فازڵ نەبی: یاسای بودجە لە زیانی هەرێم و قازانجی بەغدایە
2019-01-25 07:01:55
درەو میدیا:
بە پێچەوانەی ئەو هەڵا ئیعلامیەی درووستكرا بۆ یاسای بودجەی عێراق كە لە قازانجی كوردە، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت" بڕگەی ( ج) بەو شێوەیەی پەسەندكراوە لە قازانجی كورد نیە بەڵكو لە زیانێتی" دەشڵێت هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست بكات یان رادەستی نەكات ئەو یاسایە لە زیانی هەرێمی كوردستانەو لە قازانجی حكومەتی بەغدادیە.
فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی ئێن ئاڕتیدا ئاماژەی بەوەكردووە " ئەوەی دوێنی شەو پەسەندكرا ئەوە نەبوو كە كورد باسی دەكرد، فراكسیۆنە كوردیەكان بۆیان نەچووە سەر واتا موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەك دوور نەخراوەتەوە لە كەمكردنەوە"
نەبی دەشڵێت نوێنەرانی كورد نەیان توانی ئەو بڕگەیە بچەسپێنن كە دەڵێت " ئەگەر هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەست نەكات، وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت موچەی فەرمابەرانی هەرێم بدات زیانی داهاتی ئەو نەوتە لە بڕی ماوەی بەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێت" واتا لە موچە نابڕدرێت لە بڕگەی تر دەبڕدرێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەكە رادەست نەكات.
بەڵام ئەو بڕگەیەی كە پەسەندكراوە موچەی جیانەكردۆتەوە لە پشكی هەرێم دەڵێت" بڕی زیانی نەناردنی 250 هەزار بەرمیلەكە لە كۆی گشتی پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بە موچەشەوە"
فازل نەبی جەخت دەكاتەوە" كەواتا نە 522 ملیار دینارەكە راستە نە 640 ملیار دینارەكە راستە ئەگەر هاتوو ئەو مادەیە وەك خۆی جێبەجێبكرێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە"
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بەراشكاوی دەڵێت" واتا بڕگەی ( ج) هەرگیز لە قازانجی هەرێمی كوردستان نیە ئەو بڕگەیە هەمان بڕگەی سەردەمی یاسای بودجەی حەیدەر عەبادیە، بەڵام بە شێوازێكی تر، بۆیە ئەو بڕگەیە لە بەرژەوەندی كورد نیەو لە بەرژەوەندی حكومەتی بەغدایە، چی ئەوەی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست بكات، چی ئەوەی رادەستی نەكات ئەو یاسایە لە زیانی هەرێمی كوردستانەو لە قازانجی حكومەتی بەغدادیە"
فازڵ نەبی رونی دەكاتەوە كە" ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلەكە رادەستی بەغداد بكات لە سنوری ( 10.8 ترلیۆن دینار) 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینار لە بەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت پشكی هەرێمە لەبەغداد، واتا ئەوەی لە بەغداوە دێت تەنها بەشی موچەی خەڵكی دەكات بەتەنها، ئەویش بە مەرجێك لە مادەی 9 ی بودجەكەدا دەڵێت" حكومەتی هەرێمی كورستان پشكەكەی دیاری دەكرێت، ( من اجمال النفقات الفعلیە) وشەی ( فعلی) زۆر مەترسیدارە بەكار هاتووە، واتا ئەو 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینارە هەموو بۆ كوردستان نایەت ئەگەر نەوتەكەشی رادەست بكات، بە گوێرەی رێژەی خەرجی فیعلی دەنێردرێت، واتا ئەگەر عێراق 70% بودجەی خۆی خەرجبكات، عێراق 70%ی ئەو 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینارە بۆ هەرێم دەنێرێت، واتا زۆر لە 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینارەكە كەمتر دەبێت و بەشی موچە ناكات".
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەش دەخاتە روو كە " عێراق تەنها داوای 250 هەزار بەرمیل ناكات، لە بڕگەی( ا )لەمادەی 10 باسی 250 هەزار بەرمیل دەكات كە هەرێم دەبێت رادەستی بەغدادی بكات، بەڵام لە بڕگەی ( د)ی مادەی 10 دەڵێت ئەگەر حكومەتی هەرێم لەو بڕەی بۆی دیاریكراوە زیاتر بەرهەمبهێنێت دەبێت داهاتی ئەو بڕە زیادەیەش بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، واتا هەرێم لەسەرو 250 هەزار بەرمیلەكەش چەندێكی تر بفرۆشێت دەبێت داهاتەكەی بنێرێت بۆ بەغداد"
فازل نەبێ دەشڵێت" ئەگەر هەرێم 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست نەكات، بەغداد پارەی ئەو نەوتە لە كۆی پشكی هەرێم دەبڕێت، پاشان ئەوەی ماوە دەیداتە هەرێم كە ئەوەش لە باشترین حاڵەتدا لە نێوان 320 ملیار دینار یان ئەگەر حكومەتی عێراق زۆر هاوكاری هەرێم بكات ئینجا ناگاتە 400 ملیار دیناری مانگانە"
پێشی وایە كە " لەهەردوو حاڵەتەكەدا كێشە هەیە بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم دیراسەیەكی ووردی یاساكە بكات بزانن كامەیان لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە ئەوەیان جێبەجێ بكەن"
ئەوەی لە قازانجی كوردە بە پێی وتەی فازڵ نەبی" بڕگەی ( ب ) لە مادەی 10 وەك خۆی دانراوەو ئەوە راستە كە تایبەتە بە موچەی پێشمەرگە تەنها ئەو بڕگەیە وەك خۆیەتی و لە قازانجی كوردە، تەنها بڕگەی پێشمەرگە بەتەواوی چاككراوە، جیاوازیەكەی لەگەڵ ساڵی رابردوو ئەوەی كە پێشتر دانرابوو كە موچەی پێشمەرگە لە ( قوات البڕی) هێزی وشكانی رێژەكەی دەدرێت بەڵام لە ئێستادا ( بری) هێزی وشكانی لابراوەو كراوە بەوەی پشكی پێشمەرگە لە ( قوات الاتحادی ) لە هەموو هێزەكانە واتا ساڵانی پێشوو پشكی پێشمەرگە 36 ملیار دینار بوو بەڵام ئێستا لە نێوان 60 بۆ 67 ملیار دینار دەبێتەوە"