Draw Media

پارتی‌و گۆڕان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان ناكۆكن

پارتی‌و گۆڕان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان ناكۆكن

2019-01-24 11:45:24


راپۆرت: درەو میدیا
رۆژی سێشەممەی رابردوو وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان چووە هەولێرو لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت گفتوگۆی كرد.
ئەمە درێژكراوەی چەند كۆبونەوەیەكی پێشتری نێوان هەردوولا بوو، كە زیاتر موجامەلەی سیاسی باڵی بەسەردا كێشابوو، وەك لەوەی بتوانن پێكەوە خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێن.
كۆبونەوەكەی سێشەممە، یەكەمین هەنگاوی پراكتیكی نێوان گۆڕان‌و پارتی بوو لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هەردوولا كە پێشتر دوو لیژنەیان دروستكردبوو (لیژنەیەك بۆ كارنامەی حكومەت- لیژنەیەك بۆ دابەشكردنی پۆستەكان)، لەم كۆبونەوەیەدا جیاوازییەكان لە خواست‌و تێروانینی هەردوولا دەركەوت.


دابەشكردنی پۆستەكان
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەی سێشەممەدا لەبارەی پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتەوە، ناكۆكی لەنێوان تێڕوانینی وەفدی گۆڕان‌و پارتیدا هەبووە. 
وەفدی گۆڕان لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانەوە داوایكردووە، لە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتدا پۆستی پێبدرێت، بەشێوەیەك لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتییەوە تا دەگاتە پۆستی وەزارەت پێكەوە‌و لەیەككاتدا بدرێت بە گۆڕان، بەڵام وەفدی پارتی ئەم خواستەی گۆڕانی پێ قبوڵ نەبووە، پارتی بەنیازە تەنیا پۆستە باڵاكانی وەكو پۆستی وەزیر بە گۆڕان بدات‌و دابەشكردنی پۆستەكان ورد نەكاتەوە بۆ پۆستە بچوكەكانی وەكو (بەڕێوەبەری گشتی‌و بریكار‌و راوێژكارەكان).
داواكردنی هەموو پۆستە باڵا‌و بچوكەكان بەیەكەوە لەلایەن گۆڕانەوە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە:
•    هۆكاری یەكەم: بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت "شەریكی راستەقینە" بێت لە دەسەڵات، بۆیە نایەوێت تەنیا چەند پۆستێكی باڵا وەرگرێت‌و چاوی لەوەیە لە پۆستە بچوكانیشدا پێگەی هەبێت.
•    هۆكاری دووەم: لە كابینەی هەشتەمدا، بزوتنەوەی گۆڕان چەند پۆستێكی باڵای وزاری وەرگرت، بەڵام پارتی پۆستە بچوكەكانی تا كۆتایی رادەستی گۆڕان نەكرد وەكو ئەوەی لە دانوستانەكاندا بەڵێنی دابوو، گۆڕان نایەوێت ئەم ئەزمونە دوبارە بكاتەوە‌و دەیەوێت هەر لەسەرەتاوە پشكی خۆی لە كێكی دەسەڵات لەگەڵ پارتی ببڕێنێتەوە.
دانا عەبدولكەریم ئەندامی وەفدە دانوستانكارەكەی رۆژی سێ شەممەی بزوتنەوەی گۆڕان دوای كۆبونەوەكە لەگەڵ پارتی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی:" تێڕوانینیەكانی ئێمە لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە، بەڵام تێڕوانینی پارتی لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە"، ئەمە بەڕوونی ئەوەی دەرخست كە گۆڕان دەیەوێت سەرەتا زامنی پۆستە بچوكەكان بكات‌و دواتر پۆستە باڵاكان.

گۆڕان چی دەوێت؟
بەپێچەوانەی كابینەی هەشتەمەوە كە زیاتر پۆستە وزارییە ناخزمەتگوزارییەكانی وەرگرت، لەم كابینەیەدا گۆڕان چەند وەزارەتێكی خزمەتگوزاری وەرگرێت، بەڵام ئەوەی بڕیار لەسەر ئەو پۆستانە دەدات كە بەر گۆڕان دەكەون، رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتییە.
بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی لێدوانی بەرپرسەكانییەوە جەخت  لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات، بەڵام پێدەچێت ئەمە تەنیا وەكو تەكتیكێك بێت بۆ زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم.
(درەو میدیا) زانیاری جیاوازی لەبارەی خواستی گۆڕان بۆ پۆستە باڵان دەستكەوتوو، هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن گۆڕان لە بە وەفدی پارتی راگەیاندووە، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی دەوێت، نەك پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر باسلەوەدەكەن، گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی دەوێت.
پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو پۆستێكی بێ دەسەڵات دەبێت، بەوپێیەی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام رەنگە گۆڕان كێشەیەكی ئەوتۆی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمدا نەبێت، چونكە دەیەوێت بە هەر بەهایەك بێت لە یەكێك لە سەرۆكایەتییەكاندا پۆستێكی هەبێت، تا بتوانێت سەرۆكایەتی تیمەكەی بكات لەناو دەسەڵاتدا.


بەرنامەی حكومەت
وەفدی گۆڕان هاوكات لەگەڵ وەرەقەیەك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان، وەرەقەیەكیشی لەبارەی بەرنامەی حكومەتی داهاتوو خستە سەر مێزی گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەی سێشەممەدا، وەفدی پارتیش لەبەرامبەر وەرەقەی گۆڕان بۆ بەرنامەی حكومەت، ئەویش وەرەقەی خۆی خستوەتەڕوو.
(درەو میدیا) زانیویەتی، وەفدی گۆڕان ناكۆك نەبووە لەسەر ئەو وەرەقەی كە پارتی بۆ بەرنامەی حكومەت ئامادەیكردووە، چونكە پارتی پێشتر لەو وەرەقەیەدا بۆ بەرنامەی حكومەت ئامادەیكردووە، سودی لە داواكاری گۆڕان‌و لایەنەكانی تر لە رابردوودا بینیوە‌و لە پرۆژەكەی خۆیدا جێگای كردوەتەوە، بەڵام بە نوسراو هیچ شتێك لەنێوان گۆڕان‌و پارتیدا زامن نەكراوە لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامانەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand