بارزانیو عەبدولمەهدی رێككەوتنێكی ژێربەژێریان لەسەر بودجە كردووە
2019-01-20 14:21:57
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكی ژێربەژێری لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە بارزانی زامنی بڕە پارەیەكی مانگانەی بۆ ئەو حكومەتە كردووە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو مەسرور بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی دەكات.
كۆتاییەكانی مانگی 11ی ساڵی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراقی كرد، لە دوای ریفراندۆمەكەی 2017وە ئەوە یەكەمجار بوو بارزانی سەردانی بەغداد بكات.
بارزانی لەو سەردانەدا بناغەی قۆناغێكی نوێی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دانا، بەتایبەتی چارەسەركردنی پرسی نەوتو بودجە لە نێوان هەولێرو بەغداد.
بەپێی نوێترین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئێستا رێككەوتنێكی ژێربەژێر لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە لەبارەی پرسی نەوتو بودجەی هەرێمی كوردستانەوە.
رێككەوتنێكی یەكساڵە !
(درەو میدیا) زانیویەتی، دوای گەڕانەوەی بارزانی لە بەغداد، پەیوەندی تەلەفۆنی گەرموگوڕ لەنێوان بەرپرسانی هەرێم (پارتی)و دەسەڵاتدارانی بەغداد دەستیپێكردووە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی بودجەو نەوتی هەرێم.
لەدواین قۆناغدا بەرپرسانی هەولێرو بەغداد رێككەوتوون لەسەر ئەوەی " بۆ ماوەی یەك ساڵ 2019 " بەغداد مانگانە بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، تاوەكو لەماوەی ئەو ساڵەدا هەرێمی كوردستان بە فرۆشی نەوتی خۆی كێشەی قەرزەكانی لەگەڵ كۆمپانیاكان چارەسەر بكات، واتە لەو ساڵەدا هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد نەكاتو بڕێك پارەش لە بەغداد وەرگرێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم رێككەوتنەی لەگەڵ بارزانی لەپای نیشاندانی نیازپاكیی بارزانی بۆ بەغداد كردووە، هاوكات عەبدولمەهدیو بەشێك لە سەركردە سیاسییەكانی بەغداد دەیانەوێت كێشەو ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كۆتایی پێبهێنن، بەتایبەتی دوای شكستهێنانی ریفراندۆمو گەڕانەوەی كورد بۆ ناو چوارچێوە عێراقییەكە.
وەفدەكەی پارتی لە بەغداد !
ئێستا كە پەرلەمانی عێراق لەسەروبەندی پەسەندكردنی پرۆژەی بودجەی ساڵی 2019دایە، وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێكهاتووە لە هەریەكە لە (ئومێد سەباح)و (مەسعود حەیدەر) لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەند كۆبونەوەیەكیان كردووە بۆئەوەی رێگەخۆشكەری بكەن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان بارزانیو عەبدولمەهدی.
چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتنەكە سەربكەوێت، بەوپێیەی مەسعود بارزانی بەجدی كاری لەسەر دەكاتو دەیەوێت چوار ساڵی داهاتوو مەسرور بارزانی كوڕی كە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم دەكات، روبەڕووی قەیرانی دارایی نەبێتەوە.
پارەكەی بەغداد چەندە؟
ریبَوار كەریم مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی كە بڕیارە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەشێوەی مانگانە بەغداد بە هەرێمی كوردستانی بدات (522 ملیار) دینارە، (454 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانەو (68 ملیار) دیناریشی بۆ موچەی پێشمەرگەیە.
رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بڕە پارەیەی كە چاوەڕوان دەكرێت دوای پەسەندكردنی بودجەی 2019, بەغداد مانگانە بۆ هەرێمی بنێرێت (200 ملیار) دیناری لەو بڕە پارەیە زیاترە كە ئێستا بۆ هەرێمی دەنێرێت، ئەم پارەیەش بەشی موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم دەكاتو ئەگەر حكومەت پاشەكەوتی موچە هەڵنەگرێت، جارێكی موچەی موچەخۆران تاڵان دەكات.
ئەو پەرلەمانتارە كوردەی پەرلەمانی عێراق پێشبینیكرد (بڕگەی ج- ماددەی 10) لە پرۆژە یاسای بودجەدا پەسەندبكرێت كە بەپێی ئەو بڕگەیە هەرێمی كوردستان ئەگەر نەوتەكەشی رادەستی بەغداد نەكات، بەغداد مانگانە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم دەنێرێت.
ئەوەی وادەكات پێشبینی بكرێت (بڕگەی ج) لە پرۆژە یاسای بودجە پەسەندبرێت ئەوەیە، ئێستا ئەو بڕگەیە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە، كە ئەو لیژنەیە كۆكراوەی تەواوی فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی عێراقە.
داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم
لە خاڵی جێبەجێبوونی رێككەوتنە ژێربەژێرەكەی نێوان مەسعود بارزانیو عادل عەدبولمەهدیدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی یەكساڵ داهاتی مانگانەی بەمجۆرە دەبێت:
• 522 ملیار دینار كە لە بەغدادەوە دێت.
• 378 ملیار دیناری مانگانە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پێدانی موچە.
• 120 ملیار دینار كە داهاتی ناوخۆیە.
• 30 ملیار دینار كە یارمەتی ئەمریكایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.
كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كورستان لەحاڵەتی ناردنی پارەكەی بەغداددا، دەگاتە (ترلیۆنێكو 50 ملیار) دینار بۆ هەر مانگێك، كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە (897 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە مانگانە دەستیدەكەوێت دەتوانێت پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەڵبگرێتو سەرباری ئەوەش مانگانە بڕی زیاتر لە (150 ملیار) دیناری بۆ بمێنێتەوە.