Draw Media

ئێران لە عێراقەوە شەڕی ئەمریكا دەكات

ئێران لە عێراقەوە شەڕی ئەمریكا دەكات

2019-04-13 12:21:45


ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت
چوار لایەنی عێراقی سەقاڵی نوسینەوەی پرۆژەیاسایەكن بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئەمە كێشەی بۆ سێ سەرۆكایەتییەكە دروستكردووە‌و لەبەردەم ئێراندا توشی شەرمازاریی كردوون.
ئێران نیگەرانە لە هەڵوێستی "ناڕوون"ی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سەبارەت بە دۆسیەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، بەدیاریكراوی هێزی ئەمریكا، ئەمە بەپێی راپۆرتی رۆژنامەیەكی قەتەری.
ماوەیەكە هەندێك لە كوتلە سیاسییەكانی عێراق  كار دەكەن بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەیاسایەك بە پەرلەمان سەبارەت كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق.

هەوڵی خۆدزینەوە دەدەن !
رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لەزاری بەرپرسێكی باڵای عێراقییەوە رایگەیاندووە، لایەنی ئێرانی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە هەڵوێستی ناڕوونی بەرهەم ساڵح‌و محەمەد حەلبوسی سەبارەت بە دۆسیەی هێزە بیانییەكان، لەسەرو هەموشیانەوە هێزەكانی ئەمریكا.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، بەرپرسانی ئێرانی باوەڕیانوایە بەرهەم ساڵح‌و محەمەد حەلبوسی هەوڵی خۆدزینەوە دەدەن لە هەڵوێستەكانی پێشتریان سەبارەت بەو پرسە، كە پێشترو بەر لە دەستبەكاربوونیان لە پۆستەكانیان، زیاتر لە كەسایەتییەكی ئێرانی لە زاری خۆیانەوە گوێبیستی هەڵوێستی ئەوان بوون لەسەر بابەتەكە.

كێ سەرۆكایەتی هەوڵەكە دەكات ؟
لە هەفتەی رابردووەوە چوار كوتلەی سیاسی عێراقی لە بەغداد‌و نەجەف دەستیانكردوەتەوە بە كۆبونەوەكانیان، ئەو چوار كوتلەیەش بریتین لە (دەوڵەتی یاسا، رێكخراوی بەدر، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، هاوپەیمانی سائیرون بە باڵەكەی موقتەدار سەدریشەوە).
ئەو چوار كوتلەیە لەڕێگەی نوێنەرو ئەندام‌و راوێژكارە یاساییەكانیانەوە چاودێری ئەو پرۆژەیاسایە دەكەن كە بڕیارە بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق بنوسرێتەوە.
پرۆژەیاساكە ناوی لێنراوە "پرۆژەیاسای كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق"‌و چەند بەندێك لەخۆدەگرێت، دیارترین بەندەكانی پرۆژەیاساكە بریتییە لەو بەندەی كە دەڵێ" تاوەكو بەر لە مانگی كانونی دووەمی 2012، دەبێت هیچ هێزێكی بیانی لە عێراقدا نەمێنێت".

بڕیارەكە سوپای توركیا ناگرێتەوە
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لەناو یەكێكە لەو هێزانەی كە بەشداری ئامادەكردنی پرۆژەیاساكە دەكەن، نوسیویەتی:" ئەمە بەواتای ئەوەدێت ماوەی 18 مانگ خراوەتە بەردەم حكومەت بۆ تەواوكردنی دۆسیەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، كە دیارترینیان بریتین لە هێزەكانی ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و فەرەنسا‌و ئەڵمانیا‌و ئوسترالیا‌و هێزەكانی تر، كە هەمویان لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا كاردەكەن، جگە لە هێزەكانی توركیا كە لە كەمپی بەعشیقە‌و چیای قەندیل جێگیربوون‌و بەغداد دەڵێ ئەو هێزانە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی عێراقی لەو سنورە جێگیربوون‌و لەبەرامبەردا ئەنكەرە رەتیدەكاتەوە‌و دەڵێ" هاتنی هێزەكانی بە لێكتێگەیشتن بووە لەگەڵ حكومەتەكەی حەیدەر عەبادیدا".

هەڵوێستی بەرهەم ساڵح‌و حەلبوسی !
بەرپرسێكی باڵای عێراقی لە بەغداد بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە، ئێرانییەكان نیگەرانن لە هەڵوێستی بەرهەم ساڵح‌و محەمەد حەلبوسی، ئەوان چاوەڕوان بوون ئەو دوانە هەڵوێستی رونتریان هەبێت لەبارەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەرهەم ساڵح‌و حەلبوسی رەتیانكردوەتەوە هەڵوێستی دژ بە بوونی ئەمریكی لە عێراق رابگەیەنن‌و هەندێك لێدوانیان داوە كە وا لێكدەدرێتەوە رێگرنین لەبەردەم بوونی بەردەوامی هێزی ئەمریكی‌و بیانی لە عێراق لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ پاڵپشتیكردنی ئاسایش‌و سەقامگیری لە عێراق، بەتایبەتیش محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كە لە واشنتۆن لێدوانێكی داو تێیدا ستایشی بوونی هێزی ئەمریكی كرد لە عێراق، ئەوەش شتێكە كە ئێرانییەكان دەڵێن پێچەوانەی ئەو قسانەیە كە پێشتر لە حەلبوسییان بیستووە‌و ئەوە هۆكار  بووە بۆ ئەوەی تاران لە كاتی خۆیدا دژایەتی هەڵبژاردنی نەكات وەكو سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق.

عەبدولمەهدی چی دەڵێ ؟
بەرپرسەكە باسی لەوەكردووە، پرۆسەی خۆدزینەوە لە راگەیاندنی هەڵوێستی روون‌و راشكا‌و لەبارەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، وای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیش كردووە بە شوێن دەرفەتێكدا بگەڕێت بۆ مانۆڕكردن، لەكاتێكدا كەوتوەتە ژێر فشاری گەورەی ئێرانەوە.
ئێستا عەبدولمەهدی جەخت لەسەر بایەخی رێككەوتنێكی عێراقی دەكات لەنێوان هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی پەرلەمان)‌و هێزە سیاسییەكان بەر لە هەڵگرتنی هەر هەنگاوێك دژ بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا.
عەبدولمەهدی راپۆرتی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق بەكاردەهێنێت كە پاڵپشتی هەنگاوی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان ناكەن، هاوكات بەهانە دەهێنێتەوە بەوەی هێشتا هیچ یەكێك لە وەزیری بەرگری‌و ناوخۆ دەستبەكارنەبوون، هەموو ئەمانەش لەپێناو دواخستنی هەر بڕیارێكی عێراقییە كە لەبارەی بوونی هێزی سەربازیی بیانییەوە بدرێت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئێستا دۆخی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بەهۆی فشارەكانی ئێرانەوە ئاڵۆز بووە.

كۆبونەوەكەی بەرهەم ساڵح‌و مەسجدی
پێنج شەممەی رابردوو بەرهەم ساڵح لە دیدارێكدا لەگەڵ ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد وتی:" عێراق قبوڵی ناكات ببێت بە دەروازە بۆ هەر كارێك كە ببێتەهۆی ئازاردانی هاوسێكانی یان ئاڵۆزكردنی بارودۆخی ناوچەكە"، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ لێدوانەكانی پێشتری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا كە تێیدا باسی لەوەكرد، بوونی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بۆ چاودێریكردنی جموجوڵەكانی ئێرانە.
جموجوڵی هەندێك لە لایەنە عێراقییەكان بە ئاڕاستەی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا، هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری ئەمریكا بۆ دانانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆردا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand