دیدارەكەی مەسعود بارزانی و سەعدی پیرە!
2019-01-16 09:57:55
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمە رەفعەت
پارتی بە وەفدێكی باڵاوە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، بەڵام ئەنجامی دیدارەكە لەئاستی قەبارەی وەفدەكەدا نەبوو، مەسعود بارزانی پێشنیازێكی بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نارد، بەڵام پێشنیازەكەی رەتكرایەوە، ئەمریكاو ئێران لەسەر هەموو شتێك ناكۆكن، بەڵام لەسەر هەرێمی كوردستان كۆكن، ئەمانە نوێترین پەرەسەندنەكانی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانن.
پارتی دیموكراتی كوردستان بە وەفدێكی باڵا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە شاری سلێمانی، ئەوەی رویدا هێندەی نمایشێكی سیاسی بوو بۆ راكێشانی یەكێتی بۆسەر مێزی گفتوگۆ، هێندە گفتوگۆی جدی نەبوو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا، وەفدی پارتی هیچ قسەیەكی نوێیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان پێنەبووە، پارتی بەم سەردانەو بەو وەفدە باڵایەوە تەنیا نمایشێَكی سیاسی كردو ویستی ئەو پەیامە بە یەكێتی نیشتمانی بدات كە "ئەگەر نەیەتە پێشەوەو گرفت بۆ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دروست بكات، ئەوا بەدیل ئامادەیە"، واتە پارتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان وەكو كارتی فشار لەسەر یەكێتی بەكاربهێنێت.
ئایا پارتی گۆڕانی مەبەستە ؟
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لە هەموو ئەو كۆبونەوانەی كە لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە لەنێوان پارتیو گۆڕاندا كراون، وەفدی پارتی زیاد لە پێویست موجامەلەی گۆڕانیان كردووەو جەختیان لەسەر بەشداریكردنی گۆڕان كردووە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا.
یەكێك لەو رەهەندانەی كە وایكردووە پارتی دەرگای حكومەت لەسەر گۆڕان بكاتەوە ئەوەیە، پارتی پێیوایە ئەگەر گۆڕان بەشداری كابینەی نوێ نەكات، ئەوا ناچار دەبێت بەشێوەی "فیفتی بە فیفتی" حكومەت لەگەڵ یەكێتیدا پێكبهێنێ، واتە پۆستەكان لەگەڵ یەكێتی بەشێوەی (50+50) دابەش بكات، ئەوەش وادەكات بگەڕێنەوە بۆ شێوازی حوكمڕانییەكەی پێشوو (تۆخكردنەوەی دوو ئیدارەیی)و ئەوە كابینەی داهاتووی حكومەت لاواز دەكات كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكاتو پارتییەكان هەوڵی سەركەوتنی دەدەن.
پارتی یەكلابوەتەوە لەسەر ئەوەی گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، بەڵام هێشتا خەریكی یاریكردنە لەگەڵ گۆڕانو دەیەوێت كاری بەشداریكردنی گۆڕان لە چەند رەهەندێكی تریشەوە بەكاربهێنێت، بە تایبەتی بۆ راكێشانی یەكێتی بۆسەر مێزی دانوستانەكانو پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینە نوێیەكە، سەرای ئەوەش دەیەوێت بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەراكێشانی گۆڕان بۆناو حكومەت لاواز بكات.
رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە وەفدی پارتی قایل بوو بە داواكاری بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە دروستكردنی لیژنەو یەكخستنی روانگەی هەردوو حزب لەسەر حكومەتە نوێیەكە.
گۆڕان چی لە پارتی دەوێت؟
چۆن پارتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان بەكاربهێنێت، سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەیانەوێت ئەوەندەی دەتوانن پارتی بەكاربهێنن، بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەیەكدا كە پارتی دروستی دەكات بەتایبەتی دوای ئەو هەموو ناكۆكییە سیاسییانەی كە لە خولی پێشوو لەنێوان هەردوو حزبدا رویدا، كارێكی لە خۆڕا نییە.
زۆرێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان وەكو "كەشتیی نەجات" تەماشای حكومەت دەكەن، ئەوان پێیانوایە گۆڕان لەدواین هەڵبژاردندا نیوەی كورسییەكانی لەدەستداوە، ئەگەر بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بێت، بەتەواوەتی ژمارەی دەنگەكانی پاشەكشێ دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هێزی سیاسی نوێ لەسەر گۆڕەپانی هەرێم دەركەوتووەو ئومێدیش دەكرێت چوار ساڵی داهاتوو دۆخی حكومەت لەڕووی داراییەوە باشتر ببێت، بەشێوەیەكی رونتر چۆن پارتی گۆڕان وەكو كارتی فشار لەسەر یەكێتی بەكاردەهێنێت، بزوتنەوەی گۆڕانیش دەیەوێت باری لاری پاشەكشێی دەنگەكانی لەسەر شانی پارتیو لەڕێگەی بەشداریكردن لە حكومەتەوە راستبكاتەوە.
هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە موجامەلە زیاد لە پێویستەكانی وەفدی پارتی تێگەیشتوون، بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندیدارە بە فشارخستنەسەر یەكێتی، بۆیە دەیانەوێت سود لەو دۆخەی پەیوەندی نێوان یەكێتیو پارتی وەربگرنو هەندێك لە مەرجەكانی خۆیان بەسەر وەفدی پارتیدا بسەپێنن، بەتایبەتیش لە پرسی "بەرنامەی حكومەت"و "بەركەوتەی گۆڕان لە كێكی حكومەت"دا.
گۆڕانو پارتی هاوهەڵوێستن؟
تائێستا پارتی بە زۆرینەی مەرجەكانی گۆڕان رازییە، چونكە زۆرینەی ئەو داواكارییانەی كە گۆڕان خستویەتییەڕوو لە بەرنامەو تێڕوانینی پارتییەوە نزیكە، بۆ نمونە:
• خواستنی گۆڕان بۆ پەلەكردن لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، هەمان ئەو خواستەیە كە پارتی هەیەتی.
• گۆڕان داوای "شەراكەتی راستەقینە" دەكات لە حكومەتدا، پارتی هەمان مەبەستی هەیەو دەیەوێت گۆڕان شەریكی راستەقینە بێت نەك "پێیەكی لە حكومەتو پێیەكەی تری لە ئۆپۆزسیۆن" بێت.
• گۆڕان دەیەوێت حكومەت بەرنامەی چاكسازیو رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی هەبێت، پارتی پێشتر جەختی لەسەر ئەو پرسە كردووەو باسی لەوە كردووە" كابینەی داهاتوو كابینەی چاكسازیو رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەبێت".
• گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێتو سیستم پەرلەمانی بێت، پارتی لەبەرئەوەی زۆرینەیە لە پەرلەمانو لەم قۆناغەدا ناتوانێت سەرۆك لەناو خەڵكدا هەڵبژێرێت هەروەها لەبەر راگرتنی پارسەنگی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی دەیەوێت بەشێوەیەكی خێرا هەرچۆنێك بووە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بۆیە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ خواستەكانی گۆڕاندا نییە، بەڵام تەنیا بۆ ئەم قۆناغە.
ئەم هۆكارانە وایكردووە سپەیسی نێوان گۆڕانو پارتی كەمتر ببێتەوە بەپێچەوانەی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی كە لەدوای ریفراندومو رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تادێت خراپتر دەبێت.
گۆڕانو چیرۆكی پاكێجەكان
بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای دروستبوونیەوە (2009) ژمارەیەكی زۆر پاكێجی پێشكەشكردووە لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وەزارەتو كەرتەكان، سەرباری ئەو رەخنە زۆرانەی كە لێی دەگیرێت بەوەی نەیتوانیوە هیچ یەكێك لە پاكێجە زۆرو زەوەندەكانی جێبەجێ بكات، بەڵام هێشتا دەستی لەو نەریتە سیاسییەی خۆی هەڵنەگرتووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان دوو پاكێچی ئامادەكردووە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت:
• پاكێجی یەكەم: تایبەتە بە بەرنامەی حكومەت
• پاكێجی دووەم: تایبەتە بە چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا لەسەر داوای وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان، لێژنەیەك لە پارتیو گۆڕان پێكهاتووەو ئەو لیژنەیە لە زووترین كاتدا دەستبەكاردەبێت، ئەركی لیژنەكە دانانی (كارنامەی حكومەتو دانانی پێوەرو بنەماكانی وەرگرتنی پۆستەكانە).
گۆڕان چەند پۆستی دەوێت؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان تەواوی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانی لە پاكێجێكدا وردكردوەتەوەو دەیەوێت رێژەی 12%ی پۆستەكانی كابینەی نوێ وەربگرێت، واتە رێژەی 12%ی پۆستەكانی (وەزیر- دەستەكان- بەڕێوەبەرە گشتییەكان- بریكارەكانی وەزیر- راوێژكارەكان-نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە).
بەپێی ئەو پێوەرانە، بزوتنەوەی گۆڕان بە نزیكەیی ئەم پۆستانەی بەردەكەوێت:
• 4 وەزیرو سەرۆكایەتی دەستە
• 3 راوێژكار
• 4 بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەكان
• 3 نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە
• 2 بریكاری وەزیر
كۆبونەوەكەی سەعدی پیرەو بارزانی
هەرچەندە كۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی نێوان پارتیو یەكێتی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر بە كۆبونەوەیەكی ئەرێنی لەقەڵەمدرا، بەڵام هێشتا یەكێتی پەڵپ لە پارتی دەگرێتو مەرجی خۆی هەیە بۆ بەشداریكردن لەو حكومەتەی كە پارتی دەیەوێت دروستی بكات، پارتی نایەوێت مەسرور بارزانی لە یەكەم ئەزمونیدا تێكبشكێت، بۆیە دەیەوێت كابینەی نوێی حكومەت بەزویی پێكبهێنرێت، بەڵام یەكێتی هیچ پەلەی نییە.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پیرمام چاوی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كەوتووە.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لە دیدارەكەدا مەسعود بارزانی بە سەعدی پیرەی راگەیاندووە" ئەوان پەلەیانە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت"، سەعدی پیرە پێی وتووە" یەكێتی هیچ پەلەی نیەو دەیەوێت بەرچاوی روون بێت". پیرە ئەوەشی بە بارزانی وتووە" پەلەی تۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت لەبەر مەسروری كوڕتە".
خاڵی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی لەئێستادا پەلەكردنی پارتیو لەسەرخۆیی یەكێتییە لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكێتی خاڵی لاوازی پارتی دۆزیوەتەوە، سەركردەكانی یەكێتی دەزانن پارتی لەبەر مەسرور بارزانی دەیەوێت حكومەت بەخێرایی پێكبێت، لەبەر نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەخێرایی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە.
یەكێتی دەیەوێت پارتی ماندوو بكاتو ناچاری بكات مل بە خواستەكانی بدات، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەمدواییە لەناو بنەماڵەی بارزانی رویداو مەسعود بارزانی بۆ مەسروری كوڕی كشایە دواوەو نێچیرڤان بارزانیش دوای 17 ساڵ دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت هەڵگرت.
مەلا بەختیارو پەیامەكەی بارزانی!
لەلایەكی ترەوە هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەسەردانەكەی ئەمدواییەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵدا بۆ لای مەسعود بارزانی، بارزانی پێشنیازێكی لەڕێگەی دەرباز كۆسرەتەوە رەوانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە.
بارزانی پێشنیازی كردووە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی كە ئێستا زویرەو بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ناكات، ببێت بە ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتیو بەشداری دانوستانەكانی پرسی پێكهێنانی حكومەت بكات لەگەڵ پارتی.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پێشنیازەكەی بارزانی گەیاندوەتە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی پێشنیازەكەی بارزانیان رەتكردوەتەوە، هەربۆیە بڕیاربوو لەسەردانیدا بۆ سلێمانی نێچیرڤان بارزانی سەردانی مەلا بەختیار بكات و پێشتر بە تەلەفۆن پێی راگەیاندبوو، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی پێیان باش نەبووەو نێچیرڤان بارزانیش سەردانەكەی بۆلای مەلا بەختیار هەڵوەشاندۆتەوە.
ئەمریكاو ئێران چی دەڵێن؟
ئەمریكاو ئێران كە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان وەكو دوو نەیاری سەرسەختی یەكتر دەردەكەونو لەسەر هەموو شتێك ناكۆكن، بەڵام لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كۆكو تەبان.
ئەمریكاو ئێران هەردووكیان پشتیوانی ئەوە دەكەن كابینەی نوێی حكومەت لە زوترین كاتدا پێكبهێنرێت.
هەفتەی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی مەسعود بارزانیو نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی كرد، بەپێی زانیارییەكان پۆمپیۆ هانی داون پەلە بكەن لە پێكهێنانی كابینەی نوێ، چونكە "رەنگە گۆڕانكاری لەناوچەكەدا رووبدات".
رۆژی دوو شەممەش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەهەمان شێوەی پۆمپیۆ لەگەڵ مەسعود بارزانیو نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی كۆبوەوە، زەریف هاوشێوەی پۆمپیۆ داوای لە هەرسێ بارزانییەكە كردووە " بچن یەكێتی رازی بكەن، بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت".