Draw Media

هەرێم پابەندی سزاكانی ئەمریكا دەبێت ؟

هەرێم پابەندی سزاكانی ئەمریكا دەبێت ؟

2019-04-18 17:30:49


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ململانێی ئێران‌و ئەمریكا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان توند دەبێتەوە، كونسوڵی ئەمریكا چاودێری جێبەجێكردنی ئەو سزایانە دەكات كە وڵاتەكەی بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی.
ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر سەردانی بەڕێوبەری گومركی راپەڕینی كرد لە سنوری ئیدارەی راپەڕین.
بەپێی هەواڵێك كە لە پەیجی فەرمی كونسوڵگەری ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، سەردانەكەی كونسوڵی ئەمریكا بۆ لای بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین" بۆ گفتوگۆكردن بووە دەربارەی ئاستەنگەكانی بەردەم بەڕێوەبردنی ئەو سنورە دوورو درێژەی هەرێم لەگەڵ ئێراندا".
لە كۆبونەوەكەدا كونسوڵی ئەمریكا لەگەڵ بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین قسەوباسی كردووە لەبارەی " ئەو هەڕەشانەی بەهۆی كاری قاچاغ‌و خۆدزینەوە لە سزاكان دروست دەبن".

گەڕانەوەی سزاكان بۆسەر ئێران
سەرەتای مانگی 11ی ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو سزایانەی كاراكردەوە كە پێشتر بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە، بەسەر ئێرانیدا سەپاندبوو.
گەڕانەوەی سزاكان بۆسەر ئێران دوای ئەوەهات، مانگی ئایاری ساڵی رابردوو ترەمپ لە لێدوانێكدا رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران‌و وڵاتانی (5+1)ی بە "شەرمەزاریی لە جەوهەركەیدا" وەسفكرد.
رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران‌و هێزە نێودەوڵەتییەكانی لەساڵی 2015، تایبەت بوو بە كەمكردنەوەی سزاكان لەسەر ئێران لەبەرامبەر سنورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی تاران.
(بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو ڕوسیاو چین) كە لایەنی بەشدارن لە ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2015، دوای كشانەوەی تاكلایەنەی ئەمریكا، پاپەندبونی خۆیان بەڕێككەوتنەكە دووپاتكردەوە. 
ترەمپ پێیوایە، مەرجەكانی ڕێككەوتنەكە قبوڵكراونین‌و ڕێگە لە ئێران ناگرن پرۆگرامی موشەكە بالستییەكانی پێشنەخات‌و دەستوەردان نەكات لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە، بەڵام لەكاتی خۆیدا باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەرگری لە رێككەوتنەكە كردو ڕایگەیاند" ڕێگە لە ئێران دەگرێت چەكە ئەتۆمییەكانی پێشبخات".
ئەوكات كە ترەمپ سزاكانی بۆسەر ئێران گەڕاندەوە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەو سزایانەی وڵاتەكەی بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، (600) كەسایەتی‌و كۆمپانیای بواری دارایی دەگرێتەوە.
پۆمپیۆ لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی (فۆكس نیوز)ی ئەمریكی وتی:" ئەو سزایانە ئێران لەبازاڕی نەوت دادەبڕێت.. بەڵام گەلی ئێران لەو سزایانە زەرەرمەند نابێت".
ئەمریكا ئەوكات (8) وڵاتی بۆ ماوەی (6 مانگ) لە سزاكانی سەر ئێران بوارد، تائەوەی ئەو وڵاتانە خۆیان وردە وردە بازرگانی  لەگەڵ ئێران كۆتایی پێبهێنن.
هاوپەیمانەكانی ئەمریكا (ئیتاڵیاو هیندو ژاپۆن‌و كۆریای باشور) لەنێو ئەو وڵاتانەدان كە نەوتی ئێران هاوردە دەكەن‌و لێخۆشبوونی مەرجداریان بۆ كراوە، بەپێی ڕاپۆرتێكی (ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس)، (توركیا) یەكێكی ترە لەو وڵاتانەی كە ئەمریكا ئاسانكاری بۆ كردووە. 
یەكێك لەو وڵاتانە تر مەرجەكەی ئەمریكا گرتییەوە، عێراق بوو، كە هەرێمی كوردستان ئەوكات‌و ئێستاش بەشێكە لە عێراق.
ئەمریكا بەمدواییە ماوەی (3 مانگ)ی تر كاتی بۆ عێراق درێژكردەوە بازرگانی كەلوپەلی پێویست لەگەڵ ئێراندا بكات بەتایبەتی كارەبا‌و غازی سروشتی، عێراق بڕی (هەزارو 300 میگاوات) كارەبا‌و (28 ملیۆن مەتر سێجا) غازی سروشتی لە ئێران دەكڕێت.
لەدوای گەڕانەوەی سزاكان بۆ سەر ئێران، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی عێراقی كرد‌و ژمارەیەك یاداشتی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەرۆك  وەزیرانی عێراق ئیمزا كرد، هەندێك لەوانە رێككەوتن بوون لە بواری بازرگانی.
پاشان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانی كرد، وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ سەردانەكەی رۆحانی.
بەمدواییە ئێران لە دەستپێشخەرییەكی نوێدا نرخی پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی عێراقی هەڵگرت، ئەمەش بەمەبەستی راكێشانی ژمارەیەكی زیاتری گەشتیان لەم دۆخە ئابورییە نالەبارەدا بۆ وڵاتەكەی.

سزاكان چی دەگرێتەوە ؟
سزا نوێكان ڕێگە لە ئێران دەگرێت دۆلاری ئەمریكی لەكاری بازرگانیدا بەكاربهێنێت، ئەوەش بە گورزێكی " گورچكبڕ" دادەنرێت بۆ هەناردەكردنی نەوتی ئێران كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی ئەو وڵاتەیە.
ئەمریكا بە دوو قۆناغ سزاكانی بۆسەر ئێران گەڕاندوەتەوە، قۆناغی یەكەم خۆی لەم سزایانە دەبینێتەوە:
* قەدەغەكردنی ئاڵوگۆڕ بە دۆلار لەگەڵ حكومەتی ئێران، لەگەڵ قەدەغەكردنی مامەڵەی بازرگانی بە كانزا بەنرخەكان‌و بەتایبەتیش ئاڵتون‌و سزادانی ئەو دامەزراوەو حكومەتانەی مامەڵە بە (ڕیاڵ)ی ئێران‌و مامەڵە بانكییەكان لەگەڵ ئێران دەكەن.
* قەدەكردنی هاوردە یاخود كڕینی لیستێك لە كانزاكان، لە دیارترینیان (ئەلەمنیۆم، ئاسن‌و پۆڵا)، لەگەڵ سەپاندنی بەربەست بەسەر كەرتی دروستكردنی ئۆتۆمبیل‌و فەرش  لە ئێران.
* قەدەغەكردنی هاوردەو هەناردەی تەكنەلۆژیای پەیوەست بە بەرنامەی پیشەسازی تایبەت بە هەردوو مەبەستی مەدەنی‌و سەربازی. 

قۆناغی دوەمی سزاكانیش خۆی دەبینێتەوە لە:
* سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كۆمپانیایانەی ئیدارەی بەندەرەكانی ئێران دەدەن، لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی لەبواری گواستنەوەی ئاویی‌و دروستكردنی كەشتیدا كاردەكەن.
* سەپاندنی سزای گشتگیر بەسەر كەرتی وەزی ئێران، بەتایبەت كەرتی نەوت.
* سەپاندنی سزا بەسەر بانكی ناوەندیی ئێران‌و مامەڵە داراییەكانی.

هەرێمی كوردستان‌و ئێران
"هەر كەسێك لەگەڵ ئێران بازرگانی بكات، ناتوانێت لەگەڵ ئەمریكا بازرگانی بكات" ئەمە قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بوو بەر لە گەڕاندنەوەی سزاكان بۆسەر ئێران.
هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق‌و ئێراندا.  
لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە:
• دەروازەی پەروێزخان
• دەروازەی باشماخ
• دەروازەی حاجی ئۆمەران
جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە:
• دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌
• دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن
• دەروازەی شوشمێ‌ لە تەوێڵە
رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاودا ئێران دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو.
دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان‌و فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە، كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە پابەندین بە عێراقەوە
حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان‌و فڕۆكەخانەكانی رادەستی بەغداد كردەوە، بەوهۆیەوە ئێستا بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بازرگانیكردنی لەڕێگەی دەروازە سنورییەكان یاخود ئاسمانەوە لەگەڵ ئێران لەدەستی دەسەڵاتدارانی بەغدادایە.
رەنگە ئەمە تاكە لایەنی ئەرێنی رادەستكردنەوەی دەسەڵاتی دەروازە سنوری‌و فڕۆكەخانەكان بێت، چونكە لە دۆخێكی وەكو ئێستادا كە ئەمریكا سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران زیندووكردوەتەوە، رەنجاندنی دڵی ئێرانییەكان رەنگە باجی قورسی بۆسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی زیرەكانە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران، كاتێك وتی" ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە، ئێمە ئەو یاساو تەعلیماتانە جێبەجێ دەكەین كە لە عێراقەوە دەردەچن"، بەڵام نازانرێت مەسرور بارزانی ئامۆزای كە سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی هەرێم دەكات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كێشەیەدا دەكات.

بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئێران
دوای شكستهێنانی ریفراندۆم‌و كردنەوەی دەروازە سنورییەكان، ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە، هەر ئەوكات‌و لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ لە هەولێر كۆنفرانسی "پەرەپێدانی هاوكارییە ئابورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێران" بەڕێوەچوو، محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازی‌و بازرگانی ئێران بەشداری تێدا كرد، لە كۆنفرانسەكەدا حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران رێككەوتننامەیەكی لە بواری بازرگانیدا ئیمزاكرد.
لەو كۆنفرانسەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد" قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێران ساڵانە (6 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووەو (359) كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە".
بە گوێرەی هەندێك زانیاری رۆژنامەوانیش بەشێوەیەكی گشتی رێژەی 10%ی كۆی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دێت.
لە كاتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە، هەرێمی كوردستان‌و ئێران زیاتر لە (6 ملیار) دۆلاری ساڵانەی بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەستدەدەن.
ئەمەش تەنیا بەهای هەناردەكردن نییە، بەڵكو بەهای هاوردەكردنیشە، راوەستانی هاوردە لە ئێرانەوە، بازاڕی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیران دەكات، چونكە وەكو نێچیرڤان بارزانی دەڵێ" ئێستا رێژەی 25%ی كۆی هاوردەی كاڵاو شمەك بۆ هەرێمی كوردستان لەڕێگەی ئێرانەوەیە"، بۆیە لەحاڵەتی پابەندبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە ئەگەر حكومەتی هەرێم لە ماوەیەكی كورتدا بۆشایی كاڵاو شمەكی ئێرانی لە بازاڕەكاندا پڕنەكاتەوە، دووچاری كارەسات دەبێت. 
بەشی گەورەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران هاوردەكردنی كەلوپەل‌و كاڵاو شمەكە، لەبەرامبەردا هەناردەكردن كە شادەماری ئابورییە بۆ هەر وڵاتێك، زۆر لاوازە، هەناردەی هەرێم بۆ ئێران كورت دەبێتەوە لە چەند كاڵایەكدا كە بریتین لە: 
• نەوت‌و نەفتا بە تانكەر
• پێستەو ریخۆڵە

ئەم دۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران بەدیوێكی تردا رەنگە بتوانێت هەرێمی كوردستان بكات بە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، رەنگە بتوانێت ببێت بە رێگەی سەرەكی گواستنەوەی كاڵاو شمەك‌و تەنانەت دراوی قورس بۆ ئێران، بەڵام ئەمەش باجی خۆی دەبێت.
رۆژی 17ی مارسی ئەمساڵ مورتەزا عەبادی سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر لەگەڵ رێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
دوای كۆبونەوەكە، سایتی كونسوڵگەری ئێران ئاشكرایكرد، سەركونسوڵ‌و وەزیری دارایی هەرێم رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەرێم رێژەی 20%ی قەرزی كۆمپانیاو بەڵێندەرانی ئێرانی كە لە هەرێمی كوردستان چالاكییان كردووە، بداتەوە. 
حكومەتی هەرێم‌و ئێران پێشتر سەبارەت بە رێژەی 15%ی  قەرزی كۆمپانیا ئێرانییەكان رێككەوتنیان كردبووە، قەرزەكانیش گەڕێندرابووەوە، بەڵام كوسنوڵگەری ئێران‌و وەزارەتی دارایی هەرێم هیچ یەكێكیان وردەكاری رێككەوتنەكە‌و قەبارەی كۆی گشتی قەرزی كۆمپانیا ئێرانییەكان بڵاونەكردەوە.

یادی 40 ساڵەی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هەولێر 

هەناردەی دۆلار بۆ ئێران
ئێستا بەهای دراوی ئێرانی (تمەن) لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی زۆر لاواز بووە، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ راگرتنی بەهای تمەن هەوڵی دەستخستنی دۆلار دەدەن، بۆ ئەمەش هەرێمی كوردستان‌و  عێراق نزیكترین سەرچاوەی دۆلاری ئەمریكین.
لە ماوەی رابردوودا كاتێك ئەمریكا سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاوبونەوە كە باسیان لەوە دەكرد، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە (دۆلار) كۆدەكرێتەوەو رەوانەی ئێران دەكرێت، ئێرانییەكان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار هەوڵدەدەن ئاسانكاری زیاتری بازرگانی بكەن تاوەكو لەڕێگەی هەناردەی كاڵاو شمەكەوە، دۆلار لە هەرێمی كوردستان‌و عێراقەوە كۆبكەنەوە.
ئێستا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری پابەندبون یان نەبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران بەستوەتەوە بە بڕیاری حكومەتی عێراقەوە، ئایا حكومەتی عێراق كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە 2003 لەژێر هەژمونی ئێراندایە بڕیاری چی دەدات؟ قۆناغی داهاتوو و ئاستی ململانێكانی نێوان ئەمریكا‌و ئێران وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand