Draw Media

حاكمی نوێی سودان لە لیستی رەشی ئەمریكادایە

حاكمی نوێی سودان لە لیستی رەشی ئەمریكادایە

2019-04-11 14:22:09


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ
دوای چوار مانگ خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی بەردەوام لە شەقام، كۆتایی بە حوكمی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی سودان هات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ خەڵكی سودان كاتێك میلی رادیۆكانیان خستەسەر ئێزگەی فەرمی وڵاتەكەیان لە (ئوم دەرمان)، گوێیان لە گۆرانی‌و میوزیكی سەربازی بوو، ئێزگەكە ماوە لەدوای ماوە ئاگادارییەكیشی بڵاودەكردەوە‌و دەیوت" پاش كەمێكی تر فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان بەیاننامەیەكی گرنگ بڵاودەكاتەوە"، كاتێك بەتەواوەتی تیشكی رۆژ لە ئاسۆ دەركەوت‌و خەڵك لە ماڵەكانیان هاتنە دەرەوە، دیمەنی سەرباز‌و تانكیان لە شەقامەكانی خەرتومی پایتەخت بینی.
دوای ئاگادارییەكان لە ئێزگە‌و تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتەوە سەبارەت بە راگەیاندنی بەیاننامەیەكی گرنگ لەلایەن سوپاوە، خەڵك پەیتا پەیتا بەرەو بەردەم بارەگای گشتی فەرماندەیی سوپا لە پایتەخت رۆشتن‌و ئاهەنگی سەركەوتن‌و كۆتاییهاتنی حوكمی (30) ساڵەی عومەر بەشیریان گێڕا.
دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، دواجار عەوەز بن عەوف وەزیری بەرگری سودان‌و جێگری سەرۆك كۆمار لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەركەوت‌و دەستیكرد بە خوێندنەوەی بەیاننامە مێژووییەكە.
وەزیری بەرگری، دەستبەسەركردن‌و لەكارلادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵاتی راگەیاند، بەڵام وتی "بەشیر لە شوێنێكی ئارامدایە‌و پارێزراو دەبێت".
وەزیری بەرگری بەرپرسیارێتی بارودۆخی سودانی خستەئەستۆی بەشیر‌و تۆمەتباریكرد بەوەی لەماوەی رابردوودا بۆ چارەسەركردنی بارودۆخەكە‌و خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی خەڵك، تەنیا پەنای بۆ چارەسەری سەربازی بردووە.
وەزیری بەگری سودان لە چەند خاڵێكدا پلانی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتی بۆ قۆناغی دوای لەكارلادانی عومەر بەشیر راگەیاند، كە ئەمانەن:
•    هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و پەرلەمان‌و ئەنجومەن‌و حكومەتی هەرێمەكان.
•     دەستپێكردنی قۆناغی راگوزەر (ئینتیقالی) بۆ ماوەی دوو ساڵ بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی سەربازی، كە وەزیری بەرگری خۆی سەرۆكایەتی دەكات.
•     راگەیاندنی باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ‌و قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی مانگێك.
•     داخستنی سەرجەم دەروازە سنورییەكان‌و بواری ئاسمانی سودان تا كاتێكی نادیار.
•     ئازادكردنی سەرجەم دەستگیركراوانی سیاسی لە سودان.
•     كاری دەسەڵاتی دادوەری‌و دادگای باڵای دەستور وەكو خۆی بەردەوام دەبێت بەبێ گۆڕانكاری.
•     كاری باڵیۆزخانەكانی سودان لە وڵاتان وەكو خۆیان بەردەوام دەبن.
•     دەسەڵاتی نوێ لە سودان رێز لە هەموو ئەو رێككەوتنە نێودەوڵەتییانە دەگرێت كە دەسەڵاتی پێشووی كردویەتی.


لە ئاهەنگگێڕانەوە بۆ نیگەرانیی !
خۆپیشاندەران سەرەتا بە ئاهەنگگێڕان پێشوازییان لە خوێندنەوەی بەیاننامەكەی سوپا كرد، بەڵام ئێستا‌و دوای خوێندنەوەی بەیاننامەكە، سەرەتای قۆناغێكی ناڕەزایەتی نوێ دەستیپێكردووە.
گردبونەوەی سەندیكا پیشەییەكان كە لەماوەی چوار مانگی رابردوودا سەرۆكایەتی خۆپیشاندانەكانی سودانی كرد، لەیەكەم كاردانەوەدا بەیاننامەكەی سوپای رەتكردەوە.
گردبونەوەكە داوا دەكات، دەسەڵات لەدوای بەشیر، رادەستی حكومەتێكی مەدەنی ئینتیقالی بكرێت، نەك سوپا.
ئێستا رایگشتی سودان‌و تەنانەت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەسەر دوو بۆچوندا دابەشبووە، بۆچونێكیان دەڵێ:" سوپا بە سودوەرگرتن لە ناڕەزایەتییەكان شەقام، كودەتای سەربازی بەسەر بەشیردا كردووە‌و دەیەوێت دەستبەسەر دەسەڵاتدا بگرێت".
هەندێكیش نیگەرانن لەوەی عەوەز بن عەوف وەزیری بەرگری بۆ ماوەی دوو ساڵی تر سەرۆكایەتی وڵات بكات، بەوپێیەی ئەو خۆی كەسێك بوو لە رژێمەكەی عومەر بەشیر.
لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە كە ستایشی سوپای سودان دەكات‌و دەڵێ" سوپا بەم هەنگاوە پشتیوانی لە گەل كردووە‌و كۆتایی بە حوكمی بەشیر هێناوە".
ماوەی دوو ساڵی حوكمی ئەنجومەنی سەربازی لەدوای بەشیر، لەلایەن سوپاوە، نیگەرانی دروستكردووە‌و هەندێك دەڵێن ئەو ماوەیە زۆرە.


چۆن دۆخەكە بە ئێستا گەیشت ؟
لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردووەوە، شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندان لە سودان دەستیپێكرد، سەرەتا خۆپیشاندانەكان دژی (گرانی نرخ)‌و (خراپبوونی باری بژێوی خەڵك) بوون، بەڵام دواتر ناڕەزایەتییەكان سەریانكێشا بۆ داوای دەستلەكاركێشانەوەی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵات، كە ماوەی 30 ساڵە جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە.


كێ سەرۆكایەتی خۆپیشاندەرانی دەكرد ؟
ئەوانەی سەرۆكایەتی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی ئەمجارەی سودانیان كرد، حزبە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان نەبوون، بەڵكو رێكخراوێك بوو بەناوی "گردبونەوەی سەندیكا پیشەییەكانی سودان".
ئەم رێكخراوە ساڵی 2013 دروستكرا، ئەوكات هاوشێوەی ئێستا شەپۆلێك ناڕەزایەتی سودانی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی گردبونەوەكە دواكەوت بۆ ساڵی 2018، چونكە ئەوكات كە سەرەتا رێكخراوەكە دروستكرا، دەسەڵاتدارانی سودان سەركردەكانی جوڵانەوەكەیان دەمكوت كرد.
گردبونەوەی سەندیكا پیشەییەكان پێكدێت لە ئەندازیار‌و مامۆستایانی زانكۆ‌و پزیشكان، ئامانجی دروستكردنی گردبونەوەكە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینییەوە:
•     دروستكردنی گردبونەوەیەك كە جێگای متمانەی خەڵك بێت‌و بتوانێ شوێنی هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان بگرێتەوە.
•     دۆزینەوەی بەدیلێك بۆ سەندیكا پیشەییەكان كە دەسەڵات كۆنترۆڵی كردوون.
•     دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ مانگرتنی گشتی وەكو ئامرازێكی ئاشتیانە بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری سیاسی.
گردبونەوەی رێكخراوە پیشەییەكانی سودان كە سەرۆكایەتی ناڕەزایەتییەكانی كرد لە چوار مانگی رابردوودا، لە (8) رێكخراو پێكدەهات، گرنگترینیان بریتی بوون لە:  
•     هاوپەیمانی پارێزەرە دیموكراتخوازەكان
•     تۆڕی رۆژنامەنوسانی سودان
•    لیژنەی ناوەندی پزیشكان
•     لیژنەی مامۆستایانی سودان  
داواكارییەكانی بنەڕەتییەكانی گردبونەوەكە لە چوار مانگی رابردوودا خۆی لەم خاڵانەدا دەبینییەوە:
•     دەستلەكاركێشانەوەی عومەر بەشیری سەرۆكی وڵات بەبێ هیچ مەرجێك.
•     پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتیمانی راگوزەر بۆ ماوەی چوار ساڵ لە كەسانی تەكنۆكرات.
•     راگرتنی پێشێلكارییەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی كە ئازادییە گشتییەكان كۆتوبەند دەكەن.
ئەم خاڵانە لەلایەن هەمو رێكخراوەكانی ناو گردبونەوەكەوە پەسەندكران‌و لەسەرەتای ئەمساڵدا وەكو نەخشەرێگایەك ئیمزایان لەسەر كرا.

بەشیر.. كۆتایی 30 ساڵ دەسەڵات
عومەر بەشیر كە ئەمڕۆ لە دەسەڵات لادرا‌و دەستبەسەركرا، ساڵی 1989 كودەتای بەسەر (سادق مەهدی)دا كرد‌و جڵەوی دەسەڵاتی گرتەدەست.
عومەر بەشیر ناوی تەواوەتی (عومەر حەسەن ئەحمەد بەشیر)ە، پلەی سەربازییەكەی لە سوپای سوداندا (موشیر) بوو.
عومەر بەشیر لە گوندی (حۆش بانقا- شندا) لە ویلایەتی رووباری نیل لە رۆژی 1/1/ 1944 لەدایكبووە.
لەبارەی ژیانی تایبەتی عومەر بەشیرەوە زانیاری زۆر لەبەردەستدا نییە، دەوترێت خێزاندەرە‌و دوو ژنی هەیە، بەڵام منداڵی نییە، هاوسەری دووەمی، ژنی پێشووی (ئیبراهیم شەمسەدین)ە كە یەكێكە لە پاڵەوانە جەنگ لە باكوری وڵات.
بەشیر لەماوەی سەرۆكایەتیدا پاڵپشتی لە فرەژنی دەكرد‌و هانی سەركردەكانی وڵاتەكەی دەدات زیاتر لە هاوسەرگیرییەك بكەن، بۆ ئەوەی چاودێری ئەو ژنانە بگرنە ئەستۆ كە بەهۆی جەنگی ناوخۆییەوە بێوەژن كەوتوون.
لەسەرەتای حوكمی عومەر بەشیردا، سودان لەڕووی ئابورییەوە تاڕادەیەك گەشایەوە، بەڵام سەرباری ئەو سەقامگیرییەی كە لە سێ دەیەی حوكمی بەشیردا لە سودان هەبوو، لەبری باشبوونی زیاتری بژێوی خەڵك، ئابوری بەرەو داكشان رۆشت.
ساڵی 2013 خۆپیشاندانی میللی بەرفراوان لە سودان دژ لە حوكمی بەشیر دەستیپێكرد، ئەوكات هۆكاری ناڕەزایەتییەكان بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی‌و ماددە خۆراكییەكان‌و خراپی بژێوی گشتی بوو، ئەوكات هێزە ئەمنییەكان بەتوندی روبەڕووی خۆپیشاندەران بونەوە‌و لانی كەم 200 خۆپیشاندەر كوژران، ژمارەیەكی زۆر خوێندكارو كرێكاریش دەستگیركران‌و زۆرێكیان روبەڕووی ئەشكەنجەدان بوونەوە.
ئەوكات كە خۆپیشاندەران فشاریان كرد، عومەر بەشیر رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2015 خۆی كاندید ناكاتەوە، بەڵام دواتر پەیوەست نەبوو بە بەڵێنەكەیەوە.
عومەر بەشیر بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سەربازییەكان، كۆلێژی فەرماندەیی‌و ئەركانی مالیزیا بەدەستهێناوە، هاوكات بڕوانامەی ماستەری هەیە لە زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی جەزیرە.
بەشیر ساڵی 1989 دوای كودەتا سەربازییەكەی، لە 30 حوزەیرانی هەمان ساڵدا بووە بە سەرۆكی ئەنجومەنی رزگاری نیشتمانی، لەدوای ئەوەوە پۆستی سەرۆكی وڵاتی وەرگرتووە:
•     سەرۆكی كۆماری سودان لە 16ی ئەیلولی 1993
•    نیسانی 1996 بە سەرۆكی كۆمار هەڵبژێردرایەوە
•    ساڵی 2001، 2010، 2015 بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرایەوە
•    ساڵی 2005 رێككەوتننامەی "نیڤاشا"ی لەگەڵ جۆن گەرەنگ سەرۆكی بزوتنەوەی میللی رزگایخوازی سودان ئیمزاكرد‌و بەو رێككەوتنە كۆتایی بە درێژترین جەنگی ناوخۆیی لە سودان هات، كە 21 ساڵی خایاندو دواجاریش بووە هۆی لەدایكبوونی كۆماری باشووری سودان‌و لەتبوونی سودان.
•    مانگی ئازاری 2009 دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرد، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ‌و دژ بە مرۆڤایەتی لە هەرێمی دارفور.

كێ دوای بەشیر حوكمی سودان دەكات ؟
23ی شوباتی 2019، عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی سودان عەوەز بن عەوف، وەزیری بەرگری كردە جێگری یەكەمی خۆی لەگەڵ مانەوەی پۆستەكەی وەك وەزیری بەرگری.
عەوف، دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستە نوێیەكەیدا بە زمانێكی جیاواز لەگەڵ خۆپیشاندەراندا قسەیكردو رایگەیاند، ئەو گەنجانەی كە بەشداری خۆپیشاندانەكان دەكەن خواست‌و داواكاری گونجاویان هەیە.
عەوف سەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوو لە قەڵای (ود مالك) لە گوندی "قەرا" لە دایكبووە، لە لاوێتیدا پەیوەندی بە كۆلێژی جەنگیی میسرەوە كردووە، دوای تەواوكردنی خوێندنی سەربازی، لە ریزی سوپای سوداندا كاریكردووە.
لەمیانی خزمەتی سەربازیدا، چەندین پۆستی وەك بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیو ئاسایش‌و جێگری سوپاسالاری بەڕێوەبردووە.
دوای خانەنشینبوونی، ساڵی 2010 كرا بە باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوە، پاشان بووە بە كونسوڵی گشتی سودان لە قاهیرە، دواتر بووە باڵیۆزی خەرتووم لە عومان.
ئابی 2015 عومەر حەسەن بەشیر بە مەرسومێكی كۆماریی، فەریقی یەكەمی روكن (عەوەز محەمەد ئەحمەد بن عەوف)ی وەك وەزیری بەرگری دیاریكرد.
لیژنەی بەداوداچوونی راستییەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە دۆخی دارفۆر ساڵی 2005 ناوی عەوەز بن عەوفی خستە لیستی ئەو كەسانەی بەرپرسن لە خراپی بارودۆخی ناوچەكە، پاشان ئەمریكاش خستیە لیستی رەشەوە، بەهۆی رۆڵی عەوف وەك فەرماندەی هەواڵگری سەربازی‌و رۆڵی لەناو سوپادا لەكاتی شەڕی دارفۆردا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand