Draw Media

زارۆ ئاغا 160 ساڵ ژیاوەو ١١ ژنی هێناوە

زارۆ ئاغا 160 ساڵ ژیاوەو ١١ ژنی هێناوە

2019-01-22 20:06:11


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
سەرەڕای ئەو مشتومڕەی دەربارەی مێژووی دیاریکراوی لەدایكبونی " زارۆ ئاغا" هەیە، بەڵام بە یەكێك لە بەتەمەنترین مرۆڤەكان دادەنرێت لە جیهاندا و لە مێژووی نوێدا كە 160 ساڵ ژیاوە.
رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز" ی ئەمریكی رۆژی 3ی تەمموزی 1930 باسی لە گەشتێكی زارۆ ئاغا كردووە بۆ ئەمریكاو تیشکی خستوەتەسەر ئەو هەڵایە كە لە سەردانیدا بۆ شاری نیویۆرك لێیكەوتوەتەوە، بەهۆی ئەوەی بەوتەی رۆژنامەكە بەتەمەنترین پیاو بووە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە كە زارۆ ئاغا بەوتەی خۆی تەمەنی 156 ساڵە و بە بەتەمەنترین پیاو دادەنرێت لە جیهاندا و راشیگەیاندووە ئەوەی زۆر خۆشی و چێژی بە زارۆ ئاغا بەخشیوە لەو گەشتەیدا گەرماوی هۆتێل " كۆمۆدۆر" بووە  كە لە شاری نیویۆرك تێیدا ماوەتەوە و بەرادەیەك هۆگری بووە كە هاوڕێكانی بە فێڵ توانیویانە لە حەوزی گەرماوەكە بیهێننە دەرەوە.
ساڵی 2009 لە ئیستانبوڵ كتێبێك بە زمانی توركی چاپكرا بە ناونیشانی" بەتەمەنترین پیاو لە جیهاندا، زارۆ ئاغا"، ئەو كتێبە باس لەوەدەكات زارۆ ئاغا لە شاری بەتلیسی باشووری خۆرهەڵاتی توركیا " باكوری كوردستان" لەدایكبووە و لەو كاتەدا بەتەمەنترین پیاوی جیهان بووە و لە دە ساڵی كۆتایی تەمەنیدا  بوەتە جێگەی بایەخ‌و سەرنجی نێوندە جیهانییەكان.
ژیانی زارۆ ئاغا و سیستمی خۆراكی و ژنە زۆرەكانی، ببوونە مایەی سەرنج و بایەخی میدیا جیهانییەكان كە هیچ كونجێكی ژیانی ئەو پیاوە سادەیە نەماوە بە هەواڵی مردنیشییەوە كە تیشكیان نەخستبێتەسەر.
بە گوێرەی سایتی " هەواڵەكانی بەتلیس" زارۆ ئاغا لە نێوان ساڵی 1774 بۆ 1777 لەدایكبووە و سەربە عەشیرەتی گەورەی زازایە و كاتێك تەمەنی گەیشتوەتە 18 ساڵی كۆچی كردووە بۆ ئیستانبوڵ و لە گەڕەكی تۆپخانە نیشتەجێبووە و لەوێ‌ ژیاوە.
11 ژن
زارۆ ئاغا 11 ژنی هێناوە و لە تەمەنی 96 ساڵیدا بووە بە خاوەنی دوا منداڵی و كۆی منداڵەكانی 36 منداڵ بووە و جگە لە یەكێكیان سەرجەمیان پێش مردنی زارۆ ئاغا مردون و كاتێك كۆچی دواییكردووە بچوكترین منداڵی كچێك بووە كە تەمەنی 60 ساڵ بووە.
زارۆ ئاغا ساڵی 1798 بە سەركردایەتی ئەحمەد پاشای جەزار، لە شەڕی عەككا دژی سوپای ناپلیۆن بەشداریكردووە، هەروەها بەشداری شەڕی توركیا- روسیای كردووە لە ساڵی 1828 و قاچێكی برینداربووە و بەهۆیەوە بۆ ماوەیەك لە زێدی لە دایكبوونی " بەتلیس" ماوەتەوە، هەروەها بەشداریكردووە لە بونیاتنانی مزگەوتی " ئۆرتاكۆی" لە ئیستانبوڵ لە ساڵی 1853دا.
زارۆ ئاغا لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا ناوبانگی بە جیهاندا بڵاوبووەوە و وەك بەتەمەنترین كەسی زیندوو لەلایەن چەندین وڵاتەوە بانگهێشتكراوە، لەوانەش بەریتانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەندین وێنە و ڤیدیۆی بێ‌ دەنگی كاتی مانەوەی لە ئەمریكا هەیە.
لەكاتی مانەوەیدا لە ئەمریكا زارۆ ئاغا بۆ یەكەمجار سواری فڕۆكە بووە و ئەو ئەزمونەشی بە خۆشترین ئەزمونی ژیانی وەسفكردووە, لەدوای بەشداریكردنی لە شەڕی عەككا دژی ناپیلۆن و ئەو كاتەی كە سواری فڕۆكە بووە تەمەنی 156 ساڵ بووە.
هەروەها زارۆ ئاغا بۆ بەشداریكردن لە چەند  فیلم و نمایشێک سەردانی ئەمریكای كردووە و پزیشكەكانی ئەوێ‌ پكشنینیان بۆكردووە و جەختیانكردوەتەوە كە تەندروستی زۆر باشە و چەند دەزگایەكی راگەیاندنیش وتەیەكی زارۆ ئاغایان بڵاوكردوەتەوە کە دەڵێت:" بۆ هەتاهەتایە دەژیم".
زۆر قورس بووە بۆ زارۆ ئاغا لە چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكانی كە لە ئەمریكا لەگەڵیدا كراون بە زمانی توركی قسەبكات و هەر بە زمانی دایك " زمانی كوردی" قسەیكردووە.


" خەیار و ماست"
كاتێك دەربارەی نهێنی تەمەن درێژی و تەندروستی باشی پرسیار لە زارۆ ئاغا كردووە وتویەتی كە ئەو رۆژانە خەیار و ماست دەخوات و نیمچە رووەكییە و وێنەیەكی زارۆ ئاغا هەیە كە یەكێك لە ئەكتەرەكانی هەڵگرتووە لە میانی سەردانەكەیدا بۆ نیویۆرك.
زارۆ ئاغا لە نیویۆرك دووچاری رووداوی هاتوچۆ دەبێت بەهۆی رانەهاتنی لەگەڵ زۆری ئۆتۆمبیل  لە شارەكەی خۆی ئیستانبوڵ، ئۆتۆمبیلێك خۆی پێدادەكێشێت و دەكەوێت و سەرزی بە توندی بەر زەوی دەكەوێت و پزیشكەكان ئاماژیانبەوەداوە كە نیمچە مەحاڵە زارۆ ئاغا زۆر بژی و دوای كۆتاییهاتنی سەردانەكەی لە ئەمریكا، ساڵی 1931 گەڕایەوە بۆ بەریتانیا، بەبێ‌ ئەوەی تەنانەت یەك قرشی دەستبكەوێت لەو گەشتەیدا بۆ ئەمریكا.
زارۆ ئاغا دوای ئەوە زۆر نەژیاوە و باری تەندروستی جەستەیی و مێشكی تێكدەچێت و تەمموزی ساڵی 1934 لە نەخۆشخانەی شیشلی لە ئیستانبوڵ  كۆچی دوایی دەكات و لە گۆڕستانی ئەیوب پاشا لەو شارە دەنێژرێت و دوای توێكاری بۆ جەستەی دەركەوتووە بەهۆی وەستانی گورچیلەكانییەوە كۆچی دواییكردووە.
سەرچاوە: بی بی سی 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand