Draw Media

سودانی دەستكاری نرخی فەرمی دۆلار دەكات ؟

سودانی دەستكاری نرخی فەرمی دۆلار دەكات ؟

2023-02-04 11:33:38


راپۆرت: درەو 
بەیاننامەیەكی بانكی ناوەندیی عێراق‌و قسەی سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكانەوە ئاماژە بەوە دەكەن، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیازە دەستكاری نرخی فەرمی دراو بكات‌و هەر 100 دۆلارێك لەبەرامبەر 135 هەزار دیناردا جێگیر بكات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

سودانی‌و قەیرانی دراو
حكومەتی نوێی عێراق كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات (100) رۆژی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواو كرد، لەم ماوە كەمەدا كابینەكە دوو بومەلەرزەی گەورەی بەركەوتووە، یەكەمیان "دزی سەدە" كە دزینی بڕی نزیكەی (4 ترلیۆن) دیناری پارەی گلدراوەی باجەكان بوو، بومەلەرزەی دووەمیش كە تائێستا بەردەوامە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دیناری عێراقی. 
بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەكاتێكدا رویدا، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتدا لە عێراق، پێشبینی ئەوە دەكرا بەهای دۆلار كەمبكرێتەوە‌و بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی كە (100 دۆلار) بەرامبەر بە (119 هەزار) دیناری عێراقی بوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا عێراق قۆناغی مەترسیداری داتەپینی داهاتەكانی بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت تێپەڕاند‌و ئێستا سەرڕێژی داهاتی هەیە، یەدەگی دراوی بیانی بانكی ناوەندی عێراق كە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا دانراوە 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە‌و لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە، عێراق ناتوانێت مامەڵە بەم ژمارە زۆرەوە بكات‌و "ئەمریكا مانگانە تەنیا رێگە بە هاتنی پێنج بار پارە دەدات بۆ ناو عێراقەوە" ئەمە بەپێی قسەی مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق‌و نزیك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی.
لەماوەی سێ مانگی رابردوودا كابینەی سودانی نەیتوانیوە قەیرانی نرخی دراو لە بازاڕەكاندا كۆنترۆڵ بكات. پارەی داهاتی نەوتی عێراق لە بانكی فیدراڵی ئەمریكادا هەڵگیراوە، ئەمە یەدەگی قورسی عێراقە‌و بۆ پاراستنی داهاتەكانی عێراقە لە سزاكان‌و ئەو قەرەبووانەی كە وڵاتان بەهۆی جەنگەكانەوە داوای دەكەن، ئەمریكییەكان چەند مانگ جارێك بە فڕۆكە بڕێك لە پارەی داهاتی نەوت بۆ عێراق دەگەڕێننەوە.
بازاڕی دراو لە عێراق یەكێكە لەو بوارە ئابورییانەی كە زۆرترین لێڵی تێدایە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان‌و سیاسەتمەدارانی عێراقیش لەسەر ئەوە هاوڕان ئەم بازاڕە بووەتە هۆی بەهەدەردانی دراوی قورسی عێراق‌و یەكێك لە دەرگاكانی ئاودیوكردنی پارە دزراوەكان‌و ئەو پارانەی كە بە گەندەڵی كۆدەكرێنەوە. چەند ساڵێكە ئەمریكییەكان نیگەرانن لەوەی دۆلار لە عێراقەوە دەچێت بۆ ئێران، ئێران لەژێر سزای ئەمریكادایە، بەڵام عێراق بەشێكی زۆری غازو پێداویستییەكانی تری خۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات، چەند ساڵێك ئەمریكییەكان بواردنیان بۆ عێراق كرد لە هاوردەكردنی غازی ئێرانیدا. 
ئەمریكییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆلار لە بازاڕی عێراقدا‌و رێگریكردن لە رۆشتنی بۆ ئێران، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، عێراقیان پابەندكرد بە رێوشوێنەكانی سیستمی حەوڵەی جیهانی بانكییەوە كە پێی دەوترێت "سویفت"، بەگوێرەی ئەم سیستەمە نوێیە، ئەو بازرگانانەی كە كاڵا هاوردە دەكەن، دەبێت سەرەتا لەرێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە زانیاری تەواوەتی ناو و ناونیشانی خۆی‌و ئەو كاڵایانەی كە هاوردەی دەكات، تۆمار بكات، ئەمە بەمەبەستی وردبینیكردن‌و زانینی ئەو شوێنەیە كە حەواڵەكەی بۆ دەكرێت.
لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەم سیستمە نوێیە، لەبازاڕەكانی عێراقدا بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی، بەجۆرێك بەهای هەر 100 دۆلارێك لە (146 هەزار) دینارەوە كە تائێستا نرخی فەرمی بانكی ناوەندییە بەرزبووەوە بۆ (178 هەزار) دینار‌و نرخی ئەمڕۆ لە دەوربەری (166 هەزار) دیناردایە.  

سودانی بەهای دۆلار دادەبەزێنێت ؟
حكومەتی محەمەد شیاع سودانی، كابینەی لایەنە بەشداربووەكانی "ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت"ە، سەرۆك وەزیران كاندیدی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، ئەم لایەنە شیعانە كۆتایی ساڵی 2020 كاتێك حكومەتی مستەفا كازمی بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوە ناچار بوو دەستكاری نرخی دۆلار بكات، ئەوان دژی دەستكاریكردنەكە بوون، بەڵام كازمی دواجار بە پشتیوانی هەموو لایەنەكانی نرخی هەر (100) دۆلارێكی لەبەرامبەر (146 هەزار) دیناردا جێگرد.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەی 2021دا زۆرینەی لایەنە شیعەكان بۆ راكێشانی سەرەنجی شەقام‌و دەنگدەران، بانگەشەی گەڕاندنەوەی بەهای دۆلاریان دەكرد بۆ بەر لە دەستكاریكردنەكەی مستەفا كازمی، واتە بەهای هەر (100) دۆلارێك بەرامبەر بە (119 هەزار)  دینار.
دوێنێ شەو بانكی ناوەندی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی نرخی دراو بڵاوكردەوە، لە یەكێك لە خاڵەكانی راگەیەندراوەكەدا باسی لەوەكردووە" بانكی ناوەندی چەند سیناریۆ‌و پێشنیازێكی جیاواز تاوتوێ دەكات سەبارەت بە نرخی فەرمی"، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەگەری دەستكاریكردنی نرخی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە.
سەرچاوەكان لەناو شیعەكانەوە باسلەوە دەكەن، لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار دەستكاری بكرێت، بەجۆرێك بەهای هەر (100) دۆلارێك لەبانكی ناوەندیی بەرامبەر بێت بە (135 هەزار)  دینار، مالیكی وەكو یەكێكە لە كارەكتەرە بەهێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی داوا دەكات كەمكردنەوەكە لەو بڕەش زیاتر بێت‌و لە دەوروبەری (130 هەزار) دیناردا بێت.
ئەگەر سودانی نرخی فەرمی دۆلار بۆ (135 هەزار) دینار كەمبكاتەوە، ئەوە وەكو جێبەجێكردنی بەڵێنێكی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لێكدەدرێتەوە لەبەرامبەر بانگەشەكانی موقتەدا سەدردا لەوبارەیەوە، هەرچەند دابەزاندنەكە ناگاتە ئاستی پێشووی بەهای دۆلار بەر لە دەستكاریكردنی لەلایەن مستەفا كازمییەوە كە بەهاكەی (100) دۆلارە بەرامبەر بە (119 هەزار) دینار.  
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا قسەی كرد، دوێنێ لەبەرەنجامی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە توركیا چاوی كەوت بە (براین نیڵسۆن) یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریكا، ئەم كۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەبارەی میكانیزمەكانی سەقامگیركردنی نرخی دراو لە عێراق. 
هاوكات  لەگەڵ ئەم كۆبونەوەدا، بانكی ناوەندیی عێراق چەند رێوشوێنێكی نوێی ئاسانكاریی بۆ خستنەڕووی دۆلار راگەیاند، لەوانە: 
•    زیادكردنی سەقفی فرۆشتنی كاش بۆ مەبەستی گەشتكردن بۆ بڕی (7 هەزار) دۆلاری مانگانە بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیە.
•    فرۆشتنی دۆلار بۆ مەبەستی حەواڵەی تایبەتی لەڕێگەی بریكاری كۆمپانیاكانی حەواڵەی داراییەوە دەبێت (ویسترن یونین- مونی گرام) بە نرخی فەرمی (1470 دینار) بەرامبەر بە دۆلار. 
•    فراوانكردنی بازنەی مامەڵە رێگەپێدراوەكان بە دراوی بیانی (هێنانی كاڵا- كڕینی خزمەتگوزارییەكان...).
•    فراوانكردن‌و ئاسانكردنی رێوشوێنەكانی حەواڵەی دەرەكی بۆ چەند توێژێك....
•    بەمزوانە ژمارەیەك رێوشوێنی گرنگی تر دەردەچێت بۆ سەقامگیركردنی نرخی دراو. 

دۆلاری ئەمریكا‌و دیناری بریمەر !
لەماوەی حوكمی سەددام حسێندا (1979-2003) ئەو دراوەی لە عێراق بەكاردەهێنرا دینارێك بوو كە وێنەی سەددامی لەسەر دانرا بوو. 
ساڵی 1979 كاتێك سەددام حوكمی گرتە دەست بەهای هەر دینارێكی عێراقی بەرامبەر بە (3 دۆلارو 3 سەنت) بوو، بەڵام شەڕی هەشت ساڵەی عێراق لەگەڵ ئێراندا بەهای دیناری عێراقی توشی داڕمان كرد، ساڵی 1988 كاتێك جەنگ راوەستا، هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (4 دینار)ی عێراقی بوو. 
سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، لەدوای جەنگی داگیركردنی كوەیت‌و كۆتایهاتنی جەنگی دووەمی كەنداو، عێراق كەوتە ژێر ئابلوقەی ئابوری، بەهۆی ئەم ئابلوقەوە ئیتر عێراق توانای ئەوەی نەما دیناری عێراقی لە چاپخانەكانی سویسرا دەربكات، ئەمە وایكرد سەددام پەنا بۆ دەركردنی دینار ببات لە چاپخانەكانی عێراقدا، چاپخانەكانی عێراق بێ كوالیتی بوون، تەكنەلۆژیای پێشكەوتوویان تێدا نەبوو، بۆیە نەیانتوانی دینار بە چاپێكی باش دەربكەن‌و دیاردەی ساختەكردنی دراو زیاتر بوو، لەپاڵ لاوازی چاپی دراوەكەدا، ئابلوقە ئابورییەكەش كاریگەری خۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی بەجێهێشت‌و لەبەرامبەر دۆلاردا توشی داڕمانی كرد، ساڵی 1995 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (3 هەزار) دیناری چاپی عێراقی بوو. 
لەو ماوەیەدا كە عێراق كاركردنی بە دیناری چاپی سویسری راگرت‌و دیناری نوێی لەناوخۆدا چاپكرد، لە كوردستان كە لەدەستی دامودەزگاكانی بەعس رزگاری بوو بوو، لە مامەڵەكردندا هەر پشت بە دینارە سویسرییەكە دەبەسترا. 
دوای روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا، پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق دەستبەكاربوو، ئەوكات هێشتا بریمەر دەستكاری دراوی عێراقی نەكردبوو، واتە لە عێراق بە دوو دراو مامەڵە دەكرا، دینارەكەی سەددام‌و دینارە سویسرییەكە لە كوردستان، رۆژی 29ی حوزەیرانی ساڵی 2003 مام جەلال سكرتێری پێشووی یەكێتی لەبارەی سەردانێكی بریمەر بۆ سلێمانی نامەیەكی بۆ نەوشیروان مستەفای نوسیوە، لە نامەكەدا دەڵێ:" لەسەر مەسەلەی دراو بریمەر گوتی:  وەزعی تایبەتی كوردستان رەچاو دەكەین، بەڵام پسپۆڕە ئابورییەكەی بریمەر گوتی: دۆلار بە دەوروبەری 20 دینار دەبێت، بە هی سویسری". 
لەبەشێكی تری نامەكەیدا مام جەلال باسلەوە دەكات لە كاتی بەرێكردنی بریمەردا جارێكی تر باس لە بابەتی نرخی دۆلار كراوەو نوسیویەتی" بەرهەم  داوای لێكرد، گەر دۆلار نرخیان بە 20 دینار دانا، ئێمە دێین داوا دەكەین بۆمان بكەنە (15) دینار، گوتی باشە".
ساڵی 2004 كۆتایی هێنا بە كاركردن بە دیناری سەددامی لە عێراق‌و دیناری سویسری لە كوردستان هێناو دراوی نوێی عێراقی چاپكرد كە ئێستا كاری پێدەكرێت‌و پێی دەڵێن "دیناری بریمەر".
ساڵی 2005 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكا بەرامبەر بە (1146) دیناری بریمەر بوو، ساڵانی دواتر نرخی هەر دۆلارێك بۆ (1166) دینار بەرزبووەوە، كانونی یەكەمی 2015 جارێكی تر دەستكاری بەهای دراو كراو نرخی هەر دۆلارێك بەرزكرایەوە بۆ (1820) دینار. 
دواینجار كە بانكی ناوەندی عێراق بەهای دۆلاری لەبەرامبەر دیناردا بەرزكردەوە لە كانونی یەكەمی 2020دا بوو، ئەوكات عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆنا‌و دابەزینی بەهای نەوت‌و كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان، داهاتەكانی رووی لە كەمی كرد. 
حكومەتی مستەفا كازمی بە پاڵپشتی كوتلە جیاوازەكانی ناو پەرلەمان نرخی هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرزكردەوە بۆ (1460) دینار، ئەمە بەبەهانەی رێگرتن لە دروستبوونی كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران. 
عێراق وڵاتێكی رەیعیە، رێژەی 95%ی داهاتی بەردەستی حكومەت لە فرۆشی نەوتەوە بەدەستدێت، عێراق داهاتی نەوتی بە دۆلار بۆ دەگەڕێتەوە، پلانی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ ئەوە بوو داهاتی نەوتی عێراق (بە دۆلار) سەرڕێژی خەرجییە ناوخۆییەكان بكات (بە دینار) بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق وڵاتێكی هاوردەكارە‌و ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لاوازە، هەركاتێك بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەرز دەبێتەوە، نرخ لە بازاڕەكاندا بەرزدەبێتەوە‌و زیان بە بژێوەی خەڵك دەگەیەنێت. 
چارەسەركردنی پرسی كورتهێنانی داهاتی نەوت بە دابەزاندنی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاردا هەر لەسەرەتاوە وەكو بۆمبێك تەماشا دەكرا كە دەكرێت لە هەر ساتێكدا بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا بتەقێتەوە، كابینەیەك كە سەرباری ئەوەی هێشتا رەزامەندی تەواوەتی ئەمریكای وەكو دەسەڵاتی باڵای ئابوری جیهانی وەرنەگرتووە، لەناوخۆشدا بۆمبێكی تەوقیتكراو (سەدرییەكان) لەژێری پێیدا دانراوەو دەكرێت لە هەر ساتێكدا پێیدا بتەقێتەوە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand