ناوچە ئارامەكەی توركیا كۆبانی و قامیشلۆ و گرێ سپی دەگرێتەوە
2019-01-16 12:22:57
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
هەڕەشەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە توركیا بۆ سەپاندنی " ناوچەی ئارام" لە سوریا، ئەگەر ئەنكەرە هێرشبكاتە سەر كوردەكان لە رۆژئاوای كوردستان، جارێكی تر دامەزراندنی "ناوچەی ئارام" ی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هێنایەوە بەرباس.
تائێستا نازانرێت ئەمریكا و توركیا لە دامەزراندنی ناوچەی ئارام هاوڕان یاخود نا؟، چونكە ترەمپ بە مەبەستی پاراستنی كورد ئەو پرسەی هێنایە گۆڕێ و ئەنكەرەش روونە مەبەستی شكستپێهێنانی حكومی خۆبەڕێوەبەری كوردە لەو پارچەیەی كوردستان.
توركیا دەیەوێت چی بكات؟
توركیا زۆر بە گەرمی لەسەر دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە سوریا هاتوەتە سەرخەت و بە گوێرەی روپێوییەكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئەو ناوچەیەی توركیا دەیەوێت بیكاتە ناوچەی ئارام بە شێوەیەیە:
* ناوچەی ئارام بە قوڵایی 20 میل و درێژایی 460 كیلۆمەتر لەسەر سنوری توركیا- سوریا دادەمەزرێنرێت.
* ناوچەی ئارام لە رووباری ساجور لە خۆرئاوای سوریاوە درێژدەبێتەوە بۆ شاری مالیكە لە خۆرهەڵاتی سوریا.
* ناوچەی ئارام شاری كۆبانێ، گرێ سپی و هەشت قەزای هەردوو پارێزگای حەسەكە و رەققە دەگرێتەوە.
* مەنبەج دەكەوێتە دەرەوەی ناوچەی ئارامەوە و توركیا دەیەوێتی نەخشەرێگەی تایبەت بەو شارۆچكەیە جێبەجێ بكات كە لەگەڵ ئەمریكا لەسەری رێككەوتون.
ناوچەی ئارام لە ژێر كۆنترۆڵی توركیادا قبوڵ ناكەین
ئاڵدار خەلیل بەرپرسی كۆمیتەی دیپلۆماسیی بزوتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (تەڤدەم) لەبارەی بابەتەكانی پەیوەندیدار بە 'ناوچەی ئارام' لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوز وتی:" ئێمەش پرسیارەكەمان ئەوەیە كێ دەپارێزن؟ یەپەگە و یەپەژە یان داعش؟ ئەگەر ئەوە نزیكایەتیی ئەوان بێت لە دژی داعش خۆی لە خۆیدا داعش نەماوە. لە دژی رژێم بێت، خۆی لە خۆیدا رژێم لەم ناوچەیەدا كاریگەریی نییە، بەڵام ئەگەر لە دژی یەپەگە و یەپەژەیە، ئەوا دەبێت بابەتەكە روون بكرێتەوە. ناتوانن بڵێن 'ئێمە ئەم ناوچەیە لە توركیا دەپارێزین' چونكە توركیا گروپێكی چەكداری ئاسایی نییە. دەكرێت لە دژی گروپە چەكدارەكان رێوشوێنی كردەیی بگیرێنە بەر، بەڵام ئەگەر دەیانەوێت باكوری سوریا لە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بپارێزرێت، ئەوە دەتوانن ئەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان بە بڕیاری ناتۆ ئەنجامی بدەن.
ئاڵدار خەلیل راشیگەیاند "ئەگەر بیانوتایە 'ئێمە ناوچەی دژە فڕین دروست دەكەین' ئێمە لێی تێدەگەیشتین، چونكە یەپەگە و یەپەژە فڕۆكەیان نییە. لەو كاتەدا دەیتوانی بڵێت، كە لە دژی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتەكان رێوشوێنی پێویست بگیریتە بەر. بەڵام شێوەی لێكدانەوەی بابەتەكە گومانی دروستكردووە و ترامپ و ئەردۆغان لەسەر رۆژئاوا، باكووری سوریا و رۆژهەڵاتی فورات رێككەوتون و دەیانەوێت پلانەكەی خۆیان لەلایەن توركیاوە جێبەجێ بكەن و توركیا لە هەرێمەكەدا بكەنە باڵادەست. بە هیچ شێوەیەك نابێت و ئەستەمە ئێمە لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا 'ناوچەی ئارام'، یان 'پشتوێنەی ئەمنی' لە ژێر كۆنترۆڵی توركیادا قبوڵ بكەین".
روسیا: پێشوازی لە دانوستانی کورد و دیمەشق دەکەین
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند بە بۆچوونی مۆسكۆ باشترین چارەسەر بۆ دۆخی خۆرهەڵاتی فورات " رۆژئاوای كوردستان" ئەوەیە بخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی دیمەشق.
لاڤرۆڤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" ئەمریكا 20 بنكەی سەربازی لە خۆرهەڵاتی فورات دامەزراندووە و و ئەوەش بە سروشتی حاڵ مایەی نیگەرانی توركیایە".
لاڤرۆڤ راشیگەیاتد پێشوازی لە پەیوەندییەكانی نێوان نوێنەرانی كورد و دەسەڵاتدارانی سوریا دەكەن بە ئامانجی رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی ژیان لەناو یەك دەوڵەتدا بەبێ دەستێوەردانی دەرەكی".
هەسەدە مەرجی هەیە
هێزەكانی سوریای دیموكراتیش لە بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی خۆی دەربارەی " ناوچەی ئارام" ئاشكراكرد و رایگەیاند لە دامەزراندنی ئەو ناوچەیەدا كە سەرۆكی ئەمریكا باسی لێوەكرد هاوكاری دەكەن، بەڵام بەو مەرجەی گرەنتی نێودەوڵەتی هەبێت و بەبێ دەستوەردانی دەرەكی بێت.