چارەنوسی كابینەی نۆیەم بەستراوەتەوە بە پارێزگاری كەركوكەوە
2019-01-21 08:31:25
درەو میدیا:
بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە گەشبینیەوە لە هەوڵەكانیان دەڕەوانن بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام یەكێتی وەك پارتی تەنها چاوی لە كردنەوەی گرێكوێرەی حكومەت نیە، بەڵكو تەواوی فایلەكانی دیكەی هەڵواسیوە بە پرسی كابینەكەی ( مەسرور بارزانیە)ەوە كە رەنگە بیەوێت سود لەو كەلێنەی پارتی وەربگرێت كە ئەویش پەلەكردنە لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمداو بەرهەمی زیاتر بچنێتەوەو پارتی ناچار بە تەنازولی زیاتر بكات بەتایبەتیش لەپرسی كەركوك و بەغداد.
كابینەی نوێ حكومەتی هەرێم چارەنوسی بە كەركوكەوەیە
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەر لەسەرەتای كۆبونەوەكانیدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پاكێجێكی داوەتە پارتی كە تەواوی پرس و كێشەكانی هەرێم و كەركوك و بەغدادی كردۆتە یەك پاكێج و دەیەوێت بەیەكەوە چارەنوسیان یەكلا بكرێتەوە.
فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنكاری پارتی دەڵێت" دابەشكردنی پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان یەكلابووەتەوە" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ رێكەوتنی كۆتایی نێوان یەكێتی و پارتی چونكە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پەیوەستە بە پۆستەكانی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمیش، سۆفی لە لێدوانێكدا بۆ روداو زۆتریش دەڕوات و دەڵێت" سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت، بەڵام لەنێوان رێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی هێشتا بڕیاری كۆتایی نەدراوە. جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت و هێمن هەورامی پۆستەكە وەردەگرێت. جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ یەكێك لە پێكهاتەكانە و هێشتا لەنێوان توركمان و مەسیحییەكاندا یەكلانەبووەتەوە"
بەپێی لێدوانەكەی فرسەت سۆفی بێت رێكەوتنی نێوانیان بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڵام لێدوانێكی نوێی قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ریسەكە دەكاتەوە بە خوری كە دەڵێت" یەكێتی ئامادەنیە بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا بكات تاوەكو پارێزگاری كەركوك وەرنەگرێت"
قادر عەزیز لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا جەختی كردۆتەوە" كێشەی سەرەكی ئێستای نێوان پارتی و یەكێتی پارێزگاری كەركوكە، ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەر كەركوك ڕێكەوتن ئەوا بەزوترین كات كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكدێت، ئەگەریش ڕێك نەكەون ئەوا دوادەكەوێت"
قادر عەزیز ئەوەش دەڵێت" بابەتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بەلای یەكێتیەوە هێڵی سورە بەهیچ جۆرێك سازشی لەسەر ناكات چونكە پەیوەندی هەیە بە چارەنوسی خەڵكی كەركوكەوە، ئەگەر پارتی دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی دۆست بێت بەیەكەوە حكومڕانی كوردستان بكەن نابێت دژی ئەم " ئیستحقاقە"ی یەكێتی بێت، ناكرێت لە هەرێم دۆست بین و لەكەركوك و بەغداد ناحەز و ناكۆك بین."
بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابۆتەوە
هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە ئەگەرچی لە لێدوانی بەرپرسەكانیاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە هێشتا بڕیاریان نەداوە كە بەشداری حكومەت دەكەن یان نا، بەڵام لەلایەكی ترەوە سەرقاڵی وەرگرتنی سیڤین بۆ پركردنەوەی پۆستەكان و دوو لیژنەشیان لەگەڵ پارتی پێكهێناوە كە یەكێكیان تایبەتە بە كارنامەی حكومەت و دووەمیشیان میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان.
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە روداوی وتووە "ژمارەیەكی زۆر سیڤی رەوانە كراون و بۆ هەر پۆستێك بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی، سیڤی زۆر بە گۆڕان گەیشتووە، چونكە بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە بەپێی سیڤی كەسەكان بپاڵێوێ و بڕیاری كۆتاییش لای جڤاتی نیشتمانی دەبێت".
هاوكات هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: " بزوتنەوەی گۆڕان داوای 3 وەزارەتی خزمەتگوزاری دەكات، چونكە لەڕێی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە باشتر دەتوانێ لە كێشەی خەڵك تێبگات و خزمەت بكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە، شاندی دانوستاندنكاری گۆڕان بەبێ بەدەستهێنانی بەڵێنی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەستەمە بتوانن بڕیاری بەشداری بدەن"
بەو پێیەش گۆڕان خۆی یەكلاكردۆتەوە بۆ چونە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریشە رۆژی سێشەمە وەفدی دانوستانی نێوان پارتی و گۆڕان كۆببنەوەو تیایدا هەردوو لیژنەكە( لیژنەی كارنامەی حكومەت و دیاریكردنی پۆستەكان) كۆببنەوەو چاوەڕەوان دەكرێت بەرچاو روونی تەواو بدرێتە گۆڕان سەبارەت بە كارنامەی حكومەت و ئەو پشك و پۆستانەی كە بەریان دەكەوێت.