هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە نێوان 2015 و 2019 دا
2019-04-11 09:38:55
راپۆرتی: درەو میدیا
بە پێچەوانەی ئێستاوە لە پرۆژە یاساكەیاندا لە 2015، فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان داوای دوو جێگری دەركرد و یەكێتی داوای یەك جێگرى دەركرد بۆ سەرۆكی هەرێم ، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت و یەكێتی داوای دوو جێگر دەكات.
لە پرۆژە یاسای تەواوی فراكسیۆنەكاندا لە 2015 داوا دەكرا دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم پرۆتۆكۆڵی بن هاوشێوەی سەرۆككۆماری عێراق، بەڵام ئێستا یەكێتی و گۆڕان هەردوكیان رازین سەرۆكی هەرێم بەتەواوی دەسەڵاتەكانیەوە هەڵبژێردرێت.
تاكە خاڵی هاوبەشی ئەو كات و ئێستای پرۆژە یاسای فراكسیۆنەكان هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بووە لەناو پەرلەماندا، ئەوكات بەدەنگدانی نهێنی و ئێستا بە دەنگدانی ئاشكرا، ئەو كات بە دوو لەسەر سێ و ئێستا بە زۆرینەی رەها( 50+1 )
پرۆژە یاساكانی لە نێوان 2015 و 2019 دا
لە ساڵی 2015 داو لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی تەمەنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆرێك لە لایەنەكان پرۆژە یاسایان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد( ئێستا لە سایتی پەرلەماندا هەیە) ، لەوانە ( گۆڕان ، یەكێتی، كۆمەڵ و یەكگرتوو، ژمارەیەك پەرلەمانتار) گەر بەراوردی ئەو پرۆژە یاسایانە بكرێت لەگەڵ ئێستا جیاوازییەكان زۆرن و تەواو پێچەوانەی پرۆژە یاساو هەڵوێستەكانی ئێستان لەوانە:.
• لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە 2015سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت و لە مادەی دووەم بڕگەی دووەمیدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە هاوكاریی دەكەن لە راپەڕاندنی ئەركەكانیدا و لە كاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرنەوە بەپێی ریزبەندییان. بەڵام لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی ( یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو و ژمارەیەك پەرلەمانتاردا) سەرۆكی هەرێم تەنها جێگرێكی دەبێت، وەك لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە" سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێت بۆ فەرمانداری گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان" بەڵام لە پرۆژەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا ئەوەشخراوەتەوە روو" ئەگەر پلەو پایەی سەرۆكی هەرێم لەبەر هەر هۆیەك چۆڵ بوو جێگرەكەی جێگەی دەگرێتەوە".
بەڵام لە ئێستادا ئەوە بەتەواوی پێچەوانە بۆتەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان داوای یەك جێگر دەكات كە لە پرۆژەكەی 2015 دا داوای دوو جێگری دەكرد و فراكسیۆنی یەكێتی داوای دوو جێگر دەكات كە لە پرۆژەكەی 2015 داوای یەك جێگری دەكرد.
• سەبارەت بەوەی سەرۆكی هەرێم "دەسەڵاتی باڵای راپەڕاندن"ە كەلە مادەی یەكەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم 2005 دا هاتووە" هەرێم سەرۆكێكی دەبێت كە سەرۆكی باڵای راپەڕاندنیشە" لە پرۆژەكەی فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتیش 2015 ئەو مادەیە هەر لابراوە، تەنها لە پرۆژەكەی كۆمەڵدا هاتووە كە" سەرۆكی هەرێم سەرۆكی باڵای جێبەجێكردنە"
بەڵام ئێستا 2019 بە پێچەوانەوە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی هەردووكیان رازین بەوەی مادەی یەكەمی یاساكەی 2005 وەك خۆی بمێنێتەوەكە " هەرێم سەرۆكێكی دەبێت كە سەرۆكی باڵای راپەڕاندنیشە" بەڵام كۆمەڵ و یەكگرتوو ئێستا داوای كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەكات .
• لە تەواوی پرۆژە یاسای فراكسیۆنەكاندا لە 2015، داوا دەكەن سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرێت.
• لە بڕگەی یەكەمی مادەی سێیەمی پرۆژە یاساكەی 2015 ی فراكسیۆنی گۆڕاندا داوا دەكات كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا بە نهێنی بێت و تیایدا هاتووە" پەرلەمانی كوردستان لەنێو پاڵیوراوەكاندا لە رێگەی دەنگدانی نهێنی بە زۆرینەی دوولەسەرسێیەكی ئەندامەكانی سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت" بەڵام لە پرۆژە یاساكەی 2019 دا داوا دەكات بە زۆرینەی رەها ( 50 +1 ) و بە دەنگدانی ئاشكرا سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت.
بەڵام لە لە بڕگەی یەكەمی مادەی سێیەمی پرۆژە یاساكەی 2015 ی یەكێتیدا داوا دەكات دەنگدان بەسەرۆكی هەرێم لەنێو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەڵبژێردرێت بە نهێنی و دوولەسەر سێ، كە ئێستا پێچەوانەیەو رازین بەوەی بە زۆرینەی رەهاو بە ئاشكرا هەڵبژێردریت.
تەنها لە پرۆژە یاساكەی كۆمەڵ و یەكگرتوودا 2015 داوایانكردووە كە سەرۆكی هەرێم بە زۆرینەی رەها بێت ( 50+1 ) و بە دەنگدانی نهێنی بێت.
• سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە پرۆژە یاسای تەواوی فراكسیۆنەكاندا لە 2015 داوا دەكەن دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم پرۆتۆكۆڵی بێت.
لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا 2015 لە بڕگەی یەكەم مادەی دووەمیدی داهاتووە" هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی دەبێت كە نوێنەرایەتیی گەلی كوردستانو یەكگرتویی دەكاتو نوێنەرایەتیی دەكات لە بۆنە نیشتیمانیەكان و، تێدەكۆشێت بۆ زامن كردنی پابەندیی دەسەڵاتەكان بە دەستورو یاساكانو، هەڵدەستێت بە هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانو، هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتیی باڵای هێزە چەكدارەكانو ئەنجومەنی ئاسایش بە مەبەستی پرۆتۆكۆلیو، سەركردایەتیی ئەم هێزانەو ئەنجومەنی ئاسایش بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەسپێردرێت"
بەڵام ئێستا 2019 پرۆژەكەی فراكسیۆنی گۆڕان و پارتی تەواوی دەسەڵاتەكان دەداتەوە بە سەرۆكی هەرێم تا نوسینەوەی دەستور، كە فەرمانداری گشتی هێزە چەكدارەكانەو دەسەڵاتی باڵای راپەڕاندنیشە زیاتر لە 22 دەسەڵاتی هەیە.
لە پرۆژەكەی یەكێتیدا 2015 دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەتەواوی دەكاتە تەشریفاتی و لە مادەی دووەمی پرۆژە یاساكەدا هاتووە" سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیشانەی یەكگرتوویی گەل و خاكی كوردستانە، نوێنەرایەتی هەرێم لە نێوەندە نێودەوڵەتی و ئەقلیمیەكان و لە بۆنە گشتی و نیشتیمانییەكاندا دەكات و هەڵدەستێ بە هەماهەنگی كردن لە نێوان دەسەڵاتەكانی ئیتیحادو دەسەڵاتەكانی هەرێم" كە ئەم دەسەڵاتانە هاوشێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كۆماری عێراقە، بەڵام ئێستا فراكسیۆنی یەكێتی رازیە كە سەرۆكی هەرێم بە تەواوی دەسەڵاتەكانیەوە هەڵبژێردرێت تا نوسینەوەی دەستور.
لە پرۆژە یاساكەی كۆمەڵ و یەكگرتوودا 2015 لە مادەی یەكەمدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم نوێنەرایەتی هەرێم دەكات لە بۆنە نیشتیمانیەكان هەوڵ ئەدات بۆ پابەندی دەسەڵاتەكان بەدەستوورەوە، وەك پرۆسەیەكی پرۆتۆكۆڵی سەركردایەتی هێزی پێشمەرگە دەكات"
• لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە مادەی دووەمی بڕگەی چوارەمیدا دەڵێت" سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانیان بەر لە سوێندخواردنیان دەبێت دەست لە پۆستە حزبیەكانیان هەڵگرن" لە مادەی پێنجەمی پرۆژە یاسكەشدا داوا دەكات ئەو كەسەی خۆی دەپاڵێوێت بۆ سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی دەبێت دەستبەرداری پۆستە ئەمنی و سەربازیەكەی بێت، بەڵام لە پرۆژەكەی ئێستای گۆڕان و پارتیدا 2019 ئەو خاڵە نەهاتووە، واتا سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی دەتوانن پۆستی حكومی و حزبیشیان پێكەوە هەبێت.
• لە پرۆژە یاساكەی یەكێتیدا لە مادەی شەشەم و لە مەرجەكانی پاڵێوراو بۆ سەرۆكی هەرێم لە بڕگەی حەوتەمدا دەڵێت" بەشدارو هاوكار نەبووبێت لە هیچ پرۆسەیەك كە لەلایەن رژێمی بەعس و هێزە داگیركەرەكانی كوردستان دژ بە خاك و خەڵكی كوردستان ئەنجام درابێت" بەڵام لە ئێستادا هیچ مەرجێكی لەو شێوەیەیان نیە.
ئەگەر بەراوردێكی ووردی نێوان پرۆژە یاساكانی 2015 ی تەواوی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بكەیت بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم( كەلە ئێستادا لە سایتی پەرلەمان هەیە) ، لەگەڵ ئەو پرۆژەو هەنگاوانەی ئێستا تەواو جیاوازەو پێچەوانەی روانین و هەڵوێستەكانی ئەو كات و ئێستایە، لە كاتێكدا بەهۆی ئەو هەنگاوو پرۆژانەی 2015 ەوە هەرێمی كوردستان كەوتە بەردەم بارودۆخێكی نەخوازراو بەجۆرێك رێگری لە سەرۆكی پەرلەمانكراو سەرۆكی هەرێمیش لە رێگەی ئەنجومەنی شوراوە تەمەنی خۆی درێژكردەوە.