Draw Media

هێمن هەورامی پەرلەمان هەڵدەسوڕێنێت

هێمن هەورامی پەرلەمان هەڵدەسوڕێنێت

2019-04-16 19:49:59


راپۆرت: درەو میدیا
لەمەودوا ئەندامانی پەرلەمان بۆ ئەوەی بچنە ناو بینای پەرلەمان، دەبێت لە پرسگەكانی پەرلەماندا بە پشكنینی وردی ئەمنیدا تێپەڕن، ئەمە نوێترین بڕیاری دیوانی پەرلەمانی كوردستانە.
پارتی لەم خولەدا لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان، (45) كورسی هەیە، ئەمە سەرباری (11) كورسی كۆتاكان كە زۆرینەیان بۆ پارتی یەكلابونەتەوە، ئەمە زۆرینەیە وایكردووە پارتی ئەمجارە زۆیاتر خۆی بەخاوەنی پەرلەمان بزانێت.
پارتی ئەم خولەی نوێی پەرلەمانی بە مانۆڕێك بۆ نیشاندنی هەژمونی خۆی دەستپێكرد كاتێك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی پارتی لە رۆژی 14/3 یادی لە دایك بوونی بارزانی لەناو حەوشەی پەرلەمانی كوردستاندا نەمامیان چاند

پشكنینی پەرلەمانتاران
بەپێی بڕیارێكی (هیوا نەسرەدین) بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەمانی كوردستان كە لە رۆژی 16/4/2019 دەركراوە‌و وێنەیەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەمەودوا تەواوی ئەندامانی پەرلەمان‌و فەرمانبەران بەر لە چونیان بۆناو بینای پەرلەمان دەبێت پشكنینی ئەمنییان بۆ بكرێت.
نوسراوەكەی سەرۆكی دیوانی پەرلەمان دەڵێ بڕیارەكە "لەسەر فەرمانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەو لپێناو پاراستنی ئاسایشی پەرلەمان پێویستە گشت جانتاو كەلوپەلێك بەناو ئامێری تایبەت بە پشكنیندا بڕوات لە پرسگەكانی پەرلەمان".
هیوا نەسرەدین سەرۆكی ئێستا دیوانی پەرلەمان سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەدوای رێگریكردن لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (یوسف محەمە)، سەرۆكی پێشووی دیوانی پەرلەمان كە ناوی (دیلمان محەمەد) بوو، بەهەمان شێوە نەگەڕایەوە بۆ سەر كارەكەی لە پەرلەمان، ئەوكات جەعفەر ئیمینیكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە لەبری یوسف محەمەد كاروباری پەرلەمانی لە هەولێر بەڕێوەدەبرد، (هیوا نەسرەدین)ی كرد بە بەڕێوەبەری دیوانی پەرلەمان.
دیار نییە، سەرۆكی دیوانی ئەم خولەی پەرلەمان بۆ كێ یەكلادەبێتەوە، بەڵام ئەگەر یەكێتی نیشتمانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، رەنگە سەرۆكی دیوان كەسێك بێت لە یەكێتی.
بڕیاری پشكنینی پەرلەمانتاران لە پرسگەكانی بینای پەرلەمان، ناڕەزایەتی لەناو پەرلەمانتاران دروستكردووە، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەماندا نیە، ئەوە سوكایەتی‌و عەیبەیەكی گەورەیە بۆ پەرلەمانتاران، چونكە لە هیچ سەردەمێكدا تەنانەت لەسەردەمی شەڕی ناوخۆشدا پەرلەمانتار لە تەلاری پەرلەمان نەپشكنراوە".
ئەو پەرلەمانتارە وتی:" بڕیارەكە لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، بەهۆی ناڕەزایی زۆری پەرلەمانتارانەوە، ئەو بڕیارە لە گروپی تایبەت بە پەرلەمانتاراندا سڕدراوەتەوە‌و باس لەوە دەكرێت بڕیارەكە پەرلەمانتاران ناگرێتەوە، بەڵام هێشتا بەرەسمی بڕیارەكە هەڵنەوەشێنراوەتەوە". 

ژورەكەی هێمن هەورامی !
ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كۆنترۆڵكراوە، سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەربە پارتین، سكرتێری پەرلەمانیش كە مونا قەهوەجییە‌و سەربە پێكهاتەی توركمانە، بۆ پارتی یەكلابوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەم خولەی پەرلەمانەوە، دەستكراوە بە نۆژەنكردنەوەی ژوری تایبەت بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە (هێمن هەورامی)یە، بەڵام ژوری سەرۆكی پەرلەمان وەكو خۆی ماوەتەوە‌و هیچ دەستكارییەك نەكراوە، ئەمە نۆژەنكردنەوەیە لەناو پەرلەمانتاراندا وەكو بەهێزیی هەژموونی (هێمن هەورامی) بەسەر پەرلەمان‌و تەنانەت سەرۆكی پەرلەمانیشدا لێكدەدرێتەوە.
لەدوای دەستبەكاربونییەوە هێمن هەورامی بەتەواوەتی كۆنترۆڵی دۆسیەی ئیداری‌و ئەمنی بینای پەرلەمانی لەدەستی خۆیدا توند كردووە‌و بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكان بەناوی پەرلەمانەوە بڕیار دەدات.

گۆڕانكاری ئەمنیی !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای دەستبەكاربوونی ئەم خولەی پەرلەمانەوە، تەواوی بەرپرسە ئەمنییەكانی پەرلەمانی كوردستان گۆڕدراون بە كەسانی تر.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، سەرۆكایەتی پەرلەمان (ئێستا بڕیارەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان لای جێگری سەرۆكی پەرلەماندا كۆبوەتەوە)، بەرپرسی ئەمنی‌و پۆلیس‌و پاسەوانی پەرلەمانی گۆڕیوە، ئەمنیەتی تەلاری پەرلەمانی كوردستان توندوتۆڵتركراوە‌و ستافێكی نوێی ئەمنی لە پەرلەمان دەستبەكاربووە.
ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەم خولەدا لە پەرلەمان كراوە، زۆرینەیان بەبێ ئاگاداری فراكسیۆنەكان پەرلەمان نەبووە‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەدیاریكراویش هێمن هەورامی بەتەنیا بڕیاری لەسەر داون. 

پەرلەمان‌و كێشەیەكی تر
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێ" لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە بێڕێزی كراوە  بەرامبەر بە گەورەترین دەسەڵاتی یاسادانان‌و نۆینەری شەرعیی خەڵكی كوردستان"، ئەمە بەهۆی ئەوەی رێكخەرانی مەراسیمی یادی 31 ساڵەی ئەنفال، وتاری سەرۆكایەتی پەرلەمانیان لە پرۆتۆكۆڵی یادەكە سڕیوەتەوە. 
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، دەركردنی وتاری سەرۆكایەتی پەرلەمان لەلایەن رێكخەرانی مەراسیمی یادی 31 ساڵەی تاوانی ئەنفال، كە لە 14/4 لە گەرمیان بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەوە بووە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان وتاری سەرۆكایەتیان داوە بە پەرلەمانتارێكی پارتی (بەهمەن كاكە عەبدوڵا)، ئەو پەرلەمانتارە پێشتر بەهۆی خۆپیشاندانەكان، لە گەرمیان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە. 
بەرپرسانی ئیداری گەرمیان پێیانوایە سەرۆكایەتی پەرلەمان كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە بەئەنقەست خوێندنەوەی وتاری پەرلەمانیان داوە بە پەرلەمانتار (بەهمەن كاكە عەبدوڵا)، چونكە لە مەراسیمەكەدا پەرلەمانتاری تر هەبوون، لەوانە سەرۆكی لیژنەی شەهیدان‌و جینۆساید‌و زیندانی سیاسی كە دەبوو ئەو وتارەكە بخوێنێتەوە.
بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی ئیداری گەرمیان، سەرۆكایەتی پەرلەمان ویستوویانە بەو خوێندنەوەی وتارە، رووی پەرلەمانتارەكەی پارتی بە شەرعیەتی پەرلەمانەوە لە گەرمیان نیشان بدەن، ئەوەش بۆ رێكخەرانی مەراسیمەكەو ئیدارەی گەرمیان قبوڵنەكراو بووە‌و چەندین رێگەیان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە وتاری سەرۆكایەتی پەرلەمان نەخوێنێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand