Draw Media

پێكهاتەكان؛ خاڵی ناكۆكی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

پێكهاتەكان؛ خاڵی ناكۆكی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

2023-02-05 19:56:09


 شیكاری: درەو
كورسی پێكهاتەكان بووە بە گرێكوێرەی بەردەم لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەشێك لەگەڵ دابەشكردنی كورسی كۆتاكانن بەسەر پارێزگاكاندا، بەشێكی تر پێیانوایە پێكهاتەكان گوزارشت لە رای خۆیان ناكەن‌و لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە مۆنۆپۆڵكراون. كۆی دەنگی بەدەستهاتووی قەوارەی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە (11 هەزارو 971) دەنگ بووە، لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەماندا كۆی دەنگەكانیان بۆ (23 هەزارو 165) دەنگ زیادی كردووە، وردەكاری دۆخی پێكهاتەكان‌و پێگەی سیاسییان لەم راپۆرتەدا.  

دەستپێك
پشكی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان‌و هەندێكیش بە "گرێكوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن.
بەشێك لەلایەنەكان پێیانوایە كورسی پێكهاتەكان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان مۆنۆپۆڵكراوەو لە پەرلەماندا نوێنەری پێكهاتەكان لەبەرژەوەندی ئەوان بڕیاردەدەن، بۆیە بەشێك لە لایەنەكان لەگەڵ ئەوەن كورسی كۆتاكان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكاندا، بەجۆرێك كورسیەكی توركمان بۆ كفری‌و كورسیەكی مەسیحی بۆ سلێمانی دابنرێت. 
لە عێراقی ئێستادا رێژەی (2.3%)ی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەشێك لە پێكهاتەكان تەرخانكراوە، بەڵام بەشێكی تریان هیچ دەرفەتێكی سیاسییان پێ نەدراوە، لە هەرێمی كوردستانیش (10%) كورسییەكانی پەرلەمانیان بۆ تەرخانكراوە، ئەم رێژانە بەتەواوەتی گوزارشت لە مافی كەمینەكان ناكات، بەوپێیەی ماوە لەدوای ماوە دەنگ لەناو كەمینەكانەوە بەرزدەبێتەوە‌و باس لەوە دەكەن ئەوانەی لە پەرلەمان دانراون نوێنەرایەتی پێكهاتەكان ناكەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی (ئیزیدی‌و كاكەی)یەكان كە ژمارەیەكی زۆریان دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، هیچ نوێنەرایەتییەكیان لە پەرلەمانی كوردستاندا نیە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو ماددەی (سی و شەشەم)؛
یەكەم: پێنج كورسی بۆ كلدان سریان ئاشوری تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی لەسەر دەكەن.
دووەم: پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی لەسەر دەكەن.
سێیەم: یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی لەسەر دەكەن.
لە ئێستادا خاڵی جەوهەری ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت یەكێتیی‌و ئۆپۆزسیۆن‌و سەربەخۆكان بەرامبەر پارتی بریتییە لە دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان‌و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە پێكهاتەكان.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشك دەخەینە سەر ژمارەو رێژەی گەشەی دەنگی قەوارەی پێكهاتەكان لە خولی (یەكەم‌و پێنجەم)ی پەرلەمان، نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان، نەخشەی دابەشبوونی (كەمینە) پێكهاتەكانی عێراق‌و نوێنەرایەتیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە كۆتایشدا باس لە چۆنیەتی پاراستنی مافی پێكهاتەكان لەچوارچێوەی هەڵبژدندا دەكەین.  

یەكەم: ژمارەو رێژەی گەشەی دەنگی قەوارەی پێكهاتەكان لە خولی (یەكەم‌و پێنجەم)ی پەرلەماندا 
لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، (ملیۆنێك‌و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، بەڵام لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (خولی پێنجەم) كە لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو (3 ملیۆن‌و 88 هەزار و 642) كەس مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا هەبووە.
بەپێی ئەو ئامارانە، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە لە هەرێمی كوردستان لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە تا دواین خولی هەڵبژاردن بە ڕێژەی (178%) ژمارەیان زیادی كردووە.
بەڵام كۆی دەنگی بەدەستهاتووی قەوارەی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە (11 هەزار و 971) دەنگەوە زیادی كردووە بۆ (23 هەزارو 165) دەنگ لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەم زیادكردنەش بەڕێژەی (94%) بووە، كە نزیكەی نیوەی ئەو گەشەكردنە گشتیەیە كە لە هەرێمی كوردستان ڕویداوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و (2)) كە تایبەتە بە دەنگی بەدەستهاتووی پێكهاتەكان لە هەردوو هەڵبژاردنی یەكەم‌و كۆتا خولی پەرلەمانی كوردستان.

 

دووەم: نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان
پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان بریتین لە پێكهاتەی نەتەوەیی‌و پێكهاتەی ئایینی‌و پێكهاتەی فەرهەنگی، پێكهاتەی نەتەوەییەكان بریتین لە (كورد، توركمان، كلدانی ئاشوری سریانی‌و ئەرمەن) كە ئێستا سەرجەمیان پەرلەمانتاریان هەیە لە پەرلەمانی هەرێی كوردستان، پێكهاتە ئایینییەكان بریتین لەم ئاینانە (ئیسلام، مەسیحی، ئیزیدی، كاكەیی، زەردەشتی، بەهائی، جوو، سابیئەی مەندایی) بەڵام پێكهاتە ئاینییەكان كورسی كۆتایان نیە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە دیاریكراوی (ئێزیدی‌و كاكەیی)ە، چونكە كریستانەكانی هەرێمی كوردستان بە ناونیشانی نەتەوەوە كورسی كۆتایان بەدەسهێناوە، بەڵام كوردی شیعە لە كوردستان پێیان دەڵێن (فەیلی) لەناو هەرێم وەك شیعە تەماشا دەكرێن لەهەمان كات لەناو شیعە وەك كورد تەماشا دەكرێن، لە هەردوولا بێ بەشكراون لە مافە سەرەتاییەكانیان.
لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كورستان (پەرلەمانی كوردستان) لە 19/5/1992 ئەنجومەن پێكهاتبوو لە 105 كورسی، 100 كورسی گشتی‌و 5 كورسی پێكهاتەی مەسیحی.
بەڵام كاتێك ململانێ لەسەر ئەو (5) كورسییە دەستیپێكرد، لە هەڵبژاردن (4) لیستی پێكهاتەكە ململانێیان دەكرد، بەڵام تەنها (1) لیست كە هی (بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری) بوو لیستی مەسیحیەكان بوو و لەلایەن خۆیانەوە پێكهێنرابوو، (3) لیستەكەی تر لەلایەن پارتی‌و یەكێتیی‌و حزبی شیوعی دروستكرابوون، لە ئەنجامدا بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری (4) كورسی بەدەستهێناو، لیستەكەی پارتی (1) كورسی هێناو ئەوانی تریش هیچ كورسی.
تاكە پەرلەمانتارەكەی پارتی بەناوی پێكهاتە دواتر كرایە بریكاری وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم‌و، ئینجا وەزیری دارایی لەسەر پشكی پارتی‌و، پاشان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانەوە ژمارەی كورسی پێكهاتەكان كرا بە (11) كورسی (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))، بەجۆرێك لە هەڵبژاردنی (30/1/2005)وە تائێستا بە بەردەوامی زۆرینەی ئەو كورسیانە، (9) كورسی یان زیاتر لەبەردەستی پارتییەو لە هەموو پڕۆسەیەكی دەنگدانی گرنگی ناو پەرلەمان ئەو دەنگانە بۆ پارتی مسۆگەرن‌و، لەوكاتەوە تائێستا ئەو مەسەلەیە بۆ پارتی یەكلابوەتەوە.

سێیەم: نەخشەی دابەشبوونی (كەمینە) پێكهاتەكانی عێراق
توركمان

نەتەوەی توركمان لە عێراقدا لەدوای پێكهاتەی عەرەب‌و كوردەوە گەورەترین پێكهاتەیە، هەرچەندە ئامارێكی وردی فەرمی بەردەست نییە دەربارەی ژمارەی توركمانەكانی عێراق، بەڵام بەپێی ئاماری ساڵی 1957 كە تائێستا پشتی پێدەبەسترێت، رێژەی توركمان (2,3%)ی دانیشتوانی عێراقی پێكهێناوە.
سەرەتای نیشتەجێبوونی توركمانەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەكەمی كۆچی، بەدرێژایی مێژووش لە ناوچەكەدا رۆڵی جیاوازیان گێڕاوە، بەشی زۆریشیان نیشتەجێی ئەو ناوچانەن كە بوون بە هێڵی جیاكەرەوەی نەتەوەی عەرەب كورد، كە بریتین لە شارەكانی كەركوك، دیالە، نەینەواو باكوری بەغداد، هەروەها ناوچەكانی جەلەولا، سەعدییە، كفری، سلێمان بەگ، دوز، یەنگیجە، داقوق، تەلەعفەر.

مەسیحییەكان
مەسیحییەكان پێكهاتەكی گرنگ‌و كۆنی ئەم ناوچەیەن كە ئێستا بە عێراق ناسراوە، سەرەتای نیشتەجێبوونیان لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحییە لە سەدەی یەكەمی زاینی، بەڵام بەردەوام لە عێراقدا ژمارەیان رووی لە كەمبوونەوە كردووە، بەتایبەت لەدوای پرسەی ئازادی عێراقەوە 83% ژمارەیان كەمبووەتەوە، بەجۆرێك ل (1 ملیۆن‌و 500 هەزار) مەسیحی كەمبوونەتەوە بۆ نزیكەی (250-500) هەزار كەس.
بەشی زۆری هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی كۆچی مەسحییەكان‌و سەرهەڵدانی توندوتیژییەكانی دوای 2003و سەرهەڵدانی توندوتیژی ئاینیی، بەجۆرێك كاتێك ساڵی 2014 داعش كۆنترۆڵی پارێزگای موسڵی كرد، دەیان هەزار مەسیحی لە شوێنی باو و باپیرانی خۆیان هەڵكەندران‌و هەڵهاتن، ئەمانەش هاوكاتە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای وڵاتانی رۆژئاوا بەڕووی مەسیحییەكاندا، كە پاڵیان پێوە دەنێت كۆچ بكەن بۆ دەرەوەی عێراق. چونكە مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوا لە بەردەم سێ بژاردەدا بوون كاتێك داعش كۆنترۆڵی ئەو پارێزگایەی كرد، ئەوانیش؛ موسوڵمانبوون یان پێدانی جزیە، بۆیە بەناچاری بژاردەی سێیەمیان هەڵدەبژاد كە كۆچكردن بوو.
مەسیحییەكانی عێراق دابەشبوون بەسەر چەند مەزهەبێكی ئاینیدا، بەجۆرێك؛ كلدانییەكان سەر بە مەزهەبی (كاسۆلیك)، ئاشورییەكان (نەستورییەكان)، سریانییەكان بەشێكیان (ئەرسەدۆكس)ی‌و بەشێكیان (كاسۆلیك)ن، بەهەمان شێوە ئەرمەنییەكان بەشێكیان (ئەرسەدۆكس)ی‌و بەشێكیان (كاسۆلیك)ن، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گروپی دیكەی بچوكی مەسیحی دیكەش بەناوی پرۆتستانتی‌و ئینجیلی ...هتد بوونیان هەیە لە عێراقدا.
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (5)  كورسی بۆ كۆتای مەسیحی لە پارێزگاكانی (بەغداد، نەینەوا، كەركوك، هەولێرو دهۆك) تەرخانكراوە. لە پەرلەمانی كوردستانیش (5) كورسی بۆ كۆتای مەسیحییەكان تەرخانكراوە.


ئێزدییەكان
سەرەتای نیشتەجێبوونی ئێزدییەكانی عێراق بۆ مێژوویەكی زۆر كۆن دەگەڕێتەوە، وەكو خۆیان دەڵێن، مێژووی نیشتەجێبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ دوڵی دوو روبار زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستاو خۆیان بە كۆنترین ئاینی دنیا دەزانن‌و پێیانوایە ڕەگ‌و ڕیشەی بیروباوەڕیان دەگەڕێتەوە بۆ ئاینی زەردەشتی.
ئێزدییەكان بەشێكی ترن لە كەمە ئاینییەكانی عێراق، كە خاوەنی ئاینی تایبەت بە خۆیانن‌و زۆربەیان لە باشوری كوردستانن لە قەزای شەنگال‌و قەزای شێخان‌و بەعشیقەو زوممارو ئەلقوش، بەشێكیشیان نیشتەجێی پارێزگای دهۆكن لە لە ناوچەكانی سیمێل‌و كۆمەڵگای خانكێ‌و ناوچەی دێر.
ئەگەرچی خاوەنی یەك ئاینن، بەڵام تێكەڵن لە نەتەوەكانی كوردو عەرەب‌و فارس‌و تورك، هەربۆیە بە زیاتر لە زمانێك گفتوگۆ دەكەن، بەپێی ئامارەكان ژمارەیان لە عێراقدا لەنێوان (500) هەزار بۆ (700) هەزار كەس مەزەندە دەكرێت، بەڵام لەدوای شەڕی داعش بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئیزدییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نزیكەی (360) كەسیان لێ ئاوارەبووە، نزیكەی (100) هەزار كەسیان عێراقیان بەجێهێشتووە .

كوردی فەیلی
بەپێی یاسای هەڵبژاردن، كوردی فەیلی (1) كورسی كۆتای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ تەرخانكراوە، لەچوارچێوەی پارێزگای واست. بەپێی سەرژمێرییە نافەرمییەكان، كوردە فەیلییەكان لە عێراقدا ژمارەیان زیاتر (800) هەزار كەسە، زۆرینەیان لە پارێزگاكانی دیالە، بەغدادو واست نیشتەجێن.
پێكهاتەی كوردی فەیلی لەژێر فشارو زوڵمی زۆری رژێمی بەعسدا بوون‌و هەوڵی سڕینەوەیان دراوە، بۆیە بەبڕیاری داداگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە ساڵی 2010 كوردی فەیلی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر ئەنجامدراوەو هەوڵی لەناوبردنی بەكۆمەڵیان دراوە.
بۆیە بەشێكیان پێیان وایە جێهێشتنی (1) كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ئاستی ئەو قوربانیدانە گەورەیەدا نییە كە ئەم پێكهاتەیە لە رابردوودا بەسەریدا هێنراوە، ئەو كورسییەش لەژێر هەژمونی پارتە گەورەكاندایەو گوزارشت لە ماف‌و خواست ئێش‌و ئازارەكانی ئەوان ناكات.

سابیئەی مەندائی
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (1) كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە ئەنجومەنەكە بۆ ئەم پێكهاتەیە تەرخانكراوە.
ڕیشەی سابئییەكان دەگەڕێتەوە بۆ تیرەی ئارامی لە 100 ساڵی پێش زایندا كۆچیان كردووە بۆ عێراق، لە كەناری روباری دیجلەو فورات لە خواروو ناوەڕاستی عێراق نیشتەجێبوون، بەپێی سەرژمێری ساڵی 1919 بە (8500) كەس مەزەندە كراون، لەئێستاشدا (200) هەزار كەس دەبن‌و دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی بەغداد، كەركوك، كوت، دیالە، دیوانیە، ناسریە، عەمارەو بەسرە. 
زمان كەلتورو ئایینی خۆیان هەیە، توانیویانە زمانی خۆیان بپارێزن‌و سەرەڕای زمانەكەی خۆیان كە بە زمانی "ئارامی" ناسراوە بە زمانی عەرەبیش گفتوگۆ دەكەن، ئەم تیرە ئایینییە زوڵمێكی زۆریان لێكراوە، زۆریان لێ كوژراوەو چەوساندویانەتەوەو زمانەكەیان قەدەغەكراوە، رژێمی بەعس پەرش‌و بڵاوی كردوون بەمەبەستی فەوتاندن و لەناوچوونیان.
بەشێكی زۆریان لەبەر زوڵم‌و زۆرلێكردن‌و چەوساندنەوەو قەدەغەكردنی زمان‌و كەلتوورو ئایینەكەیان پەنایان بردوەتە دەرەوەی وڵات.

شەبەك 
بەشێوەیەكی گشتی پێكهاتەی شەبەك لە ناوچە كوردییەكانی عێراق نیشتەجێن، بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان ریشەیان دەگەڕێتەوە بۆ هۆزی (شەبەك)ی كوردی، بەڵام حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پێش 2003 بە عەرەبی ئیزیدی ناوزەدیان كردووە، بەپێ سەرژمێری ساڵی 1977 ژمارەیان بە (80) هەزار كەس خەمڵێندراوە.
زۆربەی شەبەك لەو هۆزە كوردانە پكهاتوون كە بە پەرتەوازەیی لە دەڤەری بەردەڕەشی نزیك‌ ئاكرێ‌و حەمدانیەو تلكێف بەعشیقەو هە‌ولێرو كەركوك‌و گەرمیاندا بڵاوبوونەتەوە.
زمانی ئاخاوتنی ئەم هۆزانە بەگشتی شێوەزارێكی گۆرانەو كاریگەری كرمانجی‌و‌و عەرەبی‌و توركی پێوە دیارە. بە حوكمی هاوسێیەتیان لەگەڵ كوردی بادینان‌و هۆزە عەرەب‌و توركمانەكانی موسڵ .
ئێستا زیاتر لە (60) هەزار شەبەك لە شاری موسڵ‌و (35) گوندی دەوروبەریدا دەژین. لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان بە (300-350) هەزار كەس دەخەمڵێندرێت، لە سەردەمی بەعسییەكاندا شەبەكەكانیش وەكو هەموو كوردەكانی دیكە ئەشكەنجە دران. رژێمی بەعس بە شوێنی ئەوە بوو ناسنامەی كوردەواری شەبەكەكان بسڕێتەوەو ئەوان وەكو عەرەب بناسێنێ. 
جگە لەو پێكهاتانەی سەرەوە چەندین كەمە ئاینی‌و مەزهەبی‌و نەتەوەیی لە عێراقدا دەژین كە كەمتر ئامادەیی سیاسییان پێدراوە وەكو كاكەییەكان كە بەپێی هەندێ ئاماری نافەرمی  ژمارەیان بە (100) هەزار كەس دەخەمڵێندرێت‌و دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی كەركوك‌و هەولێرو هەڵەبجە‌و هەندێك ناوچەی دیالەو خانەقین. لەدوای ئەوانیشەوە یەهودی‌و بەهائییەكان‌و سەردەمانێك جویەكی زۆریش لە عێراقدا نیشتەجێبوون بەڵام كۆچیان كردووەو عێراقیان جێهێشتووە.

چوارەم: نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 
كەمە نەتەوەو ئاینییەكانی عێراق لە سەرجەم خولەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لەژێر كاریگەری هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراقدان، زۆرجار نەیانتوانیوە ئەندامەكانیان نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكانی خۆیان بكەن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیان هێندە كەمە لەنێو ململانێ‌و هاوكێشە سیاسییەكاندتا لە توانایاندا نییە وەك پێویست پارێزگاری لە خواستی رەوای خۆیان بكەن، ئەوەی ئەوانی پاراستووە فشاری رێكخراوە نێودەوڵەتی‌و وڵاتانی دەرەكییە زیاتر لەوەی نوێنەرەكانیان بێت لە ئەنجومەنی نوێنەران. 
لەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران‌و بەپێی یاسا بەشێك لەو پێكهاتانە (2,3%)ی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بۆ تەرخانكراوە، بەپێی سیستمی كۆتای پێكهاتەكان لەكۆی (329) كورسی (9) كورسییان بۆ تەرخان كراوەو و بەشێك لە پێكهاتەكانیش هیچ دەرفەتێكیان پێ نەدراوە. لەدواین هەڵبژاردنیشدا كە لە 12ی 5ی 2018دا ئەنجام درا، زیاتر لە 20 هاوپەیمانی‌و لیستی سەربەخۆ كێبڕكێیان لەسەر ئەو (9) كورسییە كرد، بۆ شێوازی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))
پێدانی ئەم دەرفەتە بە پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران هاوتا نییە بەوەی كە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەیە، چونكە تەنها تەرخانكردنی (9) كورسی لەكۆی (329) كورسی نیازی پاكی سیستمی هەڵبژاردنی عێراق دەرناخات بۆ پێكهاتەكان خۆیان‌و ڕازیكردنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، چونكە ئەم هەنگاوە بەس نییە بۆ پارێزگاریكردن لە مافی كەمینەكانی عێراق. بۆیە زۆرینەی كەمینەكانی عێراق پێیانوایە دووجار ستەمیان لێكراوە، جارێك ئەو ڕێژەیەی بۆیان دیاریكراوە گوزارشت لە قەبارەو مێژووی راستەقینەی ئەوان ناكات، جارێكی تریش یاسای هەڵبژاردن بەس نییە بۆ پارێزگاریكردن لەوان، چونكە دەكەونە ژێر رەحمەتی حیزبە گەورەكانەوە. 


پێنجەم: چۆن مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان پارێزراو دەبێت ؟
یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2015 یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان كە لە كوردستان ـ عێراق دەرچووە، كە دانی بە كۆمەڵێك ماف داناوە بۆ پێكهاتەكان، بەڵام ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە بتوانرێ ئەو مافانە لەسەر زەمینەی ڕاستی جێبەجێ بكرێن، نەك تەنیا بەشێوەیەكی ڕواڵەتی بمێننەوەو ببن بە مەرەكەبی سەر كاغەز.
لەپێناو باشتركردنی دۆخی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان‌و بۆ ئەوەی مافەكانیان باشتر بپارێزرێت، چاودێران پێشنیاری زۆریان خستووەتەڕوو، كە لەبەرچاوگرتنیان بنەماكانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا بەهێزتر دەكەن‌و ڕێگەخۆش دەكەن بۆ ئەوەی پێكهاتەكانیش خۆیان بە خاوەن ماڵ بزانن لە هەرێمی كوردستان‌و هەست نەكەن هاوڵاتی پلە دوون، لەوانە:
1.    ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی‌و، هی پێكهاتەكان بە جیا بكرێت و، بەرمەبنای ئەوە بازنەی هەڵبژاردنیان جیابكرێتەوە.
2.    دروستكردنی لیستی تایبەت بە پێكهاتەكان لەلایەن كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی تەنیا ئەو كەسانەی كە سەر بەو كەمینانەن بتوانن لە هەڵبژاردنی كورسی كۆتاكاندا بەشداری بكەن‌و، هیچ لایەنێكی تر نەتوانێ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی نوێنەری پێكهاتەكاندا بكات لە پەرلەمانی كوردستاندا.
3.    بەپێی مادەی 1/بڕگەی دووەم لە یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان، ئەم پێكهاتانە لە هەرێمی كوردستان بریتین لە كۆمەڵە نەتەوەییەكان (توركمان، كلدانی، سریانی، ئاشوری‌و ئەرمەن)و كۆمەڵە ئایین‌و ئایینزاكانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، كاكەیی، شەبەك، فەیلی، زەردەشتی‌و هی دیكە). بۆیە وا باشە كورسی بۆ ئەو پێكهاتانەی تر دیاری بكرێت كە كورسی كۆتایان نیە.
4.    دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، كە ئەركیان بریتی دەبێت لە ڕاوێژ و پرۆژەی گونجاو بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهاتەكان‌و بەشدارییكردن لە داڕشتنی یاساو ڕێساو سیاسەت‌و ستراتیژو پلانی درێژخایەن بۆ دابینكردنی هەرچی باشتری مافی پێكهاتەكان‌و بەشداری كارای پێكهاتەكان لە سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان لە هەموو جومگەو دامودەزگاكانی حكومەتدا.
5.    لایەنە سیاسییە كوردییەكان خۆیان لە دروستكردنی حیزب‌و پارتی سیاسی ئاڕاستەكراو و كارتۆنی لەناو پێكهاتەكاندا بە دوور بگرن، هەر وەك چۆن كورد نایەوێت دەسەڵاتی عەرەبی لە عێراق ئەم ڕەفتارە بەرامبەر ئەنجام بدات.
6.    بەشداریی پێكهاتەكان لەناو سیستەمی سیاسی‌و حوكمڕانی كوردستاندا بەشدارییەكی كاراو ڕاستەقینە بێت، نەك تەنیا بۆ ئارایشتكردنی سیستەمی سیاسی بێت لە پێش چاوی وڵاتانی تر.
7.    بۆ پێكهاتەكانیش وا باشە خۆیان تێكەڵ بە هەندێ ململانێی سیاسی نەكەن كە زیان بە پێگەو بەرژەوەندییەكانیان دەگەیەنێت. كارابوون بەو واتایە نیە پێویستە خۆت تێكەڵ بەهەموو ململانێ‌و هاوكێشەیەك بكەیت، بەڵكو هەندێجار بێلایەن مانەوە بەرژەوەندییەكان دابین دەكات.

سەرچاوەكان


1.    فارس الخطاب، الأقليات الدينية والعرقية في المعادلة السياسية العراقية، مرکز الجزیرة للدراسات، علی الموقع؛
https://studies.aljazeera.net/ar/article/4691?fbclid=IwAR0fO9Uf_vgWDawzuCDG--hIgz6jV_GZzwjybg0QCHy-2rv92TCtapoPt7I
2.    عمار عزيز، مقاعد كوتا المكونات بين مخاوف التشتت وطمع الأحزاب الكبيرة، علی الموقع؛
https://kirkuknow.com/ar/news/62142
3.    کەمال حەمزە، نوێنەرایەتی پێکهاتەکان، پێگەی؛
http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=6195&Jmare=15536
4.    ئازاد وەڵەد بەگی، کەمینەکانی کوردستان وەک خۆیان، پێگەی؛
http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=1085&Jmare=15549
5.    درەو میدیا، ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی2018/9/30
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1524

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand