە هەریەكە لە: • ئومێد سەباح- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم • فارس عیسا- سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد • شێخ باز- سەرۆكی كۆمپانیای كار (كۆمپانیای كار خاوەنی خاوەنی رێژەی 40%ی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، سەرباری ئەمە كێڵگەی "خورمەڵە" كە گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمە لای كۆمپانیایە) سێ رۆژ لەمەوبەر هەر بۆ مەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، حكومەتی هەرێم وەفدێكی تری ناردەوە بۆ بەغداد، وەفدی ئەمجارە (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتی دەكردو پێكهاتبوو لە هەریەكە لە: • كەمال محەمەد- وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت • ئومێد سەباح- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەتو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هیچ كامیان پسۆڕییان لەبواری نەوتدا نییە. سەرباری ئەمە، لە هەردوو وەفدەكەی حكومەتدا، نوێنەرانی یەكێتی نیشتمانی غائب بوون، تیمی یەكێتیی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران كشاوەتەوە. وەزیر بەوەكالەت ! كەمال محەمەد وەزیری كارەبایە، لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (كەمال ئەتروشی)یەوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەوەكالەت وەرگرتووە، واتا لە یەك كاتدا دوو وەزارەت بەڕێوەدەبات كە هەردووكیان لە قەیراندان، ئەو بڕوانامەی بەكالۆریوسی لە (ئەندازیاری كارەبا)دا هەیە. لەساڵی 2005وە لە هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دروستكراوە، واتە 18 ساڵە هەرێم وەزارەتی تایبەت بە نەوت‌و غاز‌و سامانە سروشتییەكانی تری هەیە. لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا دوو وەزیری بەخۆوە بینیوە، یەكەمیان (ئاشتی هەورامی)یە كە ماوەی زیاتر لە (14 ساڵ) وەزیری بووە، ئەوی تریان (كەمال ئەتروشی)یە كە تەنیا ماوەی ساڵێك‌و چوار مانگ لە وەزارەت مایەوەو دەستی لەكاركێشایەوە. كەمال ئەتروشی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 سوێندی یاسایی خوارد‌و دەستبەكاربوو، رۆژی 26ی ئایاری 2022 دەستی لەكاركێشایەوەو هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی هێشتا بە ناڕووی ماوەتەوە، نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ نەخۆشیو وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاندەوە، بەڵام هەندێك لە سەرچاوەكانی تر لەناو حكومەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ دەستوەردان لە كاروباری وەزارەتەكەی لەلایەن كەسە نزیكەكانی مەسرور بارزانییەوە گەڕاندەوە، ئەتروشی لەوكاتەوە تائێستا خۆی هیچ قسەیەكی نەكردووە. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات لە 10ی تەموزی 2019 دەستبەكاربوو، ئەم كابینەیە هەر لەسەرەتاوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەبەتاڵی بەجێهێشت‌و دوای ساڵ‌و نیوێك پۆستەكەی پڕكردەوە. رۆژی (5)ی ئۆكتۆبەری 2020 كاتێك لە پەرلەمانی كوردستان پرسیار لە مەسرور بارزانی كرا لەبارەی ئەوەی بۆچی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە، ئەو وتی:" خۆم حەزم دەكرد لە وردەكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاگادار بم، بۆیە پۆستەكەم پڕنەكردوەتەوە.. بەدوای كەسێكدا دەگەڕێم كە جێگەی متمانەبێت بۆ ئەوەی دۆسیەكە بەڕێوەببات". وەزارەتی ناو جانتا ! ئاشتی هەورامی كە زیاتر لە 14 ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، ناوێكی ناسراو بوو لای بەرپرسانی عێراقی، بەڵام ئێستا ئیتر ناوی كوژاوەتەوە. بێدەنگی ئاشتی هەورامی لەم كاتەدا كە نەوتی هەرێم توشی قەیرانێكی گەورە بووە لەكاتێكدایە، هێشتا ئەو بە تەواوەتی دەستی لە دۆسیەی نەوتی هەرێم نەبڕاوەو بە فەرمی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە. مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، بەڵام بەتەواوەتی دەستی لەناو دۆسیەی نەوتی هەرێمدا نەبڕی، مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی حكومەتی هەرێمدا، پۆستێكی نوێی بەناوی "یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت" لە دەرەوەی یاسا كارپێكراوەكان داتاشی، ئاشتی هەورامی كرد بە "یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتییەكان". ئاشتی كە پێشتر بینای نەبوو، دۆسیەی سامانە سروشتییەكان لە جەنتاكەیدا هەڵگرتبوو، دوای دورخستنەوەی لە پۆستەكەی، وەزارەتەكەی بردە ناو بینایەك لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بیناكە دەكەوێتە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەناوچەیەك لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، ئەوكاتەی هێشتا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕنەكرابووەوە، ئاشتی لەم بینایەدا ژمارەیەك فەرمانبەری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو راوێژكاری بیانی لەگەڵدابوو، لەوێوە دۆسیەی نەوتی بەڕێوەدەبرد. لەمەشدا دەسەڵاتی لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وەردەگرت، ئەوەش بەپێی فەرمانێك كە رۆژی 24ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی بە نهێنیو بە زمانی ئینگلیزی بۆی دەركردبوو. لەم فەرمانەدا مەسرور بارزانی هەموو دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەخشی بەخۆی‌و دواتر لە خۆیەوە گواستیەوە بۆ ئاشتی هەورامی. ئاشتی هەورامی لە نێچیرڤان بارزانییەوە نزیك بوو، كاتێك نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو، لە یەكەم هەنگاودا مەسرور بارزانی هەوڵیدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كۆنترۆڵ بكات كە سەرچاوەی 77%ی داهاتی حكومەتی دابین دەكرد، دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی بەپلەی یەكەم دورخستنەوەی دەستی نێچیرڤان بارزانی بوو لەناو داهاتی سەرەكی هەرێمی كوردستاندا، نێچیرڤان كە ئەندازیاری رێككەوتنی 50 ساڵەی نەوت‌و غاز بوو لەگەڵ توركیا، ئێستا ئیتر وەكو جاران كۆنترۆڵی بەسەر وەزارەتی سامانە سروشییەكاندا نەماوە. لە كۆتایی سەرۆكایەتییە 17 ساڵییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، بۆ یەكەمجار وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بەجێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم‌و جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە. ئەنجومەنی نەوت‌و غاز چی بەسەرهات ؟ ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام وەكو تەحەدایەك بۆ دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی كوردستان رۆژی 29ی حوزەیرانی 2022 یاسای نەوت‌و غازی هەمواركردەوە. پارتی پرۆژەی هەموارەكەی پێشكەش كردبوو، ئامانجی ئەوە بوو ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غاز سەرلەنوێو بەپێكهاتەیەكی تازەوە كارا بكاتەوە. لەم هەموارەدا، پەرلەمانی كوردستان لە بەرژەوەندی پارتی ئەندامێكی نوێی بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نەوت‌و غازی كوردستان زیاد كرد‌و (ئومێد سەباح)ی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كرد بە ئەندام لە ئەنجومەنەكەدا. ئێستا پێكهاتەی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غازی هەرێم بەمشێوەیە: • مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت: سەرۆكی ئەنجومەن • قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت: جێگری سەرۆكی ئەنجومەن • كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت: ئەندامی ئەنجومەن • ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی- ئەندامی ئەنجومەن • دارا رەشید وەزیری پلاندانان- ئەندامی ئەنجومەن • ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران- ئەندامی ئەنجومەن ئەم ئەنجومەنە كە خۆی پێشتر ماوەی سێ ساڵ هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردبوو، لەدوای هەمواری یاساكەو كاراكردنەوەی تەنیا یەك كۆبونەوەی كردووە كە ئەویش رۆژی 30ی حوزەیران بووە، واتە رۆژێك دوای پەسەندكردنی هەمواری یاسای نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی كوردستان. ئەم ئەنجومەنە كە دەبوو لەم دۆخە هەستیارەدا كۆببێتەوەو بڕیاری پێویست بدات بۆ رزگاركردنی نەوتی هەرێم، هیچ رۆڵێكی نییە. گفتوگۆكانی ئەمدواییەی نێوان حكومەتی هەرێم‌و وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی تایبەت بە نەوت‌و غازی خۆی هەبێت‌و دەیەوێت ئەمەش لەناو یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ‌دا بچەسێنێت.
(درەو): هاوشێوەی سعودیە، لە ئیماراتی عەرەبیش دەسەڵات لە باوكەوە شۆڕكرایەوە بۆ كوڕەكەیو لەمەدا براكان وەلانران، سەرۆكی ئیمارات (خالید)ی كوڕی كرد بە جێ‌نشین، تەحنون سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیمارات ركابەری خالید بوو، سەرباری پەیوەندییە بەهێزەكانی لەگەڵ هەواڵگرییەكانی خۆرئاوا، پێناچێت رۆڵی گشتی لە داهاتووی ئیماراتدا وەرگرێت، ئەمە پەیوەندی بە ناكۆییەكانی خێزانی (زاید)ەوە هەیە. جێنشینیی لەنێوان كوڕ‌و براكاندا شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی رۆژی چوارشەممە شێخ (خالید بن محەمەد بن زاید)ی كوڕی كرد بە جێنشینی میرنشینی (ئەبوزەبی)، براكانیشی بۆ پۆستە باڵاكانی تر دەستنیشان كرد. ئاژانسی دەنگوباسەكانی ئیمارات ئەم گۆڕانكارییانەی راگەیاند، كە بە دیارترین گۆڕانكاری لەسەردەمی دەسەڵاتی سەرۆكی ئیمارات ئەژماردەكرێت، لەوكاتەوە كە لە ئایاری 2022وە پاش كۆچی دوایی شێخ (خەلیفە بن زاید ئال نهەیان)ی برای پۆستەكەی وەرگرتووە. گۆڕانكارییەكان دانانی (مەنسور بن زاید) وەكو جێگری سەرۆكی دەوڵەت لەخۆدەگرێت، هاوشانی (محەمەد بن را‌شد ئال مەكتوم)ی جێگری ئێستا سەرۆكی دەوڵەت كە حاكمی (دوبەی)ە، هەریەكە لە شێخ (تەحنون)و شێخ (هەززاع)یش بە جێگرانی سەرۆكی میرنشینەكە دانران. جێنشینی نوێی ئەبوزەبی كێیە ؟ شێخ خالید بن محەمەد بن زاید ئال نهەیان لە 8ی كانونی دووەمی 1982 لەدایكبووە، كوڕی گەورەی شێخ محەمەد بن زایدە، شێخە (سەلامەی كچی حەمدان ئال نهەیان) دایكیەتی. دەرچووی ئەكادیمیای (ساندهێرست)ی سەربازییە لە بەریتانیا، لە دەزگای ئاسایشی دەوڵەت كاریكردووە. بەگوێرەی مەرسومێكی فیدراڵی كە لە رۆژی 15ی شوبای 2016 دەرچووە، كراوە بە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی دەوڵەت بە پلەی وەزیر، تاوەكو رۆژی 17ی كانونی دووەمی 2017 لەم پۆستەدا ماوەتەوە، پاشان وەكو راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بە پلەی وەزیر دەستبەكاربووە. بەگوێرەی مەرسومێكی میرایەتی كە لە رۆژی 21ی كانونی دووەمی 2019 دەرچووە، شێخ خالید بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی میرنشینی (ئەبوزەبی). دوای 9 مانگ، شێخ خالید وەكو سەرۆكی نوسینگەی جێبەجێكردنی ئەبوزەبی دانراوە، بووە بە بەرپرس لە هەموو ئەو كاروبارانەی كە پەیوەندییان بە ئەنجومەنی جێبەجێكردنەوە هەبووە، لەوانە بابەتە بەرزكراوەكان یان پلان‌و داواكاری‌و نەخشەرێگاكان. هەروەك شێخ خالید ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دەزگای ئەبوزەبیە بۆ كاروباری وەبەرهێنان‌و كۆمپانیای نەوتی ئیمارات (ئەدنوك). "جێنشینییەكی چاوەڕوانكراو" لەوكاتەوە دەوڵەتەكە دامەزراوە، جگە لە حاكمەكانی میرنشینی (ئەبوزەبی) هیچ كەسێكی تر سەرۆكایەتی ئیماراتی عەرەبی نەگرتوەتە دەست، ئەمە لەكاتێكدا بووە جێگرانی سەرۆك بەردەوام لە میرنشینی (دوبەی) بوون. بۆیە لە چەند مانگی رابردوودا، قسەوباسی زۆر هەبوو لەبارەی ئەگەری دانانی شێخ خالید وەكو جێنشینی ئەبوزەبی، بەتایبەتیش بەهۆی دەركەوتنی لە زۆرێك لە دیدارە سیاسییەكاندا. شێخ خالید بەشداری لە ژمارەیەك بۆنەی گرنگدا كرد، رۆژی 26ی ئەیلولی 2022 لەگەڵ فۆمیۆ كیشیدا سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن دەركەوت، كە لەگەڵیدا رێككەوتنی شەراكەتی ستراتیژی گشتگیری نێوان هەردوو وڵاتی ئیمزا كرد، ئەمە لە پەراوێزی سەردانێكیدا بوو بۆ تۆكیۆ. هەروەك سەرۆكایەتی وەفدی بەشداربووی ئیماراتیشی كرد لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرمی شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن، لە شاری تۆكیۆی پایتەخت، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەركردەو رێبەرانی وڵاتانی جیهان، ئامادەبوونی لە مەراسیمەكەدا سەرەنجڕاكێش بوو، بەتایبەتیش كە ولاتانی كەنداو سەركردە یان وەزیرە دیارەكانیان ناردبوو بۆ بەشداریكردن. لە شوباتی ئەمساڵدا شێخ خالید سەرپەرەشتی پرۆسەی " الفارس الشهم"ی كرد، كە دەوڵەتی ئیمارات بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتوانی بومەلەرزەكەی توركیا‌و سوریا رایگەیاندبوو، ئەمەش لەرێگەی دروستكردنی پردێكی ئاسمانیی بۆ گواستنەوەی تیمەكانی گەڕانو رزگاركردنو كەلوپەلی پزیشكی‌و یارمەتی پێویست. چالاكییەكانی شێخ خالید ئاماژەن بۆ ئەوەی بایەخێكی تایبەت بە گەنجان دەدات، هەروەها بە بوارەكانی ئابوری، بەڵام زانیاریی لەبارەی ژیانی تایبەتی شێخ سەبارەت بە هاوسەرو منداڵەكانی، دور لە چاوی میدیاكان ماوەتەوە. دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی ئیمارات چین ؟ مەنسور بن زاید جێگری سەرۆك وەزیران وەكو جێگری سەرۆكی وڵات دانرا، هاوشان لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئێستا. جیگری سەرۆكی دەوڵەت لە ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو دووەم پۆستی گەورەیە لە دەوڵەتدا، راستەوخۆ لەدوای سەرۆكی دەوڵەتەوە دێت. بەگوێرەی ماددەی 51ی دەستوری ئیمارات، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ لەنێو ئەندامەكانیدا جێگری سەرۆكی دەوڵەت هەڵدەبژێرێت. جێگری سەرۆكی دەوڵەت هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەوڵەت وەردەگرێت لەكاتی نائامادەگیی سەرۆكدا، ئەمە بەپێی ماددەی 52ی دەستوری ئیمارات. ماوەی ولایەتی جێگری سەرۆكی دەوڵەت 5 ساڵەو دەكرێت نوێ بكرێتەوە، لەحاڵەتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆكی دەوڵەت بە هەر هۆكارێك، جێگری سەرۆك بەشێوەیەكی كاتیی دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەردەگرێت تا ئەوكاتەی سەرۆكێكی نوێ هەڵدەبژێردرێت. لەدوای دامەزراندنیەوە، لە ئیمارات بووە بە نەریت كە حاكمی (دوبەی) جێگری سەرۆكی دەوڵەتو حاكمی (ئەبوزەبی) سەرۆكایەتی دەوڵەتەكە دەكات، هەروەك بووە بە نەریت جێگری سەرۆكی دەوڵەت دەبێت بە سەرۆك وەزیران. ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ چییە؟ بەگوێرەی ماددەی (46)ی دەستوری دەوڵەت، ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ دەسەڵاتی باڵای دەوڵەتە، پێكدێت لە حاكمی حەوت میرنشینەكە، لە گفتوگۆكانی ناو ئەنجومەنەكەدا هەر میرنشینێك (1) دەنگی هەیە. بەگوێری ماددەی (49)، بڕیارەكانی لەناو ئەنجومەنی باڵادا بۆ پرسە بابەتییەكان بەدەنگی زۆرینەی (5) ئەندام دەبێت، بەمەرجێك ئەم زۆرینەیە دەنگی هەردوو میرنشینی ئەبوزەبی‌و دوبەی لەخۆبگرێت، كەمینە پابەند دەبێت بە بۆچوونی زۆینەوە، بەڵام بڕیارەكانی ئەنجومەن لە بابەتە رێكارییەكاندا بەزۆرینەی دەنگ دەردەچن. ماددەی (53) دەڵێ" لەحاڵی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆك یان جێگرەكەی بەهۆی مردن یان دەستلەكاركێشانەوە یان كۆتایهاتنی حوكمی هەریەكێكیان لە میرنشینەكەیدا بە یەكێك لەو هۆكارانە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا لەماوەی مانگێكدا لە رۆژەوە، بانگەواز دەكات بۆ سازدانی كۆبونەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی پۆستە بەتاڵەكە، لەو ماوەی كە دیاریكراوە". ئەو ئاڵنگاریانە چین رووبەڕووی جێنشینی نوێ دەبنەوە ؟ دانانی شێخ خالید وەكو جێ‌نشین رەنگدانەوەی ئەو ئاڕاستەیە كە لە زۆرینەی وڵاتانی كەنداودا هەیە بۆ پێشختنی كوڕەكان بەسەر براكاندا لە پرسی جێنشینیدا، بە سعودیەشەوە. لەوكاتەوە كە لە ساڵی 1971وە ئیماراتی عەرەبی لەسەر دەستی باوكی شێخ محەمەد دامەزراوە، ئەبوزەبی پارێزگاری لە پۆستی سەرۆكی وڵات كردووە. تەنانەت پێش ئەوەش دوای مردنی براكەی لە مانگی ئایاری رابردوو دەسەڵات بگرێتە دەست، شێخ محەمەد چەند ساڵێك لەوەوبەر هەر خۆی حاكمی ئیمارات بووە، ئەمەش لەكاتێكدا بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات‌و ئەمریكا ئاڵۆزی تێكەوتبوو، بەهۆی ئاڕاستەی واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوچەكەدا. شێخ محەمەد سەركردایەتی پرۆسەی دووبارە رێكخستنەوەی كارتەكانی كرد لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش كاتێك بوو كە ساڵی 2020 ئیمارات‌و بەحرەین پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل گرێدا بۆ پێكهێنانی میحوەرێكی نوێی دژە ئێران لە ناوچەكەدا. هاوكات، ئیمارات بەردەوام بوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ تاران بۆ كۆنترۆڵكردنی گرژییەكانو جەختكردن لەسەر ئەولەویەتە ئابورییەكان. هەروەك ئیمارات كاریكرد لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ روسیا‌و چیندا. ئەم دەوڵەتە كە ژمارەی دانیشتتوانەكەی (10 ملیۆن) كەسە، شانازی بە سەقامگیرییە سیاسی‌و ئابورییەكەیەوە دەكات. یەكێك لەو وڵاتانەی جیهانە كە خاوەنی بەرزترین داهاتی تاكە، میوانداری ملیۆنان كرێكاری بیانی دەكات، كە بەشێكی گەورەی دەستی كار پێكدەهێنن. "رۆڵی رانەگەیەندراوی تەحنون گرنگ‌و بەهێزترە" راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان تیشكیان خستوەتەسەر ئەو ركابەرێتییەی كە لەنێوان جەمسەرەكانی خێزانی (زاید)دا هەیە لەوكاتەوە كە محەمەد بن زاید وەكو سەرۆكی دەوڵەت هەڵبژێردراوە، خالید ركابەرێتی چەندین كەسایەتی كردووە كە دیارترینیان: تەحنونو مەنسورو براكانی زاید بووە. تەحنون كە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بەدەستەوەیە، یەكێك لە دیارترین ركابەرەكانی شێخ خالید بوو، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە خۆرئاواییەكان هەیە‌و مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكانی تایبەت بە توركیا‌و ئێران دەكات. شرۆڤەكاران پێشبینی ئەوە ناكەن تەحنون رۆڵی گشتی هەبێت، بەتایبەتیش كە زۆربەی كات كار‌و جموجوڵی سەرۆكی دەزگا هەواڵگرییەكانی هاوشێوەی تەحنون ئاشكرا نیەو ئەمەش هەندێكجار ئاسانكاری دەكات بۆ بڕیاردان یان هەڵوێستی سیاسی. تەحنونی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كە لەسەر ئاستی كەسایەتیی بەوە ناسراوە خولیای هونەرە جەنگییەكانی وەكو كاراتیو تایكواندۆیە، كانونی یەكەمی رابردوو سەردانی ئێرانی كرد‌و ئەمە لەكاتی خۆیدا بوو بە مانشێتی هەواڵەكان، بەوپێیە یەكەم سەردان بوو لەماوەی چەندین ساڵدا. دیارترین جێنشینەكانی ئیمارات • شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان: جێنشینی ئەبوزەبی‌و فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان • شێخ سوڵتان بن محەمەد قاسمی: جێنشینی جێگری حاكمی شاریقە • شێخ محەمەد بن سعود بن سەقر قاسمی: جێنشینی رەئس خەیمە • شێخ محەمەد بن حەمەد شەرقی: جێنشینی فوجێرە • شێخ را‌شد بن سعود موعەلا: جێنشینی ئەم قەیوین • شێخ عەمار بن حەمید نعێمی: جێنشینی عەجمان سەرچاوە: BBC
درەو: راپرسی كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی بەپێی راپرسیەكی دیكەی كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی (65%) هاوڵاتیانی بەشداربوارنی راپرسیەكە شانازی بە عێراقی بوونی خۆیانەوە دەكەن، هەر بەپێی راپرسیەكە ئەوانەی ئامادەن بەرگری لە خاكی كوردستان و نیشتمان بكەن لە پارێزگای دهۆك (72%) و پارێزگای هەولێر (67%) و پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە (46%) واتا لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (54%) ئامادەنین بەرگری لەخاك و نیشتمان بكەن. بەپێی راپرسیەكی دیكەی كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی لە مانگی ئازاری 2023 ئەنجامدراوەو (1250) كەس بەشداریان تێداكردووە، ٦٣% و رەگەزی نێر‌و ٣٧%ی رەگەزی مێ بووە، هەولێر ٣٣%، سلێمانی - هەڵەبجە ٤١% و دهۆک ٢٦%، ٦٨% نموونەکە بوون. - 86%ی بەشداربوانی راپرسیەكە شانازی بە كوردبوونەوە دەكەن - 65% شانازی بە عێراقی بوونەوە دەكەن - 62% ئامادەی بەرگرین لە خاكی نیشتمان تا ئاستی خۆبەكوشتدان - 94% بەرگریكردن لە ئایینەكەیان تا ئاستی گیانفیدایی - 82% منداڵەكەیان لەسەر بیری نەتەواویەتی پەروەردە دەكەن - 96% لەسەر بیری ئایینی ئیسلام پەروەردە دەكەن كۆمپانیای شیكار بۆ توێژینەوە و راپرسی ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە. بنكەی سەرەكی لە شاری هەولێرە لەلایەن (مراد حكیم، رابەر تەڵعەت و مەهدی حەسەن)ەوە خاوەندارێتی دەكرێت. 🔹دوای 20 ساڵ لە روخانی بەعس، سێکوچکەی؛ کوردبوون، ئیسلامگەرایی و عێراقچییەتی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان ده‌روازه: له‌ئێستادا خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانی ناسنامەوە دەناڵێنێت، قەیرانێک کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناسکی ناسنامەی کوردبوون و نەبوونی ناسنامەیەکی توکمە و یەکگرتوو لە ئەنجامی نەبوونی قەوارەیەکی کوردستانی لە رابردوودا. خەڵکی لە هەرێم لە نێوان سێکوچکەی ناسنامەکانی کوردبوون، ئیسلامگەرایی و عێراقچییەتیدا تێداماون. ئەم سێ ناسنامەیە بە درێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام لە کێبڕکێدابوون، حزبە ناسیۆنالیستیە کوردستانیەکان زۆرتر کاریان بۆ ناسنامەی کوردایەتی کردووە، حزبە ئیسلامییەکان و رەوتی رابوونی ئیسلامیی جیهانی کاری بۆ ئیسلامگەرایی و هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و هەندێک گروپی ناوخۆیی بە ئاراستەی عێراقچییەتی کاریان کردووە. بۆیە ئەم سێکوچکەیە لە دوای راپەڕینەوە هیچ کات سێگوشەیەکیان پێکنەهێناوە کە گوشەکانی یەکسان بن، بەڵکو هەمیشە گوشەیەک لەسەر حیسابی گوشەکانی دیکە کشاوە یان بچووکبووتەوە، ئەو سێ ناسنامەیە ناتوانن تەواوکەری یەکتر بن، بەڵکو لە ململانێدان و دەکرێ یەکێکیان ئەوانی دیکە بکات بە پاشکۆی خۆی یان پشتیوانی خۆی، وەکو ئەوەی کە لە وڵاتانی دەوروبەر ئیسلامگەرایی کراوە بە پشتیوانێک بۆ گوتاری ناسیۆنالیستی. لەسەرەتای راپەڕینەوە خەریک بوو عێراقچییەتی لەو سێگوشەیەدا نەدەما و گوتاری زاڵ کوردبوون بوو، بەڵام لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، گوتاری ئیسلامگەرایی هاتە پێشەوەو جێگەی خۆی بە فراوانی کردەوە، هێشتاش مەیلی عێراقچییەتی هەر زۆر لاواز بوو. ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەڕایەوە بۆ لەسەر دەسەڵاتبوونی بەعس لە عێراق کە حزبەکان و جەماوەریش لە دژی راپەڕیبوون و کەس نەیدەویست، هەروەها نەوەی ئەوکاتیش لە هەرێم ئەو نەوەیە بوو کە لەگەڵ ئەو کارەساتە سامناکانە ژیابوو کە بەسەر کورد هاتبوون لە سەر دەستی بەعس، یادەوەرییە تاڵەکان هێشتا زیندوو و ئامادەبوون. دوو گوتاری (کوردبوون و ئیسلامگەرایی) تا رزگاریی عێراق هەر لە بڕەوسەندندابوون. لەگەڵ رزگاری عێراق و لە ناوچوونی بەعس دەسەڵاتی کوردی لە سەر داوای رۆژئاوا و بە خەونی دروستبوونی عێراقێکی نوێی فیدرالی دیمۆکراتی یەکەمین هەنگاوەکانی هەڵهێنا بە ئاراستەی عێراقچییەتی. ئەم مەیلە زیاتر لای حزبەکان هەبوو نەک جەماوەر. وێڕای ئەوەی، لە رووی ئیدارییەوە (دوای ٢٠٠٤)، هەرێم بووەوە بە بەشێک لە عێراق، بەڵام مەیلی عێراقچییەتی لەو پەڕی لاوازیدابوو، هەڵبەت ئەوە تەنیا لای خەڵکی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە نەبوو، بەڵکو لای شیعەو سوونەکانیش ناسنامەی عێراقیبوون کەوتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە و ناسنامەی تایفی و ناوچەگەرێتی جێگەی ناسنامەی عێرایبوونی گرتەوە. لە هەرێم، عێراقچییەتی بەرەبەرە لە ژێر کاریگەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا لە زۆنی سەوز خەریک بوو زیادی دەکرد، بەڵام ئەویش زۆر بە لاوازی. هۆکارەکەشی زیاتر دەگەڕایەوە بۆ ئامادەیی زیاتری یەکێتی نیشتیمانی لە بەغدا لە رێگەی سەرۆک کۆمارەوە. ئالای عێراق لەسەر فەرمانگە حکومییەکانی زۆنی سەوز بەرزکرایەوە لەپاڵ ئالای کوردستان و جەخت لەسەر عێراقچییەتی دەکرایەوە لە بۆنەکان و خەڵکی شایەدی کۆمەڵێک هەنگاون بەو ئاراستەیە. لەولاشەوە پارتی، سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکانی بەغدا و رەنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، خۆراگری دەنواند و نەدەچووە ژێر ئەو بارەوە. بەدرێژایی ساڵەکانی ٢٠٠٥ -٢٠١٤ لە راپرسییەکاندا عێراقچییەتی لە هەرێمی کوردستان زۆر لاواز بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیاوازییە کەمەش کە لە نێوان هەردوو زۆنەکەدا هەبوو. ئیسلامگەرایی لەگەڵ شەڕی ناوخۆ و خۆرێکخستنەوەی ئیخوانەکان لە ژێر ئاڵای رابیتەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی‌دا و دواتریش دامەزراندنی کۆمەڵی ئیسلامی، هاوشان لەگەڵ بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی و بڕەوسەندنی رابوونی ئیسلامی لە ئاستی جیهانی ئیسلامی‌دا، هەروەها چاوداخستنی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە کاری رێکخراوە ئیسلامییەکان و پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوە، دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستانیش ناسنامەی ئیسلامگەرایی بۆ یەکەمین جار بووە ناسنامەی سەردەست لای بەشێک (هەرچەند گروپێکی گەورەش نەبن) لە خەڵکی هەرێم. بۆیەشە رێکخراوێکی وەکو ئەنسار و لئیسلام سەریهەڵدا و ئیسلامییە توندڕەوەکان ژمارەیان زیادیکرد. لە ساڵانی دوای رزگاری عێراقیش لە ژێر کاریگەری راگەیاندنی جیهاد لە دژی داگیرکاری ئەمریکا تا دەهات توندڕەوەکان لە زۆر ناوچەی جیهانەوە روویان لە عێراق دەکرد و کوردەکانیش پشکیان لە ناو ئەو توندڕەوانەدا هەبوو. لە باشووری عێراق هێزە شیعییە تایفییەکان لە زیادبووندابوون و ناسنامەی تایفەگەری لەو کاتەوە تا ئێستا ناسنامەی سەردەستی ئەوانە بە پشتیوانی ئێران و مەرجەعییەت و سروشتی تایفی و ئایینیانەی حزبە باڵادەستەکانیان، لە بەرامبەریشدا سوونەکانی عێراق وێڕای پەرتی و دابەشبوونە جیاجیاکانیان، لە هێنانە پێشەوەی ناسنامەی سوونەگەرایی هاوڕابوون و وەقفی سوونیش لە شێوەی مەرجەعییەتی شیعە بووە دامەزراوەیەکی دیار، سوونەکان بوونە پاڵپشت و پشتیوانی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان تا لە ٢٠١٤ داعشی لێ بەرهەم هات. لە هەرێمی کوردستان لەدوای هاتنی داعش، حزبە ئیسلامییەکان و گروپە سەلەفییەکان خەریک بوو توشی ئیحراجی دەهاتن و ناسنامەی ئیسلامگەرایی بەرەو لاوازی دەچوو، بەڵام پشتیوانی دەسەڵات لە هەندێک بانگخواز و رەوتی سەلەفی مەدخەڵی وایکرد ژمارەی ئەوان زیاد ببێت و جورئەتی زیادتریش پەیدا بکەن، بۆیە لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک سەلەفییەکان ژمارەیان زۆربووە و نیقاب لە زیادبووندایە. سەبارەت بە کوردبوون و هەستی نەتەوایەتی، لەدوای هاتنی داعش (٢٠١٤) ئەم گوتارە خەریک بوو هەردوو گوتارەکەی دیکە (عێراقچییەتی و ئیسلامگەرایی) لە مەیدانەکە وەدەرنێت و ئەمە تا ئەو رادەیە رۆیشت کە پەلی بۆ ریفراندۆم هاوێشت، بەڵام لە دوای ریفراندۆمەوە لە بەر کۆمەڵێک هۆکار : بەردەوامی زیاتر و بەهێزتری یەکێتی لەسەر گوتاری عێراقچییەتی، بوونی گروپێکی کوردی عێراقچی دژە ریفراندۆم لە ناکۆکی لەگەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان، کاری بەردەوامی حزبە ئیسلامییەکان بەمەبەستی لاوازکردنی گوتاری کوردبوون، پاشەکشەی پارتی لە گوتاری ناسیۆنالیستی، کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم لە چاکسازی و بەدامەزراوەییکردن، زیادبوونی ژمارەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان، لاوازبوونی ئابووری حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر بەغدا و گوشارەکانی دادگای فیدراڵی، هەموو ئەو هۆکارانە یارمەتیدەروون لە بەرزبوونەوەی مەیلی عێراقچییەتی و رەنگە زیادتریش ببێت. لە ئێستادا ئەو سێ گوتارە (کوردبوون، ئیسلامگەرایی و عێراقچییەتی) زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەتوانین بڵێین لە رووی پاڵپشتی جەماوەرییەوە بۆشایی نێوانیان کەمبووتەوە. ئەوەش لە راپرسییەکەماندا لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە خوارەوە وردتر باسی دەکەین. هەڵمەتی ئیمانیی و ئیسلامگەرایی: هۆکارگەلێک هەن لە پشتی گەشەکردنی هەڵمەتە ئیمانیەکان و ئیسلامگەرایی لە هەرێمی کوردستاندا، لەوانە؛ ئامادەیی قوڵی ئاینی ئیسلامە لە مێژوو و کولتووری ناوچەکەدا، لەناویاندا کوردستان، بەشێک لە نۆرم و پراکتیک و بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی خۆی لە روانگەی ئیسلامەوە پەیڕەو دەکات. جوڵاندنی هەست و سۆزی ئاینیش بۆ خەڵکێکی باوەڕدار، رەنگە خێراتیرین رێگا بێت بۆ زۆر لەو هێز و کەسایەتیانەی کە بە مەرامی سیاسی پەنا بۆ ئیمان دەبەن. لەپاڵ ئەوەشدا، لە دەیەکانی رابردوودا ململانێ و ناسەقامگیریی سیاسی و سەربازی، کاریگەریی قوڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا جێهێشتووە، کە وایکردووە خەڵکێکی زۆر ڕوو لە ئایین بکەن وەک سەرچاوەیەکی ئاسوودەیی و سەقامگیری لە کاتە نادیارەکاندا. کەواتە جەنگ و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی؛ پەراوێزێکی فراوانی بۆ تەشەنەکردنی ئاین و ئیمان وەک ئاسوودەیی روحی بۆ تاکەکان رەخساندووە. فاکتەرێکی دیکەی بەهێزبوونی ئیسلامگەرایی یان ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەرکردە سیاسی و ئایینییەکان لە بەرەوپێشبردنی ئەو بزاوتە ئاینیەدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە ناسیۆنالیستییەکان هەوڵی پێشخستنی بەها و ناسنامەی ئیسلامی‌یان داوە وەک ڕێگەیەک بۆ بەهێزکردنی کو‌لتوور و ناسنامەی کوردی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە وەک وڵامدەرەوەیەک بۆ خواستی گشتی، زۆرجار چوونەتە ژێر رکێفی خواستی بزوتنەوە و رەوتە ئاینییەکان بەدژی رەوتە لیبڕاڵی و مۆدێرنەکان، ئەمەش وەک بانگەشەی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئادابی عام و رازیکردنی جەماوەر. هەروەها سەرکردە حزبیەکان لەپاڵ سەرکردە ئاینییەکاندا ڕۆڵیان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانییەکان، زۆرجاریش بانگەشەیان بۆ لێکدانەوەیەکی کۆنەپەرستانەتر بۆ ئیسلام کردووە وەک ڕێگەیەک بۆ بەرەوپێشبردنی بەها تەقلیدییەکان و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان. لە گشت‌دا، دەتوانین رەوتی ئیسلامگەرایی یاخود ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانیەکان لە هەرێمی کوردستاندا وەک بەشێک لە ڕەوتێکی فراوانتر بەرەو بوژانەوەی ئایینی و کۆنسێرڤاتیزم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەیر بکرێت. بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە بەشێکی پەیوەندی هەیە بە شکستی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و عیلمانی لە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە ڕووبەڕووی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە بووەتەوە، بەشەکەی تریشی پەیوەستە بە گەشەکردنی بزووتنەوە ئیسلامییە نێودەوڵەتیەکان و سەروو دەوڵەتیەکانەوە لە نمونەی (داعش و ئەلقاعیدە)، هەوڵەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی خەونی خەلافەت و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیی لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی کۆنەپەرستانەتر و تەقلیدیتر بۆ ئیسلام. سەرەنجام؛ گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە سەرهەڵدانی ئیسلامگەرایی و هەڵمەتە ئیمانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرەلایەنە، کە ناتوانرێت لە یەک فاکتۆر یان ڕوونکردنەوەدا کورت بکرێتەوە. پاڵنەر و بزوێنەرەکانی پشت ئەم بزووتنەوانە ئەگەری زۆرە بەپێی ئەزموون و زەمینەی تاکەکەسی جیاواز بن و لێکۆڵینەوەی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە داینامیکی ئەم ڕەوتە تێبگەین. نموونە و داتا؛ میتۆدی راپرسی: نموونەی ئەم راپۆرتە ١٢٥٠ کەسە لەسەرووی تەمەنی ١٧ ساڵەوە لە هەرێمی کوردستان. نموونەکە بە ئاستی متمانەی ٩٥% و بە پەڕاوێزی هەڵەی -٣ و +٣ دیاریکراوە. بە مەبەستی کەمکردنەوەی پەڕاوێزی هەڵە نموونەیەکی گەورەمان هەڵبژاردووە، هەروەها هۆکارێکی دیکە بەشداری زیاتری خەڵکە لە قەزا جیاوازەکان لەلایەک و بەشداریپێکردنی خەڵکی یەکە ئیدارییە جیاوازەکانە لە گوند، شارەدێ، ناحیە و قەزاکان. بۆیە دەتوانین بڵێین نموونەکە لە زۆربەی هەرە زۆری قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەوەش دەتوانین باشتر بانگەشەی گشتاندنی ئەو نموونەیە بکەین بەسەر هەرێمدا. سەبارەت بە کۆکردنەوەی داتا، داتا‌کان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی پرسیارەوە کۆکراونەتەوە، کە ئەم ئەپلیکەیشنە پلاتفۆرمی کۆمپانیای شیکار راپرسییە و یەکەم ئەپلیکەیشنی داتای مەیدانییە لە ئاستی عێراقدا. لە رێگەی ئەم ئەپلیکەیشنەوە پرسیارنامە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ خەڵکی جیاوز لە خالە جیاوازەکانی ئەم هەرێمە دەچێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سیستەمی ئەپلیکەیشنەکە زیرەکە و دەتوانرێت پێشتر دیاربکرێت لە هەر رەگەزێک، قەزایەک، ئاستێکی خوێندن و تەمەنێک چەند کەس وەربگیرێت، کە ئەو رێژانەش بە پشت بەستن بە ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێم و لەلایەن ستافی پسپۆری کۆمپانیاکەوە دیاریدەکرێن. بۆ کۆکردنەوەی داتا پشت بە پرسیارنامەی داخراو دەبەسترێت و پرسیارەکان بە جۆرێک دادەڕێژرێن کە سادە و ساکار بن و خەڵکی لە ئاستی رۆشنبیری جیاوازدا لێی تێبگەن و پێویستیان بەوە نەبێت بۆیان روونبکرێنەوە. تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەکانی نموونەکە بەم شێوەیەن: رەگەزی نێر ٦٣% و رەگەزی مێ ٣٧%، هەولێر ٣٣%، سلێمانی - هەڵەبجە ٤١% و دهۆک ٢٦%، ٦٨% نموونەکە باری ئابوورییان ناوەند، ١٣% باش و ١٩% خراپ، هەروەها لە ئاستی خوێندنی جیاواز و پیشەی جیاجیا پێکهاتوون. شیکردنەوەی داتا‌کان: i. شانازی‌کردن لە نێوان کوردبوون و عێراقیبووندا: لەپرسیاری تایبه‌ت به شانازیكردن به كوردبوون دەردەکەوێت تێکڕا ٨٦% نموونەکەمان شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە دەکەن، لە بەرامبەریشدا نزیکەی ٦٥% نموونەکە شانازی بە عێراقیبوونی خۆیانەوە دەکەن. هەر دوو رێژەکە بەرزن. ئەگەر بەگشتی تەماشای ئەو شانازیکردنە بە عێراقیبوونەوە بکەین (٦٥%) هەندێک نائاسایی دەردەکەوێت، چونکە هەر ئەو خەڵکە بە رێژەی ٩٣% دەنگیان بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی داوە لە لایەک و لەلایەکی دیکەوە پەیوەندی کورد بە عێراقەوە هەرگیز پەیوەندییەکی ئاسایی نەبووە و هەمیشە کوردەکان خەباتیان کردووە بۆ رزگاربوون لە عێراق. نەک تەنها ئەوە بەڵکو یادەوەری زۆر ناخۆشیشیان لەگەڵ عێراق هەیە لەو هەموو کارەساتانەی بەسەر کوردەکانیان هاتووە لە سەر دەستی دەوڵەتی عێراق. ii. بەرگری لە خاک و ئایین: هەرچەندە بەپێی ئایینی ئیسلام بێت بەرگری کردن لە خاک یان نیشتیمان پێویستە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کورد کێشەی خاکی هەیە و نیشتیمانی داگیرکراوە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە لە سەردەمی شێخ مەحموودەوە کورد بەرگری لە خاکی خۆی دەکات و ئایینەکەی کەمتر رووبەڕووی مەترسی بووتەوە، بەڵام ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە ئایین زۆر بەهێزترە لە ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە خاک. ئەوانەی هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت مرۆڤ بەرگری لە خاک و نیشتیمانەکەی بکات تا ئاستی خۆبەکوشتدان وەک ئەو هەزاران شەهیدەی کە پێشتر لە پێناو کوردستان بوونەتە قوربانی رێژەیان نزیکەی ٦٢% دەبیت کە لە راستیدا رێژەیەکی بەرزە، بەڵام بە بەراور بەو رێژەیەی کە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت بەرگری لە ئایین بکات تا ئاستی گیان فیداکردن جیاوازییەکە زۆرە، چونکە ئەوانەی هاوڕان لەگەڵ بەرگری لە ئایین تا ئاستی گیانفیداکردن رێژەیان نزیکەی ٩٥% دەبیت. هەروەها لە پرسیارێکی دیکەی نزیک لەوەی سەرەوە بەڵام راستەوخۆتر لە نموونەکەمان پرسیوە ئەگەر هەرێمی کوردستان کەوتە بەر شاڵاوێکی دوژمنکارانەی سەربازی ئامادەی بەرگری لێ بکەی؟ لە وەڵامدا ٥٠.٨% نموونەکە دەڵێن بەڵێ بە دڵنییاییەوە بەرگری دەکەین، رێژەیەکی بەرزی دیکەش کە دەکاتە ٣٢% دەڵێن لەوانەیە، بەڵام هەمان پرسیار سەبارەت با بەرگریکردن لە ئایین، ئەوانەی وەڵامیان بەڵێ بەدڵنیاییەوەیە رێژەیەکی یەکجار بەرزە کە دەکاتە ٨٧%. iii. پەروەردەی منداڵ لەسەر بیری ئایینی یان نەتەوەیی: خێزانەکان منداڵ لەسەر بیری نەتەوەیی، ئایینی یان ئایدیۆلۆجیایەک یان فەلسەفە و جیهانبینیەک پەروەردە دەکەن. لەم راپۆرتەدا بۆ ئێمە گرنگ بوو بزانین چەندە خەڵکی هەرێم دەیانەوێت منداڵەکانیان لە سەر هەردوو بیری نەتەوەیی و ئایینی پەروەردە بکەن نەک هیچ ئایدیۆلۆجیا یان جیهانبینییەکی دیکە. دەرکەوت ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان منداڵەکانیان لە سەر بیری ئایینی پەروەردە بکەن رێژەیان نزیکەی ٩٦% دەبیت کە نزیکە لە ١٠٠%. لە بەرامبەردا ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان لە ئێستا و لە داهاتوودا منداڵەکانیان لەسەر بیری نەتەوایەتی (کوردایەتی) پەروەردە بکەن رێژەکەیان دەکاتە ٨٢%. دەردەکەوێت جیاوازی لە نێوان ئەو دوو رێژەییەدا هەیە و هەستی ئایینی بەهێزتر دەردەکەوێت لە هەستی نەتەوایەتی. iv. موسڵمانبوون، عێراقیبوون و کوردبوون: سەبارەت بە سێ ناسنامەکە بەپێی وەڵامەکانی نموونەکە بێت خەڵکی هەرێم زۆریان پێ باشترە کە موسڵمانن لەوەی کە سەر بە هەر ئاینێکی دیکە بن، چونکە ئەوانەی لەگەڵ ئەوەدان رێژەیان ٩٤% دەبێت کە ئەمەش دەکرێ بڵێن هەمان ئەو رێژەیەیە کە ئامادەن تا ئاستی گیانفیداکردن بەرگری لە ئایینەکەیان بکەن. سەبارەت بەوەی کە پێیان باشترە کورد بن لەوەی لە هەر نەتەوەیەکی دیکە بن رێژەکە نزیکەی ٨٠% دەبێت، لێرەدا رێژەکە بەرزترە لەگەڵ ئەو رێژەیەی هاوڕابوون لەگەڵ بەرگری لە خاک تا ئاستی خۆبەکوشتدان (٦٢%). هەرچی ئەوانەن کە دەڵێن: بوونم وەک هاوڵاتیەکی عێراقی پێ باشترە لە بوونم وەک هاوڵاتی هەر وڵاتێکی تر رێژەکەیان ٦٥% دەبیت واتە هەمان ئەو رێژەیەی کە شانازی بە عێراقیبوونەوە دەکەن، لێرەدا پێویستە مرۆڤ هەڵوەستەیەک بکات و بپرسێت چی وادەکات خەڵکی هەرێم پێیانباش بیت سەر بە عێراق بن لە کاتێکدا عێراق لەو پاشەگەردانیەدایە، بەدەر لە هەستی تایفی و جیاکاری نەتەوەیی و بەعەرەبکردنی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و بڕینی بودجەی هەرێم و هەوڵدان بۆ داگیرکردنەوەی هەرێم لە ٢٠١٧ و پێشتر و هەوڵدان بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی هەرێم! هەمیشە باسی ئەوە دەکرێت کە کوردەکان یادەوەرییان لاوازە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەگەڵ عێراق روودەدات هێشتا بەردەوامە و مێژوو نییە تا ببێتە یادەوەری. v. مانەوە لە وڵات لە هەموو بارودۆخێکدا: ئایا خەڵکی هەرێم ئامادەن لەم وڵاتە بمێننەوە یا دەیانەوێ وڵاتەکەیان بەجێ بهێڵن؟ دیارە کە خەڵکێکی زۆر دەیانەوێ کۆچ بکەن و ئەو مەیلەش نەشاردراوەتەوە، هەروەها بە پراکتیکیش هەر کاتێک دەرفەتێکیان دیتبێت کۆمەڵ کۆمەڵ خەڵکی کۆچیان کردووە بۆ نموونە کۆچ بۆ ئەلمانیا لە ٢٠١٥ و گردبوونەوە لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس-پۆڵەندا لە ٢٠٢٠. پرسیارەکەی ئێمە لێرەەدا ئەوەیە: چەندە هاوڕای لەگەڵ ژیان و مانەوەت لە وڵات لە هەر بارودۆخێکدا بێت؟ دەردەکەوێت ئەوانەی دەیانەوێت لە هەموو بارودۆخێکدا لە وڵات بمێننەوە و لە وڵات بمرن رێژەیان ٦١% دەبێت و لەبەرامبەریشدا نزیکەی ٣٩% ئەو ئامادەییەیان تێدا نییە. هەروەها لە پرسیارێکی هاوشێوەی دیکەدا کە دەڵێت: ئایا تاچەند لەگەڵ ئەم دەربڕینە هاوڕای؛ من منداڵەکانم لە ئێستا و داهاتووشدا لەسەر ئەوە هاندەدەم کە لەم وڵاتەدا بژین و بمێننەوە؟ دەردەکەوێت ٧٣% لەگەڵ ئەوەدان و ٢٧% لەگەڵ ئەوەدا نین. ئەگەر پرسیاریش بکرێت لەوەی بۆ رێژەی ئەمانە زیاترە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا لەم پرسیارەدا تەنیا باسی هاندان دەکرێت، لە کاتێکدا لە پرسیاری پێشوو ئەگەری ئەوە هەیە کە بارودۆخێکی ناڵەبار رووبدات وەکو شەڕ یان کارەساتی سروشتی یان قەیرانێک لە قەیرانەکان. ئەوەی لە ئەنجامی ئەو دوو پرسیارەدا دەردەکەوێت ئەوەیە کەوا زیاتر لە ٢٥% هاوڵاتییان هاوڕانین لە مانەوە یان هاندان بۆ مانەوە لە وڵات، رێژەیەکی بەرزە. vi. هەڵمەتی ئیمانیی: وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان بەوە کرد کە هەڵمەتێکی ئیمانی هەیە لە هەرێمی کوردستان و بە جیددی کار بۆ ئەوە دەکرێت لەلایەن هەندێ گروپ و لایەنی جیاجیاوە کە رەنگە لە مێژووی ئێمەدا هەوڵی بەو شێوەیە نەدرابێت . یەکێک لە نیشانەکانی چەقاندنی ئەو هەموو تابلۆیانەیە لەسەر رێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان کە لەسەریان نووسرایە (سبحان الله، الحمد لله ولا إله إلا الله). دوو حاڵەتی دیکەی دیاری ئەو هەڵمەتە بەحیجابکردنی بەکۆمەڵی کچانە و پێشبڕکێی لەبەرکردنی قورئانن. هەروەها بۆ ئەوەی ئەو هەڵمەتە کاریگەرتر بێت لە راگەیاندنەکاندا پیشاندەدرێت و لە سۆشیال میدیادا بانگەشەی بۆ دەکرێت و بە شێوەی جیاواز دەخرێتە بەرچاوان. ئێمە لە راپرسییەکەماندا لەبارەی ئەو دوو دیاردەیە پرسیارمان کردبوو کە خەڵکەکە نەک تەنیا چەندە لەگەڵ ئەو دوو دیاردەیەدان، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشن کە لە راگەیاندندا پیشاندەدرێت؟ دەردەکەوێت بەرێژەی زۆر بەرز لەگەڵ ئەوەدان. نزیکەی ٩٧% لەگەڵ پێشبڕکێیەکانی لەبەرکردنی قورئاندان و هەروەها نزیکەی ٨٥% لەگەڵ حیجابکردنی بەکۆمەڵی کچان و پیشاندانیانن لە میدیا. vii. رێوڕەسمی ئایینی دیکە: کۆمەڵێک رێوڕەسمی ئایینی دیکە هەن کە بە گرنگمان زانی پرسیاریان لەبارەوە بکەین . سێ لەو دیاردانە ئەوانەن کە لە کۆمەڵگادا پێشتر باوبوون، ئەوانیش مەولوودی پێغەمبەر، پرسەی مردوو و سەردانی مەزاری پیاوچاکان، لە دیاردە نوێیەکانیش پرسیارمان لە عومرەکردن کرد. عومرەکردن و هاندان بۆ عومرە کە تەنیا سونەتێکە بەشێکە لە هەڵمەتی ئیمانی لەلایەک و بۆ خەڵکانێکی بازرگان‌یش کە سەرقافڵەن سەرچاوەی پارەپەیداکردنە. هەرسێ رێورەسمەکەی دیکە (مەولوودی پێغەمبەر، پرسەی مردوو و سەردانی مەزاری پیاوچاکان) کە سێ رێوڕەسمی ئایینی ئیسلامی کۆنن لە ناو کوردان‌دا لە ژێر کاریگەری ئیسلامی سیاسی‌دا لە پاشەکشەدان. دوو رێوڕەسمی مەولوودی پێغەمبەر و پرسەی مردوو بە بیدعە لەقەڵەم دراون و سێیەمیش سەردانی مەزاری پیاوچاکان کە هەندێ جار و لای هەندێ کەس تا ئاستی کوفر بەرزکراوەتەوە، بەڵام عومرە، چونکە بەشێکە لە هەڵمەتی ئیمانی بەردەوام هاندەدرێت، بۆیە نزیکەی ٩١% نموونەکە دەلێن ئەگەر دەرفەتیان هەبێت دەیانەوێت عومرە بکەن. هەڵبەت بەشێکی ئەوە رەنگە بگەڕێتەوە بۆ کەمی خەرجی عومرە لەلایەک و سەفەر لە لایەکی دیکە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی هەرێم ئەو دەرفەتەیان نەبووە سنوورەکانی هەرێم ببڕن، بۆیە ئەو سەفەرە بۆ ئەوان رەنگە گرنگ بێت. viii. پارێزگاکان و سێکوچکەی ناسنامە: سەبارەت بە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کە دوو پارێزگا دوو پارێزگا بەسەر دوو زۆنەکەدا دابەشبوون، لەبەر ئەوەش کە لە نێوان دوو زۆنەکەدا وەکو پێویست پرۆسەی تێکەڵبوونەوەکە بە ئەنجام نەگەیشت، لە زۆر بابەتدا هەست بە جیاوازییەکان دەکرێت . هەوڵماندا بزانین ئەو پرسانەی سەرەوە لە پەیوەندیدا بەو پارێزگایانە هیچ جیاوازییەک پیشاندەدەن دەرکەوت لە بابەتی شانازی‌کردن بە عێراقیبوون هەست بە جیاوازی ناکرێت بەڵکو رێژەکانیان لە نێوان %٦٤ و ٦٦% دایە، بەڵام لە بابەتی شانازی‌کردن بە کوردبوون هەست بە جیاوازی دەکرێت وەک لە وێنەی خوارەوەدا دیارە. پارێزگای دهۆک لە شانازی‌کردن بە کوردبوونەوە لە پێش پارێزگاکانی دیکەیە و ئەو هەستە نزیکەی ٩٥% دەبیت، لە پارێزگای هەولێر دەگاتە نزیکەی ٨٨% و لە پارێزگاکانی سلێمانی-هەڵەبجەش ٨٠% سەبارەت بە دوو برگەی هاوڕابوون لەگەڵ بەرگریکردن لە نیشتیمان تا ئاستی خۆبەکوشتدان و بەرگریکردن لە ئایین تا ئاستی گیانفیداکردن، دەبینین سەبارەت بە بڕگەی تایبەت بە ئایین جیاوازی هەست پێناکرێت لە نێوان پارێزگایەکانی هەرێم، بەڵام کاتێک بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان دێتە پێش پارێزگای دهۆک بە پێش پارێزگایەکانی دیکە دەکەوێت و بە ڕێژەیەکی بەرزتر کە دەکاتە نزیکەی ٨٢% هاوڕان لەگەڵ بەرگریکردن لە خاک، لە کاتێکدا ئەو هاوڕابوونە بۆ بەرگریکردن لە خاک لە سلێمانی-هەڵەبجە دەکاتە کەمتر لە ٥٠% و پارێزگای هەولێریش دەکەوێتە نێوان دهۆک و سلێمانی-هەڵەبجە بە ڕێژەی ٦٦%. ئەنجامگیری 1. ناسنامەی کوردبوون ئەگەرچی هێشتا بەهێزە (بە لەبەرچاگرتنی ئەو جیاوازیەی لە پارێزگا جیاوازەکان هەیە)، بەڵام دوو ناسنامەکەی دیکە (عێراقچییەتی و ئیسلامگەرایی) لە گەشەسەندنێکی خێرا‌و بەهێزدان. 2. بەهێزبوونی ناسنامەکانی عێراقچییەتی و ئیسلامگەرایی دەبنە هۆی لاوازبوونی ناسنامەی کوردبوون و دواکەوتنی پرسی کورد. 3. بەهێزبوونی ناسنامەی عێراقچییەتی کاریگەری دەبێت لەسەر باڵادەستبوونی زیاتری ناوەند و دەستبردن بۆ هەمواری دەستوور بەمەبەستی کاڵکردنەوەی فیدرالیەت و سەربەخۆیی هەرێم. 4. بەهێزبوونی ناسنامەی ئیسلامگەرایی و سەلەفیزم دەبێتە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵایەتی و کولتووری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادی تاکەکەسی و بەهای پێکەوەژیان و لێبووردەیی.
شیكاری: درەو ئەگەر قەبارەی فرۆشتنی نەوت و داهات ساڵی (2022)ی هەرێم بە نمونە وەربگرین، کۆی بەهاکەی بریتی بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن) دۆلار؛ # بە هەمان رێوشوێن و نرخی فرۆشتنی حکومەتی هەرێم بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن) دۆلار لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. # بە هەمان رێوشوێنەکانی و حکومەتی هەرێم و بە نرخی فرۆشتنی کۆمپانیای سۆمۆ بڕی (6 ملیار و 346 ملیۆن و) دۆلار لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. # بە هەمان رێوشوێنەکان و نرخی کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت لەبری ئەوەی (5 ملیار و 709 ملیۆن) دۆلار بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت بڕی (11 ملیار و 37 ملیۆن) دۆلار لە پرۆسەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. سەرەتا دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس رۆژی 23/3/2023 لە بەرژەوەندی حكومەتی عێراق و دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێم تایبەت بە دۆسیەی فرۆشتنی نەوت سکاڵایەکی حکومەتی عێراقی یەکلاکردەوە. كە عێراق لە دژی توركیا تۆماریكردبوو، بەهۆی پێشێلكردنی بڕگەكانی ڕێككەوتنی بۆری عێراق و توركیا كە لە ساڵی (1973) واژۆكراوە، كە تێیدا هاتووە، حكومەتی توركیا دەبێت پابەندی ڕێنماییەكانی عێراقی بێت سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو كە لە عێراقەوە هەناردە دەكرێت بۆ سەرجەم ناوەندەكانی هەڵگرتن و گواستنەوەی و وێستگەی كۆتایی. هەر ئەم بڕیارەش بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، وا بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی دەست بە دانوستان و گفتوگۆ بکەن، لەبارەی چۆنییەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، تا گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی و هاوبەش. بەڵام هەر چۆنێک بێت، تا ڕادەیەک ئەوە روون بووەتەوە کە جارێکی دیکە دۆخەکە ناگەڕێتەوە پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، لێرەدا تەنها شیکاری چارەنوس و ئەو بژاردانە دەکەین کە لە رووی قەبارەی داراییەوە لە شێواز و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکەوێتەوە، ئەوانیش بریتین لە؛ یەکەم؛ بە هەمان رێ وشوێنەکانی و ئێستا نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بفرۆشرێت و تەنها داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ ناوەند بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر، ئەگەر داتاکانی تەواوی ساڵی (2022)ی کۆمپانیای دیلۆیت لە بارەی فرۆش و نرخ و داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهانی تورکی بە نمونە وەربگرین ئەوا؛ - حکومەتی هەرێم بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە. - بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (84.99) دۆلار فرۆشتووە. - کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم زیاتر بووە لە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار) دۆلار. بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبێتە ئاستەنگ و جێگەی پرسیار ئەوەیە؛ ئایا خەرجییەکانی پرۆسەی نەوتی هەرێم لە کۆی داهاتی نەوت دەردەکرێت؟ پاشان دەخرێتە سەر هەژمارێکی بانکی، تایبەت بە حکومەتی ناوەند؟ یان سەرجەم داهاتەکان دەچێتە سەر ئەو هەژمارەو دواتر هەرێم لە پشکی بودجە و داهاتی خۆی خەرجی و تێچووی نەوت و کرێی کۆمپاناکان خەرج دەکات. ئەگەر خەرجی پرۆسەکە لە داهاتی گشتی نەوت دەربکرێت و پاشان بکرێتە سەر هەژمارەی تایبەت بە حکومەتی ناوەند، ئەوا بەپێی داتاکانی دیلۆیت لە ساڵی (2022)دا (54%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ خەرجی رۆیشتووە و (46%)ی گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. بەم پێیەش لە کۆی (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار) دۆلار، تەنها (46%)ی بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند و زیاتر لە (6 ملیار و 712 ملیۆن و 556 هەزار) دۆلاری دەڕوات بۆ خەرجی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) دووەم؛ کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ ناوەند لەم سیناریۆیەدا دوو بژاردە لە بەردەستە، کە ئەوانیش بریتین لە؛ 1. نەوتی هەرێم لە بە هەمان رێوشێنەکانی حکومەتی هەرێم هەناردە بکرێت و کۆمپانیای سۆمو نەوتی هەرێم بفرۆشێت؛ وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەگەر توانای بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022) بە نمونە وەربگرین؛ - حکومەتی هەرێمی بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە. - ئەگەر سۆمۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم بە (95.54) دۆلار بفرۆشێت هاوشێوەی عێراق. - کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم بە نرخی سۆمۆ زیاتر دەبوو لە (13 ملیار و 700 ملیۆن و 307 هەزار) دۆلار. - بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی هەرێم (54%) دەچێت بۆ خەرجی بە قەبارەی زیاتر لە (7 ملیار و 450 ملیۆن و 54 هەزار) دۆلار - (46%)ی داهات دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بە قەبارەی زیاتر لە (6 ملیار و 346 ملیۆن و 342 هەزار) دۆلار. بڕوانە خشتەی ژمارە (2) 2. نەوتی هەرێم بە سەرجەم رێوشێنەکانی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکرێت و هەر کۆمپانیاکەش نەوتی هەرێم بفرۆشێت لەسەر بنەمای هەمان گریمانەکانی پێشوو ئەگەر توانای بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022) بە نمونە وەربگرین؛ - حکومەتی هەرێمی بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە. - ئەگەر سۆمۆ هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم بە (95.54) دۆلار بفرۆشێت هاوشێوەی عێراق. - کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێم بە نرخی سۆمۆ زیاتر دەبوو لە (13 ملیار و 700 ملیۆن و 307 هەزار) دۆلار. - بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی سۆمۆ ئەو کێڵگە نەوتیانەی عێراق کە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن (20%) داهاتی بەرهەمی کێڵگەکان دەچێت بۆ خەرجی بەرهەمهێنان و (80%) داهاتەکەی دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بەم پێیەش؛ - بە گوێرەی ڕێوشوێنەکانی سۆمۆ (20%) داهات دەچێت بۆ خەرجی، بە قەبارەی زیاتر لە (2 ملیار و 759 ملیۆن و 279 هەزار) دۆلار. - (80%)ی داهات دەمێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بە قەبارەی زیاتر لە (11 ملیار و 37 ملیۆن و 118 هەزار) دۆلار. بڕوانە خشتەی ژمارە (3)
راپۆرتی: هێمن خۆشناو بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ له توركیا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له وڵاته‌كه‌یان دیموكراسی نیه، ئازادی رواڵه‌تیه و گوشار په‌یڕه‌و ده‌كرێت بۆ سه‌ركوتكردنی ئازادی. پێیوایه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كان ئه‌م وڵاته‌یان به سیسته‌م و شێوازی دیموكراتیانه به‌ڕێوه نه‌بردووه و مافی مرۆڤ له‌م وڵاته‌دا بوونی نیه. باس له هه‌بوونی كۆنتهرگهریلا و ده‌وڵه‌تی شاراوه له‌ناو ده‌وڵه‌تدا ده‌كه‌ن. چه‌پی تورك له توركیادا دژ به كوده‌تا سه‌ربازیه‌كان وه‌ستاوه‌ته‌وه قوربانی داوه. به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له ده‌گاته سه‌ر كورد، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه (چه‌پی تورك) ده‌بێته بزوتنه‌وه‌یه‌كی پارادۆكسی و دژ به دونیابینیهكهی ده‌وه‌ستێته‌وه. كاتێك مه‌سه‌له دێته سه‌ر مافه كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، كلتووری و مێژوویی كورد، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی دیموكراتیانه‌ی هه‌بێت دژ به دیموكراسی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه. به شێوه‌یه‌كی گشتی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك بانگه‌شه دژ به داگیركاری ده‌كات، خۆی دژ به ئیمپریالیست و فاشیزم ده‌ناسێنێت. بۆ نموونه هه‌بوونی سوپای ئه‌مریكا له سوریادا به توندی ره‌خنه ده‌كات و ئه‌مریكا به‌هێزێكی داگیركه‌ر له قه‌ڵه‌م ده‌دات. بێ سنوور پشتگیری له ململانێی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ده‌كات دژ به ئسڕائیل، پێیوایه فه‌ڵه‌ستینیه‌كان مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی هه‌موو مافه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریان هه‌یه. پشتگیری له بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌مریكای لاتینی ده‌كات. بۆ نموونه، پشتگیری ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه ده‌كات كه له كۆڵۆمبیا بزوتنه‌وه‌ی (FARC) به‌ڕێوه‌ی بردووه. به توندی پشتگیری له‌و بزوتنه‌وه‌یه كرد كه (نیلسۆن ماندێلا) له ئه‌فریقیای باشوور رێبه‌رایه‌تی بۆ كرد له‌دژی سیسته‌می ره‌گه‌زپه‌رستی. بێگومان ئه‌م هه‌ڵوێستانه له‌جێی خۆیدایه و مێژووش ده‌ینووسێته‌وه. چه‌پی تورك له به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد بزوتنه‌وه‌یه‌ك سۆسیال شوڤێنه! به‌شێكی گرنگ له بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك كه مه‌سه‌له په‌یوه‌ست نیه به كورد دیموكراتخواز و سۆسیالیستخوازه، به‌ڵام كه مه‌سه‌له گه‌یشته سه‌ر كورد سۆسیال شۆڤێنیسته. له‌دژی ئه‌و فۆڕمیله چاره‌سه‌ریانه ده‌وه‌ستێته‌وه كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مافه زه‌وتكراوه‌كانی كورد به درێژایی مێژوو دهخرێــتهڕوو. كاتێك كێشه‌ی كورد دێته به‌ر باس ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ردوو وشه‌ی (به‌ڵام – نه‌وه‌كو) ده‌كاته رۆژه‌ڤ. بۆ نموونه‌ی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك له‌دژی خۆسه‌ری كورد، خوێندن به زمانی دایك و قه‌بوڵكردنی مافی كلتووری كورد به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌وه‌ستێته‌وه. بیانووی دژ وهستانهوهشی به‌م شێوه‌یه فۆڕمیله ده‌كات: ئه‌گه‌ر مافه‌كانی كورد له به‌رژه‌وه‌ندی چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشاندا نه‌بێت له دژی ده‌وه‌ستینه‌وه، ئه‌گه‌ر له بهرژهوهندیشیاندا بێت پشتگیری ده‌كه‌ین. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌م ره‌وته سۆسیال شوڤێنه كه بێ ئاگایه له زه‌حمه‌تكێش و كرێكار، به‌ناو ئه‌وانیش قسه ده‌كات، له رووی ستراتیژیه‌وه پاراستنی هه‌ڵوێستی فه‌رمی ده‌وڵه‌ته كه له بنهمدا دژ به كورد فۆڕمیله كراوه. له ئه‌مڕۆشدا ئه‌م هه‌ڵوێسته هه‌مان هه‌ڵوێستی پارتی كرێكارانی توركیایه (TİP). ئه‌م پارته كه هاوپه‌یمانی پارتی دیموكراتی گه‌لانه (HDP)، هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ چه‌ند پارت و رێكخراوێكی دیكه‌ی چه‌پی له‌ناو بلۆكی ره‌نج و ئازادیه‌كان هاوچاره‌نووسن، چاره‌نووسیان بۆ كێشه‌ی كورد لێڵ و ناڕوونه. له رووی سۆسیۆلۆژی، كلتووری و مێژوویی بۆ مافی كورد دیارنیه بیر له‌چی ده‌كه‌نه‌وه؟ دیارنیه له رووی ستراتیژیه‌وه بۆ كورد چیان پێباشه و له‌دژی چی ده‌وه‌ستنه‌وه؟ بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له په‌یامه‌كه‌م ده‌رباره‌ی پارته چه‌په هاوپه‌یمانه‌كانی (HDP) ئه‌م چه‌ند پرسیاره ده‌خه‌مه‌ڕوو: یه‌كه‌م: ئایا كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بینن؟ ئایا بۆ كورد پشتگیری له بنه‌مای دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌كات؟ دووه‌م: بۆ دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی كوردی چی ده‌ڵێن؟ سێیه‌م: بۆ په‌روه‌رده به زمانی دایك بیر له چی ده‌كه‌نه‌وه؟ پێیانوایه كه ده‌بێت هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ زمانی توركی زمانی كوردیش به‌لانی كه‌م له‌ناوچه كوردیه‌كاندا بخوێندرێت؟ چواره‌م: بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد چۆن پێناسه ده‌كه‌ن؟ وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه په‌نای بۆ خه‌باتی چه‌كداری بردووه یان وه‌كو زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت به بزوتنه‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ده‌یناسێنن؟ به‌رنامه‌ی (TİP) و پارته چه‌په‌كانی دیكه، تا ئاستێكی دیار دیموكراتی و پێشكهوتخوازه، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی پڕ كراوه‌ته‌وه. به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له دێته سه‌ر كێشه‌ی كورد ئه‌م پارته هاوپه‌یمانانه‌ی كورد، تا ئاستێكی دیار ده‌بنه سۆسیال شوڤێنست. زۆر ئاساییه ئه‌گه‌ر (TİP) و پارته‌كانی دیكه دژ به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به رێگای زه‌بر و زه‌نگ بوه‌ستنه‌وه. چونكه بۆ پارتێكی ناو سیسته‌می سیاسی نابێت پشتگیری له زه‌بر و زه‌نگ بكات، به‌ڵكو پێویسته ململانێی سیاسی دیموكراتیانه و خه‌باتی په‌رله‌مانی به بنه‌ما بگرێت. به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئه‌م پارتانه له به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد ناڕوونه، ئه‌م ناڕوونیهش گومانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و نیگه‌رانی دروست ده‌كات. چه‌پی تورك هه‌وڵده‌دات (HDP) وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی لۆكاڵی قه‌تیس! بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه روونتر بكرێته‌وه زیاتر باسی هه‌ڵوێستی (TİP) كه هاوپه‌یمانی (HDP) یه، بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیا، له پهیوهندیهكانیدا له‌گه‌ڵ (HDP) هیچ ره‌هه‌ندێكی سیاسی – ستراتیژی نیه. به پێچه‌وانه‌وه (HDP) وه‌كو ركابه‌رێكی سیاسی بۆ خۆی ده‌بینێت. هه‌روه‌ها (TİP) ده‌خوازێت (HDP)په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كانی دیكه‌ی توركیا بپچڕێنێت و خۆی له‌ناوچه كوردیه‌كانی باكووری كوردستان قه‌تیس بكات، له‌م رووه‌وه هه‌وڵ ده‌دات (HDP) بكاته پارتێكی لۆكاڵی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتگیری (HDP) یش بۆ (TİP) وه‌كو ئه‌ركێك پێناسه ده‌كات. له ماوه‌ی رۆژانی رابردووش‌دا ئه‌م پارته سۆسیال شۆڤێنه به‌چه‌ند رێگا و شێوازێك گوشاری له (HDP) ده‌كرد تا له چه‌ند هه‌رێمێكی توركیادا كاندید بۆ په‌رله‌مانی توركیا دیاری نه‌كات و له جێگای ئه‌مه‌ش داوا له ده‌نگده‌رانی بكات ده‌نگ بۆ كاندیدی (TİP) بده‌ن. له رێگای میدیا گوشار له (HDP) ده‌كه‌ن! میدیای سیسته‌می ده‌وڵه‌ت به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن میدیای ئۆپۆزسیۆنی ناو سیسته‌م، گرنگیه‌كی تایبه‌ت به (TİP) ده‌دات. به‌ڵام هه‌مان ئه‌م میدیایه گه‌ماڕۆ ده‌خاته سه‌ر (HDP) كه سێیه‌مین پارتی گه‌وره‌ی توركیایه و رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی كارا ده‌بینێـت. پێناچێت قه‌ڵه‌و كردنی (TİP) له میدیادا به تایبه‌تی له‌م قۆناخه‌دا شتێكی بێ به‌رنامه بێت، به‌ڵكو به‌شێكه له‌م ستراتیژیه‌ی دژ به (HDP) په‌یڕه‌و ده‌كرێت. دوای مكوڕیبوون و جۆرێك له هه‌ڕه‌شه كردن ئیتر (TİP) به ناسنامه‌ی خۆی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كات له‌ناو هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیه‌كاندا. ئه‌و پارته جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ده‌توانێ له ئیستانبۆڵ به‌ناوی خۆی نه‌وه‌كو ناوی هاوپه‌یمانی ره‌نج و ئازادیه‌كان به‌بێ هاوكاری (HDP)ده‌نگ بێنێت. ئه‌مڕۆ ئه‌م پارته به پشتگیری هه‌ندێك لایه‌نی نادیار له قه‌باره‌ی خۆی زیاتر داوا ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش ده‌خوازێ سه‌ودا بكات، ملكهچبوونیش بۆ داواكاری ئه‌م پارته له‌م رۆژگاره‌دا ئه‌نجامی مه‌ترسیداری لێده‌كه‌وێته‌وه. بۆ (HDP) تا دوێنێ ناچاری بوو ئه‌مڕۆ ناچاری نیه! له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیدا چه‌ندین هۆكار هه‌بوو پاڵی به (HDP) نا بچێته به‌ره‌ی چه‌پی تورك. له‌وانه نزیكی دونیابینی و فكری له رابردوودا تا ئه‌و ساتانه، هه‌روه‌ها ئاماده‌نه‌بوونی پارته‌كانی سیسته‌م به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه تا له‌گه‌ڵ ئه‌م پارته هاوپه‌یمانی ببه‌ستن. به‌ڵام له هه‌موویان گرنگتر بۆ (HDP) ده‌رچوون بوو له قاڵبی پارتێكی لۆكاڵی و خۆ ناساندن به هه‌موو توركیا. (HDP) ویستی له رێگای بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك به توركیا بڵێت، ئێمه پارتێكی جوداخوازنین، وه‌كو ده‌سه‌ڵات پێناسه‌مان بۆ ده‌كات، به‌ڵكو سیاسه‌تی ئێمه هه‌موو هه‌رێمه‌كانی توركیا به هه‌موو رهنگهكانیهوه له باوه‌ش ده‌گرێت. ده‌كرێت بڵێین (HDP) سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕیه‌كان و له‌ده‌ستدانی چه‌ندین ده‌رفه‌ت له خۆناساندن و جێگرتن له‌ناو چه‌ندین هه‌رێمی توركیادا ئه‌نجامی باشی به‌ده‌ستهێناوه. به‌ڵام هه‌ڵوێست و گوشاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ بۆ له قاڵبدانی (HDP) ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش نه‌بێت ئه‌وه سبه‌ی ئاسته‌نگ و كێشه‌ی گه‌وره بۆ ئه‌م پارته دروست ده‌كات. له هه‌مان كاتدا به‌شێكی زۆری جه‌ماوه‌ری (HDP) داوا له پارته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، تا له به‌ره‌ی چه‌پی تورك بێته ده‌ره‌وه، به‌م پێیه‌ی ئه‌م پارته‌ش وه‌كو پارتێكی جه‌ماوه‌ری خۆی دهناسێنـێت ناچاره گوێ به‌م داواكاریه شل بكات. راسته بۆ ئه‌وه‌ی به‌رفراوانترین به‌ره‌ی دیموكراسی دروست بكرێت، پێویسته (HDP) له سیاسه‌تدا نه‌رمی بنوێنێت، به‌ڵام هیچ كاتێك ناتوانێ چاو له داواكاری جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌رانی بگرێت. ئه‌لته‌رناتیفی چه‌پی تورك بۆ (HDP) كێیه؟ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد، ناتوانێ تا سه‌ر چاو له‌و مه‌ترسیانه بگرێت كه له چه‌پی توركه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، ده‌بێت رێگای خۆی له‌م بزوتنه‌وه ده‌وڵه‌ت په‌رست و بێ ناوه‌ڕۆكه قهتیسكراوه جیا بكاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ش تا پێش چه‌ند ساڵێك ئاسته‌م بوو، ئه‌وه ئه‌مڕۆ ئاسته‌م نیه. چونكه خه‌ریكه له ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیای فه‌رمی ده‌وڵه‌ت بزوتنه‌وه‌ی سیاسی نوێ به به‌رگی دیموكراتیانه له‌ناو سیسته‌می سیاسی توركیادا دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی گوتاریشدا بێت، تێڕوانینیان بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد ئه‌رێنیه. بۆ نموونه (Deva) كه له‌لایه‌ن عه‌لی باباجان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت. له ئه‌مڕۆدا هه‌موو ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن: هه‌رچه‌ند (HDP) خۆی له بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی تورك دووربخاته‌وه، ئه‌وه‌نده قازانج ده‌كات. ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری داهاتووش له‌مباره‌یه‌وه ده‌بنه رێنوێیكار بۆ گۆڕینی ستراتیژی هاوپه‌یمانیه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كورد له باكووری كوردستان و توركیادا.
راپۆرت: درەو بڕیاری دادگای پاریس دژی توركیا، دەستی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی دەكاتەوە بۆ ئەوەی پێشنیازەكانی خۆی لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ‌دا بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، بەبێ ئەمە عێراق دەتوانێت هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت كە رێژەی 77% داهاتی گشتی حكومەتی هەرێم پێكدەهێنێت، وردەكاری زیاتر لەبارەی چارەنوسی نەوتی هەرێم لەدوای بڕیارەكەی دادگای پاریسەوە، لەم راپۆرتەدا. توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگرێت ؟ كۆتاییەكانی كانونی دووەمی ئەمساڵ، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، دوای نزیكەی (9 ساڵ) چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە یەكلاكردەوە كە حكومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر توركیا تۆماركردبوو. دەرچوونی حوكمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن، هاوكات بوو لەگەڵ سەردانێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پاریس، هەروەك هاوكاتیش بوو لەگەڵ سەردانی كتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنكەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە كەیسی وزە. ئەوكات وردەكاری حوكمەكەی دادگای پاریس ئاشكرا نەكرا، بەڵام بەپێی هەواڵێك كە سایتی (ئارگۆس)ی تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە ئاشكرایكردووە" دوێنێ شەو عێراق بەفەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگاداركراوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (پاریس)، لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە". سایتەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاندووە" توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان". ئەم بڕیارەی توركیا، حكومەتی سودانی دەستكراوەتر دەكات بۆ ئەوەی لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ‌دا بۆچونەكانی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، بەپێچەوانەوە لەسەر داوای عێراق دەكرێت توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت. ئەم بڕیارەی توركیا دژی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، بەمدواییە ناوچەكە جموجوڵێكی چڕی دیپلۆماسی بەخۆوە دەبینێت، ئێران‌و سعودیە دوای چەندین ساڵ ناكۆكی‌و دابڕان، بەنێوەندگیری چین رێككەوتنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان ئیمزا كرد، ئێستا سعودییەكان سەرقاڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندین لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا‌و توركیاش لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان. نەوت بەرامبەر بە ئاو ! ئەم پەرەسەندنە دوای سێ رۆژدێت لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا، سەردانێك كە تێیدا رێككەوتن كرا سەبارەت بە دەستپێكردنی پرۆژەی بەستنەوەی (بەسرە) بە توركیاوە لەرێگەی هێڵی ئاسنەوە، پرۆژەیەك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، زیانی گەورە بە داهاتەكانی گومرگی (ئیبراهیم خەلیل) دەگەیەنێت. سەرباری ئەوەی خۆیان هیچ ئاماژەیەكیان بۆ نەكردووە، بەڵام پێشبینی كراوە بابەتی بڕیارەكەی دادگای پاریس سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆی محەمەد شیاع سودانی بوبێت لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا. هەر لەم سەردانەدا بوو، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانیدا بەوەی بەشە ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە زیاد بكرێت. پێشتر‌و بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریس، بەرپرسانی توركیا هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێ‌دا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس لەسەر توركیا یەكلابكاتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت، لە نمونەی كەیسی بەردانەوەی ئاو لە توركیاوە بۆ عێراق، واتا توركەكان دەیانەوێت رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە ئاو لەگەڵ عێراقدا بكەن‌و بەمە كۆتایی بە مامەڵەی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنن. لەبارەی دۆسیەكەی پاریسەوە لە پرۆژە بودجەكانی ساڵانی 2013و 2013دا، عێراق لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجەی هەرێم، داوای رادەستكردنی داهاتی (200 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە هەرێمی كوردستانی دەكرد، ساڵی 2014 حكومەتی عێراق رەشنوسێكی نوێی بودجەی هێنایە پێشەوە، ئەمجارە لەبری داهاتی (200 هەزار) بەرمیل، داوای داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە هەرێم دەكرد. ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەی عێراق‌و رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی بە حكومەتی فیدراڵ رەتكردەوە، ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی رەشنوسەكە لە پەرلەمان پەكی بكەوێتو پەسەند نەكرێت، دواتریش شەڕی "داعش"ی بەسەردا هاتو ئیتر یاسای بودجە لە 2014دا دەرنەچوو. نوری مالیكی لە كۆتاییەكانی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیداو لەسەرەتاكانی 2014دا، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرت، ئیتر لێرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" جێبەجێ بكات. هەرێم كە لەساڵی 2003وە بە تانكەر نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، لەچوارچێوەی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"دا بەردەوامیدا بە هەناردەكردنی نەوت بە تانكەر بۆ توركیا‌و ئێران، هەناردە لەرێگەی تانكەرەوە تاوەكو 2013 بەردەوام بوو، حكومەتی هەرێم كە لە ساڵی 2010وە پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستانی دەستپێكردبوو، لە كۆتاییەكانی 2013دا پرۆژەكەی تەواوكرد، لەو كاتەوە بۆ یەكەمینجار نەوتی هەرێم بە بۆری گەیەندرایە ناو خاكی توركیا‌و لەوێوە لەرێگەی بۆری هاوبەشی عێراق- توركیاوە گەیەندرایە بەندەری "جەیهان"و رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كرا، لێرەوە ناكۆكی لەنێوان حكومەتی عێراق‌و توركیا لەبارەی خاوەندارێتی بۆرییەكە سەریهەڵدا. خشتەی بڕی ئەو نەوتەی كە حكومەتی هەرێم بە تانكەر فرۆشتویەتی حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لە 2015دا، لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدادو بەكارهێنانی بۆری عێراق لەم بابەتەدا، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبووی لە توركیا دەكرد. كەیسەكە لەسەر ئەوەیە توركیا رێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆری عێراق لەناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، عێراق لە سكاڵاكەیدا ئەمەی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی 1973ی تایبەت بەو بۆریە هاوبەشە ناوبردووە، كە لەنێوان توركیا‌و عێراقدا هەیە. عادل عەبدولمەهدی 2019 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرت‌و دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیا‌و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی كەیسەكە بەلایەكدا بخەن. سەرباری ئەوەی پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی محەمەد شیاع سودانیدا، بڕیاری دادگای پاریس دژ بە هەناردەی نەوتی هەرێم، لەسەردەمی كابینەی سودانیدا دەرچوو. نەوتی هەرێم لەژێر گەمارۆدا رۆژی 4ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپڕ‌و پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە ئەنكەرە. ئەردۆغان لەم سەردانەدا داوای لەنێچیرڤان بارزانی كرد، هاوشێوەی نەوت، غازی سروشتی هەرێم رەوانەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی كە بە ئەندازیاری رێككەوتنی (50 ساڵە)ی وزە لەگەڵ توركیا ناودەبرێت، بەڵێنی پێدا دوای گەڕانەوەی، لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا بكات. 11 رۆژ دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنكەرە، رۆژی 15ی شوباتی 2022 دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكەوە یەكلاكردەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆماریكردبوو. دادگای فیدراڵی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەند كرد بە رادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بە بەغداد، ئەمە قورسترین بڕیار بوو كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە بەغدادەوە دژی هەرێم دەبچێت، حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرباری ئەوەی چەندجارێك وەفدی ناردە بەغداد بۆ مامەڵەكردن سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا، بەڵام بەشێوەی ئاشكرا بڕیارەكەی رەتكردەوەو بە بڕیارێكی "سیاسی" ناوی هێنا. رۆژی 24ی نیسانی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێمی كردبووی سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، نوسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كرد‌و تێیدا داوای رادەستكردنی گرێبەستەكانی نەوت‌و غازی هەرێمی كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراقیان بیانگونجێنێت، هەروەها وەزارەتی نەوت داوای پێكهێنانی كۆمپانیایەكی كرد بەناوی "KORC" بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت‌و غاز لە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك كۆمپانیایە لەژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵ‌دا بێت، بەڵام بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێر بێت. حكومەتی هەرێم داواكارییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد حكومەتی مستەفا كازمی دواتر چەند هەنگاوێك دژی هەرێم‌و لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵبگرێت، لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی نەوتی عێراق نوسراوی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت‌و غاز لە هەرێم كرد، داوای لێ‌كردن گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ بەغداد نوێ بكەنەوە، ئەگەرنا عێراق دەیانخاتە لیستی رەشەوە، هەندێك لە كۆمپانیاكان بەهۆی ئەم هەڕەشەیەوە لە هەرێمی كوردستان كشانەوە. ئیمێڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستە ژێر فشاری كۆمپانیاكانی نەوتەوە، مەسرور بارزانی لە تەموزی 2022دا بە ناچاری نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسی (لەوكاتەدا بایدن بە گەشتێك هاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست). نامەكەی مەسرور بارزانی كاریگەریی بەجێهێشت، لەسەر داوای ئەمریكییەكان، حكومەتی مستەفا كازمی رێوشوێنەكانی دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی هە‌ولێرو بەغداد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا چارەسەر بۆ بڕیارەكەی شوباتی دادگای فیدراڵی دەدۆزنەوە. تشرینی یەكەمی 2022 كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق دەستبەكاربوو، كابینەكە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، سودانی بەڵێنی دا بە كورد، لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربكات‌و لەم یاسایەدا چارەسەری ریشەیی بۆ ناكۆكی نێوان هە‌ولێرو بەغداد سەبارەت بە نەوت‌و غاز بدۆزێتەوە. پێنج مانگی وادەكە تەواو بووەو هێشتا یاساكە دەرنەچووە. لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە هە‌ولێرو بەغداد دەستیان بە دانوستانێكی نوێ كردووە لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستانەكانەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتووە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دانوستانەكاندا رەتیكردوەتەوە هەرێم یاسای نەوت‌و غاز‌و ئەنجومەنی نەوت‌و غاز‌و بۆری تایبەت بە هەناردەی نەوتی خۆی هەبێت، بەڵام دانوستانەكان هێشتا بەردەوامن‌و هیچ لایەك بە فەرمی شكستی دانوستانەكانی رانەگەیاندووە. یاسای نەوت‌و غاز فیدراڵ یەكێك لەو یاسایانە بوو كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچێت، لەماوەی (18) ساڵی رابردوودا دووجارو لە ساڵانی 2007و 2011دا رەشنوسی ئەم یاسایە ئامادەكرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هە‌ولێرو بەغداد، یاساكە لە پەرلەمان پەسەند نەكرا. بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی لە كەرتی نەوت‌و غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ‌دا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵ‌دا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێم‌و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمیش ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە". لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ‌و ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن. ئێستا ئیتر دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە لایەنە عێراقییەكان پێویستی بە دەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز هەبێت، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، بەردەوام حوكمەكەی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی عێراق وەكو چەقۆیەك لەسەر گەردنی هەرێمی كوردستان دەبێت‌و گرفت بۆ بەرهەمهێنان‌و هەناردەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، ئەمە پاڵ دەرچوونی حوكمی كۆتایی دادگای پاریس‌و دەستبەردابوونی توركیا لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم. دەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز، جارێكی تر كەڤەری یاسایی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە، بەڵام رەنگە لەدوای پەسەندكردنی ئەم یاساوە، چیتر جڵەوی تەواوەتی نەوتی هەرێم لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نەمێنێتەوە. گرفتی گەورەی ئێستای بەردەم حكومەتی هەرێم، ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییە وەكو دوو هێزی سەرەكی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، پارتی لەم یاسا نوێیەدا دەیەوێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات‌و لەبەرامبەردا یەكێتی دەیەوێت لە یاساكەدا پەرە بە بابەتی لامەركەزی بدات، بەجۆرێك جگە لە هەرێمی كوردستانیش، پارێزگاكان بتوانن مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بكەن لە بابەتەكانی نەوت‌و غازدا. ئەم دۆخە نوێیە رەنگە پارتی وەكو دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێم ناچار بكات هەندێك نەرمی بۆ یەكێتی بنوێنێت، رەنگە بەپێچەوانەشەوە لێكترازانی تەواوەتی لەنێوان هەردوو زۆنەكە دروستبكات. نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەرێژەی 77% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی داهاتەكانی، رۆژانە نزیكەی (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات. لەكاتێكدا مانگی ئازار لە دواین رۆژەكانی خۆیدایە، حكومەتی هەرێم هێشتا بەتەواوەتی موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی شوبات دابەش نەكردووە، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ مانگی شوبات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا رێژەی 50%ی داهاتی نەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی كردووە، واتە لە كۆی (680 ملیار) دیناری داهاتی نەوت بڕی (340 ملیار) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی. بەپێی هەواڵەكەی سایتی (ئارگۆس)، لە كۆتاییەكانی مانگی یەكدا، كۆمپانیای گەورەی (ترافیگۆر) پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پچڕاندووە، ئەم كۆمپانیایە نەوتی هەرێمی دەگواستەوە بۆ بازاڕەكان.
درەو: بە گوێرەی (9) راپرسی كە لە توركیا ئەنجامداراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا شكست دەهێنێت، لە دواین ڕاپرسیدا كە كۆمپانیایەكی توركی ڕۆژی (14)ی ئەم مانگە ئەنجامیداوە, هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەچێتە خولی دووەم, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%ی دەنگەكان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێژەی 43.1% دەنگەكان بەدەستدەهێنێت, بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاریش كە لەومایەوەدا بڵاوبوتەوە ئەوە ئاشكرادەكات, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بە (9) خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, بەپێی لێكۆڵینەوەكە ڕێژەی دەنگەكانی قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5% و ڕێژەی دەنگەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5%. بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا, كە بڕیارە ڕۆژی (14)ی ئایاری (2023) لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت و لەلایەن (9)كۆمپانیای جیاوازی تایبەت بەبواری ڕاپرسیەوە ئەنجامدراوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت(ئۆپۆزسیۆن) بەڕێژەی جیاواز لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمارەوەیە. خشتەی ڕاپرسیەكان و ڕێژەی دەنگی كاندیدەكان و ناوی كۆمپانیاكانی ڕاپرسی: كۆمپانیای) (AVRASYA: كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 53.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 39.7% كۆمپانیای (MAK): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 47%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42% كۆمپانیای (PAPORU): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5% كۆمپانیای (AR-G): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.1% كۆمپانیای (AKSOY): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.6%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.4% كۆمپانیای (PIAR): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 57.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42.9% كۆمپانیای (ALF): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.9% كۆمپانیای (ORC): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 56.8%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.6% كۆمپانیای (SAROS): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 45.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.2% پێگەی (euronews)بڵاویكردووتەوە: پاڵشت بەلێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاری كە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڵاوبوتەوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بە (9) خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, دوای دابەشكردنی دەنگی ئەو دەنگدەرانەی دوودڵن و خۆیان یەكلانەكردووەتەوە لەڕاپرسییەكەدا, قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5% دەنگەكانی بەدەستهێناوە, ئەردۆغانیش 45.5%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. بەپێی دواین ڕاپرسیەكان كە كۆمپانیای (AR-G Research) لەڕۆژی (14) ئازار ئەنجامیداوە, هەڵبژاردن دەچێتە خولی دووەم, ڕێژەی دەنگەكانی كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2% و دەنگەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش 43.1% دەبێت. هەر بەگوێرەی ڕاپرسی كۆمپانیاكە, موحەرم ئینجە 7.6% دەنگەكان و سینان ئۆغان 1.3% دەنگەگان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بەدەست دەهێنن. ركابەرێتی ئەمجارە ! ركابەرێتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی توركیا لەنێوان چەند هاوپەیمانێتییەكدایە كە ئەمانەن: هاوپەیمانی كۆمار ئەم هاوپەیمانێتییە لە 20ی شوباتی 2018 دامەزراوە، هاوپەیمانێتی نێوان پارتی (داد‌و گەشەپێدان)ی دەسەڵاتدارە لەگەڵ پارتی (بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست). ئەم هاوپەیمانێتییە سیستەمی حوكمڕانی توركیای لە سیستەمی پەرلەمانییەوە (كە چەندین دەیە بوو بەركاربوو) گۆڕی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی، ئەمەش لەرێگەی هەمواركردنی دەستورەوە لە ساڵی 2017دا. پارتی "یەكێتیی گەورە" سەرباری ئەوەی بەفەرمی نەبووە بەبەشێك لەم هاوپەیمانێتییە، بەڵام لەزۆرینەی وێستگەكاندا پشتیوانی خۆی بۆ هاوپەیمانێتییەكە راگەیاندووە‌و ئەم چەند هەفتەی دوایی هەوڵی بۆ ئەوە داوە بچێتە پاڵ پارتەكانی ترەوە. هاوپەیمانێتی گەل لەسەر رەوتی (راستڕەوی میانڕەو) ئەژماردەكرێت، پێكدێت لە رەوتی پارێزگاری میانڕەو كە پارتی داد‌و گەشەپێدان نوێنەرایەتی دەكات لەگەڵ رەوتی نەتەوەپەرەستەكان كە دێرینترین رەوتن لەسەر گۆڕەپانی هاوچەرخی توركیا‌و تێڕوانینیان زۆر دور نییە لە تێڕوانینی كۆنەپارێزەكانەوە بەتایبەتیش لەبواری ناسنامەی كەلتوری توركیا‌و رێزگرتن لە میراتی ئیسلامی عوسمانییەكان. لایەنەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە هاوڕان لەسەر دژایەتیكردنی (پارتی كرێكارانی كوردستان)و بزوتنەوەكەی (فەتحوڵا گولەن)و وازیان لە هەندێك لە تێزەكانی لیبرالیزم هێناوە. ئەم هاوپەیمانێتییە یەكەمین هەڵبژاردنی لە 24ی حوزەیرانی 2018دا بردەوە كاتێك كاندیدەكەی (ئەردۆغان) لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوەو هاوپەیمانێتییەكەش زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا بە رێژەی 53,7%ی كۆی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان. ئەمجارەش ئەردۆغان دەبێتەوە بە كاندیدی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە مانگی ئایاری داهاتوودا. هاوپەیمانێتی میللەت.. مێزە شەشقۆڵییەكە ئەم هاوپەیمانێتییە لە شوباتی 2022دا لەدایكبوو، لەپێناو هەڵبژاردنەكەی ئایاری ئەمساڵ دروستكرا. ئەم هاوپەیمانێتییە (6) پارتی ئۆپۆزسیۆن لەخۆدەگرێت، لە میدیاكانی توركیادا بە "مێزە شەشقۆڵییەكە" ناودەبرێت، پارتەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە ئایدۆلۆژیایان جیاوازەو تێكەڵەیەكن لە "عەلمانی ئەتاتوركی"و "نەتەوەپەرەست"و "رەوتی راستڕەوی نەریتەوان". پارتەكانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە بریتین لە: • پارتی (گەلی كۆماری بە سەرۆكایەتی (كەمال كلیچدارئۆغلۆ) • پارتی (چاكە) بە سەرۆكایەتی خانم (میراڵ ئەكشنەر) • پارتی (سەعادەت) بە سەرۆكایەتی (تەمەل كەرەمولائۆغلۆ) • پارتی (دیموكرات) بە سەرۆكایەتی (گوڵتەكین ئویساڵ) • پارتی (دیموكرات‌و پێشكەوتن) بە سەرۆكایەتی (عەلی باباجان) كە لە پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار جیابوەتەوە • پارتی (ئایندە) بە سەرۆكایەتی (ئەحمەد داودئۆغلۆ) كە ئەمەش بە هەمان شێوەی باباجان لە پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار جیابوەتەوە لە 13ی شوباتی رابردوودا، ئەم لایەنانە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە لەبارەی رێككەوتنیان سەبارەت بە دووبارە گەڕاندنەوەی سیستەمی پەرلەمانی بۆ حوكمڕانی توركیا. ئەم هاوپەیمانێتییە شەشقۆڵییە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (كەمال كلیچدارئۆغلۆ)ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی مانگی ئایاری داهاتوو كاندید كردووە. هاوپەیمانێتی رەنج و ئازادی كورد پارت‌و رێكخراوە مەدەنییەكانی كورد لە توركیا، مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو یەكێتییەكیان لەژێر ناوی هاوپەیمانێتییەكی گشتگیردا دروستكردووە كە نوێنەرایەتی كورد بكات لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا. هاوپەیمانێتییەكە پێكدێت لە: • پارتی گەلی دیموكرات (HDP) • پارتی كار توركیا (TÎP) • پارتی بزوتنەوەی كرێكاری (EHP) • پارتی رەنج (EMEP) • پارتی ئازادی كۆمەڵایەتی (TOP) • یەكێتی ئەنجومەنە سۆسیالیستییەكان (SMF) تائێستا ئەم هاوپەیمانێتییە ناوی هیچ كاندیدێكی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئاشكرا نەكردووە. هاوپەیمانی "ئەتا" پارتی "سەركەوتن" بە سەرۆكایەتی (ئومیت ئوزداغ) رێبەرایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەكات‌و چەند پارتێك لە نمونەی پارتی (حەقیقەت) لەخۆدەگرێت. ئەم هاوپەیمانێتییە بەوە ناسراوە زۆر دژایەتی بوونی پەنابەرانی سوری دەكات لەسەر خاكی توركیا‌و بە دژە عەرەب ناسراوە. وشەی "ئەتا" دەبەسترێتەوە بە ناوی (كەمال ئەتاتورك)ەوەو ئەتاتوركیش بەواتای "باوكی تورك" دێت. ئەم هاوپەیمانێتییە (سەنان ئۆغان)ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید كردووە. ئەردۆغان بومەلەرزە هێنای؛ بومەلەرزە دەیخات ؟ زۆرینەی چاودێرانی دۆخی سیاسی توركیا، ئەم هەڵبژاردنە بە سەختترین هەڵبژاردن بۆ ئەردۆغان ناودەبەن لەدوای گەیشتنی بە دەسەڵات لەماوەی نزیكەی 20 ساڵی رابردوودا. دواین راپرسییەكان لە توركیا ئاماژە بەوە دەكەن، كەمال كلیچدارئۆغلۆ كاندیدی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بە زیاتر لە 10 پۆینت لە پێش ئەردۆغانەوەیە. راپرسییەكان دەڵێن هاوپەیمانێتی "میللەت" زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان دەباتەوە. هاوپەیمانێتی میللەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانیی توركیا روبەڕووی پارتی "داد‌و گەشەپێدان"ی ئەردۆغان‌و هاوپەیمانە راستڕەوە توندڕەوەكەی دەبێتەوە كە پارتی "بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست"ەو ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بباتەوە، روخساری سیاسی توركیا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت. راپرسییەكان باسلەوە دەكەن، پێناچێت ئەردۆغان بتوانێت بەسەر هاوپەیمانێتی "میللەت"دا سەربكەوێت، بەتایبەتیش دوای ئەو ناڕەزایەتییانەی لە ناوچەكانی باشوری وڵات (باكوری كوردستان) دروستبوون سەبارەت بە لاوازی حكومەت لە بەدەمەوەچوونەی خەڵك دوای بومەلەرزە وێرانكەرەكەی ئەمدواییە. بومەلەرزەكە تائێستا نزیكەی 48 هەزار كوژراوی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، ئەمە ناڕەزایەتی لە توركیا دروستكردووە سەبارەت بە پلانەكانی حكومەت لە دروستكردنی بیناكانی نیشتەجێبووندا. بومەلەرزە گەورەكەی پێشووی توركیا (بوڵنت ئەجەوید)ی سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیای خست‌و ئەردۆغان شوێنەكەی گرتەوە، رەنگە بومەلەرزەكەی ئەمدواییەش ئەردۆغان بخات‌و (كلیچدارئۆغلۆ) بخاتە شوێنەكەی. ساڵی 1999 كاتێك بومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەی (ئیزمیت)ی لە نزیك ئیستانبوڵ هەژاند، رەخنەی توند لە (ئەجەوید) گیرا بەوەی شكستی هێناوە لە دابینكردنی فریاگوزاری بەشێوەیەكی خێرا بۆ خەڵكی ناوچەكە، بومەلەرزەكە نزیكەی (18 هەزار) كەسی كوشت، ناڵەو ئازاری كەسوكاری قوربانییەكان، پارتی داد‌و گەشەپێدان‌و رەجەب تەیب ئەردۆغانی گەیاند بە دەسەڵات، ئێستا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دەیانەوێت بەسەر شانی بومەلەرزەكەی ئەمدواییەوە هەمان سیناریۆی ئەردۆغان دووبارە بكەنەوە. سەرباری بومەلەرزەكە، هاوڵاتیانی توركیا توڕەن لە شكستی سیاسی‌و ئابوری سیاسەتەكانی ئەردۆغان، بەتایبەتیش دابەزاندنی نرخی سود كە بوەتەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی هەڵاوسان لە وڵات‌دا. پایزی رابردوو هەڵاوسانی ئابوری توركیا گەیشتە پلەیەكی پێوانەیی لەماوەی 24 ساڵی رابردوودا، كاتێك ئاستی هەڵاوسانەكە گەیشتە 85%و ئێستا بۆ 55% دابەزیوە. لە سەرەتای 2021وە بەهۆی رەشەبای پێچەوانەی ئابوری‌و سیاسەتەكانی ئەردۆغانەوە، دراوی توركی رێژەی 60%ی بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستداوە. لەپاڵ ئەمەدا، لەڕووی بازرگانییەوە توركیا توشی كورتهێنانێك بوەتەوە كە رێژەكەی دەگاتە 38%و فشاری خەرجی بژێویش چینی ناوەندی خستووەو لەناو هەژاریدا توشی نائومێدییەكی قوڵ بوەتەوە. لەماوەی دوو دەیەی حوكمڕانییەكەیدا، ئەردۆغان توركیایەكی نوێی دروستكردووە كە تێیدا سیستەمی "پەرلەمانیی" لاوازكراوەو گۆڕی بۆ سیستەمێكی "سەرۆكایەتیی" هاوشێوەی ئەو سیستەمانەی كە تێیاندا تاكە كەسێك حوكمڕانی دەكات، ئەمە وایكردووە ئەردۆغان بە "سوڵتانی نوێی توركیا" ناوببرێت، بەتایبەتیش كە دادگاكان‌و دامەزراوەكانی جێبەجێكردنی یاسا‌و خزمەتی شارستانی‌و دامەزراوەكانی هەواڵگری‌و هێزە چەكدارەكان‌و میدیاكانی لە نەیارانی خۆی پاككردوەتەوەو خەڵكانی لایەنگری خۆی تێدا داناون، بۆ ئەمەش زیاتر لە هەوڵی كودەتا سەربازییە شكستخواردووەكەی 2016 سودی وەرگرتو سیستەمێكی سیاسی لە توركیا بەرپا كرد كە بەتەواوەتی دڵخوازی خۆیەتی. خاڵی هێزو لاوازی دوو ركارەبەر سەرەكییەكە جگە لە ئەنجامی راپرسییەكان، خاڵی هێزو لاوازی تری هەردوو بەرە ركابەرەكەی توركیا بۆ هەڵبژاردن كاریگەری خۆیان لەسەر ئەنجامەكان دەبێت. پەیمانگای واشنتۆن لە شیكارییەكدا دەڵێ" تاكە رێگەی بەردەم لایەنە ئۆپزسیۆنەكان ئەوەیە بچنە گەڕی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە، چونكە لە گەڕی یەكەمدا كاندیدەكان زۆرن، لە گەڕی دووەمیشدا دەبێت كار بۆ ئەوە بكەن لەیادی 100 ساڵەی دامەزراندی كۆماری توركیادا، سەرەنجی ئەو دەنگدەرانە بەلای خۆیاندا رابكێشن كە ئەتاتوركیان خۆشدەوێت، لەگەڵ راكێشانی دەنگی ئەوانەی كە لایەنگری پارتی داد‌و گەشەپێدان‌و بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستن، بەڵام توڕەن لە سیاسەتی ناوخۆیی پارتەكانیان". بەڵام شیكارییەكە باسلەوە دەكات، بەهۆی بەهێزی گوتاری میدیایی پارتی داد‌و گەشەپێدانەوە بەتایبەتیش "گوتاری دەرەوە"، زۆرێك لەو لایەنگرانەی پارتەكە كە توڕە بوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ ئامێزی پارتەكەیان بۆ ئەوەی جارێكی تر چانسی سەركەوتنی پێببەخشنەوە. لەپاڵ ئەمەدا، شیكارییەكەی پەیمانگای واشنتۆن وای دەبینێت، هاوپەیمانێتییەكەی ئەردۆغان‌و بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست كێشەی ناوخۆیی نییە، ئەمە بابەتێكە كە بەسەر هاوپەیمانێتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندا "هاوپەیمانێتی میللەت" جێبەجێ نابێت، چونكە پێناچێت هاوپەیمانێتییەكەی پارتی گەلی كۆماری‌و پارتی (چاكە- İyi)و پارتە بچوكەكانی تر زۆر بەرگەی مانەوە بگرێت، بەتایبەتیش كە قسە دێتە سەر دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان‌و پۆستە وزارییەكان". ئەمە جگە لەوەی هێشتا هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان كە نوێنەرایەتی كورد دەكات، هێشتا ئاڵنگارییەكی گەورەیە لەبەردەم هاوپەیمانێتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەوپێیەی پارتی دیموكراتی گەلان ئەجێندای كاركردنی لەگەڵ ئەو پارتانەی تر جیاوازە.
به‌دواداچوونی: هێمن خۆشناو له ئێواره‌ی دووشه‌ممه‌ی رابردوو (20 ئاداری 2023) له‌و كاته‌ی خه‌ڵكی كوردستان خه‌ریكی ئاهه‌نگ گێران و پیرۆزكردنی نه‌ورۆز و هاتنی سه‌ر ساڵی نوێی كوردی بوو، له‌ناكاو هه‌واڵێك سۆسیال میدیای كوردی ته‌نیه‌وه، تا ده‌هات ده‌نگدانه‌وه‌ی رووداوه‌كه زیاتر ده‌بوو، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی زۆرترین رووبه‌ری میدیا و سۆسیال میدیا له كوردستان و ئه‌وروپا داگیر بكات. به گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه:" به بیانووی هه‌ڵكردنی ئاگری نه‌ورۆز عه‌ره‌بێكی هاورده چوار هاوڵاتی كوردی له جه‌ندرێس خه‌ڵتانی خوێن ده‌كات." (جه‌ندرێس) یه‌كێكه له‌و هه‌شت شاره‌دێیه‌ی سه‌ر شارۆچكه‌ی (عه‌فرین)ﻩ، به‌دووری 22 كم ده‌كه‌وێته رۆژئاوای ئه‌م شارۆچكه‌یه. به گوێره‌ی سه‌رژمێری ساڵی 2015 ژماره‌ی دانیشتووانی 50 هه‌زار كه‌س بووه كه زیاتر له 95٪ كورد بوو. به‌ڵام دوای داگیركردنی له‌لایه‌ن توركیا له به‌هاری 2018 دا له رووی دیمۆگرافیه‌وه گۆڕانكاری گه‌وره به‌سه‌ر جه‌ندرێس داهات، 65٪ دانیشتووانه‌كه‌ی له ناوه‌ندی جه‌ندرێس له ترسی ملیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا زێدی باب و باپیرانیان به‌جێهێشت. رووداوه‌كه له زمانی خه‌ڵكی جه‌ندرێس: به‌گوێره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناوه‌ندی شارەدێی جه‌ندرێس قسه‌یان بۆ كردین، له‌و كاته‌ی جه‌ندرێسیه‌كان خۆیان ئاماده ده‌كرد تا مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز ئه‌نجام بده‌ن، ده‌نگی چه‌ند ده‌ستڕێژی ته‌قه ناوچه‌كه ده‌ته‌نێته‌وه. دواتر هه‌واڵی كوشتی چوار كه‌س له خانه‌واده‌ی (پێشمه‌رگه) كه خانه‌واده‌یه‌كی دیاری جهندرێسن به شاره‌دێیه‌كه بڵاوده‌بێته‌وه. به‌گوێره‌ی بهدواداچوونەكانمان، خانه‌واده‌ی "پێشمه‌رگه "له ئه‌نجامی بۆمه‌له‌رزه‌ی 66ی شوباتی رابردوو خانووه‌كه‌یان رووخاوه. له شوێنی خانووه رووخاوه‌كه‌یان خێوه‌تێكیان هه‌ڵداوه تیایدا ژیان ده‌به‌نه‌سه‌ر. له ده‌وروبه‌ری كاتژمێر شه‌شی ئێواره، له به‌رده‌م خێوه‌ته‌كه‌یان له‌ناو ته‌نه‌كه‌یه‌ك ئاگری نه‌ورۆز ده‌كه‌نه‌وه و له ده‌وری ئاگره‌كه كۆده‌بنه‌وه. له‌م ساته‌نه‌دا (عەلی حەبیب خەلەف) كه عه‌ره‌بێكی هاورده‌ی دێره‌زوره و سه‌ر به ملیشیای (سوپای ئه‌لشه‌رقیه) یه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی (حه‌بیب) به ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به به‌ر ئاگره‌كه‌دا ده‌ڕۆن، كه ده‌بینێ ئاگر كراوه‌ته‌وه و چه‌ند كه‌سێك ده‌وری ئاگره‌كه‌یان داوه، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی راده‌گرێت و داوایان لێده‌كات ئاگره‌كه بكوژێنه‌وه. كاتێك ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ئاگره‌كه ناكوژێنه‌وه، عه‌لی حه‌بیب كه به (ئه‌بو حه‌بیب) ناسراوه چه‌كه‌كه‌ی راده‌كێشێت و چه‌ند ده‌ستڕێژێك له‌و كه‌سانه ده‌كات. له ئه‌نجامدا ده‌موده‌ست چوار كه‌س له خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه به‌ناوه‌كانی (فه‌رحه‌دین عوسمان پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی محه‌مه‌د فه‌رحه‌دین پێشمه‌رگه و هه‌ردوو براكانی به‌ناوه‌كانی نه‌زمه‌دین عوسمان پێشمه‌رگه و محه‌مه‌د عوسمان پێشمه‌رگه) گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌بو حه‌بیب كێیه؟ چه‌كدارێكی سه‌ر به كه‌تیبه‌ی (خشامه) له‌ناو سوپای (ئه‌لشه‌رقیه) كه ملیشایێكی جیهادی سوننه‌ی سه‌ر به توركیایه. خه‌شام ناوی گوندێكی دێره‌زوره، ئه‌م گونده به دڵره‌قی به‌رامبه‌ر به كورد ناسراون، رۆڵیان هه‌بووه له سه‌ركوتكردنی كوردانی رۆژئاوا له رووداوه‌كانی 12 ئاداری 2004 له قامیشلۆدا. به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانمان عه‌لی حه‌بیب چه‌ندین پێشینه‌ی تاوانكاری هه‌یه. له ساڵی 2018 دوای داگیركردنی عه‌فرین به چه‌ند رۆژێك له گوندی (چه‌قه‌لا جومێ) له‌ناو گۆڕه‌پانی یه‌كێك له قوتابخانه‌كان دوو هاوڵاتی به‌ناوه‌كانی (حوسێن عه‌بدولڕه‌حمان حوسێن 24 ساڵی و وه‌لید جمیل ئهلسۆرانی 18 ساڵی) ده‌كوژێت. هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و) عه‌لی حه‌بیب چه‌ندین جار ده‌ستی به‌سه‌ر به‌روبوومی دێهاتیه‌كانی جه‌ندرێس گرتووه. دواجار له گوندی (حه‌مام) كه له‌سه‌ر سنووری توركیایه، چه‌ندین ته‌نه‌كه زه‌یتی دزیووه. به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، بێمنه‌تی ئه‌م كه‌سه له پشت ئه‌ستووری به فه‌رمانده باڵاكانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هه‌ریه‌ك له (حوسێن حه‌ماده) فه‌رمانده‌ی سوپای ئه‌لشه‌رقیه و (مه‌حمود خه‌له‌ف) فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌ی (خشام) ده‌ست له پشتی ئه‌بو حه‌بیب ده‌ده‌ن، ئامانجیش له‌م كاره‌دا ناچاركردنی كورده‌كانه تا جه‌ندرێس و ده‌وروبه‌ری به‌جێبێڵن. كاردانه‌وه‌ی دوای رووداوه‌كه! شه‌هیدكردنی ئه‌م چوار هاووڵاتیه كورده كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێكهوتهوه. بههێزترینیشان كاردانه‌وه‌ی كوردانی عه‌فرین به گشتی و جه‌ندرێس به تایبه‌تی بوو به پێشه‌نگی ژنان، كه دوای رووداوه‌كه یه‌كسه‌ر هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و هوتافیان دژ به توركیا و ملیشاكان گووته‌وه. له رێگای كامیرای مۆبایله‌كانیان داوایان له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرد پاراستنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ناوچه‌كه‌یان بگرێته‌به‌ر. له رۆژی سێشه‌ممه‌شدا كه ده‌كاته رۆژی نه‌ورۆز، تا ناشتنی ته‌رمه‌كان خه‌ڵكی جه‌ندرێس له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌دیار تهرمهكانهوه دروشمی دژی داگیركاریان ده‌گووته‌وه، خه‌ڵكی كوردیش له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عه‌فرین به‌ره‌و جه‌ندرێس ده‌هاتن. هه‌روه‌ها گووته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی كرد و بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهێنێت داوای له به‌رپرسانی ناوچه‌كه كرد تاوانكاران بدۆزنه‌وه به سزای یاسایی بگه‌یه‌نرێن و ڕێگه له دووباره‌بوونه‌ی تاوانكاریی به‌م شێوه‌یه بگیرێت. چاوه‌ڕێش ده‌كرێت له رۆژانی داهاتوودا كاردانه‌وه به‌رفراوانتربێت، بڕیاریشه رۆژی چوارشه‌ممه كوردانی ئه‌وروپا له‌دژی ئه‌م تاوانه له‌چه‌ند وڵاتێك گردبوونه‌وه و رێپێوان ئه‌نجام بده‌ن. داوا ده‌كرێت عه‌لی حه‌بیب ده‌ستگیر بكرێت! پۆلیسی سه‌ربازی، كه ناوه‌ندێكی ئیجرائیه دوای داگیركردنی عه‌فرین له‌لایه‌ن سوپای توركیا دامه‌رزاوه، له ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌دا له ڤیدیۆیه‌كدا رایگه‌یاند كه ئه‌وان سێ كه‌سیان به‌هۆی تاوانی كوشتنی چوار هاووڵاتی ده‌ستگیركردووه. به‌بێ ئه‌وه‌ی عه‌لی حه‌بیب كه تاوانباری سه‌ره‌كی رووداوه‌كه‌یه ده‌ستگیركرابێت. به گوێره‌ی زانیاریه‌كان، عه‌لی حه‌بیب له‌لایه‌ن فهرماندارهكانیهوه داڵده‌دراوه، تا كاردانه‌وه‌كان خاو ده‌بنه‌وه. له خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی جه‌ندرێسیه‌كان له كاتی ناشتنی ته‌رمی قوربانیه‌كاندا هوتافی ده‌ستگیركردنی عه‌لی حه‌بیب و له سێداره‌دانی ده‌گووترایه‌وه. له هه‌مان كاتدا تا ده‌چێت كاردانه‌وه‌كان به فراوانتر ده‌بن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین سه‌كۆ و كه‌مپین دروستكراوه، كه گرنگترینیان سه‌كۆی جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ریه له جه‌ندرێس، كه چه‌ندین رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تی سیاسی و یاسایی له‌خۆ ده‌گرێت. ئایا كاردانه‌وه‌كان ده‌بنه زه‌مینه‌ی سنوورداركردنی پێشڵكاریهكان؟ ناوه‌ندی راگه‌یاندنی پارتی (وه‌حده) كه پارتێكی كوردی سوریه به‌ر له چه‌ند رۆژێك له پێنجه‌مین ساڵیادی داگیركردنی عه‌فرین راپۆرتێكیان له‌باره‌ی پێشێلكاری ملیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا له‌دوای داگیركردنی عه‌فرین بڵاوكرده‌وه. به‌گوێره‌ی ئه‌م راپۆرته، ئه‌م حزبه توانیوویه‌تی له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا، شه‌هیدكردنی 280 هاووڵاتی عه‌فرین له‌سه‌ر ده‌ستی ملیشیا چه‌كداره‌كان به به‌ڵگه پشتڕاست بكاته‌وه. هه‌روه‌ها ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئه‌م حزبه پێشبینی ده‌كات ژماره‌ی قوربانیان به چه‌ند قات له‌م ژماره‌یه‌ی خراوه‌ته‌ڕوو زیاتر بێت. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه، پێشێلكاری گرووپه چه‌كداریه‌كانی سه‌ر به توركیا له عه‌فرین له رۆژه‌ڤی چه‌ندین ده‌زگای میدیایی و مافی مرۆڤ دایه. به‌ڵام ئه‌م به رۆژهڤبوونه سنوورداره و نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بێته سه‌رخه‌ت و داوای سزادانی ملیشیاكان و تاوانباران بكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی شه‌وی نه‌ورۆز جیاوازتر دیاره له‌وانه‌ی پێشوو، چونكه دوای داگیركردنی عه‌فرین یه‌كه‌م جاره خه‌ڵكی ناوچه‌كه دێته سه‌ر شه‌قام و به ئاشكرا داوای كۆتایی پێهێنان و ده‌سه‌ڵاتی ملیشاكان و ده‌ركردنیان ده‌كات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه كۆمه‌ڵكوژی جه‌ندرێس ده‌كرێت ببێته وێستگه‌یه‌ك بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی خه‌ڵكه‌كه به ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و زه‌مینه‌ی به نێوده‌وڵه‌تیبوونی ئه‌م دۆسیه‌یه بێنێته ئاراوه.
درەو: چێنەر عەوڵا- ئەندازیاری چاككردنەوەی فڕۆكەوانی - كالیفۆرنیا 1 بەدواداچونەکان کۆمەڵێک زانیاری دوپات دەکەوە وە کۆمەڵیک پرسیاری لۆجيکیش بە خەیاڵدا دێن کە ڕەنگە رووی ڕاستی ئەم گەمە ئیستخباریەتیە زیاتر دەرخات! هەروەکو لە پۆستێکی پێشوتردا و لە سەرەتای ئەم ڕوداوە وردەکاریمان خستە ڕوو لە بارەی تەکنیکی فرۆکەکە وە دوو ئەگەرمان دوپاتکردەوە کە یان ئەوەتا هی کۆمپانیا سکوریەتیە تورکیەکان کە ئەوجۆرەیان هەیە و لە ناوچەکانی نزیک بیرەنەوتەکان کاریان هەیە. یان ئەوەتا لەو جۆرانەیە کە خاوەنداریەتی لای کۆمپانیای ئیرباس لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار و یەکێتی تۆمار کرابوون واتە هی یەکێتیە و چۆن کەوتۆتە دەست لایەنی تر جێگای پرسیار بوو؟! لینکی بابەتەکەی پێشوترە کە زانیاری زیاتری تێدایە لەو بارەیەوە https://www.facebook.com/100000813880566/posts/5932441616792909/?mibextid=5zvaxg ئێستا کەمێک لێڵیەکان ڕونتر بونەوە و بەڵام گەمە هەواڵگریەکانی لەگەل ئەم ڕوداور قوڵتر بوون. - ئەوە ڕوونبوەتەوە کە ئەم کۆپتەرانە لە ڕێی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی کە لەدەست یەکێتیدایە چەند ساڵێک بەر لەئێستا کڕدراون وە لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەشکراون چەند دانەیەک بۆ هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی و چەند دانەیەک بۆ هەولێر گواستراونەوە بەڵام خاوەنداری سەرەکیان ownership certificate یان لای کۆمپانیای ئیرباس هەر بەناوی دەوڵەتی عێراقەوەن بۆیە پێویستە لەگەل هەر ئاڵایەکی تر ئاڵای عێراقیشیان پێوە بێ . چونکە هەرێم و هێزی ئەمنی و ئەوانە ناتوانن راستەوخۆ خاوەنی فرۆکە و کۆپتەر بن. - ئەو زانیاریانەی کە گەشتون و پشت راستکراونەوە لە دوای کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکەکانی یەکێتی و بێ پارە بونی ئیدارەی سلێمانی (یەکێتی حکومەتی مەسرور بارزانی تۆمەتبار دەکات بەوەی بودجەی سلێمانی بڕیوە) بۆیە ئەم دوو کۆپتەرانە کە لەدەست دژە تیرۆردا بوون لەلایەن پاڤێڵ تاڵەبانیەوە فرۆشراون بە هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا بە پارەیەکی زۆر زیاتر لە نرخی خۆیان ئەم جۆرە فرۆشتنانە نایاساین بۆیە زیاتر وەکو بەکرێدان وایە چونکە تۆماری خاوەنداریەتیان ناگوازرێتەوە وە هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا مافی بونی فرۆکە و کۆپتەریان نیە بەپێی یاسا دەولیەکانی فرۆکەوانی. کەواتە ئەم کۆپتەرانە هەر لە زممەتی عێراقی و هێزە ئەمنیەکانی یەکێتیدا بوون کاتێک کوردانی سوریا بەکاریان هێناون. - زانیاریەکی تر کە لە داتا نارەسمیەکانی فلایت رادار و چەند دانەیەکی تر تەئکیدی لێ کراوەتەوە ئەم کۆپتەران لە ئاسمانی ناوچەی چیاکانی گارە بوون، کاتێک دانەیەکیان دەکەوێتە خوارەوە. - راگەیاندنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات باسکردن لە گیان لە دەستدانی ٩ ئەندامیان لەگەل ئەوەی ناڕونە گومانەکانیش زیاتر دەکای چونکە زانراوە تەنها یەک کۆپتەر بەر بوەتەوە وە یەک کۆپتەریش ٩ کەسی تێدا جێگا نابێتەوە خۆی ٥ کورسی هەیە، ئەوەی لەسەرەتاوە ئاشکرا کرا کە ٧ تەرم دۆزراونەوە زیاتر ئەگەری راستی هەیە. بەدواداچونەکان لە ناسنامەی ٩ شەهیدەکە ئەگەری ئەوە هەیە دووانیان پێشتر لە شەری مینبەج شەهید بوبن. - بەربونەوەی دوو کۆپتەر بەهۆی کێشەی ئاو هەواوە زۆر دەگمەنە چونکە کۆپتەر خۆی بۆ حالەتی ئاوهەوای سەخت دروستکراوە شوێنێک کە فرۆکە بۆی نەچێ ئەوا کۆپتەر دەنێردرێن بە بەڵگەی ئەوەی هەمان چۆر کۆپتەر لە لا‌یەن پارکە نیشتیمانیەکان و گاردی دەریاوانی ولایەتەکان لە ئەمریکا و تیمەکانی فریاگوزاری بۆ حالەتەکانی سەختی ئاو هەوا بۆ ڕزگارکردن بەکار دەهێنرێن بۆیە ناچێتە عەقلەوە دوو دانە بەهەمان هۆکار بەربنەوە. - گومان دەکرێ کە بەم بیانوە هێزەکانی سوریای دیموکرات دانەکەی تریان گێرابێتەوە بۆ یەکێتی دوای ئاشکرا بوونی ئەم ڕوداوە هەر بۆیە دەڵێن هەردوکیان کەوتونەتە خوارەوە. - پارتی کە پارچەکان و تەرمەکانی لەبەردەستە لە ئێستادا ئەمە وەکو کارتێکی فشار بۆ سەر پاڤێڵ تالەبانی بەکار دەهێنێ تا تەنازولی زیاتری پێ بکات بەرامبەر حکومەتەکەی مەسرور بارزانی وازی پێ لەو بەربەرەکانیە بهێنیە کە ماوەیەکە دەستیان پێکردوە ئەمەش لە داهاتوو ڕونتر دەبێتەوە کە ئایە کاریگەرە یان نا؟ - پارتی تورکیای لەم ڕوداور ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هێشتا پارچەکان و تەرمەکانی تەسلیمی تورک نەکردوە، بە حوکمی ئەوەی تورکیا بە ملیاران دۆلار و لە ئێستادا بایی ١٥٠ ملیار دۆلار ئۆردەری فرۆکەی لەگەل کۆمپانیای ئیرباس هەیە کە دروستکەری ئەم کۆپتەرانەشە لە بیانویەک دەگەرێ کە ئیرباس تۆمەتبار بکات بەوەی کە ئاسایشی تورکی خستۆتە خەتەرەوە بۆیە باس لەوە دەکرێ کە تورکیا داوا لەسەر ئیرباس و فەرەنسا تۆمار بکات یاخود داوای داشکاندن بکات لەو قەرزەی کە هەیەتی. بۆ ئەمەشیان پارچەکانی وەکو بەڵگە زۆر پێویستن و بەدور نازاندرێ پارتی ناچار بکات شتەکانی تەسلیم بکات. - هەموو ئەو وڵات و کۆمپانیایەنی کە خاوەنی ئەم جۆرە لە فرۆکەن بەدوای وەڵامی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەم دوو کۆپتەرەن چونکە ئەگەری ئەوە هەیە هەڵەیەک لە دیزاین یان فەتیگ لە ئیرفرەیمی fatigue in airframe کۆپتەرەکان هۆکاری بەربونەوە بوبن ئەمەش وادەکات هەموو ئەوانە مافی قەرەبویان هەبێ لە کۆمپانیای ئیرباس و وە دەبێ بەپەلە کێشە تەکنیکیە چارەسەر بکرێ. - ئەوەی من زانیومە دەزگای سەلامەتی ئاسمانی نیشتمانی ئەمریکیش بەدوای ئەم وەڵامەدا خەریکی بەدواداچونن. - لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین جێگای سەر سوڕمانە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات چۆن کەوتونەتە ئەم هەڵە ستراتیجیەوە کە کۆپتەری کۆن بە پارەیەکی زۆر و بە بێ رەزامەندی هاوپەیمانان لە پاڤێڵ و یەکێتی بکڕن لەکاتێدا هاوپەیمانان و ئەمریکا بەتایبەت ساڵانە بە ئاشکرا بای دەیان ملیۆن دۆلار یارمەتی چەک و کەرەسەی سەربازیان دەدات بەڵام هۆکاری خۆی هەیە کە موشەکی دور هاوێژ و درۆن‌و و فرۆکەو کۆپتەریان پێ نادات، چونکە پاراستن و سیانە کردنی ئەم جۆرە چەکانە گرینگترە لە بونی چەکەکان کە ژێرخانی پێویست ئامادە نەبێ تا فرۆکەو کۆپتەر سیانە بکەی و pri flight check بکەی کەواتە بونیان کارەسات لێکەوتنەوەی حەتمیە. - ئەم روداوە گومان بێ متمانەی بەرامبەر پاڤێڵ و یەکێتی زیاتر دەکات لای هاوپەیمانانیش کاتێک بەو شێوەیە سەفەقاتی ژێر بەژێر لەگەل ئەم و ئەو بکات ئەی دەبێ لەگەل ئێران کە هاوسنوریەتی و گروپە شیعەکانی دژ بە ئەمریکا چ جۆرە بازرگانی و پەیوەندیەکی ژێر بەژێری گرێ دابێ وەڵامی ئەمەش لە هەڵوێستی ئەمریکا لە داهاتوو زیاتر دەردەکەوێ. —————— وێنەکانیش هەمان جۆر کۆپتەرن لای هێزەکانی یەکێتی و سکێتچی ژمارەی کورسیەکان کە توانای ژمارەی سەرنیشینان ئاشکرا دەکات 2 کۆپتەری دروستکرووی کۆمپانیای ئیرباس هی کێ بوو لە دهۆک کەوتە خوارەوە؟ یەکسەر دوای ئەم ڕوداوە سەرەتا کەناڵی کوردستان ٢٤ ی نزیک لە سەرۆکی حکومەت راپۆرتێکی سەرڤیسی ناوەندە جیهانیەکان کرد کە فرۆکەکە تورکیە و ٧ سەربازی تێدا کوژراون بۆیە کەناڵی عەرەبیە و سەرەچاوە ئینگلیزیەکانی حکومەتی عێراقیش وایان بڵاو کردەوە کە هی تورکیە. چەند ناوەندێکی کەنەدیش هەمان شتیان بڵاو کردەوە. چەند سەعاتێک دواتر وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کە ئەوان هیچ کۆپتەرێکیان لە باکوری عێراق نەکەوتۆتە خوارەوە. هەر دوای راگەیاندنەکەی وەزارەتی شەڕی تورکی کەناڵێ ڕووداوی پارتی و باڵی نزیک لە تورکیا لەناو پارتی هەواڵەکەیان گۆڕی وایان بڵاو کردەوە کە دژە تیرۆرەکەیان لێکۆلینەوەی کردوە دەرکەوتوە کۆپتەرەکە هی پەکەکەیە و کوژراوانیش ٧ ئەندامی پەکەکەن ئەم هەواڵەشیان سەرڤیسی ئاژانسە جیهانیەکان کرد. لە ناوەندەکانی ئەلمۆنیتۆر و دەیان ناوەندی تر هەوالەکەیان گۆری کە سەرەتا پشتی بە کوردستان ٢٤ بەستبوو دواتر پشتیان بە روداو بەست بۆ گۆرینی هەواڵەکە. دواتر بەپێی راپۆرتی واشنتۆن پۆست و ناوەندی ئەی بی سی و ئەلمۆنیتۆر و هەمو وئەوانە باسیان کرد قسەکەری پەکەکە ئەم هەواڵەی رەتکردۆتەوە گوتویەتی ئێمە هیچ کۆپتەرێکمان نیە تا بەر بێتەوە. ئێستا: بەپێی ئەو وێنەی لە پاشماوەی تێکشکانی کۆپتەرەکە بڵاو بوتەوە کە رەقەم سریاڵی کۆپتەرەکە دیارە ئەمەش هەرچەند جێگای گومانە کە چۆن رەقەم سریالەکە دوای سوتان و تێکشکان وا ماوەتەوە! بەڵام با وا دابنێین وێنەی رەقەم سریالی کۆپتەرەکە راستیە، لەسەر ئەم ئەساسە بەدواداچونمان کردوە بە پشتبەستن بە aircraft blue book ی ئەوروپی و تۆماری دەزگای چاودێری ئاسمانی ئەمریکی FAA وە certificate data sheet ی خودی شەریکەی دروستکردنی کۆپتەرەکە بەم ئەنجامانە گوشتوین:- - ئەم کۆپتەرە دروستکراوی بەشی کۆپتەرسازی کۆمپانیای ئیرباسی ئەوروپیە و لە ساڵی ٢٠٠٨ لە فەرەنسا لاشەکەی بەستراوە پەروانەو مەکینە رۆتەریەکەی لە ئەڵمانیا بەستراوە. - تەنها وڵاتانی تورکیا، ئیسپانیا سوید، پورتوگال، بەریتانیا، ئیتالیا خاوەنی ئەم فرۆکەیەن بەم sequence serial number ریزبەندی ژمارەی سیریال، ئەمەش لەلایەن ئاژانسی سەلامەتی فرۆکەوانی ئەوروپی بۆیان دیاریدەکرێ. - ئەم فرۆکەیە سەربازی نیە بۆ بوارەکانی مەدەنی و فریاگوزاری لەلایەن کۆمپانیا ئەوروپی تورکیەکان بەکار دەهێنرێت و جێگای ٧ کەسی تێدا نابێتەوە کۆی گشتی هەستانی لە ٢٢٥٠ کیلۆ زیاتر بێ سەنتەری گراڤیتی بە پێشەوەدا دەچێ و هەڵناستێ. - وردەکاریەکانی ئەم فرۆکەیە: کێشی فرۆکەکە ١١٧٠ کیلۆیە و کۆی گشتی هەستانی نابێ لە ٢٢٥٠ کیلۆ زیاتر بێ. تەنها ٥ کورسی لە خۆ دەگرێ واتە ٥ کەس دەتوانێ سوار بێ. فیوسلاژەکەی درێژی ١٠ مەتر و بەرزی ٣ مەتر شتێک زیاترە. توانای ئەسپی پەروانەکە ٨٤٨ ە تا خێرای ٢٤٠ کلم لە سەعاتێکدا دەروا و تەنها دەتوانێ ٤ سەعات بفڕێ بۆ دەووری ٦٦٠ کلم. تەنها ٤٠٠٠ مەتر بەرز دەبێتەوە. پەپێی ئەو وردەکاریە بێ کە روداو باسی کرد ئەگەر هی کوردانی ڕۆژئاوا بێ واتە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێیانداوە! وە ئەمریکا وەها فرۆکەیەکی نیە وە ئەم فرۆکەیە سەربازیش نیە تا سوپای ئەمریکا بەکاری بهێنێ! خۆ ئەگەر ئەندامانی لە سوریاوە گواستبێتەوە بۆ قەندیل ئەوا دوری ئەو دوو ناوچەیە لە ٦٦٠ کلم زیاترە واتە خاریجی توانای گەشتنی ئەم فرۆکەیە بۆیە ڕێی تێ ناچی و لۆجیکی نیە چونکە ٪١٠٠ دەزانی کە ناگاتە ناوچەکە و بەردەبێتەوە. کۆتا ئەنجام:- بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێستا لەبەردەستە ! ئەوەی ئەم فرۆکەیە لە ناوچەیەکی نزیک کۆمپانیای نەوت کەوتۆتە خوارەوە وە فرۆکەکە دروستکراوی ئەوروپیە و کۆمپانیا ئەوروپی و تورکیەکان بەکاری دەهێنن، وە مانگی ١٠ی ساڵی پاریش فرۆکەیەکی هەمان جۆر کەوتە خوارەوە ( وێنەکەی لە خوارەوەیە) لەشاری ئیزمیری تورکیا کە هی کۆمپانیای تایبەتی سەربازی و سکیوریتی تورکی بوو بە ناوی (سادات) کە جەنەراڵی خانەنشینی سوپای تورکیا عەدنان تانریڤەردی لە ٢٠١٢ دامەزراوە بە نزیکیان لە ئەردۆغان ناسراون و کاری سەرەکیان پاراستنی کۆمپانیا تورکیەکان و بیرە نەوتیەکان و سەفارەتی تورکیە لە عێراق و کوردستان و ئیش و کاری گواستنەوە و کەلوپەلی لۆجستییان پێ سپێردراوە هەر لە سوریا‌و بنکەی سەربازی تورکی لە سودانەوە تا لیبیا. وە ئەم کۆمپانیا سکورتیانە هیچ چەکێکی راستەوخۆی تورکی یان سەربازی بەکار ناهێنن بەڵکو کەرەسە مەدەنیەکان دەکڕن و دەیانگونجێنن لەگەل ئەرکە سەربازیە نهێنیەکان. بۆیە لەوانەیە و پێدەچێ هەمان فرۆکە هی ئەوان بێ بۆ کارێکی نایاسایی بەپێی یاسا دەولیەکان نەدەبوایە لە خاکی عێراقیدابێ ئیتر کە کەوتۆتە خوارەوە وەزارەتی بەرگری تورکی ناچارە حاشایی بکات چونکە ئەمە ئابروچونێکی گەورەیە بەر لەئینتخابات بۆ دەسەڵاتی تورکی. پێویستە ئەم ئەگەرەش بخەمە ڕوو ئەگەر ئەم کۆپتەرە هی کۆمپانیای ساداتی پارا میلیتەری تورکی نەبێ ئەوە تەنها وڵاتێکی تر لە ناوچەکە کە کۆپتەری لەو شێوەیەی هەبێ هێزەکانی تایبەتی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقیە کە لەبەردەستی یەکێتیە لەسەردەمی جەلال تالەبانی و وە وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانیش چەند کۆپتەرێکی لەو شێوەیان کڕی لە ٢٠١٠ بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و وە وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە ٢٠١٧ هەمان جۆر لە فەرەنسا کڕیوە بەپێی هەواڵی خودی ئیرباس. بۆیە لێرەدا ئەگەر ئەمانە کەوتبنە دەست هەر لایەنێکی تر ئەوا گومان لەوە دەکرێ لەم رێگایەوە بن، ئەمریکیەکانیش لێکۆلینەوە لەم روداوە دەکەن ئەگەر هەیە زانیاری زیاتر ئاشکرا ببێ بەو نزیکانە. لینکی ئەمەش لە کۆمێنتە ————————- لینک و وێنەکان وردەری باسەکە پشت‌راست دەکەنەوە بۆ زیاتر لە سەر ئەم کۆمپانیا تورکیە سەربازیە لینک لە خواروویە https://aircraftbluebook.com/Navigation.do?product=ABB... https://apnews.com/.../iraq-helicopter-crash-pkk-kurdish... https://beta.ctvnews.ca/.../2023/3/16/1_6315578.amp.html https://nationalinterest.org/.../turkish-private-military...
(درەو): جۆرج بوشی كوڕ كە سەركردایەتی جەنگی كرد بۆ روخانی رژێمی سەدام، ئێستا زۆربەی كاتەكانی لە كێڵگەكەی لە تەكساس بەسەردەبات‌و سەرقاڵی وێنەكێشانە، مونتەزەر زەیدی ئەو رۆژنامەنوسە عێراقییەی كە پێڵاوەكانی لە جۆرج بوش گرت، ساڵی 2018 خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق كاندید كرد، دەرنەچوو، دیك چینی جێگری بوش، لەسەردەمی جەنگی عێراقدا سەرقاڵی راوكردن بوو، بەهەڵە فیشەكی بە هاوڕێیەكی خۆیەوە نا، رامسفێڵد وەزیری بەرگری بوش ژیاننامەی خۆی لە كتێبێكدا نوسیەوەو دوای ئەوە بە شێرپەنجە مرد، كۆڵن پاوڵ بە كۆر‌ونا مرد، خاتوو كۆندالیزا رایس وەزیری دەرەوەی بوش گەڕاوەتەوە بۆ سەر كارە ئەكادیمییەكەی لەزانكۆی ستانفۆرد، پۆل بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق، بووە بە راهێنەری یاری سەر بەفر لە یەكێك لە هاوینەهەوارەكان، محەمەد سەعید سەحاف كە نازناوی "عەلی كۆمیدی" لێ‌نرا، شوێنەكەی نادیارە بەڵام دەوترێت ئێستا لە ئیماراتی عەرەبییە. 20 ساڵ دوای جەنگ بیست ساڵ تێپەڕی بەسەر هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركردایەتی دەكرد، ئەو جەنگە بووە هۆی شڵەژاندنی سەقامگیری نەك تەنها لە عێراق بگرە لەناوچەكەش، كە تا ئەمڕۆ بەڕوونی پێوەی دیارە، بەدوایدا ململانێیەكی درێژی یاخیبوون‌و جەمسەربەندی سیاسی هاتە ئاراوە، سەدام توانی بۆ نزیكەی نۆ مانگ هەڵبێت، بەرلەوەی لەمانگی كانونی یەكەمی هەمان ساڵدا دەستگیربكرێت. بەڵام چی بەسەر یاریزانە سەرەكییەكانی تری جەنگدا هات، كە تا ئەمڕۆش مشت‌ومڕ لەبارەیانەوە گەرمە؟ سەدام حسێن لەساڵی (1979) بۆ (2003) بەمشتێكی پۆڵاین حوكمی عێراقی كرد، لەهێرشی ئازاری (2003) دوای سێ هەفتە لەهێرشی هاوپەیمانان، هێزەكانی هەرەسیهێنا. دیكتاتۆر خۆی شاردەوە، تا لە رۆژی (13) كانونی یەكەمدا لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگركیرا، لەساڵی (2006)دا لەبەغداد لەسێدارەدرا. جۆرج بوشی كوڕ لەساڵی (2003) جۆرج بوشی كوڕ بووە دووەم سەرۆك كە جەنگ دژی عێراق بەرپابكات، بەشوێنپێی جۆرج بوشی باوكی‌دا كە لەساڵی (1989-1993) سەرۆكی ئەمریكا بووە. بوشی (75)ساڵ لەدوای كۆتایهاتنی سەرۆكایەتییەكەیەوە پێگەیەكی لاوازی هەیە، بەڵام لەدەركەوتنە میدیاییە دەگمەنەكانیدا بەرگری لەبڕیاری هەڵگیرساندنی جەنگ دەكات دژی عێراق. بوش تەنها لەبۆنە فەرمییەكانی وەك مەراسیمی دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی‌و پرسەدا دەردەكەوێت، زۆربەی كاتەكانی لە كێڵگەكەی لە تەكساس بەسەردەبات‌و سەرقاڵی خولیاكانێتی لەنمونەی وێنەكێشان، لەساڵی (2021) كتێبێكی وێنە تایبەتییەكانی بڵاوكردەوە. دیك چینی جێگری سەرۆك جۆرج بوشی كوڕ بوو، لەسەرسەخترین پشتیوانەكانی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بوو بۆ سەر عێراق، لەچەندین لێدوانی ئاشكرادا رژێمی سەدام حسێنی بەوە تۆمەتباركردووە كە خاوەنی چەكی كۆمەڵكوژە، ئەوەش بانگەشەیەك بوو كە واشنتۆن كردی بە پاساو بۆ ئەنجامدانی جەنگ. لەكاتێكدا عێراق لەساڵی (2006)دا سەرقاڵی جەنگی تائیفی بوو، چینی بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباركرابوو كاتێك بەهەڵە لەكاتی ڕاودا فیشەكی نا بەهاوڕێكەیەوە، سەرەنجام هاوڕێكەی نەمردو چینیش ڕزگاری بوو. چینی تەمەن (82)ساڵ، بەپێچەوانەی سەردەمی بوش لەئێستادا قسە لەسەر پرسە سیاسییەكان‌و گردبونەوەكانی هەڵبژاردن دەكات، بەئاشكرا رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ گرت لەبارەی ئەو كارە تێكدەرانەیەی لەبارەگای كاپیتۆڵ لەساڵی (2021) رویدا. دۆناڵد رامسفیڵد دۆناڵد رامسفیڵد وەزیری بەرگری بوش لە ساڵاَنی (2001-2006) رۆڵێكی دیار‌و جێی مشتومڕی هەبوو لەجەنگی ئەفغانستان‌و عێراقدا. رامسفیڵد بەوە تۆمەتباركرا هەڵسەنگاندنی نادروستی هەواڵگری پێشكەشەكردووە بۆ پشتیوانیكردنی روخاندنی سەدام حسێن‌و چاپۆشی كردووە لە ئەشكەنجەدانی بەدیلگیراوانی جەنگ لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە. رامسفیڵد لەساڵی (2006)، كاتێك پۆستەكەی جێهێشت ناڕەزاییەكی جەماوەری‌و سیاسی فراوان هەبوو لەبارەی مامەڵەكردنی ئەمریكا لە عێراق دوای جەنگ. لەگەڵ ئەوەشدا رامسفیڵد خۆی بەدورنەگرت، ژیاننامەی خۆی لە كتێبێكدا بڵاوكردەوە، بەشداریكرد لە فیلمێكی بەڵگەنامەیی لەبارەی ژیانی پیشەیی‌و چووە پاڵ وەزیرەكانی پێشووی بەرگری لە هۆشداریدان بە ترەمپ لە هەوڵەكانی بۆ گۆڕینی شكستەكەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەساڵی (2020)دا. رامسفیڵد لەمانگی حوزەیرانی ساڵی (2021) بەنەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایكرد. كۆندۆلیزا رایس رایس وەك یەكەم ژنە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دەستبەكاربووە، دواتر بووە بە وەزیری دەرەوە لەماوەی هەشت ساڵی سەرۆكایەتی بوش‌دا، یەكەم ژنی رەشپێست بووە لەمێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو پۆستە باڵایەی هەبێت. وێڕای ئەوەی لەوانەبوو پشتیوانی جەنگی دەكرد دژی عێراق، فشاری لەسەر میدیاكانی ئەمریكاش دروستدەكرد لەبارەی ئەو مەترسیانەی رژێمی سەدام حسێن هەیەتی. دوای كۆتایهاتنی سەرۆكایەتی بوش، رایس گەڕایەوە بۆ سەر كارە ئەكادیمییەكەی لەزانكۆی ستانفۆردو لەوێ وەك بەڕێوەبەری دامەزراوەی هۆڤەری هزری كاردەكات. پۆل بریمەر بریمەر لەمانگی ئایاری (2003)دا لەلایەن جۆرج بوشەوە بە سەرۆكی كاتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دیاریكرا، كە بووە باڵاترین دەسەڵات لە وڵات‌دا. بڕیارەكەی بەهەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق رووبەڕووی رەخنەی توندی كردەوە، ئەوەشی درایە پاڵ كە پارە تەرخانكراوەكانی بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق خراپ بەكارهێناوە. بریمەری (81) ساڵ، لە ولایەتی فێرمۆنت ژیانێكی ئارام بەسەردەبات، لەساڵی (2018) مانشێتی رۆژنامەكانی ئەمریكای داگیركرد، كاتێك دەركەوت وەك راهێنەری یاری سەر بەفر لە یەكێك لە هاوینەهەوارەكان كاریكردووە. كۆڵن پاوڵ جەنەراڵ پاوڵ لەكاتی جەنگی عێراقدا وەزیری دەرەوە بوو، یەكەم رەشپێست بوو ئەو پۆستە وەربگرێت.بەپێچەوانەی ئەندامانی تری حكومەتەكەی بوشی كوڕ، پاوڵ دژی پلانی هێرشكردنە سەر عێراق بوو، بەڵام لەمانگی شوباتی (2003)دا داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد دەستوەردانی سەربازی بكات، تەنانەت بەڵگەی ئەوەی خستەڕوو گوایە رژێمی سەدام حسێن چەكی كۆمەڵكوژی شاردووەتەوە. لەساڵی (2004)دا دەستیلەكاركێشایەوەو لەبەردەم كۆنگرێسدا دانی بەوەدانا كە ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی بەر لە ساڵێك پێشكەشكراوە ورد نەبووە. لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی (2008)دا لەكۆمارییەكان جیابوەوەو پشتیوانی باراك ئۆباما كاندیدی دیموكراتەكانی كرد. لەساڵی (2021)دا‌و لە تەمەنی (84) ساڵیدا بەهۆی تووشبونی بەپەتای كۆرۆنا گیانی لەدەستدا. تۆنی بلێر دەكرێت بوترێت ناوبانگی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا زیانی زیاتری بەركەوت وەك لەناوبانگی جۆرج بوشی كوڕ بەهۆی پشتیوانیكردنی لەجەنگی عێراق. بلێر رووبەڕووی رەخنەی توندبووەوە لەلایەن لێكۆڵینەوەی فەرمی لەدۆسییەكە، كە لەساڵی (2016) ئاماژەی بەوەكرد بلێر زیادەڕۆیی كردووە لەقەبارەی ئەو هەڕەشەیەی رژێمی سەدام حسێن دروستیدەكات، لەگەڵ ناردنی هێزی سەربازی نائامادەكراو بۆ جەنگ‌و نەبونی پلانی پێویست بۆ دوای ئەوە. بلێری (69)ساڵ، لە (2007)دا دەستیلەكاركێشایەوە، لەوكاتەوە ژیانی تەرخانكردووە بۆ پەیمانگای تۆنی بلێر بۆ گۆڕانی جیهانی، كە ڕێكخراوێكی ناحكومییە، بەڵام بڕیاری جەنگ هێشتا باڵی بەسەر كەلەپوری بلێردا كێشاوە، ساڵی رابردوو زیاتر لە (500) هەزار كەس نوسراوێكیان واژوكرد دژی ئەوەی بلێر مەدالیای سوارچاكی حكومەتی بەریتانیا وەربگرێت. هانس بلێكس دیپلۆماتكار‌و سیاسی سویدی سەرۆكایەتی لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد بۆ چاودێری‌و لێكۆڵینەوەو پشكنین، كە لە عێراق بەدوای چەكی كۆمەڵكوژدا دەگەڕا، هیچی نەدۆزییەوە پێش ئەو جەنگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە (2003)دا سەركردایەتی كرد. بلێكسی (94) ساڵ لەئێستادا لە ستۆكهۆڵم دەژی‌و هێشتا چالاكە لە گفتۆگۆكان لەبارەی سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و لەسەروبەندی بڵاوكردنەوەی كتێبێكی نوێدایە. عەلی حەسەن مەجید "عەلی كیمیاوی" ئەو فەرماندە سەربازییەی پێشووی عێراقە كە نازناوێكی خراپی لێ‌نرا "عەلی كیمیاوی"، بەهۆی ئەو رۆڵەی هەیبوو لەهێرش بۆ سەر كوردەكان بەغازی ژەهراوی، كە بەهۆیەوە هەزاران كەس كوژران. لەمانگی ئابی (2003)دا لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركرا، بەتۆمەتی كۆمەڵكوژی‌و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە مانگی كانونی دووەمی (2010) لەسێدارەدرا. محەمەد سەعید سەحاف- عەلی كۆمیدی سەحاف لەكاتی هێرشەكەی ساڵی (2003)دا وەزیری راگەیاندنی عێراق بوو، هەر زوو میدیاكانی خۆرئاوا نازناوی "عەلی كۆمیدی"یان لێنا، بەهۆی دەركەوتنی بەجلی رەنگاو رەنگ لەكۆنگرە رۆژنامەوانییە رۆژانەكانیدا، وێڕای ئەوەی زانیاری ناڕاستی لەسەر دۆخی مەیدانی جەنگ بڵاودەكردەوەو بەڵێنی شكستپێهێنانی ئەمریكییەكانی دەدا. شوێنی نیشتەجێبونی ئێستا نەزانراوە، پێدەچێت هەڵاتبێت بۆ ئیماراتی عەرەبی. موقتەدا سەدر دوای هێرشی ئەمریكا بۆ عێراق ئەو پیاوە ئاینییە دەركەوت، گروپەكەی "جەیشی مەهدی" شەڕی هێزە بیانییەكانی كرد، بەوە تۆمەتباركراوە كە سەركردایەتی تیمە تائیفییەكانی مەرگی كردووە. لەوكاتەوە واخۆی نمایشدەكات كە پیاوێكی نەتەوەیی‌و چالاكێكی دژە گەندەڵییە، لیستەكەی لە هەڵبژاردنەكانی (2018و 2021)دا زۆرترین كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. نوری مالیكی یەكەم سەرۆك وەزیری عێراقە كە ماوەی تەواوەتی خۆی تەواوكردووە لەدوای روخاندنی رژێمی سەدامەوە، لەمانگی ئایاری (2006)دا پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە. رەخنەگرانی تۆمەتباری دەكەن بەدورخستنەوەی سیاسییەكانی سوننەو كورد، لەساڵی (2007)دا، داوای لابردنی كرا بەڵام لە پۆستەكەی مایەوە تاساڵی (2014)، دوای زنجیریەك شكست لەشەڕی دژ بە رێكخراوی داعش. مالیكی (72)ساڵ تائێستا سەرقاڵی سیاسەتە لە عێراق. ئایەتوڵا عەلی سیستانی بەوپێودانگەی باڵاترین دەسەڵاتی ئاینیی شیعەیە لە عێراق، سیستانی رۆلێكی سەرەكی گێڕاوە لە سیاسەت‌و ئاین لەدوای (2003)وە، بەپێچەوانەی سەدرەوە ئەم ئاڕاستەی سیاسی هەڵبژارد لەبری یاخیبوون. تەمەنی (92) ساڵە، بەڵام هێشتا كەسایەتییەكی خاوەن كاریگەرییەكی گەورەیە لە عێراق. مونتەزەر زەیدی مونەتەزەر زەیدی رۆژنامەنوسی عێراقی بووە خاوەنی ناوبانگێكی جیهانی لەمانگی كانونی یەكەمی (2008)دا، كاتێك پێلاوەكەی گرتە جۆرج بوشی كوڕ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغداد كە بەبۆنەی دواین گەشتی سەرۆكی ئەمریكا رێكخرا بەسیفەتی داگیركەر لە عێراق. زەیدی شەش مانگ زیندانی كرا‌و بانگەشەی ئەوەیكرد كە رووبەڕووی ئەشكەنجە بووەتەوە، دوای ئازادكردنی روویكردە لوبنان‌و دواتر گەڕایەوە بۆ عێراق، لەهەڵبژاردنی (2018)ی پەرلەمانی عێراق شكستیخوارد. زەیدی بەمدواییانە بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە:" ئەو دیمەنە بەڵگەی ئەوەیە كەسێكی ئاسایی رۆژێك لەڕۆژان توانی بەو كەسە خۆسەپێنە (جۆرج بوش) بڵێت نا، سەرەڕای ئەو هەموو هێزو توانا‌و چەك‌و پارەو میدیا‌و دەسەڵاتەی هەیەتی". سەرچاوە: بی بی سی
شیكاری: درەو پاڵپشت بە زانیارییەکانی بەردەست دەربارەی داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) بەشێک لە وڵاتانی (OPEC) لە ساڵی (2022)دا بەم شێوەیەیە؛ 🔹 داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (16 ملیار و 42 ملیۆن) دۆلار بووە، (12 ملیار و 331 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (77%)ی داهاتی نەوت و بڕی (3 ملیار و 710 ملیۆن و 820 هەزار) دۆلاری بە رێژەی (23%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 داهاتی گشتی عێراق زیاتر لە (120 ملیار و 750 ملیۆن) دۆلار بووە، (115 ملیار و 466 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (96%)ی داهاتی نەوت و بڕی (5 ملیار و 284 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (4%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 داهاتی گشتی سعودییە (333 ملیار و 180 ملیۆن) دۆلار بووە، (227 ملیار و 340 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (68%)ی داهاتی نەوت و بڕی (105 ملیار و 840 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (32%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 داهاتی گشتی قەتەر (80 ملیار و 352 ملیۆن) دۆلار بووە، (68 ملیار و 364 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (85%)ی داهاتی نەوت و بڕی (11 ملیار و 988 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (15%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 داهاتی گشتی کوەیت (60 ملیار و 962 ملیۆن) دۆلار بووە، (53 ملیار و 138 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (87%)ی داهاتی نەوت و بڕی (7 ملیار و 824 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (13%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 داهاتی گشتی لیبیا (28 ملیار و 224 ملیۆن) دۆلار بووە، (22 ملیار و 155 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (78%)ی داهاتی نەوت و بڕی (6 ملیار و 69 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (22%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 داهاتی گشتی بەحرەین زیاتر لە (6 ملیار و 375 ملیۆن) دۆلار بووە، (4 ملیار و 21 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (63%)ی داهاتی نەوت و بڕی (2 ملیار و 354 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (37%) داهاتی نانەوتی بووە. یەکەم؛ داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی (OPEC) لە ساڵی 2022 بە دراوی نیشتمانی پاڵپشت بە زانیارییەکانی بەردەست دەربارەی داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) بەشێک لە وڵاتانی (OPEC) لە ساڵی (2022)دا بەم شێوەیەیە؛ 1. داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان (23 ترلیۆن و 249 ملیار و 620 ملیۆن و 69 هەزار و 565) دینار بووە، پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (17 ترلیۆن و 871 ملیار و 620 ملیۆن و 69 هەزار و 565) دیناری بە رێژەی (77%)ی داهاتی نەوت و بڕی (5 ترلیۆن و 378 ملیار) دیناری بە رێژەی (23%) داهاتی نانەوتی بووە. کە سەرچاوەی گرتووە لە؛ - (200 ملیار) دینار پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق کە تەنها یەک جار ڕەوانەی هەرێم کراوە. - (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دیناری داهاتی گومرگ. - (720 ملیار) دیناری داهاتی باج. - (2 ترلیۆن و 400 ملیار) دیناری داهاتی رەسم. - (378 ملیار) دیناری هاریکاری هاوپەیمانان بووە 2. داهاتی گشتی عێراق (175 ترلیۆن و 1 ملیار و 171 ملیۆن و 624 هەزار) دینار بووە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (167 ترلیۆن و 342 ملیار و 384 ملیۆن) دیناری بە رێژەی (96%)ی داهاتی نەوت و پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (7 ترلیۆن و 658 ملیار و 787 ملیۆن و 624 هەزار) دیناری بە رێژەی (4%) داهاتی نانەوتی بووە. 3. داهاتی گشتی سعودییە (ترلیۆنێک و 234 ملیار) ریاڵ بووە، (842 ملیار) ریاڵی بە رێژەی (68%)ی داهاتی نەوت و بڕی (392 ملیار) ریاڵی بە رێژەی (32%) داهاتی نانەوتی بووە. 4. داهاتی گشتی قەتەر (297 ملیار و 700 ملیۆن) ریاڵی قەتەری بووە، (253 ملیار و 200 ملیۆن) ریاڵی بە رێژەی (85%)ی داهاتی نەوت و بڕی (44 ملیار و 400 ملیۆن) ریاڵی بە رێژەی (15%) داهاتی نانەوتی بووە. 5. داهاتی گشتی کوەیت (18 ملیار و 700 ملیۆن) دیناری کوەیتی بووە، (16 ملیار و 300 ملیۆن) دیناری بە رێژەی (87%)ی داهاتی نەوت و بڕی (2 ملیار و 400 ملیۆن) دیناری بە رێژەی (13%) داهاتی نانەوتی بووە. 6. داهاتی گشتی لیبیا (134 ملیار و 400 ملیۆن) دیناری لیبی بووە، (105 ملیار و 500 ملیۆن) دیناری بە رێژەی (78%)ی داهاتی نەوت و بڕی (28 ملیار و 900 ملیۆن) دیناری بە رێژەی (22%) داهاتی نانەوتی بووە. 7. داهاتی گشتی بەحرەین (2 ملیار و 405 ملیۆن و 881 هەزار) دیناری بەحرەینی بووە، (1 ملیار و 517 ملیۆن و 536 هەزار) دیناری بە رێژەی (63%)ی داهاتی نەوت و بڕی (888 ملیۆن و 345 هەزار) دیناری بە رێژەی (37%) داهاتی نانەوتی بووە. بۆ بەرچاوڕونی زیاتر بڕوانە خشتەی ژمارە (1)؛ خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ بەهای دراوی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی (OPEC) لە ساڵی 2022 بەرامبەر بە دۆلار 1. تێکڕای بەهای (1) دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار لە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (0.00069) دۆلار. 2. تێکڕای بەهای (1) ریاڵی سعودی بەرامبەر بە دۆلار لە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (0.27) دۆلار. 3. تێکڕای بەهای (1) ریاڵی قەتەری بەرامبەر بە دۆلار لە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (0.27) دۆلار. 4. تێکڕای بەهای (1) دیناری کوەیتی بەرامبەر بە دۆلار لە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (3.26) دۆلار. 5. تێکڕای بەهای (1) دیناری لیبی بەرامبەر بە دۆلار لە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (0.21) دۆلار. 6. تێکڕای بەهای (1) دیناری بەحرەینی بەرامبەر بە دۆلار لە ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (2.65) دۆلار. سێیەم؛ داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی (OPEC) لە ساڵی 2022 بە دۆلار پاڵپشت بە زانیارییەکانی بەردەست دەربارەی داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) بەشێک لە وڵاتانی (OPEC) لە ساڵی (2022)دا بەم شێوەیەیە؛ 1. داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان (16 ملیار و 42 ملیۆن و 237 هەزار و 848) دۆلار بووە، (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلاری بە رێژەی (77%)ی داهاتی نەوت و بڕی (3 ملیار و 710 ملیۆن و 820 هەزار) دۆلاری بە رێژەی (23%) داهاتی نانەوتی بووە. بڕوانەی چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) 2. داهاتی گشتی عێراق (120 ملیار و 750 ملیۆن و 808 هەزار و 421) دۆلار بووە، (115 ملیار و 466 ملیۆن و 245 هەزار) دۆلاری بە رێژەی (96%)ی داهاتی نەوت و بڕی (5 ملیار و 284 ملیۆن و 563 هەزار و 461) دۆلاری بە رێژەی (4%) داهاتی نانەوتی بووە. بڕوانەی چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (2) 3. داهاتی گشتی سعودییە (333 ملیار و 180 ملیۆن) دۆلار بووە، (227 ملیار و 340 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (68%)ی داهاتی نەوت و بڕی (105 ملیار و 840 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (32%) داهاتی نانەوتی بووە. بڕوانەی چارتی ژمارە (3) چارتی ژمارە (3) 4. داهاتی گشتی قەتەر (80 ملیار و 352 ملیۆن) دۆلار بووە، (68 ملیار و 364 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (85%)ی داهاتی نەوت و بڕی (11 ملیار و 988 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (15%) داهاتی نانەوتی بووە. بڕوانەی چارتی ژمارە (4) چارتی ژمارە (4) 5. داهاتی گشتی کوەیت (60 ملیار و 962 ملیۆن) دۆلار بووە، (53 ملیار و 138 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (87%)ی داهاتی نەوت و بڕی (7 ملیار و 824 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (13%) داهاتی نانەوتی بووە. بڕوانەی چارتی ژمارە (5) چارتی ژمارە (5) 6. داهاتی گشتی لیبیا (28 ملیار و 224 ملیۆن) دۆلار بووە، (22 ملیار و 155 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (78%)ی داهاتی نەوت و بڕی (6 ملیار و 69 ملیۆن) دۆلاری بە رێژەی (22%) داهاتی نانەوتی بووە. بڕوانەی چارتی ژمارە (6) چارتی ژمارە (6) 7. داهاتی گشتی بەحرەین لە (6 ملیار و 375 ملیۆن و 584 هەزار و 650) دۆلار بووە، (4 ملیار و 21 ملیۆن و 470 هەزار و 400) دۆلاری بە رێژەی (63%)ی داهاتی نەوت و بڕی (2 ملیار و 354 ملیۆن و 114 هەزار و 250) دۆلاری بە رێژەی (37%) داهاتی نانەوتی بووە. بڕوانەی چارتی ژمارە (7) چارتی ژمارە (7) سەرچاوەکان 1. ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022). 2. داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (2022)دا، (راپۆرتی درەو میدیا) لە 3/1/2022. 3. ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بارەی بڕو داهاتی نەوتی هەناردەکراو لە ساڵی (2022). 4. ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق تایبەت بە داهات و خەرجی عێراق لە ساڵی (2022). 5. إكرامي عبدالله من الرياض، جریدة العرب الاقتصادیة الدولیة،392 مليار ريال الإيرادات غير النفطية في 2022 .. قفزت 209 % في 8 أعوام. 6. وکالة الانبا‌ء القطریة، وزارة المالية: موازنة قطر للعام 2022 تحقق فائضا فعليا قدره 89 مليار ريال، 23 فبراير 2023. 7. وزارة المالیة – دولة الکویت؛ وزارة المالية تصدر الحساب الختامي للدولة للسنة المالية 22/21. 8. بوابة الوسط، أعلن مصرف ليبيا المركزي، تسجيل إيرادات عامة بقيمة 134.4 مليار دينار خلال العام الماضي، بينما بلغ الإنفاق العام 127.9 مليار دينار. 9. مملکة البحرین، وزارة المالیة والاقتصاد الوطني، جدول رقم ن ن 2022 و 2021 الماليتي الإيرادات.
درەو: پێگەی (الجزیرة نت) قەتەری لەڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاریدا, ئاماری مەترسیدار لەبارەی هەڵكشانی بازرگانی مادەی هۆشبەرو زۆربونی ژمارەی بەكارهێنەرانی لەهەرێمی كوردستان و عێراق ئاشكرادەكات: 🔹كۆمەڵگی كوردی لەعێراق پێش نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو ئاشنای مادەی هۆشبەر نەببوو, بەڵام دوای ڕاپەڕینی (1991)و نەمانی چاودێری ئەمنیی لەسنورەكان, دۆخەكە گۆڕدرا. 🔹 بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لەعێراق و بەتایبەت لەهەرێمی كوردستان, بووتە گەورەترین هەڕەشەیە كە ڕوبەڕوی وڵاتەكە بووەتەوە, بەكارهێنەرانی تەنها لەچەند هەزار كەسێك و لەچەند ناوچەیەكی دیاریكراودا نەماوەتەوە, بەڵكو بەتەواوی ناوچەكانی وڵات‌دا بڵاوبووتەوەو بووەتە سەنتەرێكی سەرەكی بۆ ڕەواجدان و بەكارهێنان, لەكاتێكدا دەیەكانی ڕابردوو كوردستان تەنها وەك ڕێڕەوێكی تێپەڕینی مادەی هۆشبەر ڕیزبەند دەكرا. 🔹بەگوێرەی ئامارەكان, كە سەرچاوەكەی بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمە, زیاتر لە (75)هەزار كەس مادە هۆشبەر بەكاردەهێنن, زۆرینەیان لەنێوان تەمەنەكانی (18)بۆ(64)ساڵیدان, كە نزیكەی (23%)یان ئافرەتن. 🔹دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكردووە: زیاتر لە(1100) بازرگان و بەكارهێنەر لەحەوت مانگی یەكەمی ساڵی (2022) سزادراون,(985)كەسیان لەگرتوخانەی چاكسازی هێڵدراونەتەوە, كە (231)كەسیان بازرگان بوون و (704)كەسیشیان بەكارهێنەرن. 🔹بەوتەی زێباری, پێگەی جوگرافی هەرێم وایكردووە ببێتە ڕێڕەوی مادە هۆشبەرەكان, لەڕێی سنوری وڵاتانی دراوسێیەوە, ئەوەش وایكردووە ژمارەی ئالودەبوان زیادبكات, بەجۆرێك لەنێوان ساڵانی (2019-2022), (3000) هەزار كەس لەپرسی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر دەستگیركراون. 🔹پێدەچێت دیمەنەكە لەپارێزگاكانی ژێر دەسەلاتی حكومەتی عێراق هاوشێوەو ڕەنگە ئاڵۆزتریش بێت, بەوتەی وەزیری پێشوی ناوخۆی عێراق (50%) گەنجانی عێراق مادەی هۆشبەر بەكاردەهێننن. 🔹بەوتەی بەرپرسێك لەوەزارەتی دادی عێراق, ژمارەی ڕاگیراوان و سزادراوان تاكۆتایی (2022) گەیشتووەتە نزیكەی (60)هەزاركەس, جگە لەهەرێمی كوردستان, كە (1500)یان ئافرەتن, بەسەر (30)گرتوخانەدا دابەشبوون, نزیكەی(40%)یان بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر سزادراون و ڕاگیراوان. 🔹ئامارەكان ئاماژە بەوەدەكەن, حاڵەتەكانی ئاڵودەبوون وردە وردە ڕووی لەبەرزبوونەوەكردووە, لەساڵی (2006)دا, لەسەرانسەری هەرێم كوردستان(30)كەس بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر دەستگیركراون, لەساڵی (2011)دا ژمارەكە بۆ (88)كەس بەرزبووەتەوە, پاشان حاڵەتەكە چەند هێندەبووەو بازی گەورەیداوە لەساڵی (2016) ژمارەی دەستگیركراوان گەیشتووەتە (508)كەس, لەساڵی (2021)دا ژمارەكە بووە بە (1943)كەس, لە(6)مانگی یەكەمی ساڵی (2022)دا(1251)كەس دەستگیركراون. 🔹ئەفسەرێكی باڵا لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاشكرایكردووە, لەساڵی (2022)دا (408)كەس لەپارێزگاكە بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر دەستگیركراون, (80)كەسیان بازرگان بوون, (328)كەسیشیان بەكارهێنەر بوون,كە(51)كەسیان بیانی بوون. 🔹ئەفسەرێكی تر كە تایبەتمەندە لەبواری مادە هۆشبەرەكان, ژمارەی دەستگیركراوانی بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادەی هۆشبەر لەهەردوو پارێزگای هە‌ولێرو دهۆك لەساڵی (2022)دا, بە (2500)كەس خەمڵاندووە. 🔹ئامارە فەرمییەكان دەستبەسەراگرتنی دەیان تۆن و ملیۆنەها پارچەی مادەی هۆشبەریان ئاشكراكردووە لەماوەی ئەم دووساڵەی دوایدا, زیاتر لە (43) هەزار كەسیش بەتۆمەتی پەیوەست بەمادەی هۆشبەر لەنێوان ساڵانی (2019بۆ2022) دەستگیركراون. 🔹ئەنجومەنی باڵای دادوەری, لەمانگی كانونی یەكەمی (2022)دا, لەناوبردنی نزیكەی (6)تۆن مادەی هۆشبەری هەڵگیراوی لەفەرمانگەی پزیشكی داد ڕاگەیاند. 🔹بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت, دەزگا ئەمنییەكان لەساڵی (2019)دا (6074)كەسیان بەتۆمەتی بازرگانی و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیركردووە, ژمارەكەش لەساڵی (2020) بۆ (7514) بەرزبووەتەوە, لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی زیاتر (300) تۆن مادەی هۆشبەرو زیاتر لە (14) ملیۆن دەنك كیبتاگۆن. 🔹ژمارەكە لەساڵی (2021)دا بەرزبووتەوە, ئەوانەی دەستگیركراون ژمارەیان (12)هەزارو (822)كەس بووە, كە (60%)بازرگان بوون, لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی (481)كیلۆگرام لە مادەی هۆشبەرو نزیكەی (2)ملیۆن دەنك كیبتاگۆن. 🔹بەرپرسەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەزیادبونێكی گەورەكردووە لەساڵی (2022)دا, كە ژمارەی دەستگیركراوان بەتۆمەتی بازرگانی و ڕەواجدان بەمادەی هۆشبەر گەیشتووەتە (16)هەزارو(851) كەس, تەمەنی زۆرینەیان لەنێوان (18بۆ30)ساڵیدا بووە, لەنێویاندا (500)كەسیان لەخوار تەمەنی (18) ساڵەوەن بوون, (250)شیان كچ و ئافرەت بوون, لەگەڵ دەستبەراگرتنی (490) كیلۆگرام لەمادەی كریستاڵ و (15) ملیۆن دەنك كیبتاگۆن. 🔹سەرچاوە ئەمنییەكان دەڵێن, هیرۆین و حەشیش و حەبی هۆشبەرو كریستاڵ, زۆرترین ئەو جۆرە باوانەی مادەی هۆشبەرن كە ئەمرۆ لەهەرێمی كوردستانی عێراق بڵاون. 🔹یاسای قەلاچۆكردنی مادەی هۆشبەر لایەنی تێوەگلاوی لەمادەی هۆشبەر (بەكارهێنەرو بازرگان) پۆلێن كردووە, بەكارهێنەران بەپێی مادەی (32) دادگایی دەكرێن, كە سزاكەیان لەنێوان (1)ساڵ بۆ (3)زیندانیكردندایە لەگەڵ پێدانی سزای (5)ملۆن دینار(دۆلار 3400), ئەگەر سزادراو پارەكە نەدات سزاكەی (6)مانگ بۆ درێژ دەكرێتەوە. 🔹سزای بازرگانیكردنیش بەپێی مادەی (28)كە سزادراو لەنێوان (5) ساڵ بۆ زیندانی هەتاهەتایی سزادەدرێت, لەگەڵ پێدانی سزای دارایی كە (10)ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات(6800دۆلار), تا دەگاتە (30)ملیۆن دینار(20هەزارو 400 دۆلار).
