Draw Media

یەكگرتوو چارەنوسی كەركوك یەكلادەكاتەوە

یەكگرتوو چارەنوسی كەركوك یەكلادەكاتەوە

2019-01-22 14:59:16


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
چەند رۆژێكە جموجوڵێكی سیاسی رووی لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كردووە، جموجوڵەكانی ئەمجارە پەیوەندی بە بەشداریكردن یان نەكردنی یەكگرتوو نییە لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵكو پەیوەندی بە دۆسیەی كەركوكەوە هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا دووجار وەفدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دور لە چاوی كامێراكان سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوویان كردووە لە سلێمانی.
وەفدەكەی یەكێتی پێكهاتووە لە ئەندامە كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی (رزگار عەلی- ئاسۆ مامەند- رەفعەت عەبدوڵا).

 

یەكێتی چی لە یەكگرتوو دەوێت؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەری سەرەكی قسەوباسی وەفدەكەی یەكێتی لەگەڵ یەكگرتووە ئەوە بوو "رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت كە سەربە یەكگرتووە، بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك".
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆنەبوەتەوە، پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت لە هەولێر دادەنیشن، یەكێتی دەیەوێت لە شوێنی نەجمەدین كەریم لەناو ئەنجومەنی پارێزگاوە پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەش پێویستی بە سازدانی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا هەیە.
یەكێتی سەرەتای ئەم مانگە هەوڵێدا رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت لابدات‌و لەشوێنی ئەو جەمال مەولود دابنێت كە سەربە حزبی شیوعییە‌و بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكەیە، بەڵام نیسابی یاسایی ئەنجومەن بۆ سازدانی دانیشتنەكە تەواو نەبوو، بەوهۆیەشەوە هەوڵەكەی یەكێتی شكستیهێنا.
یەكێتی كە نەیتوانی بەشێوەی یاسایی رێبوار تاڵەبانی لابدات‌و دەرگا لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك بكاتەوە، ئێستا دەیەوێت لەڕێگەی مامەڵەكردن لەگەڵ رێبوار تاڵەبانی بە ئامانجەكەی بگات.


وەڵامی یەكگرتوو !
(درەو میدیا) زانیویەتی، مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو داوایان لە یەكێتی كردووە، لە كەركوك دەستپێشخەرییەك بكات بۆ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا، بەجۆرێك لیستی برایەتی كە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بەهەموو ئەندامەكانییەوە بەشداری كۆبونەوەكە بكات.
مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لەبارەی داواكەی یەكێتی بۆ گەڕانەوەی رێبوار تاڵەبانی بۆ كەركوك، ئاماژەی بەوە كردووە رێبوار تاڵەبانی بەهۆی دۆخی ئەمنی كەركوك‌و ئەو سكاڵایانەی كە لەسەریەتی ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ كەركوك، بۆیە باشترە یەكێتی هەوڵی ئەوەبدات كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە (قەرەهەنجیر) یان ناوچەیەكی تری دەرەوەی كەركوك بەڕێوەبچێت، ئەوكات رێبوار تاڵەبانی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكات.
لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ساڵی 2005 هەڵبژێردراوە‌، سێجار وادەی یاسایی بەسەرچووە.
ئەم ئەنجومەنە لە (41) ئەندام پێكهاتووە، پێكهاتەی ئەنجومەنەكە بەمشێوەیە دابەشبووە:
• پێكهاتەی عەرەب: 6 ئەندام
• پێكهاتەی توركمان: 9 ئەندام
• لیستی برایەتی كورد:  26 ئەندام

لیستی برایەتی كورد دەنگەكان لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا دابەشبووە، لە كۆی (26) ئەندامی لیستی برایەتی، (12) ئەندام لەگەڵ پارتیدان، (6) ئەندام یەكێتین، (2)ی شیوعی هەن، بەڵام یەكلابونەتەوە بۆ یەكێتی، (3) ئەندام سەربە یەكگرتووی ئیسلامین، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەب‌و توركمانێك‌و مەسیحییەك.


كۆبونەوەكەی پیرمام
رۆژی 20ی ئەم مانگە سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی هاوینەهەواری پیرمامی كرد بۆ دیدەنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.
سەردانەكەی سەلاحەدین بەهادین بۆ لای بارزانی بۆ چاودێران جێگای سەرەنج بوو، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە یەكگرتووی ئیسلامی یەكلابوەتەوە‌و بڕیاری داوە بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نەكات كە پارتی سەرۆكایەتی دەكات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەردانەكەی سەلاحەدین بەهادین بۆ پیرمام لەسەر داوای بارزانی بووە‌و دانیشتنەكە پەیوەندی بە پرسی پێكهێنانی حكومەتەوە نەبووە، بەڵكو تایبەت بووە بە بارودۆخی كەركوك‌و بارزانی داوایكردووە هەڵوێستەكانیان یەكبخەن بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخی كەركوك.


رێككەوتنی بارزانی-  عەبدولمەهدی - ئەمریكا !
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئێستا هەوڵێكی نوێی دەستپێكردووە بۆ "ئاسایكردنەوەی" دۆخی كەركوك‌و گەڕانەوەی پارتییەكان پارتییەكان بۆ ئەو شارە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بارزانی لەگەڵ ئەمریكییەكان‌و عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە گفتوگۆی كردووە‌و دەیەوێت هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكە دوركەونەوە‌و رێگە بە كورد بدرێت بە ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە بۆ شارەكە، بارزانی دەیەوێت ئەمریكییەكان هێزێكی سەربازی خۆیان لەو ناوچەیە جێگیر بكەن. 
رۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەجید)ی قەتەریش ئەمڕۆ لە زاری بەرپرسێكی پارتییەوە ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە بەمدواییەی سەردانی هەولێری كرد، گفتوگۆی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە كردووە.
ئەو سەركردەیەی پارتی كە رۆژنامەكە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، پۆمپیۆ بەڵێنی بە بارزانی داوە ئەمریكا نێوەندگیرییەك دەكات بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخی كەركوك‌و ئەنجامی نێوەندگیرییەكەش بەمنزیكانە دەردەكەوێت.
بەپێی قسەی بەرپرسەكەی پارتی" پۆمپیۆ داوای لە بارزانی كردووە ئەم ماوەیە دان بەخۆدابگرێت‌و لەبارەی كەركوكیشەوە پۆمپیۆ پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووە‌و ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانن لەگەڵ عەبدولمەهدی".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand