Draw Media

بەریتانیا ریفراندۆمێكی تر دەكات ؟

بەریتانیا ریفراندۆمێكی تر دەكات ؟

2019-01-16 09:21:51


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەسەر دەستی پەرلەمانی وڵاتەكەی روبەڕووی شكستێكی مێژوویی بووەوە.
پەرلەمان بەزۆرینەی رەهای دەنگ ئەو رێككەوتنەی رەتكردەوە كە مەی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كردویەتی بۆ چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتییەكە "برێگزت"، لە مێژووی بەریتانیادا ئەمە گەورەترین شكستی پەرلەمانییە كە دووچاری حكومەت بوبێتەوە.
(432) ئەندام لەدژی رێككەوتنەكە دەنگیاندا، لەبەرامبەردا (202) ئەندام پشتیوانی رێككەوتنەكەیان كرد، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت ئەو رێككەوتنە جێبەجێ ناكرێت كە ئامادەكراوە بۆ چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا لە رۆژی 29ی ئازاری داهاتوودا.
ئەم ئەنجامە وایكرد، جێریمی كۆربین رێبەری پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن داوا بكات دەنگدان بكرێت بۆ سەندنەوەی متمانە لەو حكومەتەی كە پارێزگاران سەرۆكایەتی دەكەن، پاشان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتدا.
ئەمە گورزێكی بەهێز بوو كە بەر خاتوو تێریزا مەی سەرۆك وەزیران كەوت كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سەرقاڵی دانوستانە بۆ گەیشتن بەو رێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا.
ئامانج لە رێككەوتنەكە ئەوەبوو بەریتانیا بەشێوەیەكی سیستماتیك لە یەكێتی ئەوروپا بكشێتەوە‌و ماوەیەكی راگوزەر دیاری بكرێت كە (21 مانگ) بخایەنێت بەمەبەستی دانوستانكردن لەبارەی گرێبەستی بازرگانی ئازاد.
سەرباری ئەوەی پەرلەمان رێككەوتنەكەی رەتكردەوە، وادەی چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا كە رۆژی 29ی ئازارە، هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام گومانێك دروستبووە لەبارەی میكانیزم‌و وادەی چونەدەرەوەكە.

تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا


سیناریۆكانی دوای شكست !
دوای ئەو شكستەی لە پەرلەمان دوچاری بوو، ئێستا چەند سیناریۆیەك لەبەردەم خاتوو تیریزا مەی دایە، لە گرنگترین ئەو سیناریۆیانە:
•    سیناریۆی یەكەم: هەمواركردنەوەی رێككەوتنی چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا
•    سیناریۆی دووەم: پێشنیازكردنی وادەیەكی نوێ بۆ چونەدەرەوە
•    سیناریۆی سێیەم: سازدانی ریفراندۆمێكی تر لەبارەی چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا
•    سیناریۆی چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە بەشێوەیەكی یەكجارەكی
ئەوەی تائێستا هەیە ئەوەیە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دووبارەكردنەوەی دانوستان لەگەڵ بەریتانیا رەتدەكەنەوە، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت سیناریۆی یەكەم سودی نابێت‌و خاتوو مەی ناتوانێت رێككەوتنەكە هەموار بكات بەوجۆرەی پەرلەمانی وڵاتەكەی دەیەوێت.
سیناریۆی دووەمیش كە دیاریكردنی وادەیەكی نوێیە بۆ چونەدەرەوە، ئەگەری جێبەجێبوونی زۆر سەختە، چونكە مانگی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی یەكێتی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت‌و یەكێتییەكە بەبێ بەریتانیا پلانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەی ئامادەكردووە.


ئەی چارەسەر چییە ؟
گریمانەیەكی تر هەیە كە ئێستا خۆی نمایش دەكات، ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆكایەتی جێریمی كۆربین باس لەم گریمانەیە دەكات، گریمانەكە لەسەر ئەوە بنیادنراوە كە ئەگەر هیچ یەكێك لەو سیناریۆیانە جێبەجێ نەبوو، بەریتانیا بەشێوەی "تاكلایەنە" لە یەكێتی ئەوروپا بكشێتەوە، ئۆپۆزسیۆن دان بەوەدا دەنێت كشانەوە بەشێوەی تاكلایەنە كارێكی ئەستەمە، بەڵام بەبڕوای ئەوان لەمە ئاستەمتر ئەوەیە بەریتانیا بۆ ماوەیەكی زیاتر بەمشێوەیە لە یەكێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە.

جێریمی كۆربین رێبەری پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن


چارەنوسی خاتوو مەی !
ئەگەر پارتی پارێزگاران‌و پارتی كرێكاران بگەنە رێككەوتن، خاتوو تیریزا مەی سەرۆك وەزیران دەبێت بە ناچاری دەستلەكاربكێشێتەوە، كە پێشتر هۆشداریدا لە هەڵوەشانەوەی بەریتانیا ئەگەر پەرلەمان لەدژی رێككەوتنەكە دەنگ بدات.
نزیكەی (118) كەس لە ئەندامانی پارتی پارێزگاران لە پەرلەمان دژی رێككەوتنەكەی تیریزا مەی كە سەربە پارتەكەی خۆیانە دەنگیاندا، ئەوانە بەرەی پارتەكەی خۆیان جێهێشت‌و چونەپاڵ ئۆپۆزسیۆن، بەپێچەوانەوە سێ كەس لە ئەندامانی پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن پاڵپشتی رێككەوتنەكەی حكومەتیان كرد.
پێشبینی دەكرا هەر دوای دەنگدانەكە، خاتوو مەی دەستلە پۆستی سەرۆك وەزیران بكێشێتەوە، بەڵام وای نەكرد‌و لە بەیاننامەیەكی بەپەلەدا ئاماژەی ئەوەیدا كە لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت.
هەڵبژاردنی پێشوەخت
بەپێی یاسای 2011 ی تایبەت بەو پەرلەمانانەی كە ماوەیان دیاریكراوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە بەریتانیا پێنج ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت‌و هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەوێتە ساڵی 2022.
بەڵام ئەگەر وەكو ئەوەی ئۆپۆزسیۆن داوای دەكات، پەرلەمان دەنگ بدات لەسەر سەندنەوەی متمانە لە خاتوو تیریزا مەی، ئەوا پەرلەمانتاران دەسەڵاتی ئەوەیان دەبێت بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی ئاخۆ دەیانەوێت حكومەتی ئێستا بەردەوام بێت لەسەر كارەكەی، ئەگەر متمانەیان لە حكومەت وەرگرتەوە، دەبێت لەماوەی 14 رۆژدا بڕیار لەسەر كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵات بدەن.
ئەگەر لەماوەی ئەو 14 رۆژەدا حكومەتی ئێستا یاخود هەر حكومەتێكی بەدیل نەیانتوانی متمانەی پەرلەمان وەربگرێ، ئەوا بڕیار لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand