Draw Media

بەغداد پابەندكرا مانگانە 647ملیار دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت

بەغداد پابەندكرا مانگانە 647ملیار دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت

2019-01-23 20:20:57


 
 درەو میدیا:
پەرلەمانی عێراق مادەی 10 ی لە یاسای بودجەی گشتی عێراق پەسەندكرد كە لە بڕگەی ( ج )ی ئەو مادەیەدا حكومەتی بەغداد ناچاركراوە كە مانگانە ( 647ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات. 
بڕگەی (ج) لە ماددەی ( 10 )ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بەروونی دەڵێ: " ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە  فیدراڵییەكانی و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد نەكرد،  وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەران‌و موچەی پێشمەرگە".
سەرەرای ئەوەی پێشنیازی لیژنەی دارایی پەسەندكرا كە وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق پابەند دەكات بەوەی كە موچەی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە بكات ئەگەر حكومەتی هەرێم پەیوەستیش نەبوو بە ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی  بۆ بەغداد
لەم بڕگەیەدا، بەبێ پەیوەستكردنی حكومەتی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت، حكومەتی ناوەند پابەندكراوە بەوەی موچەی مانگانەی فەرمانبەران‌و هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێم بنێرێت بەمشێوەیە:
•    موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە بەغدادەوە دابین دەكرێت، بەپێی پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق مانگانە دەگاتە (454 ملیار) دینار.
•    موچەی پێشمەرگەش، كە هەر بەپێی ئەو بڕگەیە دەبێت حكومەتی بەغداد بینرێت، مانگانە دەگاتە (68ملیار) دینار.

•   125 ملیار دینار بۆ چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى .
بەپێی ئەم بڕگەیە لە پرۆژە یاسای بودجەدا حكومەتی هەرێم دەتوانێت نەوت رادەستی بەغداد نەكات‌و موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگەی هەرێمشی لێوەربگرێت.
بە نادرنی ئەو پارەیە لە بەغدادەوە لەگەڵ داهاتەكانی نەوت‌و ناوخۆ، حكومەتی داهاتووی هەرێم بەئاسانی دەتوانێت مانگانە زیاتر لە (یەك ترلیۆن) داهات دەستبخات، بەوەش بودجەی پێویستی دەستدەكەوێت، واتە كابینەی نوێی حكومەت دەتوانێت قەیرانی دارایی‌و موچەی فەرمانبەران تێپەرێنێت.

موچەخۆرانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا
لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقدا، بڕی (5 ترلیۆن‌و 448 ملیار) دینار دانراوە بۆ هەر ساڵێكی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە دابەش بكرێت بەسەر 12 مانگەكەی ساڵدا، ئەوا دەبێت بەغداد مانگانە بڕی (454 ملیار) دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم بنیرێت.
ساڵی رابردوو لە بودجەی عێراقدا بڕی (3 ترلیۆن‌و 700 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دانرابوو، بەپێی ئەو بڕە پارەیە، بەغداد مانگانە (317 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆرانی هەرێم دەنارد.
هاوكات مانگانە بڕی 68 ملیار دینار بۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە دەنێرێت كە بۆ نزیكەی ( 45 هەزار) پێشمەرگەیەو موچەی هەر یەكێكیان بە ( یەك ملیۆن و 500 هەزار) دینار دانراوە، 125 ملیار دینار بۆ چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى 
واتا حكومەتی عێراق پابەندە كە مانگانە  بڕی (647ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

داهاتەكانی هەرێم دەبێتە چەند
بە رەوانەكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەنێرێت ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە: 
•    بڕی (647ملیار)دیناری لە بەغدادەوە بۆ دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆران دەبێت‌و بڕی (68 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت 125 ملیار دینار بۆ چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى ، بەڵام بەغداد هەموو خەرجییە داراییەكانی تری هەرێم رادەگرێت.
•    سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت نزیكەی (650 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرز‌و خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (450 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە، لەم بڕە پارەیەش كە دەمێنێتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی (378 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بە وەزارەتی دارایی دەدات.
•    داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت.
•    ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات‌و ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت.
بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 175ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (897 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكات‌و سەرباری ئەوەش (277ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە.
 
ماددەی 10 چی دەڵێ ؟
لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقدا ماددەیەك تەرخانكراوە بۆ كێشە داراییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد‌و چارەسەركردنی دۆسیەی نەوت، ماددەكە دابەشكراوە بەسەر دوو بڕگەدا، بڕگەی دووەمیش لە چوار خاڵ پێكدێت، دیار نییە ئاخۆ دەقی ئەم ماددە یاساییە وەكو خۆی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەكرێت، یاخود هەموار دەكرێت‌و گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
دەقی مادەی 10ی پرۆژە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 
ماددەی 10
یەكەم:
شایستە داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2014وە بۆ 2018 پاكتاو دەكرێت، ئەمەش دوای وردبینیكردن تێیدا لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ، ئەوەش بە ئەژماركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی خەرجییە فیعلییەكان بۆ ساڵانی پێشوو، كە ژمێرەی كۆتایی پەسەندكراوی چاودێری دارایی فیدراڵی نیشانی دەدات.
دووەم: 
(ا)
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەناردەكردنی بڕی لانی كەمی (250000) بەرمیل (دوو سەد‌و پەنجا هەزار بەرمیل) نەوتی خاو لە رۆژێكدا لەو نەوتە خاوەی كە لە كێڵگەكانیدا بەرهەم دەهێنرێت، بۆ فرۆشتنی لەڕێگەی كۆمپانیای (سۆمۆ)، بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بەتەنیا رادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بكرێت.
(ب)
تەرخانكردنی رێژەیەك لە بودجەی هێزە فیدراڵییەكانی سوپای عێراق بۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ئەو هێزانەی كە وەكو بەشێك لە سیستمی ئەمنی عێراق دیاریكراون.
(ج)
ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە فیدراڵییەكانی رادەستی خەزێنەی گشتی فیدراڵی نەكرد یاخود حوكمەكانی هەردوو بڕگەی (ا، ب)ی ئەم مادەیەی جێبەجێ نەكرد، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەران‌و موچەی پێشمەرگە.
(د)
حكومەتی فیدراڵی‌و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پابەندن بەوەی ئەگەر زیادە هەبوو لە بڕی هەناردەكراو كە لە ماددەی (1- یەكەم- ب)ی یاسای بودجەدا ئاماژەی بۆ كراوە، داهاتە بەدەستهاتووەكان رادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand